Draw Media

لایەنە كورديەكان بە جیا دەچێنە هەڵبژاردنی كەركوكەوە

لایەنە كورديەكان بە جیا دەچێنە هەڵبژاردنی كەركوكەوە

2021-04-28 20:49:38


درەو:
كورد بەجیا دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنی  كەركوكەوە، یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ و سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتكێشان بە جیا كاندیدی خۆیان یەكلاكردووەتەوەو یەكگرتوو و كۆمەڵ، لە گەڵ یەكێتی رێككەوتوون و  كاندیدیان لە كەركوك نابێت، بەشێك لە كاندیدی حزبەكان یەكلاكراونەتەوەو پێش وادەی كۆتایی ناو تۆماركردن كاندیدەكانیان پێشكەش دەكەن

كۆبونەوەی رێكنەكەوتن
ئەمڕۆ نوێنەری لایەنە كوردیەكان لە مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك كۆبونەوە، پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق گفتوگۆی لەسەر كراوە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەدا هەریەك لە ( یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری) رایانگەیاندووە كە ئەوان كاندیدیان نابێت لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كۆمەڵ و یەكگرتوو جۆرێك لە تەنسیق و رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەیە لە پارێزگاكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.     
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای كەركوك كە خاوەنی (12) كورسی پەرلەمانە، دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانی هەڵبژاردن دوو جۆر ململانێی دروستكردووە، ململانێیەك لەنێوان پێكهاتەكان‌و ململانێیەك لەناو هەر پێكهاتەیەكدا، لایەنە كوردیەكان چاویان لە كۆی كورسیەكانی بازنەی (1)ی كەركوك كە (5) كورسی لەو بازنەیەدا هەیەو بازنەی (2) كە چوار كورسی هەیە، كورد چاوی لە (2) كورسی ئەو بازنەیەشە، بەڵام كورد بە كاندید و لیستی جیا بەشداری دەكات لەو بازنانەدا.  

كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای كەركوك (6) كورسی بەدەستهێناو (177 هەزارو 920) دەنگی هەبوو لە ئێستاداد ەیەوێت پارێزگاری لە دەنگو كورسیەكانی بكات زۆرترین تەركیزی لەسەر دوو بازنەیە بازنەی (1 ) كە (5) كورسیەو بازنەی (2) كە (4) كورسیە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی لە پارێزگای كەركوك بە ڵێنیداوە پەرلەمانتارانی كاندید نەكاتەوە جگە لە ئاڵا تاڵەبانی.
تا ئێستا ناوی بە شێك لە كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك:
لە بازنەی (1) 
•    ئاڵا تاڵەبانی
•    د. شیلان هاوسەری ستران عەبدوڵا
•    شێخ حەسیب
•    د. بورهان 
•    هۆشمەند
لە بازنەی (2) یەكێتی پشتیوانی لە بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكان و كاندی كاكەییەكان دەكات.

پارتی لە كەركوك
لە هەڵبژاردنی پێشوودا پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری نەكردوو بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكات.
لە بازنەی (1) 
•    شاخەوان عەبدوڵا ( بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوی لەوەیە بكرێتە جێگری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆیە پێدەچێت بكشێتەوە)
•    شێرزاد رەشید بەرێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك
•    لیوا ئەحمەد سابیر لیوای خانەنشین
•    د. درەخشان 
نەوەی نوێ:
لە پارێزگای كەركوك جولانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی جیا بەشداری دەكات و لە بازنەی (1) كاندیدی هەیە.
لە هەڵبژاردنی رابردوودا جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا‌وە
كاكەییەكان
بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاكەییەكان شەش كاندیدیان هەیە بە تایبەت بۆ بازنەی (2) كە قەزای داقوق و ناوچەكانی دەورەبەرێتی و زۆرترین ژمانرەی دانیشتوانی كاكەیی تێدا نیشتەجێیە.

لە بزوتنەوەی گۆڕانیش ناوی دوو كەسێك دەهێنرێت ( وریا ناوێك + د. محەمەد ) كو لە كەركوك گۆڕأن یەك كاندیدی دەبێت 

بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە شاری كەركوك بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری دەكات :
-    لە بازنەی دوو ( حسێن شێخانی) كاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامیە

حزبی سۆسیالیست:
حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە لیستی جیا لە كەركوك بەشداری دەكات بۆ هەر دوو بارزنەی ( 1 + 2) دوو كاندیدی هەیە. 
لە هەڵبژاردنی رابردودا حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا‌وە
هاوپەیمانی نیشتمانی لە شاری كەركوك كاندیدێكی بەناوی مامۆستا سەلام هەیە. 

كەركوك لەدواین هەڵبژاردندا  
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو،  لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، بەبێ پارتی ئەنجامی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بوو: 
لە كۆی (12) كورسی‌و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر: 
* یەكێتی نیشتیمانی: (6) كورسی‌و ( 177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا
* هاوپەیمانی عەرەبی: (3) كورسی‌و (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا
* بەرەی توركمانی: (3) كورسی‌و (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا
* لیستی نیشتیمانی كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە
* جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە
* حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە
* یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (4 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە

 

بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك
بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كەركوك دابەشكراوە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: 


بازنەی یەكەم: رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك   
ئەمە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە كۆتا ژن دەیبات. 
ئەم بازنەیە، دەنگدەرانی خۆرهەڵاتی شاری كەركوك دەگرێتەوە، كە زۆرینەیان كوردن‌و بریتییە لە ناوچەكانی (رەحیماوە، عەرەفە، شۆریجە، موسەڵا، ئیسكان، بەشێكی قۆرییە، قادسیەی یەك‌، حورییە، پردێ، دوبز، لەیلان).
كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی ئەم بازنەیە بباتەوە، چونكەی زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە ناوچەیە كوردن، بۆ زانینی ئاستی پێگەی جەماوەریی لایەنە كوردییەكان لەم بازنەیەدا، پەنا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014دا دەبەین‌و ئەنجامی دواین هەڵبژاردن وەرناگرین كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بەوپێیەی ئەو هەڵبژاردنە بەتێكڕا لەسەر ئاستی عێراق گومانی ساختەكاری گەورەی لەسەر دانرا. 
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2014، لەم بازنەیەدا دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەمشێوەیە بووە: 
•    كورد: 215 هەزار دەنگ
•    عەرەب: 16 هەزار دەنگ
•    توركمان: 10 هەزار دەنگ


 
بازنەی دووەم: قەزای ناوەند/ ناوەڕاستی شاری كەركوك    
ئەم بازنەیە بە دووەم گەورە بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دادەنرێت، (4) كورسی پەرلەمانی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (3) كورسی پیاو دەیبات‌و كورسییەكەی تریش بەشێوەی "كۆتا" بۆ ژنێك دەبێت. 
ئەم بازنەیە ناوچەكانی (تسعین یەك‌و دوو، داقوق، قۆریە - ئەڵماس‌، رێگای بەغدا، واستی، قادسیەی 2، تازە- رشاد 1، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز 3و یایچی) دەگرێتەوە، زۆربەی ململانێیەكانی لیستەكان لەسەر ئەم بازنەیەیە، بەوپێیەی توركمان ئەم بازنەیە بە پێگەی بەهێزی خۆی دەزانێت‌و چاوی لەوەیە زۆرینەی كورسییەكانی بازنەكە ببات، ئەمە لەكاتێكدایە پێكهاتەی عەرەب چاوی لە كورسییەكی ئەم بازنەیەیەو كوردیش دەیەوێت كورسییەك بۆ دوو كورسی بازنەكە ببات. 
لە هەڵبژاردنی 2014دا، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنە پڕكێشمەكێشە بەمشێوەیە بووە:
دەنگی كورد: 71 هەزار دەنگ
•    عەرەب: 47 هەزار دەنگ 
•    توركمان: 79 هەزار دەنگ

بازنەی سێیەم: حەویجەو ریاز   
ئەم بازنەیە بچوكترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك‌و (3) كورسی بەردەكەوێت‌و یەكێكیان بۆ "كۆتا"ی ژنانە.
ئەم بازنەیە زیاتر باشورو باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك دەگرێتەوەو پێكهاتووە لە (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسی‌و زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە).
ئەم بازنەیە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبەو لایەنە عەرەبییەكان دەیانەوێت هەر سێ كورسییەكەی بازنەكە ببەن. 
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2014، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنەیەدا بەمشێوەیە بووە: 
•    كورد: 40 هەزار دەنگ
•    عەرەب: 90 هەزار دەنگ
•    توركمان: 3 هەزار دەنگ

 

 

 


     

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand