دیموکراسیی عێراقی، پێشینەیەکی تاڵ

Draw Media

2021-05-01 10:01:23



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) 


دیموکراسی، یەک دیموکراسییە و عێراق و کوردی و ئەمریکایی نییە و لەت ناکرێت چونکە ڕێزگرتنە لە ئیرادەی مرۆڤ و ئیرادەی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی(ڕێزگرتن لە زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە)، هەم مافە و هەم ئەرکە لە بواری چاکەی گشتییدا. بەڵام لەناونیشانەکەدا چەمکی "دیموکراسیی عێراقی"یم بەکارهێنا، چونکە بەرامەی ئەم جیاوازە و ئەزمونێکی تایبەت بە خۆیەتی.
ئەزموونی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ئەزموونێکی شیرین نییە، نەک لەبەرئەوەی خەڵک باوەڕی بە دیموکراسی و دەنگدان نەبێت، بەڵکو لەبەر دەرئەنجام و کردەوەی هەڵبژێردراوان، کە دۆخی سیاسییان نەک پێش نەبردووە بەڵکو وەپاشیشیان خستووە، لە خۆڕا نییە، پاش ٣٨ ساڵ لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی سەردەمی پاشایەتی، خەڵکی عێراق ڕووبکاتەوە کودەتایەکی سووری تەمووزی ١٩٥٨ و لەوەش زیاتر بەدوایدا عارفەکان و بەعسییەکان ٤٥ ساڵ بکوژ و ببڕ خۆیان بن. ئەمە نائومێدی نەبێت لە سیستەمی پاشایەتی سنوردار (بە مۆدێلی بەریتانی) و دیموکراسییەتی سەردەمەکەی بۆ شیرازەی سیاسیی چییە؟ بۆچی زەینی خەڵک ئاوا تووشی بارگۆڕان بوون؟
لانیکەم لە ئەزموونی ١٨ ساڵی ڕابردووشەوە، دوور نییە بارگۆڕانێکی دیکە بەسەر کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕووبداتەوە و جارێکی دی ڕووگەی خەڵک بەرەو دیکتاتۆرییەت و فریادڕەسی ئاسنیین وەرچەرخێت. ئاخر ساڵانێکە کاری پێکەوەیی و نەیاریی کیانە سیاسییەکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ئەوەی لێھەڵێنجرێت کە یان بە ھاوپەیمانێتی و پێکەوە مافی خەڵک دابین ناکەیت، یان بە جیا و "نان گۆڕینەوە" ھەقەکەیان دەخۆیت یان پۆپۆلیستانە خۆت بە جیا نیشان بدەیت و دیسانەوە ھەر خەریکی ھەریسەکە و خۆدەوڵەمەندکردن بیت لەسەر حسێبی خەڵک، لە کۆتاییشدا ھەر سێ بژاردەکە یەک ھێڵ و ستراتیژیان پیادەکردووە. لە خۆرا نەبوو خۆپیشاندانەکانی تشرینی بەغدا هاتنەئاراوە و هەنووکەش توڕەییان دانەمرکاوەتەوە و لەئاگردانەکانی شەقامی عێراقیدا دەکوڵێت.
خەڵک هەقییەتی بپرسێت ڕۆڵی پەرلەمان و هەڵبژێردراوەکان چی بووە؟ کێشەساز یان چارەسازن؟ ئاخر لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، مەسەلەی دەستووریی ناوچەی دابڕێنراو، دۆسێی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران و هەدەردانی پارەدا، کامییان بە پەنجەمۆری پەرلەمانتار و نوێنەرانی ھەنگاوێک چووەتە پێشێ؟ ئیرادە سەرووپەرلەمانییەکان نەبێت! 


لە سیستەمە سیاسییەکاندا پەرلەمانتار و نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بۆ ئەوە ھەڵدەبژێردرێن لە تەنگانە و قەیرانی سیاسییدا، ھەنگاوێ ھەڵنێن و دەرچەیەکی چارە بدۆزنەوە، بەڵام لە عێراق و ھەرێمدا، ھەر کار گەیشتە قەیران ئیتر پەرلەمانتاران دەکەونەپەراوێزەوە و ئەوەی دەبێتە یاریزان کارەکتەرە نافەرمییەکان و بەرپرسانی حزب و حکومەتن لەسەر مێز دادەنیشن و ئەوان ڕوودەکەنە میدیاکان و دەنگەدەنگ نەبێت شتێکی دیکەیان لێ سەوز نابێت. تا ھەنووکە ھەڵبژاردن و پەرلەمان بەشێک نەبوون لە چارە ھێندەی بەشێکن لە کێشە و تاڕادەیەک ڕایەکی گشتیی باویش چەسپاوە کە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاندیدەوە تا سوێند و وازھێنان، مەسرەفێکی زیادەیە بۆ کۆمەڵگە و دەرچەیەکی باشی داھاتیشە بۆ کارەکتەرەکانی نێوی.

پێشینەیەکی خوارخێچ

بێزاربوون لە سندوقی دەنگدان و دەستەپاچەیی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، پێشینەی هەیە، لەگەڵ تەمەنی عێراقی نوێدا هەڵکشاوە، تۆ دیققەت بدە هەر لە سەرەتای پێکھێنانی عێراقەوە لە نێو سێ پاڵێوراودا کە ھەرسێکیان عێراقی بوون نەتوانرابێت پاشایەک دابنرێت و تا وای لێ بێت دەوڵەتی بەریتانیای ئەو سەردەمە پەنابەرێتە بەر بنەماڵەی شەریفی مەککە و مەلیک فەیسەڵ وەک کۆکەرەوەیەک لە دورگەی عەرەبییەوە بەقەرز بهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی عێراقێک کە ھیچ لایەکی بەویتر رازی نییە و کۆیناکاتەوە. (وەک ساڵانی ڕابردوو و کە قاسم سلێمانی و برێت مەکگۆرگ کۆی دەکردنەوە و بڕیاری بۆدەدان)
لە نێوخۆی عێراقدا ئەوەی ھێزەکان کۆدەکاتەوە نەگۆڕ و بنەمایەکی ھاوبەش نییە، ھەرلایە و دەیەوێت ئەجێندایەکی ناوچە یان هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە سنوری قەڵەمڕەوەییەکەی خۆی پیادەبکات، ئەمەش مێژووی ھاوچەرخی ئەم وڵاتەی کردووەتە مەیدانی ناجێگیری و ئاڵوگۆڕی نەرێنی بەسەر نەتەوە جیاوازەکانیدا.
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئەمڕۆی ئەم وڵاتە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتای پێکھێنانی عێراقی هاوچەرخ (لەلایەن بەریتانیاوە) لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و لە سەر میراتی دەوڵەتە ھەڵوەشاوەکەی عوسمانی و رێک لە ساڵی ١٩٢٠دا، ھاوکارێکی باشە بۆ پەیبردن بە ناتەباییە کەڵەکەبووەکانی مێژووی سیاسی ئەم وڵاتە.


عێراق تەنھا لە ساڵی ١٩٢٠ تا ١٩٣٠ کە ١٠ ساڵی یەکەمینی دانانی بەردی بناغەی ھاوچەرخێتیی بوو، بە ناجێگیری دەست پێدەکات، لەو ماوە کورتەدا ١٢ کابینەی وەزاری پێکھێنراوە و ھەڵوەشاوەتەوە، کە ھەریەک لە عەبدوڕەحمان نەقیب، عەبدولموحسین سەعدون، یاسین ھاشمی، جەعفەر عەسکەری، توفیق سویدی، ناجی سویدی و نوری سەعید پێکیان ھێناوە. چوار (٤) کابینەیان تەنھا لەلایەن عەبدولموحسین سەعدونەوە پێکھێنراون و بەھۆی نەیاری و ناجێگیری وڵاتەوە ھەڵوەشێنراونەتەوە، سەعدون لە کۆتاجاردا لە ساڵی ١٩٢٩ وەک گەشتنە نائومێدییەک بە ئایندەی خۆیی و وڵاتەکەی، بە دەمانچەکەی کەمەری خۆی دەکوژێت. 
لەبارەی خۆ کاندیدکردنیشەوە، وەنەبێت، دۆخەکە زۆر ساغڵەمتر بووبێت لە کابینە وەزارییەکان، لە ساڵانی چلەکاندا گەر یەکێک بیویستایە ببێتە پەرلەمانتار "نائیب"، ئەوە نەبوو بچێتە کێبەرکێی شەریفانە و بەدەستھێنانی دەنگی ھاوڵاتی، بەڵکو ئەوەندە بەس بوو کە لە نوری سەعید (جەمسەرێکی سیاسی) ئەو سەردەمەوە نزیک ببێتەوە، تا تەزکییەی چوونە پەرلەمانی بۆ بکات، گەر ئەویش بۆی نەکردایە، ئەوا (ھەر هەمان کەس) دەستبەجێ سیاسەت و ئەجێندای نوری سەعیدی جێدەھێشت (هی خۆی نا چونکە نەیبوو) و ڕووی لە ساڵح جەبر (جەمسەرێکی دیکەی سیاسیی سەردەم) دەکرد بۆ ئەوەی بیکاتە نائیب.
ئایا ئەم دۆخە نائاشنایە بە کاندیدانی ئەم سەردەمە؟ کەمن ئەوانەی ئەم پەتپەتێنە بووەتە پیشەیان؟


هاوپەیمانێتیی دژەدەوڵەتی
ڕاستە ھاوپەیمانێتیە پەرلەمانییەکان چ لە پێش و چ لەپاشی هەڵبژاردن، یارییەکی باشی سیاسیین و باشترن لە شەڕی نێوخۆ و ئەگەری باشیش بۆ مانەوەی حزبە بچووکەکان و کەسایەتی و پێکھاتەکانیش دەڕەخسێنێت (وەک ئەوەی لە ئیسرائیلدا ئەنجامدەدرێت). بەڵام لە عێراقی دوای ڕوخانی رژێمی بەعسدا ئەوەندەی ھاوپەیمانەکان کێشەبوون بۆ یەکتر و بۆ دەوڵەت و خەڵکیش، ئەوەندە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکان گرفت نەبوون بۆ حکومەتە نوێکان، بەنمونە تا ئەمڕۆش کێشە سەرەکییە ھەڵواسراوەکانی نێو هاوپەیمانێتی شیعەکان و نێوخۆی ماڵی کوردستانی تەگەرەبوون لەبەردەم ئەجێندای حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا و سەرەکیترین ھۆکاری ناجێگیری هەرێم و عێراق بوون هێندە نەیارەکانی وەک هاشمی و عەلاوی و ڕەغەد و تشرینییەکان (بۆ بەغدا) و نەوەی نوێ(بۆ هەولێر) کێشە نەبوون. 
بۆیە ساڵانی ڕابردووی ھاوپەیمانێتی ناکۆکەکان لە ژێر پەردەی تەوافوقدا، عێراقی نەگەیاندبێـتە کەنارێک ئەوا لەمڕۆدا ئەگەری پەشێوی سیاسی زیاتر لە ئارادایە و لە دەرئەنجامی فشەڵی ھاوپەیمانێتییەکان و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بێتە ئاراوە، کە دوور نییە ئاواتی خەڵک لەمیانەی نائومێدییەوە لە هاوپەیمانە ‌هەلبژێردراوەکان، پشتکردن بێت لەهەڵبژاردن و ڕووکردنەوە بێت لە تاکڕەویی و وەهمی فریادڕەسی، وەک چۆن لە ١٩٥٨دا پاش ئەو ئەزموونە زۆرەی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەردەمی پاشایەتی، خەڵک پشتی لە دەنگی خۆی کرد و ڕووی کردە دەستێکی ئاسنین و تفەنگێکی سوور.  
ناکۆکەکان لە عێراقی ئەمڕۆدا لە ڕوخساردا وادەردەکەون کە بوونەتە ھاوپەیمان و رێککەوتوون لەسەر بنەمایەکی ھاوبەشی عێراقی، بەڵام گەر لە پێکھاتە و کردارە پراکتیکییەکانی ئەم ھێزانە وردبینەوە، دەردەکەوێت کە نەھاوپەیمانێتی راستەقینە لە ئارادایە و نە ئەوانیش دەتوانن ئەجێندایەکی مرۆڤ-تەوەری و دیموکراسییانە بۆ ھەمووان پیادە بکەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand