هەرێم بە نیازە بە لێبڕینەوە موچەی دامەزراوە فیدراڵیەكان دابەشبكات
2020-09-22 21:17:49
درەو:
حكومەتی عێراق موچەی (5) مانگی فەرمانبەرانی دامەزراوە فیدراڵیەكانی ناردووەو حكومەتی هەرێمیش دەیەوێت بە لێبڕینەوە موچەكەیان بەسەردا دابەش بكات، چونكە كورتهێنانی لە موچەكەدا هەیە.
ماوەی پێنج رۆژە حكومەتی عێراق بڕی ( 9 ملیار) دینار پارەی موچەی پێنج مانگ واتا مانگەكانی (4، 5، 6، 7، 8)ی دامەزراوە فیدراڵیەكانی عێراقی رەوانەكردووە كە بۆ مانگێك ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دیناری دەكات، بەڵام ئەو دامەزراوە فیدراڵیانە ( پاسپۆرت، نشینگە، رەگەزنامە، كارتی زانیاری، كارتی نیشتمانی، فڕۆكەخانە، سنورەكان) كە ژمارەیان (5 هەزارو 500) فەرمانبەرو ئەفسەرە،موچەی مانگانەیان ( 6 ملیار و 300 ملیۆن) دینارە، مانگانە حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی پڕكردۆتەوە واتا بۆ هەموو مانگێك بڕی ( 4 ملیارو 500 ملیۆن) دیناری كورتهێنانی خستۆتە سەر ئەو ( ملیار و 800 ملینۆ) دینارە بۆ ئەوەی موچەی مانگێكی ئەو فەرمانبەرانە دابین بكات، لەبەر ئەوەی هەرێم خۆی دەستی خستۆتە ناو ئەو دامەزراوە فیدراڵیانەوەو فەرمانبەری دیكەی بۆ دامەزراندوون، حكومەتی ناوەندیش بڕە پارە بۆ ئەو فەرمانگەو فەرمانبەرانە دەنێرێت كەخۆی رەزامەندی لەسەرداون.
لە ئێستادا ماوەی نزیكەی (80) رۆژە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە موچەیان وەرنەگرتووەو بە پێی زانیارییەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە بە لێبڕینی (21%)ەوە دەیەوێت موچەكەیان بەسەردا دابەشبكات، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە لە ناردن و بەرزركردنەوەی لیستی موچەی دامەزراوە فیدراڵیەكان بۆ بەغداد.