مایكڵ رۆبن: هەرێمی كوردستان نە دیموكراسیەو نە جێگیر
2020-10-28 22:10:57
درەو:
"هەرێمی كوردستان نە دیموكراسیەو نە سەقامگیر، ئەو هەرێمە بە هۆكاری دیكتاتۆریەت شكست دەهێنێت" ئەمە بەشێكە لە بۆچونی نوسەری داری ئەمریكی و شارەزا لە كاروباری كوردستان ( مایكڵ رۆبن)ە .
مایكڵ رۆبن، لە وتارەكەیدا كە لە گۆڤاری (ناشناڵ ئینترستدا) بڵاویكردووەتەوە باس لە دۆخی ئازادی و دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت:
🔹کوردستانی عێراق نە دیموکراتییە و نە جێگیر وەکو ئەوەی خۆی پێیخۆشە جیهان وا بیری لێبکاتەوە". دەشڵێت، مەسرور بارزانی بە یاسا عێراقییە کۆنەکان خەریکی دەستگیرکردنی نەیارەکانیەتی، کوردستانی عێراق لەوانەیە سەقامگیرتر بێت وەک لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام خەیاڵی دیموکراتی بوونیان هیچ مانایەك نابەخشێت.
🔹لە ساڵی ١٩٩١ەوە کاتێك سەدام حسێن هێزەکانی لە ناوچە کوردییەکان کشاندووەتەوە، دوو بنەماڵە و دوو حزبی سیاسی دەستیان بەسەر هەرێمدا گرتووە بە جۆرێک یەکەم حزب پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە سەرکردایەتی دەکرێت و زۆر خێڵەکی و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە گۆشەگیرە. زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی لە ژنێک زیاتریان هەیە بەڵام لە ماڵەوە حەشاریان داون و نایەڵن خەڵکی بیانبینن، مێژووی بنەماڵەکەیان قەتیس بووە لە ناپاکی خێزانی و کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە. کاتێک رۆژنامەنووسێك رەخنە لەسەر بارزانی دەنووسێت، خۆی یان یەکێك لە کوڕەکانی رۆژنامەنووسەکە دەڕفێنن و دەیکوژن".
🔹وەکو کاردانەوەیەك لە بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتە خێڵەکیانەدا، جەلال تاڵەبانی سەرۆکی پێشووی عێراق، جیابوونەوەی خۆی لە پارتی راگەیاند و حزبێکی سیاسی پێكهێنا بەناوی ''یەکێتی نیشتمانی کوردستان''، لەسەرەتادا تاڵەبانی بانگەشەی بەهای کۆمەڵایەتی دەکرد و کۆمەڵایەتی دەردەکەوت و دژی بنەماڵەیی بوو، بەڵام لە ساڵەکانی دواییدا، هاوسەرەکەی و هەردوو کوڕەکەی تێکەڵی حزبەکەی بوون و دەسەڵاتیان گرتەدەست و یەکێتیش بوو بە حزبی بنەماڵەیی.
🔹 بە پێچەوانەی بەغدا، هیچ رادەستکردنێکی دەسەڵات نەبووە لە کوردستانی عێراقدا لە رێگەی هەڵبژاردن و یاساوە و بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢دا، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دەنگەکانیان کرد بە دوو بەشی یەکسانەوە و بەوەش، تەنیا سەروەت و سامانیان کرد بە دوو بەشەوە.
🔹 دوای داڕشتنەوەی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥، بارزانی بوو بە سەرۆکی هەرێم بەڵام دوای دوو خولی سەرۆکایەتی رەتیکردەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببێت. مەسعود بارزانی دەیتوانی ببێتە نێڵسن ماندێلا و یاسر عەرەفاتی کورد، دەیتوانی دیموکراسیەت هەڵبژێرێت یاخود بەرەو کوردستانێکی گەندەڵ سەربکێشێت، ئەو بژاردەی دووەمی هەڵبژارد. هەربۆیە، ئەو لە مێژووی کوردستانی عێراقدا دەمێنێتەوە وەکو کەسێك کە لە سفرەوە دەستیپێکرد و بە ملیاردێری خانەنشین بوو".
🔹ئەو خێڵەکەی سەپاندووە بەسەر خەڵکیدا لە زۆربەی کارەکانیدا، بۆ نمونە بەنداوی "بێخمە" لە ساڵی ١٩٥٠ بڕیاری دروستکردنی درا، لە ساڵی ١٩٨٠ بەردی بناغەی دانرا لەلایەن سەدام حسێنەوە، بەڵام دوای داگیرکردنی کوەیت و ئابڵوقەی ئابوری لەسەر عێراق کارەکانی پڕۆژەکە وەستێنران. دوای دەرچوونی سەدامیش لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی کوردی پارەی تەواوی لەبەردەستدابوو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەڵام بارزانی ئەو پڕۆژەیەی راگرت چونکە لەوە ترسا کە شوێنی لەدایكبوونی کە ناوچەی بارزانە ژێرئاو بکەوێت و خێڵەکەی شوێنەکەیان بگۆڕن.
🔹 ئێستاش هەر درێژکراوەی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانین بە جۆرێک، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانیش سەرۆکی حکومەتی هەرێم. هاوکات، قوباد تاڵەبانیش جێگری سەرۆکی حکومەتە و بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگیش دەسەڵاتداری حزب و ناوچەکانیانن.
🔹مەسرور بارزانی وەکو کەسێکی بەهرەمەند دەردەکەوێت، بەڵام کارەکانی پێچەوانەن، ئەگەرچی ئەو خوێندکار بووە لە زانکۆکانی ئەمریکا، کەچی زۆربەی کاتەکانی بە خۆشی و بازاڕکردن بەسەربردووە بێ ئەوەی ئامادەی هۆڵی خوێندن بێت، بەڵام ئەو لە کۆتاییدا بڕوانامەی زانکۆی ئەمریکی هەیە. هاوکات، مەسرور بارزانی توندوتیژە و کاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ دەکات وەکو کوشتن و پەلاماردان، زۆر خۆی بە کەسێکی نەتەوەیی نیشاندەدات بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، لە ساڵی ٢٠١٧ لە دژی هەندێ راوێژکاری ناوخۆیی و دەرەکی سەرپەرشتیاری ریفراندۆم بوو، کە بووە هۆی لە دەستدانی نیوەی خاکی هەرێمەکەی. هاوکات، لە سەروو ئەو هەموو وتارە نەتەوەییانەیشیەوە، یاسا عێراقییە کۆنەکان بەکاردەهێنێت بۆ دەستگیرکردنی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانی".
🔹مەسرور بارزانی لە پێناو بەرژەوەندییە شەخسیەکانی پارە بەهەدەردەدات و خەونی کورد لەناودەبات لەپێناو ئەنقەرەدا. لەم رۆژانەدا زۆر بێدەنگە لە ئاست بۆردومانی سوپای تورکیا و سنوربەزاندنی لە گوندە کوردییە سنورییەکان، قسە بە کەسە نەتەوەییە ناوخۆییەکان دەڵێت."
🔹 لەناوبردن و ئەمنییەت یەك شت نین، کوردەکانی عێراق درك بە کەم توانایی و تەماح و دەستبەسەرداگرتنی مەسرور بارزانی دەکەن و هەست بە ژێردەستەیی دەکەن و ژیانیان هەمووی نەهامەتییە.