Draw Media

ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان بوایە...

ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان بوایە...

2021-10-29 14:11:13


شیكاری: درەو
ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوررستان بوایە؛ بەپێی پەیڕەو کردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە شێوازی بازنەو دابەشکردنی دەنگ بۆ کورسی، بە هەمان ئەو ئەنجامانەی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەدەستیان هێناوە ئەوا پارتی (47) کورسی، یەکێتی (17) کورسی، نەوەی نوێ (17) کورسی، یەکگرتوو (9) کورسی، کۆمەڵ (5) کورسی، گۆڕان (2) و سەربەخۆکان و لایەنەکانی تریش (3) کورسیان دەبرەوە.
بەڵام ئەگەر (یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و گۆڕان) لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبوایە ئەوا دەنگەکانیان زیادی دەکرد و پارتی (42) کورسی، یەکێتی (16) کورسی، نەوەی نوێ (15) کورسی، یەکگرتوو (14) کورسی، کۆمەڵ (9) کورسی، گۆڕان (2) و سەربەخۆکان و لایەنەکانی تریش (2) کورسیان دەبرەوە.

یەکەم: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
-    یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و، دابەشدەبێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا". 
واتە بەپێی ئەم دەقە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (یەک بازنەی) هەڵبژاردن دەبێت، لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە.
بەپێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کاری بە (سیستمی تاک دەنگی نەگوێزراوە) کردووە، واتە دەنگدەر دەنگ بە کاندید دەدات، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگدەر پێش دەنگدان بە کاندید دەنگ بە لیست و قەوارەی سیاسی دەدات، بۆیە ئەگەری بە فیڕۆ چوونی دەنگ لایەنەکان زۆر کەم دەبێتەوەو.
-    لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، تێکڕای هەڵبژاردن (نرخی کورسی) واتە کۆی گشتی دەنگە دروستەکان دابەشدەکرێت بەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە (100) کورسی گشتیییە بەپێی یاساکە، تێکڕای هەڵبژاردنمان دەست دەکەوێت.
-    هەر بەپێی یاساکە، ئەگەر (100) کورسییەکە بە تێکڕای هەڵبژاردن پڕ نەبویەوە ئەوا "ئەو کورسییانەی لە ئەنجامی دەستکەوتنی ماوە دەنگ کە ناگاتە تێکڕای هەڵبژاردن دەبێتە هی ئەو قەوارانەی کەوا زۆرترین ماوەدەنگیان هەیە".

دووەم: ئەنجامی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەن عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. لە هەر چوار بازنەکەی پارێزگای هەولێر (444 هەزار و 253) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 238 هەزار و 379) کەس بە ڕێژەی (35.87%) دەنگیان داوە.
لە پارێزگای سلێمانی لە هەر پێنج بازنەکە (393 هەزار و 194) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 389 هەزار و 691) کەس بە ڕێژەی (28.29%) دەنگیان داوە.
لە پارێزگای دهۆک لە هەرسێ بازنەکە (396 هەزار و 4) کەس لە کۆی (882 هەزار و 703) کەس بە ڕێژەی (48.13%) دەنگیان داوە.
لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەر دوانزە بازنەکەی هەڵبژاردن (1 ملیۆن و 233 هەزار و 451) کەس لە کۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار و773) کەس بە ڕێژەی (35.47%) دەنگیان داوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))


سێیەم: دەنگی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی یەکەمەو (579 هەزار و 234) بەڕێژەی (46.96%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی دووەمەو (515 هەزار و 316) بەڕێژەی (17.46%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی سێیەمەو (204 هەزار و 855) بەڕێژەی (16.61%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی چوارەمەو (108 هەزار و 10) بەڕێژەی (8.76%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی پێنجەمەو (64 هەزار و 156) بەڕێژەی (5.2%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی شەشەمەو (22 هەزار و 91) بەڕێژەی (1.79%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی حەوتەمەو (6 هەزار و 595) بەڕێژەی (0.53%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
8.    سەربەخۆی لایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (33 هەزار و 194) بەڕێژەی (2.69%)ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

چوارەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لە خاڵی (یەکەم)ی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان بەوە داوە کە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (1) بازنەی هەڵبژاردن دەبێت.
بۆیە ئەگەر دەنگی بەدەستهاتووی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆی و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەربگرین و کە کۆی گشتی دەنگی لایەنەکان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە (1 ملیۆن و 233 هەزارو 451) دەنگ، ئەو ژمارەیە بەپێی یاساکە دابەشی (100) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستان بکەین ئەوا بەهای ڕاستەقینەی (1) کورسی دەکاتە (12 هەزار و 334) دەنگی، بەم پێیەش؛
1.     پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (47) کورسی دەباتەوە.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە.
3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە. 
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (5) کورسی دەباتەوە.
6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە.
7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە.
8.    سەربەخۆی لاینەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (3) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))

 

پێنجەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ئەگەر سەرجەم هێزەکان) لە سەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبوایە
بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان نەبووە، دەنگی ڕاستەقینەیان دەرنەکەوتووە لە سەرجەم پارێزگاکان، بۆیە لەم بەشەی باسەکەماندا گریمانەی ئەوە دەکەین ئەگەر سەرجەم ئەو هێزانە لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووایە چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟
1.    پارتی دیموکراتی و کوردستان و نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووە و هیچ لە ئەنجامەکەیان ناگۆڕێت.
2.    یەکێتی نیشتمانی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبووە جگە لە بازنەی (1)ی پارێزگای دهۆک، بەڵام لە دوو بازنەکەی دیکە (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو ژمارەیە دابەشی (2) بکەین و لێکدانی سێی بکەین ئەوا دەنگەکانی یەکێتی لەو پارێزگایە بەرز دەبنەوە بۆ (37 هەزار و 560) دەنگ. واتە لە بازنەی (1)ی دهۆک (12 هەزار و 520) دەنگ بەدەست دەهێنێت.
3.    یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (6) کاندیدی هەبووەو لە هەر پارێزگایەک (2) کاندیدیان هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (3 هەزار و 990) دەنگەوە دەبێتە (7 هەزار 980) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (22 هەزار 876) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (57 هەزار و 190)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن تەنها لە دوو بازنەیان کاندیدی هەبووە، بۆیە لە باشترین دۆخیدا ئەگەر کۆی دەنگەکانی لەو پارێزگایە دابەشی (2) و جارانی سێ بکەین لە (81 هەزار 144) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (121 هەزار و 716)دەنگ لە پارێزگای دهۆک. 
بەم پێیەش کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (108 هەزار 10) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (186 هەزار و 886) دەنگ.
4.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (5) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (19 هەزار و 517) دەنگەوە دەبێتە (39 هەزار 34) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (44 هەزار 639) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (74 هەزار و 398)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 628) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەر هەمان ئەو دەنگانەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (64 هەزار 156) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (117 هەزار و 60) دەنگ.
5.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنەی هەڵبژاردن تەنها (7) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (4 هەزار و 245) دەنگەوە دەبێتە (8 هەزار 490) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (4) و جارانی (5) بکەین لە (17 هەزار 846) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (22 هەزار و 307)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 801) دەنگی بەدەستهێناوە ئەگەر کاندیدی هەبوایەو بیتوانیایە نیوەی ئەو دەنگانەی بەدەست بهێنایەتەوە ئەوا، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (22 هەزار 91) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (32 هەزار و 697) دەنگ. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))


بەو پێوەرە گریمانە کراوانەو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکان بەم شێوەیە دابەش دەبوون بەسەر لایەنە سیاسییەکان؛
1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (42) کورسی دەباتەوە.
2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (16) کورسی دەباتەوە.
3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (15) کورسی دەباتەوە. 
4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (14) کورسی دەباتەوە.
5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە.
6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە.
7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە.
8.    سەربەخۆولایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand