پشکۆی باکۆ، لە دەستی تاران و ئەنکەرەدا

Draw Media

2021-10-30 11:22:57



د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت) 


جووڵەکانی باکۆ بەرامبەر تاران وەک پشکۆی ئاگرێکە، لەنێو لەپی هەردوو  هاوسێی ناچاریی تاران و ئەنکەرەدا، هێشتنەوەی بە پشکۆیی لەسەرخۆ دەیانسووتێنێت و هێزی دیکەی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا دەهێنێتەپێشێ، فوولێکردن و گەشاندندەوەشی سەری ساحێبانی و دۆخی هەرێمایەتی گڕتێبەردەدا، ڕەنگە دەستپێکردن بەدەست خۆیان بێت بەڵام کۆتاییەکەی لەدەستی واندا نامێنێتەوە.
ساڵێک لەمەوبەر پریشکی شەڕەکە لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا بە بیانووی ناگۆرنۆ قەرەباخ خۆی نوواند، بەڵام ئەمە وێنە گەورەکە نەبوو، ئێستا وا ئازەربایجان خۆی بووەتە بیانوو بۆ هەڵکشان یان ڕاستتر بۆ ئاشکراکردنی شەڕی شاراوەی تورکیا و ئێران، هێشتاش ئەمەش وێنە گشتییەکە نییە و ڕاستی چەندین ئەکتەری دەوڵەتی و چەندانی نادەوڵەتیی دیکەش لە یارییەکەدا هەن و چەند ساڵی ئایندەی بەردەممان یەک یەک خۆ دەنوێنن و ساڵانێکی ماندووکەر دەبن بۆ نێوچەکە. ئەو دەوڵەتانەی بەجۆرێک پەیوەندییان بەم دۆخە نوێییەی قەوقازەوە هەیە: ڕووسیا، تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، تورکمەنستان، ئەرمینیا، جۆرجیا، ئیسرائیل، چین و ئەمریکا، هەرچی ئەکتەری نادەوڵەتیشن، وەک: کورد (ڕۆژهەڵات و باکوور)، ئازەریی و تورکەکانی ئێران و عەلەوی و ئەرمەنەکانی تورکیا...تاد.
کە ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا سەرکەوت و ناگۆرنۆ قەرەباخی بۆ خۆی یەکلاکردەوە، ئیتر تارمایی و گرژی ئاسمانی پەیوەندییەکانی باکۆ و تارانی لێڵتر کرد، مانگی ڕابردوو قۆناغێکی گەرمتری بەخۆیەوە دی، کار و کاردانەوەی سیاسی و بازرگانیشی لێکەوتەوە، هەر لەم هەفتەیەشدا سێبەری تورکیاش گەرچی پێشتر سایەکەی هەر هەبووە بەسەر هەردوولادا، ئەمجارە ڕوونتر دەرکەوت و داوای "هەڵوێستی عاقڵانە"ی لە ئێران کرد.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەوکاتەوەی هەردوو دەوڵەتی هاوچەرخی ئێران و تورکیا، بە دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایی بە تەوەرێتیی تورکزمان و فارسزمانەکان سازکران، جیا لەوەی خۆبەخۆ کەوتنە سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی نێوخۆیان، هاوکات بە سروشتی ئەو گووتارە پەڕگیرە حاکمەی هەیانە هەردوو دەوڵەتیشی خستەوە بەرامبەر یەک. ڕاستیش ناهەقییان نییە کەرەستەی دوژمنایەتیشیان دە هێندەی کەرەستەی ئاشتەوایی و هاوسێیەتییانە، بەڵام جیۆسیاسیی خۆیان و شەترەنجی نێودەوڵەتی و ترس لە مافی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد، عەرەب، بەلوچ و ئەرمەن...تاد، ناچاریی کردوون ببنە دوو دراوسێی ناچاریی و لەگەڵ هەموو بۆڵەبۆڵ و شەڕە شاراوە و ئاگرەبنکاییەکانیان بۆ یەکدی، ناچاربوون باری شانی یەکدی هەڵگرن، نەبادا درزێک دروست ببێت و هەناسەیەک بۆ نەتەوە مافخوراوەکانی نێوچەکە وەگەڕێتەوە.


نیگەرانییە نوێیەکانی ئێران
تاران، ویستوویەتی هەر بە ڕێکاری ستراتیژی و دبلۆماسیی ئاگری ئازەربایجان و قەوقاز بە گشتی لەخۆی وەدوور بخات، بەڵام لەگەڵ گوزەری کاتدا ناتوانێت نیگەرانییەکانی بشارێتەوە و مانگی ڕابردووش ئەمە سەلمێنرا، کاتێک وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی ئاسایشیی نیشتمانی و هی دیکە کەوتنە هەوڵی دبلۆماسی و میدیایی و نمایشی سەربازی، لەو هەوڵانەش یەک بەرەو مۆسکۆ و یەکێکی دیکە بەوەڵامدانەوەی ئەردۆغان و ئەوی دیکە بە مانۆڕی سەربازی. لەولاشەوە میدیاکانی، بەدرێژایی ١٨ساڵی دەسەڵاتدارێتی ئەکەپە لە تورکیادا، میدیای ڕەسمی و ناڕەسمییەکانی هێندەی مانگی ڕابردوو کاریکاتێر و سوکایەتی و وتاری لەسەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئەردۆگان نەنووسیووە. بەجۆرێک تەنانەت وەڵامی هێرشە زمانییەکانی عەلیێفیش بۆ سەر تاران، میدیای ئێرانی لەبری ئەو هەر پەلاماری ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیای دەدا. دیارە بێ هۆ نەبوو.
لە سیاسەتی ڕەسمی ئێرانییدا، میدیای مەزهەبی و ئسوڵگەرا و بەرپرسەکانی ئەو تەوژمە بوون، لەوباوەڕەدان کە ئیسرائیل لەپشتی هەڕەشەکانی سەر ئێرانە لە باکۆووە نەک عەلیێف، بەڵام چاویان لە ئەردۆگانیش دانەخست و بە گەورەکردنی ئیسرائیل و دەست لەپشتدانی باکۆ تۆمەتبار کرد.(شەمخانی سکرتێری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وەهای گووت). هەرچی میدیای ڕیفۆرمیست و پانئێرانیست و فارسگەرایە، ئەوا ئەردۆگان بە دوژمنی ڕاستەقینە دەزانن و پێیان وایە عەلیێف و باکۆ بیانووی ئەنکەرەن و ئەردۆگان دەست لەپشتیان دەدەن. هەرکام لەم دوو گیڕانەوەیە ڕاست بن هیچ لەوە ناگۆڕن کە ڕۆڵی سەرەکی ئاگرکردنەوەکە دراوەتە پاڵ تورکیا و ئەردۆگان.


ئێرانی لەم بابەتەدا نیگەرانی ئەم خاڵە ستراتیژیانەیە:
١. نادیدەگرتنی هەژموونی ئێران لە قەوقازدا: ئەو ڕێککەوتنەی بەچاودێری تورکیا و ڕوسیای نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ئێرانی نیگەرانی کردووە، چونکە لەو بڕوایەدایە تەنها لایەنە نێوخۆییەکانی ململانێکەی ڕێکخستووە و لایەنی دەرەکی (مەبەستی خۆیەتی) فەرامۆش کردووە. ئەمەش مەترسی گەمارۆدانی زیاتری لێدەخوێنێتەوە لە قەوقازدا و هەژموونی لەوێدا کەمڕۆڵ بکرێت.
٢. پێکەوەبەسترانەوەی تورکزمانەکان و گەڕانەوەی تورکیا بۆ ئاسیای ناوەندی: نیگەرانییەکی دیکەی ئێران پتربوونی هەژموونی تورکیایە لەڕێگەی بونیادنانی ڕێڕەوی بازرگانی-کولتووریی نەخجەوان-ئازەربایجان، تورکیا بەتواناتر دەکات بە دووبارە دەستڕاگەیشتنی بە وڵاتە تورکزمانەکان لە ئاسیای ناوەندی. ئێران هەم لەڕووی کولتووریی و سیاسەتی نەرمیەوە هەم لەڕووی بازرگانی و سیاسییەوە دەسکورت دەبێت لە ئاسیای ناوەندییدا، گریمانە دەکرێت بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە ڕێڕەوی ئەرمینیا-ئێران کە تاران دەگەیەنێتە ئەورووپا، بگاتە بنبەست.
٣. نیگەرانی لە دراوسێ تازەکە (ئیسرائیل): ئێران جاران لە بەیروت و غەزەوە شەڕی ئیسرائیلی دەکرد، ئێستا ئیسرائیل بەهۆی نزیکی و تێکەڵی پەیوەندییە سیاسیی و سەربازی و بازرگانییەکانی باکۆ و تەلئەبیبەوە، بووتەوە دراوسێیەکی واقیعی ئێران. ئەمەش نیگەرانی دەکات و ناچارە هەم ڕەفتار و پەلکێشییەکانی خۆی لەوڵاتانی عەرەبی سنووردار بکات، هەم لایەک بەڕووی باکووری خۆیدا بکاتەوە. نیگەرانییەکەی لەوەدا دووهێندە بووە کە سێکوچکەیەکی ئیسرائیلی-تورکی-ئازەربایجانی سەربازیی و سیاسیی لەئارادایە کە هەرسێک لە سنووردارکردنی تاراندا هاوئامانجن.
٤. هێڵەکانی وزە: ئێران ساڵانێکە بەدووی پرۆژەیەکەوە کە وزەی نێوچەکە لە ڕێگەی هێڵی پێشنیارکراوی خۆیەوە:- پارس(ئێران)-عێراق- سوریا-لوبنان و پاشان بەرەو ئەوروپا، بگوازێتەوە، بەڵام بە گۆڕانی دۆخی قەوقاز و سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا هاوکێشەکان گۆڕاون و هێڵی دیکە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئەم خەونەی ئێران وەک زیندووبوونەوەی ئەو هێڵەی ئازەربایجان (کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ٧٠ ملیارد دۆلاری لەڕێگەی کۆمپانیای بی.پی-ەوە تێدا خەرجکراوە) تێیدا ئامانجی گواستنەوەی وزەی نێوچەکەیە بۆ ئەورووپا. ئێران لەم نەخشەیەدا پەراوێزییە.
٥. ڕووسیە بەدەنگەوە نایەت: مانگی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەمان پرسی ئازەربایجان و قەوقاز خۆی گەیاندە مۆسکۆ، تا لەوێ بەهاوکاری ڕوسیا پێکەوە ئەو دۆخە تازە پەیدابووە پەسەند نەکەن و نیگەرانی وڵاتەکەی گەیاندە وێندەرێ، بەڵام مۆسکۆ بەپێچەوانەوە لەگەڵ چارەسەری "شەشی"یدایە بەبەشداری: ڕوسیا، تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، ئەرمەنستان و جۆرجیا. ئەمەش واتە دیسانەوە نادیدەگرتنی نیگەرانیەکانی تاران، بۆیە لەمەشدا وەزیرەکەی بەدەستی پڕ نەگەڕایەوە و هەقییەتی نیگەرانی ئەم خاڵەش بێت.


بەڕێوەبردنی ئەم هەموو نیگەرانیە و بوونی گۆڕاوی زۆر لەپرسەکەدا سەختە "پشکۆی باکۆ" بەتەنها بە تورکیا و ئێران بەڕێوەببرێت، ئەردۆگان بە داواکردنی دانبەخۆداگرتن و ڕەفتاری عاقڵانە و حسێبکردن بۆ پەیوەندی ئیسرائیل-ئازەربایجان و تورکزمانەکانی نێو ئێران، هەفتەی پێشوو دەری خست کە مەرامی لەسەر ئێران زیاتر بووە و دوور نییە بە دەستی دوو شەڕەکانی خۆی تێبپێچێت، بەڵام نایەوێت و ناتوانێت بیگەیەنێتە دۆخی ڕاستەوخۆ و گەرم چونکە هەم نێوخۆی تورکیا و هەم کارەکتەرە ناڕازییەکانی پێکهاتەکانی تورکیاش دەبووژێنرێنەوە بەهۆی دەستلەپشتدانی ئێرانەوە. هەرچی ئێرانیشە زمانی دبلۆماسی بەرامبەر تورکیا توندتر بووە بەڵام گۆڕاوە نێوخۆییە سیاسیی-نەتەوەیی-ئابوورییەکانی لەلایەک و گەمارۆکانی سەری لەلایەکی دیکەوە و توانای سەربازی بۆ کردنەوەی بەرەی نوێ دیسان هاوکار نابێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەنکەرە. لەوەدەچێت، ئەم پشکۆیەی ئازەربایجان کە لەلەپی دەستی ئێراندایە زیاتر بیسووتێنێت و هەل بداتەوە ئیسرائیلیش تا بیکاتە یەکێکی دیکە لەو چەقۆیانەی کە وەک ستراتیژ بەرامبەر ئێران بەکاری دەهێنێت: "کوشتن بە هەزار چەقۆ".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand