سایتی مۆنیتۆری: میلیشیاكانی ئێران مەرزی (پەروێزخان)یان كۆنترۆڵ كردووە
2020-09-24 08:36:34
(درەو)
سایتی مۆنیتۆری ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە" میلیشیاكانی ئێران مەرزی (پەروێزخان)یان لە سنوری هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ كردووەو ئێران لەژێر پەردەی زیارەتكاراندا قاچاخچێتی دەكات
سایتی مۆنیتۆر لە راپۆرتێكدا:
• میلیشیاكانی ئێران سنوری هەرێمی كوردستانیان كۆنترۆڵكردووەو بەبەهانەی سەردانكردنی شوێنە پیرۆزەكان لەو سنورانەوە قاچاخچێتی دەكەن.
• ئێران كۆنترۆڵی نیمچە تەواوەتی دەروازەی سنوریی پەروێزخانی كردووە لە سنوری ئیدارەی گەرمیانو بوەتەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم لە داهاتی باجی گومرگیی بێبەش ببێت.
• تۆڕی گەورەی قاچاخچێتی هەیە بەبەهای ملیۆنان دینار، ژمارەیەكی زۆر میلیشیا كۆنترۆڵی دەروازە سنورییەكەیان كردووەو حەشدی شەعبی دەستی بەسەر هەموو بەشەكانی سنورەكەدا گرتووە.
• ئەفسەرێكی ئەمنی بە (مۆنیتۆر)ی وتووە، یەكێك لەو تەكتیكانەی كە ئێران لە سنوری پەروێزخان بۆ قاچاخچێتی بەكاری دەهێنێت ناردنی زیارەتكارانە بۆ شوێنە پیرۆزەكان لە نەجەفو كەربەلا.
• لە مەرزی پەروێزخانەوە زۆرترین بڕی كاڵای ئێران هەناردەی عێراق دەكرێت، لە چوار مانگی ئەمساڵدا بەبەهای (562 ملیۆن) دۆلار ئێران كاڵای لەو دەروازەیەوە هەناردە كردووە.
• ساڵی 2017 رێژەی زیاتر لە 54%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەرێگەی مەرزی پەروێزخانەوە بووە، لەو ساڵەدا بەهۆی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانەوە ئێران ئەم دەروازەیەی بۆ ماوەی سێ مانگ داخست، بەوهۆیەوە بەپێی قسەی یەكێك لە میدیاكانی ئێران، لەو ماوەیەدا سێ هەزار كەس لە دیوی ئێران كە لە دەروازەكەدا كاریان كردووە، بێكاربوون.