دابەشكردنی موچە 30 رۆژی تێپەڕاند، لێبڕین جێگیر دەكرێت

Draw Media

2020-09-20 15:26:46



درەو:
دابەشكردنی موچە (30) رۆژی تێپەڕاندو لێبڕینی موچە جێگیر دەكات،  (45) رۆژ جارێك موچە دابەش دەكات، حكومەتی هەرێم ژمارەی داهاتی راستەقینەی ناوخۆ دەشارێتەوە، بەهۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد، كە پەیوەستكراوە مانگانە 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان رادەستبكات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 17ی ئابی 2020 بڕیاری دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری موچەخۆرانی دەركرد، تا ئەمڕۆ (35) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی رابردوو تێپەڕیوە، تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری دابەشكردنی موچەی نەداوە. 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پارەكەی بەغدادەوە (730 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەست دەبێت، (165ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ (895 ملیار) دیناری كۆی موچە، بڕیارە بۆ موچەی مانگی چوار یان موچەی مانگی ئاب (ئەگەر موچەی مانگەكانی تر پاشەكەوت بكرێت) هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو موچە بە 21%ی لێبڕینەوە دابەش دەكرێت و لێبڕینی موچە جێگیر دەكرێت.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستی كەوتووە، حكومەتی هەرێم پارەی راستەقینەی داهاتی ناوخۆ ناخاتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، ئەویش بۆ شاردنەوەی داهاتی راستەقینەی خاڵە سنورییەكان لە بەغداد، چونكە بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەبەرامبەر ناردنی (320 ملیار) دیناری مانگانە، دەبێت هەرێم مانگانە (50%)ی داهاتی خاڵە سنورییەكان و دامەیزراوە فیدراڵیەكانی راسدەیت بەغداد بكات، مانگی رابردوو داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی (185ملیار) دینار بوو، بەڵام حكومەت تەنها (120 ملیار) دیناری خستە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە. 
داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هێشتا بەتەواوی كۆنەكراوەتەوەو نەخراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی چاوەڕەوان دەكرێت بە هەمان شێوەی مانگی رابردوو بێت، كە وەزارەتی دارایی بڵاوی كردەوە.
•    تەمویلی بەغداد (320 ملیار) دینار، مانگانە لە نێوان 20 بۆ 25ی مانگ دەنێردرێت
•    تەمویلی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بۆ موچە (270 ملیار) دینار.
•    داهاتی ناوخۆ (120 ملیار) دینار، بەڵام خۆی نزیكەی لە (200 ملیار) دینارە.
•    تەمویلی هاوپەیمانان (20 ملیار) دینار
•    كۆی گشتی دەكاتە (730 ملیار) دینار، بەڵام موچەی تەواوەتی موچەخۆران (895 ملیار) دینارە واتا (165ملیار) دینار كورتهێنان دەبێت.  

  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand