ناکۆکییەکانی ئێران و ئازەربایجان؛ ڕەهەندی مێژوویی و گرژیی هەنووکەیی
2021-10-02 07:51:25
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
هەفتەیەکە ئێران و ئازەربایجان، لە تێهەڵچوونەوەیەکی نوێی بازرگانییەوە تا لێدوانی سیاسیی و مانۆڕی سەربازی و هەڕەشەکردن ململانێکانیان قۆناغیکی توندیان بە خۆیەوە دیووە. ئەمە سەرەتای ناکۆکییەکی نوێی دوو وڵاتە، بەڵام ڕیشەکەی دێرینە و ئەم گرژییە تەنها فووکردنە بە ئاگری جەنگێکی دواخراوە و هەردوو وڵات جەنگێک بەیەکتر قەرزارن و دەبێت بیکەن.
بەهۆی گۆڕانکارییەکانی نەخشەی سیاسیی ساڵی ڕابووردووە لەقەوقاز و خۆراسانی گەورەدا، هەر لە گرتنەوەی قەرەباغ لەلایەن ئازەربایجانەوە تا گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول، نمایشی سێقۆڵی ئازەری-تورکی-پاکستانییەوە، فشارەکانی سەر ئێران ڕووگەیان گۆڕدراوە و ئەمجارە لەبەری قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەوە یەخەی تارانی گرتووە و وادیارە عێراق و وڵاتانی کەنداو لە مەیدانی ململانێکەدا تاڕادەیەک پشوویەک بدەن. بۆ ئێران هەڕەشەی بەری ئەفغانستان و ئازەربایجان بیرخەرەوەی یادەوەریی تاڵی مێژووییە و تەسلیمبوونی سەفەوی و قاجارە و کەوتنی پایتەخت و لەدەستدانی بەشێک لە قەڵەمڕەوییەکەیەتی، هەمیشە خاڵی لاوازی سیاسەتی گشتیی ئێرانیش هەر قەوقاز بووە. وا ئێستاش هەڕەشە جدییەکانی لە ڕەهەندە بازرگانی و سیاسی و سەربازییەکانەوە لە ئازەربایجان و ئەفغانستانەوە دەرکەتوونەتەوە، دەوترێت کێشە قەوقازییەکانی ئێران، یەخانگیرکردنی ئێرانە بە ستراتیژی "مەرگ بە هەزار چەقۆ".
تارمایی قەوقاز بەسەر بیرەوەریی تارانەوە
لە مێژووی سێسەدساڵەی "ئێران"دا ئەوە سەلمێنراوە، بەری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە (کوردستان و عێراق و کەنداو) هەمیشە هەل بوون بۆ پەلکێشی و هەژموونی ئەو وڵاتە، بەپێچەوانەوە سەرەتای سەرجەم هەرەسەکانیش بە هەڕەشەکانی بەری ڕۆژهەڵاتییەوە دەستی پێکردووە کە خۆی لە ڕووسەکان و ئەفغانستان و ئازەربایجان و بەگشتی قەوقازدا دەبینێتەوە.
لە نموونەی ئەو شکستانەی ئێران لە (ڕۆژهەڵات و باکوورەوە) خۆراسانی گەورە و قەوقازەوە خواردووەیەتی: ١.شکست بەرامبەر ڕووسەکان لە ساڵەکانی ١٨١٣ و ١٨٢٨دا کە هەردوو پەیمانی "گولستان" و "تورکمەنچای" بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی زۆری زەوییەکانی ئێرانی لە ئەرمەنستان و ئازەربایجان و تورکمانستانی ئەمڕۆی خستەژێرە دەستی ڕووسەکانەوە. ٢.ئەفغانستانییەکانیش لە قەندەهارەوە لە ساڵی ١٧٢٢دا هەرەسیان بەسەفەوی هێنا و ئەسفەهانی پایتەختی ئەو دەوڵەتەیان داگیرکرد. ٣.هەرچی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمیشدایە ئێران دیسان خاڵی لاوازی بەرەی قەوقازییەتی، کە ڕوسەکان لەوێوە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تا تەورێزیان داگیر دەکەن. ئێران لەسەرجەمیاندا چۆکی داداوە و کەمترین بەرگریی دەوڵەتی نواندووە.
قەوقاز لەڕووی جوگرافییەوە: پانتاییەکی فراوانی ئاسیا و ئەوروپا و دەریاکانی خەزەر و ڕەش و زنجیرە چیای قەوقاز لەخۆدەگرێت. بەسەر هەردوو بەشی قەوقازی باشووریی (ئازەربایجان، ئەرمەنستان، جۆرجی و بەشێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و باکووری ڕۆژئاوای تورکیا) و باکوورییدا (داغستان، چیچان، ئەنگۆشیا، ئوسیتیای باکوور، کاباردینۆ-باڵکاریا، کاراچای چەرکەسی، کراسنودار، ئادیگیە و ئەستاورۆبوڵ)دابەش دەبێت. لەڕووی نەژادییەوە، ئەم نێوچەیە، تورک، هندۆئەوروپی، قەوقازی و هەندێک لە کوردەکانیش لە خۆ دەگرێت.
ئازەربایجان یەکێکە لە ڕووبەرەکانی ئەو پانتاییە و خاوەنی لانیکەم ٧٦٥کیلۆمەتر مەرزی هاوبەشە لەگەڵ ئێراندا.
سەرەتای گرژییە نوێیەکان
جوڵە سیاسی و کارگیڕی و ئاسایشییەکانی ئەم هەفتەیەی دوایی هەردوو دراوسێ (ئێران و ئازەربایجان) گرژی دروستکرد و ململانێ نووستووە سیاسی و میراتیە کولتوورییەکانی نێوانیشیانی زیندووکردووەتەوە. باکۆ (پایتەختی ئازەربایجان) لای خۆیەوە دوو مانۆڕی سەربازیی لەگەڵ تورکیا و پاکستاندا لەسەر سنووری ئێران ئەنجامدا (مانۆڕەکانی سێ برا و دووبرای لێکدانەبڕاو) و هەم ڕێگەی لە هاتووچۆی بارهەڵگرە ئێرانییەکان گرت و داوای سەرانەیان لێدەکات و تارانیش ئەوە رەتدەکاتەوە و بە پێچەوانەوە بڕیاری دا مانۆڕێکی هاوشێوەی سەربازی ئەنجام بدات. ئاڵۆزییەکان بە جێیەک گەیشتوون، ئەگەری پیاهەڵشاخانی زیاتر و بگرە جەنگی گەرمیش بە دوور نازانرێت. هەرچی ئێرانە وەک هەمیشە ئەمە بەدەستی ئیسرائیل و یارانی و تەنانەت پان تورکە نێوخۆییەکانیشی دەزانێت و ئازەربایجانیش بە مافی خۆی دەزانێت هەژموون و وەبەرهێنانی سیاسیی و ئابووری خۆی لە ناوچەی قەرەباغدا بخاتەگەڕ و ڕەوتی بارهەڵگرەکانی ئێران کۆنترۆڵ بکات. بەڵام ئەم بابەتە تەنها ڕەهەندی ئابووری و سنووری نییە و پەلی کێشاوە بۆ گرژی زیاتری ململانێ نەتەوەیی و سیاسیی و نێوچەیی و هەرێمی و پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا و ئیسرائیل و خودی ئازەرییەکانی نێو ئێرانیش ڕادەکێشرێت.
پاش سەرکەوتنەکانی ئازەربایجان لە دەستبەسەراگرتنەوەی بەشی زۆری ناوچەی قەرەباغ و شکستپێهێنانی ئەرمینیا، لە جەنگی ساڵی ڕابردوودا، بەشێکی کەمی ڕیگای بازرگانی نێوان ئێران و ئەرمینیا (کە هاوکات تاران بە ئەوروپاش دەگەیەنێت)، کەوتە دەست ئازەربایجان کە مەوداکەی تەنها ٢٠ کیلۆمەترە و بە جادەی کاپان-گوریس ناسراوە، لای خۆیەوە هێزەکانی پۆلیسی ئازەربایجان، دەستیان کرد بە ڕاگرتن و سەرانەسێنی لە کامیۆنە ئێرانییەکان، باکۆ دەڵێت ئەوانە بە نایاسایی هاتوونەتە خاکی ئازەربایجان و گەر دەیانەوێت بەردەوام بن دەبێت ڕەوتییان ڕێکبخرێت و بۆ هەر سەفەرێکی هاتن ١٣٠ دۆلار و بۆ گەڕانەوەشیان ١٣٠ دۆلار وەک سەرانە بدەنە باکۆ. لەوەش زیاتر دوو شۆفێری بارهەڵگریان زیاتر لە هەفتەیەکە دەستگیرکراون.
کۆی ئەو ڕێگە بازرگانیەی کە ئازەربایجان لە ئێستادا خەریکە پەکی دەخات و دەروازەی ئەوروپا لە ئێران تەنگتر دەکاتەوە، تەنها ٢٠ کیلۆمەتری بەر باکۆ دەکەوێت، بەم وڵاتانەدا تێدەپەڕێت: ئێران- ئەرمینیا-ئازەربایجان- دیسانەوە ئەرمینیا- جۆرجیا و لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا دەڕوات، ئەمە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانیی هاوردە و ناردەنی دەماریی ئێرانە لەم ئانەدا، پێشتر بەهۆی نزیکی تاران و ئەرمینیاوە هیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە، بەڵام لەم ساڵەی دواییدا کە ئەو ٢٠ کیلۆمەترە لە ڕێگاکە کەوتە دەست سوپای ئازەربایجان وا کاریگەریی جەنگەکە و هەژموونی باکۆ بەسەر ڕێگاکە و ئێرانیشدا خۆی نواند. ئەمە ڕووی کێشەکەیە و بنجەکەی بۆ ململانێ خەوتووەکانی دوو وڵات دەگەڕێتەوە کە تەمەنی مێژوویی لە دووسەد ساڵ زیاترە و تەمەنی سیاسییشی سی ساڵ زیاترە.
ڕەهەندی هەرێمایەتی ئاڵۆزییەکە
لێدوانە توندەکانی عەلیێفی سەرکۆماری ئازەربایجان، ڕێک لە ساڵڕۆژی جەنگی دووەمی قەرەباغدا هات کە تێیدا وڵاتەکەی بەسەر ئەرمینیادا سەرکەوت. لەوەش زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوودا، ئازەربایجان بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و پاکستاندا مانۆڕێکی سەربازیی نزیک بە سنووری ئێران لەژێر دروشمی "دۆستیی سێ برا" ئەنجام دا و مانۆڕێکی تریشی لەگەڵ تورکیادا بە دروشمی "برا لێکدانەبڕاوەکان٢٠٢١" ئەنجام دا. ئێرانییەکان ئەمە بە وروژاندن و شەڕفرۆشتنی ئەو هاوپەیمانییە نوێییە و هەڕەشە لەسەر ئێران دەزانێت، نوێنەری خامینەیی (حەسەن عاملی) لە ئەردەبیل و لە نوێژی هەینیدا یەکەمین کەس بوو کە هۆشداری دا و داوای لە سوپای پاسداران کرد هێزی خۆی نیشانی باکۆ و عەلیێف بدات، سوپا مانۆڕێکی پێچەوانەی نزیک بە سنووری ئازەربایجان ئەنجامدا و بەشێکی سوپای (ثاراللە)ی ناردووەتە سەر سنوور وەک ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێک.
زۆرێک لە شرۆڤەکاران، پێیان وایە ئەم نمایشانەی ئازەربایجان، ڕەهەندێکی هەرێمایەتی و بگرە نێودەوڵەتیشی هەیە، لەم پەیوەندییە و هەڵکشانە ئاڵۆزەدا، دەبێت ڕۆڵی تورکیا، ئیسرائیل و پاکستان و چین و ڕووسیاش فەرامۆش نەکرێت:
ئیسرائیل و تورکیا هاوپەیمانی سەرەکیی سیاسیی و سەربازی باکۆ-ن، ئەوان هەم بە سەرباز و هەم بە لۆبی و پەیوەندی پارێزەری ئازەربایجانن، ئیسرائیل لە ئێستادا ئامادەگیی سیاسیی و سەربازیی و ڕۆڵی پڕچەککەرێکی کارای ئازەربایجان دەبینێت، بە واتایەکی دیکە ئیسرائیل ئێستا دراوسێی تارانە و بەهۆی قەیرانە ئابووریی و سیاسییەکانی تاران دەستی بەستراوەتەوە بۆ دەرکردنی. بە پێچەوانەوە بەشێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی گشتیی ئێرانی لەو باوەڕەدان ئازەربایجان بە هاندانی ئیسرائیل شەڕ بە ئێران دەفرۆشێت، لەمەشدا باوەڕیان وایە بەردەنگ(مخاطب)ی ئێران تەلئەبیبە نەک باکۆ.
هەرچی تورکیایە، ئەوا دراوسێیەکی ناچاریی ئێرانە، ناکۆکی ئایدۆلۆژی، مەزهەبی، سنووری لەگەڵ تاراندا هەیە، بەڵام پرسی کورد و ئەرمەن و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان ناچاریی کردوون ئاگربەستی ناچاریی و ڕێککەوتنی ئەمنییان هەبێت، بەڵام ئێستا تورکیا بەهۆی بەهێزبوونەوەی لە نێوچەی قەوقاز و ئازەربایجان لەلایەک و پەیوەندی باشی بە تاڵیبانەوە و قوڵایی عەرەبی و ئیسلامی بە قەتەر و پاکستانەوە، دەستکراوەتری کردووە تا فشارێکی نوێتر بخاتە سەر تاران و ناچاری بکات زیاتر باجی پەیوەندییەکانی بدات. تورکیا ئەوەش دەزانێت کە بەشێکی هەبوونی پەکەکە و پەیوەندی سێقۆڵی ئەرمەنی-ئێرانی-پەکەکە هەردەم هەڕەشەیە و دەبێت نەیەڵێت لەوە زێدەتر گەشە بکات.
ڕایەکی دیکەش هەیە، کە باوەڕی وایە فشاری باکۆ لەسەر ئێران، ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی هەیە و هەریەک لە ئیسرائیل، ئەمریکا، تورکیا و پاکستان و تاڵیبان تێیدا هاوبەشن و دەیانەوێت لەبری ڕاستەوخۆ چاککردنی ڕەفتاریی نێودەوڵەتی ئێران لەڕێی دانوستاندنەوە، لەڕێگەی فشاری ناڕاستەوخۆوە و بە ستراتیژی "مەرگ بە هەزار چەقۆ" ئێران پەرێشان بکەن تاڕادەی تەسلیمبوون. بەو واتایەی کە لەهەموو قۆڵەکانەوە (ئەفغانستان، ئازەربایجان، پاکستان و تورکیا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییەوە و نێوخۆی ئێرانەوە) سەرئێشەی نێوچەیی بۆ ئێران دروستبکەن و پێویست بە پەلاماری گەرم و ڕاستەوخۆ نەکات.
بابەتی پێشتر:
ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا
ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی
ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا
ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی
ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی
ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران
ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت
ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران
ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران
ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە
ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی
ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی
ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان
ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران
ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛ هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە
ئێراننامە (16):ئاراستەکانی نێو حکومەتەکەی رەئیسی کابینەیەکی بێ ژن و پێکهاتەکان
ئێراننامە (17): ڕاگەیاندن لە ئێراندا ، پێشینە، وابەستەیی و سانسۆر