Draw Media

پارتی ریزی نەیارەكانی پەرت دەكات

پارتی ریزی نەیارەكانی پەرت دەكات

2020-09-22 18:27:41


راپۆرت:  فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
 

پارتی كارتێكی سوری بەڕووی یەكگرتوودا بەرزكردەوە، مەگەر پەیوەندییە تایبەتەكەی "ئەمیندار" لەگەڵ بارزانیدا دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، ئەگەر نا سەر بۆ شتی تریش دەكێشێت، كۆمەڵی ئیسلامی بارێكی لەتوانای خۆی گەورەتر هەڵگرتووەو دەیەوێت مەسرور بارزانی تا هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان پەلكێش بكات، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا لەناو پەرلەمان خاوەنی (٥٧) كورسین و هەموو لایەنەكانی تر بەیەكەوە (٥٤) كورسییان هەیە، گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕی بۆ ئەوەی بەشداری هەوڵی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی نەكات، یەكێتیش بەهۆی قوباد تاڵەبانییەوە دەستی بەستراوەو رێواز فایەق كەوتوەتە بەرداشی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، یەكەمیان دەڵی "نەكەی"، دوەمیش دەڵێ "توندی بكەرەوە"، لەم بارودۆخە بابەتی پرسیاندنی سەرۆكی حكومەت لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە لە پەرلەمان، بەكوێ دەگات ؟

پەیوەندییەكانی پارتی و یەكگرتوو
پارتی لە پارێزگای دهۆك بەشێوەیەكی تاكلایەنە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكگرتوو هەڵوەشاندەوە.
ئەمە پەیامێكی پارتی بوو بۆ یەكگرتوو، لەبارەی ئەوەی ناڕازییە لە هەڵوێستە ساسییەكانی یەكگرتوو سەبارەت بە:  
🔹 خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی دهۆك و تێوەگلانی یەكگرتوو لەو ناڕەزایەتییانەدا
🔹بەشداری پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە پرۆسەی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان.
ساڵی ٢٠١٤ یەكگرتوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە دهۆك، (١٧) پۆستی لە ئیدارەی پارێزگاكە وەرگرت، بەڵام پارتی دوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی، دەیەوێت ئەو پۆستانە لە یەكگرتوو وەربگرێتەوە.
پارتی پێی خۆش بوو یەكگرتوو بەشدار بێت لە كابینەی مەسرور بارزانیدا، بەڵام یەكگرتوو كە لە دواین هەڵبژاردندا دەنگەكانی پاشەكشێیەكی زۆری كرد، نەیویست جارێكی تر سەرچڵی بەدەنگی شەقامەوە بكات و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد.
یەكگرتوو كاتێك بوو بە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەكەی پارتی لە هەولێر، لە پارێزگای دهۆك رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەشدار بو لە حكومەتی خۆجێی دهۆكدا.
بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی دهۆك، ئێستا پارتی و یەكگرتوو هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لەنێوانیاندا نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە رەنگە تەنیا پەیوەندییە تایبەتەكەی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو بێت لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا، كە ئەمیندار هەرگیز نایەوێت سەرچڵی بەو پەیوەندییەوە بكات.
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان لە میدیا فەرمیەكەیەوە بڵاویكردۆتەوە كە خۆی بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەتی خۆجێی دهۆك،كشانەوەی 
  یەكگرتوو لە حكومەتی خۆجێی دهۆك لەكاتێكدایە یەكگرتوو هێشتا لە حكومەتە خۆجێییەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بەشدارەو ژمارەیەك پۆستی ئیدارەی ناوچەكەی بەدەستەوەیە.
بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018، یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای دهۆك خاوەنی (٤٣ هەزار) دەنگە.
یەكگرتوو تاكە حزبی هەرێمی كوردستانە كە لەڕووی دەنگەوە دابەش نەبووە بەسەر واقعی جوگرافیای سیاسی هەرێمی كوردستان و هەم لە زۆنی زەردو هەم لە زۆنی سەوز تاڕادەیەك پارسەنگی خۆی لە هەڵبژادنەكاندا پاراستووەو بەتەواوەتی نەبووە بە حزبی شارو زۆنێكی دیاریكراو.
یەكگرتوو سەرباری ئەوەی نایەوێت سەرچڵی گەورەی سیاسی بە پەیوەنییەكانییەوە بكات لەگەڵ پارتی، بەڵام لە كابینەی نوێدا كاتێك بە ئومێدی گەڕاندنەوەی دەنگە لە دەستچووەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد، بەبەراورد بە رابردوو كەمێك گوتارو رەخنەكانی لەسەر پارتی و حكومەت توندكردەوە، میدیای فەرمی یەكگرتوو ئێستا گوتاری قسەكردنی زۆری نەماوە بۆ شێوازەكەی (٢٠٠٩)ی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام كێشەكەی ئەوەی كە میدیایەكی ناسراو و كاریگەر نییە لەسەر رایگشتی.

لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی
هەوڵی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هەرێم بۆ بەردەم پەرلەمان و لێپرسینەوەی سەبارەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، سەرەتا فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی سەرۆكایەتی دەكرد.
كۆمەڵی ئیسلامی لە رابردوودا ئەزموونی ئەوەی كردووە تاوەكو لە گوتاری لە شەقامەوە نزیك بێت، ئاستی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكان زیاتر بووە، ئێستا كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنەو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیكبوەتەوە، دەیەوێت بارێكی قورس لە توانای خۆی هەڵگرێت و بەوەش سەرنجی شەقامی ناڕازی كوردستان بەلای خۆیدا رابكێشێت.
ئەوانەی داوای پرساندنی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب دەكەن دەڵێن بڕیاری لێبڕینی ٢١٪ی موچەی فەرمانبەران بڕیارێكی نایاساییەو حكومەت مافی نییە كارێكی لەوجۆرە بكات.
هەوڵی یەكەم لەسەرەتاكانی مانگی ئەیلول دەستی پێكرد، (٢٤) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، یەكێتی، سەربەخۆكانی (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە)، شیوعی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردو نیسابی یاساییان بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی بە زیادەوە تەواوكرد، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی نوسراوەكەیان رێكارەكانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجام نەداوە، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، هەوڵەكەی شكستپێهێنا، ئەویش بە گەڕاندنەوەی نوسراوەكەی پەرلەمانتاران بە بیانووی كێشەی پەیڕوی.
ناوەڕاستی ئەم مانگە جارێكی تر بەسەرۆكایەتی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵی دووەم بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەمان بابەتی تایبەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەستی پێكرد، لە هەوڵی دووەمدا پەرلەمانتارانی یەكێتی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان كشانەوەو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ جێگەیان گرتەوە.
نیسابی یاسایی بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستی بە ئیمزای (٢٣) پەرلەمانتار هەیە، ئێستا (٢٢) پەرلەمانتار ئیمزایان كردووەو تەواوبونی نیسابەكە پێویستی بە ئیمزای (یەك) پەرلەمانتار هەیە، پارتی نایەوێت نیساب تەواو ببێت، بۆیە فشاری لەسەر ئەو لایەنانە توندكردووە كە پەرلەمانتارەكانیان ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە.
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ كە سەركردایەتی هەوڵەكە دەكات دەڵێ:" ئەم دەسەڵاتە رۆژ بە رۆژ بەرەو دیكتاتۆریییەت دەڕوات، تا ئاستی دروستكردنی دەسەڵاتێكی پۆلیسی و هەواڵگریی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا  ترسی لە واژۆیەكیش هەیە كە پەرلەمانتارێك كردویەتی تا سەرۆكی حكومەت بێتە بەردەم ئەو پەرلەمانەی كە حزبەكەی زۆرینەیە تیایدا !".

یەكێتی دەترسێت !
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییە، یەكێتی زیاتر لە پارتی ترسی لە بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی هەیە بۆ بەردەم پەرلەمان.
(5) پەرلەمانتاری یەكێتی لە هەوڵی یەكەمدا ئیمزایان لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی كرد بۆ بەردەم پەرلەمان، بەڵام لە هەوڵی دووەمدا پاشەكشێیان كرد.
رێواز فایەق لەسەر پشكی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی پێدراوە، بەڵام ئێستا كەوتووەتە بەرداشی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، یەكەمیان پێی دەڵی "نەكەی" دووەمیش دەڵێ "توندی بكەرەوە".
سەركردەكانی یەكێتی ترسیان هەیە لەوەی هەوڵی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دواجار سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە، ئەگەر دۆخەكە بەم ئاستە بگات، پارتی بەهۆی ئەو زۆرینەیەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی دەتوانێت مەسرور بارزانی لە لێسەندنەوەی متمانە رزگاربكات، بەڵام ئەگەر یەكێتی بەشدار بێت لە هەوڵەكەدا، پارتی ئامادە نییە قوباد تاڵەبانی لە هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە رزگار بكات.
ئێستا بەشێكی یەكێتی بەدیاریكراویش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكەی و لایەنگرەكانی رەخنەی توندیان لە كابینەی مەسرور بارزانی هەیە، بەڵام بەهۆی قوباد تاڵەبانییەوە دەستیان بەستراوەو توانای هەڵگرتنی هیچ هەنگاوێكی كردارییان نییە.
پێشتر لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كرد ئەگەر لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت، بەڵام لێبڕین هەر بەردەوامەو یەكێتیش لە حكومەت نەكشاوەتەوە، بۆیە ئەوەی هاوسەرۆكەی یەكێتی وتی هێشتا هەر لەچوارچێوەی دروشمدا ماوەتەوەو پێناچێت رۆژێك لە رۆژانیش بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرباری ئەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ماڵباتی تاڵەبانی لەبەرامبەر لاهور شێخ جەنگی و ئاڕاستەكەی لەناو یەكێتیدا خۆیان كۆكردوەتەوەو بەتوندی پاڵپشتی لە قوباد تاڵەبانی نوێنەری خانەوادەكەیان لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەكەن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە بەر لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەردەوام رۆژانە "تەنز"ی لەسەر پارتی دەنوسی، ئێستا كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو لەوكاتەوە بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردراوە، بێدەنگەو هیچ قسەیەك لەسەر پارتی ناكات، شاناز پاڵپشتی بەهێز لە قوباد تاڵەبانی خوشكەزای دەكات و دەیەوێت لە هەڕەشەی جوڵە سیاسییەكانی لاهور شێخ جەنگی بەرامبەر بە پارتی بیپارێزێت، لەولاترەوە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەرگری لە قوبادی برای دەكات و بەپێچەوانەی لاهور شێخ جەنگییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئاسایی كردوەتەوەو نایەوێت لەسەر دەستی چەند پەرلەمانتارێك لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە گورزێك بەر قوبادی برای و گورزێكیش بەر پەیوەنییەكانی خۆی لەگەڵ بارزانیدا بكەوێت، بۆیە یەكێتی ناچیتە ناو گەمەی پرساندنی سەرۆكی حكومەتەوە.
یەكێتی بە زەحمەتێكی زۆر كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە كۆتاییەكانی ٢٠١٩دا بەست بۆ ئەوەی كۆتایی بە فرە جەمسەریی یاخود وەكو ئەوەی پارتی ناوی لێنا بوو "فرە كوێخایی" بهێنێت، بەڵام دوای نزیكەی (١٠ مانگ) لەبەڕێوەچوونی كۆنگرە، یەكێتی هێشتا خاوەنی ناوەندێكی بەهێزی بڕیار نییە، بەشێك لە یەكێتییەكان وەكو ئۆپۆزسۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكەن و بەشەكەی تر وەكو دەسەڵات.
تاكە كارێك كە كۆنگرەی چوارم كردی ئەوەبوو ململانی ناوخۆیی یەكێتی لەنێوان مەكتەب سیاسییە كۆنەكانی حزب و ماڵباتی تاڵەبانیییەوە گۆڕی بۆ ململانێی نێوان ماڵباتی تاڵەبانی +  ئیبراهیم ئەحمەد لەبەرامبەر كوڕانی شێخ جەنگیی، بەم بارودۆخەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لە پاشەكشێی بەردەوامدایەو ئاسۆی هەستانەوەی ناوچەكەو راوەستانی لەبەرامبەر قەڵەمڕەوییەكەی پارتی لە هەولێرو دهۆك، نادیارە.

گۆڕان چی دەكات ؟
یەكێك لەوانەی كە پرساندنەكەی پەرلەمان كردویەتیە ئامانج ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابورییە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، كە لە هەوڵی یەكەمدا یەكێك لەوانە بوو ئیمزای لەسەر نوسراوی لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و جیگرەكەی و وەزیری دارایی كرد، دەڵێ:" من خۆم لە سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێم لێبووەو هەموو فراكسیۆنەكانیش دەزانن بۆ ئەم خولەی پەرلەمان رێككەوتن لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان هەیە كە پەرلەمان پرساندن لە هیچ وەزیرێك نەكات".
كۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردوو عەلی حەمەساڵح دەستی لەپۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشایەوە، ئەوكات وا باسكرا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە فشاریان لە عەلی حەمەساڵح كردووە ئیمزای لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردن و لێپرسینەوەی مەسرور بارزانی بكێشێتەوە، بەوپێیەی ئەو سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەو بڕیارەكانی گوزارشت لە سیاسەتی بزوتنەوەكە دەكات، عەلی رازی نەبووە بەوەی ئیمزاكەی بكێشێتەوەو دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كێشاوەتەوە.
بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دوێنێ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن، كێشەی خستە ناو فراكسیۆنی گۆڕانەوە، عەلی حەمەساڵح و پێنج پەرلەمانتاری تر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە رەتدەكەنەوە، ئایا لەم دۆخەدا كە لە سیاسەتی سەركردایەتی حزبەكەیان و دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی فراكسیۆنەكەیان نیگەرانن، ئیمزا لەسەر نوسراوی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی دەكەن و نیسابە یاساییەكە تەواو دەكەن یاخود نا ؟
بەمدواییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەدیاریكراویش فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە بەغداد ناڕەزایەتییەك دەستی پێكردووەو داوا دەكەن گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی بكشێتەوە، ئەوانەی داوای كشانەوە دەكەن دەڵێن كابینەی مەسرور بارزانی چاكسازی پێناكرێت و گۆڕان هیچ رۆڵێكی لە كابینەكەدا نییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بزوتنەوەكە بەدیاریكراویش عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن جگە لە (شەماڵ عەبدولوەفا) دژی كشانەوەن لە حكومەت و نایانەوێت ئەزمونی كابینەی رابردووی حكومەت لەگەڵ پارتی دووبارە بكەنەوەو جارێكی تر بكەونەوە ناو كێشەی سیاسی لەگەڵ پارتی.
رێكخەری گشتی گۆڕان و چیا نەوشیروان مستەفا پاڵپشتی ئەوە ناكەن فراكسیۆنی گۆڕان ببێتە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆیە دوێنێ پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان لە بەرژەوەندی ئەم ئاڕاستەی بیركردنەوەیە یەكلاكردەوە.

پەرلەمان و حكومەت
لە هەرێمی كوردستان ئێستا سیستمی حوكمڕانی بەشێوەی پەرلەمانییە، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان لەناو پەرلەمان هەڵبژێردراون و متمانەیان پێدراوە، بۆیە بەپێی یاسا بەرپرسن لەبەردەم پەرلەمان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەكانی خەڵكدا.
ئێستا كە خولی پێنجەمە، دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمان تێپەڕیوە هێشتا پەرلەمان پرساندنی لە هیچ یەكێك لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكانی نەكردووە، بەڵام پێشتر چەند وەزیرێك لەوانە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری وەزیری ناوخۆ و بەشێك لە وەزیرەكان چونە بەردەم پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە، ئەمە پرساندن نەبوو، بەڵكو گفتوگۆ بوو، بۆیە سەری نەكێشا بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبنەڕەتەوە كابینەیەكی سێقۆڵی "ترۆیكا"یە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكەوە دروستیان كردووە، بەڵام پارتی لەسەر پشكی خۆی پێكهاتەكان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیشی دەعوەتی ناو كابینەكە كردووە.
پارتی لەم خولەی پەرلەماندا لە كۆی (١١١) كورسی (٤٥) كورسی هەیە، ئەمە سەرباری (١١) كورسی كۆتاكان كە شكاونەتەوە بەلای پارتیدا، پارتی كاتێك رازی بوو بەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە یەكێتی بدات كە زۆرینەی زامن كردو ترسی نەما لەوەی هاوشێوەی خولی رابردوو لە رێگەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە گورزێك لە بەرژەوەندییەكانی بدرێت و بۆ چارەسەركردنی ناچار ببێت پەنا بۆ داخستنی دەرگای پەرلەمان ببات.
مەسرور بارزانی بەهێزین سەرۆك وەزیرانە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، چونكە كاتێك دەسەڵاتی گرتوەتە دەست كە حزبەكەی زۆرینەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری بەدەستەوە بووە، بۆیە لەكۆتایدا هەر هەوڵێك بۆ لەكارخستنی لەناو پەرلەمان شكست دەهێنێت تەنانەت ئەگەر هەموو حزبەكانیش لەدژی یەكبگرن.
ئێستا پارتی لەناو پەرلەمان لە كۆی (١١١) پەرلەمانتار، دەنگی (٥٧) پەرلەمانتاری لەگەڵدایە، ئەم دەنگانە بریتین لە دەنگی (٤٥) كورسی پارتی خۆی، (١١) كورسی كۆتاكان و دەنگی (باپیر كامەلا) سەرۆكی پارتی كرێكاران و رەنجدەران كە نوێنەرایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانیش دەكات بەوپێیەی لە هەڵبژارندا بە یەك لیست بەشداربوون.
لەبەرامبەردا بەرەی دەرەوەی پارتی بە یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو و حزبی شیوعی و ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە ژمارەی كورسیەكانیان لەناو پەرلەمان (٥٤) كورسییەو زۆر سەختە ئەم ژمارەیە لەسەر پرسێك پێكەوە بگەنە كۆدەنگی لەبەرامبەر پارتی.
سەرباری ئەوەی پارتی ئەم هاوكێشەیەی ناو پەرلەمان بەباشی تێدەگات و دەزانێت هەوڵی پرساندنی مەسرور بارزانی لە قۆناغی لێسەندنەوەی متمانەدا سەركەتوو نابێت، بەڵام هێشتا پارتییەكان قەڵس و توڕەن بەوەی هەوڵی لێپرسینەوەی لە سەرۆكی حكومەت بدرێت و كار لەسەر پەرتكردنی ریزی نەیارەكانیان دەكەن، مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی مێژویی حزبەكەیانە، یەكەمجارە خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە، نایانەوێت لە پەرلەمان بشكێندرێت و لە شكۆی بدرێت، سەرباری ئەمە پارتی لێرەوە دەیەوێت جارێكی تر ریزی نەیارەكانی پەرت بكات و وایان لێبكات لەسەر هیچ بابەتێكی تر لە داهاتوودا نەچنە ناو كۆدەنگییەوە دژ بە پارتی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand