خاڵی هێزو لاوازی حزبەكان بۆ هەڵبژاردن ... پارتی دەبێتەوە بە هێزی یەكەم ؟
2021-09-29 13:28:55
راپۆرت: درەو
بەشی یەكەم:
تەنیا 11 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە:
• تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمو سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە.
• دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێمو موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا.
• نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیاو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترنو دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات.
• لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەنو كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن.
• سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوەو شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە.
(درەو) بە زنجیرە راپۆرتێك رۆژانە خاڵی بەهێزو لاوازی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بڵاودەكاتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنترین پارتی سیاسییە سەر گۆڕەپانی ئێستای هەرێمی كوردستانە، لەسەر دەستی (مستەفا بارزانی) لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بارزانی باوك تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 1979دا، سەرۆكایەتی پارتەكەی كردووە، واتە ماوەی (33) ساڵ، لەدوای خۆشی ماوەی (42) ساڵە مەسعود بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات.
لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە (2018) بەڕێوەچووە، پارتی لە كۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق، بەتەنیا خۆی (25) كورسی بەدەستهێناو بوو بە گەورەترین حزبی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەكان.
پارتی بەم كورسییانەوە چووە ناو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە شیعەكانو لە حكومەتی عادل عەبدولمەهدیدا پۆستەكانی (وەزیری دارایی- فوئاد حسێن)و (وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن- بەنگین رێكانی) وەرگرت، ئەمە جگە لە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (بەشیر حەداد)، لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماریش كێبركێی كرد، بەڵاك كاندیدەكەی كە (فوئاد حسێن) بوو، لەبەرامبەر كاندیدی یەكێتی كە (بەرهەم ساڵح) بوو، شكستی هێنا.
لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی تشرینی 2019، كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق بە سەرۆكایەتی (مستەفا كازمی) پێكهێنرا، لەم كابینە نوێیەدا پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق لە پارتی سەندرایەوەو لەبری ئەوەی پارتی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی وەرگرتو فوئاد حسێن پۆستەكەی پڕكردەوە، پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنیشی لەدەستدا.
پارتی سەرباری ئەوەی بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن گەورەترین حزبی سیاسی عێراق بوو، پشكی لەناو كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا كەمی كرد، بەڵام لەناوخۆی هەرێمی كوردستان ئێستا لە بەهێزترین دۆخی خۆیدایەو پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی حكومەتی هەرێمو زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستەوەیە، سەرباری ئەمە جڵەوەی هێزی سەربازیو دەزگا ئەمنییەكانو پەیوەندییەكانی دەرەوەو ئابوری هەرێمی بەدەستەوەیە كە بەپلەی یەكەم دۆسیەی (نەوت)ە.
خاڵە لاوازەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن:
• بەشێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی 45%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، رێژەی 75%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی بەدەستەوەیە، ئەمە وایكردووە زۆرینەی بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی پارتیدا بێت، ئەمە ئەگەر خاڵی هێز بێت بۆ پارتی، دەكرێت هاوكات ببێت بە خاڵی لاوازی پارتی لەبەردەم دەنگدەرانداو بەرپرسیارێتی پاشەكشێی دۆخی ئابوریو خزمەتگوزارییەكانی سێ ساڵی رابردووی پێدا هەڵبواسرێت.
• لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، حكومەتی هەرێم جارێكی تر كەوتەوە ناو قەیرانی داراییو كابینەی مەسرور بارزانی ئەمجاریان لەبری "پاشەكەوت"كردنی موچە، "لێبڕین"ی موچەی داهێنا، لێبرین بەواتای ئەوەی ئەو پارانەی فەرمانبەران قەرز نین لەسەر شانی حكومەتو رۆژێك لە رۆژان بۆیان ناگەڕێندرێتەوە، مەسرور بارزانی ئەم پارانە كردووە بە قەرز لەسەر شانی حكومەتی عێراق، ئەمە یەكێكە لەو بابەتانەی كە دەكرێت كاریگەری لەسەر پێگەی جەماوەریی پارتی هەبێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا.
• ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت لەم ساڵانەی دوایدا، كە چەندینجار بووەتە ئامانجی هێرشی گروپە چەكدارییە عێراقییەكانو هەڕەشەی بەردەوامی ئێرانو توركیا لە هەرێمی كوردستانو زیادبوونی دیاردەی تیرۆركردنی چالاكوانانی سیاسی باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمدا.
• سەركوتكردنی ئازادییەكانو گرتنو حوكمدانی چالاكوانانی سیاسی لەسنوری هەولێرو دهۆك كە كاردانەوەی باڵیۆزخانەو رێكخراوە جیهانییەكانی بواری مافەكانی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێنا.
• ماوەی (11 ساڵ)ە پارتی كۆنگرەی خۆی نەبەستووە، كۆنگرەی (چواردەیەم) ماوەی نزیكەی (7 ساڵ) لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەم كۆنگرەیە بڕیاربوو بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام پارتی كۆنگرەكەی بۆ دوای هەڵبژاردن دواخست، نوێ نەكردنەوەی پەیكەری حزب، دەكرێت كاریگەری نەرێنی لەسەر بنكەی جەماوەری حزب هەبێت، بەتایبەتی كە كۆنگرەی چوارەم بۆ پارتی كۆنگرەیەكی چارەنوسسازەو پێگەی ئامۆزاكان (مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی) بۆ قۆناغی دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی دیاری دەكات، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات كە لەناو پارتییەوە باس لەوە دەكرێت نێچیرڤان بارزانی لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراقدا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، جوڵاندنی ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە رووداوەكانی ناو كۆنگرەی چواردەی پارتیو سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەناو كوڕانی بنەماڵەی بارزانیدا.
• ئەم ساڵانەی دوایی ژمارەیەك بەرچاو خەڵك لە ریزی پارتە سیاسییەكانی ترەوە پەیوەندییان بە پارتییەوە كردووە، پارتی بەشێكی زۆری ئەم خەڵكە نوێیانەی لە پێگەی حزبیو حكومی داناوە لەكاتێكدا مێژوویان لەناو حزبەكەدا نییە، ئەمە جۆرێك لە ناڕەزایەتی لەناو پارتییەكاندا دروستكردووە، بەتایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت بە پلەی حزبیدا سەركەون بۆ پۆستە حزبیو حكومییەكانو ساڵانێكی زۆری تەمەنیان بۆ بڕینی ئەم پلە حزبییانە بەسەربردووە.
خاڵە بەهێزەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن:
• هێشتا پارتی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای پارتییە.
• سەرەڕای شكستهێنانی ریفراندۆم، بەڵام هێشتا ئاڵای نەتەوەیی لە باشووری كوردستان بەدەست پارتییەوەیە، ئەمە ئەگەر لای سیاسەتمەداران بۆچونێكی ناڕاستیش بێت، بەڵام لای دەنگدەران وا كەوتووەتەوەو نەیارەكانی پارتی نەیانتوانیوە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، بەتایبەتیش لە كاتێكدا پارتی توانیویەتی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شكستی ریفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی و بە "خیانەتكار" لەقەڵەمیان بدات.
• پارتی هێزێكی سەنتراڵە و رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، دەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
• خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانیەتی، بەتایبەتی ئەوەی كە نەیارەكانی پارتی شەڕی دەنگەكانیان خستوەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی و تاڕادەیەك هەولێر و دهۆكیان بۆ پارتی چۆڵكردووە.
• تەقینەوەی كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (دوو ئامۆزاكە)، پێگەی پارتی بەهێزتر كردووە، لاهور شێخ جەنگی كە چەەند ساڵی دوایی سەركردایەتی بەرەی دژ بە پارتی دەكرد، لە پێگەكەی درا، ئەمە كەوتنی دواین ركابەری بەهێزی پارتی بوو لەسەر گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان.
• لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، سلێمانی خاڵی لاوازی پێگەی جەماوەریی پارتی بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی لاوازبوونی یەكێتییەوە، وردە وردە پێگەی جەماوەری پارتی لە سنورەكە بەهێز دەبێت، بەجۆرێك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پارتی چاوی لەوەیە لە سنوری هەڵەبجەو گەرمیان دوو كورسی پەرلەمانی عێراق بباتەوە.