کێشە ھەرە بنەڕەتییەکەی ھەرێم

Draw Media

2021-10-31 11:16:50



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

با لە سەرەتایەکی زۆر سادەوە دەستپێبکەین: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سیاسیی وەڵامی سیاسیی پێویستە نەک وەڵامی ئیستاتیکیی و ئەخلاقیی. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی وەڵامی کۆمەڵایەتیی سیاسیی پێویستە، نەک وەڵامی ھونەریی و ئەدەبیی. گەندەڵبوونی سیاسەت بە سیاسەتێکی ناگەندەڵ وەڵامدەدرێتەوە نەک بە نەسیحەت و ئامۆژگاریکردن. گۆڕانی ئابوریی وڵتێکیش بۆ ئابوریی جەردەیی، بە دروستکردنی ئابورییەکی ناجەردەیی چاکدەکرێت، نەک بە کڕینی ئەم یان ئەو ھێزی ئۆپۆزیسیۆن و ڕەخنەیی ناوکۆمەڵگاکە. بێگومان لە نێوان ئەو دیاردانەدا پەیوەندیی ناوەکیی ھەمەجۆر و فرەجەمسەر لە ئارادایە، ئابوریی و سیاسەت و دۆخی کۆمەڵایەتیی و پێگەی ئابوریی شتگەلێکی بێپەیوەندیی و لێکدابڕاون نین، بە شێواز و میکانیزمی جیاواز بەیەکتریەوە گرێدراون و بەسەریەکەوە کۆیەکی ئاڵۆز دروستدەکەن. بەڵام ئەوەی پێویستە لێی بە ئاگابین ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە ھەموو کۆمەڵگایەک، کایە وئاست و پێگە و ناوەند و ڕەھەندی جیاوازیی تێدایە و کێشەکانی ناو ھەر یەکێک لەو کایانە بەپێی پێداویستییە ناوەکییەکانی کایەکە و چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییانەی ئەو کایەیە لەگەڵ کایەکانی تردا دروستیدەکات، چارەسەردەبێت.  ھەموو کۆمەڵگایەکیش کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتیی و ستراتیژیی ھەیە و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدا و ڕیسکی تایبەتیش بووەتەوە کە لە کۆمەڵگاکانی تری جیادەکاتەوە، یان لانیکەم تایبەتمەندییەکی تایبەتی پێدەبەخشێت.    
بە بۆچوونی من کێشە ھەرە سەرەکیی و ھەرە ستراتیژیەکەی دونیای ئێمە کێشەی چۆنیەتی دروستکردن و ڕێکخستنی کایەی سیاسەتە، سیاسەت وەک بڕیار و وەک ھەڵسوکەوت. و سیاسەتمەداریش وەک بکەری ناو ئەو کایەیە. ئێمە دەزانین بکەرە سەرەکییەکانی ناو کایەی سیاسی لە ھەرێمدا، ئەوانەی بە کایەکە لۆژیکێکی تایبەتی ڕێکخستن و کارکردن دەبەخشن، چەند بازنەیەکی سیاسیی داخراون کە کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سوڵتانی دەگرنەخۆیان. ئەو ناوکە ڕەقانەن کە دونیای دەرەوەی خۆشیانیان ڕەق کردوە و کایەکانی تریشیان لەسەر بنەمای ئەو ڕەقبوونە داڕشتۆتەوە. بەشێکی زۆری کێشەکانی ناو ھەرێم، چ لە ئاستی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و میدیاییدا و چ لە ئاستی کرانەوە یان داخرانی ئاسۆکانی بەرەوپێشچوون، چ لە بڕ و ڕادەی ئامادەگیی ئومێد و نائومێدبووندا، لەناو ئەو بازانە سیاسییە داخراوانەوە دێن و بەناو کۆمەڵگاکەدا بڵاودەبنەوە. 


جوڵەی پەکخستن و تێکدانی دەزگاکان و کردەکان و پەیوەندییەکان، جوڵەیەکی شاقووڵییە و لەسەرەوە و لەناو بازنە داخراوەکانەوە بۆناو خوارەوەی کۆمەڵگاکە دێت. بڕیارە سەرەکیی و ستراتیژییە سیاسیی و ئابورییەکان لەناو ئەو بازنانەدا دەدرێن و لەوێوە بۆ ناو کایەکانی تری ناو کۆمەڵگاکە دادەبەزێنرێن. لە بارەگای ئەم یان ئەو سیاسییەوە، لە کۆبونەوەی ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسیدا، ئەم یان ئەو بڕیار دەدرێت و ھەڵسوکەوتی دەزگاکان و جۆری پەیوەندییەکان و شێوازی ئیشکردنی کایەکانیش، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانە، ڕێکدەخرێنەوە و لۆژیکی بڕیارەکانانیان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەم دۆخە، کە بێگومان دۆخێکی مێژوویی تایبەتە، وادەکات  بڕێکی گەورەی کێشە ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگییەکان، لە کێشە سیاسییەکانەوە سەرچاوە وەربگرن و ئەوە کێشە سیاسییەکان بن وەزە و خۆراکی بەردەوامبوون بە کێشەکانی تری ناو کۆمەڵگاکە ببەخشن و بەو شێوەیە دایانبڕێژنەوە نەتوانن بەبەێ لۆژیکە سیاسییە دەرەکییەکە بتوانن کاربکەن. 
بۆیە بۆ دەستبردن بۆ چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک لە کێشەکانی ئەو کۆمەڵگایە پێویستت بە دەستبردن بۆ چارەسەرکردنی کایە سیاسییەکە ھەبێت، پێویستت بە قرتاندنی ئەو پەیوەندییە شاقوڵییە بێت کە کایەی سیاسیی بە کایەکانی ترەوە گرێئەدات. واتە پێویستت بە ڕزگارکردنی سەرجەمی کایەکان ھەبێت لە ھەیمەنەی کایەی سیاسیی و ڕزگارکردنی کایەی سیاسیش لەو مۆنۆپۆڵییە ناوەکییەی کە بازنە داخراوە خێێزانییەکان بەسەر کایەکەدا، سەپاندویانە. 


بەڵام ئەم دەسکاریکردنەی کایەی سیاسیی و بڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە لۆژیکی کایەی سیاسیی بەسەر کایەکانی تردا دەسەپێنێت، مانای ئەوە نییە کێشە زۆرەکانی ناو کایەکانی دەرەوەی سیاسەت، ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چارەسەر دەکرێن. کۆمەڵگا بەو ئاسانییە نابێت بە بەھەشت. بەڵام ئەوەی کە دەشێت بگۆڕێت کۆتاییھێنانە بەو دەستوەردانە بەردەوام و شێوێنەرانەی لەناو کایەی سیاسەتەوە دەکرێتە سەر کایەکانی تر. ئەوەی دەکرێت بوەستێنرێت سەپاندنی لۆژیکی دەرەکیی کایەی سیاسەتە، کە وەک وتم لە دونیای ئێمەدا لۆژیکێکی خێزانییە، بەسەر سەرجەمی کایەکانی تردا. 
با بۆ نموونە کایەی ئابوریی لە ھەرێمدا وەربگرین کە کایەی سەرەکیی دابینکردنی بژێوی دانیشتوانی ھەرێم و سەرچاوی ژیان و مردنی خەڵکەکەیە. لێرەدا دەبینین شێوازی ئیشکردنی ئەم کایەیە پەیوەندیی بە چۆنیەتی ئیشکردنی کایەی ئابوریی خۆیەوە وەک کایەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەوەوە ھەیە خێزانە سیاسییە سوڵتانییەکان چیان لەم کایەیە دەوێت و چۆن و بۆ کام مەبەست بەکاریبھێنن. ئەوەی لەم پەیوەندیەدا کاردەکات لۆژیکی ئابوریی نییە وەک ئابوریی، بەڵکو لۆژیکی سەپاندنی قازانج و مەسڵەحەت و دەسکەوتی بنەماڵە سیاسییەکانە بەسەر کایە ئابورییەکەدا. بۆیە بەبێ قرتاندنی ئەم پەیوەنییە تێکدەر و وێرانکەرە لەنێوان لۆژیکی خێزانە سیاسییەکان و لۆژیکی کایەی ئابوریی لە ھەرێمدا، ناتوانرێت ئابورییەک دروستبکرێت قابیلی ئەوەبێت بە ئابوریی ناویببەین. بەڵام قرتاندنی ئەو پەیوەندییە، مانای ئەوە نییە، ھەرێم چیتر کێشەی ئابوریی نامێنێتەوە و ھەموو زەحمەتیەکان چارەسەردەکرێن، بەڵکو مانای ئەوەیە لەدوای ئەو قرتاندنەوە دەکرێت ئابووریی ھەرێم وەک ئابوریی و کێشەکانیشی وەک کێشەی ئابوریی، لە دەرەوەی لۆژیکی ھەیمەنەی ئەم یان ئەو خێزانی سیاسیدا، مامەڵەبکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand