Draw Media

هاوپەیمانێتی یەكێتی‌و گۆڕان.. لە قازانجی كێدایە؟

هاوپەیمانێتی یەكێتی‌و گۆڕان.. لە قازانجی كێدایە؟

2021-05-02 20:29:02


راپۆرتی: درەو

گۆڕان دوو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی هەیە كە یەكێكیان بە مردوویی لەدایكبوو، ئەوی تر بە نیوەناچڵی جێبەجێكرا، ئێستا رێككەوتنی سێیەمی ئیمزاكردووە كە دروستكردنی هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، یەكێتی‌و گۆڕان چ سودێك لە یەكتر دەبینن ؟ هاوپەیمانی یەكێتی‌و گۆڕان دەتوانێت ببێت بە بەدیلی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا ؟ 

یەكێتی‌و گۆڕان.. رێككەوتنێكی نوێ
یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی نوێیان كرد‌و بڕیاریاندا هەردووكیان پێكەوە لەژێر ناوی "هاوپەیمانی كوردستان" بچنە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات.
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009، ئەمە سێیەمین رێككەوتنی سیاسییە كە لەگەڵ یەكێتی ئیمزای دەكات.
دوای چەند هەفتەیەك لە گفتۆگو دور لە چاوی كامێراكان، یەكێتی و گۆڕان تەنیا ئەوەیان بۆ رایگشتی دركاندووە كە هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن كردووە، ئەمەش لە كاتێكی درەنگ وەختدا، تا ئەو ڕادەی میدیای هەردوو حزب تەنانەت ناوی هاوپەیمانێتییەكەشیان بڵاونەكردەوە تا ئەوكاتەی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركرا.
تائێستا وردەكاری رێككەتنەكە نازانرێت، ئایا ئەمە رێككەوتنە تەنیا بۆ هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكانە لەسەر ئاستی بازنەكانی هەڵبژاردن؟ یاخود رێككەوتنێكی سیاسییەو بۆ دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت و هەردوولا لەسەر ئاستی عێراق بەتەواوەتی روانگەی خۆیان یەكخستووە ؟ 
لەناو یەكێتی ناڕەزایەتی لەبارەی رێككەوتنەكە هەیە، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری رێككەوتنەكە نین و لە دانانی كاندیدەكاندا هەولێر لەبەرچاو نەگیراوە، مەلا بەختیار رێككەوتنەكە بە رێككەوتنێكی "ناچاریی" ناودەبات كە هەردوولا بەهۆی لاوازبوونی پێگەی جەماوەرییانەوە پەنایان بۆ بردووە، بە كورتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ئەندازیاری رێككەوتنەكەن كە هەردووكیان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە چاویان لە گەڕاندنەوەی گۆڕانە بۆ ناو یەكێتی.

لەبارەی رێككەوتنەكەوە
لەسەرەتای بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بیرۆكەی دروستكردنی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)یان لاپەسەند بوو، هەندێك كاریشیان كرد بۆ دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن. 
كاتێك یەكێتی‌و پارتی بڕیاریاندا بە جیا بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، بزوتنەوەی گۆڕان كەوتە بەردەم چوار سیناریۆ:
•    بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە
•    لەگەڵ پارتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە
•    لەگەڵ یەكێتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە
•    لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە
لەناو ئەم چوار سیناریۆیەدا، بزوتنەوەی گۆڕان كلیكی لەسەر هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی كرد، چونكە هیچ یەكێك لە بژاردەكانی تر گرەنتی ئەو ژمارە كورسییەیان بۆ نەدەكرد كە گۆڕان داوای دەكرد.
هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ هاوپەیمانێتی رەنگە بژاردەیەكی ناچاریی بوبێت بۆ گۆڕان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە‌و رەنگە ئەم نزیكبونەوەیە لە یەكێتی دواجار زیان بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بگەیەنێت، بەڵام دەكرێت بەلایەكی تردا رێككەوتنەكە بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزێكەوە كە جارێك پارتی دژی یەكێتی‌و جارێكی تر یەكێتی دژی پارتی بەكاری بهێنێت، بكات بە هێزێك كە ئەو، پارتی‌و یەكێتی دژی یەكتر بەكاربهێنێت.
لەبەرامبەردا هاوپەیمانێتییەكە بۆ یەكێتی ئەو سودەی دەبێت كە بتوانێت جارێكی تر كورسییەكانی زۆنەكەی خۆی لە یەك سەبەتەدا كۆبكاتەوە‌و بخاتە ناو ململانێی سیاسی دوای هەڵبژاردن‌و دابەشكردنی كێكی دەسەڵات لە بەغداد. 
ساڵی 2018 كاتێك حكومەتی نوێ لە عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێكهات، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، بەڵام پارتی هیچ پۆستێكی وزاری لە عێراق بە بزوتنەوەی گۆڕان نەدا، ئەمە گۆڕانی نیگەران كرد، هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی رەنگە لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەندێك پۆست لە بەغداد بۆ گۆڕان زامن بكات.
سەرباری ئەمانە، بەگشتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، چانسی مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هاوكێشەی عێراقدا زامن دەكاتەوە، ئەم رێككەوتنە گۆڕانی بردە ناو بەرەیەكی نوێ لە عێراق كە دەوترێت ئێرانییەكان كار بۆ زیندوكردنەوەی دەكەن لەناو گەمەی سیاسی دوای هەڵبژاردندا. 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەرەنجامی هەڵبژاردنی "شۆڕشی ئۆكتۆبەر"ی 2019ی عێراق بوو، كە خۆپیشاندانەكان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، ئەمریكا پاڵپشتی ئەم خۆپیشاندانانەی كرد بەو ئومێدەی كۆتایی بە حوكمی هێزە نەریتییەكانی نزیك لە ئێران بهێنێت، ئێرانییەكانیش دژی وەستانەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گەڕی كۆتایی ئەم ناكۆكیەیە لەنێوان ئێران‌و ئەمریكا سەبارەت بە چارەنوسی عێراق. 
ئەمریكییەكان چاویان لەوەیە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەرفەت بۆ هاتنە پێشەوەی كەسانی سیاسی نوێ خۆش بكات، كەسانێك كە بتوانرێت لە داهاتوودا جڵەوی عێراقیان بدرێتە دەست، ئێرانییەكانیش دەیانەوێت ئەو پەیامە بە واشنتۆن بدەن كە سەرباری دروستبوونی ناڕەزایەتی شەقام لەدژیان، هێشتا لایەنە سیاسییە نەریتییەكان پێگەیان لەعێراقدا هەیە، ئەو لایەنانەی كە لەسەردەمی خەبات دژی سەددانەوە دۆستایەتی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە. 
پارتی گرەو لەسەر سەركەوتنی سەدرییەكان دەكات، یەكێتیش چاوی لە عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی‌و لایەنە شیعەكانی ترە‌و لەناو سوننەكانیش چاوەڕێی سەركەوتنی حەلبوسی دەكات لەبەرامبەر رەوتەكەی ئوسامە نوجێفی‌و هاوپەیمانەكانی. 
دوای هەڵبژاردن‌و لەكاتی دروستكردنی كوتلەی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت، رەنگە هاوپەیمانێتی یەكێتی‌و گۆڕان بكەوێتە بەرامبەر پارتی‌و ئەمەش لێكەوت لەسەر پێگەی گۆڕان لەناو حكومەتی هەرێم بەجێبهێڵێت.

مێژووی رێككەوتنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان
ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوە‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیە‌و مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن.
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتی‌و هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە‌و گۆڕان لەبری نەیارێتی دەیەوێت دۆستایەتی‌و رێككەوتنی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیشدا هەبێت.
سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەری‌و هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد.
دوای نزیكەی حەوت ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە‌و لە هەر گفتوگۆیەكدا لەگەڵ یەكێتی، بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان باسی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكەن.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی "دەباشان" ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە.
ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتیدا دوو رێككەوتنی فەرمی هەیە، رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە وادەی فەرمییەكەی كۆتایی هاتووە‌و پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە، لەگەڵ رێككەوتنی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە یەك هاوپەیمانێتی.
مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون:
•    نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی.
•    بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە.
•    نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا.
•    نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان.
•    هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا.
•    یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand