Draw Media

تێڕوانینە جیاوازەکان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

تێڕوانینە جیاوازەکان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

2020-09-25 07:43:15


د. عابد خالد رسول
 

بەرایی

لەدوای گۆڕانکارییەکانی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، کێشەی ناوچەی جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ جێی بایەخی چەند دەقێکی دەستووری دیاریکراو بوون، وەک مادەی (٥٨)ی دەستووری کاتیی ساڵی ٢٠٠٤ کە ناسراوە بە “یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە” و مادەی (١٤٠)ی دەستووری فیدراڵیی ساڵی ٢٠٠٥ کە ناسراوە بە “دەستووری کۆماری عێراق”، کە هەریەک لەم دەقانە چەندین ڕێکار و ئامرازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە لەخۆ گرتووە، بەڵام لە هیچ دەقێک لەم دەقانەدا واتای تەواو و سنووری جوگرافیی ئەم ناوچانە دیاری نەکراوە، لە ئەنجامیشدا هیچ چەمکێکی یاسایی ورد و پڕاوپڕ بۆ زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان” گەڵاڵە نەکراوە.

ئەم کەلێنەش بووەتە سەرچاوەی چەندین گرفتی یاسایی و پراکتیکی لەبەردەم پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، کە لە لایەک دەرگای ڕاڤەکردنی جیاوازی بۆ ئەو دەزگا و دامەزراوانە خستووەتە سەرپشت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆڵیان لە جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستووریانەدا هەبووە، وەک “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠” و “دادگای فیدراڵیی باڵا”، لە لایەکی تریش هەریەک لە لایەنە جیاکانی کێشەکە هەوڵی داوە لە بەرژەوەندیی خۆی؛ واتا و سنووری ئەو ناوچانە ڕاڤە و دیاری بکات، هەر ئەم ڕاڤەیەشی کردووەتە بنەمای هەڵسوکەوت و کارکردنی لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بەڵکوو هەندێک لایەن ئەم کەلێنەی قۆستووەتەوە بۆ دواخستن و پەکخستنی جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستووریانە.

ئاشکرایە کە ڕیشەی مێژوویی کێشەی “ناوچە جێناکۆکەکان” دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەتییش دوای لکاندنی ئەو ناوچانەی کە لەو کاتەدا بە “ویلایەتی موسڵ” ناسرابوون بە عێراقەوە لە ساڵی ١٩٢٥دا، بەڵام مێژووی یەکەمین بەکارهێنانی فەرمی بۆ دەستەواژەی “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک لەو ساڵەدا لە بڕگەی “ج”ی مادەی (٥٨)ی “یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە” ئاماژە بۆ دەستەواژەی “اڵاراضى المتنازع علیها” کرا([1])، ئەمجا له بڕگەی “دووەم”ی مادەی (١٤٠)ی “دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥”دا ئاماژە بۆ دەستەواژەی “المناگق… المتنازع علیها” کرا([2])، بۆیە لە زمانی عەرەبیدا لەنێوان هەردوو زاراوەی “اڵاراچی المتنازع علیها” و “المناطق المتنازع علیها”، زیاتر دووەمیان بەکار دەهێنرێت، لە زمانی ئینگلیزییشدا بۆ “Disputed Territories” و “Disputed Areas” وەرگێڕدراون، بەڵام لە زمانی کوردیدا لەپاڵ زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان”؛ چەند دەستەواژیەکی تر بەکار دەهێنرێت وەک: “ناوچە کێشەلەسەرەکان” و “ناوچە دابڕێنراوەکان” و “ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە هەندێکیان گۆشەنیگای سیاسی و حیزبی تایبەتیان لە پشتەوەیە، هەندێکیشیان تەنها وەرگێڕانن بۆ زاراوە عەرەبییەکە کە “المناگق المتنازع علیها”یە، ئەم توێژینەوەیەش زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان” بەکار هێناوە، بەڵام جیاوازییەکان لەمەڕ ئەم چەمکە هەر تەنها ئەم ڕەهەندە زمانەوانییانە نییە، بۆیە لە ڕووی زانستییەوە بنچینەی ڕاڤەکردن بۆ چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ هەر تەنها مامەڵە لەگەڵکردنێکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو شرۆڤەکردنی ڕیشە مێژووییە قووڵ و ڕەهەندی سیاسییە فراوانەکانیشیەتی.

ئامانج لەم توێژینەوەیە؛ خستنەڕووی تێڕوانینە یاسایی و سیاسی و مێژووییە جیاوازەکانە لەسەر چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”، کە هاوکات بریتییە لە تێڕوانینی ئەو لایەن و دەزگا جیاوازانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارن بە کێشەی ناوچە “جێناکۆکەکان” و دۆزینەوەی چارەسەر بۆی، بەتایبەت تێڕوانینی هەریەک لە “حکومەتی عێراقی” و “حکومەتی هەرێمی کوردستان” لەگەڵ “نەتەوە یەکگرتووەکان”، ئەمجا دوای خستنەڕووی ئەو تێڕوانینانە، توێژینەوەکە هەوڵی داوە بەپێی چەند پێوەرێک؛ پێشنیاری دیاریکردنێکی زانستیانە بۆ “چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان” گەڵاڵە بکات، بەم شێوەیە:

یەکەم: تێڕوانینی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

بەپێی بڕیاری کارگێڕیی “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری ٢٠٠٥”، ژمارە (١٥٩) لە (١١/١٢/٢٠١١) کە تایبەتە بە “مەرج و دیسپلین و ڕێنماییەکانی پەیوەست بەو کەسانەی حوکمەکانی مادەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە”، ناوچەی جێناکۆکەکان “بریتییە لەو ناوچانەی کە دووچاری تاوان و کردەوە خراپەکانی ڕژێمی پێشوو بوون، کە بریتی بوون لە گۆڕینی دیمۆگرافی و گۆڕینی دۆخی دانیشتووان لە ڕێی ڕاگواستن و دەرکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووان لە زێد و شوێنی نیشتەجێبوونیان و نیشتەجێکردن یان نیشتەجێنەکردنی کەسانی تر لە جێیان، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و بەموڵککردنی بە ناوی کەسانی ترەوە یان سڕینەوەی مافی مامەڵەپێوەکردنیان و بێبەشکردنیان لە مافی کارکردن لە ڕێی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان (تصحیح القومیە)، یان لە ڕێی گۆڕین و یاریپێکردنی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە بە مەبەستی بەدیهێنانی چەند مەرامێکی سیاسی کە خواستی ڕژێمی پیشوو بوون([3])“.

ئەم پێناسەیەش کە زۆر بەرفراوانە، لە ناوەرۆکی مادەی (٥٨)ی “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە ساڵی ٢٠٠٤” هەڵێنجراوە، مەبەست لەم بەرفراوانیی پێناسەکردنەش ئەوەیە کە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان؛ پارێزگای “بەغدا” و چەند ناوچەیەکی تری ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەرکی زیاتر بکەوێتە ئەستۆی “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠”، بە شێوەیەک کە توانای جێبەجێکردنی نەبێت، بەمەش پڕۆسەی “ئاساییکردنەوە” کە یەکەمین قۆناغە لە سێ قۆناغەکەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان (ئاساییکردنە، سەرژمێر، ڕاپرسی)؛ کاتی زیاتر بخایەنێت، هاوکات خەرجیی زیاتر لەوەی پێویست بێت کە بۆی تەرخان کراوە، جگە لەمەش ژمارەی ئەو لایەن و بەرانەش زیاتر بکات کە لەگەڵ کورددا دەکەونە ناکۆکییەوە، هەموو ئەمەش لە پێناو شکستپێهێنانی پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکە بووە.

لەبەرامبەر ئەم پێناسە بەرفراوانەدا، “دادگای فیدراڵیی باڵای عێراق”، لە بڕیاری ژمارەی (١١٣)یدا کە لە (٢٩/١٠/٢٠١٧) دەریکردووە؛ پێناسەیەکی زۆر بەرتەسکی پێشنیار کردووە، پوختەی ناوەرۆکی نووسراوەکە لەم سێ خاڵەدا کورت دەبێتەوە([4]):

١. “ناوچە جێناکۆکەکان” کە لە بڕگەی “دووەم” لە مادەی (١٤٠)ی دەستووری ٢٠٠٥ هاتووە، ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچانەی کە جێی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقین، جا لەبەر ئەوەی برگەی (أ) لە مادەی (٥٣)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە (دەستووری کاتیی ٢٠٠٤)؛ دانی بە حکومەتی هەرێمدا ناوە وەک حکومەتی ڕەسمیی ئەو ناوچانەی کە لە (١٩/٣/٢٠٠٣) بەڕێوەی بردوون و دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و دیالە و نەینەواوە([5])، بۆیە ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە براون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([6]).

٢. پێوەری ئەوەش کە چ ناوچەیەک جێی ناکۆکییە یان نا؟ بڕگەی (ب) لە مادەی (٥٣)ی دەستووری کاتیی (٢٠٠٤)ە، کە دەڵێت “سنووری هەژدە پارێزگاکە لە قۆناغی گواستنەوەدا بەبێ گۆڕان دەمێنێتەوە”.

٣. ئەو لایەنەش کە دەسەڵاتی دیاریکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی هەیە، حکومەتی فیدراڵیی عێراقە.

دیارە ئەم پێناسەیە نە لەگەڵ ڕۆحی دەستوور و دەقەکانی تەبایە، نە لەگەڵ نییەتی یاسادانەریش گونجاوە، نە لەگەڵ ئەو واقیعەش دێتەوە یەک کە لەدوای ڕووداوەکانی (٢٠٠٣)وە هاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو لەگەڵ لۆژیکیشدا ناکۆکە، چۆن دەکرێت دەستوور لە مادەیەکیدا (مادەی ١١٧) دان بە هەرێمی کوردستاندا بنێت([7])، کەچی دواتر لە مادیەکی تردا (مادەی ١٤٠) بە ناوچەی جێناکۆک لەقەڵەمی بدات!

هەر چەندە دادگای فیدراڵیی باڵا دەرکی بەم هەڵەیەی لە دیاریکردنی چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”دا کرد و لە بڕیارێکی تردا کە بە ژمارەی (٤٣) لە (١١/٣/٢٠١٣) دەریکردووە، دەڵێت: “لە تێڕوانی ئێمەدا، زەوییە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە نەبراون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([8])“، بەڵام دواجار ئەم دادگایە لە پێشکەشکردنی پێناسەیەکی ورد بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی سنوورەکەی؛ سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لەو بڕیارە نوێیەیدا دەسەڵاتی یەکلاییکردنەوەی هەموو ئەمانەی داوە بە لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠)، دیارە ئەم لیژنەیەش، وەک پێشتر باسمان کرد، پێناسەیەکی هێندە فراوانی بۆ ئەو ناوچانە کردووە کە جێبەجێکردنی مادەکە تەواو ئەستەم دەکات.

دووەم: تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

هەر چەندە هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی مافی مێژوویی خۆیەوە دەڕوانێتە ڕەوایەتیی مافی داواکردنی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەری ناکۆکە، بەڵام بەڵگەکانی بۆ دیاریکردنی سنووری ئەم ناوچانە؛ زۆر توندوتۆڵ نین. لە ڕاستییشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا کەمتەرخەمیی گەورەی پێوە دیارە، هەر بۆیە دەبینین وێڕای ئەوەی کە لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە چەند دامەزراوەیەکی حکومی بۆ کاروباری ناوچە جێناکۆکەکان دروست کراوە، لەوانە: “وەزارەتی کاروباری ناوچە دابڕێنراوەکان لە کوردستان”، کە دواتر بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٠) گۆڕاوە بە “دەستەی گشتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە” و سەرۆکەکەشی بە پلەی وەزیر دامەزراوە، بەڵام هێشتا هەوڵێکی جددیی ئەوتۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم وەزارەت و دامەزراوانەشەوە بۆ دیاریکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ناوچە “جێناکۆکەکان” نییە، تەنانەت ماڵپەری ئەلکترۆنیی ئەم دەستەیەش کە ناسراوە بە “دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە ماڵپەڕێکی زۆر لاوازە و زۆر درەنگ ئەپدەیت دەکرێتەوە، هیچ بەڵگەنامەیەک یان توێژینەوەیەک یان نەخشەیەک یان ئامارێک یان وتارێکی تایبەت بە ناساندن و ژمارەی دانیشتووان و سنوور و پێگەی جوگرافی و مێژووی ناوچە جێناکۆکەکان تیا نییە. لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٠)، کە پێشتر ئاماژەمان بۆی کرد، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو دەستەیە بریتییە لە “کۆکردنەوە و بەدۆکۆمێنتکردنی بەڵگە و ڕووداوی مێژووی پەیوەندیدار بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان([9])“.

بەڵکوو تا ئێستا لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستانەوە پێناسەیەکی فەرمیی ورد و ڕوون بۆ ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە، جگە لەو پێناسە گشتی و ئاڵۆزە نەبێت کە لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٠دا هاتووە و دەڵێت: “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئەو ناوچانەن کە لە کوردستان – عێراق بە پێچەوانەی واقعی مێژوویی و جوگرافی دابڕێنراون و ڕێکارەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەیانگرێتەوە([10])“. بەڵام هەروەک وتمان، ئەم پێناسەیە زۆر گشتییە و بەدیاریکراوی ئەو ناوچانە دەستنیشان ناکات کە بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون.

دەکرێت بۆ دیاریکردنی تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، پەنا بۆ سەرچاوەی ناڕاستەوخۆ ببەین، وەک پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە (٢٥/٩/٢٠١٧)، کە جگە لەو ناوچانەی لەو کاتەدا لەژێر دەستی داعشدا بوون، تا ڕادەیەک لە زۆربەی ناوچانەکانی دەرەوەی هەرێم کە بە جێناکۆک ناسراون؛ ئەنجام درا، ئەو ناوچانەش ئەمانە بوون: لە نەینەوا (شەنگال، بەرتەلە، حەمدانیە، مەخموور، تەلگیف، وانە، ربیعە، عیازیە، بەعشیقە، قەوس، شیخان، زومار)، لە دیالە (خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە)، لە کەرکووک (کۆی کەرکووک، جگە لەو ناوچانەی کە لەو کاتەدا لەژێر دەستی داعشدا بوون)، لە سەڵاحەدین (جەبارە و دوزخورماتوو)([11]). ئەم ناوچانە بە درێژایی شریتێکی لێکنەپساو کە نزیکەی (١٠٠٠ کم) دەبێت، هەر لە شەنگالەوە تا مەندەلی، ڕاستەوخۆ لکاون بە باشووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە و ژمارەی دانیشتووانی کورد تیایاندا زیاتر لە یەک ملیۆنە. بەکورتی: لە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناوچە جێناکۆکەکان (ئەو ناوچانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناویان دەبات و لەدوای (٢٠٠٣)وە داوای گەڕاندنەوەیان دەکات بۆ سنووری حوکمڕانیی خۆی و ئەم پێداگرییەی هەرێمییش لەسەر گەڕاندنەوەیان؛ سیفەتی جێناکۆکی پێ داون).

سێیەم: تێڕوانینی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

لە ڕوانگەی ئەو دەقەی لە مادەی (٥٨)دا هاتووە و ڕێگە بە سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵیی عێراق داوە کە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتیی بێلایەن دەستنیشان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە([12])، “ئەنجوومەنی ئاسایش”ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە بڕیارێک دەسەڵاتی بەخشی بە “نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق – UNAMI”، تا بۆ دانانی ڕێکاری پێویست لە پێناو یەکلاییکردنەوەی کێشەکە؛ ڕاسپاردە پێشکەش بە حکومەتی عێراقی بکات([13])، بۆ ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی هەردوو لایەنی کێشەکە (حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق)، لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٨–٢٠٠٩)، “UNAMI” ڕاپۆرتێکی (٤٧٢) لاپەڕەیی لە دووتوێی دوو بەرگدا بە ناونیشانی لە “سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان – Disputed Internal Boundaries – الحدود الداخلیە المتنازع علیها” پێشکەش کرد. بەپێی ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتەش، “ناوچە جێناکۆکەکان” لە (١٤) قەزا و (٢) ناحیە پێک هاتووە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون([14]):

لە پارێزگای نەینەوا: قەزاکانی (شەنگال، تەلەعفەر، تەلكێف، شێخان، عەقره، حەمدانیە و مەخموور) و ناحیەی (قەحتانیە)،
لە پارێزگای کەرکووک: قەزاکانی (ناوندی کەرکووک، دوبز، حەویجە و داقووق)،
لە پارێزگای سەڵاحەدین: قەزای “دوزخورماتوو”،
لە پارێزگای دیالە: قەزاکانی (کفری و خانەقین) و ناحیەی “مەندەلی”.
هەر چەندە لە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەندێک لەم ناوچانە؛ “ناوچەی جێناکۆک نین” وەک هەردوو قەزای (عەقرە و مەخموور)، هاوکات ئامادەش نەبوو ئەو ڕاسپاردانە قبووڵ بکات کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە پێشکەش کراون، بەڵام دانانی ڕاپۆرتەکەی بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هەوڵیدا بۆ دیارکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ناوچە جێناکۆکەکان پاڵپشت بە چەندین بەڵگەنامە و نەخشە و چاوپێکەوتن و سەردانی مەیدانی.

 

چوارەم: پێوەرەکانی گەڵاڵەکردنی تێڕوانینێکی زانستی بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

بەر لە هەموو شتێ، دەبێت ڕەچاوی ئەو ڕاستییە بکەین کە چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان” هەر تەنها چەمکێکی یاسایی و دەستووری نییە، بەڵکوو چەمکێکی سیاسی و جوگرافی و دیموگرافی و مێژووییشە، بۆیە ناکرێت تەنها بە پێوەری “یاسایی” یان “سیاسی” پێناسەی بکەین، بەڵکوو دەبێت کۆی پێوەرەکان یان زۆربەیان لەم پێناسەکردنەدا ڕەچاو بکەین. لەم ڕوانگەیەوە، بە بڕوای کوردەکانی عێراق، ناوچە کوردستانییەکانی عێراق ئەو ناوچانەن کە لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە لە ١٩٢١؛ زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون، بەتایبەتییش بەر لە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، بەڵام لە سایەی سیاسەتی خراپی حکومەتە یەکلەدوایەکەکانی عێراق بەگشتی و ڕژێمی بەعسیش بەتایبەتی، بەشێکی زۆر لەم ناوچانە دووچاری گۆڕینی دیمۆگرافی بوون بە ڕاگواستن و دەرکردنی دانیشتووانە کوردەکانیان و بە تەعریبکردن و گۆڕینی ناسنامەیان و بە نیشتەجێکردنی کەسانی تر لە جێیان و بە دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و کردنی بە ناوی کەسانی ترەوە، هەروەها بە گۆڕینی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی چڕیی دانیشتووانی کورد تیایاندا. بە درێژایی ئەم ماوەیەش، بەتایبەت لە کاتی هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر کورسیی حوکم لە عێراقدا، کوردەکان لەپاڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی چەکداری دژی ئەم سیاسەتە خراپانە، چەندین جار لەگەڵ حکومەتی عێراقی چوونەتە ناو دانوستان، لە پێناو ڕاگرتنی ئەو سیاسەتانە و داننان بە کوردیبوونی ئەو ناوچانە و بەخشینی مافی بەڕێوەبردنیان بە کورد خۆی، بەڵام هەمیشە ئەم دانوستانانە شکستیان هێناوە و سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی ئەو ناوچانە و دانیشتووانیان؛ بەردەوام بووە. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، بەشێک لەم ناوچانە کەوتنەوە دەستی کورد، دوای دانوستانێکی تری کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس و شکستهێنانی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان” وەک دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بەشە ڕزگارکراوانە دامەزرا، بەڵام بەشەکەی تری کە زیاد لە نیوەی ناوچە کوردستانییەکانی عێراقە، لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسدا مانەوە تا ١٩/٣/٢٠٠٣، لەدوای ئەم ڕێکەوتەشەوە، ئەو ناوچانە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لە دەستی بەعسدا مابوونەوە، بوونە جێی ململانێ و ناکۆکیی نێوان “حکومەتی هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی عێراق”، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم لەپاڵ ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دەکات بۆ بەر لە سەرژمێریی ١٩٥٧، کاتێک کورد تیایاندا زۆرینەی دانشتووانیان بووە، هاوکات داوای گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر سایەی بەڕێوەبردنی خۆی و لکاندنەوەیان بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات، بەرامبەر بەم داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، حکومەتی عێراق ئامادە نییە دەستبەرداری بەشێک لەو ناوچانە بێت، بەتایبەت کە هەندێکیان ناوچەی دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییە ستراتیژییەکانی وەک نەوت و گاز، هەر لەبەر ئەمەش ئەم ناوچانە لە دەستووری کاتیی ٢٠٠٤ و دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥ بە “ناوچە جێناکۆکەکان” ناوزەند کران، ئەم ناکۆکییەش تەوەرێکی سەرەکیی ئەو کێشانەیە کە تا ئیستا لەنێوان هەردوو لایەندا بەردەوامە. کەواتە بۆ پێناسەکردنی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێناکۆکە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنی کەمەوە ڕەچاوی سێ پێوەر بکەین کە ڕەنگدانەوەی هەرسێ تێڕوانینەکەی “حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان”ە، ئەو سێ پێوەرەش بریتین لەمانە:

١. ناوچەکە بەر لە سەرژمێرییەکەی ١٩٥٧، زۆرینەی دانیشتووانی کورد بووبێت.

٢. ناوچەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمی بەعس) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بووبێت.

٣. ناوچەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەی بە هەرێمەوە لەسەر بێت.

بە ڕەچاوکردنی هەرسێ پێوەرەکەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین: “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧؛ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعسدا) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە.” ئەگەرچی لە ڕووی کردارییەوە هەندێک لەم ناوچانە بۆ ماوەیەک (لە ساڵی ٢٠٠٣-ەوە تا ٢٠١٧) کەوتوونەتەوە دەست هەرێم، وەک کەرکووک و دوزخورماتوو و جەلەولا و هەندێک ناوچەی تر، بەڵام تا ئێستا دان بە گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنراوە. سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ئەم ناوچانەش، ئەو شریتە زەوییە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە باشووری ئەو سنوورەی هەرێمی کوردستانەوە کە تا ڕێکەوتی (١٩/٣/٢٠١٧) لەلایەن حکومەتی ئەم هەرێمەوە بەڕێوە براوە، ئەم شریتە زەوییە لە شەنگالەوە کە هاوسنووری سووریایە، دەست پێ دەکات و بەرەو “شێخان” لە ڕۆژهەڵاتەوە دەڕوات، ئەمجا لەوێوە بۆ باشوور دادەبەزێت و بە درێژایی کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە کۆی چوار قەزاکەی “پارێزگای کەرکووک” لەخۆی دەگرێت، تا دەگاتە ناحیەی “مەندەلی” لەسەر سنووری ئێران. بۆیە ئەم شریتە زەوییە، بەپێی هاوسێیەتیی سنووری جوگرافی، ئەم یەکە کارگێڕییانەی خوارەوە لەخۆی دەگرێت:

قەزای شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقره و حەمدانیە و ناحیەی قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا، هەموو پارێزگای کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزای ناوەندی کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحە دین، لەگەڵ قەزاکانی کفری و خانەقین و ناحیەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە.

ئەنجام

١. بۆ پێناسەکردنی چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەیەکی زانستیی ورد و بۆ دیاریکردنی هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێی ناکۆکییە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنی کەم ئەم سێ پێوەرە ڕەچاو بکەین: ١. بەر لە سەرژمێرییەکەی ١٩٥٧، زۆرینەی دانیشتووانی کورد بووبێت. ٢. لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمی بەعس) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بووبێت. ٣. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەی بە هەرێمەوە لەسەر بێت.

٢. کەواتە مەبەست لە چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعسدا) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە.

٣. بەپێی ئەو سێ پێوەرە و پێناسەکەی سەرەوە، لە عێراقدا ئەم یەکە کارگێڕییانە بە ناوچەی جێناکۆک ئەژمار دەکرێن: قەزای شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقرە و حەمدانیە و ناحیەی قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا، هەموو پارێزگای کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزای ناوەندی کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ قەزاکانی کفری و خانەقین و ناحیەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە.

سەرچاوەكان

[1])) بڕگەى (ج)ى مادەى (٥٨)ى یاساى قۆناغى گواستنەوەى ٢٠٠٤، دەڵێت: “تؤجّل التسوية النهائية للأراضي المتنازع عليها، ومن ضمنها كركوك، إلى حين استكمال الإجراءات أعلاه، وإجراء إحصاءٍ سكاني عادلٍ وشفّافٍ، وإلى حين المصادقة على الدستور الدائم، يجب أن تتمّ هذه التسوية بشكلٍ يتّفق مع مبادئ العدالة، آخذاً بنظر الاعتبار إرادة سكّان تلك الأراضي”.

[2])) بڕگەى “دووەم”ى مادەى (١٤٠)ی دەستوورى ٢٠٠٥ دەڵێت: “المسؤولية الملقاة على السلطة التنفيذية في الحكومة الانتقالية، والمنصوص عليها في المادة (٥٨) من قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية، تمتد وتستمر الى السلطة التنفيذية المنتخبة بموجب هذا الدستور، على أن تنجز کاملةً (التطبيع، الإحصاء، وتنتهي باستفتاء في کرکوك والمناطق الأخرى المتنازع عليها، لتحديد إرادة مواطنيها) في مدةٍ أقصاها الحادي والثلاثون من شهر کانون الأول سنة ألفين وسبعة”.

[3])) ورد فی الأمر الاداری الصادر من لجنة تنفیذ المادة ١٤٠ المرقم (١٥٩) فی (١١/١٢/٢٠١١) أن المناطق المتنازع عليها: “هي المناطق التي تعرضت لممارسات النظام السابق والمتمثلة بالتغير الديموغرافي وتغيير الوضع السكاني من خلال ترحيل ونفي وتهجير الافراد من اماكن سكناهم كهجرة قسرية وتوطين او عدم توطين افراد اخرين مكانهم ومصادرة الاملاك والاراضي والاستملاك واطفاء الحقوق التصرفية وحرمانهم من العمل من خلال تصحيح القومية او من خلال التلاعب بالحدود الادارية لتلك المناطق بغية تحقيق اهداف سياسية كان يبغيها النظام السابق”.

[4])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (١١٣/اتحادیة/٢٠١٧) فی (٢٩/١٠/٢٠١٧)، متوفر على الرابط الآتي:

https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2017/113_fed_2017.pdf

[5])) بڕگەى (أ) لە مادەى (٥٣)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤.

[6])) مادەى (١٤٣)ى دەستوورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، دەڵێت: “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە و پاشکۆکەی هەڵدەوەشێنەوە لەپاش پێکهێنانی حکومەتی نوێ، جگە لە بڕگەی (أ)ی مادەی (٥٣) و مادەی (٥٨).”

[7])) مادەى (١١٧)ى دەستورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، لە بڕگەى “یەکەم”یدا دەڵێت: “ئەم دەستوورە لە ڕێکەوتی پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی”.

[8])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (٤٣/اتحادیة/٢٠١٨) فی (١١/٣/٢٠١٨)، متوفر على الرابط الآتي:

 https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2018/43_fed_2018.pdf

[9])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٣)ى یاسای دەستەی گشتیی هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى ناکۆکییان لەسەرە، ژمارە (٢)ی ساڵى ٢٠١٠.

[10])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٢)ى یاسای ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠١٠.

[11])) شبكة أخبار العراق، تعرف على المناطق المشمولة بالاستفتاء من خارج الإقليم، متوفر على الرابط الآتي:

http://aliraqnews.com/تعرف-على-المناطق-المشمولة-بالاستفتاء/

[12])) بڕگەى (٢) لە مادەى (٥٨)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤.

[13])) قرار مجلس الأمن الدولی المرقم (١٧٧٠) فی ٢٠٠٧.

[14])) بعثە الأمم المتحدة لمساعدة العراق، الحدود الداخلیة المتنازعة علیها (تقریر)، الجزء الأول، ترجمة غیر رسمیة، ٢٠٠٩، ص ص ٢٣ – ٢٧٠.

 

گۆڤاری ئاییندەناسی، ژمارە (3) ئەیلولی 2020

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand