Draw Media

یەكێتی دارایی خۆی رێكدەخاتەوە

یەكێتی دارایی خۆی رێكدەخاتەوە

2020-09-27 17:09:19


 راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لیژنەیەكیان بۆ پێداچونەوە بە دارایی حزبدا دروستكردووە، داهاتی كۆكراوەی مانگانەی یەكێتی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، بەڵام خەرجی یەك مانگی حزب (5 ملیۆن) دۆلارە، واتە داهاتی یەكێتی مانگانە بەبەراورد بە خەرجییەكەی 50% كورتهێنانی هەیە، یەكێتی بەدوای سەرمایە ونبوەكەیدا دەگەڕێت‌و لێپێچینەوە لە سەرمایەدارو كۆمپانیا‌و هاوبەشە بازرگانییەكانی دەكات، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی تەنیا لەڕووی سیاسییەوە پەرت پەرت نەبووە،  لەڕووی ئابوریشەوە شێواو پەرێشانە، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لە (درەو) بخوێنەرەوە.

ئابوری سلێمانی لە سێبەری یەكێتیدا
ئەم رۆژانە سلێمانی تەنیا لەڕووی سیاسییەوە پەرت پەرت نەبووە، بەڵكو لەڕووی ئابوریشەوە شێواو پەرێشانە، چەند رۆژی رابردوو سایتی بەناوبانگی "مۆنیتۆری"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردبوو" لە مەرزی پەروێزخان پرۆسەیەكی گەورەی قاچاخچێتی بەڕێوەدەچێت"، یەكێتی كە جڵەوی دەسەڵاتی لەم ناوچەیە بەدەستەوەیە، لەدوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاوە گورزی سیاسی گەورەی بەركەوت، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دوركەوتنەوەی تاڵەبانیەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، لەڕووی ئابورییەوە گورزێكی گەورەتری بەركەوتووە.
ئێستا لە سلێمانی‌و سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رۆژانە سەرمایەداری نوێ سەردەردەهێنێت، لەبەرامبەریشدا زۆرینەی خەڵك رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر دەبێت، ئەمە دۆخێكە لە ناوچەیەكدا كە بەناوچەی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكان ناوبانگی دەركردووە، مەترسی هەیە لە هەر ساتێكدا ئەم بارودۆخە بەر لە پارتی، بەڕووی یەكێتیدا بتەقێتەوە، سنوری سلێمانی رۆژانە زەوییەكانی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پارچە پارچە دەكرێت‌و دابەشدەكرێت، لەپشت كۆمپانیاكانەوە بەرپرسانی حزب خۆیان مەڵاسداوە، بەڵام داهاتەكانیان ناگەڕێتەوە بۆ ناو سندوقی حزب.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا ئەو پارەیەی كە مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی حزبەكە (5 ملیۆن) دۆلارە، واتا داهاتی مانگانەی یەكێتی بەبەراورد بە خەرجییەكانی بەرێژەی 50% كورتهێنانی هەیە، یەكێتی ئەم كورتهێنانە چۆن پڕدەكاتەوە ؟
(درەو) زانیویەتی، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ بەدوادچوون بۆ پارەكانی حزب‌و رێكخستنەوەی دارایی یەكێتی.

لیژنەیەكی سێ كەسیی !
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لیژنەیەكی سێ كەسییان بەناوی "لیژنەی جێبەجێكاری ئابوری هاوسەرۆكەكان" دروستكردووە.
ئەو سێ كەسەی كە لەم لیژنەیەدان، كار بۆ كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی دارایی یەكێتی دەكەن، هەریەكەیان لەبوارێكدا تایبەتمەندییان هەیە‌و كەسەكان بریتین لەمانە:
•    دانا دۆغڵەمەچی (شارەزای بواری غازە)
•    هاوڕێ شێخ دارۆ (كوڕی دارۆی شێخ نوری بەرپرسی پێشووی ئیدارەی گشتی یەكێتییە‌و شارەزای بواری ئیدارەیە)
•    هیوا ئاوات (شارەزای بواری نەوتە)
ئەم سێ كەسە لەماوەی رابردوودا لەلایەن هاوسەرۆكەكانەوە راسپێدراون بەدواداچوون بۆ سەروت‌و سامانی یەكێتی بكەن‌و ئەو كەسانەی ناو حزب دەستنیشان بكەن كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی یەكێتییەوە قەبارەی سەرمایەكانی خۆیان گەورەكردووە‌و بەهۆی سەرمایەكەشیانەوە پارێزگارییان لە پێگەی سیاسی خۆیان كردووە لەناو حزبدا.
هاوسەرۆكەكان دەیانەوێت لەمەودوا سندوقی دارایی حزب بچێتەوە لای خۆیان، چونكە پێیانوایە دارایی یەكێتی توشی نەزیف بووە‌و دەبێت رێكی بخەوە، سندوقی یەكێتی كە دارایی یەكێتی تێدا بووە، پێشتر لای ئیدارەی گشتی بووە‌و لەوێ لەلایەن بۆردێكەوە بەڕێوەبراوە‌و دلێری سەید مەجید سەرپەرەشتی بۆردەكەی كردووە‌و هەریەكە لە (سالاری ئیدارەی گشتی، شوانەی نۆكان، شێخ ئەحمەدی نۆكان) ئەندامی بۆردەكە بوون، بەڵام بەمدواییە هاوسەرۆكەكان كۆمەڵێك گۆڕانكارییان لە ئیدارەی گشتیدا كردووە‌و ئێستا سندوقەكەی یەكێتی لەژێر چاودێری خۆیاندایە.
دوای ئەوەی سندوقی یەكێتییان خستوەتەژێر چاودێری خۆیانەوە، هاوسەرۆكەكان بۆیان دەركەوتووە، ئەو داهاتەی كە مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ سندوقەكە زۆر لەوە كەمترە كە چاوەڕێیان كردووە، بۆیە گومانی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی گەورەیان بۆ دروستبووە.
ئەوانەی ئاگادارن لە دارایی یەكێتی دەڵێن، كۆمپانیا هەبووە كە بەپارەی یەكێتییەوە كاری كردووە، مانگانە (5 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، بەڵام تەنیا بڕی (500 هەزار) دۆلاری بۆ سندوقی یەكێتی گەڕاندوەتەوە، بەڵام كاتێك زیانی كردووە، زیانەكەی بە یەكێتی بژاردووە.
هاوسەرۆكەكان پێیانوایە، بەشێكی زۆر لەوانەی لە ئیدارەی گشتی یەكێتیدا كاریان كردووە، لەسەر گیرفانی یەكێتی قاسەی خۆیان پڕكردووە‌و سندوقەكەی یەكێتییان بەتاڵكردوەتەوە، دەوترێت لەناو ئەوانەدا ئێستا كەسانی (ملیۆنێر) هەیە‌و چەند كەسێكیشیان قەرەبای سەرمایەكەیان گەیشتوەتە سەرو (ملیار) دۆلار.
سەرباری ئەمە لەلایەن هاوسەرۆكەكانەوە بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕی (3 ملیار) دۆلاری یەكێتی كە بەپێی بەدواداچوونی لیژنە سێ كەسییەكە لەماوەی رابردوودا بێ سەروشوێن بووە‌و چارەنوسی نازانرێت‌و رەنگە هەندێكی برابێتە دەرەوەی وڵات.

بەڵام هەندێك لە یەكێتیەكان پرسیاری ئەوە دەكەن ئایا هاوسەرۆكەكان دەتوانن دارایی یەكێتی رێكبخەنەوە لە حاڵێكدا ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی خۆشیان لەو كاروبارە بازرگانیانە تێوەگلاون كە داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ سندوقەكەی یەكێتی.

لیژنەكە چی دەكات ؟
بەپێی ئەوەی لەناو یەكێتیدا باسی دەكرێت، كاری یەكەمی ئەو لیژنە سێ كەسییەی كە هاوسەرۆكەكان دروستیان كردووە، سەرەتا لە مەرزە سنورییەكانی (باشماخ‌و پەروێزخان)ەوە دەستپێدەكات، كە ماوەیەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و میدیاكانی دەرەوەش قسەوباسی زۆریان لەسەر دەكرێت.
لیژنەكە دەیەوێت لە مەرزە سنورییەكان دەستی ئەو بەرپرسانەی حزب ببڕێت كە كۆمپانیایان هەیە‌و بەبێ ئەوەی هیچ داراییەك بۆ سندوقی یەكێتی بگەڕێننەوە، ناوبانگی حزبەكەشیان لەلای ئەمریكییەكان خراپ كردووە‌و گومانی ئەوەیان دروستكردووە یەكێتی كاری قاچاخچێتی دەكات لەگەڵ ئێران‌و سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێل دەكات.
لەلایەكی ترەوە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو لیژنەیەی دروستیان كردووە، كۆتایی بە قۆرخكاری چەند كۆمپانیایەك بهێنن كە لەلایەن ژمارەیەك كارەكتەری یەكێتییەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەمە لەلایەك بڕێكی زیاتری دارایی بۆ سندوقی حزب دەگەڕێننەوە‌و لەلایەكی ترەوە دەیانەوێت بەم هەنگاوە بڕێك لە ناڕەزایەتی سەرمایەدارانی سنورەكە لەدژی حزبەكەیان‌و ئەو كۆمپانیایانەی كە بازاڕیان كۆنترۆڵكردووە، بڕەوێننەوە.
دەسەڵاتدارانی یەكێتی دەڵێن ئێستا مانگانە تەنیا (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ناو سندوقی دارایی حزب، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمپانیای (نۆكان) كە بەفەرمی سەربە ئیداری گشتی یەكێتییە خاوەنی (46) كۆمپانیایە‌و لە بوارەكانی (وەبەرهێنان، خزمەتگوزاری نەوت، موڵك، فڕۆكەخانەكان، بازاڕ، كوالیتی كۆنترۆڵ، قەپان، هۆتێل، بەڵێندەرایەتی، گەشتیاریی، كارەبا، جگەرە، مەرزەكان‌و چەند بوارێكی تردا) كاردەكات، هاوسەرۆكەكان مەزەندە دەكەن داهاتی مانگانەی ئەم كۆمپانیایانە پێكەوە بگاتە (25 ملیۆن) دۆلار، بەڵام مانگانە 10%ی ئەم پارەیە بۆ سندوقی یەكێتی دەگەڕێتەوە.

یەكێتی‌و كۆمپانیای قەیوان
جگە لەو كۆمپانیاو سەرمایەدارانەی كە بە فەرمی لەژێر چەتری یەكێتیدا بوون‌و بە سەرمایەی یەكێتییەوە كاریان كردووە، بەمدواییە بەشێك لە دارایی یەكێتی كەوتوەتە دەرەوەی چەتری ئیدارەی گشتی‌و چوەتە بواری شەراكەتەوە.
ئێستا گەورەترین شەراكەتی یەكێتی لەدەرەوەی كۆمپانیای نۆكان، لەگەڵ گروپی كۆمپانیاكانی "قەیوان"دایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو)یان داوە، ساڵی 2009 پاڵاوگەی نەوتی بازیان رێژەی 100%ی پشكەكانی موڵكی یەكێتی بووە، بەڵام ئەم پرۆژەیە دواتر بووە بە پرۆژەیەكی شەراكەت لەنێوان یەكێتی‌و كۆمپانیای قەیواندا، لەم شەراكەتەدا یەكێتی رێژەی 51%ی پشكەكانی هەبووە‌و كۆمپانیای قەیوانیش رێژەی 49%ی پشكەكانی هەبووە، ئێستا ئەم هاوكێشەیە گۆڕانكارییەكی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، رێژەی 100%ی پشكەكانی پاڵاوگەی نەوتی بازیان موڵكی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانە.
ئەو لیژنە سێ كەسییەی كە هاوسەرۆكەكان بۆ پێداچونەوە بە دارایی یەكێتی دروستیان كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێك لە كارەكانی بریتییە لە پێداچوونەوە بەو شەراكەتەی كە ئیدارەی گشتی یەكێتی لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان كردویەتی لە كێڵگەی نەوتی بازیاندا.
بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، لەماوەی ساڵانی 2006 بۆ 2020 كە ماوەی (14 ساڵ) دەكات، كۆمپانیای قەیوان لەبواری بازرگانی نەوتدا تەنیا كەمتر لە (500 ملیۆن) دۆلاریان بە یەكێتی داوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو دەرەنجامانەی كە لیژنەی هاوسەرۆكەكان پێی گەیشتووە، دەبوو بڕی ئەو پارەیەی كە لەماوەی ئەو (14 ساڵ)ەدا قەیوان بە یەكێتی داوە بگەیشتایەتە زیاتر (4 ملیار) دۆلار.
 لەسەر بنەمای ئەم پێداچونەوانە، یەكێتی دەیەوێت شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان بگۆڕێت، كە ئێستا زەبەلاحترین كۆمپانیای سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتییە‌و زۆربەی بوارەكانی كاركردنی لە سنورەكەدا كۆنترۆڵ كردووە.

چیرۆكی یەكێتی‌و كۆمپانیا
سەرەتای بە كۆمپانیابوونی حزب لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، ئەوكات جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەم كەس بووە بیری لەوەكردوەتەوە حزب كۆمپانیای هەبێت‌و بتوانێت لەڕێگەی بارزگانییەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، وەكو باسدەكرێت لەم بیرۆكەیەدا تاڵەبانی باوك سەرسام بووە بە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین كە ئەوكات خاوەنی ئابورییەكی گەورە بووە.
یەكێتی لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كۆمپانیای (نۆكان)ی دروستكرد، (نۆكان) تەنیا كۆمپانیایەك نەبوو، دواتر بوو بە زنجیرەیەك كۆمپانیا، بۆ نمونە لە كەرتی بیناسازیدا نۆكان ژمارەیەك كۆمپانیای دروستكردبوو بەناوەكانی (راز، دەرگەزێن، توژەڵە، رەزگە، قوباد، شكۆفە، رێكۆ، چیا، ئیرۆن)‌و چەندین كۆمپانیای تر كە ساڵانە پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی پەیدا دەكرد.
كە نەوتیش دۆزرایەوە، كۆمپانیای نۆكان لە كەرتی وزەشدا ژمارەیەك كۆمپانی دروستكرد، لەوانە (مەهد، وزە، زەوی، باوان)‌و چەند كۆمپانیایەكی تر كە لەبواری نەوتدا كاریان دەكرد‌و پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی كۆدەكردەوە.
كاتێك قسەوباس لەسەر كۆمپانیاكانی حزب زیادیان كرد، هاوكات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەكان لەسەر دارایی حزب، كۆمپانیای نۆكان بیری لە دروستكردنی كۆمپانیایەكی ئەمنی كردەوە‌و بۆ پارێزكاریكردن لە زنجیرە كۆمپانیاكانی، كۆمپانیایەكی ئەمنی بەناوی "داهۆڵ" دروستكرا.
كۆمپانیای نۆكان چووە ناو بواری بازرگانی ئۆتۆمبیلیشەوە، لەم بوارەدا كۆمپانیایەكی دروستكرد بەناوی (كارزۆن)، ئەم كۆمپانیایە ئۆتۆمبیلی بۆ سنوری زۆنی سەوز هاوردە دەكرد‌و ساڵانە پارەیەكی زۆری بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی دابین دەكرد.
تاوەكو ساڵی 2016، نۆكان كۆمەڵێك كۆمپانیای تری دروستكرد كە لە بوارە جیاجیاكاندا كاریان دەكرد لەوانە (هوما، كەڕنت، كوردستان، سایكس، نزار، هێزنگ، دیوتی فری، غازكۆ).
بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، تاوەكو ساڵی 2016 كۆمپانیای نۆكان (16) كارگەی هەبووە كە لەبواری پیشەسازی لەوانە دروستكردنی (PVC)‌و خشتی سورو بەرهەمهێنانی خوێ‌و دروستكردنی جلوبەرگ‌و چەند بوارێكی تر.
نۆكان چەندین پرۆژەی تری لەناو شاری سلێمانیدا هەبوو لە كەرتی هۆتێل‌و چێشتخانەكاندا، لەوانە (ئاشتی، سلێمانی پاڵاس، ئەزمەڕ پاڵاس، میر، گوندی گەشتیاری دابان).
لە كەرتی فڕۆكەوانیشدا، كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی جێ پەنجەی خۆی دانا‌و دوو كۆمپانیای بەناوەكانی (ئەزمەڕ ئایەر)‌و (هۆما تراڤڵ) دروستكرد.
ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت‌و سكیوریتی‌و هێڵی ئینتەرنێت‌و جگەرەو بوارەكانی تر.
كۆمپانیای نۆكان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرا، گرێبەستی پرۆژەكانی وەردەگرت، ئابورییەكی گەورەی بۆ حزب دروستكرد.
دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، ساڵی 2016 یەكێتی دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەری هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانی‌و جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی‌و بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێر گشتی، دوو جێگرەكەی سكرتێر رەوتێكیان لەناو یەكێتیدا بەناوی "ناوەندی بڕیار" راگەیاند، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەردوو جەمسەرەكە دارایی حزب بوو.
ئەوكات باڵی ناوەندی بڕیار لە بەیاننامەیەكدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵباتی تاڵەبانییان تۆمەتباركرد بەوەی یەكێتییان كردووە بە هێزێك بۆ "تاڵانكردنی نەوت‌و هەڵلوشینی سەروەت‌و سامانی خەڵك"‌و دارایی یەكێتییان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان دلێری سەید مەجید بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی بوو، كە ئەوكات لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە نزیك بوو.
كۆتایی ساڵی رابردوو، یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا دەستكاری مەكتەبی دارایی حزب نەكراو وەكو خۆی تائێستا لای دلێری سەید مەجید ماوەتەوە، دلێر بەهۆی ئەوەی ئەوەی ساڵانێكە دارایی یەكێتی لایە، لەناو حزبدا نازناوی "پیاوی پارەكە"ی لێنراوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی نوێی یەكێتی دەبێت بەرپرسی مەكتەبەكان كەسانێك بن كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن، دلێری سەید مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، ئەندامە لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە پۆستی بەرپرسی مەكتەبی دارایی لاببرێت، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارە نەدراوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand