Draw Media

فراكسیۆنی گۆڕان لەبەردەم دابەشبوندایە

فراكسیۆنی گۆڕان لەبەردەم دابەشبوندایە

2020-09-21 17:40:47


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رێكخەری گشتی گۆڕان گۆڵێكی لە گەنجەكانی ناو بزوتنەوەكەی كرد‌و لە گەمەیەكی نوێدا پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام چارەنوسی فراكسیۆنەكەی خستەبەردەم دابەشبوون‌و رەنگە دواجاریش جیابونەوە‌و لەبەریەكهەڵوەشان.

پۆستێك‌و دوو هەڵبژاردن
ئێوارەی ئەمڕۆ فراكسیۆنی گۆڕان لەناو هۆڵی تایبەت بەخۆی لەناو پەرلەمانی كوردستان، بۆ جاری دووەم دەنگدانی كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوكێشەی دابەشبوونی دەنگەكان لەناو فراكسیۆنی گۆڕان، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی لەبەرامبەر (دابان محەمەد) كە لە هەڵبژاردنی یەكەمدا دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، ئەمجارە (گوڵستان سەعید)ی كاندیدكردووە.
كاتێك ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن دووبارەكرایەوە، دابان محەمەدو گوڵستان سەعید هەریەكەیان بە (6) دەنگ یەكسان بوون.

ناكۆكی لەسەر دەستور !
شاخەوان رەئوف ئەندامی فراكسیونی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە، ئەگەر پیاو و ژنێك لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكەدا بكەونە بەرامبەر یەكترو ئەنجامی دەنگەكانیان یەكسان بێت، ئەوكاتە ئۆتۆماتیكی كاندیدە ژنەكە پۆستەكە وەردەگرێت، بۆیە ئێستا گوڵستان سەعید بەفەرمی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە‌و ژوری هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسەندكردووە، ئەمە بۆچونی یەكێك لەو كەسانەیە كە پاڵپشتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ دەكات.
لەبەرامبەردا ئەوانەی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆن دەڵێن، لە دەستوردا ئەم بابەتە لە پرسی هەڵبژاردنی رایەڵە‌و بازنەكاندا باسكراوە‌و پەیوەندی بە هەڵبژاردنی فراكسیۆنەكانەوە نییە‌و لە دەستورەكەدا باسی فراكسیۆن نەكراوە.
واتا دوو ئاڕاستەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لێكدانەوەی جیاوازیان هەیە بۆ دەستوری ناوخۆیی حزبەكەیان‌و هەریەكەیان دەیانەوێت بۆچونی خۆیان بسەپێنن، لەم نێوەندەدا لایەنی یەكلاكەرەوە كە تەفسیری دەستورەكە بەلایەكدا بخات، دەبێت ژوری یاسایی بزوتنەوەكە بێت.
وتەبێژو میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بەفەرمی هەواڵی هەڵبژاردنی (گوڵستان سەعید)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆن بڵاونەكردوەتەوە.

سەرهەڵدانی كێشەی فراكسیۆن
كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە، بەوهۆیەوە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان چۆڵ بوو، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ململانێ لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكە دروستبوو.
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پاڵپشتی (شاخەوان رەئوف)ی كرد بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن وەرگرێت، شاخەوان پێشتر باژێڕوانی گۆڕان بووە لە شارەزورو كاری حزبی كردووە‌و پەیوەستە بە بڕیارەكانی حزبەوە، ئەمە وایكرد رێكخەرو هاوپەیمانەكانی لەخانەی راپەڕاندن پاڵپشتی لێ بكەن، لەبەرامبەردا لەناو خانەی راپەڕاندن هەریەكە لە عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد پاڵپشتیان لەوەكرد (دابان محەمەد) پۆستەكە وەربگرێت، دابان رۆژنامەنوس بووە‌و لە میدیای گۆڕان كاریكردووە، زیاتر لە گەنجەكانەوە نزیك بوو، بۆیە پاڵپشتییان لێكرد.
لەناو ململانێی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لە (12) ئەندام پێكدێت، دابەشبوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك كە ژمارەیان (5) ئەندام بوو پاڵپشتیان لە كاندیدەكەی رێكخەری گشتی دەكرد، بەرەكەی تر كە زۆرینەن‌ بوون‌و ژمارەیان (7) ئەندام بوو پاڵپشتیان لە كاندیدەكەی عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد دەكرد. 

هەڵبژاردنی یەكەم
بڕیاربوو یەكەمین رۆژی ئەم مانگە، لەناو گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، فراكسیۆنی گۆڕان بە ئاگاداری رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن‌و لەژێر سەرپەرەشتی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەدا، هەڵبژاردن بكات‌و سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی رێكخەری گشتییەوە، هەڵبژاردنەكە نەكرا.
نەیارانی كاندیدەكەی رێكخەری گشتی كاتێك زانییان ناتوانن لەناو گردی زەرگەتە هەڵبژاردنەكە بكەن، گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەوانەی پاڵپشتییان لە كاندیدەكەی عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد دەكرد كە ژمارەیان (7) پەرلەمانتار بوو، لە دەنگدانێكدا (دابان محەمەد)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژارد، ئەو (5) ئەندامەی فراكسیۆن كە سەربە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بوون بەشداری هەڵبژاردنەكەیان نەكردو بایكۆتیان كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا نەنا، بەڵام عەدنان عوسمان كە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی‌و هاوكات وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی لە دابان محەمەد كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی فراكسیۆن، میدیای فەرمی گۆڕانیش هەواڵی هەڵبژاردنی دابان محەمەدی وەكو سەرۆكی فراكسیۆن بڵاوكردەوە.
بەهۆی ناڕەزایەتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە هەڵپەسێدراوی مایەوە، ئەو (7) كەسەی كە دەنگیان بۆ (دابان محەمەد)دا، بەشداری چوار دانیشتنی پەرلەمانیان نەكرد، دابان محەمەدیش هەرگیز لەسەر كورسی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەناو پەرلەمان دانەنیشت.
رۆژی 14ی ئەم مانگە كاتێك هێشتا كێشەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان یەكلانەكرابووەوە، عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن پێشكەشكردو لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا باسی لەوەكردبوو ناڕازییە لە سیاسەتەكانی رێكخەری گشتی، بەڵام دوو رۆژ دواتر پاشگەزبووەوە‌و دەستلەكاركێشانەوەكەی كشاندەوە‌و گەڕایەوە بۆسەر كارەكەی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەوماوەیەدا كێشەكە لەماڵی چیا نەوشیروان مستەفا كە هەر لەناو گردی زەرگەتەدایە یەكلاكراوەتەوە‌و بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی لەنێوان (شاخەوان رەئوف)‌و (دابان محەمەد)دا كەسێكی تر بكرێت بە سەرۆكی فراكسیۆن، ئەو كەسەش (گوڵستان سەعید)ە، كە بەهەمان شێوە سەربە رێكخەری گشتییە.
بەدواخستنی ماوەی هەڵبژاردن‌و یەكلانەكردنەوەی كێشەكە، رێكخەری گشتی سودی لەكات وەرگرت‌و لەو ماوەیەدا كاری لەسەر دەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆن كرد‌و توانی دەنگێك لە دابان محەمەد بكاتەوە، بۆیە كاتێك ئەمڕۆ هەڵبژاردن كرا، دەنگەكانی دابان محەمەد لە (7) دەنگەوە بۆ (6) دەنگ كەمیكردو ئەنجامی ململانێكە هاوسەنگ كرا، بۆ ئەوەی بەپێی پەیڕەو بشكێندرێتەوە بەلای كاندیدەكەی رێكخەری گشتیدا كە (گوڵستان محەمەد) بوو.
بەمشێوەیە، پیرەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە شارەزایی‌و ئەزمونی خۆیان گۆڵێكیان لە گەنجەكان كردو یارییەكەیان لێ بردنەوە، رێكخەری گشتی‌و دۆستەكانی لە خانەی راپەڕاندن لە گەمەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حزبدا ئەزمونێكی زۆریان هەیە‌و دەزانن چۆن لە كۆتایدا ئەنجامەكە بەلای خۆیاندا بشكێننەوە.

ناڕازییەكان چی دەكەن ؟
بەمدواییە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، چیتر پەیوەست نییە بە سیاسەتەكانی ئێستای سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەمەی دوای ئەوە هات فراكسیۆنەكە لە بەیاننامەیەكدا داوایكرد بزوتنەوەكەیان لە كابینەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بكشێتەوە، بزوتنەوەكە بە (نەخێر) وەڵامی ئەم داواكارییەی فراكسیۆنی بەغدادی دایەوە.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات هاوشێوەی كابینەكانی پێشتر گەندەڵە‌و ناتوانێت چاكسازی بكات‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لە كابینەكەیدا بێ دەسەڵاتە، ئەمە ململانێیەكی نوێیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستبووە كە سەركەوتن یان شكستهێنانی، چارەنوس‌و هێڵی سیاسی داهاتووی بزوتنەوەكە دیاری دەكات.
لەم بارودۆخەكە كە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سیاسەتی خۆی لە سیاسەتی فەرمی بزوتنەوەكەی جیاكردەوە، كێشە لەناو فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دروستبوو، رێكخەری گشتی‌و هاوپەیمانەكانی لە خانەی راپەڕاندن لە بایەخی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان تێگەیشتن، بۆیە رێگرییان كرد لە دوبارەبوونەوەی سیناریۆی فراكسیۆنەكەی بەغداد.
ئەوەی ئێستا فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەیكات، ئەگەر فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بیكات، رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت‌و هەر جۆرە رێككەوتنێكی تری سیاسی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە لە پشتی پەردەوە كرابێت، بۆیە رێكخەری گشتی‌و ئەوانەی بڕیار بەدەستن، نەیانهێشت لانی كەم پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كە پۆستێكی سیاسییە‌و گوزارشت لە سیاسەتی فەرمی گۆڕان دەكات، لە بەرژەوەندی گوتارە ناڕازییەكەی ناو بزوتنەوەكە یەكلاببێتەوە.
لەم حاڵەدا پێشبینی دەكرێت یەكەمین كاردانەوەی دابان محەمەدو ئەوانەی دەنگیان پێداوە ئەوە بێت، ئیمزا لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بكەن بۆ بەردەم پەرلەمان، نوسراوێك كە ئێستا تەنیا یەك واژۆی ماوە بۆ ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو بكات، ناڕازییەكانی ناو فراكسیۆنی گۆڕان بەو ئیمزایە یەكەمین پەیامی خۆیان هەم بە پارتی‌و هەم بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان دەگەیەنن‌و لە دورمەوداشدا دیار نییە دابەشبونەكەی ناو فراكسیۆنی گۆڕان بەچ ئەنجامێك كۆتایی دێت. 
سەرباری ئەمە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو كەسەی كە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەردەگرێت هاوكات دەبێت بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە، ئەم جڤاتە بەپێی دەستور بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبەكەدا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand