قۆناغی بەلێبوکبوونی سیاسەت 

Draw Media

2021-10-27 17:44:58



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

موهەریج، یان لێبوک کەسێک نییە دونیا بگۆڕێت یان بیەوێت دەستکاری پەیوەندییەکانی دەسەڵات بکات، بەڵکو لەباشترین حاڵەتدا وات لێدەکات بە نماییشکردنی کۆمیدییانەی تراجیدیاکان بەخۆی پێکەنیت. ئەو حەقیقەتی کۆمەڵایەتیی وەکو خۆی قبووڵە، چونکە وەکو ماتریاڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەو ماتریاڵە تەنها بۆ کاتکوشتنە نەک کوشتنی زەمەنی ئەو واقیعەی کە گاڵتەی پێدەکات. ئەو لەناو دونیایەکی نادادپەروەر و خەمباردا قوربانییەکان ڕزگارناکات، ڕێگەیان نیشاننادات چۆن لەو دۆخە دەربازبن، بەڵکو هاوکاریی قوربانییەکان دەکات تەنها خەریکی گریان نەبن، بەڵکو شتێکی تریش هەیە ناوی پێکەنینە. 
دیکتاتۆرە ژیرەکان هیچ کاتێک دژ بە کۆمیک و کولتووری گاڵتەجاڕیی نەبوون، چونکە ئەو ڕاستییە باشدەزانن کە پێکەنین لە سەرەوە بۆ خوارەوە بڕوات باشترە وەکو لەوەی لە خوارە بۆ سەرەوە شۆڕبێتەوە. دیکتاتۆرەکان هەوڵدەدەن گەلەکەیان بە نوکتەی بێتام و قسەو کردەی گاڵتەجاڕییانەی سیاسەتمەدار و نووسەر و میدیاکار و پەرلەمانتارەکانیان ڕابهێنن و هەموو شتێک بکەن بە نوکتە و کەسایەتییەکانیش بە لێبوک. ئەم سیاسەتەش پێکەنین دەکات بە کردەیەک کە نەک تەنها وەزیفەی خۆبەتاڵکردنەوەی خەڵک لە خەم و ڕق و حەسرەت بگێڕێت و لەناو فشقیاتدا کەناڵیزەی بکات، بەڵکو هاوکات وەزیفەی خۆهەڵخەڵەتاندن و خۆخەڵەفاندنیش دەگێڕێت.  لێبوک لە دابەشکردنی پێکەنیندا دادپەروەرە، چونکە دەتوانێت هەم کەسێکی کاربەدەست و هەم کەسێکی ئاساییش والێبکات کە بە یەک شت پێبکەنن. هەندێ جار کاربەدەستان وەک لێبوکێک ئەو نوکتانە دەگێڕنەوە کە لەسەر خۆیان دروستکراون، وەک ئەکتێک لە سنگفراوانیی و خاکییبوونی خۆیان نماییشیاندەکەن. 


کەسی لێبوک قەشمەری بە هەموو شتێک دێت، کاتیگۆری باش و خراپ، ڕەش و سپی، شۆڕشگێڕ و جاش لای ئەو بوونی نییە. پەیامی لێبوک پەیامێکی خاڵییە لە هەموو هەڵسەنگاندێکی ئەخلاقیی یان داوەرییکردنێکی سیاسیی. تاکە پەیامێکی لێبوک پێکەنینە بە دونیا و کردنی دونیای کۆمەڵایەتییمانە بە ڕووبەرێکی لووس کە هیچ زبرییەکی تێدا نییە. لێبوک بۆئەوەی نەبێت بە جێگای هەڕەشە و ڕەخنەی دەسەڵات و توشی ڕاونان و گرتن و کوشتن نەبێتەوە، خۆی دەکات بە گاڵتەجاڕ، بە گەمژە، بە نەزان و نەفام، هەندێ جاریش خۆی دەکات بە شێتێکی فیکریی یان فەیلەسوفێکی هەزەلیی، بۆئەوەی نەک تەنها بە بابەتەکەی پێبکەنین، بەڵکو بە خودی خۆشی. هەر کاتێکیش ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت یەکسەر بیری دەکەوێتەوە کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە و بۆیە ڕاستەوخۆ بەهەردوو دەستی دەمی دادەخات، بۆئەوەی بە گەمژەییەکەی بمانخاتە پێکەنین. ئەم مۆدێلە لە لێبوک لەو چرکەساتەی هەم گاڵتە بە دونیا و هەم بە خۆشی دەکات، هەموو ڕادیکاڵییەتێک لە دەستکارییکردنی دونیا لە بینەر یان گوێگر دەسەنێتەوە و سنووری کردەی ڕەخنە لەناو قەشمەرییاتدا زیندانییدەکات. لێبوک چەندە ڕەخنەی زبر لە بێدەسەڵاتان دەگرێت بۆئەوەی دەسەڵاتداران بخاتە پێکەنین ئەوەندەش ڕەخنەی ناسک لە دەسەڵاتداران دەگرێت بۆئەوەی هەر ئەوان بخاتەوە پێکەنین. لەوکاتەی لێبوک ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت ئامانجی گۆڕینی خودی دەسەڵات نییە، کەمکردنەوەی هەیبەتی سەرۆک نییە، بەڵکو داننانە بە واقعێکی دراماتیکی کە بە بڕوای ئەو دەستکارییناکرێت و جگە لە پێکەنین هیچی تر نییە بتوانێت تەعبیر لە چەمکی بێدەسەڵاتیی بکات. ستراتیژی ڕەخنەی لێبوک بریتییە لە: من دەتوانم بەناوی سوعبەتەوە پەلاماری هەموو کەسێک بدەم، هەر کاتێکیش مەترسییم بۆ دروستببێت، بە ئانقەست خۆم دەبورێنمەوە.
ڕەخنەی گاڵتەجاڕ لە دەوڵەتی دیکتاتۆردا دەتوانێت ڕەخنەی دەسەڵات بکات بەو جۆرەی کە هێشتا ئۆپۆزیسیۆن لە قۆناغی کامڵبووندا نییە. بەمانایەکی تر لێبوک کاتێک دەتوانێت سەرۆک و دەسەڵاتداران بە ڕەخنەکانی بخاتە پێکەنین کە باس لە گەمژەیی گەلیش بکات. کەسی قەشمەر کەسایەتییەکی تایبەتمەندی هەیە، جێگای ڕیز و حورمەتە، هەرکاتێک ئەو قسەدەکات هەموو لێیکۆدەبنەوە و گوێڕایەڵی دەبن. ئەو وەک سەرۆکێک خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵاتی ئەو بۆ ئازاربەخشین نییە، بۆ هەڕەشە نییە، بەڵکو بۆ پێکەنین و کاتبەسەربردنە. قەشمەرییکردن ماسکێکە بۆ شاردنەوەی توندڕەوێتیی و پەنهانکردنی ناشرینیی و ڕەقیی وشە و پەلاماردانەکان. هەربۆیە کاتێک مرۆڤ قسەی ڕەق بە یەکێک دەڵیت و دەبێتە نیگەرانیی لای ئەوی تر، بۆ ئاساییکردنەوەی توڕەیی بەرامبەر پێیدەڵێت، گیانەکەم سوعبەتم کرد، بەجدیی وەریمەگرە!


 دەسەڵاتدارێتی کوردیی بەگشتیی و بەتایبەت پارتی مۆدێلێک لە سیاسەت و حیزبایەتیی و کولتووری لێبوکییان داهێناوە کە بە هەموو شێوەیەک قەشمەری بەم میللەتە دەکەن. گاڵتەجاڕییەکانی پارتی گەیشتۆتە ئاستێک کە هەر جارەی یەکێکیان و هەر کەڕەتەی بەشێوەیەک سواری ئەم کۆمەڵگایە دەبن، بۆنموونە کاتێک بارزانی بە ریفراندۆمەکەی سواری سەری خۆی بوو نەک کورسییەکەی خۆی، بەڵکو چارەنووسی میللەتێکیشی بەفەتارەتدا. دوێنێ ئەندام پەرلەمانتارێکی پارتەکەی بەناوی جەلال پەرێشانەوە هەڕەشەی ئەوە دەکات سواری هەموو ئەو کەسانە بێت کە ناوی پارتی بهێنێن. هەر ئەمڕۆش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت سواری عەقڵی میللەتەکەی بوو و دەڵێت: مافی موچەخۆر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەخوراوە. حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان سەردەمانێکە هەم سیاسەت و هەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بە یانەیەک بۆ سێکسیست و قەشمەر و لێبوکەکانی حیزب.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand