Draw Media

جه‌نگی عێراق په‌ڵه‌یه‌ك بوو بۆ مێژووی كۆڵن پاوڵ  

جه‌نگی عێراق په‌ڵه‌یه‌ك بوو بۆ مێژووی كۆڵن پاوڵ  

2021-10-26 20:35:00


راپۆرتی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست

كۆڵن پاوڵ ده‌یزانی كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئه‌و ده‌به‌سرێته‌وه‌ به‌ داگیركارییه‌ شومه‌كه‌ی 2003ی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ده‌بێت پێگه‌و ناوبانگه‌كه‌ی باجی ئه‌و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌ ناراستانه‌ بدات كه‌ وه‌ك پاساوێك به‌كارهێنران بۆ روودانی جه‌نگ.
"من درۆم نه‌كرد، نه‌مده‌زانی كه‌ راست نییه‌. من وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بووم، نه‌ك به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری،" ئه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا وای وت، ته‌نها چه‌ند مانگێك پاش ئه‌وه‌ی داوای لێكرا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكات له‌ ئیداره‌كه‌ی جۆرج ده‌بلیو بوش.
به‌ڵام "من كاتێكی زۆر به‌فیرۆ ناده‌م له‌وه‌ی سه‌یری ئاوێنه‌ی روداوه‌كانی رابردوو بكه‌م، چو‌نكه‌ تازه‌ تۆ ناتوانی هیچ شتێك بگۆریت،" هه‌روه‌ها وتی: "من خه‌ڵكم دیوه‌ ناخی خۆیان خواردووه‌ به‌ زیندوویی، ئه‌ویش به‌ بیركرنه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یانتوانی چی شتێك بگۆرن." 
راستی كرد پاول، ئه‌و كه‌ رۆژی 2 شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد ئه‌ویش پاش وه‌رگرتنی چاسه‌ری شێرپه‌نجه‌، نه‌ك به‌هۆی بیركردنه‌وه‌ له‌ عێراق. 
ئه‌و زۆرینه‌ی پاشماوه‌ی ژیانی له‌ قسه‌كردن بۆ خه‌ڵك به‌سه‌ر برد سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركردایه‌تی كردن و به‌هاكانی ئه‌مریكا. 
ئه‌و به‌ وریاییه‌وه‌و زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ توانی ناوبانگی خۆی جارێكی دیكه‌ دروست بكاته‌وه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ متمانه‌ پێكراوترین كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ ئه‌مریكادا.
 به‌ڵام سه‌ره‌رای هه‌موو هه‌وڵو خۆ ته‌رخان كردنه‌كانی بۆ له‌بیركردنی رۆڵی ئه‌و له‌ دروستكردنی جه‌نگێكی پر مه‌سره‌ف و تێوه‌گلانی ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌، ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ به‌ رابردووی ئه‌وه‌وه‌ هه‌رگیز ناسرێته‌وه‌. 
هه‌ركات پرسیاری لێبكرایه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، هه‌میشه‌ به‌ ئه‌سه‌فێكه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌و ده‌یوت. "زۆر به‌ ئازاربوو". هه‌ندێك كاتیش ده‌یوت "ئێستاش ئازارم ده‌دات".
زیاتر له‌ 4 هه‌زار ئه‌مریكی و سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی عێراقی مردن بەهۆی ململانێی یاخی بوەکانەوە کە داگیرکردنی عێراق رێگەخۆشکەر بوو بۆ کردنەوەی ئەو دەرگایە. هه‌رچه‌نده‌ عێراق ماوه‌یه‌كی زۆربوو وه‌ك مه‌نجه‌ڵی بوخار له‌ ناوه‌وه‌ ده‌كوڵا، به‌ڵام ئه‌وه‌ چونه‌ ژوره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌ره‌نجامی ره‌فتاره‌كانی جه‌نگ بوو كه‌ سه‌ری مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی ته‌قانده‌وه‌و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی له‌ ناو توندوتیژی و قه‌یرانی ئابوریدا نوقم كرد.
 ئه‌وه‌ جه‌نگێكی پێشتری ئه‌مریكابوو دژی عێراق كه‌ خۆشه‌ویستی و ناوبانگێكی گه‌وره‌ی پێ به‌خشی، وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌ش – گه‌نج ترین و یه‌كه‌مین ره‌شپێست كه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتبێت له‌ مێژوودا – ئه‌وه‌ كۆڵن پاوڵ بووك پێشنیاری بۆ جۆرج ده‌بلیو بوش كرد كه‌ كۆتایی ساڵی 1990 كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و كاریگه‌ر سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌كاربهێنێت بۆ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی داگیركارییه‌كه‌ی عێراق بۆ كوه‌یت. 
نزیكه‌ی 12 ساڵ له‌ دوای ئه‌و روداوه‌ كاتێك كابینه‌ی نوێی ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، كه‌ بریار بوو سه‌دام حوسه‌ین دور بخه‌نه‌وه‌، كۆڵن پاوڵ ئه‌وكاته‌ له‌ پۆستێكی جیاوازدا بوو. 
چه‌ند مانگێك پاش سوربونی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە سەدام حوسەین چەکی ئەتۆمی دروستکروە، کۆشکی سپی داوای لە پاول کرد کە ئامادەکاری بۆ داگیرکاری بکات.
لە مانگی شوباتی 2003، لە کاتێکدا هێشتا ترسی ئەگەری دوبارەبونەوەی کردەوەی تیرۆرستی تەواوی ئەمریکای تەنی بوو، وەک سەرکردەیەکی سەربازی و ستراتیجی ئەمنی وتارێکی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی پێشکەش کردو ئەوەش هێزو متمانەی ئەوی زیاتر کرد.
"هەر شتێک من ئەمرۆ دەیلێم پاڵپشتە بە چەندین سەرچاوەی بەهێز،" پاوڵ وتاره‌كه‌یدا وای وت كه‌ ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی داگیركارییه‌كه‌ پێشكه‌شی كرد. "ئه‌مانه‌ گریمانه‌ نین، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێتان ده‌ده‌ین راستی و ده‌ره‌نجامه‌كانن له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌واڵگری تۆكمه‌."
وتاره‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، گومان و دودڵی خه‌ڵكی نه‌هێشت سه‌باره‌ت به‌ داگیركارییه‌كه‌ له‌ماوه‌ی شه‌وێكدا. رۆژنامه‌نوسه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا بڵاویان كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر پاوڵ وا بڵێت كه‌واته‌ راسته‌.
دواترو پاش ئه‌وه‌ی پشكنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان چونه‌ عێراقه‌وه‌و داگیریان كرد، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی چه‌كی ئه‌تۆمی و بایه‌لۆجییان نه‌دۆزییه‌وه‌.
پاوڵ لۆمه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری كرد كه‌ زانیارییه‌كانیان هه‌ڵه‌بوون، له‌ جیاتی لۆمه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌ حه‌زی داگیركارییان هه‌بوو.
"ئه‌مه‌ نه‌نگی و عه‌یبه‌یه‌كه‌ له‌ مێژووی مندا،" كۆڵن پاوڵ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌ ساڵی 2005 وای وت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand