لە هاوکێشەی بایکۆتدا کێ زەرەرمەند دەبێت.. ماکرۆن یان ئەردۆغان ؟
2020-10-26 13:54:43
(درەو):
لەناو جیهانی ئیسلامیدا دەنگەکان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسی تادێت زیاتر دەبن، ئەمەش بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەبارەی وێنە کاریکاتێرییەکانی پێغەمبەری ئیسلام دروست بووە.
بەپێی داتاکانی سایتی (ITC Trade)، کە پرۆژەیەکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە:
🔹 تێکڕای هەناردەی فەڕەنسا بۆ وڵاتانی جیهان ساڵی رابردوو گەیشتوەتە (٥٥٥ ملیارو ١٠٠ ملیۆن) دۆلار، واتا زیاتر لە (نیو ترلیۆن) دۆلار.
🔹 ساڵی رابردوو، هەناردەی فەڕەنسا بۆ (٧) وڵاتی عەرەبی نزیکەی (٢٩ ملیار) دۆلار بووە، لە دیارترین ئەو وڵاتانەش کە کاڵای فەڕەنسی بۆ هەناردەکراوە (مەغریبی عەرەبی) و (جەزائیر) بووە.
🔹 ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان جەزائیرو فەڕەنسا گەیشتوەتە نزیکەی (١٠ ملیارو ٢٠٩ ملیۆن) دۆلار، لەم هاوکێشەیەدا بەهای هەناردەی فەڕەنسا بۆ جەزائیر (٥ ملیارو ٥١٣ ملیۆن) دۆلار بووە، لەبەرامبەردا ئاستی هاوردەکردن (٤ ملیارو ٦٩٦ ملیۆن) دۆلار بووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت تەرازووی بازرگانی بەجیاوازی (٨١٧ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادا بووە.
🔹 قەبارەی بازرگانی فەڕەنسا لەگەڵ مەغریبی عەرەبی ساڵی رابردوو گەیشتوەتە نزیکەی (١١ ملیارو ٥٨ ملیۆن) دۆلار، لەم رێژەیە بەهای هەناردەی فەڕەنسا بۆ مەغریب (٥ ملیارو ٣٣٦ ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 قەبارەی بازرگانی نێوان فەڕەنساو تونس ساڵی رابردوو نزیکەی (٩ ملیار) دۆلار بووە، رێژەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ تونس نزیکەی (٣ ملیارو ٨٠٠ ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ قەتەرو ئیمارات و سعودیەو میسر نزیکەی (١٤ ملیار) دۆلار بووە، بەشی زۆریشی بۆ قەتەر بووە کە بەهاکەی دەگاتە (٤ ملیارو ٢٩٥ ملیۆن) دۆلار.
🔹 تەرازووی بازرگانی نێوان فەڕەنساو قەتەر بە جیاوازی (٣ ملیارو ٥٣٧ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادایە، چونکە فەڕەنسا بەبەهای تەنیا (٧٥٨ ملیۆن) دۆلار کاڵای لە قەتەرەوە هاوردە کردووە لە حاڵێکدا بەبڕی (٤ ملیارو ٢٩٥ ملیۆن) دۆلار کاڵای بۆ قەتەر هەناردە کردووە.
🔹 تەرازووی بازرگانی فەڕەنسا لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی بەهەمان شێوە بە جیاوازی (ملیارێک و ٩٢٩ ملیۆن) دۆلار لەبەرژەوەندی فەڕەنسادایە، چونکە فەڕەنسا زیاتر لەوەی کە هاوردەی کردووە، کاڵای بۆ ئیمارات هەناردە کردووە (هەناردە ٣ ملیارو ٦٤٧ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام هاوردە ملیارێک و ٧١٨ ملیۆن دۆلار بووە).
🔹 قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ سعودیە ساڵی رابردوو (٣ ملیارو ٣٦١ ملیۆن) دۆلاربووە، بۆ میسریش (٢ ملیارو ٥٧٥ ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە داتاکای سایتی (ITC Trade)دا، ساڵی رابردوو قەبارەی هەناردەی فەڕەنسا بۆ تورکیا گەیشتوەتە نزیکەی (٦ ملیارو ٦٥٥ ملیۆن) دۆلار، ئەگەر سەرجەمی هەناردەی فەڕەنسا بۆ (٧) وڵاتە عەرەبییەکەو تورکیا لە ساڵی رابردوودا کۆبکرێتەوە، بەهاکەی دەگاتە (٣٥ ملیار) دۆلار.
🔴 واتا لە هاوکێشەی بایکۆتدا فەڕەنسا زیانی گەورە بەر ئابورییەکەی دەکەوێت.