Draw Media

چارەنوسی هاوپەیمانی هیوا بەكوێ دەگات

چارەنوسی هاوپەیمانی هیوا بەكوێ دەگات

2021-04-29 14:39:25


 (درەو):
لەكۆی (15) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای كوردستانی، (6) كەسیان بەنیازن جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، سیانیان بەناوی سەربەخۆ‌و سیانی تریان بەناوی حزبەكانیان دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە. 
مانگی یەكی ئەمساڵ، (15) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكی نوێیان بەناوی هاوپەیمانێتی (هیوای كوردستانی)ی راگەیاند.
ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە بریتی بوون لە: 
٭ پێنج پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان (یوسف محەمەد- هۆشیار عەبدوڵا- كاوە محەمەد- غالب محەمەد- بەهار مەحمود).
٭ دوو پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی (ئەحمەد حاجی رەشید، سەلیم شوشكەیی).
٭ دوو پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی (موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر).
٭ چوار پەرلەمانتاری جیابووەوە لە نەوەی نوێ (سەركەوت شەمس، رابون مەعروف، سروە ونس، یوسرا رەجەب) 
٭ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (رێبوار كەریم، عەبدولباری مەجید)
ئەم هاوپەیمانێتییە لەكاتی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا هەندێك سەرئێشەی بۆ پارتی‌و وەفدی حكومەتی هەرێم لە بەغداد دروستكرد، بڕیاربوو ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە پێكەوە بمێننەوە‌و بەناوی هەمان هاوپەیمانێتییەوە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، بەڵام ئەمە روینەدا‌و ئێستا هاوپەیمانێتییەكە لەبەریەك هەڵوەشاوە. 
پێنج پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، تەنیا یەك كەسیان كە (غالب محەمەد)ە دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆ‌و لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی گەرمیان خۆی كاندید بكات،كە بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی تایبەتی خۆی هەیە بەناوی ( هۆشیار عومەر)، چوار پەرلەمانتارەكەی تر، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەكەیان، هەندێكیان ئێستا جارێكی تر چونەتەوە ناو گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەیان‌و بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی گۆڕان داوایان لێكردون جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوەتەوە، هەندێك لەمانە چاویان لەوەیە، لە پەیكەری نوێی رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕاندا پێگەی گرنگ لەناو بزوتنەوەكەدا بگرن، هەندێكی تریان بیر لە دروستكردنەوەی میدیایەكی تایبەت بەخۆیان دەكەنەوە.
لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە نەوەی نوێ جیابونەوە، تەنیا (سەركەوت شەمس) بەنیازی خۆكاندیكردنەوەیە‌و دەیەوێت لەسەر یەكێك لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكاتەوە.
دوو پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی (كۆمەڵی دادگەریی)، یەكێكیان جارێكی تر خۆی كاندید دەكاتەوە، بەڵام لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەریی نەك هاوپەیمانی هیوا، ئەویش (ئەحمەد حاجی رەشید)ە كە لەسەر بازنەی هەڵەبجە كاندید دەبێت. 
دوو پەرلەمانتارە سەربەخۆكە (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بەرهەم ساڵح سەركەوتن بۆ پەرلەمان) تەنیا یەك كەسیان بەنیازە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید بكاتەوە كە ئەویش (رێبوار كەریم مەحمود)ە‌و بەنیازە لەسەر یەكێك لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكاتەوە.
دوو پەرلەمانتاری یەكگرتوو (موسەننا ئەمین‌و جەمال كۆچەر) خۆیان كاندید دەكەنەوە، موسەننا ئەمین لەسەر بازنەی هەڵەبجە‌و جەمال كۆچەریش لە بازنەی دهۆك.
ئەوانەی كە خۆیان كاندید دەكەنەوە، سیانیان هیچ چوارچێوەیەكی حزبییان نییە‌و بەناوی هاوپەیمانی هیواوە بانگەشە دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (غالب محەمەد، سەركەوت شەمس، رێبوار كەریم)، سیانی تریان بەناوی حزبەكانی خۆیانەوە بانگەشە دەكات كە بریتین لە (ئەحمەد حاجی رەشید، موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر). 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand