بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق سكاڵا تۆماردەكات
2021-09-27 15:22:00
(درەو):
گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەناو بانكی قەزای سەیدسادق بڵاوبوەتەوە، چەند كارمەندێك لەكاتی وەرگرتنی موچەی كارمەندانی تەندروستی، فەردەیەك پارەی موچە خۆران بەسەر دەرگای بانكدا دەبەنە دەرەوە.
ئەو كەسانەی كە موچەی فەرمانبەرەكانیان لە فەردەیەكدا وەرگرتووە، دەڵێن بانك دەرگای داخستووەو ناچارن بەسەر دەرگادا پارەكە بگوازنەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، بەڵێن ئەحمەد بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق رایگەیاند، ئەو رووداوە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە رویداوە، كە موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشكراوە، ئێمە لە بانك دەرگایەكی سەرەكیمان هەیە، هەموو ئەوانەی كە سەردانی بانك دەكەن ئەو دەرگا سەرەكییە بەكاردەهێنن.
بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق وتی:" ئەو دەرگایەی كە لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەركەوتووە، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆناوە داخراوە، ئەم بەڕێزانە لە دەرگا سەرەكییە ئاساییەكەوە هاتونەتە ژورەوە، بەڵام بۆ چونە دەرەوە بە ئەنقەستو بۆ تۆماركردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییە چونەتە دەرگا لاوەكییەكەو بەسەر ئەو دەرگایەدا چونەتە دەرەوە لەكاتێكدا دەرگای سەرەكی كراوە بووە".
بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئاماژەی بەوەكرد" ئەو كەسانەی كە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەكەون، كارمەندی تەندروستین، یەكێكیان ئەندامی كۆمیتەی یەكێتییە، بەهۆی ئەوەی من سەربە بزوتنەوەی گۆڕانم، ئەو كەسانە بە ئەنقەست ئەم بابەتەیان دروستكردووەو كۆمیتەی یەكێتی ئەمە یەكەمجار نییە ئەم جۆرە كارانە لەدژی من دەكەن، ئەمە بەرەنجامی هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتیو گۆڕانە؟!".
بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق دەڵێی گرتەی ڤیدیۆیی ئەو كەسانە لە كامێرای چاودێری بانك تۆماركراوەو ئەوانە بەئەنقەست ئەو گرتەیان تۆماركردووەو ناردویانە بۆ وەزارەتی داراییو لایەنە پەیوەندیدارەكان گوایە دەرگای بانك داخراوە.
ئەو كەسانەی كە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەركەوتوون، سێ كارمەندی نەخۆشخانەی "شەهید شەوكەت"ن لە سەیدسادق بەناوەكانی (بیلال محەمەد عەبدوڵا- شڤان ئەكرەم عەزیز- ئەركان عەبدوڵا محەمەد)، بەڕێوەبەری بانكی سەیدسادق لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سكاڵای لەسەر تۆماركردوون.