Draw Media

توركیا گەورەترین بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستان دادەمەزرێنێت

توركیا گەورەترین بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستان دادەمەزرێنێت

2021-05-03 16:47:50


درەو:
دوا دوو رۆژ لە بڵاوبونەوەی هەواڵی بونیاتنانی بنكەیەكی سەربازی تری توركیا لە هەرێمی كوردستان, وەزیری بەرگری توركیا خوڵوسی ئاكار رۆژی یەكشەممە بە یاوەری سوپاسالار‌و فەرماندەی هێزی زەمینی وڵاتەكەی یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی توركیای لە هەرێمی كوردستان بەسەركردەوە.
میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كرد سلێمان سۆیلۆ, وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوادا هەینی رابردوو وتویەتی ئەنكەرە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە سنورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی كوردستان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری ناوخۆی توركیا جەختی كردوەتەوە لەسەر بایەخی هەرێمی مەتینا لە پارێزگای دهۆك‌و وتویەتی :" هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا كردمان, بنكەی سەربازی لەوێ‌ دادەنێین‌و كۆنترۆڵی ناوچەكە دەكەین".
سۆیلۆ جەختیشیكردەوەتەوە :" ئەو ناوچەیە رێگایە بۆ  قەندیل‌و كۆنترۆڵی ئەو هێڵە دەكەین".
ماجد ئەلقوبەیسی لیوای خانەنشینی عێراقی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی كەناڵی " ئەلحوڕە" دەڵێت: حكومەتی توركیا بنكەیەكی سەربازی خۆی لە ناوچەی مەتینا فراوانتر دەكات بۆئەوەی ببێتە گەورەترین بنكەی سەربازی‌و خاڵی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەدژی پارتی كرێكاران لەناو عێراقدا.
بەوتەی ئەلقوبەیسی بنكە نوێكەی سوپای توركیا ئاسانكاری دەكات بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا‌و شوێنی نیشتنەوەی هێلیكۆپتەری تێدا بونیات دەنرێت‌و ناوچەیەكی دابڕێنراویش دروست دەكات كە رێگە لە هاتوچۆ‌و جموجوڵی هێزەكانی پەكەكە دەكات لە نێوان عێراق‌و سوریا لە قەندیل‌و دهۆكەوە.
توركیا لەناو هەرێمی كوردستان‌و باكوری عێراقدا 37 بنكەو خاڵی سەربازی هەیە كە دەكەونە نزیك هەولێری پایتەختی هەرێم‌و ناوچەی سۆران, جگە لە بنكەیەكی سەربازی گەورە لە باشیك كە 80 كیلۆمەتر لە سنور‌و 40 كیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە.
بنكە سەربازییەكانی توركیا لەناو هەرێم‌و عێراقدا بە قوڵایی 80 كیلۆمەتر بۆ 10 كیلۆمەتر‌و بەگوێرەی سروشتی ناوچەكە‌و گۆڕەپانی شەڕەكان بونیات نراون‌و دەكەونە نزیك سۆران‌و ناوچەی خواكورك و زاخۆ‌و چوار بنكەیەكی سەرەكی ئەمنیشی لە ناوچەی كوخی‌و زاخۆ‌و بامەڕنێ‌‌و ئامێدی هەیە.
" بنكەی بێ‌ مۆڵەت"
زۆرجار سوپای توركیا بە فڕۆكەی جەنگی‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەكان هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق‌و هێزی زەمینیش رەوانەی بنكە سەربازییەكانی لە هەرێم دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی بنكە‌و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان, هەموو جارێكیش حكومەتی عێراق ئەو هێرشانە ئیدانەدەكات كە ئەنكەرە بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد ئەنجامیان دەدات‌و بە پێشێلكردنی سەروەری عێراقیان دادەنێت‌و چەندجارێكیش داوای لە توركیا كردووە چالاكییە سەربازییەكانی لەسەر خاكی عێراق كۆتایی پێبێنێت, بەڵام ئەنكەرە دراوسێكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی لێبوردەیە لەگەڵ بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسەر خاكەكەی‌و رەتیدەكاتەوە كۆتایی بە هێرشەكانی بهێنێت.
لەوبارەیەوە ئەلقوبەیسی دەڵێت:" هەرگیز توركیا هەوڵ نادات رەزامەندی‌و مۆڵەتی عێراق وەربگرێت‌و هەموو بنكە سەربازییەكانی بەبێ‌ رەزامەندی حكومەتی عێراق بونیات ناوە".
هەر لەو چوارچێوەیەدا شارەزای بواری ستراتیژی جەواد گۆك بەدووری دەزانێت كە توركیا رەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ بونیاتنانی بنكە نوێیەكەی‌و دەڵێت:" حكومەتی توركیا بایەخ بە رەزامەندی عێراق ناداتۆ یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی‌و لە ئەزمونەكانی پێشووەوە رەزامەندی عێراقمان وەرنەگرتووە بۆ بونیاتنانی بنكەی باشیك‌و سەرجەم بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی تر".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand