بافڵ تاڵەبانی چۆن بڕیاریدا؟
2021-11-03 06:38:11
(درەو):
ھاوسەرۆکێک بە ئیمزایەک ھاوسەرۆکەکەی تری لە حزب دەرکردووە، ئەمە چۆن رویدا ؟ لیژنەکە کێن ؟ پەیڕوییە یان نا ؟
دوێنی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بڕیاری دەركردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی و سێ ئەندامی سەركردایەتی دەركرد و بڕیاری هەڵپەساردنی بۆ ئاراس شێخ جەنگی دەركرد.
بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی پاڵپشت بە دەسەڵاتێک کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێی داوە بڕیاری دەکردنی ھاوسەرۆکەکەی تری لە یەکێتی دەرکردووە.
لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزو تەقێنەوەی ناکۆکی نێوان ھاوسەرۆکەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە ژمارەی ئەندامەکانی (١٢٤) کەسە کۆنەبوەتەوە، بەڵام بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی بە جیا جیاو لەسەر ئاستی ناوچەکان کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی یەکێتیدا کرد (سەركردایەتی كەركوك، سەركردایەتی هەولێر، سەركردایەتی سلێمانی)، ئەنجامی ئەم کۆبونەوانە بووەھۆی ئەوەی رۆژی ٢٥ ی ئۆکتۆبەر، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیارێک دەربکات بە ژمارەی (٣١١).
بڕیاری ٣١١ چییە ؟
لە سێ کۆبونەوەی جیاجیای بافڵ تاڵەبانیدا لەگەڵ سەرکردایەتی (کەرکوک- ھەولێر- سلێمانی)دا، بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی پێکبھێنرێت.
لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە، لیژنەکە بەمشێوەیە دروستکراوە:
- بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی
- رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتی
- شاڵاو عەلی عەسكەری بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی
- ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتی
- شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی.
پەیامەکەو بڕیارەکە
کاتژمێر حەوتی ئێوارەی دوێنێ لاھور شێخ جەنگی پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی کێشەکانی یەکێتی بڵاوکردەوە، تێیدا داوای کرد ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیار لەسەر کێشەکان بدات.
ھەندێک لە سەرجاوەکان لەناو یەکێتییەوە دەڵێن دوای ئەو وتارەی لاھور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی کۆبونەوەی بە لیژنەکە کردووەو فەرمانی دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە حزب دەرکردووە، ھەندێکی تر دەڵێن پێشتر لاهور شێخ جەنگی زانیویەتی لیژنەكە ئەو بڕیارەیان دەركردووە، بۆیە ئەو پەیامەی راگەیاند تا رێگری بكات لە جێبەجێكردنی، بەڵام لە دوای پەیامەكەوە ئیتر بڕیارەكان چووە بواری جێبەجێكردووە.
شەرعییە یان ناشەرعی ؟
بڕیاری دەرکردنی ھاوسەرۆکێک لە حیزب لەلایەن ھاوسەرۆکێکی ترەوە، یەکێتی دابەشکردووە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا، هەندێكیان پێیان وایە بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی، ھەندێکی تر دەڵێن نا پەیڕەویە:
یەكەم: پەیڕەویە
ئەوانەی پێیانوایە بڕیارەکە پەیڕەوییە، دەلێن
بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لە كۆبونەوە ناوچەییەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا تەواوی دەسەڵات بە بافڵ تاڵەبانی دراوەو لیژنەیەک دراوە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی یەكێتی، بڕیارەكە لەو سۆنگەیەوە هاتووە ناوخۆی یەكێتی روبەرووی مەترسی بووەتەوە بۆیە دەبێت هاوسەرۆك بڕیار بدات، ئەو كەسانە نەك پاڵپشتی یەكێتیان نەكردووە لە هەڵبژاردندا بەڵكو داوایانكردووە یەكێتیەكان دەنگ بە لایەنەكانی تر بدەن.
دووەم: نا پەیڕەویە
ئەوانەی پێیانوایە نا پەیڕەوییە دەڵێن هاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی یەكێتین و تەنیا كۆنگرە دەتوانێت ئەو مافەیان لێبسەنێتەوە، سەبارەت بە هاوسەرۆكیش بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە هاوسەرۆك
لە مادەی (15)ی ئەركو دەسەڵاتەكاندا هاتووە:
لەسەر داوای (51) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لێسەندنەوەی متمانەی هاوسەرۆك دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنەوە.
واتا تەنیا دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنەوە نەك لێسەندنەوەی متمانە یان دوورخستنەوەی.
بە پێی مادەی (16) لێسەندنەوەی متمانە و دەست لەكاركێشانەوەی هاوسەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و گۆڕنینیان لە رێژەی (2/3)ی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت واتا لە كۆی (124) ئەندام پێویستی بە دەنگی (83) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت.
هەر بەپێی بڕگەی (ب) لە خاڵی دووەمی مادەی (36)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ئەگەر هەردوو هاوسەرۆك یان یەكێكیان پابەند نەبوون بە ئەرك و دەسەڵاتەكانەوە ئەوا بەدەنگی (2/3)ی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن متمانەی لێوەردەگیرێتەوە