Draw Media

پێوەرێك‌و پێنج كۆمپانیا‌و حكومەتێك

پێوەرێك‌و پێنج كۆمپانیا‌و حكومەتێك

2020-09-20 19:33:46



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
لە هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت كێشەی نییە، ئاوی خواردنەوەش لە قەیرانێكی قوڵدایە، دوو كۆمپانیا نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلاریان لە خەڵك وەرگرتووە پێوەری ئاویان بۆ دابنێن، بەڵام پێوەرەكانیان ژمارەی هەڵە دەخوێننەوە، حكومەت بە دانانی پێوەری ئاو ویستی رێگە لە بەفیڕۆچوونی ئاوی خواردنەوە بگرێت، بەڵام دەرگای لەسەر بەفیڕۆچوونی پارە كردەوە، لەوكاتەوە كە پرۆژەكەی دەستپێكردووە زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار زیانی ئابوری بەر حكومەت كەوتووە، خەڵكیش متمانەیان بە پرۆژەكە نییە، سەرباری ئەمە ئێستا پرۆژەكە لە لێواری داڕوخانی تەواوەتیدایە‌و ئەگەر شكست بهێنێت دەبێت حكومەتی هەرێم بەبڕی (60 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی سێ كۆمپانیا بكاتەوە، بۆیە سەرباری قەیرانەكانی، حكومەت نایەوێت پرۆژەكە رابگیرێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە.

لەبارەی پێوەری ئاوەوە
ئەمڕۆ ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژایەتی خۆی بۆ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم دەربڕی كە داوا دەكات هەر ماڵێك بە بڕی (100 هەزار) دینار غەرامە بكرێت ئەگەر پێوەری ئاوی دانەنا. 
لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاردرا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت.
ساڵی 2014 كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربوو، خاتوو (نەورۆز مەولود) لەسەر پشكی پارتی پۆستی وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزاری وەرگرت، نەورۆز ساڵی 2015 بڕیاریدا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت، بەڵام كێشەیەكی گەورەی بۆ وەزیرەكەی دوای خۆی جێهێشتووە كە (ساسان عەونی)‌و لەم كابینەیەدا هەر لەسەر پشكی پارتی پۆستی وەزارەتی شارەوانی وەرگرتوەتەوە.

ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان 
دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوەبوو رێگری بكرێت لە بەفیڕۆچوونی ئاوی پاكی خواردنەوە.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (ملیۆنێك) بەشداربووی ئاو هەیە، بەپێی قسەی حكومەت، تێچووی گشتی ئاوی خواردنەوە رۆژانە (840 ملیۆن) دینار خەرجی لەسەر حكومەت دەكەوێت.
بەگوێرەی خەمڵاندنی حكومەت، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن‌و 100 هەزار) مەتر سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت، لەم بڕە رۆژانە (850 هەزار) مەترسێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەفیڕۆ دەدرێت، تێچووی ئەم ئاوە بەفیڕۆدراوە رۆژانە (340 ملیۆن) دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت‌و ساڵانە خەرجی ئاوی فەفیڕۆدراو دەكاتە (124 ملیار) دینار.
لە هەرێمی كوردستان، حكومەت یەكجۆر ئاوی بۆ ماڵان دابین كردووە كە ئاوی پاكی خواردنەوەیە، ئاو بۆ بەكارهێنانی ناوماڵ بوونی نییە، ئەمە وایكردووە خەڵك ئاوی خواردنەوە بەكاربهێنن بۆ پاكژكردنەوەی ناوماڵ‌و شتنی ئۆتۆمبیل‌و پێداویستییەكانی تریان.

لەبارەی گرێبەستەكانەوە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوەی سەرەتا بیرۆكەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵانی وروژاندووە، كۆمپانیایەك بووە بەناوی (ئاراس)، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە پیاوێك بووە كە كەسی پلە یەكی نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی هەرێم بووە، بەڵام نەورۆز مەولود كاتێك كە وەزیر بووەو لەبارەی ئەم بابەتە پرسیاری لێكراوە وتویەتی مانگێك بەر لەوەی ئەو وەكو وەزیر دەستبەكار ببێت، بیرۆكەی دانانی پێوەری ئاو باسكراوە، بەمە ویستویەتی بابەتی كۆمپانیای مێردەكەی لەخۆی دوربخاتەوە.
نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی دواجار گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی بەخشی بەدوو كۆمپانیا:
•    كۆمپانیای (ئاراس): ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك وەرگرت، خاوەنی كۆمپانیاكە هاوسەرەكەی وەزیر بوو.
•    كۆمپانیای (جنون): ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی لە سنوری یەكێتی واتە پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە وەرگرت، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە ناوی (بەهادین مەحمود رەشید)ەو برای مەلا یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیای (بەڕێز)ە، دواتر كۆمپانیای جنون پشكەكەی فرۆشتوەتەوە بۆ كۆمپانیایەكی دیكە. 
بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردبویان، دەبوو كۆمپانیاكەی سنوری یەكێتی پێوەری (ئیتاڵی) بۆ ماڵان دابنێت، كۆمپانیاكەی سنوری پارتیش پێوەری (توركی)، بەڵام كاتێك دەستیان بەكار كرد، تێبینی كرا ژمارەیەكی زۆر پێوەری "چین"ی تێكەڵ كراوەو بۆ ماڵان دانراوە كە كوالیتییەكەی نزمترە، ئەم دوو كۆمپانیایە لە ساڵی 2014وە تاوەكو 2017 بەردەوام بوون لەسەر دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان، 2017 كێشە كەوتە كارەكانیانەوە، رەخنەكان زۆربوون لەسەر كوالیتی ئامێرەكان، حكومەت ناچاربوو كاری ئەو دوو كۆمپانیایە راگرێت، بەڵام راگرتنی كاری ئەو دوو كۆمپانیایە بەواتای راگرتنی تەواوەتی پرۆسەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان نەبوو، چونكە دوای راگرتنی كاری ئەو دوو كۆمپانیایە، حكومەت كاری بەستنی پێوەرەكانی ئاوی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگاكان كردووە‌و ئێستاش بەستنی پێوەری ئاو ئازادكراوە‌و چەند كۆمپانیایەك پێوەر هاوردە دەكەن‌و هاوڵاتیان لە بازاڕی رەشدا ئەو پێوەرانە دەكڕن‌و لەماڵەكانیاندا دەیبەستن.
ئەو دوو كۆمپانیایەی كە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاویان بۆ دەرچووە، لەو ماوەیەی كە كاریان كردووە، بەبەهای نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلار پێوەری ئاویان بەماڵان فرۆشتووە، نرخی هەر پێوەرێك نزیكەی (19) دۆلار بووە، بەڵام ئەوان بۆ بەستنی هەر پێوەرێك لانی كەم (45 هەزار) دیناریان لە ماڵان وەرگرتووەو لە هەر مالێكیش كە دانانی پێوەرەكە پێویستی بە هەندێكی كاری زیاترو بڕینی بۆری هەبوبێت پارەی زیاتریان لە نرخی دیاریكراو لە خەڵك وەرگرتووە.

سەرجەم پێوەرەكان بۆ هەموو كوالیتییەكانییەوە هەوا یان هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە

پێوەرەكە‌و سێ كۆمپانیای تر
لەپاڵ ئەمەدا، وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ سێ كۆمپانیادا كردووە كە كاری خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاو بكەن‌و پارەی ئاو لەماڵان كۆبكەنەوە، ئەو سێ كۆمپانیایەی كە ئەم گرێبەستەیان وەرگرتووە بریتین لە:
•    كۆمپانیای (گرنگ)، گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاو و وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵانی لە پارێزگای سلێمانی پێدراوە، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە هەمان خاوەنی كۆمپانیای (جنون)ە كە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی لە سنوری یەكێتی پێدراوە، واتا سەرباری گرێبەستی دانانی پێوەری ئاو، گرێبەستی كۆكردنەوەی پارەی ئاویشی پێدراوە.
•    كۆمپانیای ئۆرانۆس، ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاوی لە پارێزگای هەڵەبجە‌و سنوری ئیدارەی راپەڕین‌و گەرمیان پێدراوە.
•    كۆمپانیای (خگیب و علمی) كە كۆمپانیایەكی لوبنانییە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەری ئاو و كۆكردنەوەی پارەی ئاوی لە پارێزگای هەولێرو دهۆك پێدراوە.

