Draw Media

مستەفا کازمی: رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما دەکەم  

مستەفا کازمی: رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما دەکەم  

2020-10-23 17:42:43


(درەو):
"رۆژانە لەگەڵ ماردا سەما ئەکەم، بەدوای شمشاڵێکدا ئەگەڕێم کە بتوانم بەهۆیەوە کۆنتڕۆڵیان بکەم" ئەمە قسەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە.
کازمی هۆشداری دەدات لەوەی ناچاربکرێت پارسەنگێک لەنێوان ئەمریکاو ئێران لەناو عێراقدا رابگرێت، کە لەتوانایدا نەبێت.
لە گەشتەکەی ئەم هەفتەیەیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، کازمی داوای لە ئەوروپا کرد یارمەتی دۆخی ئابوری عێراق بدەن کە کەوتوەتە ژێر باری قەرزەوە.
کازمی کە هاوڵاتی بەریتانییەو پێشتر رۆژنامەنوس بووە، حوزەیرانی رابردوو پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرت، ئەمەش دوای شەپولێک خۆپیشاندان هات کە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دژ بە گەندەڵی لە عێراق رویدا.
رۆژنامەی (گاردیان) دەڵێ:" لەوکاتەوە کە پۆستەکەی وەرگرتووە، بە پرۆگرامێکی ساکار کاردەکات بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو باشکردنی بارودۆخی ئەمنی و رێگریکردن لە داڕمانی ئابوری وڵات کە پشتی بە نەوت بەستووە.. بەڵام گۆڕانکارییەکانی لە دامەزراوە ئەمنی و ئابورییەکانی عێراقدا هێواشە".
لە لێدوانێکیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کازمی وتی:" هەڵبژاردن لە ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، وادەی هەڵبژاردن مشتومڕی لەسەر نییەو ئێمە پابەندین پێیەوە".

"هەزار ساڵ مشتومڕ"
هەندێک کازمی تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە وریاییەکی زۆرەوە دەجوڵێت، بەڵام ئەو بە رۆژنامەنوسانی وت:" ئارامگرتن باشترە لەوەی مل بنێین بەرەو ئاژاوەیەکی خوێناوی و جەنگی ناوخۆیی.. هەزار ساڵ گفتوگۆو مشتومڕ باشترە لە شەڕکردن".
بەپێی زانیاری رۆژنامەی (گاردیان)، کازمی دەیەوێت چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران بدۆزێتەوە، وەکو خۆی دەڵێ:" من لەسەر حەبلێکم لەنێوان دوو بینای بەرزدا، داوام لێناکرێت بە پێ بەسەر حەبلەکەدا بپەڕمەوە، دەیانەوێت بە پاسکیل بەسەر حەبلەکەدا بڕۆم، رۆژانە لەگەڵ مارەکاندا سەما ئەکەم، بەڵام بەدوای شمشاڵێکدا ئەگەڕێم کە بتوانم بەهۆیەوە مارەکان کۆنتڕۆڵ بکەم".
مەترسییەکان لەبارەی ئەوەی عێراق ببێت بە گۆڕەپانی روبەڕووبونەوەی سەربازی نێوان ئەمریکاو ئێران بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، زیادیان کردووە،  ئەمەش لەکاتێکدا کە ئەمریکا بەشێوەیەکی هێواش ژمارەی هێزەکانی لە عێراق کە (٥ هەزار) کەسە، کەمکردەوە، مانگی رابردووش هەڕەشەی کرد باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دابخات ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانیت میلیشیاکانی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات.
میلیشیاکان بەڵێنیان داوە هێرشەکانیان رابگرن، بەڵام ئەگەر خشتەیەکی زەمەنی دابنرێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
کازمی وتی بەنیازە دانوستانێکی هەستیار بکات لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی تری ئەمریکاو مەرجی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
باسی لەوەکرد:" هەموان بەدوای دەرفەتی دیالۆگدا دەگەڕێن، ئێمە بەدوای دەرفەتی تێپەڕاندنی ئەم دۆسیە هەستیارەو لێکەوتەکانیدا دەگەڕێین، ئیتر هەر کەسێک لە کۆشکی سپیدا بێت"، سەرباری ئەمە ئاماژەی بەوەکرد رێکخراوی دوڵەتی ئیسلامی هێشتا رۆژانە هەڕەشەیە لەسەر عێراق.
هەمان کات بەڵێنیدا میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆنتڕۆڵ بکات و بە رۆژنامەنوسانی وت:" رێگە بە هیچ چەکێک لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت نادەین".
(گاردیان) ئاماژەی بە رووداوی سوتاندنی بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدادو کوژرانی هەشت کەس کردووە لە پارێزگای سەلاحەدین لەهەفتەی رابردووداو دەڵێ ئەو دوو کارە لەسەر دەستی میلیشیاکانی ئێران کراوە.
رۆژنامە بەریتانییەکە نوسیویەتی:" ماوەتەوە ببینین ئایا هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکەن لە نمونەی عەسائیبی ئەهلی حەق، یان کۆنتڕۆڵی دەوڵەت تەنیا وەکو قسەیەک دەمێنێتەوە".
کازمی وای دەبینێت کەمی هەلی کارو خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی و گەندەڵی، وا لە لاوان دەکەن بەرەو توندڕەوی بڕۆن، بەڵام وڵاتانی تر لە نمونەی کۆڵۆمبیا رێگایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان دۆزیوەتەوە.
کازمی "وەرەقەی سپی" راگەیاند بۆ کەمکردنەوەی خەرجی گشتی لە رێژەی ٢٥٪ی داهاتی گشتییەوە بۆ ١٢٪، ئەو وتی:" چینی سیاسیی لە عێراق لەڕێگەی پشتبەستن بە نەوتەوە تەمبەڵ بوون.
لە گەشتەکەیدا بۆ فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا، کازمی "وەرەقەی سپی" وا پێناسەکرد کە دەرفەتێکە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، بەوەی پلانی جددی هەیە لەماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا راهێنان بە عێراق بکرێت چیتر بەوشێوە رەهایە پشت بە نەوت نەبەستێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand