Draw Media

كازمی پەرلەمان دەخاتە بەردەم نەشتەری شەقام

كازمی پەرلەمان دەخاتە بەردەم نەشتەری شەقام

2020-08-01 19:13:25


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
بە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆپێكی ئاگرینى هەڵدایە ناو پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەر لەوەی پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە دەبێت چارەسەری ماددەی (15)ی یاسای هەڵبژاردنەكان بكات، ئەو ماددەیەی كە نوێنەرانی كورد دەنگیان بۆ نەدا، سەرباری ئەمە دادگای فیدراڵی كە تاكە لایەنە بەپێی دەستور ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەكات خۆی لە كێشەدایە‌و ئەندامێكی خانەنشین بووە‌و نازانرێت چۆن شوێنەكەی پڕبكرێتەوە، بەم بارودۆخەوە ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت ؟

تۆپێكی ئاگرین
ئێوارە رۆژی هەینی لە یەكەمین رۆژی جەژنی قورباندا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق راگەیاند.
سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە پاڵ كۆتایهێنان بە گەندەڵی‌و بێكاری، یەكێك بوو لە خواستە سەرەكییەكانی ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانەی كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا لە شارەكانی عێراق رویدا، خۆپیشاندەران دوای دوو مانگ مانەوە لە سەر شەقام‌و كوژرانی سەدان كەس لێیان بەهۆی تەقەی میلیشیا‌و هێزە ئەمنییەكانەوە، لە كۆتا مانگی ساڵی 2019دا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان ناچاركرد دەستلەكاربكێشێتەوە.
مستەفا كازمی كە ئایاری ئەمساڵ وەكو سەرۆك وەزیرانی حكومەتێكی كاتیی لە پەرلەمان لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی هەڵبژێردرا، بەمەرجی ئەوە هەڵبژێردراوە لەماوەی ساڵێكدا ئامادەكاری بكات بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كازمی بەڵێنەكەی بردەسەر، لەماوەی كەمتر لە دوو مانگ لەدوای دەستبەكاربوونی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریكرد، بەڵام ئەمە زیاتر وەكو هەڵدانی تۆپێكی ئاگرین بوو لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ ناو پەرلەمان‌و لایەنە سیاسییەكان، چونكە هەر جۆرە دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردن رەنگە جارێكی تر پەرلەمان بخاتەوە بەردەم ناڕەزایەتی شەقام، زۆربەی پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن عێراق لەبەردەم قۆناغێكی نوێی ئاڵۆزی سیاسی‌و ناڕەزایەتی شەقامدا بێت وەك لەوەی بەرەو قۆناغێكی نوێی هەڵبژاردن‌و دیموكراتییەكی جیاوازتر هەنگاو بێنێت.

وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە 
دواین هەڵبژاردن لە عێراق مانگی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، بەپێی دەستور، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی چوار ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت، واتا لە حاڵی ئاسایدا دەبوو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە ئایاری 2022 بەڕێوەبچێت، لە هەموو حاڵەكاندا ئەگەر ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، خولی پەرلەمان ماوەی ساڵێك پێش دەكەوێت لەوادەی دیاریكراوی خۆی.
كازمی دواجار مانگی شەشی ساڵی داهاتووی بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد، دیاریكردنی مانگی حوزەیران بۆ هەڵبژاردن خواستی خاتوو (جینین پلاسخارت) نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو لە عێراق، چونكە مستەفا كازمی خۆی لەگەڵ ئەوەدا بوو هەڵبژاردنەكە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەبچێت، هاوپەیمانی (سائیرون)ی موقتەدا سەدرو هاوپەیمانی (هێزە نیشتمانییەكان) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات داوایان دەكرد هەڵبژاردنەكە لە سەرەتای نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە یەكەم كاردانەوەدا پاڵپشتی خۆی بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق راگەیاند.
دوای قسەكانی كازمی‌و دیاریكردنی رۆژی 6ی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە یەكەم كاردانەوەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دوای كرد بە ئامادەبوونی سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان)‌و لایەنە سیاسییەكان، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتێكی زوتردا.

هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەكرێت ؟
بەپێی دەستوری عێراق مەرجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەر لە هەر شتێك هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە.
لە دەستوری عێراقدا رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی حاڵەتی لەكارخستنی حكومەت‌و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكراوە.
ماددەی (64)ی دەستوری عێراق بەمشێوەیە رێوشوێنی سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریكردووە:
یەكەم: داواكارییەك پێشكەش بكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، كێ دەتوانێت دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات ؟ بەپێی دەستور تەنیا دوو لایەن دەتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن بەمشێوەیە:
•    یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكی سەرۆكی پەرلەمان بكەن‌و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمان (110) كەسیان ئیمزا لەسەر داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن.
•    یاخود سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واتە (مستەفا كازمی) بەرەزامەندی سەرۆك كۆمار واتە (بەرهەم ساڵح) داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات.
بەگوێرەی ئەوەی دەستور دیاریكردووە، پەرلەمان بە زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگی ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، واتە لە كۆی (329) ئەندام (165) ئەندام دەنگی (بەڵێ) بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
دووەم: ئەگەر رێوشوێنەكانی خاڵی یەكەم جێبەجێبوون‌و پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە، ئەوكات سەرۆك كۆمار بانگهێشتی سازدانی هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا دەكات، سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نابێت لە (60) رۆژ تێپەڕ بكات دوای هەڵوەندنەوەی پەرلەمان. لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیشدا، حكومەت دەبێت بە حكومەتێكی "دەستلەكاركێشاوە"‌و تەنیا كاروباری رۆژانە بەڕێوەدەبات، واتە دەبێت بە  "حكومەتی كاربەڕێكەر".
واتا ئەگەر رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەپێی ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دیاریكردووە كە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووە دەستكاری نەكرێت‌و وەكو خۆی بمێنێتەوە، (60) رۆژ بەر لەو وادەیە دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
ئایا پەرلەمانتاران وادەكەی كازمی بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەسەند دەكەن ؟ بەپێی قسەی تاریق حەرب كە پسپۆڕێكی یاسایی ناسراوی عێراقییە، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران لە كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمانی عێراق هەوڵ بۆ ئەوە دادەن تا ئەتوانن وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوابخەن، چونكە دەترسن كورسییەكانیان لەدەستبدەن‌و دەیانەوێت ماوەیەكی زیاتر لە پەرلەمان بمێننەوە.
ئەم قسەیەی تاریق حەرب پێچەوانەی هەڵوێستی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانە، حەلبوسی ئەمڕۆ داوای كرد هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەیەكی زوتر لەو وادەیە بەڕێوەبچێت كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دیاریكردووە، بەڵام لەوەدا راستە ناكۆكی لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە رەنگە پرۆسەكە لەبارببات‌و جارێكی تر پەرلەمان بخاتەوە بەردەم نەشتەری ناڕەزایەتی شەقام.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان چی دەڵێ ؟
كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە یەكەم كاردانەوەدا، ئامادەیی خۆی دەبڕی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 6ی حوەزیران بەپێی ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دیاریكردووە یاخود بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە وادەیەكی پێشتر لەوەی كازمی دیاریكردووە وەكو ئەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان داوای دەكات، بەڵام بە مەرج.
مەرجی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ سازدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە ئەمانەن: 
•    پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەكان لە زوترین كاتدا تەواو بكات‌و لە بڵاوكراوەی فەرمیدا بڵاوی بكاتەوە بەوپێیەی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانە.
•    پەرلەمان دەقی بەدیل بۆ ماددەی (3)ی فەرمانی ژمارەی (30)ی ساڵی 2005 پەسەند بكات بۆ تەواوكردنی نیسابی دادگای باڵای فیدراڵی كە تاكە لایەنی سەرپشككراوی یاساییە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
•    حكومەت بودجەی هەڵبژاردن و ئەو پێداویستیانە ئامادە بكات كە پێشتر كۆمسیۆن داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردووە كە بوونیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی كۆمسیۆن هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراویدا ئەنجام بدات، لەم روانگەیەوە كۆمسیۆنی داوا لە بەڕیز سەرۆكی حكومەت دەكات دانیشتنێكی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بكات بە گفتوگۆ لەبارەی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە روبەڕووی كاری كۆمسیۆن دەبنەوە تایبەت بەو وەزارەتانەی كە لە سەرەوەی باسكراون هەروەها دەركردنی بڕیاری پێویست بۆ چارەسەركردنیان.
•    كۆمسیۆن دوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و رێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكانی تری تایبەتمەند دەكات یارمەتی هەڵبژاردن پێشكەش بكەن‌و چاودێری پێویست بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادو شەفاف‌و خاوێن كە گوزارشت لە ئیرادەی راستەقینەی گەلی عێراق بكات.
ئەمانە تەنیا مەرجی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نین بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی ئەو بەربەستانەن كە روبەڕووی پرۆسەكە بونەتەوە‌و دەبێت پێشوەختە حكومەت‌و پەرلەمان چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە
بەشێوەیەكی گشتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق روبەڕووی ژمارەیەك ئاستەنگ بوەتەوە كە دەتوانرێت دیارترینیان لەم خاڵانەدا كورت بكرێتەوە.
یەكەم: بودجەی هەڵبژاردن
ئێستا حكومەتی عێراق بە قەیرانێكی دارایی قورسدا تێدەپەڕێت، سەرباری ئەم دۆخە دەبێت بڕی بودجەیەك بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دیاری بكات بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، بەگوێرەی قسەی عادل لامی سەرۆكی پێشووتری ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كۆمسیۆنی پێویستی بە نزیكەی (250 بۆ 300 ملیۆن) دۆلارە، ئەمە خەرجی كۆمسیۆن بووە لە دواین هەڵبژاردندا كە ئایاری 2018 بەڕێوەچوو.
لەهەموو حاڵەكاندا دابینكردنی بودجە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەبەراورد بە ئاستەنگەكانی تر، نابێت بە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق.

دووەم: یاسای هەڵبژاردن
ساڵی رابردوو كە خۆپیشاندەران عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان ناچاركرد دەستلەكاربكێشێتەوە، تەنیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان نەدەكرد، بەڵكو باسیان لە سازدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن دەكرد، ئەوەش لەڕێگەی دانانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن كە دەرفەت بدات لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكانیش خەڵكانی سەربەخۆ خۆیان كاندید بكەن‌و چانسی ئەوەیان هەبێت سەركەون بۆ پەرلەمان.
دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق كە ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، بەپێی لێدوانی فەرمی هەندێك لە بەرپرسانی عێراق ئاستی بەشداری دەنگدەران تێیدا 19% بووە‌و دواتر بە رێككەوتنێكی سیاسی ئاستی بەشداری بۆ سەرو 45% بەرزكراوەتەوە، بەگشتی لە عێراق خەڵك متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەماوە، لەكاتێكدا دەبینن هەڵبژاردنی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، گۆڕانكاری ئەوتۆی لە ژیانی ئەواندا دروست نەكردووە.
لە دواین رۆژەكانی ساڵی 2019دا، پەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری ناڕەزایەتییەكانی شەقامدا یاسایەكی نوێی بۆ هەڵبژاردنەكان پەسەندكرد، بەڵام یاساكە هێشتا نەچوەتە بواری جێبەجێكردن‌و جێبەجێبوونی لەلایەن پەرلەمانەوە مەرجداركراوە بە پەسەندكردنی پاشكۆیەك كە بۆ یاساكە دانراوە.
پاشكۆی یاساكە كە ئێستا لەبەردەم وەزارەتی پلاندانانی عێراقدایە‌و دوای جێگیركردنی رەوانەی پەرلەمان دەكرێتەوە، تایبەتە بە چۆنیەتی دابەشكردنی پارێزگاكانی عێراق بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن‌و كورسییەكانی پەرلەماندا.
ماددەی (15)ی یاسا پەسەندكراوەكە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەكانە، نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەم مادەیە دەنگیان بە یاساكە نەدا، بەپێی ئەم ماددەیە هەر قەزایەك لەچوارچێوەی پارێزگایەكدا دەبێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام بەمەرجی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو قەزایە لە (100 هەزار) كەس كەمتر نەبێت، بۆ هەر كورسییەكی پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتی (100 هەزار) كەس دانراوە، خۆ ئەگەر قەزایەك ژمارەی دانیشتوانەكەی لە (100 هەزار) كەس كەمتر بوو، بەپێی ماددەكە لەگەڵ قەزایەكی دراوسێی خۆیدا تێكەڵ دەكرێت‌و هەردوكیان دەكرێن بە یەك بازنەی هەڵبژاردن.
ئەو پاشكۆیەی كە هاوپێچ كراوە لە یاساكەدا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ناچار دەكات ژمارەی قەزاكان‌و سنوریی ئیداریی‌و ژمارەی دانیشتوانیان لە هەموو پارێزگاكان دیاری بكات.
هەر بەپێی ماددەی (15) خۆكاندیدكردن بۆ بردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا تاكەكەسیی (فەردی)یە، واتا كاندیدەكان لە دەرەوەی لیستی حزبەكان دەبن‌و لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە لەچوارچێوەی سنوری قەزایەكدایە ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگ بە دەست بهێنێت كورسییەكەی پەرلەمانی عێراق لە بازنەكەی خۆی دەباتەوە، خۆ ئەگەر دەنگی دوو كاندید یەكسان بوون، ئەو كاتە بە ئامادەبوونی هەموو كاندیدەكانی ئەو بازنەیە تیروپشكیان بۆ دەكرێت‌و بەوشێوەیە كەسێكیان سەردەكەون بۆ پەرلەمان.
هەمان ماددە كە كێشەی دروستكردووە، دەڵێ ئەگەر كورسییەكی پەرلەمان چۆڵ بوو، ئەو كاتە ئەو كاندیدە شوێنی دەگرێتەوە كە لە هەمان بازنە زۆترین دەنگی بەدەستهێناوە، ژنان ترسیان لەم ماددەیەی ناو یاساكە هەیە‌و دەڵێن بەهیچ شێوەیەك "كۆتا"ی ژنانی لەبەرچاو نەگرتووەو دەبێتەهۆی كەمبونەوەی رێژەی ژنان لەناو پەرلەماندا.
ئێستا سازدانی هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی یەكێكە لە ماددە كێشەلەسەرەكانی ناو یاساكە، زۆرینەی لایەنە عێراقییەكان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن بەمشێوەیە، پێیانوایە بەم شێوازە هەڵبژاردنە دەنگ‌و پێگەی جەماوەرییان لەدەستدەدەن، لەبەرامبەردا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پاڵپشتی لەم شێوازەی هەڵبژاردن دەكات كە خواستی شەقامی ناڕازیشی لەسەرە، لەدوای سەدر ژمارەیەك لە سیاسەتمەدارانی عێراق پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی فرە بازنە دەكەن لەوانە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار كە دەوترێت دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێكەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا خەڵكانی خۆیان لە پارێزگاكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان كاندید بكەن‌و پاشان فراكسیۆنێكی پەرلەمان دروست بكەن كە سەرتاسەری بێت‌و عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
ئێستا ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەبارەی پاشكۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان گەورەترین ئاڵنگارییە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق كە شێوەی بازنەكانی هەڵبژاردن‌و میكانیزمی دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمانی تێدا دیاریكراوە.
هەندێك داوا دەكەن هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، هەندێكی تر دەڵێن هەر پارێزگایەك بكرێت بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن و هەر كورسییەكی پارێزگایەك تەرخان بكرێت بۆ یەكێك لە بازنەكانی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە، بەمدواییەش رایەكی تر سەریهەڵداوە كە داوا دەكات سیستمی فرەبازنەیی بەشێوەیەكی مامناوەندی جێبەجێ بكرێت‌و لەبری ئەوەی هەر قەزایەك بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، پارێزگایەك دابەش بكرێت بەسەر چەند بازنەیەكدا، لە پاڵ ئەمەدا ناكۆكیش هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا دەنگدان لە هەڵبژاردنەكەدا بەشێوی راستەوخۆ بێت بۆ كاندید یان لەڕێگەی لیستی حزبەكانەوە بێت.
لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هاوشێوەی لایەنە عێراقییەكان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن بەشێوەی فرە بازنەیی، لایەنە عێراقییەكان سەرچاوەی ترسەكەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەمدواییە روبەڕووی ناڕەزایەتییەكی بەفراوانی شەقام بونەتەوە‌و ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە‌و دەیانەوێت دوابخرێت بۆ كاتێك كە دەتوانن دۆخی خۆیان لەناو شەقامدا ئاسایی بكەنەوە، لایەنەكانی هەرێمی كوردستانیش پێیانوایە فرەبازنەیی ژمارەیەكی زۆری دەنگەكانیان ون دەكات‌و زیان لە ژمارەی كورسییەكانیان دەدات لە پەرلەمانی عێراق. 
یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی شێوەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن ئەوەیە هەندێك پارێزگا لە عێراق لەڕووی ئیدارییەوە كێشەی سنوریان هەیە، بەتایبەتیش ناوچە تێكەڵەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق، پارتی‌و یەكێتی ترسیان هەیە هەندێك قەزای ئەو ناوچانە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەیان كوردە لەچوارچێوەی شێوەی فرە بازنەیی هەڵبژاردندا تێكەڵ بكرێن لەگەڵ ئەو قەزایانەی كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان عەرەبن‌و بەوەش دەنگەكانیان لەو ناوچانە لەدەستبدەن، لایەنە بچوكەكانیش ترسیان هەیە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا بەتەواوەتی نوێنەرایەتی لەدەستبدەن.
فراكسیۆنە كوردییەكان بەشێوەیەكی گشتی دەنگیان بە یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن نەدا، ئەم سیستمە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردن حزبەكان ناچار دەبن لەبری كادیرە گوێڕایەڵەكانی خۆیان، بەدوای كەسانی تردا بگەڕێن كە لەناو دەنگدەراندا پێگەیان بەهێزو قبوڵكراو بێت، ئەمەش بۆ دۆخی ئێستا كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشتردا دەنگدەران هەموانیان تاقیكردوەتەوە، كارێكی ئەستەمە.
بەشێوەیەكی گشتی پێشبینی دەكرێت هەر جۆرە دەستكاریكردنێكی سیستمی هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە، پەرلەمان روبەڕووی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانی شەقام بكاتەوە، بەتایبەتیش لایەنگرانی سەدر كە پاڵپشتی لەو شێوازەی هەڵبژاردن دەكەن.

سێیەم: كێشەی دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی عێراق كە بەگوێرەی دەستور تاكە لایەنە تەماشای تانەكانی هەڵبژاردن دەكات‌و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكات، خۆی ئێستا لە كێشەدایە.
دادگای فیداڵی لە (9) دادوەر پێكدەهات، یەكێك لە دادوەرەكان خانەنشین بوو، بەهۆی ئەوەی میكانیزمێكی دیاریكراو لەبەردەستدا نییە ئێستا نازانرێت شوێنی ئەو دادوەرە خانەنشینە چۆن پڕبكرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای دادگاكە، كە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵی بە ئامادەبوونی سەرۆك‌و (8) ئەندامی دادگاكە پێكدێت‌و بەبێ ئامادەبوونی كەسێكیان دانیشتن‌و كۆبونەوەكانیان بە نادروست ئەژماردەكرێت‌و هەر بڕیارێك لەو كۆبونەوانەدا دەربچێت لایەنی جێبەجێكار پابەند ناكات بە جێبەجێكردنیەوە.
پێشتر دادگای فیدراڵی كە یەكێك لە ئەندامە سەرەكییەكانی خانەنشین دەكرد، شوێنەكەی بە ناوی كەسێك لە لیستی یەدەگەكان پڕدەكردەوە، بەڵام دەركەوت دواین لیستی ناوی كاندیدە یەدەگەكان بەهۆی زۆری تەمەنیانەوە هەمویان رەوانەی خانەنشینیی كراون‌و ناتوانرێت كەسیان بگەڕێندرێتەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورسییەی دادگاكە كە چۆڵ بووە، لێرەوە گرفت لە نیسابی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵیدا دروست بووە، بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، دەبێت پەرلەمانی عێراق ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.
هەندێك داوا دەكەن پەرلەمان یاسایەكی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی دەربكات، بەڵام تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی دەڵێ:" لەبری ئەوەی چاوەڕێی یاسای نوێی دادگاكە بكرێت كە پەسەندكردنی پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران واتای (220) پەرلەمانتار هەیە، یاسای ژمارەی (30)ی ساڵی 2005ی دادگای فیدراڵی هێشتا بەركارە، دەتوانرێت بە زۆرینەی ساددە ماددەی سێی ئەو یاسایە هەموار بكرێت‌و ئەوكاتە دەتوانرێت شوێنە بەتاڵەكە پڕبكرێتەوە‌و كۆتایی بە كێشەی نیسابی دادگای فیدراڵی بهێنرێت".
هەموو ئەم ئەركانە كەوتونەتەسەر شانی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانیش ئێستا لە پشووی وەرزی یاساداناندایە‌و مانگی ئەیلولی داهاتی وەرزی نوێی یاسادانان دەستپێدەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand