Draw Media

چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا

چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا

2020-10-27 11:26:39


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
باسی پلانی كوشتنی دیپلۆماتكارو بەرپرسی باڵای هەواڵگری‌و پارێزگاری شارێك‌و دادوەرێك لە ئارادایە، پارتی دەڵێ "پەكەكە" پلانداڕێژەی هێرشەكان بووە، یەكێتی رەتیدەكاتەوە‌و دەڵی لە ئەنجومەنی ئاسایش ئێمە زۆرینەین‌و ئاگاداری پلانی لەو جۆرە نین، ماوەی 15 ساڵە كۆتایی بە دوو ئیدارەیی هاتووە‌و حكومەتی یەكگرتووی كوردستان دروستكراوە، بەڵام هێشتا دۆسیەی ئەمنی یەكی نەگرتوەتەوە، دوو پیاوی ئەمنی (مەسرور بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی) ئێستا لە لوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتدان، یەكەمیان سەرۆكی حكومەت‌و دووەم هاوسەرۆكی یەكێتییە، یەكەم نایەوێت دۆسیەی ئەمنی رادەستی كەسی تر بكات، دووەم دەڵێ رادەستم كردووە، بەڵام هێشتا دەستێكی لەناو دۆسیەكەدا ماوەتەوە.

دۆخی ئەمنی لە بۆشایی ئەمنیدا
سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2005وە بە فەرمی كۆتایی بە دوو ئیدارەیی هاتووە‌و حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، هێشتا هاوشێوەی بوارەكانی تر، دۆسیەی ئەمنی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا بە پارچە پارچەیی ماوەتەوە‌و یەكی نەگرتوەتەوە.
دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، رایگەیاند، سێ هێرشی تێكدەرانەی لە هەرێمی كوردستان پوچەڵكردوەتەوە كە بریتی بوون لە:
•    پلانی هێرش بۆسەر كونسوڵگەری وڵاتێك لە هەولێرو كوشتنی دیپلۆماتكارێكی ئەو كوسنوڵگەرییە
•    پلانی تیرۆركردنی پارێزگاری یەكێك لە شارەكانی كوردستان
•    پلانی كوشتنی بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری‌و دادوەرێك 
ئەنجومەنی ئاسایش لە پشت هەموو ئەم هەوڵانەشەوە ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی هێناوە.
چەند كاتژمێرێك دوای ئەم بەیاننامەیە، میدیای یەكێتی بەناوی وتەبێژێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایش لە پێنج ئەندامی سەرەكی پێكدێت، سیان لەوانە سەربە یەكێتین، یەكێتی ئاگاداری هەوڵی پوچەڵكردنەوەی ئەو هێرشانە نییە كە لە بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشدا باسكراوە‌و رەتیدەكاتەوە.
لەمە توندتر، راگەیەندراوەكەی یەكێتی باسی لەوەكردووە، رێگەنادەن بەناوی ئەنجومەنێكەوە راگەیەندراو بڵاوبكرێتەوە كە پێش بڵاوكردنەوەی ئەندامە سەرەكییەكانی پرس‌و رایان پێ نەكرابێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش وەڵامی راگەیەندراوەكەی یەكێتی دایەوە‌و دەڵێ:" تەنیا ئەو راگەیەندراو و بابەتانە گوزارشت لە رای ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن كە لە سایتی فەرمی ئەنجومەنەكەدا بڵاودەكرێنەوە".
بەبێ ناوهێنانی یەكێتی، راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایش (واتا ئەو بەشەی ئەنجومەنەكە كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە)، راگەیەندراوەكەی دوێنێ شەوەی یەكێتی بە "هەوڵی دژایەتیكردنی دەسەڵاتە فەرمییەكان" ناو دەبات.
رۆژی 25ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو كۆبونەوەیەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەكۆی دەنگ بڕیاریداوە لەسەر ئەوەی لە هەر شوێنێك پێویست بكات‌و هەست بەوە بكرێت پارتی مافی یەكێتی خواردووە، یەكێتی روبەڕووی دەبێتەوە.
سەرباری لەم چەند رۆژ    رابردوودا یەكێتی چەند پۆستێكی بریكارو سەرۆكی دەستەی لەناو حكومەت پڕكردوەتەوە، بەڵام هێشتا سەركردەكانی یەكێتی هێشتا پێیانوایە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراوە‌و هەموو پشكەكانی خۆیان وەرنەگرتووە.
(درەو) زانیویەتی، بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو جارێكی تر وەفدی پارتی‌و یەكێتی كۆببنەوە، یەكێتی دەیەوێت لەو كۆبونەوەیەدا جارێكی تر پرسی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بخاتەوە بەر باس‌و گفتوگۆكان. 
وەڵامدانەوەی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن تیمی یەكێتییەوە لەم كاتەدا، رەنگە بەو كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەوە هەبێت‌و یەكێتی چاوی لە نوێكردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە لەدوای رۆیشتنی مەسرور بارزانی لە پۆستەكە.

لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە
ئەنجومەنی ئاسایش، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق دروستكراوە، مەسرور بارزانی یەكەم راوێژكاری ئەم ئەنجومەنە بووە‌و لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێشتا هیچ كەسێك لە شوێنەكەی دەستبەكارنەبووە.
بارەگای ئەنجومەنی ئاسایش لە "سەری رەش"ە، لە نزیك بارەگای بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنەكە بەپێی یاسا پلەكەی وەزیرە، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە هەر لە سەرەتاوە وەكو دۆزینەوەی پۆستێكی حكومی بۆ مەسرور بارزانی لێكدرایەوە، چونكە ئەوە یەكەمجار بوو مەسرور بارزانی پۆستێكی حكومی وەرگرێت، بەهۆی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنەوە مەسرور بارزانی دەزگای "پاراستن" كرد بە دەزگایەكی حكومی‌و لە بودجەی هەرێمی كوردستان پشكی بۆ بڕییەوە، ئەمە بۆ دەزگای زانیاریی یەكێتی نیشتمانی‌و لاهور شێخ جەنگیش بەهەمان شێوە بوو.
بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایش‌و پەسەندكردنی یاساكەی لە پەرلەمان لەكاتی خۆیدا هەڵای زۆری دروستكرد، بەپێی یاسا ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە، نەك سەرۆكایەتی حكومەت، ئەوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوون، مەسرور بارزانی نەیدەویست ئەنجومەنەكەی لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانیدا بێت، بۆیە ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە واتە بە مەسعود بارزانی باوكییەوە.

پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش
بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە:
* دەزگای ئاسایشی هەرێم
* بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی پێشمەرگە
* ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری
لەناو ئەم دامەزراوانەدا، (5) پۆست هەن، ئەم پۆستانە بەمشێوەیە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانیدا دابەشكراوە‌و كەسانی تەكنۆكرات یان كەسانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە هیچ پۆستێكیان لەم ئەنجومەنەدا نییە: 
* راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ مەسرور بارزانی (پارتی)
* سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان‌و جێگری راوێژكاری ئەنجومەن/ د. خەسرەو گوڵ محەمەد (یەكێتی)
* سەرۆكی دەزگای پاراستن‌و زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی (یەكێتی) 
* سەرۆكی دەزگای پاراستن‌و زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی (پارتی) 
* سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی‌و هێزەكانی 80ی پارتی ئەم پۆستە لای یەكێتییە‌و نوێنەرەكەی یەكێتی بریتییە لە (لیوا محەمەد هیدایەت)  
ئەنجومەنەكە بەفەرمی لە ساڵی 2012دا دەستبەكاربووە، لەماوەی (8)ی رابردوودا‌و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا، ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكی نێوان ئەندامەكانییەوە، كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە زۆرجار كە كێشەیەكی ئەمنی لە یەكێك لە زۆنەكان روودەدات، بەرپرسانی ئەمنی ناو ئەنجومەنەكە لەڕێگەی بەیاننامەوە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن‌و وەڵامی یەكتر دەدەنەوە.
بەشێكی كێشەكانیش پەیوەندییان بە دابینكردنی بودجەوە هەیە، ساڵانی رابردوو هەندێكجار یەكێتی سكاڵای هەبوو لەسەر ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بودجەی پێویست بۆ دەزگا ئەمنییەكانی دابین ناكات، هاوشێوەی ئەوەی بۆ دەزگاكانی پارتی دەكات. 

بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش
لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بەڵام بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندەو بودجەكەشی (344 ملیارو 630 ملیۆن) دینارە، رێژەی (2.9%)ی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانكراوە.
ئەمە سەرباری ئەوەی، هەربە بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، دەزگای ئاسایش كە ژمارەی كارمەندانی بە (31 هەزارو 421) كەس دیاریكراوە، بڕی (487 ملیارو 443 ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانكراوە كە دەكاتە (4.2%)ی كۆی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا.
لەدوای ساڵی 2013ەوە تائێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت، سەرباری ئەمە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش‌و وردەكاری خەرجییەكانی وەكو بابەتێكی ئاسایشی نیشتمانیی تەماشا دەكرێت‌و ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانەوە.

چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش
ماوەی زیاتر لە ساڵێك‌و سێ مانگە كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، بەڵام پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش نوێ نەكراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا (وەیسی مەسعود بارزانی) برای مەسرور بارزانی كاروبارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەدەبات، مەسرور بارزانی كە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، هێشتا دەستبەرداری دۆسیەی ئەمنی نەبووە‌و ئامادە نییە سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە رادەستی كەسێك بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا نەبێت، بەڵام بەپێی قسەی بەرپرسانی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی دوای ئەوەی پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی وەرگرتووە، دەستبەرداری پۆستە ئەمنییەكەی بووە‌و ئێستا بە فەرمی (محەمەد شێخ تەحسین تاڵەبانی) سەرۆكی دەزگای زانیارییە لە شوێنەكەی لاهور شێخ جەنگیی، بەڵام ئەمە هێشتا بەتەواوەتی دەستی لاهور شێخ جەنگیی لەناو دۆسیەی ئەمنیدا نەهێناوەتە دەرەوە. 
(درەو) زانیویەتی، سەرەتاكانی ئەمساڵ هەوڵێك هەبووە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی (رەوان بارزانی) برای پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش وەرگرێت، بەوپێیەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی یاسا سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبووە.
بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەی بارزانی لەسەر دانانی كەسی جێگرەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا ئەو پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە‌و سەرباری ئەوەش پۆستەكانی تری ناو ئەنجومەنەكەش نوێ نەكراونەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە لە پرۆسەی نوێكردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا چەند پۆستێك لەو ئەنجومەنەدا وەربگرێت‌و لەوێوە ببێت بە بەشداری پارتی‌و یەكێتی لە بڕیاری ئەمنیی هەرێمی كوردستاندا.
بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە، دوو پۆستی باڵا لەناو ئەنجومەنەكە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات، بەڵام ئەو پۆستانە تائێستا یەكلانەبونەتەوە.
بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرت‌و مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، لەم ئاڵوگۆڕەدا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چۆڵ بوو، ئێستا پڕكردنەوەی ئەم پۆستە لەپاڵ پۆستی وەزارەتی نەوتدا، كێشەیەكی تری بۆ پارتی دروستكردووە.
ئەگەر یاسای ئەنجومەنی ئاسایش هەموارنەكرێتەوە‌و دامەزراوەكە سەربە سەرۆكایەتی هەرێم بێت، دەبێت نێچیرڤان بارزانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە كاندید بكات، بەڵام پێناچێت هەرگیز ئەمە روبدات، چونكە مەسرور بارزانی بەهیچ جۆرێك ئامادە نییە دۆسیەی ئەمنیی رادەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بكات، بەوهۆیەشەوە لەدوای رۆشتنی لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا مەسرور بارزانی بەپێی یاسای ئەنجومەنی ئاسایش دۆسیەی ئەمنی رادەستی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم نەكردووە.
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن، دواجار (وەیسی مەسعود بارزانی) پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت، ئەمە وادەكات دۆسیەی ئەمنی هەر لەدەستی مەسرور بارزانیدا بمێنێتەوە، مەسرور بارزانی كە ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەوەیە جڵەوی دۆسیەی ئەمنی لای خۆی بهێڵێتەوە.
بەڵام بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی گورزێكی بەهێزی لە دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش‌و تەنانەت دەزگای پاراستن-یشدا، بەپێی زانیارییەكان، مەسرور بارزانی رێژەی 90%ی ستافی ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنی لەگەڵ خۆیدا راپێچی حكومەت كردووە، لەدیارترینی ئەوانەی لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنەوە چونەتە ناو حكومەت بریتین لە هەریەكە:
•    شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران
•    هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان
•    رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ
•    جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت
•    ساسان عەونی وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار
سەرباری ئەمانە، زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە خەڵكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایش پڕكراونەتەوە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت هەندێك كابینەی مەسرور بارزانی بە كابینەیەكی ئەمنی ناودەبەن.
نازانرێت پارتی چۆن پرسی ئەنجومەنی ئاسایش یەكلادەكاتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا ئەو كەسەی كە پۆستەكە وەردەگرێت لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانیدا دەبێت نەك نێچیرڤان بارزانی، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتیش چاوی لە پۆستەكانی ناو ئەو ئەنجومەنەیە‌و دەیەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا پۆستەكانی ئەو ئەنجومەنە نوێ بكاتەوە.
 

بابەتی پەیوەندیدار

چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش بەكوێ دەگات ؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand