Draw Media

ئەمریكا هەڕەشەی كشانەوەی باڵیۆزخانەكەی دەكات لە بەغداد 

ئەمریكا هەڕەشەی كشانەوەی باڵیۆزخانەكەی دەكات لە بەغداد 

2020-09-25 20:45:43



(درەو):
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی سەرکردەکانی شیعەی عێراق کرد، بەوەی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دەکێشێتەوە ئەگەر هێرشە موشەکییەکان بەردەوام بن.
ئەو موشەكانەی بەمدواییە ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد دەكرێت، ئەمریكا بەتەواوی نیگەران كردووە.
دوێنێ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا، پۆمپیۆ بە بەرهەم ساڵحی راگەیاندووە:" ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنداین و نامانەوێت هیچ ئاڵۆزییەك روو بدات، بۆیە لەوە زیاتر ناتوانین قبوڵی ئەو موشەكانە بكەین كە ئاڕاستەی باڵیۆزخانەكان دەكرێت لە ناوچەی سەوزی بەغداد".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتویەتی:" ئەو كارانە كاریگەری لەسەر شكانی شکۆی ئەمریكا دەبێت لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە، بۆیە چیتر ئەو دۆخە قبوڵ ناكەین".
پۆمپیۆ رایگەیاندووە  ئەگەر هێرشە موشەکییەکان بۆسەر باڵیۆزخانەکان لەناوچەی سەوزی بەغداد بەردەوام بێت، ئەمریكاو ئەوروپاو تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش باڵیۆزخانەکانیان لە عێراق دەکێشنەوە.  
ماوەیەکە بەشێوەیەکی چڕ شەوانە گروپە نەناسراوەكان موشەك ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد دەكەن، هەندێک لەو موشەكانە بەجۆرێکن تەنانەت سەكۆی دژە موشەک "پاتریۆت" لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا ناتوانێت بەرپەرچیان بداتەوە.
ئەمریكا پێیوایە ئەو موشەكانە لەلایەن گروپەكانی حەشدی شەعبی و بەتایبەتیش ئەوانەوە ئەنجامدەدرێن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن. 
دوێنێ بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی لەگەڵ  زۆربەی سەرکردە شیعییەكانی عێراق كۆبونەوە لەوانە (نوری مالكی، حەیدەر عەبادی، هادی عامری، فالح فەیاز، عەدنان زورفی ...).
لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران بە روونی  سەركردەكانی حەشدی شەعبیان ئاگادارکردووە لەوەی، چیتر ئەمریكا ئەو دۆخە قبوڵناكات و پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان بەروونی بە سەركردەكانی حەشدی شەعبی راگەیاندووە، بەرپرسانی حەشدی شەعبی وتویانە ئەو موشەكانە هیچ پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە نیەو كاری تێكدەرانەیە.
وەك نیازپاكیەك بەرامبە بە پەیامەكەی ئەمریكا، سەركردە شیعییەكان چەند سەركردەیەكی حەشدی شەعبیان دوورخستەوە كە لەلایەن ئەمریكاوە داواكراوبوون. 
كەمێك پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا نیگەرانی دەربڕیوە لەو هەڕەشانەی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەكان دەكرێن لە عێراقداو رایگەیاند:" ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand