لاهور شێخ جەنگی: لیست یان بەرەی جیا
2021-11-02 09:04:17
(درەو):
بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر چونەدەرەوەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی دەڵێ" یان رێككەوتن و مانەوە، یاخود لیست و بەرەی جیا دروست دەكەم لەناو یەكێتیدا".
چەند هەوڵێك هەبوو بۆ كۆبونەوەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، هێشتا بافڵ تاڵەبانی رەزامەندی نەداوە بۆ كۆبونەوەی نێوانیان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە و پێی راگەیاندووە" یان رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان، یاخود مینبەری جیا لەناو یەكێتی دروست دەكەم و لیستی جیام دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تائێستا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی نابێت لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتیدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەو پەیامەشی بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە كە ئەگەر ئەوێت لەدەرەوەی یەكێتی حزب دروست بكات، ئەوا هاوكاری ماددی و مەعنەویشی دەكات، بە مەرجێك لەناو یەكێتیدا نەمێنێت.
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هاوتەریب لە هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری لەناو حزب و حكومەت بۆ دورخستنەوەی كەسانی نزیكی لاهور شێخ جەنگی لە پۆستە حكومی و حزبیەكان، لە فەرمانگە مەدەنی سەربازییەکان، هەفتەی رابردوو لە سلكی سەربازیدا ژمارەیەك ئەفسەری نزیك لە لاهور شێخ جەنگیان دوورخستەوە.
بڕیارە لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا پرسی گۆڕانكارییەكان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەت گۆڕانكارییە حزبیەكان و مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی.
رەنگە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی دۆخەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە ئێستا یەكێتی دابەش بووە بەسەر چەندین گروپدا لەوانە (گروپی كەركوكیەكان، گروپی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی جافەكان، گروپی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی)، هەریەك لەم گروپانە ئەجێندا و تموح و بەرژەوەندی خۆیان هەیەو چاویان لەوەیە پێگەیان لەدوای لاهور شێخ جەنگی بەهێز بێت.
ئەم هەنگاوانە لە كاتێكدایە كە دەنگۆی ژەهرخواردكردنی ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی هاتووەتە پێش (كە هەندێك بە سیناریۆ ناوی دەبەن و هەندێكیش بە حەقیقەت)، هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەیە كە لاهور شێخ جەنگی لەو پرسەدا تێوە بگلێنن و بیانوویەكی تر بخەنە سەر بیانووەكانی تر بۆ دوورخستنەوەی تەواوەتی لە یەکێتی.