Draw Media

شیوعی كۆنگرە دەكات.. كاوە مەحمود خۆی بۆ سكرتێری هەڵدەبژێرێتەوە

شیوعی كۆنگرە دەكات.. كاوە مەحمود خۆی بۆ سكرتێری هەڵدەبژێرێتەوە

2021-10-27 19:26:51


(درەو): 
حزبی شیوعی كۆنگرە دەكات، بڕیارە كاوە مەحمود جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سكرتێری حزبەكە هەڵبژێرێتەوە، ئەگەری كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی لە ئارادایە. 
دوای ساڵێك دواكەوتن لەوادەی دیاریكراوی خۆی، حزبی شیوعی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێرەوە كارەكانی كۆنگرەی (حەوتەم)ی خۆی دەستپێكرد. 
بەرپرسانی حزبی شیوعی دەڵێن بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆنگرەكەیان لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە. 
بڕیارە كۆنگرەكە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی شیوعی، سكرتێری حزب لە كۆمیتەی ناوەندی (سەركردایەتی) هەڵدەبژێردێت، واتە راستەوخۆ لەلایەن كۆنگرەوە دەنگی پێنادرێت. 
ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی كۆنگرەو بە دوو خولی دەنگدان هەڵدەبژێردرێن.
ئێستا ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان (25) ئەندامە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لەناو كۆنگرەدا بۆچونێك هەیە ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بۆ (21) ئەندام كەمبكرێتەوە، سەرباری ئەمە قسەوباس هەیە لەبارەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سكرتێر‌و هەندێك داوا دەكەن راستەوخۆ لەناو كۆنگرە هەڵبژێردێت. 
ئەگەر پەیڕەوی ناوخۆی وەكو خۆی بمێنێتەوە‌و هەموار نەكرێتەوە، واتە سكرتێر لە كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرێت، دەبێت ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی سكرتێری حزب كاندید دەكات، رێژەی 50+1ی دەنگی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بەدەست بهێنێت. 
لەم كۆنگرەیەی حزبی شیوعی كوردستاندا بڕیار لەبارەی چەند بابەتێكی تایبەت بە ناوخۆی حزب بدرێت، لەوانە پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەكان‌و پرسی دروستكردنی بەرەی چەپ لە كوردستان‌و كاری پێكەوەیی. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كاوە مەحمود دەیەوێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سكرتێری حزبی شیوعی كاندید بكاتەوە، بەڵام دیار نییە ئایا ركابەرەكانی لەسەر ئەم پۆستە كێ دەبن. 
كاوە مەحمود ماوەی یەك خول سكرتێری حزبی شیوعی بووە، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی كۆنگرەوە، خولەكەی لە چوار ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ درێژبووەوە. 

حزبی شیوعی‌و كۆنگرە
دوای سەربەخۆبوون‌و جیابونەوەی تەواوەتی لە حزبی شیوعی عێراق، ئەم حزبە ساڵی 1993 دامەزرا، یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە 30ی حوزەیرانی 1993دا بەست، لەدوای دروستبونییەوە چوار سكرتێری گۆڕیوە. 
دواین كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان (كۆنگرەی شەشەم) كۆتاییەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2016 بەڕێوەچوو، واتە بەر لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەم كۆنگرەیە لەژێر ناونیشانی " لە پێناو دادكۆكیكردن لە بژێوی ژیانی هاوڵاتییان و بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و بڕیاری چارەنووس تێدەكۆشین" بەڕێوەچوو، دوای ئەم كۆنگرەیە حزبی شیوعی كوردستان یەكێك لەو حزبانە بوو كە پاڵپشتی لە ریفراندۆم كرد. 
لە كۆنگرەی شەشەمدا (200) كەس وەكو ئەندامی كۆنگرە بەشدارییان كرد، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا (175) ئەندام بەشدارن. 
 حزبی شیوعی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەشداری نەكرد‌و ئێستا بە یەك پەرلەمانتارەوە لە پەرلەمانی كوردستان ئۆپۆزسیۆنە. 
ئەم حزبە بە دوو كاندید بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی كرد كە رۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، كاندیدێك لە موسڵ‌و كاندیدێكی سەربەخۆ لە هەولێر لەسەر پشكی "كۆتا"ی مەسیحییەكان، كاندیدەكەی موسڵ دەرنەچوو، بەڵام كاندیدە سەربەخۆكەی هەولێر سەركەوت بۆ پەرلەمان. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand