Draw Media

توێژینەوەی: د. عابد خالید  - سەنتەری لێكۆڵێنەوەی ئاییندەیی    پێشەکى بەگشتى وڵاتان بە دوو فۆڕم ڕێک خراون، یەکەمیان (دەوڵەتى موەحد – Unitary State)ە، کە تیایدا یەک حکومەت کاروبارە ناوخۆیى و دەرەکییەکانى بەڕێوە دەبات، زۆربەى وڵاتانى جیهانیش لەم فۆڕمەن. بەڵام دووەمیان (دەوڵەتى ئیتیحادى – State Federal)ە، کە تیاید دوو ئاست لە حکومەت هەیە و هەریەکەیان بەپێى دەستوور بەشێک لە کاروبارەکان بەڕێوە دەبەن، لە ئێستا تەنها نزیکەى (٢٥) دەوڵەت لەم فۆڕمەن. ئامانج لە بونیادنانى دەوڵەتیش بە شێوەى فیدراڵى، بە پلەى یەکەم گونجاوییەتى بۆ بەڕێوەبردنى کۆمەڵگا فرەییەکان لە ڕووى ئیتنى و کولتوورییەوە، هەروەها بۆ ئەو وڵاتانەش گونجاوە کە قەبارەیان گەورەیە یان ژمارەى دانیشتووانیان زۆرە. وڵاتی عێراقیش لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ٢٠٠٣، هەلى دووبارە بونیادنانەوى وەک دەوڵەتێکى فیدراڵیى بۆ ڕەخسا، بە ئامانجى تێپەڕاندنى دەیان ساڵ لە حوکمى مەرکەزیى ستەمکارى ئەتنى و مەزهەبى. ئامانج لەم توێژینەوەیەوە، هەوڵدانە بۆ پێشبینیکردنى ئایندەى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەى چەند پرسیارێک دەدات، وەک: ئایا تا چ ڕادەیەک تایبەتمەندی و بنەماکانى پڕۆسەى بەفیدراڵیکردن لە عێراقدا چەسپیوە؟ گرفتەکانى بەردەم ئەم پڕۆسەیە چین؟ داهاتووى ئەم پڕۆسەیە بە چی دەگات؟ ئەى گرنگترین سیناریۆکانى ئایندەى چین؟ تەوەرى یەکەم: چەمکى دەوڵەتى فیدراڵى و تایبەتمەندییەکانى لە پێناو دۆزینەوەى گرفتەکانى بەردەم جێبەجێکردنى فیدراڵیزم لە عێراق و وێناکردنى ئایندەى ئەم جێبەجێکردنە، پێویستە سەرەتا تێگەیشتنێکى گشتى سەبارەت بە چەمکى فیدراڵیزم لە ڕووى پێناسە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانى بخەینە ڕوو، بەم شێوەیە: یەکەم: پێناسەى دەوڵەتى فیدراڵی لە ڕووى زانستییەوە، زانایان و توێژەرانى هەردوو بوارى یاساى دەستوورى و زانستى سیاسەت، پێناسەى زۆر و جۆراوجۆریان بۆ دەوڵەتى فيدراڵی کردووە، ئەمەش بەپێى جیاوازیى ئاڕاستەى بیرکردنەوەیان، کە بەگشتى دابەش بوون بەسەر دوو ئاڕاستەدا: ئاڕاستەى یەکەم: لە پێناسەکردنى دەوڵەتى فیدراڵیدا، زیاتر پێداگرى لەسەر ئەو ڕێکخستنە دەستوورى و پێکهاتە دامەزراوەییانە دەکاتەوە کە دەکرێت لە بونیادنانى ئەم جۆرە دەوڵەتەدا بەرجەستە بکرێن. بۆیە دەبینین “مارسيل پريلۆ” وا پێناسەى دەکات کە بریتییە لە: “یەکێتیى چەند دەوڵەتێک، کە لە هەندێک بواردا ملکەچە بۆ یەک دەسەڵاتى ناوەندى (حکومەتى فيدراڵی) و لە هەندێک بواری تردا سەربەخۆییەکى دەستوورى و کارگێڕى و دادوەریى تا ڕادەیەک فراوانى تایبەت بە خۆیان هەیە (دەسەڵاتى هەرێم و دەوڵەتە یەکگرتووە ئەندامەکانى ناو یەکێتییە)([i]).” لاى “ولیام هـ. ڕایکەر”، دەوڵەتى فیدراڵی: “ئەو ڕێکخستنە سیاسییەیە کە تیایدا چالاکییەکانى حکومەت دابەش کراوە لەنێوان حکومەتى هەرێمەکان و حکومەتى ناوەندیدا، بە شێوەیەک کە هەر جۆرێک لەو حکومەتانە بەشێک لە چالاکیی پێ بدرێت کە تیایدا بڕیارى کۆتایى دروست بکات([ii]).” لاى “د. حەميد حەنوون خالد”یش بریتییە لە: “یەکگرتنێکى یاسایى، کە لەسەر بنەماى بەڵگەنامەیەکى دەستوورى پێک دەهێنرێت و تیایدا هەر دەوڵەتێکى ئەندام ملکەچە بۆ ئەحكامەکانى ئەو دەستوورە کە پەیوەندیى نێوان حکومەتى ئەم دەوڵەتانە و حکومەتى یەکێتییەکە ڕێک دەخات، هەروەها ئەو دەسەڵاتانەش کە هەر لایەک لەو حکومەتانە دەتوانن پیادەى بکەن؛ دیاری دەکات([iii]).” ئاڕاستەى دووەم: لە پێناسەکردنى دەوڵەتى فیدراڵیدا، زیاتر جەخت لەو بنەمایانە دەکاتەوە کە لەسەریان دروست بووە. بۆیە دەبینین “ئەلبێرت دايسی” وا پێناسەى دەوڵەتى فیدراڵی دەکات، کە بریتییە لەو: “ڕێکخستنە سیاسییەى کە ئامانج لێى، سازاندن بێت لەنێوان یەکێتیى نیشتمان و پاراستنى مافى هەرێمەکان([iv]).” لاى “جاك باگنار”: “کڵێشەیەکى ڕێکخستنە، کە هەوڵ بۆ سازاندن لەنێوان فرەیى و یەکێتى لە چوارچێوەى چەمکى ڕێزگرتنى هەریەک لەوەی دى دەدات([v]).” لاى “دانیال ج. ئیلیازەر”یش، دەوڵەتى فیدراڵی بریتییە لە: “دابەشکردنى بنچینەییانەى دەسەڵات لەنێوان چەند ناوەندێکى فرەدا…، نەک گواستنەى دەسەڵات لە یەک ناوەندەوە یان لە دڵى هەرەمێکەوە([vi]).” کەواتە وەک دەبینین هەر یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە جەخت لە ڕەهەندێکى چەمکى فیدراڵیزم دەکەنەوە، ئاڕاستەى یەکەم ڕەهەندە بەرجەستەبوونە دەستوورى و دامەزراوەییەکانى ڕەچاو دەکات، بەڵام ئاڕاستەى دووەم ڕەهەندە تیۆرى و بنەماکانى وەبەرچاو دەگرن، بۆیە ناکرێت پێناسەکانى هیچ کام لەم دوو ئاڕاستەیە لە پێناسەکانى ئاڕاستەکەی تر بە باشتر بزانین. جا لێرەدا بۆ یەکخستنى تێگەیشتنى هەردوو ئاڕاستەکە، ڕەنگە گونجاو بێت پەنا بۆ ئەو جیاکارییە ببەین کە هەریەک لە “ڕۆناڵد واتس” و “دۆگڵاس فێرنێ”، هاوڕا لەگەڵ “ئێلیازەر”، لەنێوان هەرسێ چەمکى “Federalism” و “Federal System” و “Federation”دا کردوویانه([vii])، کە هەر چەندە زۆربەى جار بە چەمکى هاوواتا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هەریەکە واتاى تایبەت بە خۆى هەیە. چەمکى (Federalism – فیدراڵیزم – الفدرالیة): ئاماژەیە بۆ ئەو تیۆرە سياسيیەى کە پاساو بۆ بنچینە فەلسەفییەکانى یەکخستنى دوو بنەماى دژبەیەک دەهێنێتەوە، کە بریتین لە (بنەماى حوکمڕانیى هاوبەش – الحكم المشترك – Self-rule) و (بنەماى خۆبەڕێوەبردن – الحكم الذاتي – Shared-rule)، لە هەر ڕێکخستنێکى سياسيدا کە هەوڵ بۆ هێنانەدیى “بەشدارى” و “سەربەخۆیى” دەدات لە یەک کاتدا([viii]). کەواتە فیدراڵیزم، بەم واتایە ڕێبازێکى سياسی و ئايديۆلۆجيیە، وەک ڕێبازى ليبراڵيزم و سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم، بەڵام پیچەوانەى ئەم ڕێبازانە کە سەرەتا لە ئەورووپا و بەتایبەتییش لەدواى شۆڕشى فەڕەنسى دەرکەوتن. ڕێبازى فیدراڵیزم بنەماکانى لەو بیروڕایانەوە سەرچاوەى گرتووە کە لەدواى شۆڕشى ئەمەریکى، دامەزرێنەرانى دەستوورى وڵاتە یەکگرتووەکان لە ساڵى 1787 پشتیان پێى بەستبوو([ix]). چەمکى (Federal System – سستمى فیدراڵى – النظام الفدرالي): ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێکخستنە سياسيیەى کە یەکخستنى بۆ هەردوو بنەما و ڕەگەزى “حوکمڕانى هاوبەش” و “خۆبەڕێوەبردن” کردووە. بەمەش سستمى فیدراڵى تەنها دەوڵەتە فیدراڵییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆى ئەو دەوڵەتە یونیتارییانەش(Unitary State) دەگرێتەوە کە جۆرێک لە (ناناوەندێتى – اللامركزية – Decentralization) پێشکەتوویان هەیە، وەک فەڕەنسا و ئيتاڵيا و بەریتانیا، ئەمە سەرەڕاى هەموو ئەو ڕێکخستنە سياسيیە بان نیشتمانییانەى کە جۆرێک لە تەرتيباتى فيدراڵییان هەیە، یەکێتیى ئەوروپا([x]). هەر چى چەمکى “Federation”ە: ئاماژەیە بۆ (دەوڵەتى فیدراڵى – الدولة الفدرالیة)، وەک جۆرێکى دیاریکراو لە جۆرەکانى سیستمى فيدراڵى، بەتایبەتییش بەو جۆرەى کە بۆ یەکەم جار وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە ساڵى 1789 لەسەرى دروست بوو([xi])، دواتر چەندین دەوڵەتی تر لەدواى وڵاتە یەکگرتووەکان وەک نموونە، تەقلیدى ئەم جۆرە دەوڵەتە لەناوەڕاستى سەدەى نۆزدەوە تا ناوەڕاستى سەدەى بیست دروست بوون، وەک: سويسرا، كەنەدا، ئوستوراليا، ئەڵمانيا و نەمسا. لەدواى ئەمانیش، تا ئێستا چەندین دەوڵەتی تر دروست بوون کە بە فیدراڵى دادەنرێن، یان لە دەوڵەتى یونیتارییە و بەرەو دەوڵەتى فیداڵیبوون ڕۆیشتوون، وەک: هیندسان، پاكستان، ماليزيا، ئیسپانيا، ڕووسيا، بەلجيكا، نێجيريا، کۆمۆرۆس، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، مەكسيك، ئەرجەنتين، بەڕازيل و فەنزويلا([xii]). کەواتە “سیستمى فیدراڵى” لە ئەنجامى جێبەجێکردنى کردارییانەى بنەماکانى ڕێبازى “فیدراڵیزم”ەوە دروست بووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەپێى کات و شوێن، جۆر و شێوازى هەمەچەشنى هەبووە، “دەوڵەتى فیدراڵى”یش جۆرێکە لەو جۆرانەى “سیستمى فیدراڵى”. بۆیە مەرج نییە هەموو سیستمێکى فیدراڵى بە دەوڵەتى فیدراڵى دابنرێت، چونکە دەوڵەتى فیدراڵى چەند تایبەتمەندییەکى خۆى هەیە کە هەمیشە لە هەموو سیستمە فیدراڵییەکاندا نییە، بەڵام پێویستە بپرسین ئاخۆ ئەو تایبەتمەندییانە چین؟ دووەم: تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵى هەر چەندە زانایان سەبارەت بە دیاریکردنى گرنگترین تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵى ڕاى جیاوازیان هەیە([xiii])، بەڵام بە ڕاى “جۆرج ئەندرسۆن” و “واتس” ئەم تایبەتمەندییانەى خوارەوە وا دادەنرێن کە سیستمى هەر وڵاتێک بکەن بە فیدراڵى، بەم شێوەیە([xiv]): – بوونى دوو ئاست لە حکومەت، یەکێکیان بۆ هەموو وڵاتەکە کە پێى دەوترێت “حکومەتى فیدراڵى” یان “ناوەندى”، ئەوی تر بۆ یەکە پێکهێنەرەکانى ئەو وڵاتە (حکومەتى هەرێمەكان)، بە شێوەیەک هەر ئاستێک دامەزراوەى (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى)ی خۆى هەبێت، دەسەڵاتدارانى هەر حكومەتەش پەیوەندیی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتييانى خۆیاندا هەبێت. – بوونى دەستوورێکی نووسراوى جامد، بە شێوەیەک ئەو دەق و بڕگانەى کە کاریگەرییان لەسەر پێگەى هەرێمەکان هەيە، بەبێ ڕەزامەندیى هەرێمەکان شیاوى هەموارکردن نەبن. – دابەشکردنى دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت لە ڕێگاى دەستوورەوە، بەتایبەت تەرخانکردنى دەسەڵاتى دارایی پێویست بۆ هەر ئاستێک، لە پێناو زامنكرنی بڕێک سەربەخۆيى ڕاستەقینە بۆ هەریەکان. – بوونى چەند ڕێکار و ئامرازێک، لە پێناو پێدانى سەنگى زیاتر بە هەرێمە بچووکەکان، وەک ئەنجوومەنى دووەم لە پەرلەمانى فیدراڵیدا، کە دەشێت تێیدا نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و دەنگیان بە شێوەیەک دیاری بکرێت، بۆ نموونە هەر هەرێمێک دوو نوێنەرى هەبێت، بەبێ ڕەچاوکردنى قەبارە و ژمارەى دانیشتووانى هەرێمەکان، کە ئەمەش بوار دەدات كە هەرێمە بچووکەکان لە کاتى پڕۆسەى دروستکردنى بڕیار و سیاسەتە فیدراڵییەکاندا ڕۆڵ و قورساییەکی تا ڕادەیەک نزیکیان لە هەرێمە گەورەکان هەبێت. – بوونى چەند دەزگا و ڕێکارێک بۆ یەکاڵاکردنەوەى ناكۆكيیه دەستوورییەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک (دادگاى فیدراڵى، ئەنجوومەنی دووەمى پەرلەمانى فیداڵى، یان ئەنجامدانى ڕیفراندۆم). – بوونى چەند ڕێکار و دەزگایەک بۆ ڕاییکردنى پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک دەزگا سەربەخۆکان و لیژنە وەزارییە نێوان فیدراڵى و هەرێمییە هاوبەشەکان و ئەنجوومەنى دووەم لە پەرلەمانى فیدراڵى. هەر چەندە ئەم تایبەتمەندییانە بە بڕ و ئاستى جیاجیا لە وڵاتە فیدراڵییەکاندا هەن، بەڵام وەک “ئەندرسۆن” دەڵێت، گرنگترین تایبەتمەندیى دەوڵەتى فیدراڵى ئەوەیە کە: “دوو ئاست لە حکومەتی هەیە، کە هەریەکەیان بەپێى دەستوور دامەزراون و هەریەکەشیان بڕێک سەربەخۆيى ڕاستەقینەی خۆى هەیە و حکومەتی هەر ئاستێکیش بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەرامەبەر جەماوەرى دەنگدەرانى خۆیدا بەرپرسيارە([xv]).” کەواتە بەگشتى تایبەتمەندییەکانى “دەوڵەتى فیدراڵى” بریتین لە: بوونى دوو ئاست لە حکومەت، دابەشکردنى دەستوورى دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکەدا، لەگەڵ بوونى چوارچێوەیەک بۆ سەربەخۆ بەڕێوەبردنى هەر ئاستێکیان لەلایەن خۆیەوە، زامنکردنى ڕاى هەرێمەکان لە بڕیارە فیدراڵییەکاندا لە ڕێگاى ئەنجوومەنی دووەمى پەرلەمانى فیداڵییەوە، بوونى دەستوورێکی نووسراوى جامد، بوونى دادگایەکى فیدراڵى بۆ یەکاڵاکردنەوەى ناكۆكيیەکان لەنێوان حکومەتەکانى هەردوو ئاستەکە، بوونى هاوکارى لەنێوان حکومەتەکان لەو بوارانەدا کە بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان هەیە. لە ئەنجامدا ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لەو پێوەرانەى کە دەکرێت لە ڕێگایانەوە بڕیار بدرێت کە ئاخۆ چ سیستمێکى فيدراڵی بە “Federation” یان (Federal State – دەوڵەتى فیدراڵى) دادەنرێت([xvi])، بە شێوەیەک هەر کاتێک ئەگەر کۆى یان زۆربەى ئەم تایبەتمەندییانە لە سیستمێکى فیدراڵیدا هەبوون، ئەوا ئەو سیستمە بە “دەوڵەتى فیدراڵى” دابنرێت. بۆیە چەمکى “دەوڵەتى فیدراڵى”، سنوورێکى زۆر بەرتەسکترى لە چەمکى “سیستمى فیدراڵى” هەیە، چونکە ئەمیان هەموو ئەو دەوڵەت و ڕێکخستنە سياسيیانە لەخۆى دەگرێت کە هەموو یان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵییان هەیە، لەبەر ئەوەى بوونى ئەم تایبەتمەندییانە؛ بیرۆکەى یەکخستنى هەردوو ڕەگەزى “حوكمڕانیى هاوبەش” و “خودبەڕێوەبردن” بەرجەستە دەکەن. هەموو دەوڵەتێکى فیدراڵییش لەسەر ئەم دوو ڕەگەزە بونیاد دەنرێت و بە بوونى هەردووکیشیان بیرۆکەى سازان و ڕێككەوتن پێک دەهێنرێت، بەپێى پلە و ڕادەى زاڵبوونى هەر ڕەگەزێکیشیان بەسەر ئەوی تریاندا، جۆرەکانى سیستمى فيدراڵیى هەمەچەشن کە گرنگترینیان بریتین لە: (دەوڵەتى یونیتاریى لامەركەزى، دەوڵەتى فيدراڵى، دەوڵەتى كونفيدراڵى). بۆیە بە بڕواى ئێمە، بنچینەى جیاکردنەوە لەنێوان “دەوڵەتى فيدراڵى” وەک جۆرێک لە جۆرەکانى سیستمى فيدراڵى لەگەڵ جۆرەکانى ترى ئەم سیستمە، بریتییە لە ڕادەى سازان و گونجاندن لەنێوان هەردوو ڕەگەزى “حوكمڕانیی هاوبەش” و خودبەڕێوەبردن”دا، بە شێوەیەک ئەگەر ڕەگەزى “حوكمڕانیى هاوبەش” بەسەر ڕەگەزى “خودبەڕێوەبردن”دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فيدراڵيیەکە جۆرى “دەوڵەتى یونیتاریى لامەركەزى” وەردەگرێت. خۆ ئەگەر هاوسەنگى لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا هەبوو، ئەوا سیستمە فيدراڵیيەکە جۆرى “دەوڵەتى فيدراڵى” وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر ڕەگەزى “خودبەڕێوەبردن” بەسەر ڕەگەزى “حوكمڕانیى هاوبەش”دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فيدراڵيیەکە جۆرى “دەوڵەتى كونفيدراڵى” وەردەگرێت. لە کۆتایى ئەم تەوەرەدا، سەبارەت بە بابەتى سەرەکیى ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدەین لە تەوەرەکانى داهاتوودا گرفتەکانى بەردەم هەبوونى ئەم تایبەتمەندی و بنەمایانە لە پڕۆسەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى لە عێراقدا و ئایندەى ئەم پڕۆسەیە بخەینە ڕوو. تەوەرى دووەم: گرفتەکانى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی بەر لە خستنەڕووى گرفتەکانى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی، پێویستە سەرەتا باس لە چۆنێتیى بەگەڕخستنى ئەو پڕۆسەیە بکەین، بەم شێوەیە: یەکەم: پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣، لەلاى زۆربەى هێزە عێراقییە ڕێکخراو و ناڕێکخراوەکان و هێزە دەرەکى و نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان)، قەناعەتى باو ئەوە بوو کە پێویستە بونیادناوەى دەوڵەتى عێراق لەسەر چەندین بنەما بێت کە بتوانێت کۆى جێکەوتە خراپەکانى دەیان ساڵى پێشوو لە حوکمڕانیى دیکتاتۆریی مەرکەزیى سەرکوتکەر و ستەمکارى نەتەوەیى و مەزهەبى ساڕێژ بکات، لەم چوارچێوەیەشدا باشترین بژاردە لاى زۆربەى ئەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییانە ئەوە بوو کە عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵیى فرەیى خاوەن سیستمێکى حوکمڕانیى دیموکراسیى پەرلەمانیی لامەرکەزی بونیاد بنرێتەوە([xvii]). لە ڕاستییشدا لەو کاتەدا چانسى بونیادناوەنەى عێراق لەسەر ئەم بنەمایانە (فیدڕاڵى – دیموکراسى – پەرلەمانى) زۆر ئەستەم نەبوو، بەتایبەت دواى هەڵوەشاندنەوەى زۆربەى دەزگا سەرکوتکەرەکانى ڕژێمى پێشوو (سوپا، دەزگاى ئەمن، وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ و…)([xviii]). هەر بۆیە لە ساڵانى سەرەتادا پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق بەم ئاڕاستەیە بەڕێوە دەچوو، بەتایبەت لە ئاستى پڕۆسەى سیاسى و پێکهێنانى هەردوو حکومەتى کاتى و ئینتقالیدا کە چەند وەزارەتێکى (وەک: مافى مرۆڤ و کاروبارى ژنان و ژینگە) پێک هێنران، لەپاڵ بووژاندنەوەى دەزگا لامەکەزییە خۆجییەکان و چالاکبوونەوەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و میدیاى ئازاد، بە شێوەیەک وا چاوەڕوان دەکرا کە چیدى عێراق لەسەرپێیە بۆ دەربازبوون لە جێکەوتەکانى سێ دەیە لە ڕژێمى ستەمکارى پێشوو و چوار دەیە لە ڕژێمى پاشایەتیى لاواز([xix]). لەسەر ئاستى پڕۆسەى دەستووریش، هەر لەو ماوە سەرەتاییەدا دوو دەستوور بۆ بەیاساییکردنى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق لەسەر ئەو بنەمایانە (فیدڕاڵى – دیموکراسى – پەرلەمانى) نووسران، کە یەکەمیان “یاسای بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە” بوو، کە بە “دەستوورى کاتیى ساڵى ٢٠٠٤”یش ناسراوە، دووەمیشیان “دەستوورى کۆمارى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٠٥” بوو کە بە “دەستوورى هەمیشەیى” و “دەستوورى فیدراڵى”یش ناسراوە. هەر لەبەر ئەمە “دەستوورى کاتیى ٢٠٠٤”، لە دەقەکانى سەرەتایدا جەختى لەوە کردەوە کە: “سیستمی حوكم لە عێراق دەبێت سيستمێکی کۆماری، فیدراڵی، دیموكراسی و فرەیی بێت. دەبێت دەسەڵاتەكانيش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتە خۆجێييەكانى هەرێم و پاریزگا و شارەوانی و یەکە ناوچەییەکان دابەش بکرێت. ئەم سیستمە فيدراڵيیەش لەسەر بنچینەی جوگرافی و پەيوەندیيە مێژووييەكان و لێكجیاکردنەوەی دەسەڵاتەكان دەبێت، نەك لەسەر بنچینەی ئەسڵ و تايەفە و نەژاد و ئیتنی و نەتەوە یان مەزهەب([xx]).” ئەمجا ئەم دەستوورە لە چەندین دەقی تریدا پێداگرى لەسەر پێکەوەژیان و قبووڵکردنى یەکدى و داننان بە هەڵبژاردن و سەروەریى یاسا و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و پشتگیریکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى و ئازادیى ڕادەربرین و میدیا کردووە([xxi])، ئەمەش بە بڕواى توێژەران هەنگاوى گەورە و ئەرێنی بوون بۆ بەفیدراڵیکردنى عێراق و بەدیموکراسیکردنى سیستمە حوکمڕانییە نوێیەکەى([xxii])، بەتایبەت کە بەو دەقانە دەیخواست دەوڵەتێک بونیاد بنێت کە تیایدا بۆ بەرژەوەندیى هەرێم و ناوچە خۆجێییەکان، ناوەند لاواز بێت، بۆ باش بەڕێوەبردنى کۆمەڵگایەکى فرەیى مەدەنیى ئازاد؛ دەسەڵات کۆتکراو بێت([xxiii]). بە هەمان ئاڕاستە، دەستوورى فیدراڵیى ٢٠٠٥، لە یەکەمین دەقیدا جەختى لەوە کردەوە کە: “کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، ڕژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، نوێنەرایەتیی(پەرلەمانی)، دیموکراسییە، ئەم دەستوورەش یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت([xxiv]).” ئەمجا ئەمیش لە چەندین دەقی تریدا پێداگریى لەسەر زامنکردن و پاراستنى مافە سیاسى و مەدەنى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و ڕۆشنبیرییەکان و دەسەڵاتى گەل و هەڵبژاردن و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سەروەریى یاساى و پشتیوانیکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى و ئازادیى ڕادەربرین و میدیا و ڕۆژنامەگەرى کردووە. بۆیە ئەم دەستوورە بە بڕواى توێژەران، وەرچەرخانێکى گەورە بوو نەک لە عێراقدا، بەڵکوو لە کۆى ناوچەکەشدا، بەتایبەت کە بەپێى پێوەرە باوەکانى حوکمڕانى لە زۆربەى وڵاتە عەرەبییەکاندا، زۆربەى توانا و سەرچاوە دارایى و ماددییەکانى دەوڵەت لە چنگى حکومەتى ناوەندیدا جێگیر کراوە، هەر لە بوارى بەرگریى دەرەکی و ئاسایشى ناوخۆوە تا ژێرخانى ئابوورى و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستى و بەڵکوو دابینکردنى پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش([xxv]). کەچى دەستوورى ٢٠٠٥، لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەى ڕژێمێکى مەرکەزیى دەسەڵاتخوازى ستەمکار، زۆربەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى ناوەندیی لە هەردوو بوارى دەرەکى و بەرگریدا سنووردار کردووە([xxvi])، بەڵام بوارەکانى ژێرخانى ئابوورى و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستیى کردووەتە دەسەڵاتى هاوبەشى حکومەتى ناوەندى و حکومەتە ناناوەندییەکانى (هەرێم و پارێزگان). هەر چى بوارەکانی ترە، ئەوا بۆ دەسەڵاتى فراوانى حکومەتى هەرێم و پارێزگاکان بەجێ هێڵراوە، کە هاوکات هەرێمەکان مافى دانانى دەستوورى تایبەت بە خۆیان و بوونى دامەزراوەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادورییان بۆ خۆبەڕێوەبردنى سەربەخۆى خۆیان هەیە، تەنانەت حکومەتى ناوەندى دەسەڵاتى بەسەر هێزى ناوخۆیى هەرێمەکانیشدا نییە، بەڵکوو تواناى سەپاندنى باجى بەسەر هەرێمەکانیشدا نییە ئەگەر هەرێمەکان قایل نەبوون، ناشتوانێت بەتەنها کەرتى نەوت بەڕێوە ببات، زیاتر لەمەش لە بوارە هاوبەشەکاندا یاسا فیدراڵییەکان پەیوەستن بە ناکۆکنەبوون لەگەڵ یاساى هەرێمەکان، خۆگەر ناکۆکیش بن، ئەوا پێشینەیى بۆ یاساى هەرێمەکان دەبێت([xxvii]). بەڵام پێچەوانەى ئەم دەقە دەستوورییە مژدەبەخشانە، وردە وردە پڕۆسەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵی لە عێراقدا گرفتى گەورەى هاتە ڕێ، بە شێوەیەک زۆربەى ئەو تایبەتمەندییانەى کە لە تەوەرى پێشوودا بۆ دەوڵەتى فیدراڵى خستمانە ڕوو، زەمینەى چەسپاندنیان لە عێراقدا لاواز و ناسازە. بەم شێوەیەى کە لە بڕگەى داهاتوودا باسى دەکەین. دووەم: گرفتەکانى بەردەم جێگیرکردنى تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵی لە عێراقدا لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئەو گرفتانە بە هەمان ئەو ڕیزبەندییەى لە تەوەرى پیشوودا ئاماژەمان بۆیان کرد، بخەینە ڕوو. بەم شێوەیە: ١. سەبارەتى بە تایبەتمەندیى یەکەم و سەرەکى کە بریتییە لە بوونى دوو ئاست لە حکومەت، هەر چەندە دەستوورى عێراقى؛ ڕاشکاوانە مافى داوە بە هەر پارێزگایەک یان زیاتر کە “هەرێم” دروست بکەن([xxviii])، بە پێچەوانەى ئەوەى لە سەرەتادا پێشبینى دەکرا کە عێراق لەسەر بنەماى (نەتەوە و پارێزگاکان) ببێتە شانزە هەرێم (کوردستان و هەریەک لە پانزە پارێزگاکە)، یان لەسەر بنەماى (نەتەوەیی و جوگرافى) ببێتە پێنج یان شەش هەرێم (کوردستان، بەغداد، كەركووك، باشوور، ناوەڕاست و فوڕاتى ناوەڕاست)، یان لەسەر بنەماى (نەتەوەیی و مەزهەبی) ببێتە سێ هەرێم (کوردى و سوننى و شیعى)، یان لانى کەم لەسەر بنەماى نەتەوەیى ببێتە دوو هەرێم (کوردى و عەرەبى)([xxix])، کەچى تا ئێستا جگە لە (هەرێمى کوردستان) کە مێژووى ڕاگەیاندنى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٩٩٢، هیچ هەرێمێکی تر لە سایەى دەستووری ٢٠٠٥دا دروست نەبووە، هەر چەندە چەندین داواکارى لەلایەن چەندین پاریزگاوە بۆ دروستکردنى هەرێم هەبووە، بەڵام لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە بەتوندى ڕێگریى لێ کراوە، جا ئەو ڕێگرییە هەندێک جار بە بیانووى یاسایى بووە (وەک: بەسڕە و میسان و زیقار)، یان بە ترساندن و سەرکوتکردن بووە (وەک: دیاله)، یان بە بەڵێنى چەواشەکارانە بووە (وەک: ڕومادى و موسڵ)([xxx]). ڕەنگە هۆکارى سەرەکی بۆ ئەم گرفتە ئەوە بێت کە هەر لە سەرەتاوە، جگە لە “کورد” و چەند هێز و کەسایەتییەکى عێراقیى لیبراڵ و عەلمانیى کەم، هیچ کام لە هێزەکانی ترى (شیعە و سوننە) لەگەڵ بەفیدراڵیکردنى دەوڵەتى عێراق نەبوون، بەڵکوو هەندێکیان بەتوندى دژى بوون، وەک زۆربەى هێزە سوننییەکان کە بە مقاوەمە ناسرابوون، هەروەها صەدرییەکان و تورکمانەکان([xxxi]). بە بڕواى زۆربەى شارەزایانى فیدراڵى و دەستوورناسان، هەمیشە لەو دەوڵەتە فیدراڵییانەدا کە ژمارەى هەرێمەکان کەمە، ئەگەرى زاڵبوونى حکومەتى ناوەندى زۆرە، ئەمەش دواجار یان بە ئاڕاستەى لاوازبوونى بونیادى فیدراڵیى ئەو دەوڵەتە دەڕوات، یاخود بەرەو هەڵوەشاندنەوەى یەکجاریى ئەو دەوڵەتە سەر دەکێشێت([xxxii]). کەواتە هەر لە سەرەتاوە تایبەتمەندیى یەکەمى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى لە عێراقدا کە بوونى دوو ئاست لە حکومەتە، لەبەردەم گرفتى گەورەدا بووە. ٢. سەبارەت بە تایبەتمەندیى دووەمى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى کە بوونى دەستوورێکى نووسراوى جامدە، ڕاستە تا ئێستا لە عێراقدا ئەم تایبەتمەندییە وا دەردەکەوێت کە پتەوە، چونکە تا ئیستا هیچ هەموارێک لە دەستوورى فیدراڵیى ٢٠٠٥دا نەکراوە، بەڵام هەمیشە ئەم دەستوورە یان دووچارى پێشێلکردنى گەورە بووە، بەتایبەت لە بوارى بنەماکانى مافى مرۆڤ و دیموکراسى و سەروەریى یاسا و لامەرکەزیى خۆجێیى پارێزگاکاندا، یان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەى تانەلێدان، بانگەشەکردن و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەى یان هەموارکردنى بە ئاڕاستەى سڕینەوەى بنەما (فیدراڵى و دیموکراسى و پەرلەمانى)یەکەى بووە، گوایە ئەم بنەمایانە سەرچاوەى بە لاوازى مانەوەى دەوڵەتى عێراقن، بەتایبەت لەلاى هەندێک لە هێزە شیعییە باڵادەست و خاوەن میلیشیاکان، ئەمە جگە لەوەى کە ئێستا خواستى هەموارکردنى دەستوور و گۆڕینى سیستمەکەى بۆ سەرۆکایەتى و کاڵکردنەوەى لامەرکەزیەتى پارێزگاکان تیایدا وەک یەکێک لە داواکاریى خۆپیشاندانەکانى تشرین خراوەتە ڕوو([xxxiii]). – سەبارەت بە تایبەتمەندیی سێیەم کە بریتییە لە دابەشکردنى دەستووریانەى دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، هەر چەندە وەک پێشتر وتمان دەستوورى عێراقى ٢٠٠٥ ئەم دابەشکردنەى کردووە، بەڵام لە لایەک بە هۆى قایلنەبوونى حکومەتى ناوەندى بە دەستبەرداربوونى ئەو دەسەڵاتانەى کە پێش ٢٠٠٣ هەیبووە و لە لایەکیش بە هۆى ئاڵۆزیى دەقە دەستوورییەکان خۆیان، بەتایبەت سەبارەت بە (نەوت و گاز و داهات)، کێشە و ملاملانێی زۆر لەنێوان حکومەتى ناوەندى و حکومەتە خۆجێییەکان دروست بووە، بەتایبەت لەگەڵ “هەرێمى کوردستان” کە چەندین دۆسیەى جێى ناکۆکى لە نێوانیاندا هەیە وەک (کێشەى نەوت و گاز، بەشەبودجەى هەرێم، خەرجکردنى مووچە و پێدانى چەک بە پێشمەرگە، ناوچە جێناکۆکەکان، نوێنەرایەتییەکانى دەرەوە…)([xxxiv])، بەڵکوو قووڵبوونەوەى ئەم ململانێیە هەندێک جار عێراقى بەرەو کەنارى لێکهەڵوەشانەوە یان پێکدادانى سەربازى لەگەڵ هەرێم بردووە، وەک ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى بۆ هەرێم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ و لەشکرکێشیى زۆرەملێى عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکان لە ١٦/١٠/٢٠١٧. ئەمە جگە لەوەى کە هەمیشە حکومەتى ناوەند پابەند نەبووە بە تەرخانکردنى دەسەڵاتى دارایی پێویست بۆ یەکە خۆجێییەکان، بەتایبەت پارێزگاکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق([xxxv])، بەڵکوو نەک لە ڕووى داراییەوە، لە ڕووى کارگێڕییشەوە وەک حکومەتى ناوەندى هەتا ئێستا بەرامبەر ئەو یەکانە وەک حکومەتێکى مەرکەزیى توند هەڵسوکەوت دەکات، کاتێک وەک کاردانەوەیەکى ناڕەزاییە جەماوەرییەکانى تشرین؛ ئەنجوومەنى هەڵبژێردراوى پارێزگاکانى هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش سەربەخۆيى ئەو یەکانەى تەواو لاواز کردووە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. – سەبارەت بە بوونى ئەنجوومەنى دووەم لە پەرلەمانى فیدراڵیدا، وەک ئامرازێک بۆ پێدانى سەنگى زیاتر بە هەرێم و یەکە خۆجێییەکان، هەر چەندە ئەم دەزگایە کە ناوى “ئەنجوومەنى فیدراڵی”یە دەبوو بەپێى دەستوور لە خولى دووەمى ئەنجوومەنى نوێنەراندا بەر لە ٢٠١٤ پێک بهێنرێت، بەڵام تا ئێستا پێک نەهێنراوە، ئەمە جگە لەوەى کە دەبوو ئەنجوومەنەکە بە دەقى دەستوور ڕێک بخرێت، نەک بۆ یاسای ئاسایى ئەنجوومەنى نوێنەران بەجێ بهێڵرێت([xxxvi])، هەموو ئەمانەش گرفتى گەورەن لە بونیادى فیدراڵیی عێراقدا، کە تێستا پێویستیى فەراهەمکردنى ڕەگەزەکانى نوێنەرایەتى و دیموکراتى و هاوکارى تیایدا فەرامۆش کراون. – بەڵام سەبارەت بە داگاى باڵاى فیدراڵى، زۆربەى کات ئەم دەزگایە لە یەکلاکردنەوەى ناكۆكيیه دەستوورییەکانى نێوان حکومەتى ناوەندى و حکومەتى هەرێمى کوردستان یان ئیدارەى خۆجێیى پارێزگاکان؛ نادیار و کەم ڕۆڵە، ئەمە جگە لەوەى لە یەکلاکردنەى زۆرێک لە کێشە سیاسییەکاندا بە لایەنگرى هێزە باڵادەستەکان تۆمەتبار کراوە، وەک بابەتى دیاریکردنى کوتلەى گەورە لە ئەنجوومەنى نوێنەراندا لە کاتى پێکهێنانى حکومەتدا لە ساڵانى ٢٠١٠ و ٢٠١٤دا. وێڕاى ئەمەش لە ئێستادا ئەگەرى پەککەوتنى ئەم دادگایەش هەیە، بە هۆى ئەو ناکۆکییەى لەسەر چۆنێتیى دامەزراندنى ئەندامى نوێ بۆ دادگاکە دروست بووە دواى خانەنشینبوونى یەکێک لە ئەندامەکانى، لە کاتێکدا نیصابى کۆبوونەوەکانى دادگاکە بەبێ ئامادەبوونى کۆى ئەندامانى؛ بە نایاسایى دادەنرێت. هەموو ئەمانەش ئەوە دەسەلمێنن کە ئاشووب و گرفتى گەورە لەبەردەم سەروەریى یاسا و ئامرازە دادوەرییەکان لە بونیادى فیدراڵیى عێراقدا هەیە([xxxvii]). – هەر چى سەبارەت بە بوونى ڕێکار و ئامرازە بۆ ڕاییکردنى پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان حکومەتى ناوەندیى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوا دەکرێ ئاماژە بۆ ڕەوانەکردى چەندین شاندى دانوستان لەنێوان هەردوو لا و بوونى لیژنەى هاوبەش لە هەندێک بواردا بکرێت، بەڵام بەردەوامبوونى ناکۆکییەکانى نێوانیان تا ئێستا و چارەسەرنەکردنیان و بەڵکوو بەچەقبەستنى هەندێکیشیان، بەڵگەى ئەوەن کە ئەم ڕێکار و ئامرازانە لە بونیادى فیدراڵیى عێراقدا ناکارن. لە کۆتایى ئەم تەوەرەدا، دەبینین سەرجەم تایبەتمەندییەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى لە عێراقدا لاواز و پڕ گرفتى گەورەن، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەوەى کە دەستووری ٢٠٠٥ نەخشەسازیى بۆ کردووە، بەتەواوى یان لانى کەم هەندێکیشى لە واقیعدا بوونى هەیە، بەڵکوو وەک هەندێک لە توێژەران دەڵێن، عێراق لەدواى بەرکاربوونى دەستوورەوە بە پڕۆسەى بەفیدراڵیکردن و بەناناوەندێتیکردن و بەدیموکراسیکردنێکى هاوسەنگدا نەڕۆیشتووە، بە شێوەیەک کە دەسەڵات وردە وردە لە ناوەندەوە بۆ دەزگاى هەڵبژێردراو لە هەرێم و پارێزگاکان بگوازرێتەوە، بەڵکوو ئەو دەسەڵاته لە ئەنجامى ڕووخانى ڕژێمى بەعسدا کەوتە دەستى چەندین هێزى حیزبیى ناوچەیى و تائیفیى خاوەن هەژموون و بەرژەوەندیى بەرتەسک([xxxviii])، کە قایل نین بەئاسانی دەستبەردارى ئەو دەسەڵاتە بن بۆ دەزگا دەستوورى و هەڵبژێردراوەکان، بەڵکوو زۆرێک لەم هێزانە لە سایەى گەندەڵى و پشتیوانیى دەرەکیدا تا بێت تواناى دارایی و چەکدارییان لەسەر حسابى دەوڵەت زیاد دەکات، ئەمەش هەر لە زووەوە پێشبینیى ئەوەى لێ دەکرا کە ببێتە لەمپەرى گەورە لەبەردەم ئایندەى بەردەوامبوونى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵیى خاوەن سیستمێکى دیموکراسى. تەوەرى سێیەم: ئایندەى بەفیدراڵیکردنەى دەوڵەتى عێراقى لەم تەوەرەدا هەوڵ دەدەین لە دوو ئاستدا پێشبینییەکان بۆ ئایندەى دەوڵەتى فیدراڵیى عێراق بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان بەپێى ئەو تیۆرانەیە کە بۆ بونیادناى فیدراڵى لە هەر دەوڵەتێکدا شرۆڤە کراوە، دووەمیشیان لە ڕێى ئەو سیناریۆیانەوە کە دەشێت بۆ ئایندەى پڕۆسەکە پێشبینى بکرێن، بەم شێوەیە: یەکەم: ئایندەى عێراق بەپێى تیۆرەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى بەگشتى توێژەران سێ ئاڕاستەى تیۆریى سەرەکییان بۆ داڕشتنەوەى پەیکەر و سەرلەنوێ بونیادنانەى دەوڵەتێک لەسەر بنەما و تایبەتمەندییەکانى فیدراڵى خستوەتە ڕوو، کە دەتوانین لە سایەی هەریەکەیاندا پێشبینى بۆ ئایندەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى بکەین، بەم شێوەیە([xxxix]): تیۆرە ئایدیاڵییە: کە باوەڕیان وایە ڕادەى تواناى جێگیرکردنى تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵى بەندە بە ڕادەى بەهێزیى ئەو بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆجیا و بەها هزرییانەى کە لەنێو سەرکردە و گرووپ و هێز و لایەنە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا پاساو بۆ بەفیدراڵیکردنى وڵات و سوودەکانى ناناوەندێتیى حوکم دەهێنێتەوە و پشتیوانیى جێبەجێکردنى بنەماکانى دەکەن، واتە زەمینەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى بریتییە لە بەهێزیى ئایدۆلۆجیاى “فیدراڵیزم” لە کۆمەڵگادا. لە دیارترین لایەنگرانى ئەم تیۆرانە، “مایکل بەرگیز”ە. سەبارەت بە ئایندەى بەفیدراڵیکردنى عێراق، لە ڕوانگەى ئەم تێۆرانەوە ناتوانین تەواو گەشبین بین، لەبەر ئەوە هەروەک پێشتر وتمان جگە لە “کورد” و چەند هێز و کەسایەتییەکى کەم، هێزەکانی تر لە (شیعە و سوننە) نەک لەگەڵ بەفیدراڵیکردنى عێراق نەبوون، بەڵکوو بەتوندى دژایەتییشیان کردووە، ئەمە وێڕاى ئەوەى کە لە ئێستادا بە هۆى لاوازیى تواناى حوکمڕانانى هەرێمى کوردستانەوە، خەریکە وردە وردە بیرۆکەى فیدراڵیزم لەناو بەشێک لە چینوتوێژە جیاوازەکانى کورددا ڕەونەقى لەدەست دەدات. تیۆرە کولتوورى- ئەتنییەکان: کە باوەڕەیان وایە زۆربەى کات کۆمەڵگا فرەییە دابەشبووەکان لە ڕووى کولتوورى و ئەتنییەوە، ئارەزووى جێبەجێکردنى تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵی دەکەن. واتە زەمینەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى، بریتییە لە بوونى کۆمەڵگایەکى فرەیی لە ڕووى کولتووری و ئەتنییەوە، یان لانى کەم بوونى جۆرێک لە لایەنگری ناوچەگەرى و جیاخوازى لەناو گرووپ یان ناوچە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا. دیارترین لایەنگرى ئەم تیڕوانینە، “مایکن ئۆمباخ”ە. بۆ ئایندەى بەفیدراڵیکردنى عێراقیش، لە ڕوانگەى ئەم تێۆرانەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک بۆ دەرکەوتن و بەردەوامبوونى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى جیاوازى پێکهاتەى کولتوورى و ئەتنى لە ناوچەکانی ترى عێراق جۆرێک ئومێد هەبێت، بەڵام سەبارەت بە پێکهاتەکانی تر (سوننە، شیعە، تورکمان و پێکهاتەکانی تر)، هیچ ئاماژەیەکى ئەوتۆ نییە، جگە لە هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە ئەگەرى دروستبوونى “هەرێمک لە ناوچە سوننینشینەکان” کە تا ئێستا ئەگەرێکى لاوازە([xl]). تیۆرەکانى گرێبەستى کۆمەڵایەتی: کە باوەڕیان وایە بەفیدراڵیکردنى وڵاتێک، بەرئەنجامى پڕۆسەیەکى ڕێککەوتن و سازشى بەردەوامە لەنێوان ناوەند و یەکە خۆجێییەکاندا (هەرێمەکان)، بە شێوەیەک کە نە ناوەند ئەوەندە بەهێز دەبێت کە بەتەواوى کۆنترۆڵى سەربەخۆیى ڕێژەیى هەرێمەکان بکات، نە هەرێمەکانیش ئەوەندە بەهێز دەبن کە لە ناوەند جیا ببنەوە. دیارترین لایەنگرانى ئەم تیۆرانە، “ولیام هـ. ڕایکەر”ە. هەر چى تایبەت بە ئایندەى بەفیدراڵیکردنى عێراقیشە، لە ڕوانگەى ئەم تیۆرانەوە، ڕەنگە دووبارە سەبارەت بە هەرێمى کوردستان کە هەر لە سەرەتاى بونیادنانەوەى عێراقەوە لەدواى ٢٠٠٣ و بە درێژایى پڕۆسەى دانانى دەستوورى عێراق و ئەمجا پیادەکردنى هەندێک لەو دەسەڵاتانەى کە لەم دەستوورەدا بەتەنها یان بە هاوبەش لەگەڵ ناوەنددا پێی دراوە، لە بوارى (پێشمەرگە و نەوت و نوێنەرایەتیى دەرەوە و گومرگ و خاڵە سنوورییەکان…)، جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنى بەردەوام لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزە باڵادەستەکانى عێراق لە ناوەند هەبووبێت، کە دەشێت لە ئایندەدا زامنى بەردەوامبوونى هەندێک لە تایبەتمەندییەکانى بەفیدراڵیکردنى دەوڵەتى عێراق بکات، بەڵام سەبارەت بە هێزەکانی تر، ئەگەر جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنیش هەبووبێت لەگەڵ ناوەند (بەتایبەت لەلایەن سوننە و تورکمان و ئەوانی تر)، ئەوا هیچ کات ئەمە بۆ بەفیدراڵیکردنى عێراق و دروستکردنى هەرێمی تر نەبووە، بەڵکوو حکومەتى ناوەند تا ئێستا ئامادەى هیچ جۆرە سازشکردنێک نەبووە لەگەڵ ئەو پارێزگایانەى کە خواستى بەهەرێمبوونیان هەبووە. کەواتە وەک دەبینین بەپێی پێگەى هەرسێ ئاڕاستە تیۆرییەکەى سەرەوە، ئاسۆى بەردەوامبوونى پڕۆسەى بەفیدراڵیکردنى دەوڵەتى عێراق لە ئایندەدا لێڵ و تەماوییە، ئەمە جگە لەوەى کە دەرکەوتنى کورد و هەرێمى کوردستان وەک کاراکتەرى سەرەکیى هەڵسووڕاندن و بەرگریکردن لەم پڕۆسەیە، جۆرێک لە لاوەکیبوون و تاک ڕەهەندیى بە ئامانجەکانى پڕۆسەیە بەخشیوە، بە جۆرێک لاى زۆرێک لە هێز و پێکهاتەکانی تر و عێراقی فیدراڵى وەک ئامرازێکى هەلپەرستانەى کورد بۆ بە لاوازى هێشتنەوەى دەوڵەتى عێراق لە ئایندەدا سەیر دەکرێت.  یەکەم: سیناریۆکانى ئایندەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى لە سایەى ئەو گرفتانەى کە لەبەردەم جێبەجێکردنى تایبەتمەندییەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵی لە عێراقدا هەن، بەو شێوەیەى کە لە تەوەرى پێشوودا خستمانە ڕوو، دەتوانین پێشبینیى سێ سیناریۆ بۆ ئایندەى عێراق بکەین. بەم شێوەیە: سیناریۆى یەکەم: وا پێشبینى دەکات کە تاکە ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە ئیتنى و مەزهەبییەکانى عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەم دەوڵەتە بۆ  دوو دەوڵەت یان زیاتر، لەسەر بنەماى نەتەوەیى (کورد و عەرەب)، یان نەتەوەیى و مەزهەبى (کورد و سوننە و شیعە). پاساوى لایەنگرانى ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە عێراق دەوڵەتێکى دەستکردى سەردەمى کۆڵۆنیاڵییە، تا ئێستا نەتوانراوە پایەکانى دەوڵەتبوونى تیا بەرجەستە ببێت، ئەمە جگە لەوەى هەندێک لە پێکهاتەکانى ئەم وڵاتە بەتایبەت “کورد”، هەمیشە خواستى جیابوونەوە و سەربەخۆبوونى لە عێراق هەبووە و لەگەڵ ڕوودانى هەر قەیران و ململانێیەکى تونددا لەگەڵ ناوەند؛ بەئاشکرا ئەم خواستەى خستووەتە ڕوو، کە دواهەمین جاریان ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی بوو لە ساڵى ٢٠١٧. بەڵام ئەگەرى ڕوودانى ئەم سیناریۆیە زۆر دوورە، چونکە جگە لەوەى لە ناوخۆدا زۆربەى هێزە عێراقییە عەرەبەکان بە سوننە و شیعەوە دژین، هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکانى دەرەوەش لەگەڵ پاراستنى یەکێتیى عێراق و مانەوین وەک یەک دەوڵەت. سیناریۆى دووەم: وا پێشبینى دەکات کە وردە وردە حکومەتى ناوەندى بەرەو بەهێزبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەک کە بتوانێت بەتەواوى کۆنترۆڵی سەربەخۆیى دیفاکتۆى هەرێمى کوردستان بکات، بەمەش عێراق جارێکی تر بۆ فۆڕمى دەوڵەتى یونیتارى بگەڕێتەوە و ئەو ئەزموونە فیدراڵییە ناکامڵەى کە ئێستا هەیە، بەتەواوى شکست بهێنێت. پاساوى ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە زۆربەى کات حکومەتى ناوەندى ئامادەى جێبەجێکردنى بەشێک لەو بنەمایانەى نییە کە دەستوور بۆ بەفیدراڵیکردنى عێراق دایڕشتوون، وەک داننان بە سەربەخۆیى دارایى هەرێم و پاریزگاکان و ڕێگەنەدان بە دروستبوونى هەرێمی تر و دەستبەردارنەبوونى دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و ناوچە خۆجێییەکان و پێکنەهێنانى ئەنجوومەنى دووەمى یاسادانان… ئەمە جگە لە چارەسەرنەکردنى یەکجارەکیى ئەو ناکۆکییانەى کە لە ماوەى ١٥ ساڵى ڕابردوودا لە سایەى دەقەکانى دەستووردا لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیبوو، هەر لە کێشەى نەوت و گاز و بەشەبودجە و داهات و خاڵە سنوورییەکانەوە تا کێشەى پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان و نوێنەرایەتیى دەرەوە… سیناریۆى سێیەم: لە سایەى نەبووى زەمینەى تەواو بۆ بەدیهاتنى هەردوو سیناریۆى پێشوو، وا پێشبینى دەکرێت کە باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەى عێراق بریتی بێت لە دەستگرتن بەو بژاردەى فیدراڵییانەوە، لە پێناو بەرقەرارکردنى سەقامگیریى زیاتر و لێبڕان بۆ باشکردنى ژیانى هاوڵاتییان و گەشەپێدانى ژێرخانى ئابووریى وڵات. هەڵبەت ئەمەش بەوە دەکرێت کە هەموو لایەک، لە پێکهاتە ئەتنى و ئایینى و مەزهەبى و هێز و لایەنه فەرمى و نافەرمییەکان، چ لەسەر ئاستى حکومەتى ناوەندى و چ لەسەر ئاستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ناوچە خۆجێییەکانی تر، ئامادەیى تەواویان بۆ جێبەجێکردنى زۆربەى تایبەتمەندییەکانى فیدراڵى و پابەندبوون بە دەستوورى ئێستاى عێراقەوە هەبێت، بەتایبەت لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە کە ئامادەیى ئەم بۆ دەستبەرداربوونى دەسەڵاتى زیاتر و قبووڵکردنى هاوبەشى لە دەسەڵاتەکانى و داننان بە سەربەخۆبوونى زیاترى کارگێڕیى دارایى یەکە خۆجێییەکانى خوارەوە، کاریگەریى گەورەى دەبێت لەسەر بەهێزکردنى پایەکانى فیدراڵى لە عێراقدا و ڕەخساندنى هەلى گونجاو بۆ سەرکەوتنى. ئەنجام هەر چەندە وا دەخوازرا لە سایەى ئەو بنەما و ئامراز و دامەزراوە فیدراڵییانەى کە هەردوو دەستوورى ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لەخۆیان گرتبوون، سەرلەنوێ فۆڕمى دەوڵەتى عێراق بە شێوازى فیدراڵى بونیاد بنرێتەوە، بەڵام دواى تێپەڕبوونى ١٥ ساڵ بەسەر کارپێکردنى دواى دەستووریاندا، هێشتا پڕۆسەى بونیادنانى ئەو بنەمایانە ڕووبەڕووى چەندین کۆسپى گەورە بوون، بە شێوەیەک کۆى تایبەتمەندییەکانى بەفیدراڵیکردنى عێراق دووچارى چەندین گرفتى جۆراوجۆر بوون، بە شێوەیەک بەپێى هیچ تیۆرێک لە تیۆرەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى پێشبینى ناکرێت ئایندەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى سەرکەوتوو بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەم ئایندەیە بە ڕووى سێ سیناریۆدا کراوە بێت، کە یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەى عێراق و پارچەپارچەبوونیەتى بۆ چەند دەوڵەتێک، دووەمیان شکستخواردنى بەفیدراڵیکردن و گەڕانەوەیە بۆ فۆڕمى دەوڵەتى یونیتارى، سێیەمیشیان دەستگرتنە بە فۆڕمى فیدراڵیى ئێستا و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنى، ئەوا هەمیشە سیناریۆى سێیەم؛ زەمینەى جێبەجێبوونى بەردەستترە لە دوو سیناریۆکەی تر.   سەرچاوە و پەراوێزەكان: ([1]) نقلا عن: عصام سليمان (1991)، الفيدرالية والمجتمعات التعددية ولبنان، بيروت: دار العلم للملايين، 1991، ص40. ([1]) William H. Riker(1975), “Federalism” in: Handbook of Political Science 5: Governmental Institutions and Processes, 175, pp 93–172. ([1]) حميد حنون خالد (2010)، مبادئ القانون الدستوري وتطور النظام السياسي في العراق، بغداد: مكتبة السنهورى، ص48. ([1]) نقلا عن: د.محمد عبد المعز نصر، في النظريات والنظم السياسية، بيروت: دار النهضة العربية، 1973، ص475. ([1]) باغنر، جاك (2002)، الدولة…مغامرة غير اكيدة، ترجمة: نورالدين اللباد، القاهرة: مكتبة مدبولي، ص128. ([1]) Daniel J. Elazar, “Contrasting Unitary and Federal Systems”, in: International Political Science Review, Vol.18, no.3, July/1997, p239. ([1]) See: Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism, Tuscaloosa, University of Alabama Press, 1987, p6; Douglas V. Verney, Federalism, Federative Systems, and Federations, in: Publius – The Journal of Federalism, Vol.25, No.2, Oxford University Press, Spring 1995, p81; Ronald L. Watts, Federalism, Federal Political Systems and Federations, in: Annual Review of Political Science, Vol.1. No.1, Kingston, IIGR in McGill-Queen’s University, June 1998, p.117. ([1]) Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism,  op. cit., p.5. ([1]) Douglas V. Verney, op. cit., p81. ([1]) Daniel Judah Elazar , Exploring Federalism, op. cit., pp8-9. Ronald L. Watts, op. cit., p120. ([1]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121. ([1]) Ronald L. Watts, op. cit., pp122-123. ([1]) بۆ زانیاریى زیاتر سەبارەت بەو ڕا جیاوازانە، بڕوانە: اندرسون، جورج (2007)، مقدمة عن الفيدرالية: ماهي الفيدرالية؟ وكيف تنجح حول العالم؟، ترجمة: مها تكلا، كندا: منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص ص2-4؛ شورش حسن عمر(2009)، خصائص النظام الفيدرالي في العراق – دراسة تحليلية مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص29-37؛ عادل زغبوب، الدولة الاتحادية: مفهومها – تحليلها – مستقبلها، لبنان: دار المسيرة، ص ص36-37. ([1]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص ص٢-٣؛ رونالد ل. واتس (2006)، الانظمة الفدرالية، ترجمة: غالي برهومة وآخرین، اوتاوا، منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص١٦. ([1]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص٤. ([1]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121. ([1]) عابد خالد رسول (2012)، الحقوق السياسية في الدساتير العراقية – دراسة تحليلية مقارنة على ضوء المتغيرات السياسية، السليمانية، مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص367-368. ([1]) امر سلطة الائتلاف المؤقتة حل الكيانات العراقية، رقم (٢)، في ٢٣/٥/٢٠٠٣. ([1])الجنابي، ميثم (2004)، العراق ومعاصرة المستقبل، دارالمدى للثقافة والنشر، ص7. [1]))  یاساى بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە(2004)، مادەى٤. [1]))  هەمان سەرچاوە، مادەکانى١٠-٢٣ و ٥٢-٥٧. ([1]) سيار الجميل (16/آذار/2004)، “الدستور العراق – التوافقات والتباينات بين الواقع والرؤية والتطبيق”، صحيفة الزمان، العدد 1758. ([1]) جاسم المطير (20/٣/2004)، “قانون إدارة الدولة وسيلة أولى لتأسيس الحكم الأفضل”، الحوار المتمدن، العدد 779،  http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=16085&r=0، (متاح: 28/3/2020). [1])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەی 1. ([1]) مورو، جوناثان (2005)، “العملية الدستورية العراقية (٢): فرصة ضائعة”، معهد السلام الأمريكي، تقرير خاص رقم ١٥٥، ص ص٣-٤ وص٥٣، https://www.usip.org/sites/default/files/sr155_arabic.pdf. [1])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەکانى ١١٠-١٢١. [1])) هەمان سەرچاوە. [1])) هەمان سەرچاوە، مادەى 119. ([1]) محمد أحمد محمود (2010)، “تعدیل الدستور: دراسة في ضوء الدستور العراقي لعام 2005″، بغداد: الدائرە الاعلامیە-مجلس التواب، ص ص٩١-٩٢. ([1]) عابد خالد رسول (2013)، المجلس التشريعي الثاني في الدولة الفيدرالية – دراسة مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص39. ([1]) عبدالحسين شعبان (2006)، “تضاريس الخريطة السياسية العراقية”، مجلة المستقبل العربي، بیروت: مركز دراسات الوحدة العربية، السنة 29، العدد 333، ص ص64-68. ([1]) لطيف مصطفى امين (2006)، الفيدرالية وافاق نجاحها في العراق، السليمانية: دار سردم، ، ص ص45-٦١. ([1]) حمزة مصطفى (3/11/2019)، دعوات لتحويل النظام من برلماني إلى رئاسي في العراق، جریدە الشرق الاوسط، العدد ١٤٩٥٠. ([1]) م. د. حازم صباح احميد، “النظام الاتحادي(الفدرالي) في العراق تحديات الحاضر وآفاق المستقبل”، مجلة جامعة تكريت للعلوم القانونية والسياسية، المجلد١، السنة 5، العدد11، ص ص ٣٠٥-٣٠٧. ([1]) المصدر نفسه، ص٣٠٧. ([1]) براون، ناثان (2006)، ملاحظات تحليلية حول الدستور، من: مأزق الدستور: نقد وتحليل، بغداد–بيروت، معهد الدراسات الاستراتيجية، ص ص٤٥-46. ([1]) مجلس القضاء الأعلى (١٢/٢/٢٠٢٠)، “فوضى القضاء الدستوري”، https://www.hjc.iq/view.6449/، (متاح: 4/4/2020). ([1]) مورو، مصدرالسابق، ص4. ([1])Ziblatt, Daniel(2008), Structuring the State: The Formation of Italy and Germany and the Puzzle of Federalism, Princeton University Press, 2008, pp4-6. ([1]) کۆمەڵێک توێژەر (2020)، ئایندەی عێراق و هەرێم لە گێژاوی پرسە هەنووکەییەکاندا، ڕانانی ئایندەیی ژمارە (١)، سلێمانی: سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى، ل ل١١-١٢.


راپۆرت:  فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف دەزگای بەخشین كێشەی لەناو كۆمەڵی ئیسلامیدا دروستكردووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە دەڵێ:" داهات‌و خەرجی نەخۆشخانەكە ناشەفافە"، لیژنەیەكی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی وردبینی كردووە‌و دەڵێ "شەفافە"، داهاتی مانگانەی نەخۆشخانەی بەخشین (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دینارە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دەستی لەكاركێشایەوە سەروەر خورشید بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی دەستلەكاركێشایەوە‌و لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" لەبەرواری (19/7/2020)ـەوە وەكو بۆردی كارگێڕی نەخۆشخانەی بەخشین دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و دوای رادەستكردنی سەرجەم پابەندییە دارایی‌و كارگێڕی‌و یاساییەكانیش ئەمڕۆ دەستی لەكار هەڵگرتووە‌و ماڵئاوایمان پزیشك‌و كارمەندانی نەخۆشخانەكە كردووە". سەروەر خورشید دەڵێ:" لەم بەروارەوە بەدواوە هیچ پەیوەندییەكی یاسایی‌و كارگێڕی‌و داراییمان لەگەڵ نەخۆشخانەی بەخشین و دەزگای بەخشیندا نامێنێت". بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی سەروەر خورشید بۆ سكاڵایەك دەگەڕێتەوە كە (عەبدوڵا ئەحمەد) جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندورستی سلێمانی كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، لە مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ لەسەری تۆماركردووە. سكاڵاو ناڕەزایەتی بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سكاڵانامەیەدا، عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەسەر دەزگاو نەخۆشخانەی بەخشینی نوسیویەتی داوا دەكات كۆمەڵی ئیسلامی: •    وردبینی بكرێت لە تێچوو و داهات‌و گرێبەستەكانی نەخۆشخانەی بەخشیندا. •    باسی لەوەكردووە داهاتی پرۆژەی نەخۆشخانەی بەخشین لە مانگێكدا (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دینارە، بەڵام دەزگای بەخشین‌و ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ رێگەنادەن وردبینی تێدا بكرێت. •    دەیان ئەندامی كۆمەڵ بە پاساوی جیاواز لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەوە دەركراون‌و خەڵكی لە دەرەوەی كۆمەڵی ئیسلامییەوە لە نەخۆشخانەكە دانراون‌و بەرپرسیارێتییان پێسپێردراوە. •    بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە رێگەی نەداوە دەزگای بەخشین ژورێكی لەناو نەخۆشخانەكەدا هەبێت بۆ چاودێریكردنی كارەكانی نەخۆشخانە. •    دەزگای خێرخوازی بەخشین كە خاوەندارێتی نەخۆشخانەكە دەكات بە نوسراوی فەرمی داوای لادانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە (سەروەر خورشید)، بەڵام حساب بۆ قسەكەیان ناكرێت‌و بەوهۆیەوە یەكێك لە ئەندامانی بۆردی دەزگای بەخشین ویستویەتی واز لە كۆمەڵی ئیسلامی بهێنێت‌و بە هەوڵی عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵ وازهێناكەی راگیراوە. •    ماوەی (8 مانگ) بووە بە فەرمانی ئەمیری كۆمەڵ بڕیاربووە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین لابدرێت، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە. •    گومانی هەیە لەوەی بەرپرسی باڵای كۆمەڵ دەستی لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەی بەخشیندا هەبێت بۆیە بڕیاری ئەمیر بۆ لادانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە جێبەجێ نەكراوە. لەسەر بنەمای قسەكانی عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریداوە لیژنەیەك بۆ وردبینی پێكبهێنرێت. سەرباری قسەكانی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، هەندێك لە ئەندامانی كۆمەڵ گلەیی تریان لە سەروەر خورشید بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەخشین هەیە‌و هەندێك دەڵێن برایەكی خۆی كردووە بە بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی بەخشین‌و كەسوكاری خۆی لە نەخۆشخانەكە دامەزراندووە، باسلەوە دەكەن موچەی مانگانەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارەو بەقسەی ناڕەزاییەكان ئەم بڕە موچەیە بەبەراورد بە نەخۆشخانەكانی تر زۆر زیاترە، بۆ وەڵامی ئەم قسانە (درەو) چەندینجار پەیوەندی بە سەروەر خورشیدەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە‌و ژمارە تەلەفۆنەكانی داخستووە. لیژنەكە چی دەڵێ ؟ لیژنەی تایبەت بە وردبینیكردن لە داهات‌و خەرجییەكانی نەخۆشخانەی بەخشین رۆژی (18)ی ئەم مانگە لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ دەستبەكاربووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، لیژنەكە لەماوەی سێ رۆژدا كارەكەی تەواو بووە‌و بە نوسراوێك ئەستۆپاكی (سەروەر خورشید) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەی سەلماندووە‌و رایگەیاندووە: •    داهات‌و خەرجی نەخۆشخانەی بەخشین بە داتا كراوە‌و ئامادەیە بۆ هەر كەسێك بیەوێت بەدواداچوونی بۆ بكات. •    گرێبەست‌و وەسڵی كڕێن بە لیژنە كراوە‌و ئەرشیف كراوە. •    داهات‌و خەرجی نەخۆشخانە ئاشكرایە‌و مانگانە راپۆرتی خۆیان داوە بە دەزگای بەخشین. •    مانگانە هەر بڕە قازانجێك كە نەخۆشخانەكە هەیبوبێت گەڕێندراوەتەوە بۆ دەزگای بەخشین. •    گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیاكان بەشێوەیەكی شەفاف كراون. •    نەخۆشخانەی بەخشین پابەند نەبووە بە هیچ كۆمپانیایەكی دیاریكراوەوە. ئەو لیژنەیەی كە ئەم راپۆرتی وردبینییەیان ئامادەكردووە لە سێ كەس پێكهاتوون: •    یاسین حەسەن بەرپرسی دەزگای دارایی كۆمەڵ كە سەرۆكی لیژنەكە بووە •    سەباح ساڵەح نوێنەری ئەنجومەنی چاودێری‌و بەدواداچوونی كۆمەڵی ئیسلامی كە ئەندامی لیژنە بووە •    كامەران فەتاح كە ئەندامی لیژنە بووە سەرباری ئەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و ئەوانەی ناڕەزایەتییان لەبارەی كارەكانییەوە هەبووە بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون، بەڵام راپۆرتی لیژنەی وردبینی لەناو هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵدا گلەیی لەسەرە، ئەوانەی گلەییان هەیە دەڵێن نەخۆشخانەیەكی گەورە كە مانگانە داهاتەكەی (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دینارە چۆن لە ماوەی تەنیا (سێ) رۆژدا وردبینی بۆ كارەكانی دەكرێت‌و ئەستۆپاكی بۆ دەردەكرێت، سەرباری ئەمە داوا دەكەن پێداچونەوەیەكی گشتگیر بكرێت بە هەموو دامەزراوەی بەخشیندا نەك تەنیا نەخۆشخانەكە. پێشنیازی پۆستێكی نوێ ! سەرباری ئەوەی لیژنەی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ ئەستۆپاكی بۆ دەركردووە، بەڵام مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بڕیاریداوە سەروەر خورشید لە پۆستی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە لاببرێت‌و لەبری ئەوە بكرێت بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكانی بەخشین لە دەرەوەی شاری سلێمانی، بەڵام سەروەر خورشید بەم پێشنیازە قایل نەبووە‌و سكاڵا لەسەر عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی تۆماركردووە كە سەربە حزبەكەی خۆیەتی. هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون‌و ئامادەنەبوون بەناوی خۆیانەوە لێدوان بدەن، دەڵێن كێشەی نەخۆشخانەی بەخشین ئەوەیە بووە بە پرۆژەیەكی گەورەو چاوی لەسەرە، بۆیە ململانێی لەسەر دروستبووە. لەبارەی دەزگای بەخشینەوە دەزگای بەخشین لە 15ی حوزەیرانی 2009 دروستكراوەو بارەگا سەرەكییەكەی لە تەنیشت مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامییە لە گەڕەكی (كازیوە)ی شاری سلێمانی، بەڵام نزیكەی (40) نوسینگەی لە شارو شارۆچكەكانی هەرێم هەیە، ئەم نوسینگانە ئەركیان كۆكردنەوەی خێرو زەكاتی خەڵكە كە بۆ دەزگاكەی دەنێرن.  بەپێی ئەوەی ئەندامانی كۆمەڵ باسی دەكەن، خاوەنی بیرۆكەی دەزگاكە كادیرێكی كۆمەڵ بووە لە شاری هەولێر بەناوی (رێبوار میرانی)، ئەم گەنجە ئێستا یەكێكە لەوانەی كە ناڕازییە لە كارەكانی دەزگاكە‌و دەوترێت چەند مانگێكە دەستی لەكاركێشاوەتەوە. دەزگای بەخشین پرۆژەیەكی ئەهلی كۆمەڵی ئیسلامییە، دەزگاكە لە چەند سێكتەرێك پێكدێت (تەندروستی، پەروەردە، مندالانی بێ باوك، كەمئەندامان، دروستكردنی خانوو بۆ خەڵكی كەمدەرامەت)، كۆمەڵگەی پزیشكی بەخشین كە سلێمانی‌و كەلارو چەمچەماڵ‌و هەڵەبجە لقی هەیە دیاترین سێكتەرەكانی دەزگای بەخشینە. نەخۆشخانەی بەخشین كە ئێستا كێشەو سەرئێشەی بۆ عەلی باپیر كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە، دەكەوێتە سەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لە سلێمانی لە ساڵی 2017 دروستكراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تێچووی دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە نزیكەی (4 ملیار) دینار بووە، نەخۆشخانەكە زیاتر لە (500) كارمەندی هەیە. هەندێك ئەم پرۆژەیە وەكو پرۆژەیەكی بازرگانی كۆمەڵی ئیسلامی پێناسە دەكەن، بەڵام بەرپرسانی كۆمەڵ خۆیان دەڵێن پرۆژەیەكی خێرخوازییە. بەپێی لێدوانێكی ساڵی رابردووی ئاری عەزیز بەرپرسی دەزگای بەخشین" لە سەرەتای دامەزاندانیەوە دەزگای بەخشین زیاتر لە (22ملیار‌و 644ملیۆن) دیناری خەرج كردوە"، دیار نییە ئێستا ئاستی خەرجییەكانی دەزگاكە گەیشتوەتە چەند.  موسعەب حسێن بەڕێوەبەری ئۆفێسی هەولێری دەزگای بەخشێن دەڵێت، تاوەكو ساڵی رابردوو دەزگای بەخشین لە بەشی منداڵانی بێ باوك، كەفالەتی (514) منداڵی بێ باوكی كردووە، كەفالەتەكە بریتییە لە یارمەتییەكی دارایی كە مانگانە بەو منداڵانە دەدرێت‌و بڕەكەی نزیكەی (100 هەزار) دینارە نەخۆشخانەی بەخشین بەهۆی ئەوەی لەڕووی نرخەوە لە نەخۆشخانەكانی تر هەرزانترە، سەرباری ئەوەی لەناو كۆمەڵی ئیسلامیدا كێشەی دروستكردووە، لەسەر ئاستی دەرەوەی حزبیش روبەڕووی دوو جۆر ململانێ بووەتەوە، یەكێكیان ململانێی سیاسی لایەنەكان‌و ئەوی تر ململانێی بازرگانی نەخۆشخانە‌و كۆمپانیاكان. بەمدواییە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هەندێك كێشەیان بۆ كاری نەخۆشخانەكە دروستكرد، بەڵام بەهەوڵێكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ لەڕێگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەوە، نەخۆشخانەكە لە داخستن رزگاركرا. هەندێك لە خەڵكی ئاگادار لە پرۆژەكە باسلەوە دەكەن دەزگای بەخشین لە پشتی پەردەوە جۆرێك لە ململانێی لەنێوان بەرپرسانی باڵای كۆمەڵدا دروستكردووە.  


  (درەو): ماوەی هەفتەیەكە (رێژیار جەلال) ئەندامی بۆردی گەنجانی یەكێتی‌و كوڕی بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە حاجی ئۆمەران دەستگیركراوە، كەسوكارەكەی دەڵێن" لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە رفێندراوە". توانا شێخە ئامۆزای (رێژوان جەلال) لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی:" رێژیار جەلالی ئامۆزام لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رفێندراوە، كە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بۆردی گەنجانی یەكێتییە، داواكارین یەكێتی بێدەنگ نەبێت". بۆردی گەنجانی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ:" ئاسایشی پارتی لە حاجی ئۆمەران كادیرو ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بۆردی گەنجانی یەكێتی دەستگیركردووە، هەموو بیانووەكەشیان ئەوەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەی كردووە لەسەر فەشەلی حكومڕانی پارتی". بۆردی گەنجانی یەكێتی هەڕەشە دەكات‌و ئاماژەی بەوەكردووە" داواكارین بەزووترین كات ئەو كادیرەمان ئازاد بكەن، لەئەگەری دەستی دەستی پێكردن و ئازاد نەكردنیدا، بۆردی گەنجان رێكاری یاسای و سیاسی دەگرێتەبەرو كاردانەوەكانمان دەچنە بواری عەمەلیەوە". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئەو كادیرەی یەكێتی بۆ نوسینی پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەگەڕێتەوە، لە پۆستەكەدا لە وەڵامی كادرێكی پارتیدا كە بۆی نوسیوە:" خۆزگە هێرۆخان ‌وجاخی كوێر بوایە"ە، ئەم بۆی نوسیوە"خۆزگە حەمایل خان وجاخی كوێر بوایە".


(درەو): "نەوتی هەرێمی كوردستان بازرگانێكی زۆرزانی پاكستانی دەیفرۆشێت، دوو بنەماڵەی هەرێمی كوردستان چارەكە ملیۆنێك بندیواریان هەیە‌و لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا گوێیان بۆ ئیسرائیلی دۆستیان نەگرت بۆیە ئێستا خەونی سەربەخۆییان لەبیرچوەتەوە" ئەمە بۆچوونی یەكێك لە دیارترین رۆژنامەنوسەكانی ئیسرائیلە لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە. "خەونە كوردییەكەمان" ئەیهود یوعاری كە رۆژنامەنوسێكی ئیسرائیلییە‌و تایبەتمەندە لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و خاوەنی چەندین دیداری رۆژنامەوانی گرنگە لەبارەی كێشەی عەرەب- ئیسرئیل‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئیسرائیل‌و سەرۆكی كۆچكردووی فەلەستین یاسر عەرەفات گفتوگۆی كردووە، لە وتارێكدا لە لە سایتی كەناڵی (2)ی ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، باسی لە دۆخی ئێستا كورد دەكات. لە وتارەكەیدا كە لەژێر ناوی "خەونە كوردییەكەمان شكا.. چ شورەییەكە!" نوسەر نوسیویەتی:" ئیسرائیل بەشێوەی پچڕ پچڕ بۆ ماوەی چەندین دەیە كاری لەسەر بەرنامەیەك كردووە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، لەچوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا یارمەتی سەربازی، راوێژكاریی، تەندروستی، دیپلۆماسی پێشكەشی كورد كردووە‌و بەشێوەیەكی نهێنیش نەوتی هەرێمی كوردستانی كڕیوە". ئەو دەڵێ:" دەكرا بەدروستكردنی دەوڵەتی كوردی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی جیاواز دروست بكرێت، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتەكەش تەنیا لە باكوری عێراقدا دروستبكرایە بەبێ ئەو (40 ملیۆن) كوردەی تر كە لە توركیا‌و ئێران‌و سوریا دەژین، بەڵام ئەو خەونە لەبارچوو، هەندێكیشی هەڵەی خۆیان بوو". "كورد رۆچۆون لە گەندەڵیدا" ئەیهود یوعاری باسی لەوەكردووە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ پەیوەندییەكی بەهێزو دۆستانەی هەبووە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی كورد بەوپێیەی خۆی وەكو لایەنگرێكی خەباتی كورد زانیوە، بەڵام كاتێك تەماشای واقیعەكە دەكرێت دەردەكەوێت كوردەكان بەدەستی خۆیان ئەو دەرفەتانە لەناو دەبەن كە بۆیان دێتە پێشەوە. نوسەر دەڵێ:" ئێستا تەنانەت ئەگەر جۆ بایدن وەكو سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێتەوە، جارێكی تر پێشنیازە كۆنەكەی بۆ جیاكردنەوەی كوردستان لە عێراق لەژێر ناوی سیستمی فیدراڵی دوبارە ناكاتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كوردەكان دەست لە نەریتی ناشایستەی خۆیان بەرنادەن كە نقوم بوون لە شەڕو ململانێی ناوخۆیی‌و لە دەرەوەی خۆیان بەدوای هاوپەیماندا دەگەڕێن، بەداخەوە رۆچوون لە گەندەڵیدا. ئەیهود یوعاری لە زاری رۆشنبیرێكی كوردەوە نوسیویەتی: ئەمریكا لە كۆتایدا دەستبەرداری حكومەتی هەرێم دەبێت وەكو هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراوی خۆی، لەكاتێكدا كورد ماوەیەكی دورودرێژە سەرقاڵی كێشەی ناوخۆیی خۆیەتی‌و سەركردەكانی یەكتریان بایكۆت كردووە‌و لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە جنێوو سوكایەتی بە یەكتر دەكەن. "بازرگانێكی زۆرزانی پاكستانی" بەشێكی تری نوسینەكەی تایبەت كردووە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و ئاماژەی بەوەكردووە، بەمدواییە ئاشكرابووە كە ماوەی چەندین ساڵە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بازرگانێكی زۆرزانی پاكستانییەوە دەفرۆشرێت‌و ئەو بازرگانە ملیاران دۆلاری نەوتی كوردستانی خستوەتە بانكێكی لوبنانییەوە‌و لەوكاتەوە بانكەكەش دەرگاكەی بەڕوویاندا داخستووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەمساڵدا بۆ دووەمجارە تكا لە كەرتی تایبەت دەكات قەرزی پێ بدەن، كوڕە مامەكەی مەسرور بارزانی كە ناوی نێچیرڤان بارزانیە‌و ئێستا سەرۆكی هەرێمە‌و پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە، تۆمەتبار دەكرێت بەوەی "فەوزای دارایی" دروستكردووە‌و نزیكەی چوار لەسەر پێنجی سەرچاوەی سەرەكی داهاتی نەوتی لەناوبردووە، بارزانییەكان داوا لە حكومەتی بەغداد دەكەن پارەیان پێبدات، ئەمەش باجێكی سیاسی گەورەی هەیە كە سەربەخۆییەكی كەمترە. هەندێك لە بارزانییەكانی تر لە هەولێرو دهۆك كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایە لەشەڕدان لەگەڵ ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی كە سلێمانیان لەژێر كۆنترۆڵدایە‌و ئەم هەفتەیە رایانگەیاند ئەمە یەكەمینجارە لە هەولێر كۆدەبنەوە.. ئەو دوو بنەماڵەیە حزب‌و دەزگای میدیایی‌و هێزی سەربازی‌و دەزگای هەواڵگری تایبەت بە خۆیان هەیە، هەردوكیان ئیمپراتۆریەتی بازرگانی ناپەسەند بەڕێوەدەبەن‌و چارەكە ملیۆنێك كارمەندی بندیواریان هەیە، تاڵەبانییەكان دابەشبوون لەنێوان لایەنگرانی هاوسەری رێبەرە كۆچكردووەكەیان (جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق)‌و نەیارەكانیان.  "گوێیان بۆ دۆستەكانیان نەگرت" ئەیهود یوعاری نوسیویەتی:" دوای ئەوەی كورد زۆرینەی ئەو خاكەی لە دەستدا كە لە شەڕەكانی دژ بە داعشدا كۆنترۆڵی كردبوو لەنێویاندا شاری كەركوك "قودسی كوردستان"، تاڵەبانییەكان بەبێ ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی بارزانی لەبەرامبەر سوپای عێراقدا لە ناوچەكە كشانەوە، ئەمە هۆكارەكەی ئەوە بوو كوردەكان گوێیان بۆ ئامۆژگاری دۆستەكانیان نەگرت لەوانە ئیسرائیل، كە داوایكرد لە پایزی 2017دا ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەكەن، بەڵام ئەوان كردیان‌و روبەرێكی گەورەی خاكیان لەدەستدا‌و لەوكاتەوە دروستكردنی دەوڵەتەكەشیان لەبیرچوەتەوە. لە كۆتایی نوسینەكەیدا، نوسەرە ئیسرائیلییەكە باسی لەوەكردووە، بەمدواییە توركیا دەستیكردووە بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئەمنی لە باكوری هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا كردویەتی لەبەرامبەر یاخبوانی كورد لە توركیا لەسەر سنور، توركەكان بەردەوام بۆردومان دەكەن، ئێرانییەكانیش بە هەمان شێوە بۆردومانی بنكەی هێزە كوردییەكان دەكەن.. بارزانییەكان پارێزگاری لە پەیوەندی باشی خۆیان دەكەن لەگەڵ ئەردۆغان‌و پشتیان لە جەنگاوەرانی كورد لە سوریا كردووە لەسەر هێڵی سنور، تاڵەبانییەكانیش لەگەڵ ئێراندا لە سۆزداری دەكەن.


(درەو): ماوەی دوو هەفتەیە (عەلی قایار) هاوسەرۆكی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی شاری سێرت، لە سلێمانی دیار نەماوەو نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان گومانی هەیە لە لایەن "میت"ی توركیەوە رفێنرابێت و  داوای لێكۆڵینەوە دەكات. عابد ئیكە نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند:" عەلی قایار هاوسەرۆكی هەدەپە لە شاری سێرت، ماوەی دوو هەفتەیە چارەنوسی نادیارەو لە شاری سلێمانی بیسەروشوێنە. وتی:"عەلی قایار ماوەی (10 ) ساڵە لە هەرێمی كوردستانەو ماوەی ساڵێكە لە شاری سلێمانی بەڵێندەر بوو لە كۆمپانیایەك كاریكردووە، لە كاتژمێر (7:30) ی بەیانی رۆژی 15/7/2020 كرێكارەكانی بردووە بۆ كۆمپانیا لە نزیكی بازگەی عەربەت– سلێمانی، ئیتر دیار نەماوە، تەلەفۆنەكەی داخراوە". عەلی قایار هاوسەرۆكی هەدەپە بووە لە شاری سێرتی باكوری كوردستان، بەتۆمەتی كاری سیاسی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و ماوەی 10 ساڵە هاتوەتە باشوری كوردستان و لە هەولێر بوو، ماوەی ساڵێكە لە شاری سلێمانی كاردەكات. نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت:" سەردانی ئاسایشی سلێمانی و پەیوەندییەكانی یەكێتیمان كردووە، بەڵام هیچ سەرەداوێكمان دەستنەكەوتووەو ئەوانیش دەڵێن لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیەو ئاگادار نین". عابد ئیكە جەختی كردەوە كە "ناڵێین ١٠٠٪ وایە، گومانمان هەیە میتی تورك هاتبێتە سلێمانی و رفاندبێتی، بەڵام لەناو ئەو هەموو ئاسایش و هێزە ئەمنییەدا چۆن گرتویەتی؟! سەبارەت بە گومانی خۆڕادەستكردنەوە بە توركیا، عابد ئیكە رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك گومان ناكەین ئەو سەرۆكایەتی حزبی ئێمە دەكات لە باژێری سێرت، ئەو لەو ئاستەدا نیە خۆی رادەست بكات، ١٠٠٪ خۆی رادەستی توركیا ناكات، چونكە فەرمانی دەستگیركرنی هەیە.. لەناوبراوە نازانم ؟! میتی توركی ئەوی بردووە نازانم ؟! دەستی برادەرانی یەكێتی تیایە نازانم، بۆچی نایڵێن؟!  داواكاریمان هەیە لێكۆڵینەوەیەكی جدی بكرێت بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێم و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.


ئامادەكردنی: د. سەنگەر سەید قادر -بەشی یەكەم... - ناگەڕێمەوە سەر مێژووی پێشووتری ململانێكان و لە دوای ڕاپەڕینەوە دەست پێدەكەم كە یەكێتی و پارتی لە شاخەوە گەڕانەوە شار و دەسەڵاتیان گرتەدەست و یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان لە ڕووی جوگرافیا و هێزی پیشمەرگەوە بەراورد بە پارتی بەهێزتر بوو و دواتر هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ ی بە دوادا هات و ئەم دوو هێزە ئەنجامەكانیان لەیەكەوە نزیك بوو بەڵام ئەنجامەكانیان پێ قبول نەكرا و كەوتنە شەڕی ناوخۆ یەكێتی دەستی بەسەر هەولێردا گرت بە تەواوەتی و دواتر پارتی لە ڕێگەی هێنانی توركیا و بەعسەوە دەستی بەسەر هەولێردا گرتەوە و یەكێتی تا سنوری سەیرانبەنی پێنجوێنی سەر سنوری ئێران ڕاماڵی، یەكێتیش جارێكی تربە پشتیوانی ئێران پارتی لە سنوری سلێمانی ڕاماڵی تا دێگەڵە و ئەو سنورە بوو بە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان پارتی و یەكێتی دواتر ڕێكەوتنامەی دیمەشقی بەسەردا هات و مادلین ئۆڵبرایتی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمەریكا دەستی كاك مەسعود و مام جەلالی خستە ناو دەستی یەكتر و كۆتای بەشەڕ هێنا، كە تا ئەم ساتە یەكێتی بەهێز تر و سنوری فەرمانڕەوای فراوانتر بوو بەڵام لە دوای جەنگی داگیر كردنی عێراق هاوكێشەكان گۆڕا بەتایبەت لە دوای ڕێكەوتنامەی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی بە دیاری كراوی ڕووداوەكانی ساڵی ٢٠٠٥كە پارتی لە هەنگاوێكی ژیرانە و دوور بینانەدا ڕازی بوو بەوەی مام جەلال پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت و كاك مەسعودیش پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرێت كە بەم هەنگاوە پارتی مام جەلالی لە هەرێمی كوردستان دوور خستەوە بۆ بەغداد و سەرقاڵی كرد بە كێشەكانی بەغدادەوە ئەمەش ڕێگە خۆشكەر بوو بۆ پارتی كە دەست بەسەر یەكێتی دا بگرێت چونكە مام جەلال هەرێمی بەكاك مەسعود سپارد بوو بە جۆرێك ڕایگەیاند بوو با كاك مەسعود سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات هاوكات دوور كەوتنەوەی مام جەلال لە هەرێم و چوونی بۆ بەغداد كێشەكانی ناو یەكێتی قوڵكردەوە و شپرزەی كەوتە ناو ماڵی یەكێتی و دواتر دابەش بوونی یەكێتی و جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی بەدوادا هات بەوەش یەكێتی بەتەواوی لاواز بوو دەسەڵاتی ناوخۆی هەرێم كەوتە دەستی پارتی -پارتی چۆن شیمشێرەكەی لە یەكێتی وەرگرتەوە..؟ ئادەم سمس دەڵێت ( چەكی ململانێ و شەڕی سیاسی ئابورییە) و پارتیش لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ ئەم چەكەی لە یەكێتی وەرگرتەوە، لە كۆتای ساڵی ٢٠٠٦ وسەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ دەست بە گەڕان و پشكنین بەدوای نەوت و غازدا لە هەرێم دەستی پێكرد، لەم. كاتەدا مام جەلال سەرقاڵی چارەسەر كردنی كێشە و شەڕی شیعە و سونە و ئاڵۆزییەكانی عێراق بوو بەهۆی ئەوەی پارتی حوكمڕانی كوردستان بوو كەرتی ووزەی هەرێمی خستە ژێر دەستی توركیا و ئیماراتی هاوپەیمانی و گرێبەستە گرنگەكان بەو دوو وڵاتە دران و ئەو گرێبەستانەشی بە كۆمپانیا ئەمەریكی و بەریتانییەكان. دران هەرزوو كەوتنەوە دەستی توركیا ئەمەش وایكرد كە پارتی ببێت بە دەسەڵاتداری كەرتی ووزەی هەرێم و مام جەلالیش لەم مەترسێیە بۆ سەر یەكێتی تێنەدەگەشت و زیاتر لە خەمی كورسیەكەیدا بوو لە بەغداد و هەرێمی بۆ پارتی جێهێشت بوو لە ڕووی دیبلۆماسیشەوە بەهۆی ئەوەی كاك مەسعود سەرۆكی هەرێم بوو و وە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی عێراقی عەرەبییەوە هەولێر بوو بە چەقی دیبلۆماسی و بازرگانی عێراق پارتی تادەهات دەسەڵاتی خۆی لە هەولێر بەهێزتر دەكرد و بوو بە نمایندەی دەسەڵاتی دبلۆماسی و پەیوەندییەكانی هەرێم هەروەها جیاواز لە مام جلال پارتی لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كە كاك هۆشیار زێباری بوو زیاتر پێگەی خۆی لەسەر ئاستی دەرەكی بەهێز كرد و پۆستەكەی كاك هۆشیاری بۆ بە هێزكردنی پارتی بەكاڕ دەهێنا بەوەش یەكێتی لە سەر ئاستی ناوچەكە و ئەمەریكا و ئەوروپاش پیگای لاواز بوو  یەكێتی دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال.. یەكێتی تا كاتی مام جەلال ڕاستە لاواز بوو بەڵام هێشتا شپرزە و فرە باڵ نەبوو لە سەر ئاستی عێراقی عەرەبی و لە بەغداد بەهێز بوو، بەڵام دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال یەكێتی هێزی خۆی لە عێراقی عەرەبی لە دەستدا و لە ناو خۆی هەرێمیش پەرتەوازە و دابەشبوو، چونكە هیچ سەركردەیەكی یەكێتی توانای جیگرتنەوەی پێگە و كاریزمای مام جەلالی نەبوو و چەند باڵێكی یەكێتیش چاویان لە كورسییەكەی مام جەلال بوو بەڵام هێرۆخان بۆ پاراستنی كورسەكەی مام جەلال كەوتە جوڵە و بۆ ئەمەش پێویستی بە پارتی بوو بۆیە هێرۆخان سازشی بۆ پارتی كردوو ڕێگر بوو لەوەی دكتۆر بەرهەم جێگای مام جەلال بگرێتەوە ئەم سازش كردنە باجەكەی قورس بوو بۆ یەكێتی بە جۆرێك لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ یەكێتی بوو بە هێزی سێهەم و بزوتنەوەی گۆران پلەی دووەمی گرت و لە بەغداش هێزی پووكایەوە، بۆ تۆڵە كردنەوە لە پارتی یەكێتی پەنای بۆ بەغداد و مالیكی برد كە دووژمنی بارزانی بوو بەتایبەت دوای گەلەكۆمەكەی بارزانی سەدر و عەلاوی لە مالیكی بۆ دوور خستنەوەی ئەگەر چی یەكێتی سەركەوتوو بوو لە بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن مالیكیەوە بەڵام شكستی هێنا لەوەی كەرتی ووزە بخاتەوە ژێڕ دەستی خۆی لە ڕێگای بەغداوە، نەك هەر ئەمە بەڵكو پارتی پەلی هاویشت بۆ كەركوك كە بە دڵی یەكێتی دادەنرا دواتر مالیكی لە ساڵی ٢٠١٤ شكستی هێنا و نەیتوانی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران و داعش بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كۆنترۆڵ كرد و مەترسی بۆسەر كەركوكیش دروست بوو لەم قۆناغەدا یەكێتی پێویستی بە پارتی بوو و هاوكات لە ژێر فشاری ئەمەریكادا پارتی لە ڕووی سەربازییەوە خۆی لە كەركوك بەهێز كرد لەسەر ئاستی ناخۆش دوای بێ ئومێد بوون لە گەڕانەوە هۆشی مام جەلال بەهۆی قورسی مەخۆشییە كەیەوە پارتی كەوتە جوڵە بۆ دیاریكردنی جێنشینی مام جەلال كە قوباد تاڵەبانی باشترین بژاردە بوو بۆ پارتی لەم هەنگاوەشدا هیرۆخان لاری نەبوو چونكە نەیدەویست كورسیەكەی مام جەلال كەسێكی دەرەوەی كوڕەكانی لەسەری دابنیشێت ئەگەر چی لە ماڵباتی شێخ جەنگیش بێت، هەروەها نزیكبوونەوەی گۆڕان و پارتی لە یەكتر مەترسی جدی بوە بۆسەر یەكێتی، هەر بۆیە پارتی ئەم لاوازییەی یەكێتی قۆستەوە و بەشێكی زۆر لە سەركردەكانی یەكێتی لە ڕێگەی پارە و ئیمتیازات و (ڕێگای تری ناچار كردن) لە خۆی نزیك كردەوە  یەكێتی كەركوكی لە شەڕی داعشدا لە دەستدا. لە دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرت و حكومەتی بەغداد لاواز بوو ، لەلایەكی ترەوە بەهۆی شەری داعشەوە هەولێڕ بوو بە ناوەندی دیبلۆماسی وڵاتانی هاوپەیمانان و چەك و هاوكاری زۆڕ ڕادەستی حكومەتی هەرێم كرا كە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوو ئەمەش پارتی هێندەی تر بەهێز كرد بە جۆرێك دەستی بەسەر پارێزگای كەركوك و بیڕەنەوتەكانیشیدا گرتبوو ڕیفراندۆم یەكێتی هەستاندەوە... پارتی تا پێش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧/٩/٢٥ بە تەواوی دەستی بەسەر هەرێمدا گرتبوو لە یەكاتدا ئێران و ئەمەریكا و ئەوروپا و توركیا (بەهۆی ووزەوە) بەجۆرێك غروری هەبوو كە ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند و یەكێتیشی ناچار كرد بوو كە نەتوانن دژایەتی بكەن بەڵام لە دوای ڕیفراندۆم پارتی بار و ماڵەكەی بەسەردا ڕووخا و كاك مەسعود كەنار گیر خرا و توركیا و ئێران. كەوتنە دژایەتی پارتی و ئەمەریكاشی لە خۆی توڕە كرد و تەنها مایەوە بۆیە ئێڕان كەوتە جووڵە و باڵێكی یەكێتی بەلای خۆیدا ڕاكێشا كە كاك لاهور و پاڤڵ تاڵەبانی هاوكاری ئێرانیان كرد بۆ شكست هێنان بە پارتی و دەركردنی لە كەركوك بەڵام دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو كەركوك لە پارتی سەندرایەوە بەڵام نەدرایەوە بە یەكێتی وەك قاسمی سلێمانی بەڵێنی پێدابوون لێرەوە خۆری قوباد تاڵەبانی وەك جێگرەوەی مام جەلال خەونی پارتی ئاوابوو، كاك لاهور و كاك پاڤڵ بوون بە هێزی سەردەستی یەكێتی و ئێران و بەغداد و ئەمەریكاش هاوكاریان بوون و كەوتنە دژایەتی پارتی كە خۆی بریندار و لاواز بوو توانای جوڵەی نەمابوو و متماناوچەی و نێودەوڵەتی لە دەستدا بوو هاوكات ئەو سەركردانەی یەكێتی كە سەر بە بارتی بوون كەنار گیرخران بە هۆی ئەوەی هێزی سەربازی و پارە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم دوو سەركردەیەی یەكێتی دا بوو بەتەواوی دەستیان بەسەر یەكێتی دا گرت و هێرۆخانیش بە هۆی نەخۆشی و فشاری ئێرانەوە و شكستی ڕیفراندۆمەوە توانای ڕێگری نەمابوو ئەم باڵەی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ هەرێم. و عێراقدا یەكێتیان دوای شكستی ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ هەستاندەوە و هەرچەندە بە ئەنجامی هەلبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی هەرێم ڕازی نەبوون بەڵام كاك قوباد بێگەڕانەوە بۆ ئەم باڵە ئەنجامەكانی ئیمزا و پەسەند كردبوو بەڵام لاهور و پاڤڵ لە ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گورزی دووەم و سێهەمیان لە پارتی دا( گورزی یەكەم خیانەتەكەی ١٦ ئۆكتۆبەر بوو) و بەرهەم ساڵحیان گێڕایەوە ناو یەكێتی و ڕێگریشیان كرد لەوەی پارتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگریت كە عەرابی ئەم سەركەوتنەی یەكێتی لاهور بوو، هاوكات شكستیشی بە ڕێگرییەكانی هیڕۆخان هێنا بۆ ڕیگری لەوەی كە بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار وەك ئەوەی بەڵێنی بە پارتی دابوو  یەكێتی دوای كۆنگرە... لەدوای كۆنگرەی یەكێتیەوە لە كۆتای سالی ڕابردوودا هاتنە سەر دەسەڵاتی دەستەیەكی نوێ یان ڕاسترە بگوترێت نەوەیەكی نوێی یەكێتی دەسەڵاتی پارتی بەسەر یەكێتی دا لە قاڵبدرا و سەرەتایەكی نوێ لە ئاراستەی كاری یەكێتی دەستیپێكرد ئەگەر چی پاڵی پاڤڵ و لاهور لە كۆنگرەدا دەنگ و ئەنجامەكەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەكلای كردەوە و یەكێتیان لە سەركردە كۆنەكان و نزیكەكانی پارتی پاك كردەوە بەڵام كۆنگرە تەنها ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بوو ئەگەرنا ئەم باڵە لە دوای شكستپێهێنانی ڕیفراندۆمەوە بوون بە هێزی دەسەڵاتداری یەكێتی و كۆنگرە تەنها ئەمەی بەیاسایی كرد و شكستی بەهەوڵی پارتی هێنا بۆ سەپاندنی كەسەنزیكەكانی لەناو یەكێتی دا ئەم باڵە هەر لە دوای ڕیفراندۆمەوە پێویستیان بەوە بوو كە تەكێتی بەهێزتر بكەن ئەمەش تەنها بە سنوردار كردنی دەسەڵاتی پارتی دەبێت چیتر یەكێتیان هەستاندبووە سەرپێی و ئامادەبوون بۆ ململانێی پارتی و ئەو دۆخەی دوای ساڵی ٢٠٠٥ قبوڵ نەكراو بوو  دۆخی ئێستای پارتی.. پارتی هەرچەندە هەتا ئێستاش هێزی یەكەمە و كۆنترۆڵی حكومەت و پەرلەمانی كردووە بەڵام لە دوای ڕیفراندۆمەوە بێهێزبووە وەك پیش ڕیفراندۆم نیە ئەمەش بەهۆی كەنار گیر خستنی كاك مەسعود و ناكۆكیە ناوخۆییەكانی پارتی و قەیرانی دارایی لاوازبوونی لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەی و دەرەكی لەسەر ئاستی شەقامیش نەك بەتەنها یەكێتی ئێستا لایەنگرانی هێزەكانی دیكەش دژی پارتین و پارتی بەهۆكارێ شكستی هەرێم و قەیرانی دارای دەزانن و لەسەر ئاستی شەقامی سیاسی عێراقیش حكومەتی ئێستای بەغداد ناكۆكی لەگەڵ كاك مەسعود و كاك مەسروردا هەیە و زیاتر نزیەكە لە یەكێتی  ناكۆكیەكانی ئێستای یەكێتی و پارتی... پارتی هەوڵی زۆریدا كاك قوباد بكات بە جێگرەوەی تاڵەبانی باوك و بڕیاردەری یەكێتی چونكە قوباد تاڵەبانی لە ڕووی سیاسی و پیگەی جەماوەرییەوە لاواز بوو و هەروەها كەسێكی نزیك بوو لە پارتی بە دیاری كراوی لە نێچیرڤان بارزانی و توانای ململانێكردنی نەبوو لەگەل پارتیدا بەڵام بە پێچەوانەی خواستی پارتییەوە لاهور و پاڤڵ بوون بە هێزی بڕیاڕ دەری یەكێتی و كە ئەم دوو كەسایەتیە لەناو یەكتی دا خاوەن پێگەیەكی جەماوەری بەهێزن و پارە و هێزی ئەمنی و سەربازیان لە ژێر دەستدایە و لە ڕووی كەسایەتیشەوە ماوەی نزیكەی ٢٠ ساڵە لەناوی كایەی سەربازی و ئەمنیدان و ئاگاداری ووردەكارییەكانن لە ئێستاشدا و لە دوای كۆنگرەوە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٥ بە جۆرێك پارتی ئامادە نەبوو پیرۆزبای كۆنگرە و یادی دامەزراند لە یەكێتی بكات، لە بەڕامبەردا سەركردەكانی ئێستای یەكێتی پێیان وایە یەكێتی زوڵمی لێكراوە لە حكومڕانی دا و دەیانەوێت ململانێ یان نەك لە سلێمانی دوور بخەنەوە بەڵكو دەیانەوێت ململانێكان ببەنەوە هەولێر و دەسەڵاتی پارتی لە قاڵب بدەن بەتایبەت لە ئیستادا كە هەوڵیك هەیە بەو ئاراستەیە چونكە پێیان وایە دەبێت پشكی زیاتریان لە داهات و حوكمڕانی دا پێبدرێت ڕازی نین. وەك جاران لە حكومەدا میوان بن و دەیانەوێت شەركی ڕاستەقینەی فرۆشتنی ووزە بن و پارتی لەم پرسەدا شەفاف بێت لەگەڵیان و بەڵام پارتی پێشتر ئەم هەوڵانەی یەكێتی ڕەتدەكردە و ئامادەی سازش نەبوو هەروەها لە پرسی چارەسەر كردنی قەیرانی دارای هەرێمدا پشتیوانی ئەوە بوون حكومەتی هەرێم لەگەل بەغداد ڕیكبكەوێت چونكە لە ژێر فشاری جەماوەرە كەیاندان، بەڵام پارتی شكستی بە ڕێكەوتنی هەولێر و بەغداد هێنا هاوكات بەردەوامی ئەم قەیرانە وادەكات كە بالێكی جیابووەوەی گۆران بە سەرۆكایەتی قادری حاجی عەلی بۆ سەدان بۆ یەكێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و ئەگەر دۆخە بەم شێوەیەبێت ئەو باڵە جیابووەی گۆڕان زیان بە بەرژەوەندی و دەنگەكانی یەكێتی دەگەیەنێت هەر بۆیە لە دوو ڕۆژی رابردوودا لە وای شكستی كارتی كشانەوە لە پەرلەمان كارتی كشانەوە لە حكومەتیان دژی پارتی بەكار هێنا و ناچارییان كرد سەر مێزی گفتوو گۆ و بە ئاشكرا دانیان بە سەرۆكایەتی ئێستای یەكێتی دانا (هەڕچەندە پێشتر كۆبوونەوەی نهێنی كاك پاڤڵ و كاك مەسعود هەبووە بەڵام ئاشكرایان نەدەكرد چونكە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت شكست بەم كابینەیە دەهێنێت و ئایندەی كاك مەسروریش دەخاتە مەترسییەوە چونكە یەكێتی گۆڕان نییە تا ئەگەر دەربكرێت لە حكومەت كاریگەری نەبێت چونكە حوكمڕانی كرداری سەدا ٥٠% ی هەرێم یەكێتیە و بەكشانەوە حكومەتی هەرێم دەكات بە حكومەتی پارتی و دەسەڵاتی لە دوو پارێزگای هەرێمدا(هەولێر- دهۆك) كورتدەكاتەوە چونكە پارتی سەرەڕای قەیرانی دارا و لاوازی حكومەت هاوكات لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە تەنیا كەوتووە و پەكەكە و ڕۆژ ئاوای كوردستانیش نزیكن لە یەكێتی و سەركردەكانی ئێستای كەئەمەش پێگەی پارتی لە ململانێكانی ئێستادا لاواز كردووە  تاكتیكی نوێی یەكێتی ... تاكتیكی فرە دەنوكی كە تێزێكی بەریتانیە بۆ ململانێ سیاسییەكان و ونستۆن چەرچڵ داهینەریەتی و بریتیە لەوە كە لەیەك جەستە و سەنگەروە بە چەند سەر و دەنوكێك شەڕ بكەیت ئەمەش وادەكات كە بەرامبەڕەكەت بشەڵەژێت و نەزانێت ڕووبەرووی كام. دەنكوكە ببێتەوە و هێزی دووژمن دابەش دەكات بەسەر چەند بەڕەیەكدا و ماندووی دەكات لەیەكەم هەنگاویشدا ئەم تاكتیەكە نوێیەی یەكێتی سەركەوتوو بوو پارتی هێنایە سەرمێزی گفتووگۆ و دانی بە ئەنجامەكانی كۆنگرەی یەكێتی دا نا كە نزیكە ٨ مانگە هیچ دانپێدانانێكی نەبووە بە ئەنجامەكانی كۆنگرەدا ئەویش بەجۆریك بوو كە كاك لاهور لە دوورەوە شەڕەی شەڕی پارتی دەكرد لە ڕیگەی دەنوكی كاك پاڤلەوە ئەمەش وایكردوە پارتی دابەش بێت بەسەر دووبەرەدا، هاوكات پاڤڵ كە بێشتر بە كەسێكی هەڵەشە و ناسیاسی دەردەكەوت، ئێستا گۆڕاوە و ڕۆڵی نێوەند گیڕ دەگێڕێت بە جۆڵێك جووڵەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هاوشێوەی مام جلال بوو هەر بۆیە ئەوەی پێش بینی دەكرێت سەرەتاییەكی نوێیە لە ململانێی نێوان پارتی و تەكێتی كە تا ئاستی تەحەدا كردن بەردەوامی دەبێت و لە هەر چركە و ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە چونكە پارتی نایەوێت لەو دۆخە نوێیە تێبگات كەلە ناو یەكێتی دا هاتووەتە ئاراوە، هاوكات یەكێتیش داوای بەشیك دەكات كەلە قەبارەی خۆی گەورەترە  دەرئەنجام... ١-یەكێتی پێی وایە بەغداد پشتیوانی دەكات بەڵام بەهێز بوونی دەسەڵاتی بەغداد لە كوردستان تەنها لێدان نیە لە دەسەڵاتی پارتی بەڵكو سنوری دەسەڵاتی یەكێتیش لە قاڵ دەدات ٢- یەكێتی گەمەیەكی ژیرانە لەگەڵ پارتی دا دەكات لە ڕێگەی كاك پاڤڵەوە دەیەوێت بە نەرمی لەگەڵ پارتی دا بدوێت چونكە پارتی هێزێكە كەلە گرژی زۆرداهەمیشەبراوە دەبێت بەڵام پاڤڵ ناشییەوێت هەڵەكەی باوكی دووبارە بكاتەوە ٣- كاك لاهور پێشتر لە چەند هەڵەیەكی گەورەی كردووە لەوانە پرسی لامەركەزی و بەبێ خوێندنەوە باردۆخی ناوخۆ و ناوچەی و هەڵوێستی ئەمەریكا كە دابەشكردنی قەوارەی هەرێم هێڵی سورە و ئەم هەلوێستەش پێگەی كاك لاهوری لاواز كرد ٤-- سەركردایەتی یەكێتی یەكەم سازشی بە پارتی كرد بەڵام ئاسان نیە پارتی تەواوی داواكارییەكانی یەكێتی جێبەجێ بكات چونكە پارتیش هێشتا گەمەكەی لە دژی یەكێتی دەست پێنەكردووە ٥- هاوكیشەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە كە بوونی پارتی و مانەوەی بەستراوە بە یەكێتیەوە و بە پێچەوانەوە بوونی پەكێتی بەستراوە بە بوون و مانەوەی پارتییەوە ٦- كاك لاهور لە پرسی لامەركەزیدا هەڵەی كرد بەڵام لە پرسی كشانەوە لە حكومەتدا جدییە ٧- یەكێتی قەیرانی دارایی هەیە و پێویستی بە پارەیە بۆیە داوای پشكی زیاتر دەكات ٨- قوباد تاڵەبانی لاوازە و پارتی ناتوانێت پشتی بێ ببەستێت بۆیە ناچارە مامەڵە لەگەڵ پاڤڵ و لاهوردا بكات ٩- هاو كیشە ناوچەی و نێودەوڵەتیەكان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێكیاندا نیە و دەبێت لەسەر مێزی گفتووگۆ دابنیشن و چارەیەكی تریان نیە ١٠- سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت بە سەرەتای گۆڕانكاری گرنگ لە هەرێمی كوردستان.


(درەو): سەرباری ئەو قەیرانە داراییە سەختەی دوچاری بووە، حكومەتی هەرێم بۆ مانگی شەشی ئەمساڵ بڕی نزیكەی (35 ملیۆن) دۆلاری شایستەی كۆمپانیاكانی نەوتی رادەستكردووە. بەپێی بەیاننامەی فەرمی كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجى)ی توركی، حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی وەبەرهێنانی نەوتی بۆ مانگی حوزەیران بۆ كۆمپانیاكانی نەوت خەرجكردووە.  بەیاننامەكە ئاماژە بەوەدەكات، لە كێڵگەی "تەقتەق" لە قەزای كۆیە، حكومەتی هەرێم (4 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلاری داوە بۆ كۆمپانیاكانی نەوت، لەم بڕە پارەیە كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرژی بڕی (2 ملیۆن‌و 400 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. لە كێلگەی "تاوكی" لە زاخۆ، حكومەتی هەرێم بڕی (30 ملیۆن‌و 200 هەزار) دۆلاری داوە بە كۆمپانیاكان‌و لەو بڕە كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرژی (7 ملیۆن‌و 400 هەزار) دۆلاری وەرگرتووە. ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی توشی بوو، بڕیاربوو حكومەتی هەرێم داوا لە كۆمپانیاكانی نەوت بكات وەرگرتنی سایستە داراییەكانیان دوابخەن بۆ كاتێكی تر.  


درەو: لیژنەی دارایی  پەرلەمانی كوردستان لە راپۆرتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان پرسیار لە بڕینی موچەی 21%ی موچەخۆران دەكات كە پاشەكەوتە یان قەرزە لای حكومەت یان بەیەكجاری بڕیویانە،   بە گوێرەی راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان" لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان (283 ملیار و 424 ملیۆن) دینار بووە رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە، لە ساڵی 2020 حكومەتی عێراق چوار جار بڕەی پارەی ناردووە واتا لە 2020 دا عێراق ( ترلیۆنێك و 711 ملیار) دیناری ناردووە. بەشێك لە راپۆرتەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە سبەینێ بخوێندرێتەوە هۆكارەكانی خراب بوونی دۆخی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی ناسەقامگیر و دژواردا تێدەپەڕێت كە هۆكارەكانی بریتییە لە: یەكەم: لە رووی ئابوویەوە بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق ، عێراق و هەرێمی كوردستان 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری راستەوخۆ و بەپەلە دەكاتە سەر جۆمگەكانی دیكەی ئابووری و دارایی وڵات. دووەم: بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، كایگەری لە سەر زۆربەی جۆلەكانی ئابووری و دارایی دروست كردووە، بەشێوەیەك زۆربەی سەرچاوەكانی داهاتی كەمیكردووتەوە. سێیەم: پێناسەیەكی دیاریكراو نییە بو سیستەمی ئابووری لە هەرێمی كوردستان. چووارەم: تەداخولەكانی حكومەتی فیدڕال لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی بە هۆكارە سیاسییەكان و بڕین وناجێگیری لە پێدانی بەشێك لە بودجەی، بەتایبەت لە 2014 تاوەكو ئێستا لە 2020 وایكردووە پێدانی مووچە و دۆخی ئابووری ناسەقامگیر بێت. پێنجەم: بەهەدەردان، گەندەڵی خراب ئیدارەدانی سەرچاوەكانی داهات لە هەندێ لە سێكتەرەكانی وەك (نەوت و داهاتی ناوخۆ وەك خاڵە سنوورییەكان، گومرك، باج ...هتد). سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان: یەكەم: داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەكان، باج، رسوومات: لە 1/1/2020 تاوەكو 30/6/2020 وەك ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگیراوە، كە لە خشتەكەدا روونە:   دووەم: بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە عێراقەوە هاتووە لە 2020 (1.759.000.000.000 ملیار دینار) تڕلیۆنێك و 759 ملیار دینار. لەم بڕە كە بە چوار سولفە هاتووە، هەر جارێ بڕی 11.880.000.000 یانزدە ملیار و 880  ملیۆن دینار براوە بو پێدانەوەی قەرزی بانكە ئەهلییەكان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزدارییانە. كۆی قەرزی بانكەكان كە لەو چوار مانگە وەریانگرتووە، 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار. ئەوەی بە سافی بو هەرێمی كوردستان ماوەتەوە (تڕلیۆنێك و 711 ملیار و 480 ملیۆن دیناری عێراقی). بەگوێرەی مافە دارییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشە بودجی 2020ی عێراق، كە بەهۆی  نەبوونی یاسایی بودجە، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بودجەی 2019 دەكرێ، ئەویش بە خەرجكردنی  1 لەسەر 12ی بودجەی گشتی 2019. هەرێمی كوردستان لەوەدا مانگانە (453 ملیار دیناری هەبووە) لە ساڵی 2020 حكومەتی عێراق تەنیا سێ مانگ بڕی (453 ملیار دیناری ناردووە، مانگێك تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە و دوو مانگ هیچی نەناردووە. بەم پێیەش حكومەتی عێراق 959 ملیار دینار كەمتر لە ساڵی پار لەماوەی شەش مانگ رابردوودا بو هەرێمی كوردستان ناردووە). سێیەم: بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان داوییەتی بە وەزارەتی دارایی: لەسێ مانگی (1/2/3ی 2020) داهاتی وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان كە دراوە بە وەزارەتی دارایی بو پێدانی مووچە بو هەر مانگێك 345 ملیار و 203 ملیۆن بووە. هەمووی دەكاتە یەك تڕلیۆن و 35 ملیار و 610 ملیۆن دنیاری عێراقی). هەروەها لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار بووە) رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە. چوارەم: هاوكاری هاوپەیمانان بو مووچەی هێزی پێشمەرگە: لەشەش مانگی یەكەمی 2020 هاوكاری هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەك بۆ هەر مانگێك بە تێكڕای 20 ملیار و 700 ملیۆن دینار. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 چەند و چۆن مووچەی دابەشكردووە؟ مووچەی چوار مانگ بەبێ لێبڕین بریتی بووە لە نزیكەی  سێ تڕلیۆن و 580 ملیار دینار مووچەی پێنجەم لە 2020 كە دەكاتە مانگی شۆبات كە شیوەی بڕینی 21% و پێدانی 79%ی مووچە، نزیكەی 700 ملیار دینارە. بەڵام وەزارەتی دارایی، روونكردنەوەی دا بە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، كە نزیكەی 617 ملیار دیناری لە بەردەست بووە و نزیكەی 120 ملیاری قەرزكردووە. تێبینی: تاوەكو ئێستا بڕینی 21%ی مووچەی مانگی شۆبات بە روون و ئاشكرا دیار  نییە، ئاخۆ ئەمە پاشەكەوتە؟ قەرزە لای حكومەت؟ یان بە یەكجار بڕیویانە و پێدانەوەی نییە؟ پێشنیار و راسپاردەكانی لیژنەی دارایی  و ئابووری لەگەڵ بەغدا: یەكەم: داوا دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕالی بەردەوام بێ لە گفتوگۆكردن تاوەكو مافە شایستە داراییەكانی مسۆگەر بكات و دەستووریش بنەمای مامەڵەكردن بێ. دووەم: داوا دەكەین سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان بكات، كە عێراق پابەندبێت لە چوارچێوەی بنەماكانی دەستوور، شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێی كوردستان خەرج بكات و چی دیكە بە عەقلییەتی مەركەزی هەرێمی كوردستان سزانەدرێت. لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان: یەكەم: ئەولەوییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیداكردنی داهاتبێ بو مسۆگەركردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.  دووەم: جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتییازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان سێیەم: لە ساڵی 2014ەوە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی كۆتای نەناردووتەوە پەرلەمانی كوردستان، یان لانی كەم ماوەی دوو ساڵە بەیانی داراییش رەوانەی پەرلەمان نەكراوە. ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و بووەتە گرفتی ناروونی داهات و خەرجی حكومەت، هەروەها بەربەست بووە لە كاری چاودێری پەرلەمانی و دیوانی چاودێری دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا. چوارەم: كەمكردنەوەی باج، كەمكردنەوەی سوودی بانكی بو هاونیشتیمانیان، بو ئەوەی هاندانێك بێ، بو جولەی بازرگانی و وەرگرتنی قەرز لە بانكەكان بو پڕۆژە بچۆكەكان، لەهەندێ وڵات ئێستا سوودی بانكی نزیكبووتەوە لە سفر. پێنجەم: چاكسازیكردن لە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان: ا: پێداچوونەوە لە گرێبەستە نەوتییەكان ب: جێبەجێكردنی بڕیاری 706ی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێككەوتی 20/3/2020 سەبارەت بە پێداچوونەوەو وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و گاز، ئەو كۆمپانیانەی كە گرێبەستی خزمەتگۆزاریان لەگەڵ كۆمپانیای نەوتییان هەیە، كۆمپانیاكانی ئاسایش لە بواری نەوت. ج: وەرگرتنی باج لە هەموو كۆمپانایا گەورەكان و راگرتنی لێخۆشبوونییان لە باج. د: كۆنترۆلكردنی سەرجەم خالە سنوورییەكان، بەتایبەت خالە گمركییەكان بە مەرجێك كۆی گشتی داهات بگەرێتەوە بو حیساباتی وەزارەتی دارایی. هـ: پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستی ئەو كۆمپانیانەی كە كاردەكەن لە خالە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی زیادكردنی داهاتی گشتی بە شێوەیەك داهاتەكەی زیاتر بو گەنجینەی حكومەت بێ نەك بۆ كۆمپانییەكان. و: پێویستە پسۆڵەی داهات، تەنیا پسۆلەی وەزارەتی دارایی بێ لەهەموو خاڵە گومركییەكان. ز: هەڵوەشاندنەوەی هەموو لێخۆشبوونە گومركییەكان لە هەرێمی كوردستان. ح: پێویستە حكومەت بریارێك دەربكات لە شێوەی  مقاصە بێت ھەر هاوڵاتیەك ھەر قەرزێكی حكومەتی لایە لە عقار، زەواج، كارەبا، نیشتەجێبون، ئاو دەتوانێ لەگەڵ حكومەت لە پاشەكەوتەكەی كە قەرزە لە ئەستۆی حكومەت بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزانە بە ناوی خودی هاوڵاتی خۆی یان خێزانی یان مناڵی خوار ھەژدە ساڵی خۆیەوە بێت. گ: پێداچونەوە بەسەرجەم گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی بواری پەیوەندی وئینتەرنێت و قەرزەكانیان. گوندەكانی نیشتەجێ بون تایبەت بە باجی خانوبەرە. ی: لەگەڵ وەرگرتنی ئەو زەوی و زارانەی كە لەرێگەی موساتەحە دراون و تاوەكو ئێستا بەكارنەهاتوون، یاخۆد كراون بە پارچە زەوی و فرۆشراون، وەربگرنەوەو حكومەت لەرێگەی موزایەدەی ئاشكرا بفرۆشرێ، ئەمەش وەك هەنگاوێك بو زیادكردنی داهات و تێپەڕبوون لە قەیرانی دارایی. س: یەكێك لە رێگاكانی زیادكردنی داهات، بریتییە لە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی گشت دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی زۆر وورد. وەك (كەمكردنەوەی مینحەی مێوانداری، راگرتنی هاوكاری، راگرتنی كڕینی خانوو و ئۆتۆمبێڵ. ع: دەكرێ حكومەت گرنگی بداتە كاری هاوبەش لەنێوان كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەت، بەتایبەت هەندی كەرت بەتەواوەتی رادەستی كەرتی تایبەت بكات، ئەویش هەم داهات زیاد دەبێ و هەم خەرجی حكومەتیش كەم دەبێ وەك كەرتی  كارەبا. ف: زۆر سەرچاوە هەیە كە موڵكی دەوڵەتە، بەڵام بڕی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتەوە وەرناگیرێت، بو نموونە (لە هەموو ئەو بیرە ئاوانەی كە بۆ سوود وەرگرتن لە ئاوی ژێر زەوی بەكار دێت و ژمارەیان زۆرە، پیویستە بخرێتە ژێر رسۆمی حكومەتەوە. بەگوێرەی ئامارێكی ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان 22 هەزار و 560 بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن، ئەم بیرانە بە یاسایی بكرێن و كاژیری خوێندنەوەی ئاو و لێدانی بیرەكە هەموو سەرجاوەی داهاتن).


راپۆرتی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی وادەردەکەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری گەلیی چین، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاریی ڕێککەوتنێکی درێژمەودای (٢٥ساڵە)یین، کە تێیدا هاوکاری دوولایەنەی سیاسیی، سەربازی، ئابووریی، پیشەسازی، تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان و  زانیاریی لە خۆ دەگرێت، لە نێویشیدا درووستکردنی شاڕێی نێوان دوو وڵات و بەستنەوەی بە وڵاتانی ناوچەکەوە دەگرێتەوە. ئەم ڕەشنووسی ڕێککەوتنە ئەگەر ئیمزابکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە چەندین خاڵی هەستیاری ئاسایشیی، هەواڵگری، سیاسی و ئابووریی پەیوەندیداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا بە عیراق و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەستە، هەرێم و عیراق لە شاڕێی پێشنیارکراوی ناو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا پێگەی تایبەتیان پێدراوە. - مێژوو، ناوەڕۆک و ئایندەی ڕەشنووسەکە: ناوی ڕێککەوتنەکە، وەک لەو ڕەشنووسە دزەپێکراوەدا هاتووە، "بەرنامەی هاوکاریی گشتگیری ٢٥ساڵەی ئێران و چین"ە، لەلایەن "ئەمیندارێتی باڵای میکانیزمی هاوبەشی گشتگیری ستراتیژیی ئێران و چین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوا درافتی پێشکەشکراوە، تا ئێستا وێنەی فارسی ئەم ڕێککەوتنە وەک ڕەشنووسێک دیارە، گوایە لە هەردوولایەنەوە بخرێتە بەردەم پەرلەمانەکانیان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، تا ئەوکاتەش هەر بە ڕەشنووسی دەمێنێتەوە. کۆی ڕێککەوتنەکە ١٨ لاپەڕەیە: لە بەراییەک، نۆ (٩) بەند و سێ (٣) پاشکۆ پێکدێت، بوارەکانی ئامانجی سیاسیی دوو وڵات، ڕێگای بازرگانی، کردنەوەی ڕێڕەوی هەرێمی و نێودەوڵەتیی، پێشخستنی بواری بازرگانی، ڕاکێشانی هێڵی ئاسن لە وڵاتانی ناوچەکەدا، پێشخستن و پەرەپێدان و گواستنەوەی وزەی وڵاتانی ناوچەکە، پەرەپێدانی سەربازی و ئەمنی هاوبەشی دوولایەنە لە ناوچەکە و وەبەرهێنانی چین لە پێنج بەندەر و دورگەی ئێرانیدا لە خۆ دەگرێت. مێژووی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی پێنج ساڵ لەمەوبەری سەرکۆماری چین بۆ ئێران(٢٠١٦)، وەک لە پێشەکی ڕێککەوتنەکدا دیارە، هەر لەو ساڵەدا تۆوی ڕێکەوتنەکە چێنراوە و ڕێککەوتنەکەش بۆ دیاریکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پرەنسیپە هاوبەشە بڕیارلێدراوەکانە کە لە بەندی شەشەمی بەیاننامەی "بەدیهێنانی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان چین و ئێران" لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی چین لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٦ لە تاران بڵاوکرایەوە، ئاماژەی پێدراوە. (دەقی ڕێککەوتنەکە لە سایتی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی بخوێنەرەوە: https://www.centerfs.org/) لە بەرایی ڕێککەوتنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرجەم بوارەکانی بازرگانی، ئابووریی، سیاسیی، کولتووری و ئاسایشیی و سەربازی دەگرێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە ناواخنی ڕێککەوتنەکەدا ئالیەتی گشتی و ناوەندی و بەشەکی بۆ ئەو بوارانە خراوەتەڕوو. گەرچی زۆر لایەنی ڕێککەوتنەکە و کاتی پەسەندکردنی یان ڕەتکردنەوەی ڕوون نییە و ئەگەری جێبەجێکردنیشی دیسان ڕوون نییە، تا ئێستاش تەنها چەند لایەن و بەرپرسێکی حکومی وەک وەزارەتی دەرەوە (زەریف) و یاریدەدەری سەرکۆمار(جەهانگیری) بە جۆرێک پشتیوان و عەڕابی ڕێککەتنەکەن، بەڵام لەنێو ئێران و ئسوڵگەراکانی وەک ئەحمەدی نەژاد و دەیانی دیکە لە بەرپرسان و هەندێک لە ئیسڵاحیەکانیش لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نیگەران و ناڕازین. لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حکومەتی ئێرانیش وەک موجاهدین و شاهەنشاهیەکان ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بە "ئێرانفرۆشی" لەقەڵەم دەدەن و لە یەکەم باسکردنیەوە لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە، لەچەند هەفتەی ڕابردوودا، چەندین کەمپەینی دژایەتی و ناڕەزایەتی بۆ سازکراوە، پێیان وایە ڕێککەوتنێکی نابەرامبەرە و ناتوانرێت وڵاتی چین پابەند بکرێت، بەڵام "تەنها سودێکی ئەوەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوخبەی سیاسیی دابڕاوی درێژ دەکاتەوە". بەڵام دواجار  لە ڕووی یاساییەوە ئایندەی ڕێککەوتنەکە بە دوو لایەنەوە پەیوەستە: یەکەم: کۆماری گەلیی چین، کە واپێناچێت سەرجەم بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کەنداو و عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارانی ئێراندا بکاتە قوربانی ڕێککەوتنێکی ئێرانی-چینی، کە قەبارەی بازرگانییەکەی تەنها ٤٠٠ملیار دۆلارە. بۆ ئەم مەبەستەش خراپ نییە ئەوە بیربهێنرێتەوە کە ئەگەرچی چین بە هاوپەیمانی ئێران دەزانرێت لانیکەم لە لایەنی ئێرانییەوە، بەڵام تا ئێستا لەسەرجەم بڕگەکانی سزاکانی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش تەبا لەگەڵ ئەمریکا و دژبە ئێران دەنگی داوە. جیا لەوەش لە ساڵانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێراندا، ئەگەرچی دابینکاری بڕێکی چەکی ئێران وڵاتی چین بوو، بەڵام گرێبەستەکانی ئەو سەردەمە دەریدەخەن هەر لەو ئانەدا چەند هێندەی بە عێراقی نەیاری فرۆشتووە. زیاتر لەوەش چین چەندین ئەزموونی هەیە، لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هەر بۆ نموونە لە ساڵانی ١٩٩٧ و ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨،ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عیراقدا ئەنجامداوە، بەڵام دۆخێکی ستراتیژیی کردەیی لە ڕێککەتنەکانی بۆ هەردوو وڵات بەدینەهێناوە. دووەم: ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران؛ کە دواجار بڕیاری سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ درێژمەودا، بڕیاردەی سەرەکی لای عەلی خامینەیی ڕێبەرە، گەر ئەو ڕەزامەند بێت بە دڵنییایی لە پەرلەمانێکی زۆرینە ئسوڵگەرای ئێراندا زۆر ئاسان تێدەپەڕێت بە بێگوێدانە ناڕەزایەتییە سیاسیی و جەماوەرییەکان. ئێران، لێرەدا هەمان سیناریۆی عێراقی ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ دوبارە دەکاتەوە، کە عێراق وەک ئێستای ئێران ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی و گەمارۆی ئابووریی بووبوویەوە، بۆ ڕزگاربوون و ناچارکردنی ئەمریکا لە سووککردنی سزا و دانەبڕانی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی(وەک ئێستای ئێران)، پەنای بردە بەر ڕێککەوتن لەگەڵ چیندا، بەڵام نەک فریای سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەوکاتە نەکەوت، بەڵکو پرۆسەی کەوتنی پاش پێنج ساڵ(٢٠٠٣) هاتەدی، بە بێئەوەی چین هەنگاوێکی کردەیی بۆ هێشتنەوە و دژایەتی ئەمریکا بهاوێژێت. بۆیە چەندێک ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئارادا بێت هێندەش پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژارنەکانی ئەمریکا و گوشارە نوێکان و سازانی نوێی تاران و واشنتۆنەوە هەیە. - بوارە هەستیارەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ عێراق و هەرێم: لێرەدا لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەک بوارێکی زیندووی سیاسیی، سەربازی و ئابووریی بۆ ئێران، چ پێگەیەکیان دەبێت و یاخود چ کاریگەرییەکیان لە ناو ڕێککەوتنەکەدا دەبێت؟ پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بە عێراق و هەرێمەوە چییە و لە چ بڕگەیەکدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئامانجەکە جوگرافیا، بازرگانی و پیشەسازی، سیاسەت و بواری سەربازیی عێراق و هەرێم دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە؟ گەر ڕێککەوتنی ٢٥ساڵەی ئێران-چین سەرکەوتوو بێت، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان وەک هاوسێ و وەک بەشێک لە عێراقیش کاریگەری جێدەهێڵێت، چونکە عێراق و ئێران هاوسێیەتییەکی کاریگەر و کارتێکەرییان لەسەر یەک هەیە و بە هەر گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی سیاسی و ئابووریی ڕاستەوخۆ لەسەر یەک کاریگەر دەبن، ئیتر لە سیستمی سیاسییەوە بگرە تا دەگاتە بازرگانی و دۆخە کۆمەڵایەتیی و مەزهەبیەکانیش. هێندە بەسە کە بزانرێت نزیکەی ١٤٥٨کم هێڵی مەرزیی هاوبەش هەیە درێژترین سنووری لەگەڵ عێراقدا هەیە لە چاو دراوسێکانی دیکەیدا، زۆرینەی هێڵی سنووری ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی عێراق پێکهێنەری ئەم سنوورە ستراتیژیی و سیاسییەیە لەنێو ئەم سنوورەدا کە هاوبەشێتی جوگرافی-سیاسی-بازرگانی ئێران-عێراق دەچەسپێنن چوار لە پارێزگا کوردستانییەکانی ئێران و چوار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەخۆ، لەڕووی کولتووری و مەزهەبیشەوە هاوبەشییان زۆرە و لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمیشەوە قوڵێ‌یی ستراتیژی یەکتر پێکدەهێنن. لە ڕووی سیاسییشەوە لەپاش ٢٠٠٣ەوە ئیدی ئێران و عێراق زەمینەی سیاسەتکردنی یەکترن و ئێران وەک تەواوکارێکی قەڵەمڕەوییەکەی لە ڕۆژهەڵاتدا لە عێراق دەڕوانێت. لێرەدا ئەو بەند و بڕگانە دەخرێنەڕوو و شرۆڤەدەکرێن کە پەیوەندیدارن بە عێراق و هەرێم و کۆی پاکێجی مەسەلەی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانییەوە هەیە. لە کۆی ڕێککەتنەکەدا شەش(٦)جار ناوی عێراق هاتووە و لە نۆ(٩) بڕگەی دیکەشدا ناڕاستەوخۆ باسی “وڵاتی سێیەم” یان وڵاتانی ناوچەیی کراوە، کە بە دڵنیایی عێراق و هەرێمی کوردستان مەبەستێکیانە. ١. لەڕووی سیاسییەوە:  هەر لە بەندی یەکەمی ڕێککەتنەکەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەردوو وڵات "ستراتیژی براوە-براوە" لە وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا پیادە دەکەن، وەک لە بڕگەی دوو-شدا هاوکاری سەربازیی، توانای بەرگری و یەکهەڵوێستی سیاسیی لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا ئاماژەی پێدراوە(بەندی١)، لە پاشکۆی ژمارە یەکیشدا(١) هەمان ئامانج دووبارە کراوەتەوە.  دیارە هاوهەڵوێستی سیاسیی و سەربازیی لە ناوچەکەدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکاتە سەر هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی عێراق و هەرێم دەبێت. ڕێککەوتنەکە ڕاشکاوانەتر باس لە دژایەتیکردنی تیرۆر ڕێکخراوە دژبەرەکان دەکاتەوە، کە دیارە لە پێناسەی سیاسیی دەوڵەتێکی وەک ئێراندا سەرجەم ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە کە هەم ڕێکخراوی ئێرانی لە عێراق و هەم کوردستانی لە  هەرێم دەگرێتەوە.(بەندی٤) هەروەها بەندێکی¬تری کاری هاوبەشی دوو وڵاتەکەیە لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا بە جۆرێک بەرنامەی هاوبەش و پرۆژە لەو وڵاتانە بخرێتەگەڕ.(بەندی٧) ٢. لە ڕووی بازرگانی و وزەوە  لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی کولتووری-مەزهەبیشدا، لە چەند بڕگەدا عێراق و هەرێم، بوونەتە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئایندەیی چین و ئێران، لەوانەش: بنیادنانی پرۆژەی گواستنەوەی وزەی عێراق، وەبەرهێنان و دروستکردن و گواستنەوەی کارەبا بۆ عێراق(دیارە ناوی وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان و سوریاش لەو بڕگەیەدا بۆ هەمان مەبەست هاتووە).(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١و٢)  هەروەها پرۆژەی ڕاکێشانی "هێڵی ئاسنی مەزهەبی-زیارەتی" نێوان پاکستان-ئێران-عێراق-سوریا، تەبەنیکراوە، هەروەک چۆن باس لە کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی پاکستان-ئەفغانستان-عێراق-سوریاش کراوە کە ببێتە ڕێڕەوێکی بازرگانیی ناوچەیی.(پاشکۆی٢/بڕگەی ب/١)، دروستکردنی پرۆژەی گەشەپێدان لە وڵاتانی ناوچەکەدا(پاشکۆی٢/ها/٦)، بەهێزکردنی ڕێکخراو و دەزگاکانی وڵاتانی ناوچەکە(پاشکۆی٢/ز/٢).   گرنگە بووترێت کوردستان جیا لەوەی لە سیاسەتیی کولتووری ئێراندا نیشانەیە، بەشێکی شارەکانی کوردستان وەک کرماشان و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی، کەرکوک، خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیالە بەشێکن لە ڕێگە و نەخشەی ڕێڕەوی بازرگانی، زیارەتکارانی مەزهەبی شیعە. لە هەبوون و گواستنەوەی وزەشدا دیسان هەرێم لە قوڵایی ستراتیی ئێراندا جێگەی تایبەتی بۆ کراوەتەوە. سەبارەت بە پەیوەندی ڕاکێشانی ڕێگای ئاسنیش بە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا چەندین پرۆژەپێشنیار لە بەرنامەی ڕێسازیی ئێران و عێراقدا لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، لەم ساڵانەی دواییدا لە ئارادان کە هەندێکیان شارەکانی سلێمانی، خانەقین، کرماشان، مەهاباد و ورمێ لە خۆدەگرن و لە نموونەی ڕێگای پێشنیارکراوی ئاسنی: هێڵێ کرماشان-خوسرەوی-خانەقین-بەغدا. هەروەها ڕێگەیەکی پێشنیارکراوی ئێرانی دیکەش هەیە و کە خودی سەرکۆماری ئێران جەختی لەسەر کردۆتەوە بریتییە لە ڕێگای ئاسنی سنە-باشماخ-سلێمانی تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ هەمان مەبەستیش پارێزگاری سنە داوای جێبەجێکردنی پرۆژەکەی لە ژووری بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە و کۆمپانیای قەیوان وەک جێبەجێکاری دیوی هەرێم، کردووە.   سەبارەت بە ناوچەکانی باشووری عێراقیش هێڵی خوڕەمشەهر-بەسرە لە ئارادایە. کە دیسانەوە لە ڕێککەوتنی چین و ئێراندا ئاماژە بەو ڕێگا ئاسنی و بازرگانیانە دراوە. کە نەک ئێران و عێراق بەڵکو وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و سوریاش دەگرێتەخۆ. لە کۆتا پاشکۆشدا ڕێککەوتنەکە باس لە دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پرۆژەی هاوبەشی دوولایەنە دەکات لە وڵاتانی سێیەمی وەک عێراق(پاشکۆی٣/بڕگەی ێ‌/٦)، هەروەها جەخت لە سوودوەرگرتن لە بواری جیۆئیکۆنۆمی وڵاتانی دراوسێ کراوەتەوە کە دیارە عێراق لە نێو ئەو ئامانج و نیشانەدایە.( پاشکۆی٣/بڕگەی ب)  بە کورتی بونیاتنانی ڕێگای بازرگانی و هێڵەکانی ئاسن و ڕێڕەوەکان بۆ وڵاتی چین بەشێکە لە ستراتیژی "یەک پشتوێن، یەک ڕێگا One Belt, One Road"، بۆ وڵاتی ئێرانیش هەم کارتی فشارە بەرامبەر ئەمریکا و هەم جێبەجێکردنی سیاسەتە مەزهەبی و کولتوورییەکانە و ڕێگای گەیشتنیشە بە ئامانجە سیاسییەکانی، ئەڵبەت لە ئەگەری جێبەجێکردندا.    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت  - محەمەد رەئوف   نێچیرڤان بارزانی ئەمجارەش ئاوێكی كرد بە ئاگرەكەدا.. پارتی‌و یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەك پێكبهێنن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوانیان، دوای جەژنی قوربان لیژنەكە  كۆدەبنەوە، شەفافیەتی دۆسیەی نەوت یەكێكە لە بابەتە كێشە لەسەرەكان، نێچیرڤان بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە یەكێتی لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە ئاگاداری دۆسیەی نەوتە.  كۆبونەوە لە دەرەنگانێكی شەودا دوێنێ شەو تاوەكو دەرنگانێك لە ئۆفێسی نێچیرڤان بارزانی لە پیرمام، كۆبونەوەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەڕێوەچوو. دوای چەند رۆژێك مشتومڕو هەڕەشەی هەڵپەساردنی پەرلەمان‌و دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەت، بە دەستپێشخەرییەكی نێچیرڤان بارزانی بۆ لاهور شێخ جەنگی، بارودۆخەكان ئاسایی كرانەوە‌و پەرلەمانیش ئەمڕۆ كۆبونەوەی خۆی كرد. كۆبونەوەكەی پیرمام دوێنێ شەو تاوەكو كاتژمێر (1:00)، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆبونەوەدا بوون. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە هەردوو حزب دەست (درەو) كەوتوون، نێچیرڤان بارزانی بەتەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی قسەی كردووە‌و داوای لێكردووە پارتی‌و یەكێتی پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكەی نێچیرڤان بارزانی، یەكێتی بافڵ تاڵەبانی ناردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی. یەكەمین وێستگەی كۆبونەوەكانی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ پارتی، لە ئۆفێسی نێچیرڤان بارزانی بوو لە پیرمام. وەفدی یەكێتی لەو كۆبونەوەیەدا كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد بریتی بوون لە هەریەكە لە (شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی سەركردایەتی‌و بەرپرسی گشتی دەزگا ئاسایشی گشتی هەرێم)، وەفدی پارتیش كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد پێكهاتبوون لە هەریەكە لە (هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كە بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب بەشداربووە لە كۆبونەوەكە هەروەها مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە نوێنەرایەتی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی‌و دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی).  (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی گلەیی یەكێتی لەبارەی ئەم بابەتانەوە خستوەتەڕوو: •    پرسی لامەركەزی ئیداریی‌و دارایی •    پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت‌و دارایدا •    پرسی شەراكەتی راستەقینەی یەكێتی لە دەسەڵاتدا •    پرسی دەسەڵاتی وەزیرو پەرلەمان بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەبەرامبەر ئەم گلەییانەی بافڵ تاڵەبانیدا، نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوتدا وتویەتی:" قوباد تاڵەبانی ماوەی دوو خولە جێگری سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نەوت‌و غازبووە‌و ئاگاداری وردەكاری دۆسیەی نەوتە‌و دەتوانن بانگی بكەن بۆ مەكتەبی سیاسی‌و لەوێ لێی بپرسن". سەبارەت بە پرسی لامەركەزیەتی ئیداری‌و كارگێڕی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە:" لامەركەزیەت بەشێكە لە بەرنامەی حكومەت‌و یەكێتی دەتوانێت لەرێگەی وزیرەكانییەوە كار لەسەر ئەو بابەتە بكات". سەبارەت لە پرسی بەشداری یەكێتی لە دەسەڵات، بافڵ تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانی رێككەوتن لەسەر ئەوەی پارتی‌و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەن‌و لەسەر وردەكاری ئەو بابەتانە گفتوگۆ بكەن. لەبارەی لیژنە هاوبەشەكەوە  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لیژنەی پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی بریتین لەم كەسانە: •    هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی- سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری پارتی  •    مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و وتەبێژی فەرمی پارتی- ئەندامی لیژنەی دانوستانكار •    عەلی حسێن بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی- ئەندامی لیژنە لەلایەن یەكێتیشەوە لیژنەی دانوستانكار لەگەڵ پارتی پێكهاتوون لەم كەسانە: •    بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی- سەرۆكی لیژنە •    ئەندامانی تری لیژنە بۆردێك دەبێت لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و تائێستا یەكلا نەكراوەتەوە ئەم لیژنە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتی بڕیارە لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە دەست بە زنجیرەیەك كۆبونەوە بكەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە‌و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزب. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پارتی هەریەكە مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب‌و مەكتەبی سیاسی ‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لە یەكێتیش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزب‌و مەكتەبی سیاسی رەزامەندییان لەسەر دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆیان دەربڕیوە. وێستگەی دووەمی سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای پارتی، كۆبونەوە بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكی حكومەت لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی بەناوی یەكێتییەوە وەكو لایەنێكی بەشدار پاڵپشتی بۆ حكومەت راگەیاندووە. ئێستا دیمەنەكە بەوشێوەیە دەردەكەوێت، مەسرور بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی ناكۆكن‌و بافڵ تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانیش نێوەندگیری دەكەن. یەكێتی‌و پارتی لەسەر چی ناكۆكن ؟ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، كابینەكە سێقۆڵییە لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) پێكهاتووە. یەكێتی لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا چەند مەرجێكی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەبوو، یەكێك لە دواكارییەكانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەدا لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلابكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا. یەكێكی تر لە داواكارییەكانی یەكێتی ئەوەبوو "بەشداری راستەقینە بێت لە بڕیاردا"، ئەم داواكارییەش لەناو یەكێتی گلەیی لەسەرەو هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری سەرچاوەكانی داهاتی حكومەت‌و رێككەوتنەكانی نین‌و لەناو هەموو پۆستە باڵاكاندا تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییە‌و ئەویش لەژێر هەژمونی زۆرینەی پارتیدایە لەم خولەی پەرلەماندا. یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران‌و (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانە‌و سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لە حكومەت، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەندێك كێشە‌و گرفتی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكەی چارەسەركرا، ئێستا قوباد تاڵەبانی بەشدارە لە بڕیارەكانی حكومەت، بەمدواییە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرد سەبارەت بە پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی بەرگری لە حكومەت‌و بڕیاری بڕینی موچەی كرد، ئێستا كە پەیوەندییەكانی نێوان‌و پارتی‌و یەكێتی بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، قوباد تاڵەبانی بە گەشتێك لە دەرەوەی وڵاتە. پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پرسی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد ناكۆكن، یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنە‌و پێی وایە فشاری نەبوونی موچە لەشەقام زیاتر لەسەر ئەو دەكەوێت، بەڵام پارتی پەلەی نییە‌و دەڵێ حكومەتی كازمی حكومەتێكی كاتییە‌و دوای ساڵێك دەڕوات، دەبێت رێككەوتنەكە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كە كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی پەرلەمان‌و حكومەتیش دروستكردووە ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تائێستا بە فەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە كە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بارزانی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات، بەڵام هێشتا دانی بە هاوسەرۆكایەتییەكەی لاهور شێخ جەنگیدا نەناوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە لای لاهور شێخ جەنگییە‌و بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەژمونی لاهور شێخ جەنگیدان. تاوەكو بەر لە نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژووی یەكێتی، لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا رێككەوتنێكی ستراتیژی هەبوو لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆست‌و دەسەڵاتەكان، ئەم رێككەوتنە هەرچەندە تائێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام كاری پێناكرێت‌و لەگەڵ بارودۆخی نوێی یەكێتیدا ناگونجێت. ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا بكات كە لەگەڵ دۆخی سیاسی نوێی حزبەكەدا بگونجێت، پارتی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنێكی بێ پێشینەی تۆماركرد، پەلەی نییە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی نوێ لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، سێ پۆستی باڵای هەرێمی كوردستان ئێستا لەدەستی پارتیدایە (پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) سەرباری ئەمە جڵەوی فایلی نەوت‌و پەیوەندییەكانی هەرێمی لەبەردەستدایە. یەكێتی كاتێكی گونجاوی بۆ فشاركردن لە پارتی هەڵبژاردووە، كاتێك كە تێیدا حكومەتی هەرێم كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات دوچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووە‌و موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناكرێت. سەرباری ئەوەی لەناو یەكێتیدا جیاوازی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن‌و فشاركردن لەسەر پارتی، بەڵام تائێستا تاڕادەیەك حزبەكە لەسەر ئاستی دەرەوە بە یەكگرتوویی ماوەتەوە‌و دیارنییە ئەنجامی گەمە سیاسییەكە لە كۆتایدا بە چ جۆرێك دەشكێتەوە.  


 (درەو): كورسییە بەتاڵەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی سەرقاڵكردووە، دوو كەس كاندیدن بۆ پڕكردنەوەی كورسییەكە. ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەی (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پەسەندكرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆمەڵی ئیسلامی دەست (درەو) كەوتوون، بەپێی ڕیزبەندی دەنگی كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەناو كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵدا مەروان گەڵاڵی دەنگی زۆرینە هەیە‌و دەتوانێت كورسییەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمانی كوردستان پڕبكاتەوە. مەروان گەڵاڵی كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بوو، بەمدواییە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی كۆمەڵدا وەكو ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ هەڵبژێردرایەوە‌و هاوكات بوو بە بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی كۆمەڵ، گەڵاڵی پەرلەمانتاری خانەنشینە‌و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) رەتیكردوەتەوە كورسییەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە‌و دەیەوێت لە پۆستە حزبییەكەیدا بمێنێتەوە. لەدوای مەروان گەڵاڵی لەناو كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵدا، (عومەر گوڵپی) بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی دەنگی زۆرینەی هەیە. (درەو) زانیویەتی لەناو كۆمەڵدا گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا عومەر گوڵپی كورسییەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمان پڕیبكاتەوە یاخود لە پۆستەكەی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بمێنێتەوە، لەناو مەڵبەندی سلێمانی كۆمەڵدا چەند كەسێك چاویان لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانییە‌و خوازیارن عومەر گوڵپی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت‌و شوێنەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر لەناو كۆمەڵدا هەیە كە خوازیارە عومەر گوڵپی لە شوێنی خۆی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بمێنێتەوە‌و كاندیدی دوای ئەو كە (كامەران بابان زادە)یە كورسییەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە.


عەلی مەحمود رێكه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستان-پدك له‌گه‌ڵ  ئێران بۆ ئه‌نجامدانی كاری سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌ناو جوگرافیای عیراقدا, یه‌كه‌م رێككه‌وتنی پارتێكی كوردی بو له‌گه‌ڵ  ئێران بۆ شه‌ڕی هاوبه‌ش كه‌ پاش شه‌ڕی قه‌ڕناقاو  پشت ئاشان و ده‌ركردنی لایه‌نه‌كانی به‌ره‌ی جود له‌زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی سۆرانی زمان كه‌ به‌هاوكاری لۆجستیكی حكومه‌تی عێراقی ئه‌نجامدرا,  دوای 2 ساڵ له‌و به‌رواره‌, واتا 22ی ته‌موزی 1983 ینك و سۆسیالست و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش هاتنه‌ ناو هه‌مان گه‌مه‌وه‌,  به‌م ته‌رزه‌ په‌یماننامه‌یه‌ یارییان به‌چاره‌نوسی كورده‌وه‌ ده‌كرد، كوردیان كرده‌ شه‌ریكه‌ دۆڕانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌شه‌ڕه‌كه‌. دوای ئه‌نفال و كیمیابارانه‌كان له‌ 6ی ئه‌یلولی 1988 دا ده‌ست به‌تاڵ و دۆڕاو لێی ده‌رچوون, ئه‌وه‌ی بۆیان مایه‌وه‌  مانگانه‌ تمه‌نێك و باره‌گایه‌ك له‌سونێ و قاسم  ره‌ش و كارتی گه‌ڕان بۆ شاره‌كانی ئێران بوو, ئه‌وان  نزیك 10%ی هاوڵاتیانی كوردستان و 4500 لادێیان به‌جینۆسایدكردن و وێرانكردن دا, ده‌ریاچه‌یه‌ك خوێن و جیهانێك وێرانكارییان دورییه‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌ هاوبه‌شانه‌, هاوكات  بزاڤی چه‌كداری كوردیان وه‌ك بزاڤێكی كرێ گرته‌ به‌ جیهان  ناساند, به‌ هێنانی ئێران له‌ 29-7-1996 بۆسه‌ر كۆیه‌و هێنانی به‌رده‌وامی توركیا و هێنانه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌ 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر , سه‌لماندیانه‌وه‌ هه‌مان تاكتیك بۆته‌ ستراتیژی كاریان و به‌رده‌وامی هه‌یه‌و ده‌بێت, گه‌لی كورد له‌ هه‌ڵدێرو ماڵوێرانییه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كی دی ده‌به‌ن. له‌كاتێكدا راگه‌یانده‌كان جیهان غه‌رقی هه‌واڵی ده‌ریای خوینی  جه‌نگی ئێران-عێراق  ببوون, كۆتاییهێنان به‌كۆماری ئیسلامی شه‌رق و غه‌ربی یه‌كخستبوو, كۆمه‌لكوژی كوردان ببوه‌ جه‌نگێكی له‌بیركراو, به‌ به‌رچاوی كه‌شتیه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ كوردستان خاپورو خه‌ڵكه‌كه‌شی قه‌سابی ده‌كران, له‌ناو ئه‌و ده‌ریای خوێنه‌دا كه‌س گوێبیستی نوزه‌ی نابوو, كۆمه‌ڵكوژی كوردیش  ببووه‌ هۆلۆكۆستی نوێ, ئه‌مجاره‌ كرانه‌ قوربانی سه‌رانی  ینك  وپدك و سۆسیالست و  بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی, دوای راپه‌ڕینیش  له‌ بڕی سزادانیان كه‌چی خودی قوربانیانیش له‌ گه‌ڵدا له‌ ریزه‌ دورو درێژه‌كان وه‌ستان تا ده‌نگیان پێبده‌نه‌وه‌. ئێران و عیراقیش له‌ پاڵ وڵاتانی زلهێز له‌و وڵاتانه‌ بون كۆدی كریبتۆی سویسریان به‌كار ده‌هێنا له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نهێنییه‌  ناوخۆییه‌كانیان, كه‌ له‌ لایه‌ن سیای ئه‌مه‌ریكیه‌وه‌ كۆده‌كه‌  ده‌شكێنرا, وه‌ك له‌و ئابڕوچونه‌ی سه‌ره‌تا ئه‌مساڵ ئاشكرا كرا, بۆیه‌  هه‌مووان ئاگاداری ته‌واوی كوردۆسایدی كورد بوون. ئێمه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و  شه‌ڕانه‌ له‌ هه‌موو رویه‌كه‌وه‌  دۆڕاوین, بۆیه‌ ده‌بێت زیاتر بگه‌ڕێین به‌ دوای ئه‌و خاڵه‌دا كه‌ تێیدا بووه‌ هۆی دۆڕانمان, ده‌بێت گومان بخه‌ینه‌ سه‌ر رابردوو, به‌ پراتیك و كاره‌كته‌ره‌كانیه‌وه‌, چونكه‌ رابردوو به‌ تایبه‌ت ساڵانی بزاڤی چه‌كداری, مێژوییه‌كه‌ پڕه‌ له‌ دۆڕان, با ئه‌و مێژوه‌وه‌ بنووسێنه‌وه‌ كه‌ دۆڕاوه‌كان ده‌ینووسنه‌وه‌ نه‌ك براوه‌كان, چونكه‌ ئه‌م ته‌وه‌زه‌لانه‌ دۆڕانی خۆشیان به‌ بردنه‌وه‌ ده‌زانن و مێژووی براوه‌مان پێ نیشان ده‌ده‌ن, خۆیانیش ده‌كه‌ن به‌ خاوه‌ندی راپه‌ڕین و كۆڕه‌و  روخانی سه‌دام. سه‌رانی  كورد  توانای  باشی  خۆ  كوێر  و كه‌ڕ   و لاڵكردنیان هه‌یه‌,  كاتێك  نۆره‌ی دۆران و هه‌ڵه‌و تاوانه‌كان خۆیان  باس ده‌كرێت, ده‌بنه‌ نه‌ته‌وه‌یخواز  و دادپه‌روه‌ر و هه‌زار و یه‌ك پاساو بۆ شكست و دۆڕانه‌كانیان ده‌هێننه‌وه‌, ئه‌وان وه‌ك مێگه‌له‌ مه‌ڕ سه‌یری گه‌له‌ كه‌ن خۆشیان شوان, هه‌ر  كاتێك  بیانه‌وێت بمانده‌نه‌  ده‌م گورگه‌وه‌, ده‌بێت رازی بین و گورگبونی ئه‌وانیش ئاشكرا نه‌كه‌ین, ورده‌ ورده‌ گورگیه‌كه‌شیان دڕنده‌ترو پڕ  له‌ خیانه‌تر ده‌بێت, به‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی فه‌رمانڕه‌وایی له‌ لایه‌ن نه‌وه‌كانیانه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌مانه‌ له‌ مێژوو ده‌ترسێن, یاداوه‌رییه‌كانیان, پاككراوه‌ له‌ تاوان و شكسته‌كانیان, ده‌یانه‌وێت له‌ رێگای كرێگرته‌كانیانه‌وه‌ مێژوییه‌كی دیمان پێ نیشان بده‌ن, شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌ركوك و .....  وه‌ك شه‌ڕی سه‌ركه‌وتن و رزگاری وێنا بكه‌ن. هێرشی هاوبه‌شی پارتی وئێران بۆ ناوچه‌ی  حاجی ئۆمه‌ران و گردمه‌ند  له‌ساڵی 1983 دا  كه‌ به‌ فه‌جری دوو ناسێنراوه‌, به‌ یه‌كه‌م نموونه‌ی ئه‌نجامدانی  شه‌ڕی هاوبه‌شی پارته‌ كوردییه‌كان له‌ گه‌ڵ ئێران دژ به‌ سوپای عێراق دێته‌  ژماردن, لێره‌وه‌ ئه‌م ته‌رزو شێوه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازی سیاسییه‌, ده‌بێت به‌ ته‌رزو مۆدێلێكی  كارو خه‌باتی  به‌شێك زۆری له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ی باشوور و ئیلهامی لێ وه‌رده‌گرن " ینك, پارتی, سۆسیالست, بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی", حه‌وت ساڵی پڕِ له‌ دۆران و شكست به‌رده‌وام ده‌بێت, له‌ پشت په‌رتووكه‌ سوره‌كان و ئاڵاكانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست  له‌ گه‌ڵ پاسدار تێكه‌ڵ ده‌كرا و پرۆژه‌ی شه‌ری هاوبه‌شیان  له‌ گه‌ڵ ئێران  داده‌ڕشت, لێره‌وه‌  بوونه‌ ویڵی  ڕێگای په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ گه‌ڵ  ئێران , وایان ده‌نواند  به‌خت یاریان  بووه‌و رێوی  به‌ره‌و پیرییانه‌وه‌  چووه‌, دڵیان  به‌وه‌ خۆش بوو, ئێران كاری هاوبه‌شیان   له‌گه‌ڵ  ده‌كات, دیاره‌ ئه‌م جۆره‌ چالاكییه‌ هۆكاری كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كیش بوو بۆ سه‌رانیان تا بگه‌ن به‌ ئیمتیازات و سه‌فه‌ركردن, كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی به‌خته‌وه‌ری بۆ بۆیان,   به‌پشت  به‌ستن به‌ ئێران ده‌یانه‌ویست ببنه‌ هێزی یه‌كه‌م  و چوار مشقی له‌سه‌ر باڵا ده‌ستی له‌ كوردستان  دابنیشن, ینك وپدك ,خولیای  بوون به‌ یه‌كه‌م   هَێز له‌ كوردستان, به‌رده‌وام له‌مَیشكیان خولی ده‌خوارد, پاش   ئه‌وه‌ی  چه‌كیان له‌ ئێران وه‌ر گرت ئومێدیان باڵای ده‌كرد, په‌ندیان له‌ هه‌ره‌سی 75 وه‌رنه‌گرت , ئێران بووه‌ قیبله‌نامای كاریان, زیاتر وه‌ك دارده‌ستێكی ئێران خۆیان ده‌نواند نه‌ك هێزێكی كوردستانی, رابردویان دوباره‌ ده‌كرده‌وه‌" له‌ یاداشته‌كانی موكه‌ره‌م تاله‌بانی وا هاتووه‌: دوا كوبونه‌وه‌ی نوێنه‌ری بارزانی له‌گه‌ل حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌هاری 1974 كه‌ منیش تێدا به‌شدار بووم، سه‌روكی شاندی به‌عس كه‌ سه‌دام بوو، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستی به‌ قسه‌كانی خۆی كرد، پێویسته‌ ئێوه‌ ( مه‌به‌ستی پارتی بوو) په‌یوه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ل ئیران بپچرێنن و سنوره‌كان به‌رامبه‌ر ئیران داخه‌ن.  كاك سامی عه‌بدولرحمانیش كه‌ سه‌روكی شاندی پارتی بووه‌ به‌م شێوه‌یه‌ وه‌لامی دایه‌وه‌ : بارزانی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ل ئیران به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل به‌غداد ناگۆرێته‌وه‌!! سه‌دامیش به‌ سه‌رسورمانه‌وه‌ وه‌لامی دایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ل ئیران به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل به‌غدا ناگورنه‌وه‌، چ داوایه‌كتان له‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ و به‌رده‌وامی گفتوگۆ چ مانایه‌كی هه‌یه‌! ئێوه‌ له‌ ئێستاوه‌ خۆتان به‌ به‌شێك له‌ عیراق نازانن، ئه‌وه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌روكی یاساكانی ئوتۆنومیه‌. كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌بێ ئه‌نجام كوتایی هات و شه‌ر له‌ كوردستان ده‌ستی پێكرد.", ئه‌وه‌ی په‌ند له‌ رابردوو وه‌رنه‌گرێت داهاتووشی نییه‌, بۆیه‌  ئێستا زیاتر كه‌وتنه‌ باوه‌شی  ئێران و توركیاوه‌ . به‌ بێ  ئه‌وه‌ی بزانن  مامه‌ڵه‌ كردن  له‌گه‌ڵ   دوژمندا  خیانه‌ت كارییه‌ له‌ گه‌ل  و لای فاشییه‌كانیش گه‌ل به‌ره‌و چاره‌نووسێكی  ڕه‌ش ده‌بات, به‌م كاره‌شیان كه‌وتنه‌ ناو  ته‌ڵه‌ی ئێرانه‌وه‌, له‌ گه‌ڵ ئه‌ودا به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار ملیان ده‌نا, به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆڵی جیهان گه‌لیان له‌ گه‌ڵ خۆیان به‌ره‌و دۆزه‌خ برد. "هه‌روه‌ها زۆربه‌ی‌ جینۆسایده‌كان له‌كاتی‌ قه‌یرانه‌كاندا روده‌ده‌ن وه‌كو جه‌نگ. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت, شۆرش. و ئه‌نجامده‌رانیشی‌ قوربانیه‌كان تاوانبارده‌كه‌ن له‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌دا. هه‌روه‌ها حكومه‌تی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ش ڕه‌نگه‌ ده‌ستێوه‌رده‌ن یاخود بێده‌نگ بن له‌ئاست جینۆساید له‌وڵاتیكی‌ تردا وه‌یا پشتگیری‌ له‌ئه‌نجامده‌رانی‌ بكه‌ن به‌ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌پێی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ توانایاندا هه‌بێت."هیڤاڵ هیلان وه‌رگێڕانی‌: نه‌ریمان عه‌لی‌-ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ پێشكه‌شكراوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ دیبلۆم له‌ خوێندنی‌ یاسادا (له‌زانكۆی‌ ئۆكلاند نۆڤه‌مبه‌ر 2000)". پێش فه‌جری دووش,  پارتی دیموكراتی كوردستان ((عێراق)) زۆر جه‌نگی هاوبه‌شی شان به‌ شانی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران  دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی خۆرهه‌ڵات (به‌ تایبه‌ت دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌)  ئه‌نجام دابوو, له‌گرتنه‌وه‌ی زۆر ده‌ڤه‌ر و شار و شارۆچكه‌ روَڵی گێرابوو , نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی له‌ كاری سه‌ربازی –سیاسی هاوبه‌شی خستبووه‌ سه‌ر سفره‌ی كون بووی كۆماری ئیسلامی ئێران,  به‌ڵام له‌ناوخۆدا  ته‌نانه‌ت له‌ مانگه‌كانی پێش شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌ران, شه‌ڕه‌كان له‌ ناوچه‌ی شنۆ ئه‌نجامدرابوو, ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌  بۆیان په‌یماننامه‌ی فاوست بوو ( له‌و په‌یماننامه‌یه‌ فاوست  روحی خۆی به‌شه‌یتان فرۆشت) به‌لام فاوسته‌كه‌ی ئیمه‌ دوایی  بوون به‌دو و سێ و چوار وپێنج , نه‌ك   ته‌نها ڕوحی خۆیان به‌ لكه‌ ڕوحی هه‌موو  گه‌لیان به‌شه‌یتانه‌ ڕیشنه‌ دِرنده‌كه‌ی ئه‌ودیو سنوور فرۆشت, به‌م كاره‌شیان بوونه‌ دیلی په‌یوه‌ندییه‌كانیان  له‌ گه‌ڵ   ئێران, تاكتیكی ماڵویرانكه‌ر  سه‌دان  هه‌زار كه‌سی كرده‌ قربانی , به‌م كاره‌ ناشرینه‌شیان دۆزی كوردییان له‌ جه‌نگی كۆنه‌ په‌رستانه‌ی عێراق ئێران خنكاندو شه‌ڵاڵی خوێنیان كردو ڕه‌وایه‌تی گیانی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ سته‌می نه‌ته‌وه‌ییان  تیایدا كوشت و ناشرینیان كرد, ئه‌گه‌ر كه‌مۆكه‌یه‌ك پێشتر جوانیان تێدا هێشتبێته‌وه‌, به‌ په‌یوه‌ندییه‌ گوماناوییه‌كانیان هه‌موو سیمایه‌كی ئامانجداری تێدا كوشت.  ئه‌م جه‌نگه‌ هاوبه‌شانه‌  ده‌ستپێكی خۆكوژی به‌ كۆمه‌ڵی ( خێڵێك دواتر گه‌لێك ) ی  لێكه‌وته‌وه‌, هه‌رچه‌نده‌ پارتی بۆ خۆی هاشا له‌وه‌ ده‌كات , له‌و شه‌ڕه‌ (( حاجی ئۆمه‌ران )) به‌شدار بوو بێت و  پێش به‌ سوپای  پاسداران كه‌وتبێت و چاوساغی بۆیان كردبێت , به‌ڵام بۆ خۆی تاوانه‌كه‌ به‌و به‌هانه‌یه‌و به‌و ناوه‌وه‌ ئه‌نجامدرا و له‌ژێر ئه‌و كاره‌ خۆی شارده‌وه‌, لێ ڕه‌تكردنه‌وه‌كانی پارتیش  لاوازه‌, له‌ به‌رامبه‌ردا زۆر سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌  ده‌ده‌ن  به‌وه‌ی ئه‌و  كاره‌ سه‌ربازییه‌  هاوبه‌شه‌  به‌رفراوانه‌ ئه‌نجامدراوه‌, تاڵی له‌وه‌دایه‌ هه‌مان پارتی سیاسی  دوای 3 ساڵ له‌و كاره‌ساته‌ی هاشا له‌ ڕۆڵی خۆی ده‌كات تیایدا, دێت هه‌مان تاكتیك جارێكی تر هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌ و پیاده‌ی ده‌كاته‌وه‌ ,  جارێكی دیكه‌ به‌ ئاشكرا به‌ شێوه‌ی ر به‌رفاوانتر  و به‌ربڵاوتر و ئاشكراتر دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ "  پارتی له‌ فه‌تحی سَێ  له‌ هێرش  بۆ سه‌ر گه‌راجی نه‌وتی زاخۆ  و فه‌تحی هه‌شت له‌ ناوچه‌ی ئه‌تروش به‌ ته‌نها دوباره‌ی كرده‌وه‌, له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش هاوبه‌شیكرد" هه‌رچه‌نده‌ له‌ دوا ساته‌كانی نزیك له‌ هێرشه‌كه‌" هه‌ڵه‌بجه‌"  ناڕه‌زایه‌تی له‌ نێو سه‌ركردایه‌تی پارتیدا به‌رز بوه‌وه‌,  له‌ ترسی دوباره‌ بونه‌وه‌ی روداوه‌كه‌ی حاجی هۆمه‌ران و كاره‌ساتی بارزانییه‌كان – كۆمه‌ڵكوژی كورد له‌ جه‌نگی ئێران -عێراقدا, عادیل سدیق عه‌لی, ل260-261  ."., ده‌بینین ئه‌زموون له‌ دڕندانه‌ترین په‌رچه‌كرداری تا ئه‌و ده‌می ڕژێم  وه‌رناگرێت  به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌ی ته‌نانه‌ت كه‌سه‌ نزیكه‌كانی سه‌رۆكه‌كانی , له داهاتوو دێت  زنجیره‌یه‌ك چالاكی سه‌ربازی هاوبه‌ش , له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێرانی دژ به‌ سوپای عێراق به‌ ئاشكرا و له‌ قولایی وڵاتدا له‌ زاخۆوه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام ده‌داته‌وه‌, به‌م كاره‌شیان بوونه‌ پۆلیسی ئیران  له‌ كوردستان , به‌ڵام  مه‌خفه‌ره‌كه‌یان  له‌ ئێران  بوو , له‌و  دیوه‌وه‌ نه‌خشه‌یان  بۆ داده‌ڕێژرا , له‌م دیو  كوردیان ده‌كرده‌ سوته‌مه‌نی  نه‌خشه‌كانیان, به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موویان  به‌شدارن له‌ مێژوویه‌كی هاوبه‌ش لێ  مێژوویه‌كی  هه‌تیو تا ئێستا دانی پێدا نانێن. بۆچی حاجی ئۆمه‌ران! شه‌ڕی  حاجی ئۆمه‌ران  بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبه‌تی خۆیان  هه‌بوو, بۆ ئێرانیه‌كان له‌ پاڵ سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ به‌سه‌ر عێراقدا, هاوكات ده‌روازه‌یه‌كیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بكاته‌ به‌شێك  له‌ جه‌نگه‌كه‌ و به‌ره‌كه‌ی به‌رفراوان بكاته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ند هێزێكی زۆری مرۆیی بوو, هاوكات  به‌سه‌ر نه‌یاره‌كانیدا له‌ هێزه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان  سه‌ركه‌وێت له‌ كوردستان, ناوچه‌یه‌كی به‌رزایی ستراتیژی ده‌یتوانی له‌وێوه‌ جوڵه‌ی هێزه‌كانی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوچه‌كانی پیرنشار و شنۆو .... كۆنترۆڵ  بكات و باره‌گاكانی پشت جه‌بهه‌یان پێ  چۆڵ  بكات و سنووری چالاكیه‌كانیان به‌رته‌سك  بكاته‌وه‌, بۆ ئێران سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ دوولایه‌نه‌ بوو هه‌م به‌سه‌ر عێراق  و هه‌م به‌سه‌ر  كورددا , له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌  ئێران پێویستی به‌سه‌ركه‌وتنێكی  وا هه‌بوو, كه‌ 104  رۆژ له‌وه‌ پێش له‌ 10ی ئه‌پرێلی 2003, له‌ فه‌جری یه‌كدا له‌ناوچه‌ی دیزفول تووشی تێكشكانێكی كه‌مه‌ر شكێن ببوو, زیانه‌كانی سێ هێنده‌ زیانه‌كانی سوپای عێراق بوو,  چوو بۆ سه‌ركه‌وتن تا به‌سرا له‌ به‌غدا داببڕێت, كه‌چی نه‌ یا ئه‌ڵای ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌كه‌ و نه‌ ته‌م و تومانی ئه‌و بهاره‌ی زه‌لكاوه‌كانی عه‌ماره‌ فریای نه‌كه‌وت, فڕۆكه‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌كانی عێراق دره‌وی سوپاكه‌یان كرد له‌و بیابان و زه‌نكاوه‌ پان و به‌رینه‌, فه‌جری  یه‌ك بووه‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین شكسته‌كانی سوپای ئێران له‌ماوه‌ی 8 ساڵه‌ی شه‌ڕی عێراق ئێراندا, ئامانجی فه‌جری 2 بۆ ئێرانیه‌كان وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ن " لێدانی دژ به‌ شۆرش" حدكا", 2- به‌هیز كردنی كورده‌ موسڵمانه‌كانی عێراق وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن, مه‌به‌ستی هاوكارانی له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌و كاتدا, 3-زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ ئه‌نجامدانی شه‌ر له‌ناو خاكی عێراق, 4- پاراستنی شاری پیرانشار له‌ هه‌ر جۆره‌ په‌لامارێك, 5-خۆشكردنی زه‌مینه‌ بۆ لێدانی چاڵه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌ركووك " مروری بر عملیات والفجر ۲ https://www.magiran.com/article/1156413 , له‌ هه‌مووشی گرنگتر بۆ ئه‌و چركه‌ ساته‌ ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینی شكستی فه‌جری یه‌ك بوو, له‌ پێناو به‌رز كردنه‌وه‌ی وره‌ی سوپا شكست خواردووه‌كه‌ی. "هێزەكانی ئێران  لە رێگای چاوساغەكانیەوە دزەی كردە ناو عێراقەوە  بە قوڵایی 16 كیلۆمەتر و دەستی بەسەر زۆر بەرزایی و سەربازگەو 43  گونددا گرت, لەناویاندا بارەگای سەركردایەتی حدكا , بە پێی بۆچون ئێرانیەكان ناوچەكە لە روی ستراتیجیەوە گرنگی نەبوو, بەڵام ئۆپۆزسیۆنی كوردی رۆژهەڵاتی لاواز كرد, هاوكات لەو ناوچەیە حكومەتی عێراقی لە مەنفا دامەزراند, بەدوای ئەم شەڕە  دوو روداو رویاندا, رێكەوتنی  عێراق لە گەڵ توركیاو واژۆ كردنی پەیمانی ئەمنی هاوبەش, مفاوەزاتی ینك لە گەڵ  بەغدا . http://www.moqatel.com/openshare/Behoth/Siasia2/IranIraqAr/sec14.doc_cvt.htm". "لە 29ی تیرماهی 1362 لە میحوەری پیرانشار - حاجی ئۆمەران  لە لایەن هێزە چەكدارەكانی ئێران و هێزەكانی كوردی عێراقەوە هێرش ئەنجامدرا, بە دروشمی یا ئەڵا و  بەناوی فەجری 2, لە ژێر سەركردایەتیەكی هاوبەشدا, توانرا 200 كیلۆمەتر چوار گۆشە  خاك داگیر بكرێت, لە ئەنجامی شەڕەكە سەربازگەی تەمەر چین و سەربازگەی حاجی ئۆمەران ,گومرگی سنور, هاوكات  چەندین شاخی بەرزی وەك كۆدۆ  3000 مەتری و گردمەند2519 مەتری  و ئازادی  3700 مەتری و  چەندین شارە دێی وەك رایات و ئازادی و زینیوێ و , مەمی خەلان و .... دەستیان بەسەردا گیرا .لە شەڕەكە 24 گوردانی هاوبەش پاسدارو سوپا بەشدارییان كرد, كە 17یان لە ئوستانی فارسەوە هاتبوون https://what.sapp.ir/emtedad_fars/1532093192345b36c2bcDOEc-%D8%AE%D8%A7%D9%86%D9%87-%D8%B4%D8%B1%DB%8C%D8%AD-%D8%A8%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D9%86%D9%85%DB%8C-%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87". "فه‌جری 2  ناوی ئه‌و شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌یه‌, كه‌ هێزه‌كانی ئێران به‌ هاوكاری كورده‌كانی عێراق" له‌وكاته‌ هه‌ر پدك" بوو, ئه‌نجامیاندا, تیایدا توانرا به‌رزاییه‌كانی 2519, 2120, 1970,2062 و  80 ره‌بایه‌, 200 كیلۆمه‌تر چوار گۆشه‌و  60 تانك و 150 زرێپۆش بگرترێت و هاوكات بووه‌ هۆی  4000كوژراوو برینداری عێراقی, 510  دیل و  خستنه‌ خواره‌وه‌ی 9 فرۆكه‌و زیانێكی زۆری مادی دی به‌ سوپای عێراقی ,  https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA_%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1_%DB%B2". هێرشی ئێران و پارتی دیموكرات بۆسه‌ر ناوچه‌ی حاجی ئۆمه‌ران له‌ 22ی ته‌موز  و گرتنی هه‌ردوو چیایی كۆدۆ و گرده‌مه‌ندیل و ئازادی و كۆمه‌ڵێك چیای به‌رزی دیكه‌ ، هه‌روه‌ها نێوچه‌كانی شیوه‌ڕه‌ش، ماوه‌تان، حاجی ئۆمه‌ران، خه‌لان، زینوێ، ئالانه‌، ئازادی، بابكراوه‌، رایات، ره‌شه‌مێ، گونده‌ ژێر و گه‌له‌ ژێرو به‌شێوه‌ی گشتی 43 گوند و شاره‌ گوندی  داگیركرد. به‌ڵام به‌ پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی دی, له‌ هێرشی هاوبه‌شی سوپای ئێرانی و كورده‌كان, 390 كیلۆمه‌تر دووجار له‌خاكی عێراق ئازاد كراوه‌  https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%B9%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%A7%D8%AA_%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%81%D8%AC%D8%B1_%DB%B2". ئه‌م هێرشه‌  هاوبه‌شه‌, جگه‌ له‌ شوێنبزر كردنی 8000 بارزانی بێتاوان, ده‌رگای جهه‌نه‌می به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاویشی له‌ كوردستان كرده‌وه‌"به‌ گازی خه‌رده‌ل 100 كه‌س له‌ سوپای ئێران و كورده‌ هاوپه‌یمانه‌كانی پێوه‌ بوون - https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D8%B1%D9%86%D8%A7%D9%85%D8%AC_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82_%D9%84%D9%84%D8%A3%D8%B3%D9%84%D8%AD%D8%A9_%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%85%D8%A7%D9%88%D9%8A%D8%A9 ". لێ هه‌رچی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌, به‌ به‌شداریكردنی له‌ شه‌ڕه‌كه‌  له‌ لایه‌كه‌وه‌ دڵسۆزی خۆی سه‌لمانده‌وه‌ بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران, له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كاره‌وه‌ شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌ی له‌ ئێران و هاوكاریكردنی له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ وه‌رگرت, كه‌ ده‌ركردنی پارتی ببوه‌ خاڵێكی به‌رنامه‌ی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ گفتوگۆكانیان له‌ گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران, پێشتریش له‌ ناوچه‌كانی پیرانشارو شنۆو ته‌رگه‌وه‌ڕو مه‌رگه‌وه‌ڕ زۆر چالاكی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دابوو, له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ پارتی ده‌یه‌ویست تۆڵه‌ی خۆی له‌ ینك بكاته‌وه‌ كه‌ 86 رۆژ  له‌وه‌پێش له‌ دوا سه‌نگه‌ر له‌ قه‌ڕناقاو پشت ئاشان ده‌ركران, شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌ران هاوكات بوو له‌ گه‌ڵ شه‌ڕێكی دی به‌ناوی قه‌ندیلی 2, كه‌ ناوچه‌كانیشیان هاوسنووری یه‌كه‌. ئه‌مه‌و ده‌ڤه‌ری حاجی ئۆمه‌ران ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی  سه‌ربازی گرنگ بوو, ناوچه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ینك  بوو, هاوسنوور بوو له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌و, به‌سانایی ده‌یتوانی پاش جه‌نگ كۆنترۆڵی بكات و بیخاته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی, كه‌ شوێنی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و بوو له‌ بزاڤی چه‌كداری ئه‌یلولدا, هیلته‌رمان ئاوا باسی ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌كات (( په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, به‌ جارێ عێراقییه‌كانی نیگه‌ران كردبوو, له‌ پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی بارزانی له‌ ساڵی1975دا, سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان(كه‌ له‌ مه‌لا مسته‌فاوه‌ چووبووه‌ لای ئیدریس و مه‌سعودی كوڕی) به‌ ئاواره‌یی له‌ ئێران ده‌ژیا, ده‌ستدرێژی عێراق, هیوای به‌ (پ د ك) په‌یدا كرده‌وه‌و له‌ ساڵی1983دا پاڵپشتییه‌كی چالاكانه‌ی شه‌ڕی هێزه‌كانی ئێرانی ده‌كرد وه‌ك ڕێنماو شاره‌زایی زانیاری ته‌واوی بارزانیه‌كان, به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر ناوچه‌ی عه‌شیره‌تی برادۆستی كه‌ هاوسنوور بوون له‌ گه‌ڵیان, یارمه‌تییه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ ئێرانییه‌كان, كه‌ توانیان له‌ كۆتایی ته‌مووزدا حاجی ئۆمه‌ران و ده‌وروپشتی بگرن, كوردۆسمان واگنه‌ر ڕاپۆرتی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌وا ئێرانیه‌كان له‌و كاته‌دا نزیكه‌ی ده‌ میل هاتوونه‌ته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌و "سه‌ربازگه‌ی حاجی ئۆمه‌رانی سه‌ر به‌ فه‌یله‌قی یه‌ك, به‌رزاییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و بنكه‌كانی تۆپخانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا, نزیكه‌ی 43گوندی كوردنشین,بنكه‌یه‌كی سه‌ره‌كی حدكا و زۆربه‌ی كه‌لو په‌ل و تفاقی جه‌نگیی حدكایان گرت" كارێكی ژه‌هراوی-یۆست هلته‌رمان، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵه‌ح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنه‌ل39 )), هاوكات ده‌یه‌ویست كێشكه‌یه‌كی دیش به‌ هه‌مان به‌رد بكوژێت ئه‌ویش عه‌شیره‌تی برادۆسته‌ ((  هێرشی حاجی ئۆمه‌ران هه‌لێكی بۆ پدك ڕه‌خساند حساباتی خۆی له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تی برادۆستدا یه‌كلا بكاته‌وه‌, كه‌ ناحه‌زییه‌كی كۆنیان له‌ نێواندا بوو, به‌هۆی پێگه‌ی ئه‌م عه‌شیره‌ته‌وه‌ له‌ نێوان قه‌ڵه‌مڕه‌وی بارزانی و سنوری ئێراندا. میلشیاكانی برادۆست به‌ پشتگیریی به‌غدا رۆڵێكی به‌رچاوی به‌رگریكردنیان بینی له‌ ناوچه‌ی عه‌شیره‌ته‌كه‌یان. به‌ پێی سروشتی سیاسه‌تی كوردی, ئه‌وه‌ بوو كه‌ دوژمنایه‌تی پدك بۆ عه‌شیره‌تی برادۆستی و دژایه‌تی مێژوویی نێوان پدك و ینك ,هاوپه‌یمانییه‌كی ته‌كتیكی لێكه‌وته‌وه‌ یه‌كه‌م له‌ نێوان ینك و برادۆستییه‌كان و دواتر له‌ نێوان ینك و ڕژێمی به‌غدا كارێكی ژه‌هراوی-یۆست هلته‌رمان، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵه‌ح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنه‌ل118. )) .((  حاجی ئۆمه‌ران ناكۆكی ینك و پدكی قولِتر كرده‌وه‌, په‌یوه‌ندی به‌هێز بوو له‌ گه‌ڵ قاسملوو - كارێكی ژه‌هراوی-یۆست هلته‌رمان، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵه‌ح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنه‌ل42)), هه‌ر ئه‌مه‌ش  وایكرد  دوای شه‌ڕه‌كه‌ " ... رژێم له‌ كانوونی دووه‌می 1983دا له‌ رێگه‌ی عه‌بدوالڕه‌حمان قاسملووه‌ به‌ نهێنی كه‌وته‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵ  ینك-كۆمه‌ڵكوژی كورد له‌ جه‌نگی ئێران- عێراقدا, عادل سدیق عه‌لی, 2018, ل 105 . ". پارتی له‌وكاته‌دا ململانێ و شه‌ڕی توندی له‌گه‌ڵ حدكا هه‌بوو  ئه‌وه‌ش  به‌ به‌شێك  له‌و جه‌نگه‌ هاته‌ ژماردن, له‌ ساڵی 1979ه‌وه‌ چه‌ند خولی شه‌ڕی قورسیان ئه‌نجامدابوو, تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پارتی به‌شداری له‌ هه‌ندێك شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی شارو ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵات بكات, هلته‌رمان ئاوا باسی ئه‌م لایه‌نه‌  له‌ جه‌نگه‌كه‌ ده‌كات ((یه‌كه‌مین تۆماركردنی هێرش و په‌لاماره‌كانی گاز به‌ شێوه‌یه‌كی ورد و تۆكمه‌, له‌ ته‌موز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزه‌كانی ئێران و عێراق كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكی سه‌خته‌وه‌ له‌ چیاكانی سه‌روی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌, كه‌ شارۆچكه‌یه‌كی سه‌ر سنووره‌ له‌ كوردستانی عێراقدا, شه‌ڕه‌كه‌ , بێجگه‌ له‌ هێرشی وه‌لفه‌جر دووی ئێرانی, به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی مه‌به‌ستی ده‌رپه‌ڕاندنی یاخیبووه‌ كورده‌ ئێرانیه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستان(حدكا)ی سه‌ر به‌ عه‌بدالڕه‌حمان قاسملوو بوو, پاشان جێگیربوون له‌و شوێنه‌دا كه‌ یاخیبووان چۆڵیانكردو بۆ ناو عێراق پاشه‌كشه‌یان كردبوو,له‌م هێرشه‌دا گرووپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عێراق دایانه‌ پاڵ هێزه‌كانی ئێران و به‌رچاوترینیان (پ د ك)ی مه‌سعود بارزانی بوو, له‌ گه‌ڵ هه‌ندێ تاقمی تازه‌ په‌یدا بووی فه‌یله‌قی به‌در و میلیشیای چه‌كداری سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له‌ عێراق, كه‌ گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی شیعه‌ بوون, ساڵی1982 له‌سه‌ر ده‌ستی ئێران درووست بوون و بنكه‌ و باره‌گاكانیان له‌ تاران بوو, له‌ملاشه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها (حدكا)پاڵپشتی هێزه‌كانی ئێراقی ده‌كرد, به‌ڵكو ئه‌و كورده‌ ئێراقیانه‌ی ناوچه‌كه‌ش كه‌ ناحه‌زی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و به‌ تایبه‌تی هێزێكی عه‌شیره‌تی برادۆستی كه‌وا سه‌رۆكه‌كه‌ی كه‌ریم خانی برادۆستی موسته‌شار بوو, دواتر سه‌دام چه‌ندین جار مه‌دالیای ئازایه‌تی پێ به‌خشی كارێكی ژه‌هراوی-یۆست هلته‌رمان، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵه‌ح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنه‌(ل38-39) )) . كه‌واته‌ هه‌ردوولای  په‌لامارده‌ر پێویستیان به‌و جه‌نگه‌ هاوبه‌شه‌ هه‌بوو, هه‌ردوولاشیان پێویستیان  به‌ سه‌ركه‌وتن هه‌بوو له‌و كات وساته‌دا, پارتی به‌هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ینك به‌سه‌ر به‌ره‌ی جود, ده‌یه‌ویست ساڕێژی برینه‌كه‌ بكاته‌وه‌, كه‌ ئه‌و ته‌نها له‌ روی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌وه‌ ده‌ركرابوو, ده‌نا زیانه‌ مرۆییه‌كان له‌ شیوعی و حسك و پاسۆك كه‌وتبوو, ئێرانیش بۆ به‌رینكردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگ و ته‌عویزی زیانه‌كانی باشوور, ئه‌م  پێویستییه‌ بووه‌ ده‌ستپێكی مۆدێلێكی كاری هاوبه‌ش  له‌ نێوان هه‌ندێك  لایه‌نی كوردی و ئێران, ئێران وه‌ك سودمه‌ندی یه‌كه‌م له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ده‌رچوو و براوه‌ی  كایه‌كه‌ بوو. بۆ مێژووش به‌ وته‌ی شایه‌دحاڵێكپێش هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر حاجی ئۆمه‌ران, هێزێكی چه‌ند نه‌فه‌ری پاسداران دێنه‌ كوێستانه‌كانی هه‌لگۆرد و له‌وێوه‌ په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌ هێزێكی حسك كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بێت داوای هاوكاریان لێده‌كه‌ن تا  مه‌فره‌زه‌یكیان بچێته‌ دۆڵی روستێ، دواتر ئاشكر ده‌بێت كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ گه‌یشتن به‌و ناوچه‌یه‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی پرده‌كان بووه‌ له‌سه‌ر رێگای هاملتۆن به‌ تایبه‌ت پردی به‌رسیرین , سه‌باره‌ت به‌و داوایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ید كاكه‌ و مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵا رازی ده‌بن, به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی ح س ك كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌بن و فه‌رمانده‌كه‌یان شه‌هید ئه‌حمه‌د فه‌قێ ره‌ش ده‌بێت له‌گه‌ل كادیره‌كانی حسك دژ به‌و داوایه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش ئه‌نوه‌ری سمایل ئاغا, بۆیه‌ هه‌وڵی سوپای پاسداران له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی پردی به‌رسیرین له‌سه‌ر جاده‌ی هاملتۆن شكست دێنێت, وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر هاوكاری نه‌كردنیان هێزه‌كه‌ی پاسداران ئه‌و چه‌ند چه‌كه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ بڕیار بوو بیده‌نه‌ هێزه‌كه‌ی سه‌ید كاكه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ قه‌ناسێك و بیكه‌ی سی یه‌ك و چه‌ند چه‌كێكی سووكی تر, به‌م شێوه‌یه‌ حسك كه‌ له‌وكاته‌ هێزێكی سه‌ره‌كی ناوچه‌ی هه‌ولێر بوو به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌ ناكات. ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌بوایا هه‌نووكه‌ وه‌ڵامیان هه‌بوایا! كۆمه‌ڵێك  زانیاری ده‌بوایا له‌ به‌رده‌ستدا بێت , بۆ راڤه‌ كردنی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی هێرشه‌كه‌ , پێویست بوو وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌م  پرسیارنه‌ به‌ سانایی له‌ ئه‌رشیفدا جنگ بكه‌وتنایه‌, سه‌باره‌ت به‌ پرۆتۆكۆڵی واژۆكراوی  نێوان پارتی وئێران بۆ ئه‌نجامدانی په‌لاماره‌كه‌ و ئازاد  كردنی ئه‌و به‌ڵگه‌ و دۆكۆمێنتانه‌ی قه‌راردادی نێوان هه‌ردوو لابوو بۆ ئه‌نجامدای ئه‌و په‌لاماره‌ سه‌ربازییه‌ , ئایا ئه‌ندزیار و خاوه‌ند  بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌ كێ  بوو؟ ئه‌دی ئیمزا كه‌ره‌كه‌ی ؟, به‌رپرسی سیاسی و دیبلۆماسیكه‌ی ؟ كه‌سی یه‌كه‌می سه‌ربازی ؟ ,هێزه‌كان كێ بوون ؟, چه‌ند بوون ؟ له‌سه‌ر چی ڕێك كه‌وتن ؟ , له‌ روی سه‌ربازی  و كارگێڕی و سیاسییه‌وه‌؟, وه‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌وكاره‌ سه‌ربازییه‌ ؟؟, نه‌خشه‌ و پلانه‌كانی ,فه‌رمانده‌ و  له‌شكره‌كه‌ی له‌ڕوی كه‌سه‌كان و ژماره‌یان ؟, روداوه‌كانی ناو به‌ره‌كانی جه‌نگ ؟, ده‌ستكه‌وت و زیانه‌كان ,قوربانی  و بریندار وشه‌هیده‌كان, كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌ی جه‌نگه‌كه‌؟, فه‌رمانده‌ی گشتی و ناوچه‌یی په‌لاماره‌كه‌؟ ,زیانی هاووڵاتیان گیانی ومادی, رۆڵی پارتی و فه‌رمانده‌كانی  له‌ په‌لاماره‌كه‌ ؟؟, پاشكۆی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوون یان ته‌نها  كاری هه‌واڵگریان ده‌كرد دوور به‌دوور ؟, پاراستنی سه‌روت و سامانی خه‌ڵك ,خاڵی ده‌ستپێكی په‌لاماره‌كه‌ له‌ كوێوه‌ ده‌ستی پێكرد ؟ ,هه‌ڵوێستیان له‌ پارستنی پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات چی بوو ؟ , سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ نه‌ به‌ به‌ڵگه‌ نامه‌ ,نه‌ یاداشتنامه‌ و وتاری به‌رپرسانی به‌شدار بووی  ئه‌و كات , هه‌ڵسه‌نگندنی له‌ كۆنگره‌و كۆنفرانسه‌كاندا...هیچ زانیاریه‌ك  له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌, بۆیه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م په‌لاماره‌ به‌هۆی ئازاد  نه‌كردنی زانیارییه‌كانه‌وه‌  زۆر سه‌خته‌ و كه‌ماسی دێنێت, ئۆباڵیشی له‌ ئه‌ستۆی پدك  ه‌, نه‌بوونی هه‌موو ئه‌م زانیاریانه‌و شاردنه‌وه‌یان له‌ مێژوو وا ناكات بڵێین پارتی به‌شداری نه‌كردووه‌, وه‌ك خۆیان ئیدعای ده‌كه‌ن, به‌ڵكه‌  نووسراوه‌كانی ئێرانی و بیانی و ئاماژه‌كانی كه‌سایه‌تیه‌كان ناوخۆو خه‌ڵكی حاجی ئۆمه‌ران ده‌یسه‌لمێنن به‌شدار بوونه‌ . شێوازی  گرتنی  خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ له‌م برَگه‌یه‌دا وێرای ئه‌وه‌ی به‌عس له‌دۆكۆمێنت و نامه‌كانیدا ئاماژه‌ی داوه‌ به‌ گرتنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌, لێ ئێمه‌ پشت  به‌ دوو سه‌رچاوه‌ ده‌به‌ستین , یه‌كه‌میان پشكنینی چالاكڤانێكی قوربانییه‌ و دوه‌میان مورافه‌عه‌ی  داواكاری گشتییه‌ كه‌  ئاماده‌كراوه‌ بۆ دادگای  تاوانباری دۆسیه‌ی 8000 بارزانی, هه‌ردوو ئه‌حداسه‌كانی ئه‌نجام دانی تاونه‌كه‌ و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی به‌ هه‌ندێك جیاوازیی كه‌مه‌وه‌ نزیكن له‌یه‌كتر  . كاك ڕێكار مزووری به‌م شێوه‌یه‌ پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌مان بۆ ده‌گێرَێته‌وه‌: (( له‌ 29-7-1983 شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی له‌  گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی شێخ عیماد له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ڕێكران بۆ  به‌غدا به‌ بیانووی كۆبونه‌وه‌ له‌ به‌رواری 0-7-1983, هه‌ندێك له‌ شێخه‌كانی بارزان وبارزانییه‌كانی ده‌وروبه‌ریان له‌ به‌غدا كۆكرانه‌وه‌و ده‌ست به‌سه‌ر كران.)) . (( به‌ هێزێكی گه‌وره‌ی پاسه‌وانی كۆماری و  تانك و تۆپ و  فرۆكه‌ی هه‌لیكۆپته‌ر  هه‌ردوو كۆمه‌ڵگای قادسیه‌ و قودس له‌  ناحیه‌ی قوشته‌په‌ كۆنترۆڵكران سه‌ربازه‌كان و ئه‌فسه‌ره‌كانی به‌عس رژانه‌ ناو ماڵه‌كان به‌ بڵندگۆ بانگه‌وازی خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌كرد و پێیان راده‌گه‌یاندن  كه‌ ده‌بێ هه‌موو ئاماده‌ بن بۆ ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ دوای ده‌یان گه‌رێننه‌وه‌, له‌ دوای ئاماده‌ نه‌بوونی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ستكرا به‌ پشكنینی ماڵه‌كان به‌  گشتی بگره‌ سه‌روی مناڵی ته‌مه‌ن10ساڵی تاوه‌ك پیره‌مێردی 90ساڵیان گرت و ڕه‌وانه‌ی  ناو پاسی په‌رده‌كراوی سه‌ربازی كران و گوێزرانه‌وه‌  بۆ شوێنێكی نادیار له‌م قۆناغه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌ستگیر كران. )) . (( له‌ ڕێكه‌وتی 10-8-1983به‌ هه‌مان شێوه‌ی پێشوتر كۆمه‌ڵگاكانی به‌حركه‌, حه‌ریر ودیانا كۆنترۆڵ كران ده‌ستكرا به‌  پشكنینی ماڵه‌كان ئه‌و نێرینه‌ی به‌ر ده‌ستیان كه‌وت راپێچی ناو پاسه‌كان كران وگوێرانه‌وه‌ بۆ شوێنێكی نادیار. )) . ((له‌ ڕێكه‌وتی 11-8-1983 هه‌ردو كۆمه‌ڵگه‌ی قودس و قادسیه‌ دوباره‌ كۆنترۆڵكرانه‌وه‌ و به‌هێزی ئه‌من و ئیستخبارات  ماڵ به‌ ماڵ ده‌گه‌ڕان و ئه‌و مێرد منداڵانه‌ی دایكیان جاری پێشووتر له‌ ناو كه‌نتۆر و سه‌لاجه‌ وشوێنه‌ نادیاره‌كان دا شاردبویانه‌وه‌ ده‌ستگیران و بێسه‌روشوینكران))  (( ل202. شێواز و میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییه‌كان  - رَێكار مزوری ))  . هه‌رچی له‌ مورافه‌عه‌ی  داواكاریی گشتییه‌, ده‌قی ڕوداوه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ : ((له‌ 1983_7_30 پیاوانی رژێمی پێشوو شێخ عوسمان و شێخ ئه‌حمه‌د و كوڕانی عیماد و ره‌زوانیان دوای ته‌بلیغكردنیان به‌ ئاماده‌بوون له‌ كۆشكی كۆماری ده‌ستگیركرد.  ))  .  ((له‌ 1983_7_31ش كۆمه‌ڵگه‌كانی -قودس و قادسیه‌- له‌ ناحیه‌ی قوشته‌په‌ ته‌وقدران، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگای هه‌ولێر كه‌ركووك كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی زۆره‌ملێ بوون و تایبه‌ت بوو به‌و بارزانیانه‌ی ده‌ستگیركراون و به‌ زۆر له‌ لادێكانیانه‌وه‌ له‌ ساڵی 1975ه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌وێ كرابن دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌ پارێزگاكانی باشوور بوون و به‌زۆر ڕه‌وانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵكایانه‌ كران و هه‌زاران كوردی بارزانیش له‌ ره‌گه‌زی نێر له‌ ته‌مه‌نی 10،5 ساڵی تا زیاتر له‌ 70 ساڵی ده‌ستگیركران ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ش له‌لایه‌ن هێزێكی گه‌وره‌وه‌ جێبه‌جێ كرا ئه‌و هێزه‌ش له‌ ئاسایش و حه‌ره‌سی جمهوری پێكهاتبوو به‌وپه‌ڕی نهێنیه‌وه‌ جێبه‌جێكرا. ده‌ستگیركراوانیش پێیان گوترابوو كه‌ ده‌چنه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌ره‌و كه‌ركووك گوێزرانه‌وه‌ )). (( له‌ 1983_8_10 جارێكی دیكه‌ هه‌زاران كورد له‌ ره‌گه‌زی نێر له‌ عه‌شیره‌تی بارزانی ده‌ستگیركران. هه‌مان هێزی ناوبراو ئه‌و كاره‌ی جێبه‌جێكرد ئه‌و جاره‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانی به‌حركه‌ و دیانا و مێرگه‌سوور هیچ كه‌سێكیش له‌وان به‌ گه‌وره‌و بچووك هه‌ڵاوێرد نه‌كران نه‌منداڵ نه‌پێر نه‌ نه‌خۆش نه‌ فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت.)).  (( ورده‌كاریی یاسایی به‌پێی پێداچوونه‌وه‌ی ئیفاده‌ی شكایه‌تكاران و شایه‌دحاڵه‌كان دوای رووپێوی ناوچه‌كه‌ش ئاشكرابوو له‌ 1983_7_30 و 1983_7_31 و 1983_8_15 هه‌زاران كوردی بارزانی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش و حه‌ره‌سی جمهووری ده‌ستگیركران و به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار بردران و خانه‌واده‌كانیان له‌بارودۆخێكی سه‌ختدا ده‌ژیان و په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌سوكاریانه‌وه‌ پچڕا. )). (( ئه‌و شاڵاوانه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی 1983_7_31 ده‌ستیان پێكرد كاتێ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی قوشته‌په‌یان په‌لاماردا له‌ نزیك شاری هه‌ولێر.  له‌ شه‌وی 1983_8_9  و 10 دا كۆمه‌ڵگای هه‌ریر له‌ هه‌ولێر په‌لامار دراو هه‌موو كوڕو پیاوان تیایدا ده‌ستگیركران. )). (( له‌رۆژی 1983_9_26 دا ناحیه‌ی سه‌لاحه‌ددین به‌شێكی دیكه‌ی قوربانیان ده‌ستگیركران.)).  فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تیش به‌ ئاشكرا داوای ده‌ستگیكردنی پیاوانی ده‌كرد به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ 15 ساڵ به‌دواوه‌یه‌ به‌ڵام تاوانباران منداڵانیشیان ده‌ستگیركردو ژنانیان به‌بێ به‌رپرس و به‌خێوكه‌ر جێهێشت و هه‌ژارییان زیاتر بوو له‌ نێو برسێتی و ئه‌وان باوك و كوڕو برایان له‌ده‌ستدا ده‌ستگیركراوان له‌پاسی گه‌وره‌ی ئاماده‌كراو بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كۆكرانه‌وه‌و بۆ به‌غدا دواتر بۆ باشوور گوازرانه‌وه‌. )).  (( پڕۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئه‌نفال.. داواكاری گشتی: تاكه‌ تاوانی ئه‌نفالكراوانی بارزان كورد بوون و بارزانی بوونیان بوو-04 Mar 2009-خه‌بات )) . ئه‌و گیراوانه‌ له‌ كاتی بردنیان بۆ به‌غدا، وه‌كو دیلی جه‌نگی به‌ره‌ی حاجی ئۆمه‌ران  نیشان دران" حكومه‌تی عێراق و جینۆسایدی بارزانییه‌كان پرۆفیسۆری ھاریكار دكتور عه‌لی ته‌ته‌رتایبه‌ت بۆ گو لان نوسیویه‌تی  ", واتا هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ وه‌ك دیل مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵدا كراوه‌, به‌ڵام مافی دیل به‌ پێی رێكه‌وتنامه‌ی جنێف مامه‌ڵه‌ی پێ نه‌كراوه‌ . هۆكاری  گرتنیان! به‌هانه‌ی ڕژێم بۆ نێر قڕكردنی بارزانییه‌كان , تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ بوو له‌ پارتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ ئاكامی ئه‌و هێرشه‌ هاوبه‌شه‌یان بوو له‌ گه‌ڵ ئێرانیه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌ی  حاجی ئۆمه‌ران  وگردمه‌ند كردیان, با بزانین  له‌ روانگه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ چی  وتراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری ئه‌و په‌رچه‌ كرداره‌ی به‌عس . سامانسا پاوه‌ر  ده‌ڵێت: كورده‌كان هه‌میشه‌ فورسه‌تخواز بوون, كاتێكیش جه‌نگی ئێراق-ئێران ده‌ستیپێكرد, هه‌ردوو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كورد بونه‌ هاوپه‌یمانی ئێران. له‌ ساڵی 1982 دا یه‌كێك له‌م لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیانه‌ (لایه‌نگری بارزانی) یارمه‌تی هێزه‌كانی ئێرانیان دا بۆ گرتنی شارێكی سنووریی, به‌ ناوی حاجی هۆمه‌ران. هێزه‌كانی ئێراق به‌ شینه‌یی تۆڵه‌یان كرده‌وه‌ نزیكه‌ی 8000 پیاوی كوردی سه‌ر به‌ خێڵی بارزانیان ده‌ستگیركرد,له‌ ناویاندا 315 منداڵ هه‌بوون ,ته‌مه‌نیان له‌ نێوان هه‌شت و حه‌ڤده‌ ساڵاندا بوو. سه‌دام گوتی :خیانه‌تیان له‌ وڵاته‌كه‌یان و له‌ یاسا كرد, ئێمه‌ش سزایه‌كی ووندمان بۆ بڕینه‌وه‌ و چوونه‌ بۆ دۆزه‌خ." به‌شی 3  ئه‌مه‌ریكا و ئانفال ئه‌نفال و ئامه‌ریكا-سه‌مانسا پاوه‌ر –و.به‌ختیار كه‌ریم ". توێژه‌ر یۆست  هلته‌رمان ده‌ڵێت : روداوه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران سێ ده‌ره‌نجامی گرنگی لێكه‌وته‌وه‌,بۆ سزادانی (پدك) له‌ به‌ر ئاسانكاریی كردنی بۆ سه‌ركه‌وتنی ئێرانیه‌كان له‌ حاجی ئۆمه‌راندا, ڕژێمی به‌عس ته‌واوی نێرینه‌ی سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی بارزانی ڕاپیچكرد,كه‌ زۆریان له‌ پاش هه‌ره‌سی ساڵی1975ی شۆڕشی ه‌وه‌ بارزانیه‌وه‌ ناچاری نیشته‌جێی كۆمه‌ڵگاكانی ده‌وروپشتی هه‌ولێر كرابوون, له‌30ته‌موزدا له‌ نێوان 5000تا8000 پیاوی بارزانی ,كه‌ ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌یان به‌ ته‌واوی نازانرێت-گیران و ڕاپێچكران و هه‌رگیز جارێكی دیكه‌ نه‌بینرانه‌وه‌, دوو مانگ دوای سه‌دام  حوسێن له‌ وتاردانێكدا بێ سێ و دوو وتی:" ئه‌وانه‌ی خیانه‌تیان به‌ نیشتمان وپه‌یمان كرد و ئێمه‌ به‌ سزای سه‌ختمان گه‌یاندن و ڕه‌وانه‌ی دۆزه‌خمان كرد".ئه‌م تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌, بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی میتۆد و ئه‌نجامی شاڵاوی ئه‌نفالی ساڵی1988ی تێدا بوو,كوشتاری بارزانیه‌كان بۆ ڕژێم رۆڵی ڕاهێنان و خۆ ئاماده‌كردنیبینی بۆ كوردیش خۆی تامكردن و چه‌شنێكی بچووك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دواتر روویدا  (كارَیكی كیمیاوی -ل41-42 ) . هه‌ردوو ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ  و چاودێری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش باس له‌م شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌ی پارتی و ئێران ده‌كه‌ن به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌و ئاماژه‌ به‌هۆكاری قركردنه‌كه‌ ده‌ده‌ن و  ده‌نووسن: KDP ئه‌و ده‌مه‌ یه‌كێك له‌ كوڕانی بارزانی , كه‌ مه‌سعود  بوو , سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و هاوپه‌یمانێتی خۆی له‌گه‌ڵ تاراندا زیندوو كردبوه‌وه‌ و له‌ ساڵی 1983 دا ده‌سته‌كانی KDP یارمه‌تی هێزه‌كانی ئێرانیان دا له‌ گرتنی شارۆچكه‌ی حاجی ئۆمه‌رانی سه‌ر سنوور . تۆڵه‌ی ئه‌مه‌ش خێراو كتوپڕی بوو ! له‌ عه‌مه‌لیاتێكی له‌ ناكاودا بۆ سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی بارزانییه‌ ڕاگوێزراوه‌كانیان تێدا نیشته‌جێ كرابوو , هێزه‌كانی عێراق له‌ نێوان پێنج بۆ شه‌ش هه‌زار نێرینه‌یان ڕا فڕاند كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ دوانزه‌ ساڵ وه‌بان بوو . ئه‌وانه‌ جارێكی تر هه‌رگیز نه‌بینرانه‌وه‌ به‌ زۆری وا پێده‌چێت كه‌وا پاش ئه‌وه‌ی چه‌ندین مانگ به‌ ده‌ستبه‌سه‌ری ماونه‌ته‌وه‌ , هه‌موو كوژراون (( جینۆساید له‌ عێراقدا و په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد ,وه‌رگێڕانی سیامه‌ند موفتی زاده‌ , چاپخانه‌ی خاك -  ل53  )) . به‌ڵام رۆژنامه‌نوسێكی عه‌ره‌ب ده‌نوسێت"....‌ ئێران توانیی‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران (9) له‌مانگی‌ ته‌مموزی‌ 1983 و پێنجوێن(10) له‌تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌مان ساڵدا(3) داگیر‏بكات، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا سه‌دام حسێن هه‌ستی‌ به‌مه‌ترسیی‌ ره‌وشه‌كه‌ كرد له‌به‌ره‌ی‌ باكوور، بۆیه‌ به‌دوو شێواز هه‌وڵیدا رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ ‏ببێته‌وه‌: ‏ یه‌كه‌م: تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌و بارزانیانه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌كوردستانی‌ عیراق نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كردن، به‌بیانووی‌ یارمه‌تیدانی‌ ئێران ‏بۆ داگیركردنی‌ ناوچه‌ی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران.   ‏ له‌و پڕۆسانه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن له‌ساڵی‌ 1983دا ئه‌نجامیدا، ئه‌وه‌بوو هێزه‌كانی‌ ئه‌منی‌ عام (11) و موخابه‌رات (12)  نزیكه‌ی‌ هه‌شت هه‌زار كه‌سی‌ مه‌ده‌نییان له‌بارزانییه‌كان ده‌ستگیركرد كه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ (قوش ته‌په‌)ی‌ نزیك هه‌ولێر نیشته‌جێبوون‌و له‌پاش گواستنه‌وه‌یان به‌ ‏لۆرییه‌ بارهه‌ڵگره‌كان، سه‌رجه‌میان به‌ده‌ستی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام كوژران‌و له‌گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ژێرخاك نران(13). ‏هه‌ڵوێستی رۆژنامه‌گه‌ریی میسری له‌باره‌ی‌ جینۆسایدی گه‌لی كورده‌وه‌ رۆژنامه‌ی ئه‌هرام به‌نموونه‌  د.مه‌حمود زاید‌ 28/4/2013. سه‌دام حوسێن له‌ وته‌یه‌كدا له‌ ساڵی 1983 سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان ڕوداو  وتی: ئه‌وانه‌ خیانه‌تیان له‌ وڵات و خیانه‌تیشیان له‌ په‌یمان كرد . بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ سزای توند و سه‌ختمان گه‌یاندن و بۆ دۆزه‌خمان ناردن - (( جینۆساید له‌ عێراقدا و په‌لاماری ئه‌نفال بۆ سه‌ر كورد ,ه‌رگێڕانی سیامه‌ند موفتی زاده‌ , چاپخانه‌ی خاك - ل107-108   ) . له‌ به‌رامبه‌ر  ئه‌م بۆچوونه‌ كه‌ توێژه‌رانی بێلایه‌نی بیانی له‌ ئاكامی خوێندنه‌وه‌ی وردی روداوه‌كان دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی  سیاسی و هه‌ستداری , به‌ پشت به‌ستن به‌ شیكاری ورد  و خوێندنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌ریان بڕیوه‌, له‌ به‌رامبه‌ردا دوو هه‌ڵوێستی دژ به‌م ئاراسته‌یه‌ش  ده‌خه‌ینه‌ به‌ر ده‌ستتان :  (( سه‌دام له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن وتی ئه‌مانه‌ خیانه‌تیان  له‌ وڵات و له‌په‌یمان كرد و بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ سزای توند و سه‌ختمان گه‌یاندن و  ڕه‌وانه‌ی دۆزه‌خمان كردن- ل204 )).(( گرتنی به‌شێك له‌ ناوچه‌ ستراتیژییه‌كانی  حاجی ئۆمه‌ران و  ده‌وروبه‌ری و شكستی له‌شكری عێراقی له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر به‌ له‌شكری ئێران. ئه‌مه‌ش بۆ دروستكردنی دووبه‌ره‌كی  له‌ ناو بارزانییه‌كاندا و دڵدانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵان و هه‌وادارانی به‌عسییه‌كان و زیندوكردنه‌وه‌ی  ده‌روون و وره‌ی روخاوی سه‌ربازانی جه‌نگی قادسیه‌ )).(( میدل ئیست ۆچ له‌ په‌رتووكی جینۆساید له‌عێراقدا و په‌لاماری ئه‌نفال بۆسه‌ر كورددا ده‌ڵێت :هۆكاری گرتنی بارزانییه‌كان گرتنی شارۆچكه‌ی  حاجی  عومران بوو - شێواز میكانیزم ی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییه‌كان  -رَێكار مزوری  -ل 204كۆنگره‌ی به‌جیهانناساندی جینۆسایدی گه‌لی كورد-2008-چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس )) . هه‌رچی داواكاری گشتی دۆسیه‌ی جینۆسایدی بارزانییه‌كانه‌ له‌ مرافه‌عه‌كه‌ی خۆیدا  له‌دادگا له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت  : به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان یارمه‌تی ئێرانیانیان ده‌دا. له‌وانه‌ یه‌كێك پرسیار بكات ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌سوپای ئێرانه‌وه‌ زه‌لیل بوون ده‌بێ له‌ كورد چه‌ند زه‌لیل بووبن؟ كه‌واته‌ ژماره‌ی هێزی هێرشبه‌ری ئێرانی چه‌نده‌؟ ئایا ده‌كرێ ئافره‌ت ببنه‌ وا به‌سته‌ی سوپای ده‌وڵه‌ت؟ -پڕۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئه‌نفال.-خه‌بات-4-3-2009  )) . با بزانیین به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا , كه‌ یه‌كێك بوو له‌ كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد,  له‌ په‌رتووكی په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی  ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق (1979-1983) چی ده‌رباره‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌ وهۆكاره‌كانی  نوسیووه‌ :  " گیرانی بارزانییه‌كان ئه‌وكاته‌ی ناوچه‌ی حاجی هۆمه‌ران بوو بوو به‌ مه‌یدانی گه‌رمی جه‌نگی عێراق – ئێران بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سه‌رانی پدك به‌ ئاشكرا هاوكارییان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران ئه‌كرد دژی جه‌یشی عێراقی . كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و باسی عێراق و هێزه‌كانی و , چاوساغی و ڕێبه‌ری هێزه‌كانی ئێران و , هێنان و بردنی دێده‌وانی تۆپخانه‌ی ئێران ئه‌مه‌ به‌شێكی كه‌می ئه‌و هاوكارییه‌ ئاشكرایه‌ بو . له‌ هێرشه‌كانیش دا ئه‌وان وه‌كو هێزی یارمه‌تیده‌ر و خه‌ریككه‌ر و لێدانی پشته‌وه‌ به‌شدار ئه‌بوون  (( په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن , له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق 1979-1983  ل321 , نه‌وشیروان مسته‌فا )). به‌ڕێزی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر بۆچونه‌كه‌ی و  ده‌نووسێت : به‌شدار بونی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و هێزه‌كانیان له‌ هێرشه‌كانی ناوچه‌ی حاجی هۆمه‌ران دا , له‌ لای صه‌دام جگه‌ له‌وه‌ی به‌ خیانه‌تی نیشتمانی دا ئه‌نرا , بۆ خۆیشی به‌ خیانه‌ت و ده‌سبڕین و فێڵ لێكردن ئه‌ژمارد . لێره‌دا به‌رێز  كاك  نه‌وشیروان ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی پارتی به‌شداری شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌رانی كردوو  ئه‌و هاوكارییه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئێران خیانه‌ت بووه‌ , پاداشتی خیانه‌تكارانیش لای ده‌سه‌ڵاتێكی فاشی دیاره‌ چییه‌؟. نه‌وشیروان مسته‌فای كۆچكردوو درێژه‌ی پێده‌داو ده‌نووسێت :  بارزانی یه‌كان له‌ عێراق مابونه‌وه‌ له‌ ئۆردوگای به‌حركه‌و قوشته‌په‌دا كۆكرانه‌وه‌ . زۆری پیاوه‌كانیان بووبوون به‌ چه‌ك هه‌ڵگری جه‌یشی شه‌عبی و به‌ دڵسۆزی ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌جێ ئه‌هێنا (( په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن , له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستانی عێراق 1979-1983  ل322 , نه‌وشیروان مسته‌فا )) . له‌ ڕاستیدا له‌وكاته‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاوولاتیانی كوردستان تێكه‌ڵ به‌ هێزه‌ چه‌كداری و حیزبییه‌كانی به‌عس ببوون , نه‌ك ته‌نها بارزانیه‌كان, وێڕای ئه‌وه‌ی جه‌یشی شه‌عبی بوونه‌كه‌ی ئه‌و بارزانییه‌ سڤیل و ساده‌و ساكاره‌ نه‌خوێنده‌وارانه‌ ئه‌گه‌ر راستیش بێت ؟؟,  كه‌ له‌ ڕابردوودا قوربانی و به‌رداشی هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری بوونه‌ له‌ كوردستان , به‌ ئه‌ندازه‌ی په‌یامه‌كانی هه‌ندێك له‌ سه‌رانی ئه‌و كاتی ینك  شه‌رمه‌زاری نه‌بووه‌و نییه‌ , كه‌  له‌ ساڵانی 83-1984,  بۆ هه‌زاران قوتابی كوڕ و كچی مانگرتووی زانكۆی سه‌لاحه‌دین  به‌رده‌وام ده‌یان دا و دوباره‌یان ده‌كرده‌وه‌ , كه‌  ده‌ست به‌رداری خوێندنه‌كه‌یان ببون , له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی  ئاماده‌یی له‌به‌ركردنی به‌رگی جه‌یشی شه‌عبیان نه‌بوو , كه‌چی پارته‌كه‌ی ئه‌وسای  كۆچكردوو به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ له‌و كاته‌دا بۆ خۆشی دووه‌م كه‌سایه‌تی ناو ینك بوو  داوای له‌به‌ركردنی به‌رگی جه‌یش شه‌عبیان له‌و خوێندكاره‌ مانگرتووانه‌ ده‌كرد یاخود نه‌رمیان ده‌نواند له‌ به‌رامبه‌ری ,  له‌ ترسی ئه‌وه‌ی  نه‌وه‌ك مفاوه‌زاته‌كه‌یان له‌ گه‌ڵ ڕژێمدا هه‌ڵبوه‌شێَته‌وه‌ كه‌ چه‌ند مانگێك بوو له‌ بیابانه‌كانی سه‌ماوه‌ له‌ سوتگه‌ی جهه‌نمی ئه‌و گه‌رمایه‌  به‌ كۆمه‌ڵ بارزانییه‌كان گوله‌ باران كران . سزادانی سه‌رجه‌م عه‌شیره‌تێك له‌ به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌ی پارتێكی سیاسی,  كه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی به‌ ده‌ست ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ بوو, ئه‌مه‌   بۆ خۆی سزادانێكی  فاشیستانه‌یه‌, بارزانیه‌كان  ئه‌م خێڵه‌ پارێزگاره‌ داخراوه‌ی كورده‌واری , كه‌ به‌ توندی به‌ سه‌ركردایه‌تی خێڵه‌وه‌ گرێدراون , له‌وێشه‌وه‌ به‌ پارتییه‌وه‌ , چونكه‌ له‌ لوتكه‌دا سه‌ركردایه‌تی پارتی و خێڵی به‌رزانی یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ .  له‌ كاتێكدا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كۆمه‌ڵكوژی كران ,  بۆ خۆیان له‌و چركه‌ ساته‌ و له‌حزه‌ مێژوییه‌دا  سڤیل بوون  و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی و ڕێكخستنیان به‌و پارته‌وه‌ نه‌بووه‌ , بگره‌ به‌شێكیان به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان كاریان ده‌كرد , بۆیه‌ سه‌پۆرتكردنی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ زه‌قه‌ به‌هه‌ر به‌هانه‌یه‌ك بێت تاوانه‌. ئه‌وه‌ی شایای باسه‌ كۆچكردوو نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ك ئه‌زموونی  له‌م تاوانه‌و شوێنه‌واره‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌كانی وه‌رنه‌گرت, بگره‌ دوای سێ ساڵ بۆخۆی بووه‌ سوارچاكی هه‌مان ته‌رز له‌ چالاكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كان  له‌ كه‌ركووك و هه‌ڵه‌بجه‌, كۆی گشتی 10 كاری سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ناو فه‌تح ئه‌نجامدرا, كه‌ زۆرینه‌ی هێرش بوو بۆ سه‌ر پڕۆژه‌ ئابوریه‌كان, به‌ لێدانی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ 11 ی  ئۆكتۆبه‌ری 1986 , كه‌ به‌ 11 ی سه‌پتمبه‌ر پێشتر ناوم بردووه‌ ده‌ستی پێكرد, كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی, مه‌سعود بارزانی, ئیدریس بارزانی, نه‌وشیروان مسته‌فاو ره‌سوڵ مه‌مه‌ندو حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود و مه‌لا عوسمان و مه‌لا عه‌لی بڕیار ده‌ری سه‌ره‌كی بوون تیایدا, مێژوو نووس جه‌ماڵ نه‌به‌ز ده‌ڵێت" نه‌وشیروان مسته‌فا جگه‌ له‌وه‌ی ئێرانی به‌ دۆست له‌ قه‌ڵه‌م دابوو, هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران و كاره‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا به‌ كارێكی باش و دروست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا – جه‌ماڵ نه‌به‌ز -ئێسته‌و پاشه‌رۆژی ل 98  , كۆمه‌ڵكوژی كورد له‌ جه‌نگی ئێران – عێراقدا.....  ل 194".   لێره‌وه‌  به‌عس بوو به‌كیمیا وه‌شێن! حاجی ئۆمه‌ران ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مین ئه‌زموونی شه‌ڕی هاوبه‌شی كورد-ئێران بوو له‌  چوار چێوه‌ی شه‌ڕی  ئێران – عێراقدا, بۆ ئێران بووه‌ شه‌ڕێكی كه‌م مه‌سره‌فی كاریگه‌ری براوه‌, شه‌ڕی له‌سه‌ر سنووره‌كانه‌وه‌ هێنایه‌ ناو عێراقه‌وه‌ , سنووره‌ لوغمكراوه‌كان  و سه‌نگه‌ره‌ مه‌حكه‌مه‌كانی عێراق بێ زیان گرتران و بڕان, له‌و لاشه‌وه‌ بۆ عێراق له‌ ئاكامی كاردانه‌وه‌ی توند و بۆ ڕێگه‌گرتن له‌دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م تاكتیكه‌  و  ترساندنی لایه‌نی كوردی, بووه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی وه‌شاندنی چه‌كی كیمیاوی, به‌ پێی وته‌ی توێژه‌ر ولێكۆله‌ر یۆست هیلته‌رمان (( یه‌كه‌مین تۆماركردنی هێرش و په‌لاماره‌كانی گاز به‌ شێوه‌یه‌كی ورد و تۆكمه‌, له‌ ته‌موز و ئابی ساڵی1983دا بوو, كاتێك هێزه‌كانی ئێران و عێراق كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكی سه‌خته‌وه‌ له‌ چیاكانی سه‌روی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌, كه‌ شارۆچكه‌یه‌كی سه‌ر سنووره‌ له‌ كوردستانی عێراقدا – كارێكی  ... ,ل38 ). له‌و په‌لاماره‌ كیمیاوییه‌  قوربانی هه‌بووه‌  ویكپیدیا وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا به‌ 100 كوژراو بریندار ده‌یخه‌مڵێنێت, وه‌لێ مخابن تا ئێستا له‌ ئاماری وردی زیانه‌كان به‌ تایبه‌ت كورده‌ به‌شداربووه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ ئاگادارییه‌كمان نییه‌, نه‌خوازه‌لا ناوی قوربانی و برینداره‌كانی, یۆس هیلته‌رمان له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت (( ئه‌و كورده‌ عێراقیانه‌ی كه‌ دكتۆر سوهرابی بینیبوونی زۆر پێده‌چێت یه‌كه‌مین به‌ڵگه‌ی تۆماركراوی قوربانیانی گازی خه‌رده‌ل بووبن له‌ كاتی جه‌نگدا ئێراق له‌و ده‌مه‌دا په‌نای برده‌ به‌ر گاز بۆ به‌ر په‌رچدانه‌وه‌ی هێرشێكی ئێرانی له‌  ته‌موز-ئابی 1983دا, كه‌ یاخیبووانی هاوپه‌یمان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان(پ د ك) بوون به‌ پێشه‌نگی هێزه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر خاكی دوژمن , گازی خه‌رده‌ل چه‌كێكی نوێی سامناك بوو, یه‌كه‌م جار  به‌كار هات له‌و شه‌ڕه‌ )) . كه‌واته‌  ڕاسته‌ كه‌ حاجی ئۆمه‌ران بوو به‌ وه‌چه‌رخان بۆ ئێراق لێره‌وه‌ چاوی كرایه‌وه‌ و ترسی شكا و ئه‌زموونی په‌یدا كرد  و بوو به‌ كیمیا وه‌شێنێكی ناودار , دواتر له‌و شوێنه‌ی شوێن پێی ئێرانییه‌كان بوو له‌ باشووری كوردستان وه‌شاندی .  ئه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌عس چۆنمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌؟ دیاره‌ به‌عس چیرۆكه‌  تۆقێنه‌ره‌كان و دڵ ڕه‌قی  هێزه‌كانی و ژووری گازی سوتێنه‌ری خۆره‌تاوی سه‌ربازگه‌كانی باشوور  و  به‌ كۆمه‌ڵ  كوژییان  ناگێڕێته‌وه‌  بۆمان , باسی  ئه‌و  حه‌كایه‌تانه‌  ناكات  له‌ زیكته‌ جیا جیاكانی  نیشته‌جێی بارزانییه‌كان ئه‌نجامیان  داوه‌, باسی ئه‌و ناخۆشی كۆمه‌ڵكوژی و له‌ برسان و تێنا مردنه‌ ناكات, باسی چیرۆكی خه‌ونی ئه‌و 8000 كه‌سه‌ ناكات به‌ ئازادبوون و گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ هاوسه‌رو منداڵ و دایك و باوكیانه‌وه‌ بینیویانه‌, باسی ئه‌وه‌ ناكات جینۆسایدی نێرینه‌ی بارزانییه‌كان جینۆسایدێكی گفتوگۆ هه‌ڵنه‌گره‌, ئه‌وه‌ی  ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه‌ تاوانبار كردنێكی بێ  بنه‌مای ئه‌و خه‌ڵكه‌  بێ تاوانه‌یه‌ ,كه‌ باجی  كاری لایه‌نێك سیاسی  ده‌ده‌ن كه‌ ئاوێزانی سیاسی ده‌وڵه‌تی دوژمن بووه‌و   ته‌نها له‌  به‌ر هاو عه‌شیره‌تی  و  یه‌ك  ڕه‌نگی  جامانه‌ی سه‌ریان به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه‌. زمانی  به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌وكاتی به‌عس , باسی ئه‌وه‌مان  بۆ ده‌كه‌ن , كه‌ ئه‌م هاووڵاتیانه‌  هاوكاری  پارتیان  كردووه‌ بۆ چاوساغیكردن بۆ ئێران  و هێرشی سه‌ر حاجی ئۆمه‌ران , كه‌ له‌ ئه‌نجامدا  ناوچه‌یه‌ك  داگیر كراوه‌ , ئه‌مه‌شیان به‌ خیانه‌تی  گه‌وره‌  له‌نیشتمان  نا پاكی بۆ وڵات  ناوزه‌د   كردووه‌ , خیانه‌تیش  لای  سسته‌مه‌ دیكتاتۆره‌كان  پێناسی خۆی هه‌یه‌ و  به‌رزترین  ودڵ ڕه‌قانه‌ترین سزا ده‌یان گرێته‌وه‌ . با پێكه‌وه‌ چاوێك  به‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و كاتی حیزبی به‌عسدا بخشێنین و  بزانین  له‌و ڕۆژگاره‌دا به‌ڵگه‌نامه‌كان بۆ پاساوی ئه‌م تاوانه‌یان چییان نووسیوه‌و وتووه‌و هۆكاری  ئه‌نجامدانی  ئه‌م تاوانه‌یان به‌چی پاساو ده‌ده‌نه‌وه‌ :    ده‌قی وه‌رگێڕدراوی  ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌  له‌خواره‌وه‌  به‌زمانی كوردی  بخوێننه‌وه‌ :  (( به‌ناوی خوای  به‌خشنده‌ و میهره‌بان به‌روار 29-3-1989 به‌ڕێز م م ع كاروباری  ڕامیاری  هێژا 1-له‌ كۆتایی مانگی ته‌موزی ساڵی1983 هاتمه‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك  ئه‌فسه‌ری ئاسایشی به‌غدا له‌ گه‌ڵ ئاسایشی گشتی و له‌ لایه‌ن به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی  به‌غدای پێشوو (عه‌قید عه‌لی عه‌بدوڵا برع) بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك بارزانی خائین وه‌ر بگرم كه‌ له‌حوكمی زاتی ئاسایشی گشتی هۆبه‌ی سێ به‌ ده‌ستمان گه‌یشت  هه‌روه‌ها به‌شێكی تر ده‌ست به‌سه‌ر بوون له‌ گرتووخانه‌ی ئه‌بو غرێب. 2-2225 خائینمان وه‌رگرتن به‌ ئۆتۆمۆبیلی بارهه‌ڵگر هاتنه‌ گواستنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی بوسیه‌ كه‌ له‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر بوون. 3-به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی به‌غدا فه‌رمانی دا بۆ درووستكردنی ده‌سته‌یه‌ك له‌  ژێر فه‌رمانی ئه‌و بن ,دوای ئه‌وه‌ فه‌رمانی دا  كه‌ سزای گه‌ل به‌سه‌ر ئه‌م خائینانه‌ی سه‌ره‌وه‌ڕا جێبه‌جێ بكرێت. 4-له‌سه‌ره‌تای مانگی ئابی ساڵی1983   ده‌ست كرا به‌ جێبه‌جێ كردنی سزای گه‌ل له‌ به‌رامبه‌ر خائینه‌كان سه‌ره‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 2225 كه‌س ده‌بوون .هه‌ندێك له‌وان له‌ پارێزگای موسه‌نا ناوچه‌ی بوسیه‌ بوون.به‌ته‌نسیق له‌ گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی پارێزگا ناو براو. 5-رێنمای ده‌رچوو له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی پێشوو بڕێز دكتۆر فازڵ به‌ڕاك وه‌ وبۆ رێكخستنه‌كانی كێشه‌ی تایبه‌ت به‌ تاوانبارانه‌وه‌ و به‌ پێی ئه‌مه‌ ده‌ستكرا به‌ ڕێكختسنی 16 كێش بۆ 667 كه‌س ,كه‌ ئه‌م كێشانه‌ به‌رز كرانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی دادگای شۆرش و سزای له‌سێداره‌دان به‌ سه‌ریاندا هاته‌ سه‌پاندن و به‌ڵگه‌نامه‌كان مردن نه‌یانگراندنه‌وه‌. 6-ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌ 1558 تاوانبار بوون هیچ كێشه‌یان بۆڕێك نه‌خستبوو. 7-لیژنه‌یه‌ك هاته‌ دامه‌زراندن له‌ ئه‌فسه‌ران بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان دا بوو, ئه‌و پاره‌یه‌ ڕه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی هۆبا3 كرا به‌ پێی چه‌كه‌كان. وێنه‌یه‌ك بۆ : به‌ڕێز  به‌ڕێوه‌به‌ری  ده‌زگای هه‌واڵگری هێژا نووسراوی 4439 له‌ 23-8-1987بۆ كاری پێویست له‌ گه‌ڵ ڕێزا. به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری سه‌ربازی هێژا بۆ كاری  پێویست به‌ڕێز ئاسایشی هێژا بۆكاری پێویست تكایه‌ . (( شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییه‌كان  -رَێكار مزوری  -ل207-208)) .  له‌ به‌ڵگ نامه‌یه‌كی  دیدا  ئاو باسی مۆتیڤی تاوانه‌كه‌ ده‌كرێت : ((  ئه‌وه‌ی به‌رده‌ستمان راپۆرتی به‌رپرسی هه‌واڵگرییه‌ كه‌ بۆ سه‌رۆكی كۆمار له‌سه‌ر داوای ئه‌وه‌ی دوایی له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ كه‌تیایدا هاتووه‌:  بڕگه‌ی 1 له‌ ته‌ممووزی 1983، له‌ میانه‌ی هێرشی دوژمنانی ئێران بۆ كه‌رتی حاجی ئۆمه‌ران و سه‌لماندنی به‌شداریی خیانه‌تكاران كه‌ زۆربه‌یان بارزانین فه‌رمانێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی -فازڵ به‌ڕاك- بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی حوكمی زاتی ڕه‌وانه‌كراوه‌و ئه‌ركه‌كه‌ش به‌وپه‌ڕی نێهینه‌وه‌ ئه‌نجامدرا تاوه‌كو له‌به‌ره‌به‌یانی رۆژی ئاینده‌ ئاماده‌بوو له‌ 1983_8_10 به‌هێزێكی سه‌ربازیی حه‌ره‌سی جمهووری كۆمه‌ڵگاكانی -قودس و قادسیه‌- و قوشته‌په‌ كه‌ بۆ نیشته‌جێبوونی خانه‌واده‌ی بارزانیان دانرابوو هه‌مووشیان ده‌ستگیر ده‌كران ته‌نها له‌ ره‌گه‌زی نێر و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ 18 ساڵیش كه‌متربوون له‌و كرداره‌ بێبه‌ش نه‌بوون. ئۆتۆمبێڵی گه‌وره‌ی ئاماده‌كراویش به‌یاوه‌ریی هێزی سه‌ربازی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی گواسته‌وه‌.  به‌هه‌مان شێوه‌ش بارزانیانی هه‌ریر له‌ ناوچه‌ی شه‌قڵاوه‌ ده‌ستگیركران كه‌ ژماره‌یان 403 كه‌س ده‌بوو. زۆربه‌شیان بارزانی و شێروانی و مزووری بوون ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ دیاناو ره‌واندزو مێرگه‌سوور له‌ پارێزگای هه‌ولێر برگه‌ی برگه‌ی 2: به‌ ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی هێزێك له‌ كارمه‌ندانی ئاسایشی گشتی و ئه‌منی به‌غدا پێكهێنرا تا ئه‌وانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگاكان هێنراون و به‌ندكراوانی ئه‌بوغریب له‌ بارزانیان وه‌ربگرێنه‌وه‌.  ئه‌و هێزه‌ 2225 كه‌سی وه‌رگرته‌وه‌و به‌ره‌و ناوچه‌ی بۆسه‌یه‌ی گواستنه‌وه‌ له‌ پارێزگای موسه‌ننا و تیمێك حوكمی گه‌لی به‌سه‌ریاندا سه‌پاند.  بڕگه‌ی  -3: به‌پێی فه‌رمانی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی پێشووتر 16 كه‌یس بۆ 667 كه‌س له‌به‌ندكراوان ئاماده‌كراو كه‌یسه‌كان به‌ره‌و دادگای سه‌وره‌ گوازرانه‌وه‌و حوكمی له‌سێداره‌دانیان بۆده‌رچوو به‌ڵگه‌نامه‌ی وه‌فاتیشیان بۆ ده‌رنه‌هێنراو 1558 كه‌سیان كه‌یسی بۆرێك نه‌خرا. بڕگه‌ی  4: ئه‌وپاره‌ی له‌ لای به‌ندكراوان بوو كه‌ بڕی 194684 دینارو 440 فلس بوو لێیان وه‌رگیرایه‌وه‌و له‌ژمێریاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دانرا. بڕگه‌ی 5: به‌پێی به‌رده‌وامیی ته‌ئكیدی مسعود بارزانی بۆ ئه‌و پرسه‌، سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار سكرتێری به‌ نووسراوی ژماره‌ 2651-ت له‌ 1978_8_24 راسپارد وه‌ڵامی دیاریكراوو یه‌كگرتوویان بۆ هه‌ر داوایه‌كی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردنه‌وه‌ هه‌بێ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سی دیكه‌ جگه‌ له‌سه‌ر كردایه‌تیی ده‌وڵه‌ت هیچیان له‌سه‌ر بزانێ چونكه‌ مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ له‌ پرسی ئه‌و خانه‌وادانه‌ گه‌وره‌تره‌- ئه‌و وه‌ڵامه‌ش به‌بنه‌مای وه‌ڵامی هه‌رپرسێك ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی ئه‌و خانه‌وادانه‌ داده‌نرێ. هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش گشتی له‌ ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ خانه‌واده‌ی بارزانی له‌ دژی حزب و سه‌وره‌و نیشتمانن و ئه‌وه‌ ده‌یه‌ها ساڵه‌ ئه‌وانه‌ دژی هه‌موو پره‌نسیپه‌كانن چونكه‌ تا ئێستا هه‌روه‌كو جاران له‌ دژی یه‌كبوونی نیشتمانه‌. تائێستاش خۆی به‌گه‌وره‌ترین عه‌شیره‌ت و نوێنه‌ری گه‌لی كورد داده‌نێت و خاوه‌ن ده‌روونێكی پڕ له‌ رق و كینه‌یه‌.((پڕۆسه‌ی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئه‌نفال-4-3-200-خه‌بات)) . له‌به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌كی دیدا هاتووه‌ : (( به‌ڵگه‌نامه‌ی بریاری حوكمی له‌سیداره‌دان و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی شمس الله‌خالد خدر بارزانی و  په‌نجا كه‌س له‌هه‌ڤاڵانی  به‌ نووسراوێك له‌سه‌رۆكایه‌تی دادگای شورش به‌ژماره‌له‌12\11\1983 ده‌رچووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، كه‌بریاری گرتنیان له‌لایه‌ن داده‌وه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ سه‌ر به به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی به‌غدا/ش31 دراوه‌ به‌نوسراوی  ژماره‌8\83 له‌11\8\1983 .   هۆكاری گرتنیان به‌ماده‌ی  175و159و162\2-49و50و53 له‌ق.ع  له‌  داوایه‌ك به‌ ژماره 1610/ج/1983 له‌سه‌ر شمس الله‌خالد خدر بارزانی و هه‌ڤاڵانی شیكراوه‌ته‌وه كه له لایه‌ن سیخۆرێك پێیان دراوه‌، داواكه به‌ نووسراوی ژماره‌23/1434 له‌27\9\1983   بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوه‌و  له‌ 10/11/ 1983 حوكمی له‌سیداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌.          ئه‌م راپۆرته‌ باس له‌ شه‌ری حاجی عمران –گرده‌مه‌ند و به‌شداری پارتی له‌م شه‌ره‌ ده‌كات، له‌ ناوه‌رۆكی راپۆرته‌كه‌دا ده‌لێت"مۆته‌هه‌م" شمس الله‌خالد خدر بارزانی كه‌سه‌ر به‌مسعود بارزانی و محمد خالید بارزانیه‌  به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌و ئاماده‌كاری و هاوكارییان له‌گه‌ڵ تێكده‌ران و هێزه‌كانی ئێراندا كردوه‌زانیاری عسكری و ستراتیژیان ناردوه‌،هه‌روه‌ها رێنمایی كردنی به‌رپرسانی عسكری ئیرانی له‌ ناوچه‌كه‌دا  بۆ ئه‌نجامدانی كاری تێكده‌رانه‌دژی هێزه‌كانی چه‌كداری عێراق پیش هجوم كردنی هێزه‌كانی ئێران له‌كه‌رتی باكوور و  گرتنی ناوچه‌ی حاجی عمران تۆمه‌تبار كراو‌ن و به‌به‌كرێگرته‌ی ئیران ناوزه‌دی كردوون ، ئه‌وه‌ی شایانی باسه دادگای شورش له‌/11/1983 به‌ سه‌روكایه‌تی عه‌واد به‌نده‌ر به‌ستراوه‌و به‌م ماددانه‌175و159و162و\2\49و50و53 له ق.ع تۆمه‌تبار كراوه‌ن و حوكمی له‌سیداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پاندوون و به‌نووسراوی ژمار(3864) له‌/11/1983 سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماریان لێ ئاگادار كردۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ناوه‌كانیانه‌:  1.شمس الله‌خالد خدر بارزانی 2.سلیمان مفردی خانو 3. احمد حمود مسته‌فا4.ێوفی سیف الدین وستا 5. سعید محمد محمدامین 6.یوسف زبیر حاجی 7.حدو جلو فقی 8.حاتم جیجو حاتم  9. حسن حسین حسن 10. ته‌ها محمد ابراهیم11.فریق میران مح12. نعمان حسین یاسین 13.یاسین حسین یاسین 14.حسكو رشید نبی 15.ته‌لعه‌ت سعید عمر 16.ره‌مه‌زان عبدالله‌یاسین 17.وجدی مسته‌فا ناوخۆش 18.مسته‌فا حسین سالح 19.حسین محمد احمد 20.اسعد حسن عبدالله‌21.سلیمان ابابكر احمد 22 .جادر محمد حسین 23.عبدالرحمن محمد حسن 24.احمد سعید حسن 25.مسته‌فا باجو مسته‌فا 26.عزیز سالح سلیم 27.حكیم زاده‌محمد 28.زكری جلو مالی 29.باجو حسین ملكو30غفور احمد محمود 31.محمد علی عباس 32.خدر مولود سالح 33.سعید اخدل شیخ عمر 34.عبدالعزیز حجی عبدالله‌ 35.ێبری ره‌مه‌زان حسن 36.ویس یوسف ره‌مه‌زان 37.میرخان محمد مرزا38.نادر حبیب حسن 39.فقو خوجه‌ناێر40.قرتاس سالح حسین 41.حسن حاجی ابراهیم قادر 42.جمیل عبدالله‌ فارس 43.اسماعیل سلیمان الیاس 44.یونس حسن یونس 45.بحری محمد ملكو 46.زلفو احمد جوهر 47.شهاب زاده‌محمود 48.ێوفی درویش محمد 49.شهاب احمد جوهر 50.بیرو حمد ابراهیم 51.جوهر حدو حاجی  (( عه‌داله‌ت عومه‌ر-چالاك له‌بواری ئه‌نفال و بێ سه‌روشوینه‌كان-227-2007 )). له‌ به‌لگه‌نامه‌یه‌كی دیكه‌ سه‌باره‌ت  به‌هه‌مان پۆل هاتووه‌ : (( به‌ڵگه‌نامه‌ی بریاری حوكمی له‌ سیداره‌دان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی خورشید رشید سلمان بارزانی و هه‌ڤاڵانی هه‌روه‌ها ملا سعید حسن بارزانی و هه‌ڤالانی به‌ نووسراوێك له‌ سه‌روكایه‌تی (دادگای شورش) به‌ ژماره‌4066 له‌ 24\11\1983 ده‌رچووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، كه‌ بریاری گرتنیان له‌ لایه‌ن داده‌وه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی به‌غدا/ش31 دراوه‌ به‌نوسراوی  ژماره‌ 15\83 له‌ 1\8\1983 .   هۆكاری گرتنیان به‌ ماده‌ی  175و159و162\2-49و50و53 له‌ ق.ع  له‌ دوو داوا كه‌ داوای یه‌كه‌م به‌ ژماره‌ 1775/ج/1983 له‌ سه‌ر خورشید رشید سلمان بارزانی و هه‌ڤاڵانی و داوای دووه‌م به‌ ژماره‌ 1609/ج/1983 له‌ سه‌ر ملا سعید حسن بارزانی و هه‌ڤاڵانی شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سیخۆرێك پێیان دراوه‌ ،داواكان به‌ دوو نووسراو یه‌كه‌میان به‌ ژماره‌ 23/1563 له‌ 19/10/1983  دووه‌میان به‌ نووسراوی ژماره‌ 23/1433 له‌ 27/ 9/1983 بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوه‌ن به‌لام هه‌موویان له‌ 22/11/ 1983 حوكمی له‌ سیداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌.  ئه‌م راپۆرته‌ش هه‌ر باس له‌ شه‌ری حاجی عمران –گرده‌مه‌ند و به‌شداری پارتی له‌م شه‌ره‌ ده‌كات،له‌ ناوه‌رۆكی راپۆرته‌كه‌دا ده‌لێت"مۆته‌هه‌م حسن محمد شیرۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك له‌ تێكده‌ران   كه‌ ناویان له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌ سه‌ر به‌ مسعود بارزانی زانیاری عسكری و ستراتیژیان ناردوه‌ وئاماده‌كاری و هاوكارییان له‌گه‌ڵ تێكده‌ران و هێزه‌كانی ئێراندا كردوه‌ ،هه‌روه‌ها رێنمایی كردنی به‌رپرسانی عسكری ئیرانی له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئه‌نجامدانی كاری تێكده‌رانه‌ دژی هێزه‌كانی چه‌كداری عێراق پیش هجوم كردنی هێزه‌كانی ئێران له‌ كه‌رتی باكوور  بۆ گرتنی ناوچه‌ی حاجی عمران تۆمه‌تبار كراوه‌ن و به‌ به‌كرێگرته‌ی ئیران ناوزه‌دی كردوون ، ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ دادگای شورش له‌ 22/11/1983 به‌ سه‌روكایه‌تی عه‌واد به‌نده‌ر به‌ستراوه‌و به‌م ماددانه‌ 175و159و162و\2\49و50و53 له‌ ق.ع تۆمه‌تبار كراوه‌ن و حوكمی له‌ سیداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پاندوون و به‌ نووسراوی ژمار(4066) له‌( 24/11/1983 سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماریان لێ ئاگادار كردۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ناوه‌كانیانه‌:  1.خورشید رشید سلمان 2. احمد حدو محمد 3. یاور علی محمد4.یوسف فرخو محمد 5. حسین عمر حسین 6.محمود فقی محمد حسین 7. حسین ملا حبیب عبدالرحمن 8.عیسی محمد حسن 9. جهور یونس ابراهیم 10.جزیری برایم محمد 11. محمد ابراهیم محمد 12.نعمان شریف شمیرن  13.عزیز فقی سعید 14.خلیل تاهیر عبدالله‌.15.نیاز عزیز عبدالله‌ 16. حاجی عمر عبدالله‌17.عوسمان حسن عوسمان 18.عزیز ملا عبدالله‌ فقی 19.ابراهیم عوسمان حاجی 20.علی قاسم علی 21.نزمی محمد محمدامین 22. محمد تاهیر حجی ابراهیم23.عمر احمد عمر 24.حسن خالد ملا 25.عیسی حسن شریف 26.حسین عبدالحمن حسین 27.ته‌ها محمد یوسف 28. حسین محمد یوسف 29. ایوب محمد عیسی 30.مولود جوج مولود 31.محمد قرتاس سالح 32. شیخ عمر باپیر 33.خوشوی داود محمد 34.شاكر خالد سالح 35.عمر حدو محمد 36.تاهیر عبدالرحمن علی 37.حسین محمد حسین 38.عزیز ابراهیم شێخو 39.سلیمان سه‌بری عیسی 40.عمر تاهیر عمر 41.حسین فقی محمد حسین 42.نزهت شریف عمر 43.ممو سه‌بری عیسی 44.فریق ملمكو تاهیر 45.حدو محمد احمد 46.فرات ابراهیم باپیر 47.عبدالله‌ ابوبكر فتح الله‌ 48.حسن محمد شیرو 49.درویش عمر یاسین 50.تمر محمود قرتاس 51.عبدالواحد عمر سعید -عه‌داله‌ت عومه‌رچالاك له‌ بواری ئه‌نفال و بێ سه‌روشوینه‌كان 22-7-2007 )).     له‌ به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌كی دیدا باسی ئیعدامی 23 هاووڵاتی هاتووه‌ :(( به‌ڵگه‌نامه‌ی بریاری حوكمی له‌ سیداره‌دان و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی سه‌روه‌ت و سامانی سابر مسته‌فا محمد عبدالسلام بارزانی و (22) كه‌س له‌ هه‌ڤاڵانی به‌ نووسراوێك له‌ سه‌روكایه‌تی (دادگای شورش) به‌ ژماره‌1446\ج\1983 له‌ 30\8\1983ده‌رچووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، كه‌ بریاری گرتنیان له‌ لایه‌ن داده‌وه‌ری لێكۆلینه‌وه‌ سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی به‌غدا دراوه‌ هۆكاری گرتنیان به‌ ماده‌ی  175و159و162\2-49و50و53 له‌ ق.ع  له‌ داوایه‌ك به‌ ژماره‌1\83 له‌ 26\7\1983له‌ شیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سیخۆرێك پێیان دراوه‌ .  ئه‌م راپۆرته‌ باس له‌ شه‌ری حاجی عمران –گرده‌مه‌ند و به‌شداری پارتی له‌و شه‌ره‌دا ده‌كات له‌ ناوه‌روكی راپۆرته‌كه‌دا ده‌لێت ":موته‌هه‌م سابر مسته‌فا محمد عبدالسلام بارزانی له ‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك له‌ تێكده‌ران كه‌ سه‌ر به‌ مسعود و ادریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سه‌ركردایه‌تییان داوه‌ته‌ تێكده‌ران به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و جێگایانه‌ی ستراتیژی و حه‌ساسن و ئاماده‌كاری و هاوكارییان له‌ به‌غدا و هه‌ولێر له‌گه‌ڵ تێكده‌ران كردووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هیزه‌كان له‌ كه‌رتی باكوور له‌ حاجی عمران له‌ رێگای مسعود و ادریس".   هه‌روه‌ها ئه‌وانی به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌كانی چه‌كداری عێراق به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری هیزه‌كانی ئیران بۆ گرتنی ناوچه‌ی حاجی عمران تۆمه‌تبار كردووه‌و به‌ به‌كرێگرته‌ی ئیران ناوزه‌دی كردون . عه‌داله‌ت عومه‌ر-چالاك له‌ بواری ئه‌نفال و بێ سه‌روشوینه‌كان-له‌ زمانی به‌ڵَگه‌نامه‌كانه‌وه‌ - به‌شی سێیه‌م    لێره‌شدا بینه‌ری  به‌یاننامه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بن, كاتی خۆی له‌  دوای گرتنه‌وه‌ی چیای گردمه‌ند خوێنراوه‌ته‌وه‌ : https://www.youtube.com/watch?v=P63HHRhog4I ئه‌مه‌ش  ده‌قی به‌یاننامه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌وكاتی عێراقه‌ : ئایا  پارتی چاوساغی بۆ ئێران كردبوو ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی  هێرشی حاجی ئۆمه‌ران راسته‌وخۆ  له‌ به‌ره‌كانی  جه‌نگ  كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره‌ی لێنه‌كه‌وته‌وه‌ و تاكو پشكنینی بۆ بكرێت  و به‌شداربووان  قسه‌یان پێبكرێت, ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌, یان هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر  شارێكی قه‌ره‌باڵغ پڕ دانیشتووان  ئه‌نجام نه‌درا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌  كرا,  به‌ڵكه‌  كاره‌ساتی  ئه‌م  به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی سڤیل و  له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ پیاده‌ كرا, لایه‌نی به‌شداریش ئابلوقه‌ی زانیاری  و به‌ڵگه‌ نامه‌و شایه‌دیدانی به‌رپرسانی  ئه‌و كاتی خۆی  خستۆته‌ سه‌ر  و ڕێگا  نادات هیچ زانیارییه‌ك   سه‌باره‌ت به‌ سكانداڵه‌كانی ئه‌و كرده‌ سه‌ربازییه‌  بڵاو ببێته‌وه‌, هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌نگی ئێران -عێراقیشه‌وه‌ هه‌بوو, به‌هۆی باڵاده‌ستی ئێرانه‌وه‌ چاوپۆشی له‌ پشكنینی ورد له‌ شوێنه‌واری راسته‌وخۆی شه‌ڕه‌كه‌ كرا . یۆست هیلته‌رمان  شایه‌دی  له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌دات , كه‌ پارتی  چ  وه‌ك  جه‌نگاوه‌ر   و چ  وه‌ك هێزی ئیستیتلاع  به‌شداری  ئه‌و شه‌ڕه‌ی  كردووه‌, به‌ڕێزی  ده‌ڵێت :...به‌و چه‌شنه‌ له‌ هاوینی ساڵی1982دا جه‌نگاوه‌رانی (پدك) و هێزی ئیستڵاعیان  كه‌وتنه‌ ته‌ك هێه‌كانی ئێران له‌ هێرشكردنیاندا بۆ سه‌ر حاجی ئۆمه‌ران.ب ه‌ دوای ئه‌م شه‌ڕه‌دا , كه‌ تاڕاده‌یه‌ك  سه‌ركه‌وتنیان تێدا به‌ده‌ستهێنا, ئێرانییه‌كان چه‌ند هه‌وڵێكی تریان دا به‌ هاوكاری (پدك),بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی قووڵتر بچنه‌ ناو عێراقه‌وه‌. هه‌موكات ئه‌م هه‌وڵانه‌ پێشكه‌وتنی به‌ ده‌ست ده‌هێنا تا ئه‌و كاته‌ی له‌ ساڵی1986دا, هێزه‌كانی ئێران به‌ ته‌واوی گێڕدرانه‌ دواوه‌ – كارێكی ..ل118. به‌ پێی ئاماژه‌ی دكتۆر عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگای ئێستای شاری دهۆك بێت له‌ وتارێك  به‌ناوی "  حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان "  https://www.facebook.com/photo.php?fbid=397558890345662&set=a.168423243259229.26111.165422603559293&type=1&relevant_count=1  " كه‌ له‌ساڵی 2013 له‌ ژماره‌ 940ی گۆڤاری گوڵان بڵاوی كردۆته‌وه‌, پارتی به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌ی نه‌كردووه‌, ئه‌و ده‌نووسێت "   مەسعوود بارزانی دەڵێت: " ساڵی ١٩٨٣ ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌ران به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق باسی لێده‌كرد به‌شداریمان له‌و شه‌ڕه‌دا نه‌كردبوو، ھێزه‌كانمان له‌ ناوچه‌ی (ناوده‌شت) بوون و به‌ره‌ی شه‌ڕی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان جیاواز بوو و ورژاندنی به‌شداری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ جه‌نگدا، ته‌نیا بیانوویه‌ك بوو بۆ له‌ناوبردنی بارزانییه‌كا ن.«"., به‌ڵام   هه‌م مه‌سعود بارزانی راسته‌  كات, هه‌میش ئه‌وانه‌ی  ده‌ڵێن به‌شدارییان كردووه‌ , ناوده‌شت هاوسنوری باڵه‌كایه‌تییه‌, واتا هاوسنوری ناوچه‌كانی شه‌ڕی فه‌جری دووه‌, كورد وته‌نی خۆ له‌ به‌تلیس نییه‌, هه‌مان ناوچه‌كانی شه‌ڕی قه‌ندیلی دووه‌, هاوڕێ كه‌ریم ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی شه‌ڕی قه‌ندیلی  دوو ده‌ڵێت " ئێران و پدك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتبوون كه‌ پێكه‌وه‌ هێرش به‌رنه‌ سه‌ر ناوچه‌ی حاجی ئۆمه‌ران و چۆمان و باڵه‌ك بۆ پاكردنه‌وه‌یان له‌ هێزه‌كانی عێراق ........له‌ گه‌ڵ هاوڕێیانی پدك قسه‌یان كردبوو كه‌ پێویسته‌ پشتگیرییان بكه‌ن و هێزێكی پارتی له‌ گه‌ڵماندا به‌شدار بن بۆ هێرش بردنه‌ سه‌ر بنكه‌كانی ینك له‌ پشت ئاشان و ئه‌مه‌ش له‌ناو نه‌خشه‌ی ئێران-پدك دابوو كه‌ هێزێكی  پ.م پارتی بنێرنه‌ ناوچه‌ی پشت ئاشان  كه‌ رێگا بگرن له‌ گه‌یشتنی كۆمه‌كی میری له‌ رانیه‌و قه‌ڵادزێوه‌ بۆ هێزه‌كانیان له‌ حه‌وزی حاجی هۆمه‌ران و چۆمان و باڵه‌ك له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر هێرشی ئێران و پدك بۆ سه‌ر هێزه‌كانیانی عێراق له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌ست پێ بكات .هاورێیانمان له‌ گه‌ڵ پدك رێكه‌وتبوون كه‌ هێزی هاوبه‌ش بۆ پشت ئاشان و بۆڵێ بنێرن بۆ لێدانی ینك و گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌  .... منیش به‌ توندی به‌رهه‌ڵستیم كرد چونكه‌ ده‌كه‌وینه‌ ناو داوی ئێران   .... ل 202  رێڕه‌وی تێكۆشان –بیره‌وه‌رییه‌كانی كه‌ریم ئه‌حمه‌د  وه‌رگێڕانی جه‌لال ده‌باغ  .", واتا شه‌ڕه‌كه‌ی ناوده‌شت دوو ئامانجی هه‌بوو, هه‌م تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ ینك, هه‌میش  پاراستنی ناوچه‌كانی فه‌جری دوو له‌ په‌لاماری عیراقی, هاوزه‌مان له‌ میانی كۆمه‌ڵێك  چاوپێكه‌وتن  له‌ گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی حشع ی به‌شداربوو له‌ شه‌ڕی قه‌ندیلی دوو, باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن, بێ ئه‌وه‌ی ئاگادار بن, بونه‌ته‌ به‌شێك  له‌م به‌ره‌یه‌ ناڕاسته‌وخۆ, واتا عه‌مه‌لیاتی فه‌جری دووی حاجی ئۆمه‌ران.  وه‌لێ به‌ پێی ویكپیدیای ئینگلیزی بێت, فه‌جری دوو  هێزی چه‌كداری كۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجامیان داوه‌" https://en.wikipedia.org/wiki/Operation_Dawn_2". به‌ڵام خه‌ڵكی حاجی ئۆمه‌ران به‌ڵگه‌ی هاشا هه‌ڵنه‌گریان لایه‌ كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی پارتی و ئێران كراوه‌, سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ قوته‌ به‌رزه‌كانی پشت چیای كۆدۆوه‌, له‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی پشكی خۆیان له‌ شه‌ڕه‌كه‌ كردووه‌,هه‌رچه‌نده‌ له‌ حاجی ئۆمه‌ران به‌ روكه‌ش سه‌كه‌وتن, لێ له‌ ئه‌سڵدا به‌هۆی جینۆسایكردنی بارزانییه‌ سڤیله‌كانه‌وه‌ شكستێكی كه‌مه‌ر شكێن بوو بۆ پارتی وێڕای ئه‌وه‌ی  له‌  شه‌ڕی ناوده‌شت و پشت ئاشان و قه‌ندیلی دوو, بۆ جاری دووه‌م  پارتی وشیوعی و حسك  تیایدا تێكشكان. نكۆڵی  كردن, هه‌نگاوه‌ بۆ دوباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌, وه‌ك ئه‌وه‌ی دواتر له‌ زاخۆو  هه‌ڵه‌بجه‌ كردیانه‌وه‌, له‌ 31ی ئاب به‌رگێكی نوێی به‌به‌ردا كرایه‌وه‌.   به‌ وته‌ی دكتۆر عه‌لی ته‌ته‌ر,  به‌ڕێزمه‌سعود بارزانی ساڵی دواتریش دوباره‌ نكۆڵی له‌ به‌شدارییكردنیان له‌ فه‌جری دوو كردۆته‌وه‌, كه‌ دواتر فه‌تحیشی بۆ زیادكرا " مسعود بارزانی له‌ پاییزی ١٩٨٤ له‌ وه‌ لامی پرسیارێكی گۆڤاری (ئه‌لحوریه‌) دا كه‌ ئایا ئه‌وان له‌ گرتنی حاجی ئۆمه‌ران ھاوكاری ئێرانیان كردبوو؟ له‌ وه‌ لامدا وتبووی: ئێران ھێزێكی زۆری مرۆڤی ھه‌بوو و پێویستی به‌ ھێزی ئه‌وان نه‌ده‌كردو ئه‌و قسانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر زاری سه‌دام حوسێن بلاوببووه‌وه‌ ته‌نیا بیانووییه‌ك بوو بۆ بێسه‌روشوێنكردنی بارزانییه‌كان. ", ئه‌م وه‌ڵامه‌ش  لاوازه‌, خۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌ركوك و شاڕباژێڕو كۆڕه‌ك و ده‌ربه‌ندیخان و زاخۆو .... ئێران هێز زۆری هه‌بوو, به‌ڵام هاوبه‌ش بوونی شه‌ڕه‌كان, ئه‌وه‌ ته‌رزێكی شه‌ڕی جوڵاو بوو, به‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ وه‌ك چاوساغ و هێزی باڵاده‌ستی جه‌ماوه‌ری ئه‌وناوچانه‌ ئه‌نجامی ده‌دا, هێزه‌ زۆره‌كه‌ی ئێران نایتوانی كه‌له‌به‌ری نه‌شاره‌زایی و  پشتیوانینه‌كردنی خه‌ڵكی ناوچه‌كان لێیان پڕ بكاته‌وه‌, هاوكات له‌ گه‌ڵ ئه‌زموونی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانیان, لای  ئێرانییه‌كان ئه‌م ته‌رزه‌ شه‌ڕه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووبوو, به‌لاشیانه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو ناو ماڵی كورد , دوای شه‌ڕه‌كه‌ چی به‌سه‌ر دێت, گرنگ ده‌ستكه‌وته‌ كاتییه‌كه‌ بوو له‌ روی راگه‌یاندنه‌وه‌, شوێنه‌واره‌ خراپه‌كانی و قوماركردن به‌ گیانی خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كانیان به‌جێ ده‌هێشت. به‌ڵگه‌یه‌كی  كاك دكتۆر ته‌ته‌ر بۆ به‌شدارینه‌كردنیان ئه‌وه‌یه‌ " هه‌تا حكومه‌تی ئێران به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی نه‌دابووه‌ ده‌ست پارتی، له‌ كاتێكدا كه‌ ناوچه‌ و ده‌وروبه‌ری له‌ ژێر كاریگه‌ری پارتیدا بوون، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی دابووه‌ ده‌ست هێزه‌كانی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی. ", ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش  بۆ پرۆفیسۆرێكی یاریده‌ده‌ر زۆر لاوازه‌, قوتابی من بوایه‌ سفرم ده‌دایه‌, خۆ دواتر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش  هه‌ر وای لێیان كرده‌وه‌, ئێران ته‌نها وه‌ك مقاش   ئه‌وانی به‌كار ده‌هێنا, نه‌ك بیانكات به‌ حوكمڕان. ینك‌و حدكا چیان  كرد؟ ئه‌گه‌ر په‌لاماره‌كه‌  به‌ ناو  وه‌ك  به‌شێك  له‌ جه‌نگی ئێران-عێراق  و  له‌ چوارچێوه‌ی  ئۆپه‌راسیۆنه‌  درێژخایه‌ن   و سه‌رانسه‌رییه‌كانی  ئه‌و جه‌نگه‌دا بووبێت ؟؟ , وه‌ك پێشتر  ئاماژه‌مان  پێی  دا , هه‌ردوو لای په‌لامارده‌ر  ئامانجی دیكه‌یان له‌ لێدانی  لایه‌نی كوردی  هه‌بوو ,  ئێران  له‌ حدكا" حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران"  و پارتی  له‌ حدكا  و ینك , بۆیه‌  هه‌ر  زوو لایه‌نه‌كانی  به‌رامبه‌ر  كاتێك  ئامانجی  په‌لاماره‌كه‌  زیانی  پێ دوورینه‌وه‌و ترسی  ئه‌وه‌ دایانی گرت له‌ ناوچه‌ی  دیكه‌ش  درز  بدۆزنه‌وه‌و  هه‌مان سیناریۆ   دوباره‌  بێته‌وه‌ , بۆیه‌  ئه‌وانیش له‌ به‌رامبه‌ردا  سیناریۆی  پێچه‌وانه‌یان  ئه‌نجامدا,  به‌ ڕێك  كه‌وتن  له‌گه‌ڵ  به‌رامبه‌ره‌كه‌دا  كه‌ ئه‌ویش به‌عسه‌ ((  له‌ 31 ئاب  سیناریۆی   پێچه‌وانه‌ ڕویدایه‌وه‌  ینك بووه‌ هاوپه‌یمانی  ئێران  و پارتیش  ئه‌وجاره‌  عێراقی  هێنایه‌  هه‌ولێره‌وه‌ )). هیلته‌رمان  له‌م باره‌یه‌وه‌  ده‌ڵێت : له‌ ته‌موزی1983دا, كه‌ هێشتا شه‌ڕه‌كه‌ی حاجی ئۆمه‌ران هه‌ر به‌رده‌وام بوو, فه‌ره‌یدوون عه‌بدوالقادری گه‌وره‌ دانوستانكاری تاڵه‌بانی, كه‌وته‌ گفتوگۆی ناڕه‌سمی له‌گه‌ڵ ڕژێمداو كۆبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ سێ به‌رپرسی موخابه‌راتی عێراقدا كرد له‌ بنكه‌یه‌كی حدكا له‌ ناوچه‌ی ئالانی ڕۆژئاوای سه‌رده‌شت له‌ ناو ئێراندا و ده‌ست به‌جێ بانگهێشتی به‌غدا كرا, فه‌ره‌یدوون له‌ ماڵی قاسملوو له‌ به‌غدا مایه‌وه‌و زنجیره‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ تاریق عه‌زیز و سه‌ركرده‌ پایه‌ بڵنده‌كانی تردا ئه‌نجامدا له‌ ئۆكتۆبه‌ر و نۆڤه‌مبه‌ردا –كارێكی ..... ل119.... بۆیه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی گفتوگۆی به‌عس-ینك شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌ران بوو, ینك له‌ پارتی ناترسا,  به‌ڵام ده‌یزانی ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕه‌ له‌ روی باڵاده‌ستی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و جوڵاندنی هێز به‌ درێژایی سنوری ئێران – عێراق هێز ده‌به‌خشێته‌ پارتی. به‌م  شیَِوه‌یه‌  ئه‌م هێرشه‌  هاوبه‌شه‌ی  پارتی  و ئێران, له‌ به‌رامبه‌ردا دژه‌كانیشی  یه‌ك  خست  و   ده‌رگای بۆ  ڕێككه‌وتنی  ینك  و به‌عس  خۆش  كرد (( هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ پێشتر زه‌مینه‌ی خۆشه‌  كرابێت )) , كلیلی  ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌   هێرشی  حاجی  ئۆمه‌ران  بوو, یۆست  هلته‌رمان  له‌سه‌ر زاری  فه‌ره‌یدوون عه‌بدالقادره‌وه‌   ده‌گێڕێته‌وه‌ :  (( لێره‌ به‌ دواوه‌  په‌یوه‌ندیمان زۆر كۆك بوو, به‌ڵام كاتێ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ بنكه‌كانمان له‌ دۆڵی جافایه‌تی, به‌ یه‌كترمان ده‌وت: به‌ڕاستی كورد به‌د به‌خته‌ .هه‌موو دنیا پشتی عێراق ده‌گرێت له‌ دژی ئێران, كه‌چی ئێستا ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌  پشتی ئێران بگرین له‌ دژی عێراق-  كارێكی ژه‌هراوی......  ل124. كاردانه‌وه‌ی به‌عس؟ به‌عس له‌ دوای ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نا پیرۆزه‌ی  نێوان  پارتی  و ئێران هوشیاری  دایه‌  هه‌موو لایه‌ك, كه‌ ده‌ست تێكه‌ڵكردن  له‌ گه‌ڵ ئێران هێڵی سووره‌ بۆ ئه‌وان , هه‌رچه‌نده‌  نوشیروان مسته‌فا  له‌ وه‌ڵامی  تاڵه‌بانیدا  ده‌لێت  : ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ باسی‌ ئه‌كات ئه‌گه‌ر به‌و گه‌یشتبێت، به‌ من نه‌گه‌یشتوه‌، ‏چونكه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ به‌عس هیچ رێگه ‌په‌یوه‌ندیه‌كی‌ له‌گه‌ڵ من نه‌بو تا ئه‌و هه‌واڵه‌م پێ بگه‌یه‌نێ، ‏ئاغای‌ تاڵه‌بانیش شتی وای به‌ ئێمه‌‌ نه‌وتبو.. ئۆباڵی گوێنه‌دان به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌، ئه‌گه‌ر راست بێ، له‌ ئه‌ستۆی‌ ‏ئه‌ودایه‌.‏(( له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین-نه‌وشیروان مسته‌فا)). به‌ڵام  هه‌ر بۆ خۆی كۆچكردوو به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان  له‌ چاوپێكه‌وتنێكی  پێشووتری  پێش ئه‌وه‌ی  ئه‌م جه‌ده‌ل و  وه‌ڵام و وه‌ڵام كارییه‌ی  له‌ گه‌ڵ  تاڵه‌بانی ڕوبدات  ئاماژه‌ی به‌ بۆچوونی وا دابوو "به‌ پێی قسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مینی جێگیری تاڵه‌بانی ( له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ساڵی1983دا), تاریق عه‌زیز به‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌) (ئه‌گه‌ر ئێوه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن هه‌رگیز له‌ بیری ناكه‌ین, به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ دژمان بووه‌ستنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش هه‌رگیز له‌ یاد ناكه‌ین و پاش ئه‌وه‌ی جه‌نگ كۆتایی دێت, تێكتان ده‌شكێنین و هه‌موو گونده‌كان به‌ ته‌واویی خاپوور ده‌كه‌ین ))-كارێكی ژه‌هراوی ...... , ل119". هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی   سه‌قه‌ت ! مه‌له‌ كردن به‌ پێَچه‌وانه‌ی ته‌وژم, زۆر جار خنكانی كه‌سه‌كه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌, كوردیش بزووتنه‌وه‌كه‌ی به‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه‌   نا پیرۆزه‌وه‌  له‌ بیروباوه‌ڕه‌ ئازادیبه‌خشه‌كه‌ی و له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمی جیهانیش خۆی بینییه‌وه‌ . له‌ بیرمان نه‌چێت , ڕۆژئاوا تا ساڵی 1991  به‌ به‌هانه‌ی مه‌ترسی كۆمۆنیزم لایه‌نگری سه‌ر سه‌ختی ئاپارتاید  بوو (( ئامه‌ریكا, ئینگلیز ,ئیسرائیل ,فه‌ره‌نسا((1981)) , ریگان  یارمه‌تی جه‌نگاوه‌رانی ئازادی ئه‌فغانی ده‌دا (( حكمه‌تیار و ره‌بانی  )), له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسی سوور , بۆیه‌  زۆر  ئاساییه‌ به‌ به‌هانه‌ی مه‌ترسی پان ئیسلامیزمیشه‌وه‌  پشتیوانی له‌ ئێراق كردبێت ,  بۆیه‌  ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌  جگه‌  له‌ ماڵ وێرانی  هیچی دیكه‌ی لێ شین نه‌بوو , ئه‌وكاتیش مشتومڕه‌كان له‌ ناو كۆنگرێس دژ به‌ هاوكاری ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌عس له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران عێراق و بێده‌نگ بوون له‌ ئاست قڕكردنی كورد گه‌رم بوو" بڕواننه‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا- وه‌رگێڕانی وریا ئه‌حمه‌دی- هه‌ولێر 2013 ". راستییه‌ك خۆی حه‌شار داوه‌, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئێراق چه‌ند له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ  تێك ده‌شكا, ئه‌وه‌نده‌ زیاتر خۆشه‌ویست ده‌بوو لای وڵاتان و پشتیوانی سه‌ربازی و دارایی و دیبلۆماسی زیاتری  لێده‌كراو به‌ خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆی ته‌واو ده‌بوو, هه‌موو كارَكی چاوی لێده‌پۆشرا , به‌كارهێنانی هه‌موو چه‌كێك بۆی حه‌ڵاڵ كرا  (( . ... عێراق ڕۆڵێكی به‌ كه‌ڵكی ده‌بینی بۆ به‌رده‌وامی پێدانی هاوسه‌نگیی هێز له‌ كه‌نداودا ,لای كه‌مه‌كه‌ی شۆڵز له‌ پایزی ساڵی 1983 ه‌وه‌ ده‌یزانی كه‌ عێراق چه‌كی كیمیاوی به‌كار دێنێ – كارێكی كیمیاوی , ل289 )) . (( مافی مرۆڤ و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی به‌ ڕێی خۆیان له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئێراقدا هاوته‌ریبن " له‌ یاداشتێكی نهێنی ئه‌مه‌ریكییدا نووسراوه‌ ""به‌شی 15  ئامه‌ریكا و ئه‌نفال".(ئه‌نفال و ئامه‌ریكا-سه‌مانسا پاوه‌ر –و.به‌ختیار كه‌ریم –به‌شی 21  "كۆتایی "-24-9-2006 ده‌نگه‌كان ). ئا لێره‌وه‌یه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ هه‌ر جاره‌ی  یه‌كێكیان, دوایش  به‌ جووته‌ وچوار قۆڵی ((  ینك, پدك, سۆسیالست,  بزوتنه‌وه‌))  كورد  گورگان  خواردی  ده‌كه‌ن . خۆشیان ئه‌وه‌یان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌  زانیووه‌ (( فه‌ره‌یدوون عه‌بدوالقادر ده‌ڵێت: كاتێ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ بنكه‌كانمان له‌ دۆڵی جافایه‌تی, به‌ یه‌كترمان ده‌وت: به‌ڕاستی كورد به‌د به‌خته‌ .هه‌موو دنیا پشتی عێراق ده‌گرێت له‌ دژی ئێران, كه‌چی ئێستا ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌  پشتی ئێران بگرین له‌ دژی عێراق-كارێكی كیمیاوی  ,هیلته‌رمان )). تاَڵه‌بانی  كه‌ بۆ خۆی دواتر سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی هاوبه‌شی  ئێران-ینك   ی كرد  له‌ داستانی  ڕزگاری  ده‌ڵێت : له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ سیاسی‌ و فكرییه‌دا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ زۆرمان له‌گه‌ل سه‌دامییه‌كاندا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی‌ سیاسه‌تی‌ سه‌دام له‌جه‌نگی‌ عێراق-ئێراندا، سروشتی‌ فاشیانه‌ی‌ رژێم ئاشكرا ده‌ركه‌وتبوو، ده‌ریش كه‌وتبوو كه‌ ئه‌م فاشیستانه‌ له‌هیچ تاوانێك نه‌ده‌سڵه‌مینه‌وه‌، مفاوه‌زاته‌كه‌شمان له‌گه‌ل رژێم ساڵێك بوو به‌هۆی‌ شۆڤێنیه‌تی‌ به‌عسی‌ سه‌دامی‌ و ته‌كنه‌لۆژیای‌ جه‌نگی و فشاره‌ ئیقلیمیه‌كه‌، شكستی‌ خواردبوو، ئه‌و هه‌موو راستیانه‌مان ده‌زانی‌، بۆیه‌ ده‌بوو ژیرانه‌تر هه‌ڵبسوڕێین و كه‌مترین پاساو بده‌ینه ده‌ست فاشیه‌كان، كه‌چی‌ له‌وكاته‌دا، نه‌ك نه‌مانتوانی‌ جیاوازیه‌كان و هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو ناوبراو ناكۆكیه‌كانی‌ له‌ مه‌یدانی‌ سیاسه‌تو فكره‌وه‌، گه‌یانده‌ ئاستێكی‌ ترسناك، ئه‌ویش بواری‌ عه‌سكه‌رییه‌، ده‌قی‌ ته‌واوی‌ قسه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاوكرایه‌وه‌-26-12-2009. هیومان ۆچ له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یاندا هۆكاری كۆمه‌ڵكوژی بارزانی و ئه‌نفالكراوه‌كان به‌ هاوشێوه‌ی یه‌كتر ده‌ناسێنن: له‌ گه‌لێ ڕوه‌وه‌ , عه‌مه‌لیاتی ساڵی 1983 ی بارزانییه‌كان ده‌سپێكی ئه‌و ته‌كتیكه‌ بوو كه‌ له‌ مه‌ودوا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی هێجگار گه‌وره‌تر له‌ سه‌رده‌می په‌لاماری ئه‌نفالدا به‌كارهات  . له‌ ڕوی  مۆتیڤ و چاره‌نووسی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ . نه‌ك هه‌ر ئه‌زموون  له‌  ڕابردوو  وه‌رنه‌گیرا , به‌ڵكه‌ دواتر ویستیان  مێژوو دوباره‌  بكه‌نه‌وه‌و شان به‌شانی ئێران هێرش  بكه‌نه‌وه‌  سه‌ر هه‌مان   ده‌ڤه‌ر  ( له‌ نێوان قه‌ڵادزێ و هه‌ڵه‌بجه‌ و حاجی ئۆمه‌ران سه‌ركردایه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ گیرسایه‌وه‌) (كارێكی ژه‌هراوی-یۆست هلته‌رمان، وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵه‌ح تۆفیق-كۆمپانیای ئاوێنه‌ - ل 148 )) , ئه‌مانه‌ نه‌ك وه‌ك رابه‌ری گه‌لێك نه‌جوڵاونه‌ته‌وه‌, زیاتر سه‌ركردایه‌تیان ترامپیانه‌ بوو, به‌ سه‌فقات وه‌ك به‌ڵێنده‌ر كاریان بۆ ئێران كردووه‌ . بێشك هه‌موو سیاسییه‌كانی  ئه‌و كات , ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌و گفت و گۆیانه‌ بوونه‌و سه‌پۆرتیانكردووه‌ و واژۆیان له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی  شه‌ڕه‌ هاوبه‌شه‌كان كردووه‌ , یاخود فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی به‌ پراكتیزه‌ كردنی ڕێككه‌وتننامه‌كان  بوونه‌ , یان له‌ بڕیاری سیاسیدا بوونه‌و نقه‌یان نه‌كردووه‌و سه‌ری ڕه‌زامه‌ندییان بۆ  له‌قاندووه‌ ,  ده‌بێت هه‌موو به‌ كۆمه‌ڵ , ئاوی ئه‌و بیره‌ نۆش بكه‌ن ,  كه‌ بۆ یه‌كیان لێ داوه‌,  به‌شی خۆیان له‌و سكانداڵه‌ سیاسییه‌  بخۆنه‌وه‌و له‌ كێڵگه‌كه‌ی پشكی خۆیان بدورنه‌وه‌ ,  ئه‌وه‌ی رونه‌ بردنه‌وه‌ هه‌زاران   باوكی هه‌یه‌ ,دۆڕانیش زۆڵه‌ و هه‌موو باوكه‌كان خۆیانی لێ بێ به‌ری ده‌كه‌ن, رۆژێكیش  دێت  ئه‌م سكانداڵه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر دادگاییكردنی خه‌ڵك. فارس نیعمه‌ محیاوی تاوانباری تاوان فارس نیعمه‌ محیاوی له‌دایك بووی 3-7-1940, ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی به‌ نانی 9 گوله‌ به‌ سنگی سه‌رۆكی عێراق عه‌بدالكه‌ریم قاسمه‌وه‌, كۆتایی به‌ تاقه‌ كۆماره‌ عه‌داله‌تخوازه‌كه‌ی عێراق هێنا له‌ مێژوودا, له‌وكاته‌ سه‌ركرده‌ی فه‌یله‌قی یه‌كی سوپای عیاِرقی بوو, فه‌رمانده‌ی گرتنه‌وه‌ی چیای گردمه‌ندی كرد, به‌ هاوكاری جاشه‌كان, هاوكات له‌ په‌لاماری بارزانییه‌ سڤیله‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بڕیار به‌ده‌ست بووه‌, دواتر بووه‌ باڵوێزی عێراق له‌ نه‌مساو له‌ لایه‌ن چاودێری كوردۆسایده‌وه‌ , وه‌ك تۆمه‌تبارێكی ئه‌نفال  سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار كرا, وه‌لێ به‌هۆی پشتگوێ خستنه‌وه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ش وه‌ك 422 تۆمه‌تباره‌كه‌ی  دیكه‌ی ئه‌نفال, خرایه‌ ژێر پێی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌, هاوكاری داواكاری گشتی نه‌مساوی نه‌كرا.ئ  كه‌ی دان به‌ڕاستییه‌كان  ده‌نێن؟ نابێت  مێژوو , به‌تایبه‌ت ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ی خوێنی قوربانیانیانی لێ ده‌تكێت, له‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی باڵاده‌ستدا بنووسرێته‌وه‌, نابێت مێژوو نووسان و توێژه‌ره‌وان به‌ پێی  ڕه‌وتی  ئاو  مه‌له‌ بكه‌ن , مێژوو وه‌ك ئه‌وه‌ی  چۆنه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌, نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان چۆن سه‌یری خۆیان ده‌كه‌ن  و گه‌ره‌كیانه‌, ئێستا پێوستمان به‌ مێژووه‌ ڕاستییه‌كه‌یه‌ بنووسرێته‌وه‌, پێویسته‌ مێژووه‌  تاڵه‌كان, ئه‌وانه‌ی پڕن له‌ هه‌ڵه‌و تێكشكان وه‌ك خۆی باس بكرێت , ئه‌گه‌ر باسكردنی تاڵییه‌كه‌  به‌ نرخی  ژیانیش  ته‌واو  بێت, نه‌ك  چیرۆكی  خه‌یاڵی  له‌ خزمه‌ت  سیاسییه‌كان  بهۆنرێته‌وه‌,مێژووی ئێمه‌ پڕه‌ له‌ فه‌زیحه‌ی  سیاسی, فه‌زیحه‌ ته‌نها كاره‌ ژێر به‌ ژێره‌كان نییه‌, به‌ڵكه‌ ئه‌و كارانه‌یه‌  به‌ ئاشكرا كران و كه‌سیش  باسیان ناكات . 37 ساڵه‌ ئازاری ویژدانی خۆیان ئه‌ده‌ن , له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  دان به‌ راستییه‌كانی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ نانێن و ڕاستییه‌كان ئازاد  ناكه‌ن, هێزی ئاشتی پارێزی هۆڵه‌ندی ته‌نها  كه‌مته‌رخه‌می كردووه‌ له‌پاراستنی بۆسنییه‌كان , دادگایی ده‌كرێن به‌ تاوانی جه‌نگ, كه‌چی ئه‌مان خه‌ڵكیان به‌ زیندویی فڕیداوه‌ته‌ ناو كوره‌ی جه‌نگه‌وه‌, خۆشیان به‌ گاندی ده‌زانن . تا ئێستا ئینكاری  ئه‌م  هه‌ڵه‌ گه‌ورانه‌ ده‌كرێت , ئه‌مه‌ پێویستی پێداچوونه‌وه‌ی ویژدانه‌ , پێویستی به‌ نه‌عله‌ت  بارینه‌ له‌و شێوازه‌ كاره‌ سیاسییه‌, كه‌ به‌رده‌وام دوباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ . شكستی  كورد تاكو ئێستا  له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی  گرتووه‌,  كه‌  ئه‌زموون له‌   ڕابردووه‌ تاڵه‌كان   خۆی  وه‌رناگرێت   , به‌ڵكه‌ ده‌شیان شارێته‌وه‌ و زانیارییه‌كان  زیندانی ده‌كات, دواجار له‌چركه‌ چاره‌نووس سازه‌كاندا  دوباره‌یان  ده‌كاته‌وه‌,  ڕه‌وایه‌تی  دان  به‌  هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان,  پاكانه‌  هێنانه‌وه‌ بۆیان و دان نه‌نانه‌ به‌ ڕاستییه‌كان , ڕه‌وایی  دانه‌  پێی  و تاوانی مه‌زنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مێژوو و قوربانیان . با  درۆزن نه‌بین  به‌رامبه‌ر به‌ مێژووی رابردووی خۆمان , باجی هه‌ڵه‌یه‌ك  نه‌ده‌ین به‌رپرسیارییه‌تیه‌كه‌ی  ده‌كه‌وێته‌  ئه‌ستۆی  كه‌سانێك , هه‌موو مێژووی  خۆیان  به‌پاكیزه‌یی ده‌ناسَنن و هه‌ڵه‌ له‌ڕابردوویان  وجودی نییه‌. سه‌ركردایه‌تی  به‌ناو   كورد   ناوه‌ندی یادگه‌ی كورت بینه‌, هاوكات  له‌ شاردنه‌وه‌ی  راستییه‌كان و دوباره‌ كردنه‌وه‌ی سكانداڵه‌كان شاره‌زایه‌. با له‌ زمانی به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه‌ , له‌ راستی واقعی ئه‌و رۆژگاره‌وه‌  قسه‌ بكه‌ین. وتنی راستییه‌كان و دان نان به‌هه‌ڵه‌كانی  ڕابردوو,  قسه‌كردن  له‌ پێگه‌ی  حه‌قیقی  خوده‌وه‌, داوای  لێبوردنكردن  له‌ قوربانیان و  قه‌ره‌بووی  زیان لێكه‌وتووان ئه‌ركی لایه‌نه‌ به‌ر پرسه‌كانی  ئه‌و كاته‌یه‌,  زیان لێكه‌وتووانی هێرشی حاجی ئۆمه‌رانیش  گوندنشینانی  ناوچه‌كه‌ , بنه‌ماڵه‌ی 8000 بارزانییه‌ ,(( سه‌ركه‌وتوترین كه‌سانی دنیا ئه‌وانه‌ن له‌ هه‌موویان زیاتر وه‌ڵامی ڕه‌دی بیستووه‌ -ل277,سه‌ركه‌وتنی بێ سنور له‌ 20 ڕۆژدا-ئه‌نتۆنی رابینز,و.عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ -2009چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات )) , وه‌لێ سه‌ركرده‌كانی ئێمه‌ نایانه‌وێت  وشه‌ی ڕه‌د  و وه‌ڵام ببیستن. پارتی ناتوانێت  به‌ پاساوی  بارزانی  بوون  خۆ  له‌ داوای لێبوردنكردن  و   قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی   ئه‌و 8000 بنه‌ماڵه‌یه‌  ده‌ر بكات , كێشكه‌  كێشه‌یه‌كی  ئه‌خلاقی  و ویژدانی  و یاساییه‌  نه‌ك عه‌شایه‌ری,  پێویسته‌ به‌رپرسیارَتی په‌لاماری حاجی ئۆمه‌ران بگرێته‌ ئه‌ستۆ , بۆ ئه‌وه‌ی لێوه‌ی فێر بونایه‌ و دوباره‌یان نه‌كردایه‌ته‌وه‌ , وه‌ك بینیمان كه‌ كردیان و دوباره‌شیان  كرده‌وه‌ , وه‌ك ئه‌وه‌ی فرچكیان پێوه‌ی گرتبێت  ئه‌زموونی سه‌رنه‌كه‌وتوو پێویستی به‌ شیكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك شاردنه‌وه‌ وداپۆشین , پێویسته‌ لێكدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر بكرێت, پێویسته‌ به‌ بۆچوونی نوێوه‌ سه‌یری ئه‌و ئه‌زموونه‌ شكستخواردووانه‌ی رابردوو بكردرێت, هه‌موو ئه‌زموونێك به‌ نرخه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامگیری لێكدانه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ری, شیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كان رابردوو باشتر كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوو و شكست خواردووه‌كان ده‌ناسێنێت به‌ مێژوو . شكست  هیچ  كات  له‌ ئاسمانه‌وه‌  نابارێت,  هه‌موو  كات ئاكامگیری كاره‌ ((ناپلیۆن هێل ده‌ڵێت : سه‌ركه‌وتن جار جاره‌ به‌ هه‌ل ده‌ڕه‌خسێت, به‌ڵام شكست و دۆڕان هۆكاری هه‌یه‌ , كه‌واته‌ ده‌بێت هۆكاره‌كانی شكست و دۆڕان له‌ خۆماندا له‌ ناو ببه‌ین  (( ل46-47 -     زیادكردنی توانای زیره‌كی –ئاوات  نه‌سروالله‌-چاپخانه‌ی چوار چرا-2009 )) , به‌ڵام  سه‌ركردایه‌تی كورد  هه‌ڵه‌كان  له‌ناخی خۆیاندا , له‌ ره‌حمدانی سیاسییان په‌روه‌رده‌ی  ده‌كه‌ن. هیچ تاوانێك  له‌ گه‌ڕان و خوێندنه‌وه‌ی نوێ و ڕه‌خنه‌ گرتندا نییه‌ بۆ كاره‌ساته‌كانی  رابردوو , به‌ڵكه‌ شاردنه‌وه‌یان  تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مێژوو ,  گرنگترین ڕێگا بۆ گۆڕینی شكسته‌كان بۆ سه‌ركه‌وتن  ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵه‌كان خه‌ینه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ . بۆ ئه‌وه‌ی  سه‌ركه‌وتوو  بین, پێویسته‌  به‌رده‌وام  كاره‌كامان  هه‌ڵسه‌نگێنین وراڤه‌یان بكه‌ین و رۆچینه‌ بنج وبناوانیانه‌وه‌ (( یه‌كێ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هاوبه‌شی مرۆڤی سه‌ركه‌وتوو, هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌میشه‌یی و نایابی ئه‌وانه‌  (( ل172.هه‌نگاوی بچووك بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌  -ئانتۆنی ڕابینز , و.محه‌مه‌د شه‌هدی  -ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات 2010 )) , با هه‌ڵسوكه‌وتی پشیله‌ له‌ شاردنه‌وه‌ی پیساییه‌كه‌ی واز بێنین, با مێژوو بخه‌ینه‌ ناو شوشه‌ی رونه‌وه‌, نه‌ك گۆزه‌ی گڵه‌وه‌. ئه‌گه‌ر  هه‌ڵسه‌نگاندن  بۆ هێرشی  حاجی ئۆمه‌ران  بكرابایه‌  ئه‌نجامه‌كانیان بزانیایه‌, چما جاریكی دی نغرۆی هه‌ڵه‌و كه‌مو كوڕی نابونه‌وه‌و گه‌لیان تووشی ئه‌و هێدمه‌گرتنه‌ ناكرد , ئه‌وا هه‌مان  هه‌ڵه‌ له‌ ئه‌نفال   و  هه‌ڵه‌بجه‌  به‌ كاری  هاوبه‌ش  له‌ گه‌ڵ  ئێران  دوباره‌ ناكرایاته‌وه‌, كورد  وتوویه‌تی  ((   ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار تووش بووم خوا خه‌تا باره‌كه‌م بگرێت, ئه‌گه‌ر جاری دووه‌م تووش بووم خوا خۆم بگرێت. )) . ده‌توانرێت  كه‌وتن   و هه‌ڵه‌كان  بگۆردرێن  به‌ سه‌ركه‌وتن, ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی  به‌رپرسانه‌ی له‌ گه‌ڵدا  بكرێت ((  سه‌ركه‌وتن ئه‌نجامی بڕیاری باشه‌, بڕیاری باش ئه‌نجامی ئه‌زمونه‌  و ئه‌زمونیش به‌رده‌وام ئه‌نجامی بڕیارێكی خراپه‌ - ل10. هه‌نگاوی بچووك بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌  -ئانتۆنی ڕابینز ,و.محه‌مه‌د شه‌هدی  -ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات 2010 )) . جۆرج سانتیانا  ڕاستی  كرد  كه‌ وتی((  ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ناتوانن ڕابردوو وه‌بیر خۆیان بێننه‌وه‌, تاوانبارن به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی - ل132. نهێنی سه‌ركه‌وتن له‌ ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محه‌مه‌د شه‌هدی ,ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات  2009  )) . ڕێك  ئه‌و وته‌یه‌  له‌ كوردستاندا  به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ , كاره‌ساته‌كان  وه‌ك خۆیان دووباره‌ و ده‌باره‌ ده‌بنه‌وه‌, وڵاتی دوباره‌ بونه‌وه‌ی مێژوو به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو جیهان .


  (درەو): هێزێكی لیوای (1)ی پاسەوانی سلێمانی چونە ناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگاكە‌و (6) پۆلیسی هاتوچۆیان دەستگیركرد، ئەمە لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی بوو بۆ كۆتایهێنان بە بایكۆتی دەوامی كارمەندان دژی نەبوونی موچە. بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ كۆبونەوەو دژی كەمكردنەوەی موچەكانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. زۆرینەی ئەوانەی بەشداری ناڕەزایەتییەكەیان كرد لەو پۆلیسانەی هاتوچۆ بوون كە لە ترافیكەكانی ناو شار دەوام دەكەن‌و چەند رۆژێكە دژی دواكەوتنی موچە بایكۆتی دەوامیان كردووە. عەقید ئەمین ساڵح بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، ئەو كارمەندانەی كە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، رێگرییان لە كارمەندانی تر كردووە بچنە سەركارەكانیان لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو بەوهۆیەوە كاروباری هاوڵاتیان راوەستاوە. بەپێی قسەی عەقید ئەمین، دوای ئەوەی ناڕازییەكان رێگرییان لە كارمەندان كردووە بچنە سەركارەكانیان، عەمید فەرەیدون عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی پەیوەندی بە لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆوە كردووە هێز بینێرن بۆ شكاندنی رێگریكردن لە دەوام لە بەڕێوەبەرایەتییەكە. عەقید ئەمین وتی: لەسەر داوای عەمید فەرەیدون بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی، لیوا چەتۆ بریكاری وەزیری ناوخۆ دوای لە فەرماندەی لیوای (1)ی پاراستنی سلێمانییەوە كردووە هێز بنێرێتە شوێنەكە. كارمەندە ناڕازییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی سەرەتا لەسەر جادەی دوڕیانی سلێمانی- تاسلوجە كۆبونەتەوە، دواترچونەتە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ، لەوكاتەدا هێزەكەی لیوای (1)ی پاسەوانی سلێمانی گەیشتەنە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، پێكهەڵپژان لەنێوان هەردوولا رویدا، هێزە ئەمنییەكە بڵاوەیان بە گردبونەوەكە كردووە‌و (6) پۆلیسی هاتوچۆیان دەستگیركرد، دوای چەند كاتژمێرێك هەموو دەستگیركراوەكان ئازادكران. قسەی بەرپرسانی یەكێتی رۆیشتنی هێزەكە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لەسەر داوای عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بووە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. (درەو) چەندجارێك پەیوەندی بە عەمید فەرەیدونەوە كرد، وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (ناس كورد) وتی:" هێزەكە بە نایاسایی نەهاتونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو كێشەیەك هەبووە‌و چارەسەركراوە‌و ئێستا بایكۆت شكێندراوە‌و هەموو كارمەندان گەڕاونەتەوە بۆسەر دەوامەكانیان". لیوای (1)ی پاسەوانی سلێمانی لەڕووی كارگێڕییەوە لەژێر فەرمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیدایە، (درەو) چەندجارێك پەیوەندی پارێزگاری سلێمانییەوە كرد، بەڵام پێی راگەیاندین سەرقاڵە‌و ناتوانێت ئێستا وەڵام بداتەوە. دواكەوتنی دابەشكردنی موچە‌و لێبڕینی موچە كە سەرچاوەی سەرەكی ناڕەزایەتییەكەی كارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی بوو، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوەیە كە دوچاری حكومەت بووە، بڕیاری بڕینی رێژەی 21%ی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی شوبات، بەكۆدەنگی هەرسێ لایەنی بەشداری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) دەرچوو.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كار گەیشتە ئەوەی مەسرور بارزانی هەڕەشەی دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە حكومەت، ئەمە دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو بەر لە بڕیاری دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، پەرەسەندنە سیاسییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەشێوەیەكی خێرا رێدەكەن، سبەینێ پەرلەمان كۆدەبێتەوە، بەر لەو كۆبونەوەیە پارتی‌و یەكێتی كۆدەبنەوە، بەم شێوەیە كارتی فشاری یەكێتی لە رێگەی پەرلەمانەوە بۆ سەر پارتی سەركەوتووبو، پارتی راكێشایە سەر مێزی گفتوگۆ،  لەم راپۆرتەدا وردەكاری چۆنیەتی دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بخوێنەرەوە. پەرلەمان‌و حكومەت لەناو كێشەكانی پارتی‌و یەكێتیدا   كۆبونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ سبەینێ دواخرا، كۆبونەوەیەك كە بڕیارە تێیدا باس لە قەیرانی دارایی‌و تەندروستی‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد بكرێت. رۆژی 19ی ئەم مانگە سەركردایەتی یەكێتی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكەن تا ئەوكاتەی یەكێتی‌و پارتی كۆدەبنەوە‌و كێشە‌و گرفتەكانی نێوانیان چارەسەر دەكەن. ئێستا هەردوو دامەزراوەی پەرلەمان‌و حكومەت كەوتونەتە ناو كێشە‌و گرفتەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت بەدەست قەیرانێكی دارایی سەختەوە دەناڵێنێت. فشار لە پەرلەمانەوە رۆژی 23ی مانگی رابردوو، لاهور شێخ جەنگی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگاتە رێككەوتن، شەفافییەتی نەبێت لە خەرجی‌و داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری مووچە بڕین. هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان‌و حكومەت‌و، هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێ لە بژاردەكانمان". سەركردایەتی یەكێتی خاڵی یەكەمی تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی واتە "هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان" خستەبواری جێبەجێكردن، بەڵام هەڵپەساردنی تەواوەتی پەرلەمان نەبوو، بەڵكو هەڵپەساردنی دانیشتنی پەرلەمان بوو تا ئەوكاتەی پارتی‌و یەكێتی كۆدەبنەوە‌و كێشەكانیان چارەسەر دەكەن.   بڕیاری یەكێتی بۆ بایكۆتكردنی كۆبونەوەی پەرلەمان‌و رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان، پێشوەختە گرفتی تێدا بوو، چونكە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، چەند رۆژێك بەر لە بڕیاری سەركردایەتی حزبەكەی، نوسراوێكی بۆ حكومەت ناردبوو، تێیدا داوای كردبوو وەزیرەكان بێنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێك، لەم نوسراوەدا رێواز فایەق رۆژانی 26‌و 27‌و 28ی دیاریكردبوو بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان، ئەمە وایكرد یەكێتی نەتوانێت لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دانیشتنی پەرلەمان پەكبخات‌و كارتەكەی بۆ فشاركردن لە پارتی سوتا. كارتی فشار لەناو حكومەت دوای ئەوەی یەكێتی بێئومێد بوو لەوەی بتوانێت لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان پەكبخات، پەنای بۆ كارتی فشار لەناو حكومەت برد، واتە بەشی دووەمی تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی لە حكومەت كە "هەڵپەساردنی بەشداریكردنی یەكێتییە لە حكومەت" ئەم بەشەی تویتەكەش بەتەواوەتی‌و وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا، تەنیا وەكو كارتێكی فشار دەستی بۆ بردرا. مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوێنێ كۆبوەتەوە، لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكەكانی حزب بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەوا وەزیرەكانی یەكێتی ناچنە ناو كۆبونەوەكەی پەرلەمانەوە. بۆ كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان كە دواخرا بۆ سبەینێ، بڕیاربوو هەریەكە لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كە سەربە پارتییە هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە‌و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد كە سەربە یەكێتین بچنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان. مەسرور بارزانی توڕە كرد ! (درەو) زانیویەتی، بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ رێگریكردن لە بەشداریكردنی وەزیرەكانی لە دانیشتنی پەرلەمان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە، مەسرور بارزانی هەڕەشەی كردووە ئەگەر وەزیرەكانی یەكێتی نەچنە بەردەم پەرلەمان‌و لەبری حكومەت گوێ لە حزبەكەیان بگرن، رێگەنادات بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە لەنێوان یەكێتی‌و مەسرور بارزانیدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی هەوڵێكیان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەستپێكردووە، لە هەنگاوی یەكەمی هەوڵەكەدا دوای قسەكردن لەگەڵ پارتی، بافڵ تاڵەبانی داوای لە رێواز فایەق كردووە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ ماوەی (24) كاتژمێر دوابخات، ئەمە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخە سیاسییەكە، دواتر لەناو پەرلەمان پارتی‌و یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوابخرێت بۆ سبەینێ، پاشان ئەم رێككەوتنە گشتگیركراو لە كۆبونەوەی فراكسیۆنەكانی پەرماندا دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ سبەینێ كرا بە بڕیارێكی فەرمی. دوێنێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكان لە كۆبونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی پارتی نەرمی نواندووە لەبارەی ئەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی ئاسایی بكرێتەوە بەتایبەتی لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دوچاری قەیرانی دارایی بووە. كۆبونەوەی حزب پێش كۆبونەوەی پەرلەمان سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە (درەو)ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە. ئێستادا گفتوگۆ لەنێوان سەركردەكانی پارتی‌و یەكێتیدا بەردەوامە، سەرباری ئەمە چاوەڕوانی دەكرێت لە نزیكترین كاتدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆببێتەوە. ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی دابەشكرد، فراكسیۆنەكانی گۆڕان، پێكهاتەكان، سەردەم‌و ئایندە بڕیاریاندا بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بكەن لەگەڵ پارتی، لەبەرامبەردا فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بایكۆتیان كرد‌و كەوتنە بەرەكەی یەكێتییەوە.  فشاری یەكێتی لە رێگەی پەرلەمانەوە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی سەركەوت بەڵام ئەنجامی كۆبونەوەكە و گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەردوو حزبدا تا ئێستا روون نیە بەتایبەتیش لە كاتێكدا هەردوولا گلەیی و ناڕەزاییەتیان لەیەكتر هەیە.  یەكێتی‌و پارتی لەسەر چی ناكۆكن ؟ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، كابینەكە سێقۆڵییە لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) پێكهاتووە. یەكێتی لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا چەند مەرجێكی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەبوو، یەكێك لە دواكارییەكانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەدا لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلابكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا. یەكێكی تر لە داواكارییەكانی یەكێتی ئەوەبوو "بەشداری راستەقینە بێت لە بڕیاردا"، ئەم داواكارییەش لەناو یەكێتی گلەیی لەسەرەو هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری سەرچاوەكانی داهاتی حكومەت‌و رێككەوتنەكانی نین‌و لەناو هەموو پۆستە باڵاكاندا تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییە‌و ئەویش لەژێر هەژمونی زۆرینەی پارتیدایە لەم خولەی پەرلەماندا. یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران‌و (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانە‌و سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لە حكومەت، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەندێك كێشە‌و گرفتی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكەی چارەسەركرا، ئێستا قوباد تاڵەبانی بەشدارە لە بڕیارەكانی حكومەت، بەمدواییە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرد سەبارەت بە پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی بەرگری لە حكومەت‌و بڕیاری بڕینی موچەی كرد، ئێستا كە پەیوەندییەكانی نێوان‌و پارتی‌و یەكێتی بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، قوباد تاڵەبانی بە گەشتێك لە دەرەوەی وڵاتە. یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كە كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی پەرلەمان‌و حكومەتیش دروستكردووە ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تائێستا بە فەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە كە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بارزانی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات، بەڵام هێشتا دانی بە هاوسەرۆكایەتییەكەی لاهور شێخ جەنگیدا نەناوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە لای لاهور شێخ جەنگییە‌و بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەژمونی لاهور شێخ جەنگیدان. تاوەكو بەر لە نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژووی یەكێتی، لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا رێككەوتنێكی ستراتیژی هەبوو لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆست‌و دەسەڵاتەكان، ئەم رێككەوتنە هەرچەندە تائێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام كاری پێناكرێت‌و لەگەڵ بارودۆخی نوێی یەكێتیدا ناگونجێت. ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا بكات كە لەگەڵ دۆخی سیاسی نوێی حزبەكەدا بگونجێت، پارتی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنێكی بێ پێشینەی تۆماركرد، پەلەی نییە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی نوێ لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، سێ پۆستی باڵای هەرێمی كوردستان ئێستا لەدەستی پارتیدایە (پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) سەرباری ئەمە جڵەوی فایلی نەوت‌و پەیوەندییەكانی هەرێمی لەبەردەستدایە. یەكێتی كاتێكی گونجاوی بۆ فشاركردن لە پارتی هەڵبژاردووە، كاتێك كە تێیدا حكومەتی هەرێم كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات دوچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووە‌و موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناكرێت. سەرباری ئەوەی لەناو یەكێتیدا جیاوازی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن‌و فشاركردن لەسەر پارتی، بەڵام تائێستا تاڕادەیەك حزبەكە لەسەر ئاستی دەرەوە بە یەكگرتوویی ماوەتەوە‌و دیارنییە ئەنجامی گەمە سیاسییەكە لە كۆتایدا بە چ جۆرێك دەشكێتەوە.


ئامادەكردنی: د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم پێشوتن پاش به‌مزگه‌وتكردنی كه‌نیسه‌ی ئائا سۆفیا بۆمزگه‌وت‌و دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ رۆژی هه‌ینی مه‌راسیمی نوێژی هه‌ینی به‌ئاماده‌بوونی (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان)ی سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڕێوه‌چوو، شه‌پۆلێكی تری نوسین‌و كۆمێنت له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ له‌میدیا‌و سۆسیال میدیای جیهانی‌و كوردیدا هاته‌ئاراوه‌. واز له‌كاردانه‌وه‌ جیهانیه‌كه‌ بێنه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆتێكدان‌و شپرزكردنه‌ی له‌كوردستان جێگه‌ی له‌سه‌ر راوه‌ستانه‌، سه‌رباری هه‌ڵوێستی هه‌ده‌په‌، كه‌ئێمه‌ له‌وتارێكی پێشوودا وتمان هه‌ده‌په‌ سه‌ری نه‌شكاوه‌ به‌ڵام ده‌یبه‌ستێ. به‌ڵام به‌دیوێكی تردا ده‌توانین بابه‌تی به‌مزگه‌وتكردنی ئایا سۆفیا ببه‌ستینه‌وه‌ به‌مه‌سه‌له‌ی جینۆسایدی فه‌رهه‌نگی‌و ژێرئاوخستنی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه‌ له‌هه‌دروو رووه‌كه‌وه‌.   حه‌سه‌نكێف‌و مێژووه‌كه‌ی حه‌سه‌نكێف شارێكی شوێنەواری كوردیە دەكەوێتە پارێزگای باتمانی لەباكوری كوردستان‌و زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن‌و یەكێكه‌ لەكۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە لەجیهاندا. شاری حەسەن كێف (9مەرج)ی لەكۆی (10 مەرج)ی پێویستی كولتوری‌و شوێنەواریی بەپێی پێوەرە جیهانیەكانی رێكخراوی (یۆنیسكۆ) بۆ ناوچە مێژوویی‌و شوێنەواریەكان تێدایە‌و زانایانی بواری شوێنەوارناسی لەلێكۆڵینەوەكانیاندا ژیانی مرۆییان لەم شارەدا دۆزیوەتەوە، كە مێژووییەكەی بۆ (9500 پ.ز) ساڵ دەگەڕێتەوە‌و بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان شارەكە (12) هەزار ساڵ بونیات نرا‌و نزیكەی (300) شوێنەوار‌و پرد‌و قەڵا‌و ناوچەی شوێنەوار جۆراوجۆری تێدایە‌و لەژێر دەسەڵاتی رۆمانەكان‌و بێزەنتیەكاندا بووە لەوانە پردی بەردینی حەسەن كێف، كە بەكۆنتیرین پردی بەردینی چاخی بەردینی كۆن دادەنرێتن سه‌رباری دیارده‌‌و ژیانی دێرین‌و شوێنه‌وار له‌م شاره‌دا. هۆشیاری مرۆڤی كورد له‌به‌رده‌م ئایا سۆفیا‌و حه‌سه‌نكێفدا شاگه‌شكه‌بوونی به‌شێكی زۆری مرۆڤی باوه‌ڕداری ئێمه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕینی كه‌نیسه‌ی ئایا سۆفیا بۆ مزگه‌وت‌و بێده‌نگی هه‌ده‌په‌‌و كه‌مته‌رخه‌می كاركردنی جدی بۆ به‌جینۆساید نه‌ناساندنی پرۆسه‌ی ژێرئاو خستنی شاری شوێنه‌واریی‌و مێژووی حه‌سه‌نكێف‌و نه‌بوونی زانیاری‌و بێئاگایی ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر رقبووون له‌ئه‌ردۆگان‌و ئایدۆلۆجیا له‌ئاست تراژیدیای چاوه‌ڕوانكراوی نغرۆكردنی حه‌سه‌نكێف، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، كه‌چه‌ند هۆشیاری تاكی ئێمه‌ كۆڵه‌واره‌، كۆڵه‌وارییه‌ك له‌لایه‌ك خۆشحاڵ‌و شاگه‌شكه‌یه‌ به‌گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگه‌وت، كه‌خۆی له‌وه‌دا ده‌ینێته‌وه‌، كه‌هزری ئیسلامی‌و ئاینی مرۆڤی باوه‌ڕداری ئێمه‌ به‌هۆی چه‌قبه‌ستن‌و ته‌نها ته‌ركیز خستنه‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ سیاسی‌و ململانێ ئایدۆلۆجیه‌كان له‌پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌، گه‌وره‌ تائه‌و ئاسته‌ی بته‌وێ تێز‌و ته‌رحی مرۆڤی ئاینداری ئێمه‌ بخوێنێته‌وه‌ ده‌سته‌وسان ده‌بیت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێكی مه‌عریفی ئاینی ئه‌وتۆ نابینیت. ئه‌مه‌ به‌دیوێكیتریشدا گوزارشته‌ له‌پاشكۆبوونێكی جۆریی هزری ئاینیت به‌پشتبه‌ستن به‌رایه‌ڵه‌ ئاینیه‌كانی دۆستایه‌تی‌و دوژمنایه‌تی. ده‌شێ وه‌ك مافی تاكه‌كه‌سی خۆت‌و باوه‌ڕدارێك خۆشكه‌یف بی به‌و گۆڕینه‌، به‌ڵام گه‌یشتنه‌ دۆخی شاگه‌شكه‌بوون پێمان ده‌ڵێت تۆ ناته‌وێ خۆت ناوه‌ند بیت، به‌ڵكو ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و په‌راوێز‌و كارلێكراو ده‌چیت. جگه‌ له‌به‌ڵگه‌ی شڵه‌ژزانی بیركردنه‌وه‌ی ئاینیانه‌ی كوردی له‌ئاست وێرانكردن‌و جینۆسایدی فه‌رهه‌نگی ناوچه‌كانی باكوری كوردستان‌و شاری حه‌سه‌نكێف به‌تایبه‌ت. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ ره‌خنه‌گرتن له‌م بڕیار‌و مه‌راسیمه‌ی نوێژی هه‌ینی ئایا سۆفیا، باوه‌ڕناكه‌م زانیاری ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر پرۆژه‌ی (گاپ)‌و جینۆسایدی فه‌رهه‌نگی توركیا له‌رابردوو ئێستا‌و به‌دیاریكراوی له‌سه‌ر نغرۆكردنی شاری شوێنه‌واری حه‌سه‌نكێف هه‌بێت. ئه‌و چه‌له‌حانێیه‌ی مرۆڤی كوردی ئێمه‌ ده‌یكات له‌گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگه‌وت په‌یوه‌ندی به‌و شه‌ڕه‌ ره‌مزی‌و ئایدۆلۆجیه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌نه‌یاره‌ هزری‌و سیاسی‌و ئایدۆلۆجیه‌كه‌ت هه‌رچی وت به‌راست‌و چه‌پدا دژی بیت، ئه‌گینا ده‌بوو ئه‌م نیگه‌ران بوونه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ وێرانكردنی حه‌سه‌نكێف بوایه‌ نه‌ك ئایا سۆفیا. له‌دوێنێوه‌ دیسان ئیسلامیه‌كان‌و ئه‌وانیتر به‌ربوونه‌ته‌ گیانی یه‌كتری له‌سه‌ر ئایا سۆفیا له‌كاتێكدا نابێ ده‌ربڕین‌و ره‌خنه‌كان بگه‌نه‌ سنوورێك بتكاته‌ كه‌ره‌سته‌‌و ئامرازێكی كارلێكراو‌و هه‌ژمون له‌سه‌ركراو. تۆ شاره‌كه‌ت، نیشتیمانه‌كمه‌ت، شوێنه‌واره‌ مێژوویه‌كانت داگیر‌و وێران كراون چیتداوه‌ له‌شه‌ڕی هێمایی نێوان جیهانی مه‌سیحی‌و ئیسلامیی، نێوان جیهانی ئیسلامی‌و رۆژئاوا، ئه‌و كه‌ قودس ده‌كاته‌ پایته‌ختی جوله‌كه‌، كاردانه‌وه‌ی ئه‌میش ئایا سۆفیا ده‌كاته‌ مزگه‌وت، ئه‌ی تۆی كورد به‌باوه‌ڕدار‌و چه‌په‌وه‌ چ كاره‌ی له‌م به‌ینه‌دا خۆت تێكداوه‌، گه‌ر ئه‌تۆمتان پێبێت له‌سه‌ر خه‌ڵك‌و بێگانه‌‌و غه‌واره‌ ده‌یكێشن به‌یه‌كدا؟! تۆ ئیتر ده‌بێ فێربیت ده‌بێ تێبگه‌یت وه‌ك باوه‌ڕدار‌و چه‌پ‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و هه‌ر ناونیشانێك، بۆ خۆتی داده‌نێی، جه‌نگت له‌سه‌ر خۆت بێت، له‌پێناوی خۆت‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ت بێت له‌سه‌ر باوه‌ڕ‌و بیركردنه‌وه‌ ئاینی‌و چه‌پ‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆت بێت، ده‌بێ ئیتر تۆ كارلێگه‌ر بیت، هه‌ژمونكه‌ر بیت، ناوه‌ند‌و سه‌نته‌ر بیت، نه‌ك كارلێكراو‌و په‌راوێژ‌و هه‌ژموون له‌سه‌ر كراو. شه‌ڕ له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌كه‌ن، كه‌تایبه‌ته‌ به‌كاروباری ناوخۆیی توركیا‌و ئه‌وانیش خۆیان بڕیاری لێده‌ده‌ن پێویست نامات تۆ ببیته‌ پارێزه‌یری جیهانێكی مه‌سیحی، كه‌له‌ئاستی كوشتوبڕی تۆدا له‌توركیا مێشێك میوانی نیه‌. هه‌ده‌په‌ له‌نێوان نغرۆكردنی حه‌سه‌نكێف‌و به‌مزگه‌وتكردنی ئایا سۆفیادا هه‌ندێ كه‌س وه‌ك كاردانه‌وه‌ پێیانوابوو نابێت له‌به‌ر ئینتیمای ئاینی مسوڵمانی خه‌ڵك هه‌ده‌په‌ بێده‌نگ بێت‌و ده‌بێ شه‌ڕی خۆی بكات. ئێستاش سورم له‌سه‌ر نوسینه‌كه‌ی پێشووم‌و هه‌ده‌په‌ سه‌ری نایه‌شێت، به‌ڵام ده‌یبه‌ستێ، چ پێویست ده‌كات كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تری جه‌نگ‌و ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان‌و ئاكه‌په‌، چ پێویست ده‌كات ئه‌م خۆهه‌ڵواسینه‌ به‌دنیای مه‌یسیحیه‌تدا، كه‌هه‌ر ناشزانێ خۆت‌و كێشه‌كه‌ت له‌توركیا‌و عێراق‌و ئێران‌و سوریا هه‌ن یا نین! كامه‌یه‌ ئه‌و گه‌لانه‌ی بڕوایان به‌ره‌وایه‌تی كێشه‌ی كورد له‌توركیا له‌روانگه‌ی ده‌ستور‌و مافی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ كام ته‌وژم ، كام ره‌وتی سیاسی بڕوای به‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی‌و ده‌ستووری كمافی كورد هه‌یه‌؟ّ خه‌ونی به‌دیموكراسیكردنی توركیا وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت مه‌حاڵه‌. وه‌ك كاتی خۆی هه‌ده‌په‌ به‌قسه‌ی به‌شێك له‌سیاسیه‌كانی باشووری كوردستانیان نه‌كرد له‌كاتی به‌ده‌ستهێنانی (88) كورسی په‌رله‌مانی‌و سازان له‌گه‌ڵ ئاكه‌په‌، باج‌و ئاسه‌واره‌كه‌ی بینرا، به‌ره‌خنه‌گرتن له‌هه‌ڵوێست‌و سیاسه‌تی ئاكپارتیش، به‌ڵام نابێت كاریگه‌ری ئایدۆلۆجیا وات لێبكات هه‌موو شتی خۆت به‌راست بزانی‌و هی نه‌یاره‌كه‌شت به‌هه‌ڵه‌. مه‌گه‌ر وانیه‌، بۆ هه‌ده‌په‌ له‌ئاستی جینۆسایدی حه‌سه‌نكێفدا هه‌ڵوێستی پێویست‌و گه‌وره‌ی نیه‌؟ كوا هه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی دامو ده‌زگاكانی یۆنسكۆ له‌مه‌ڕ له‌ناوبردنی شوێنه‌واری مێژوویی حه‌سه‌نكێف؟ كوا جه‌نگی گه‌وره‌ی مه‌ده‌نی‌و میتینگ‌و خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی گه‌وره‌ دژی نغرۆكردنی حه‌سه‌نكێف؟ ئه‌گه‌ر بڕیار بێت هه‌ده‌په‌ نوێنه‌رایه‌تی كێشه‌ی كورد له‌توركیا ده‌كات ئایا شاری حه‌سه‌نكێف هێنده‌ی ئایا سۆفیا بایه‌خی نیه‌ له‌سه‌ری هه‌ڵباتێ؟ بۆیه‌ له‌كۆتاییدا ده‌بێ بپرسین له‌ئایندار‌و چه‌په‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌ی كێ نازی حه‌سه‌نكێف هه‌ڵده‌گرێ‌و نازی ده‌كێشێت؟ ئه‌ی كێ خه‌م بۆ وێرانبوون‌و ژێر ئاوخستنی بخوات، ئیدی به‌س نیه‌ شه‌ڕی رواڵه‌تی بۆ غه‌واره‌‌و نه‌ناسه‌كان؟!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand