داهاتی سلێمانی لە پێشو پاش 8ی تەموزەوە
2021-11-01 15:24:21
راپۆرت: درەو
بەبەراورد بە پێش رووداوەكانی (8ی تەموز)ی ناوخۆی یەكێتی، داهاتی گومرگ لە سنوری سلێمانی (19%) كەمیكردووە، داهاتی باجیش بەرێژەی (13%) دابەزیوە.
دیسان كێشەی داهاتەكانی سلێمانی !
چەند رۆژێكە پرسی كەمبونەوەی داهاتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی گەرم بووەتەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی دووجار لێدوانی داوەو دەڵێ " كێشەی كەمی پارەی نەختێنە (سیولە) لە سلێمانی هەیە، لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیانو ڕاپەڕین وەكو پێویست داهاتی باج كۆناكرێتەوە، ئەمە هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچەیە بەسەر فەرمانبەرانو بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان".
بەر لە رووداوەكانی (8)ی تەموزی ئەمساڵی ناوخۆی یەكێتی وەكو هێزی دەسەڵاتداری سنوری سلێمانی، بەرپرسانی پارتی چەندجارێك باسیان لەوەكرد، كە یەكێتی داهاتی سنوری سلێمانی بەتەواوەتی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، ئەوكات بەدیاریكراوی شەڕەكەیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، پێیان وابوو ئەو رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی داهاتەكان، بەڵام قسەوباسەكانی ئێستا جیاوازن، چونكە لاهور شێخ جەنگی ئێستا دەسەڵاتی لەناو یەكێتیدا نەماوەو كۆنترۆڵی سنورەكە لەدەستی كوڕانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی (بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی)دایە.
داهات پێشو پاش 8ی تەموز
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەراتی باجەكانو خانوبەرەی میریی هەرێمی كوردستان، كۆی داهاتی باجو دەرامەتی هەرێمی كوردستان بەبێ (گومرگ)، لەماوەی (10) مانگی ئەمساڵدا بڕەكەی (657 ملیارو 14 ملیۆن) دینار بووە، كە بەمشێوەیە دەستكەوتووە:
• هەولێر: (343 ملیارو 928 ملیۆن) دینار، كە رێژەی (52%)ی كۆی گشتی داهاتی باجو خانوبەرە پێكدەهێنێت
• سلێمانی: (164 ملیارو 918 ملیۆن) دینار، بەرێژەی (25%)
• دهۆك: (148 ملیارو 168 ملیۆن) دینار بەرێژەی (23%)
ئەم داتایانە دەریدەخات بەگشتی داهاتی باج لە سنوری سلێمانی بەبەراورد بە هەولێر كەمیكردووە.
لە مانگی تەموزدا كە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی) تەقییەوەو لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكی رادەست كرد، كۆی داهاتی هەرێم لەم مانگەدا (68 ملیارو 106 ملیۆن) دینار بووە، داهاتی سلێمانی لەم مانگەدا كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بڕەكەی (18 ملیارو 214 ملیۆن) دینار بووە كە رێژەی (27%)ی كۆی داهاتی باجی هەرێمی كوردستانی پێكهێناوە، بەڵام مانگی رابردوو واتە مانگی ئۆكتۆبەر كە سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزدا، كۆی گشتی داهاتی باج لە هەرێمی كوردستان (63 ملیارو 848 ملیۆن) دینار بووەو لەم رێژەیە بڕی (13 ملیارو 355 ملیۆن) دیناری لە سنوری پارێزگای سلێمانی كۆكراوەتەوە كە رێژەی (21%) كۆی داهاتی باجی لە هەرێم پێكهێناوە.
واتە بەبەراورد بە پێش رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتی، داهاتی باج لەسنوری سلێمانی لەدوای رووداوەكانەوە بەگشتی بەرێژەی (6%) كەمیكردووە.
لیستی داهاتی باج لە سلێمانی لەپێشو پاش 8ی تەموز
• لە مانگی حوزەیران (6): (16 ملیارو 471 ملیۆن) دینار
• لە مانگی تەموز (7): (18 ملیارو 214 ملیۆن) دینار
• لە مانگی ئاب (8): (14 ملیارو 790 ملیۆن) دینار
• لە مانگی ئەیلول (9): (17 ملیارو 76 ملیۆن) دینار
• لە مانگی تشرینی یەكەم (10): (13 ملیارو 355 ملیۆن) دینار
بەراوردكردنی داهاتی باج لە سلێمانی مانگێك پێش رووداوەكانی (8ی تەموز)و مانگێك دوای رووداوەكانی (8ی تەموز) دەریدەخات دوای رووداوەكانی (8ی تەموز) داهات كەمیكردووە.
لە مانگی حوزەیراندا كە هێشتا رووداوەكانی (8ی تەموز) رویان نەداوە، داهاتی باج لە سلێمانی زیاتر لە (16 ملیار) دینار بووە، بەڵام لەمانگی ئابدا كە دەكەوێتە دوای رووداوەكانی (8ی تەموز) داهات بۆ (14 ملیار) دینار كەمیكردووە، جیاوازی داهاتی باج لەنێوان مانگێك پێش 8ی تەموزو مانگێكی دواتریدا، رێژەكەی (13%)ە.
داهاتی گومرگەكان پێشو پاش 8ی تەموز
بەهەمان شێوەی داهاتی باج، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) داهاتی گومرگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی لەدوای رووداوەكانی (8ی تەموز)ەوە كەمیكردووە.
داهاتی گومرگی باشماخ
• مانگی یەك: (22 ملیار 855 ملیۆن) دینار
• مانگی سێ: (22 ملیارو 47 ملیۆن) دینار
• مانگی (نۆ): (17 ملیار و 150 ملیۆن) دینار
• مانگی (10): (18 ملیارو 728 ملیۆن) دینار
بە بەراورد بە مانگی یەكی ئەمساڵ، مانگی رابردوو داهاتی گومرگی باشماخ بەرێژەی (19%) كەمیكردووە.
گومرگی پەروێزخان
• مانگی یەك: (22 ملیار 797 ملیۆن) دینار
• مانگی سێ: (21 ملیارو 612 ملیۆن) دینار
• مانگی (نۆ): (16 ملیار) دینار
• مانگی (10): (14 ملیار) دینار
بەبەراورد بە مانگی یەكی ئەمساڵ، داهاتی مانگی گومرگی پەروێزخان بەرێژەی (39%) كەمیكردووە، ئەم گومرگە ماوەی هەفتەیەكە توشی قەیران بووە، شۆفێرەكان مانیان گرتووە، بەگوێرەی زانیارییەكان ژمارەی بارەكان لەم گومرگە لە (هەزار) باری رۆژانەوە بۆ (250) بار كەمیكردووە، بەرپرسانی گومرگەكە دەڵێن كەمی باج لە مەرزی مونزریە كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدایە، وایكردووە بازرگانەكان لەو مەرزەوە كاڵاكانیان بگوازنەوەو ئەمەش وایكردووە داهاتی پەروێزخان كەم بكات، بەم هۆیەوە (درەو) داهاتی ئەم گومرگەی وەكو پێوەر وەرنەگرت.