پێوەری ئاو و ناڕەزایەتییەكانی
هێشتا سكاڵاكان لەسەر ئەو دوو كۆمپانیایەی كە سەرەتا پێوەری ئاویان بەستووە كۆتایی نەهاتووە، یەكێك لەو كەسانەی كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكات پەرلەمانتار (دابان محەمەد) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان، دابان كۆتایی تەموزی ساڵی رابردوو نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە‌و داوا دەكات لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر پێنج كۆمپانیا دروستبكرێت كە رۆڵیان لە پێوەری ئاوی ماڵاندا هەبووە.
دابان محەمەد لە نوسراوەكەیدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كراوە، لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵانەوە ئەم تێبینیانەی نوسیوە: 
•    ئەم پێوەرانە گونجاونین بۆ تۆڕەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت كە هیچ تۆڕێك 24 كاتژمێر ئاوی تێدا نییە.
•    هیچ یەكێك لە پێوەرەكان كە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان بەراورد نەكراوە بەو پێوەرانەی لە گرێبەستەكاندا رەزامەندی لەسەر نیشان دراوە.
•    هیچ یەكێك لە پێوەرەكان تێست نەكراوە‌و راستەوخۆ بۆ ماڵان بەستراوە.
•    سەرجەم پێوەرەكان بۆ هەموو كوالیتییەكانییەوە هەوا یان هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە.
•    كۆمپانیاكانی تایبەت بە دانانی پێوەر پابەند نەبوون‌و نین بەدانانی نرخی پێوەری ئاو بۆ ماڵان كە (40 هەزار) دینارەو تا سەرو (100 هەزار) دینار لە هاوڵاتی وەرگیراوە.
•    ئەم پێوەرانە بەرگەی گەرمی‌و ساردی زۆر ناگرن، بەشێكی زۆریان لەناوچە گەرمەكان لە وەرزی هاویندا هەروەها لە ناوچە ساردەكان لە وەرزی زستاندا تێكچوون.
•    كۆمپانیاكان پابەند نەبوون بە خزمەتگوزاری چاككردنەوەی پێوەرەكانی ئاو.
ئەو پەرلەمانتارە لە نوسراوەكەیدا داوایكردووە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتانە بكرێت سەبارەت بە پێوەری ئاوی ماڵان:
•    لێكۆڵینەوە بكرێت لە گرێبەستەكانی كۆمپانیای (جنون و ئاراس)‌و پابەندبوونیان بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیانەوە.
•    لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی ئەندامدانی تەندەرەكان، بەتایبەت بەرپرسی بەشی گرێبەستەكانی ئەوكاتە.
•    لێكۆڵینەوە بكرێت لە هێنانی (55 هەزار) پێوەری صینی لەلایەن كۆمپانیای جنونەوە، دواتر چاوپۆشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو لەبری ئیجرائاتكردن.
•    لێكۆڵینەوە لەچۆنیەتی تەندەرەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی خوێندنەوەی پێوەری ئاو و گرێبەستەكانیان بەتایبەت بەرپرسی بەشی هەڵسەنگاندن‌و چەند ئەندامێك.

   نزیكەی (هەزار) هاوبەش لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر پارەی ئاویان بۆ هاتوەتەوە.
 

كێشەیەكی تر !
ئەوەی كێشەی هەیە تەنیا ئەو دوو كۆمپانیا نین كە پێوەرەكانی ئاوی ماڵانیان بەستووە، ئەو كۆمپانیایانەشی كە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكان‌و وەرگرتنی پارەی ماڵانیان كردووە كە سێ كۆمپانیان لەگەڵ حكومەت كێشەیان هەیە.
بەپێی نوسراوێكی هاوبەشی هەرسێ كۆمپانیای (خگیب و علمی) و (ئۆرانۆس)‌و (گرنگ) كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە‌و لە 20ی تشرینی دووەمی 2019دا ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كردووە، ئەو كۆمپانیایانە كە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاوی ماڵانیان وەرگرتووە، سكاڵا لەبارودۆخی خۆیان دەكەن‌و لەو سكاڵایەدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خراپی پرۆسەی دانانی پێوەری ماڵان دەسەلمێنن‌و دەڵێن:
•    بەهۆی هەڵە ئەژماركردنی كرێی پسوڵەی ئاو ناڕەزایەتی لەناو هاوڵاتیان دروستبووەو بەشێوەیەكی زۆر ترسناك‌و خراپ لەسەر پرۆژەكە شكاوەتەوە‌و هاوڵاتیان دەستیانكردووە بە لێكردنەوەی پێوەرەكانی ئاو.
•    بەپێی گرێبەست دەبوو رێژەی 85%ی ئەوانەی هاوبەشی ئاویان لە هەرێمی كوردستان هەیە، پێوەری ئاویان بۆ ببەسترایە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان بۆ بەستراوە لە رێژەی 50% تێپەڕی نەكردووە، ئێمە لەسەر ئەو بنچینەیە نرخمان پێشكەش كردووەو كەڵكی ئابوری پرۆژەكەمان هەڵسەنگاندووە.
•    دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو هاوبەشانەی كە پێوەرەكانیان لە كاركەوتووە هەروەها ئەوانەی كە رێگەنادەن پێوەریان بۆ ببەسترێت.
ئەمە كورتەیەكی نوسراوی ئەو سێ كۆمپانیایەیە بۆ وەزارەتی شارەوانی، ئەم سێ كۆمپانیا گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردووە پێوەرەكانی ئاوی ماڵان بخوێننەوە‌و پارەی ئاو بۆ حكومەت كۆبكەنەوە، حكومەت بۆ هەریەكێك لەو كۆمپانیایانە بۆ خوێندنەوەی هەر پێوەرێكی ئاو بڕێك پارەی دیاریكردووە، لەمەشدا بڕە پارەكان جیاوازن، هەریەكەیان بە نرخێك كارەكە بۆ حكومەت دەكەن.
كێشەیەكی تری كاری ئەم سێ كۆمپانیایە رەهەندێكی ئەمنی هەیە، ئەویش دروستكردنی سیستمی (داتا سەنتەر)ە بۆ هاوبەشەكانی پێوەری ئاو لە هەموو شارەكانی هەرێم، ئەم سیستمە لە هەولێر جێگیركراوە، ئەمە لەڕووی ئەمنییەوە كێشەی هەیە، هەندێك ترسیان هەیە لەڕێگەی پسوڵەی ئاوەوە، هەموو زانیارییە تایبەتییەكان‌و شوێنی نیشتەجێبونیان بكەوێتە بەردەست دەزگا ئەمنییەكان‌و بەشێوەیەكی نەرێنی لەدژیان بەكاربهێنرێت، داوا دەكرێت داتا سەنتەری هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكەی خۆیدا بێت.
ئەم سێ كۆمپانیایە لە بەرژەوەندیانە ژمارەیەكی زیاتر لە پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت، چونكە لە خوێندنەوەی هەر پێوەرێكدا بڕێك پارەی زیاتریان دەستدەكەوێت، ئێستا كە پرۆژەكە بەرەو داڕوخانی تەواوەتی دەڕوات، ئەم كۆمپانیایانە لە زیانە ئابورییەكانی خۆیان دەترسن، ئەمان كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردوە مەرجەكەیان ئەوە بووە رێژەی 85%ی ئەوانەی هاوبەشی ئاون لە هەرێمی كوردستان پێوەری ئاویان بۆ دابنرێت، بەڵام ئەم رێژەیە نەبەستراوەو بەپێی زانیارییەكان كەمتر لە 50%ی هاوبەشەكان پێوەریان بۆ دانراوەو ئەوەش بەشێكی كێشەی تێدایە، حكومەت دەڵێ لەكۆی سەرو ملیۆنێك هاوبەشی ئاو لە هەرێم، (800 هەزار) هاوبەش پێوەری ئاویان بۆ دانراوە، لەمەدا حكومەت دەیەوێت خۆی لە ناڕەزایەتی ئەو سێ كۆمپانیایە بپارێزت و وایان لێبكات بمێننەوە‌و لەچوارچێوەی گرێبەستەكەدا كارەكەی خۆیان بكەن، چونكە بەپێی گرێبەستەكە ئەگەر پرۆژەكە سەركەوتوو نەبێت، دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (60 ملیۆن) دۆلار وەكو قەرەبوو بەو كۆمپانیایانە بداتەوە كە كاری خوێندنەوەی پێوەرەكان‌و وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵان دەكەن، ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم سەرباری خراپییەكەی نایەوێت پرۆژەی پێوەری ئاو رابوەستێت.
لە ساڵی 2014وە تائێستا حكومەتی هەرێم لە پرۆژەی پێوەری ئاودا زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار زیانی بەركەوتووە، چونكە تەنیا داهاتی پارەی ئاو مانگانە (10 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بەڵام لەدوای پرۆژەی پێوەری ئاوەوە، بەشێكی زۆری خەڵك مانگانە پارەی ئاو نادەن.

گاڵتەجاری پێوەرەكان !
خراپی كاركردنی پێوەرەكانی ئاو ماوەیەكە بووەتە بابەتی تەنزو گاڵتەجاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەمدواییە پسوڵەی ماڵێك لە ناحیەی (كەڵەكچی)ی پارێزگای دهۆك بڵاوكرایەوە كە بەپێی پێوەری ئاوەكەی بۆ مانگێك بری زیاتر لە (19 ملیۆن) دیناری بۆ گەڕابووەوە.
پێوەرەكان زۆربەیان بەشێوەیەكی هەڵە كاردەكەن، بەر لە دانانی ئەم پێوەرانە، مانگانە هاوڵاتیان بڕی (15 هەزار) دینار پارەی ئاویان بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە.
مانگی شوباتی ئەمساڵ مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد، تێیدا باسی لە گرفتەكانی پرۆژەی پێوەری ئاو كرد، لەبارەی خوێندنەوەی هەڵەی پێوەرەكانەوە ئەم زانیارییانەی خستەڕوو:
•    نزیكەی (هەزار) هاوبەش لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر پارەی ئاویان بۆ هاتوەتەوە.
•    374 هاوبەش لەنێوان (دوو) تا (سێ) ملیۆن دیناریان بۆ هاتوەتەوە.
•    (٢ هەزارو ٧٣٣) هاوبەش لەنێوان (٥٠٠ هەزار) تا (یەك ملیۆن) دیناریان بۆ هاتوەتەوە.
•    (٩ هەزارو ٤٤٨) هاوبەش لەنێوان (٢٥٠ هەزار) دینار تا (٥٠٠ هەزار) دیناریان بۆ هاتووەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand