Draw Media

كازمی.. رێبەری ئۆپۆزسیۆنی كوردستان

كازمی.. رێبەری ئۆپۆزسیۆنی كوردستان

2020-09-17 18:20:54


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
لە نەبوونی رێبەرێك كە توڕەیی‌و ناڕەزایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان كۆبكاتەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە بە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات‌و بەشێكی خەڵك چاویان لەوەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێم بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری بكات‌و دەنگی پێبدەن، ئێستا كازمی نزیكترین سەركردەی عێراق‌و هەرێمی كوردستانە لە شەقامەوە، ئەو بە هاتنی، دیمەنی بەغدادی لای كورد لە داگیركەرەوە گۆڕیوە بۆ فریادڕەس، بەپشتی شەقامی ناڕازیی گەیشتە پۆستی سەرۆك وەزیران، ئایا هەر بە پشتی شەقام لەسەر كورسییەكەی دەمێنێتەوە ؟

كازمی لە 130 رۆژدا  
تەنیا (130) رۆژە دەستبەكاربووە، هەموانی سەرسام كردووە، هاوڵاتی لە شەقام‌و سیاسییەكانیش لە بارەگای حزبەكانیان، هەموان تەماشای ئەو دەكەن، تەنانەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاشی بەخۆی سەرسامكردووە، ئەو مستەفا كازمییە، دواین سەرۆك وەزیرانی عێراق.
كازمی ئێستا بەهێزترین پیاوی سیاسییە لە شەقامی عێراق‌و تەنانەت هەرێمی كوردستانیشدا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لە ستایشی ئەو، هەموان خوازیارن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەپاڵ سێبەری ئەودا زامنی مانەوەی خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا بكەن. 
كازمی وەكو ئەوەی بەڵێنیدابوو، نزیكەی دوو مانگ دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق دیاریكرد، 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەو رۆژەیە كە كازمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دیاریكردووە، هەڵبژاردنێك كە زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق خوازیاری نین‌و دەیانەوێت دوای بخەن بۆ كاتێك كە تێیدا هەندێك لە پێگە لەدەستچووەكەیان لە شەقام بگەڕێننەوە.
ئێستا دیمەنەكە بەمشێوەیەیە، كازمی كە خاوەنی هیچ پارتێكی سیاسی نییە دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت، پارتە سیاسییەكانیش كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان زیاد دەكات، زۆرینەیان دەیانەوێت دوابخرێت بۆ كاتێك كە تێیدا هەندێك لە شكۆی كازمی لە شەقام شكێندرابێت.
لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە، لە عێراق بووە بە نەریت دەبێت پۆستی سەرۆك وەزیران لای كەسێكی شیعە بێت، كازمی شیعەمەزهەبە، بەڵام نوێنەرایەتی خواستی تاران ناكات، لایەنە شیعەكان پاڵپشتیان كرد پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵام بەو مەرجەی نە خۆی نە وەزیرەكانی دوای تەواوبوونی ماوەكەیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی كاندید نەكەن، بەڵام ئەمە رێگر نابێت لەوەی كازمی هەوڵی دروستكردنی كوتلەیەكی پەرلەمانی بدات‌و خەڵكانی تر بەتایبەتی كەسانی سەربەخۆ بۆ ناو پەرلەمان سەربخات‌و جارێكی تر لەو رێگەیەوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە.

كازمی لە عێراقدا
هێزە شیعەكان لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە یەكەمجارە بەم ئاستەی ئێستا لەناو شەقام‌و دەنگدەرانی خۆیاندا روبەڕووی ناڕەزایەتی دەبنەوە، دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كە لە ئایاری 2018دا بەڕێوەچوو، تەنیا رێژەی 45%ی دەنگدەران بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كرد، هەندێك دەڵێن رێژەكە زۆر لەوەش كەمتر بووە‌و دەستكاری كراوە، لە 17 ساڵی رابردوودا یەكەمجار بوو بەم ئاستە كەمە خەڵك بەشداری دەنگدان بكەن، ئەمە پەیامێكی ناڕەزایەتی شەقام بوو بۆ سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەدیاریكراویش سەركردەكانی شیعە كە لە 17 ساڵی رابردوودا حوكمی عێراقیان بەدەستەوە بووە.
ناڕەزایەتییەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كردو دوای پێنج مانگ مستەفا كازمی خستە سەر كورسی سەرۆك وەزیران، واتا كازمی بەرهەم ناڕەزایەتییەكانی شەقامە دژی چینی سیاسی دەستڕۆیشتووی عێراق، نەك هەڵبژاردن، هەندێكی تریش وەكو قۆناغێكی نوێی ململانێی نێوان ئێران‌و ئەمریكا لە عێراق پێناسەیان كرد.
شەقامی ناڕازی عێراق ژمارەیەك خواستیان لە كازمی هەبوو، لەوانە:
•    دەستكیركردنی بكوژی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو و دادگایكردن‌و سزادانیان
•    هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك كۆتایی بە دەستڕۆیشتوویی حزبە سیاسییە تەقلیدییەكان بهێنێت‌و دەرفەت بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەكی نوێ بدات لە عێراق
•    دیاریكردنی وادەیەك بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و نوێكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان
•    چاكسازیكردن لەناو حكومەت‌و دادگایكردنی گەندەڵكاران
كازمی لەماوەی چوار مانگ لە دەستبەكاربونیدا هەندێك هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی شەقام، خۆپیشاندەران ماوەی هەشت مانگیان بۆ كازمی دیاریكرد وەڵامی داواكارییەكانیان بداتەوە، ئێستا نیوەی ئەو ماوەیە تێپەڕیوە، بەڵام كازمی هێشتا هەموو خواستەكانی بەدی نەهێناوە‌و رەنگە تا كۆتایی ماوەكەشی نەتوانێت هەموو ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات كە بەڵێنی جێبەجێكردنی داون.
دیارترین بەڵێنێك كە كازمی لەدوای دەستبەكاربوونی جێبەجێ كردووە، دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و سوربونیەتی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە، بەڵام لە هەندێك داواكاری تردا كە لایەنە سیاسییەكان وەكو مەرج بۆ دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆیان داناوە، هێشتا هەنگاوی هەڵنەگرتووە، بەتایبەت كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەیەكجاری لە عێراق كە خواستی لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێرانە، كازمی لەگەڵ ترەمپ دیداری كرد‌و ترەمپ سەرسامی خۆی بە كازمی نیشاندا، ئەمریكییەكان بۆ پاراستنی كازمی لە فشاری ئێران‌و لایەنە دۆستەكانی لە عێراق، بڕیاریانداوە بەمزاوانە بەشێك لە هێزەكانیان لە عێراق بكشێننەوە، بەڵام كشانەوەی تەواوەتیش رونادات وەكو ئەوەی دۆستەكانی ئێران داوای دەكەن.
سەرباری ئەمانە، كازمی لەرێگەی چەند هەنگاوێكەوە لەو ماوەیەدا كە دەستبەكاربووە هەوڵیداوە سەرەنجی شەقامی ناڕازیی بەلای خۆیدا رابكێشێت، لەوانە:
•    كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازە سنورییەكانی عێراق‌و دورخستنەوەی دەستی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق لەو گومرگانە تاڕادەیەك هەروەها زیادكردنی داهاتی دەروازە سنورییەكان.
•    هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی دەرەوەی یاسا لە پارێزگاكانی عێراق، ئەمە هەوڵێكی سەرەتاییە‌و هێشتا بەئەنجام نەگەیشتووە، گەورەترین چەكی دەرەوەی یاسا لە عێراق چەكی حەشدی شەعبی‌و میلیشیاكانی شیعەن كە تائێستا هەڕەشەن لەسەر ناوچەی سەوز لە بەغداد‌و ماوە لەدوای ماوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا موشەكباران دەكەن، بەڵام كازمی تاڕادەیەك توانیویەتی لە هەژمونی حەشد بدات.
•    چاكسازی‌و روبەڕووبونەوەی گەندەڵی بەشێكی تری بەرنامە‌و بەڵێنەكانی كازمییە، تائێستا لەم بوارەدا هەنگاوی گەورەی هەڵنەناوە، بەڵام بەمدواییە لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەی پێشووی وڵات كە كەیسی گەندەڵییان لەسەرەو چەند كەسێك دەستگیركراون‌و نازانرێت كەیسەكە بەكوێ دەگات، لەبواری چاكسازیشدا، هێشتا كاری گەورەی نەكردووە‌و بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستاو زیاتر پشتی بە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی‌و دەرەكی بەستووە.
رەنگە خاڵی بەهێزی كازمی بەبەراورد بە سەرۆك وەزیرانەكەی پێش خۆی (عادل عەبدولمەهدی) ئەوەبێت كە لە بریارداندا هەندێك ئازایەتی زیاتری تێدایە‌و بێ ترس گۆڕانكاری لە پۆستە هەستیارەكانی دەوڵەتدا دەكات.

كازمی لە هەرێمی كوردستان
لە هەرێمی كوردستان، لە نەبوونی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز كە رابەرایەتی شەقام بكات، دەنگێكی ناڕەزایەتی رێكنەخراوی زۆر هەیە كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بە "بایكۆت"ی دەنگدان گوزارشتی لەخۆی كرد.
لە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان ئاستی بەشداری دەنگدەران 59% بوو، لەمێژووی هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا ئەم هەڵبژاردنە كەمترین ئاستی بەشداری تۆماركرد، قۆناغێكی نوێی ناڕەزایەتی دژی لایەنە دەسەڵاتدارەكان لە هەرێم دەستیپێكردووە، قۆناغێك كە رابەرە سیاسییەكانی دیارنین‌و دەسەڵات نازانێت لەگەڵ كێدا مامەڵە بكات، نەبوونی رێبەرێكی سیاسی كە ئاڕاستەی ناڕەزایەتییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ ناو چوارچێوەی كوردستانییەكەی، رەنگە دواجار وابكات دەنگەكانیان بخەنە ناو سەبەتەكەی كازمییەوە لە بەغداد، بەتایبەتیش ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیەی كە دانراوە "فرەبازنەیی" لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێت.
ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان دەیان پەیج بۆ ستایشی كازمی دروستكراون، خەڵكانێك دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە كازمی بدەن، ئەگەر ئەمە روبدات، یەكەمجار دەبێت دەنگدەری كورد بەدور لە پرسی نەتەوەیی‌و مەزهەبی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق دەكات‌و پەیامێكی توند بەو توێژە سیاسییە دەدات كە نزیكەی (30 ساڵە) حوكمڕانی دەكەن‌و هاوشێوەی سەركردەكانی شیعەی عێراقی دوای روخانی سەددامەوە، نەیانتوانیوە كێشە بنەڕەتییەكانی خەڵك چارەسەر بكەن.
لەلایەكی ترەوە، ئێستا حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدایە‌و مانگانە ناتوانێت موچەی فەرمانبەران وەكو خۆی دابین بكات، حكومەتی هەرێم بەو سیاسەتەی كە پەیڕەوی كردووە‌و هەمیشە بەرپرسیارێتی نەبوونی موچەی فەرمانبەرانی خستوەتە ئەستۆی بەغداد، هێندەی ئەوەی بەغدادی وەكو رزگاركەرێكی دۆخی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نیشانداوە، هێندە سەركەوتوو نەبووە لەوەی وەكو ئەوەی دەیەوێت رقی خەڵكی هەرێم لەدژی دەسەڵاتدارانی بەغداد ئەستور بكات.
كازمی سەركەوتنێكی تری لەناو شەقامی ناڕەزای كوردستان دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆماركرد، كاتێك سەرەتای ئەم مانگە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو وەكو یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراقی دوای سەددام چووە دەروازە سنورییەكانی (ئیبراهیم خەلیل)‌و (باشماخ)، دوو دەروازەی سنوری كە یەكێكن لە سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان‌و گومانی گەندەڵی گەورەو قاچاخچێتییان لەسەرە، رێككەوتنی هەرێم‌و بەغداد لەبارەی بودجە‌و داهاتەكانەوە لە بودجەی 2021ی عێراقدا، پێگە‌و كاریگەری زیاتری كازمی لەسەر هەرێمی كوردستان دەردەخات.
لەپاڵ هەموو ئەمانەدا، سەرباری ئەوەی دۆخی عێراق لە هەرێمی كوردستان باشتر نییە، بەڵام شەقامی ناڕازی كوردستان لەژێر كاریگەری ناڕەزایەتییەكانی ئۆكتۆبەری رابردووی عێراقدایە كە توانی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتدا بكات، لە نزیكەی (30) ساڵی رابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەكی میللی لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە گۆڕانكاری لە هەڕەمی دەسەڵاتدا دروست بكات.
هەندێك لەو شیعانەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق حوكمیان گرتەدەست دۆستی كورد بوون، بەدیاركراویش دواین سەرۆك وەزیرانی لەكارلادراو عادل عەبدولمەهدی، بەڵام جیاوازییەكەی كازمی لەگەڵ ئەواندا ئەوەیە، ئەوان زیاتر دۆستی سیاسەتمەدارانی كورد بوون، نەك شەقامی كوردستان، كازمی هەوڵی نزیكبونەوە لە شەقام دەدات بەبێ ئەوەی رێگە بدات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم روبەڕووی بەریەككەوتن ببێتەوە، هەموو ئەم بارودۆخانە خزمەتێكی زۆریان بە مستەفا كازمی كردووە‌و لای شەقامی ناڕازیی كوردستان كردویانە بە رزگاركەرێك. 
رۆژی پێنجی ئەم مانگە كاتێك كازمی لەسنوری دهۆك سەردانی قەڵای "نزاركێ" شوێنی كۆكردنەوەی ئەنفاكراوانی بادینانی كرد، ژنێك كە دایكی شەش ئەنفالكراو بوو بە كازمی وت:" كوردستان ئەمانەتی تۆ بێت"، رۆژێك دواتر كە هاتە سلێمانی، جوتیارێكی كورد بە كازمی وت:" ئەگەر لیست دروست بكەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەموو كورد دەنگت پێدەدەن"، ئەم قسانە هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پڕكرد، لەولاشەوە جەمال پێنجوێنی وێنەگرە تایبەتەكەی مستەفا كازمی وەكو كوردێك بە چركەی كامێراكەی، سێبەری كازمی لەسەر دەنگدەرانی كوردستان لە قەبارەی خۆی گەورەتر كردووە، هەموو ئەمانەش دەسەڵاتدارانی هەرێمی نیگەران كردووە.
لەناو توێژی سیاسەتمەدارانی هەرێمی كوردستاندا، كازمی دۆستی زۆری نییە‌و بۆ زۆرێكیان كەسێكی نائاشنایە، بەڵام ئەو بە دۆزی كوردو ناهەماتییەكی ئاشنیایە‌و كاتێك لە دەستی سەددام هەڵاتووە، بە كوردستاندا گوزەری كردووە، سەرباری ئەمە كاری لەسەر بەڵگەنامەكانی ئەنفال‌و نوسراوەكانی دەزگای هەواڵگری عێراق كردووە‌و دۆسیەی زۆرێك لە بەرپرسانی كوردی لایە هەروەكو چۆن لەسەر بەرپرسانی سیاسی عێراقیش بەڵگەنامەی هەیە‌و ئەمە بووە بە یەكێك لە چەكە بەهێزەكان بەدەستییەوە.
نزیكترین دۆستی كازمی لەناو توێژی سیاسی كوردستاندا ئێستا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، ساڵی 2010 بۆ 2011 كازمی لە سلێمانی ژیاوە، ئەوكات سەرنوسەری گۆڤاری "الاسبوعیة" بووە كە بەرهەم  ساڵح خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەكە بووە.
2018 بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیابووەوە‌و حزبێكی نوێی دروستكرد، ساڵێك تێنەپەڕی گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی‌و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی بەوشێوەیە نەبوو كە یەكێتییەكان‌و بەدیاریكراویش سەركردە كۆنەكانی حزب خوازیاری بوون، ئەو هێشتا لە دەرەوەی یەكێتی سیاسەت دەكات‌و دەیەوێت یەكێتی بەرەو ئاڕاستەكەی خۆی كێش بكات، یاخود راستتر بەرەو ئاڕاستەكەی بەغدادو مستەفا كازمی پاڵ پێوەبنێت.
پێناچێت بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لە كەمپەینی یەكێتیدا بەشداری بكات، مەگەر ئەوەی یەكێتی بخاتە سەر رێڕەوەكەی مستەفا كازمی‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا كۆیان بكاتەوە، یاخود بەدیاریكراوی بیخاتە ناو چوارچێوەی دۆخە سیاسییە نوێیەكەی عێراقەوە بەوشێوەیەی كە خولێكی تری سەرۆكایەتی كۆمار بۆخۆی مسۆگەر بكاتەوە، ئایا كازمی بەم شەراكەتە قایل دەبێت، یاخود دەیەوێت لە دەرەوەی پۆلی هەموو سیاسییەكانی ئێستای عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە لەناو دەنگدەراندا، بخوێنێت.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش تائێستا بە دوودڵییەوە تەماشای بارودۆخە نوێیەكەی عێراق دەكات‌و نایەوێت لەگەڵ كازمی بەتەواوەتی تێكیبدات لەكاتێكدا نازانێ چارەنوسی عێراق بەرەو كوێ دەچێت، ئایا سەركردایەتی كۆنی شیعە دەگەڕێنەوە بۆسەر گۆڕەپانەكە، یاخود دۆخەكە بە ئاڕاستەیەكی تردا دەڕوات.

لە رۆژنامەگەرییەوە بۆ هەواڵگری 
مستەفا عەبدوللەتیف مشتەت غەریباوی ناوی تەواوەتی مستەفا كازمییە، (53 ساڵ) لەوپێش لە بەغداد لەدایكبووە، بەڵام رەچەڵەكی خێزانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی "غەریباوی" لە قەزای (شەترە) لە پارێزگای زیقار.
لە عێراق یاسای تەواوكردووە‌و ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، وەكو نەیارێكی رژێمی بەعس لە عێراق هەڵاتووە‌و لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوەی وڵات.
لەو ماوەیەی لە تاراوگە بووە لە ئێران‌و دواتر سوید‌و بەریتانیا، دژی رژێمی بەعس كاریكردووە‌و نوسیویەتی. ماوەیەك نوسەری وتارو بەڕێوەبەری بەشی عێراق بووە لە سایتی "مۆنیتۆر"ی ئەمریكی.
لەو ماوەیەی لە تاراوگە ژیاوە بەڕێوەبەری دامەزراوەی "بیرەوەری عێراق" بووە، دامەزراوەیەك كە بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعسی كۆدەكردەوە‌و كاری لەسەر  بەدیكۆمێنتكردنی تاوانەكانی بەعس دەكرد، هەر لەو ماوانەدا كازمی چەند كتێبێكی بڵاوكردوەتەوە، لەوانە:
•    مسألة العراق
•    انشغالات إسلامیة
•    علی بن أبی طالب الإمام والإنسان
•    المصالحە بین الماضى والمستقبل

دوای روخانی رژێمی بەعس لە 2003دا كازمی گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، بەڵام نەچووەتە ناو هیچ حزبێكی سیاسی‌و بەشداری كردووە لە دروستكردنی تۆڕی راگەیاندنی عێراقدا، حوزەیرانی 2016 كە عێراق لە شەڕێكی قورسدا بوو لەگەڵ رێكخراوی "داعش"، كازمی كرا بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، لەم ماوەیەدا كازمی تۆڕی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرس‌و سەرۆكی وڵاتان فراوانكرد.
2017 كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەردانی سعودیەی كرد، مستەفا كازمیشی لەگەڵ خۆی بردبوو، ئەوكات كازمی بەدیكرا كە چۆن دەستلەملانێ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەدا دەكات، ئەمە تۆڕی پەیوەندییە بەرفراوانەكانی ئەو و توانای بەهێزی كازمی لەبواری دانوستاندا نیشاندا.

كازمی لەنێوان ئێران‌و ئەمریكادا
كازمی وەكو پێویست پێشتر لەناو شەقامی كوردیدا ناسراو نەبوو، بەڵام لەناوەندی سیاسی عێراقدا ناوی هەبوو، ساڵی 2018 ناوی دەهێنرا وەكو جێگرەوەی حەیدەر عەبادی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام هەر ئەوكاتیش لەناو هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی شیعەدا دژایەتی هەبوو پۆستەكە وەرگرێت، تۆمەتباردەكرا بەوەی "پیاوی ئەمریكا"یە، بەڵام دواجار لاوازی عادل عەبدولمەهدی وایكرد بازەكە لەسەر شانی كازمی بنیشێتەوە.
دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە نزیكەكانی بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) وت:" كەسایەتی كازمی بەوشێوەیەیە كە دژایەتی كەس ناكات، عەقلیەتێكی پراگماتی هەیە‌و پەیوەندی لەگەڵ هەموو یاریزانە سەرەكییەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق‌و ئەمریكا‌و ئێرانیشدا هەیە".
كازمی دوای دەستبەكاربوونی هەم سەردانی تاران‌و هەم سەردانی واشنتۆنی كرد، عێراقی بوارد لەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
كازمی لەناو هەندێك لەلایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران تۆمەتبار دەكرێت بەوەی دەستی هەبوو لە كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لەسەرەتای ئەمساڵ، بەوپێیەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە.
كە دەستبەكاربوو لە پۆستی سەرۆك وەزیران، نەیارانی بۆ تاقیكردنەوەی، یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی كازمییان تیرۆركرد كە نوسەرو توێژەر (هیشام هاشمی) بوو، كازمی بە نهێنی كار لەسەر دۆسیەی تیرۆركردنی هاوڕێكەی دەكات‌و تائێستا هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەكانی بۆ رایگشتی رانەگەیاندووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand