خاڵی هێزو لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن
2021-09-30 12:37:57
راپۆرت: درەو
بەشی دووەم:
یەكێتی بە كۆمەڵێك كێشەی ناو ماڵباتی تاڵەبانییەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، دروشمێكی تاقیكراوەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەرزكردوەتەوە كە "یەكڕیزی" كوردە له بهغداد، بەڵام لەناوخۆی حزبەكەیدا یەكڕیزی تێكچووە، سەرباری ئەمە هێشتا حزبی دەسەڵاتداری ناوچەی قەڵەمڕەویی خۆیەتی، (درەو) بە زنجیرە راپۆرتێك رۆژانە خاڵی بەهێزو لاوازی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بڵاودەكاتەوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نشتیمانی كوردستان 1/6/1976 دامەزراوە، لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆنترین پارتی سیاسی سەر گۆڕەپانی ئێستای هەرێمی كوردستانە، سكرتێرەكەی (جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017، واتا تاڵەبانی بۆ ماوەی (41) ساڵ سەرۆكایەتی ئەم حزبەی كردووە.
ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە سەركردە دامەزرێنەرەكان، لە یەكێتی جیابووەوەو بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، ئەمە گەورەترین جیابونەوە بوو لە مێژووی یەكێتیدا، گۆڕان لە یەكەمین هەڵبژاردندا دوای دروستبوونی، بەسەر یەكێتیدا سەركەوت، ئەمە پێگەی یەكێتی لە زۆنی سەوز لاوازكرد.
لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە، ماوەی دوو ساڵ یەكێتی لەناو كێشەو ململانێی ناوخۆیدا بوو، دەسەڵات لەنێوان جەمسەرەكانی حزبدا دابەش بوو، بەجۆرێك وەفدە بیانییەكان كە سەردانی سلێمانیان دەكرد، بۆ زانینی بۆچوونی یەكێتی دەبوو چەندین كۆبونەوەی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەدا بكەن.
كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019، یەكێتی یەكەمین كۆنگرەی خۆی لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەیەكەوە بەست، ئەم كۆنگرەیە كە (چوارەمین) كۆنگرە بوو لە مێژووی یەكێتیدا، كۆتایی بە دەستڕۆیشتووی كاستی كۆنی دەسەڵاتداری حزب هێنا (مەكتەب سیاسی كۆنەكان)، جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستی ماڵبانی تاڵەبانی بە هەردوو لقەكەیەوە (كوڕانی تاڵەبانیو كوڕانی شێخ جەنگی) توندكرد، یەكێتی لە حزبێكی سۆسیال دیموكراتەوە كرد بە حزبێكی بنەماڵەیی، بۆ راگرتنی پارسەنگ لەناو ماڵباتی تاڵەبانی وەكو براوەی كۆنگرە، لە شوباتی 2020 سیستمی "هاوسەرۆكایەتی" چەسپێندرا، لەرێگەی سەركردایەتی هەڵبژێدراوی كۆنگرەوە (لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی) وەكو هاوسەرۆكی حزب هەڵبژێردران، سیستمی هاوسەرۆكایەتی بۆ یەكێتی تەنیا ماوەی ساڵێكو پێنج مانگی خایاند، لە سەرەتاكانی تەموزی ئەمساڵدا ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكان یان راستتر "ئامۆزاكان" تەقییەوە، یەكێكیان ئەوەی تری تۆمەتبار كرد بە "ژەهرخواردكردن"، ئەوی تریش باسی "كودەتا" دەكات، ناكۆكییەكە تائێستا بەردەوامە، ئەگەری پەنابردن بۆ هێزی چەكدار لە هەموو كاتێك زیاتر ئامادەیە، یەكێتی بەم دۆخە شێواوەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە.
خاڵی لاوازەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن:
• لەكاتێكدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە كە حزب لەنێوان دوو هاوسەرۆكدا دابەشبووە، لاهور شێخ جەنگی كە كاریگەری بەهێزتری لەڕووی جەماوەرییەوە هەبوو، لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن دورخراوەتەوەو ئەگەری ئەوەش لەئارادایە لە دواین ساتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا پاڵپشتی خۆی بۆ هەندێك كاندیدی دیاریكراو رابگەیەنێت.
• ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان، نەك تەنیا بنكە جەماوەرییە گەورەكەی یەكێتی نیگەرانو بێئومێد كردووە، كاریگەری لەسەر بنكە جەماوەرییە چەسپاوەكەشی (هێزە ئەمنییەكان، پێشمەرگە دێرینەكان، كەسوكاری شەهیدان) دروستكردووە.
• بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كردووە، بزوتنەوەی گۆڕان خۆی لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە بەردەوام لەڕووی جەماوەرییەوە لە پاشەكشێدایەو چیتر ئەو گۆڕانە نییە كە نەوشیروان مستەفا رێبەرایەتی دەكردو یەكێتییەكان خەونی یەكگرتنەوەیان هەبوو لەگەڵیدا، كاتەكە بۆ یەكێتی دەرنگ كەوتووەو گۆڕان توانای هەستانەوەو شاردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە.
• گوتاری یەكێتی بۆ هەڵبژاردن زیاتر لە پرسی "یەكڕیزی" كورد لە بەغداد چڕبوەتەوە، ئەم دروشمە نوێ نییەو چەندین هەڵبژاردنی تر بەرزكراوەتەوە، كاریگەری ئەرێنی لەسەر دەنگدەران نییە، بەتایبەتیش كە زۆنی دەنگدەران بۆ یەكێتی پارێزگای سلێمانییەو دەنگدەرانی سلێمانی دروشمی یەكڕیزییان تێپەڕاندووە، یەكێتی لەكاتێكدا بانگەواز بۆ یەكڕیزی كورد دەكات لە بەغداد، لەناوخۆی حزبەكەیدا یەكڕیزی تێكچووە.
• یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هاوبەشی سەرەكی پارتین لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، بەرپرسیارێتی هەموو ئەو قەیرانانەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە لەدوای هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان دروستبوون، بەدیاریكراویش هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی قەیرانی "لێبڕینی موچە" لە ناوچەیەك كە ناوچەی گەرمی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەكانە (سلێمانی).
• لەدوای مەرگی جەلال تاڵەبانییەوە، یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی هاوشێوەی فۆرمەكەی پارتی هەنگاو دەنێت، بەتایبەتیش لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزو یەكلابونەوەی حزبەكە بۆ كوڕانی تاڵەبانی.
• ناڕۆشتنی سیاسەتو بڕیاری یەكێتی لە زۆربەی رووداوەكانی سێ ساڵی رابردوو وایكردووە یەكێتی زیاتر وەكو شوێنكەوتەی سیاسەتەكانی پارتی دەربكەوێت.
• تێوەگلانی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە بازرگانی نایاساییو دۆسیەكانی گەندەڵی، تۆمەتباركردنی یەكتر بە قاچاخێتیو سەرانەوەرگرتن لە بازرگانان لەلایەن هاوسەرۆكەكانەوە، بێئومێدی زیاتری لەناو دەنگدەرانی یەكێتیدا دروستكردووە.
• پاشەكشێی بەردەوامی زۆنی سەوز لەڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە، لەكاتێكدا یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە.
• چڕبوونەوەی كێبركێی هەڵبژاردنی لایەنەكان لە زۆنی سەوزدا، بەجۆرێك جگە لە كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەیەوێت لەم زۆنەدا هەر پێنج كاندیدەكەی بۆ پەرلەمانی عێراق سەربخات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا چاوەڕوانی ئەوە دەكات بنكەی جەماوەریی یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی ناكۆكی هاوسەرۆكەكانەوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن.
• بەهێزترین كاندیدە سەربەخۆكان بۆ پەرلەمانی عێراق لە زۆنی سەوز خۆیان كاندید كردووە، لەبەرامبەردا بەشێكی زۆری كاندیدەكانی یەكێتی بۆ نەك بۆ دەنگدەران بە گشتی، بۆ بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتی خۆشی خەڵكانی ناسراو نین.
خاڵە بەهێزەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن:
• هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، ئەمە دەكرێت كاریگەری گەورە لەسەر دەنگدەران دابنێت.
• بەهێزی سەرچاوەی دارایی یەكێتی بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی خۆی.
• سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی، هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و پەیكەری رێكخستنی خۆیەتی.
• ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیەو لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكرێت.
• نەبوونی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا چانسێكی بەهێزە بۆ یەكێتی بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەختەش بەبێ بوونی بەدیلێكی ئامادە لە زۆنی خۆی تێپەڕێنێت.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن لە عێراقو پێشبینییەكان بۆ زۆری ئاستی بایكۆت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا هەردووكیان خزمەت بە یەكێتی دەكەن، بەتایبەت لە كاتێكدا یەكێتی دەیەوێت ئەندامو لایەنگرانو هێزە ئەمنییەكانی ناچار بكات بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
هەڵبژاردنو كاریگەیی
تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە:
• تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە.
• دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا.
• نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات.
• لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە.