Draw Media

یەكێتی‌و گۆڕان هاوپەیمانێتی دەكەن

یەكێتی‌و گۆڕان هاوپەیمانێتی دەكەن

2021-04-29 13:03:21


(درەو):
بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم‌و كەركوك، شەش كاندیدی دەبێت، ئەمە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدایە كە لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كردویەتی‌و ئێستا رێككەوتنەكە چاوەڕێی ئیمزاكردنە.

چاوەڕوانی ئیمزاكردنە 
رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای چەند مانگێك گفتوگۆ دور لە چاوی میدیاكان، دواجار بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی گەیشتنە رێككەوتن لەسەرئەوەی پێكەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان كۆتایی هاتووە‌و ئێستا تەنیا ئیمزاكردنی ماوە. 
(درەو) زانیویەتی، تەنیا دوێنێ، چەند جارێك بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی چوونەتە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی‌و لەگەڵ رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبونەتەوە. 
ئەمە دواین گەڕی كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بوو، چونكە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دواین وادەیە بۆ رادەستكردنی ناوی كاندید‌و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. 

كاندیدەكانی گۆڕان
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی كاندیدەكانیەتی‌و لیستی كۆتایی تائێستا پەسەند نەكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی، گۆڕان (6) كاندیدی دەبێت، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە، كاندیدەكانی گۆڕان بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن ئەمانەن:
* لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی گۆڕان ئەمانەی كاندیدكردووە:
- شوناس شێركۆ جدی
- د. رێزان ئەحمەد هەردی
- بەرزان شێخ محەمەد
* لە بازنەی ناوچەی گەرمیان، گۆڕان (هۆشیار عومەر عەلی) كاندیدكردووە، لە بازنەی گەرمیان غالب محەمەد بە سەربەخۆ  كاندیدە.
* لە بازنەی دەڤەری راپەڕین، چەند كەسێك لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندیدكردووە، كە ئەمانەن:
- عەلی قادر
- رەسوڵ بچكۆل
- هێرش عەبدلڕەحمان (لە ئەمریكا نیشتەجێیە)
- بەكر بایز
لەم بازنەیە، (بەكر بایز) چانسی ئەوەی هەیە ببێت بەكاندیدی بزوتنەوەكەی. 

لە هەولێر ( برزۆ مەجید ) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندیدە 
•    بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە هیچ كاندیدێكی نابێت، چونكە یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەسەر كورسییەكانی ئەو ناوچەیە رێككەوتنیان كردووە.
•    بۆ پارێزگای كەركوك بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بە یەك كاندید بەشداری دەكات كە ئەویش (وریا )ناوێكە.

هەڵوێستی پارتی !
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوپەیمانێتیكردنی یەكێتی‌و گۆڕان توڕەو نیگەرانە، هەڕەشەی كۆتاییهێنانی بە پەیوەندییەكانی كردووە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە‌و لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی گۆڕان‌و یەكێتی ئاگاداریكردوەتەوەو رایگەیاندووە:" رێككەوتنەكەیان بۆ دژایەتیكردنی پارتی نیە". 
پاش ماوەیەك فازل میرانی وەڵام‌و هەڵوێستی پارتی بە رێكخەری گشتی گۆڕان راگەیاندووەو جەختیكردوەتەوە:" پارتی توڕە‌و نیگەرانە لەو رێككەوتنە"‌و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، پارتی كۆتایی بە هەموو پەیوەندییەكانی دەهێنێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا.
پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و دەیەوێت ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕاندا گشتگیر بكات، بەڵام گۆڕان جەختدەكاتەوە كە ئەو رێككەوتنە تەنها تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت‌و پەیوەندی نیە بە پرسی هەڵبژاردنەكانەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand