Draw Media

عێراق.. نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان‌و كێبركێی هەڵبژاردن

عێراق.. نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان‌و كێبركێی هەڵبژاردن

2021-09-29 13:12:06


 درەو:

10 ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت, هەڵبژاردنی ئەمجارە بە یاسایەكی جیاواز بەڕێوەدەچێت‌و بازنەكانی هەڵبژاردن زیادكراون, لەم هەڵبژاردنەدا هەر سێ‌ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق " شیعە‌و سوننەو كورد" بە یەكگرتووی ناچنە ناو كێبركێی هەڵبژاردن‌و بە چەندین هاوپەیمانێتی‌و لیستی جیاجیا بەشداری دەكەن, لەم راپۆرتەدا نەخشتەی هاوپەیمانێتی‌و كێبركێی هەڵبژاردنەكان خراوەتەڕوو لەگەڵ پێگەی ئەو هێزانە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا.

رۆژی 10 ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق دەكرێت, ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێنجەمینجارە لە دوای روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێنەوە بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنەكە بە سیستمێكی ئاڵۆز بەڕێوەدەچێت‌و چەندان هێزی سیاسیە لەسەر بنەمای تایەفە یان رەچەڵەك كێبركێ دەكەن, دەبوایە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی  داهاتوو بەڕێوەبچوایە, بەڵام پێشخراو كرا بە هەڵبژاردنی پێشوەخت, ئەوە بۆ رازیكردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی عێراق  كە ساڵی 2019 رژانە سەرشەقامەكان لەدژی بڵاوبونەوەی گەندەڵی‌و كەمی خزمەتگوزارییەكان‌و خۆپیشاندەران ئەو باوەڕیان لا دروست ببوو كە دەستەبژێری حكومڕان دەسەڵاتیان بۆ دەوڵەمەندكردنی خۆیان قۆزتوەتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لیستەكانی پێكهاتەی شیعە لە سەركردایەتیكردنی وڵاتدا بمێننەوە كە لە دوای رژێمی پێشەوە حكومڕانییان گرتوەتە دەست, هەرچەندە پێكهاتەی شیعە بەهۆی هەژمونی ئێرانی دراوسێتەوە پەرت بوون,
هەروەها چالاكانی خۆپیشاندانەكان كە هەوڵیاندا كۆتاییە بەو چینە سیاسییەی ئێستا بهێنن بەسەر ئەوەدا دابەشبوون كە بچنە ناو كێبركێی هەڵبژاردنەوە یان نا پێشبینی دەكرێت لە باشترین حاڵەتدا چەند كورسییەك بەدەستبهێنن.
یاسای هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەرەنتی ئەوەی كردووە كە كاندیدانی ژن 83 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن‌و لێرەدا ناوی ئەو هێزە سیاسییە دیارانە دەكەین كە كێبركێ دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە 329 كورسییە:
رەوتی سەدر
رەوتی سەدر لەلایەن موقتەدا سەدرەوە رابەرایەتی دەكرێت‌و ئێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی هەیە, هاوپەیمانی سائیرونی سەر بەم رەوتە لە هەڵبژاردنەكانی 2018دا  54 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا‌و ئەوەش هەژمونێكی یەكلاكەرەوەی لە پێكهێنانی حكومەتدا بەخشییە رەوتەمەو ئەویش ئەو هێزە پەرلەمانییەی بەكارهێنا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی بەرفراوانی وڵات.
رەوتی سەدر بە پرۆگرامێكی نیشتمانییەوە بەشداری هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر دەكات وەك هەوڵێك بۆ جیاكردنەوەی خۆی لەو گروپە شیعەكانی كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات.
سەدر لە دوای 2003 روبەڕوی هێزەكانی ئەمریكا بوەوە ئەوەش پێگەیەكی باڵای لەلای چینی هەژارانی شیعە پێبەخشی كە زۆر رێز لە باوكی محەمەد سادق سەدر دەنێن كە رژێمی سەددام كوشتی.
گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران
زۆرترین گروپە شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران لە ژێر چەتری هاوپەیمانی " فەتح" دا كۆبونەتەوە كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات, ئەم هاوپەیمانێتییە لە هەڵبژارجنی ساڵی 2018دا پلەی دووەمی بەدەستهێنا‌و 48 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بردەوە.
هاوپەیمانیەتی فەتج باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەقی تێدایە كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێنكراوە, هەروەها رێكخراوی بەدری تێدایە كە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ئێراندا هەیەو لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێراندا لە پاڵ هێزەكانی ئێراندا دژی عێراق بەشدار بوون.
هەندێك حزب‌و هێزی سیاسی تری هاوپەیمانی ئێران لە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتح بەشداری كێبركێی هەڵبژاردن دەكەن لەوانەش بزوتنەوەی " حقوق" كە زۆر دەمێك نیە پێكهێنراوە لەلایەن بەهێزترین گروپی سەر بە ئێرانەوە كە ئەویش " كەتائیبی حزبوڵا" یە.
هاوپەیمانێتییەكانی تری شیعە
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر‌و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی ریزەكانیان رێكخستوەتەوەو لە چوارچێوەی هاوپەیمانی " هێزە نیشتمانییەكانی دەوڵەت" دا بەشداری هەڵبژاردن دەكەنز
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی لە هەڵبژاردنی 2018دا 42 كورسی‌و رەوتی حیكمە 19 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوتریش كە سەرۆكایەتی كۆنترین حزبی عێراق  " حزبی دەعوەتی ئیسلامی"ی دەكات بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەشداری هەڵبژاردنەدەكاتو لە هەڵبژاردنی 2018دا 25 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
مالیكی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بە شێوەیەكانی بەرفراوان لەسەردەمی دەسەڵاتیدا رێگەی خۆشكردووە بۆ گەندەڵی‌و دژایەتیكردنی سوننە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی داعش لایەنگرێكی زۆر لە خۆی كۆبكاتەوە.
حزبەكانی پێكهاتەی سوننە
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتی " تقدم"ی پێكهێناوە كە  ژمارەیەك لە كەسایەتیو سیاسەتمەدارانی سوننەی لە باكور‌و خۆرئاوای عێراق لەخۆگرتووە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی سوننە مەزهەبن‌و پێشبینی دەكرێت هاوپەیمانێتییەكەی حەلبوسی دەنگێكی زۆری سوننەكان بەدەستبهێنێت.
ركابەری سەرەكی حەلبوسی لەم هەڵبژاردنەدا بزنسمان‌و سەرمایەدار خەمیس خەنجەرە كەە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 دا چووە پاڵ هاوپەیمانی فەتحی نزیك لە ئێران‌و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " عەزم" دەكات.
وەك هەمیشە حزبە سوننەكان هەوڵدەدەن پشتیوانی هۆزەكان بەدەستبهێنن‌و لە ساڵی 2003ەوە نەیانتوانیوە یەكگرتوو بن‌و ئەوەش ناڕەزایەتی دەنگدەرانی سوننەی لێكەوتوتەوە كە باوەڕیان وایە بەهۆی ئەوەوە لاواز بوون‌و ناتوانن هەوڵبدەن بۆ ركابەریكردنی دەسەڵاتی شیعەكان.
سوننەكان لە یەكەم هەڵبژاردندا لە دوای 2003 دابەشبوون بەسەر دووبەرەداو بەشێكی زۆریان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردو ئەوەش پێگەی لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی عێراقدا لاوازكردن.
چالاكوانی خۆپیشاندانەكان
لە ساڵی 2019دا خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەكانی باشوورو ناوەراستی عێراق بەڕێوەچووە كە بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی‌و لەو خۆپیشاندانانەدا هێز بەكارهێنرا‌و چەندان خۆپیشاندەر كوژراون, هەرچەندە دۆخی ئەوكات‌و ئێستا جیاوازییەكی دیاریی نیە هەندێك لە چالاكوانی خۆپیشاندانەكان داوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە دەكەن, بەڵام هەندێكی تریان حزبیان پێكهێناوە و چونەتە نێو هاوپەیمانێتییە میانڕەوەكانی وەك هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی‌و حەكیم.
بزوتنەوەی " ئیمتیداد" یەكێك لەو حزبانەی كە چالاكوانی خۆپیشاندانەكان دایانمەزراندووەو كاندیدی بۆ هەڵبژاردن هەیە, ئەم حزبە پزیشكی دەرمانساز عەلا ركابی سەرۆكایەتی دەكات كە خەڵكی شاری ناسریەیە ئەو شارەی لە ساڵی 2019دا لە خۆپیشاندانەكاندا زۆرترین توندوتیژی لێكەوتەوە.

كورد‌و هەڵبژاردن
هاوشێوەی هەردوو پێكهاتەی شیعە‌و سوننە كوردیش بە هاوپەیمانێتییەك‌و ‌و چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر دەكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 2018دا 25 كورسی بەدەستهێنا بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكردووەو لە هەموو بازنەكانی پارێزگاكانی هەرێم‌و كەركوك‌و نەینەوا‌و بەغداد‌و ئەنبار‌و كەربەلا‌و شارەكانی تری عێراق كاندیدی هەیە‌و هەوڵیشدەدات لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان كاندیدی خۆی یان نزیك لەخۆی سەربخات.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانی كوردستانیان پێكهێناوە, یەكێتی لە هەڵبژاردنی 2018 دا 18 كورسی بەدەستهێنا‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەو هەڵبژاردنەدا 5 كورسی بەدەستهێنا.
جگە لە پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لایەنەكانی وەك كۆمەڵی ئیسلامی‌و حزبی زەحمەتكێشان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و  حزبی سۆسیالیست دیموكرات لە چەند بازنەكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق كاندیدیان هەیە‌و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش بە چەند كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداری دەكات.
هاوكات چەندان كاندیدی سەربەخۆ‌و چەند پەرلەمانتارێكی ئێستای پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەكی سەربەخۆ خۆیان كاندیدكردووە‌و كێبركێی حزبەكان دەكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand