قەدەغەكراوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن
2021-09-23 12:20:11
(درەو):
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكان لە عێراق:
• بانگەشەی هەڵبژاردن ئازادەو مافێكی گەرەنتیكراوە بۆ هەموو كاندیدەكانو بانگەشە لەدوای پەسەندكردنی لیستی كاندیدەكانەوە دەستپێدەكاتو 24 كاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدان كۆتایی دێت.
• بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرجۆرە باجێك بەخشراوە.
• شارەوانی پارێزگاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەو شوێنانە دیاری دەكەن كە بانگەشەی هەڵبژاردن تێیاندا قەدەغەیە.
• دانانی پۆستەر یان بەرنامە یاخود وێنەی كاندیدەكان لەناو بنكەو وێستگەكانی دەنگدان قەدەغەیە.
• ئەو پارتە سیاسیو لیستە كراوەو كاندیدانەی كە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، دەبێت دوای هەڵبژاردن پۆستەرەكانیان لە شوێنە گشتییەكان كۆبكەنەوە.
• قۆستنەوەی بینای وەزارەتو دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەتو شوێنی پەرەستش بۆ بانگەشەو هەر جۆرە چالاكییەكی هەڵبژاردنی قەوارە سیاسییەكانو كاندیدەكان، قەدەغەیە.
• بەكارهێنانی دروشمی فەرمی دەوڵەت لە كۆبونەوە، ریكلامەكان، بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن، نوسینو وێنەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، قەدەغەیە.
• فەرمانبەری فەرمانگەكانی دەوڵەتو دەسەڵاتە خۆجێییەكان رێگەپێدراو نین هەژموونی وەزیفی یاخود تواناو ئامزازو ئامێرەكانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان هەر كاندیدێك بەكاربهێنن بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەریی لەسەر دەنگدەران، بە دەزگا ئەمنیو سەربازییەكانیشەوە.
• هەر جۆرێك لە جۆركانی فشارو زۆرلێكردن یاخود پێدانی دەستكەوتی ماددیو مەعنەویو پێدانی بەڵێن بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، قەدەغەیە.
• بەكارهێنانی سامانی گشتی، بودجەی وەزارەتەكان، پارەی وەقفەكان یاخو هەر پاڵپشتییەكی دارایی دەرەكی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە.
• هیچ كاندیدێك بۆی نییە رۆژی دەنگدان بەرنامەی كار یاخود بڵاوكراوەو كارتی خۆی یان هەر شتێكی تر، لەرێگەی خۆی یان كەسانی ترەوە، دابەش بكات.
• هیچ كارمەندێكی فەرمانگەكانی دەوڵەت یان ئەندامانی دەسەڵاتە خۆجێییەكان بۆیان نییە لە رۆژی دەنگداندا بەرنامە كار دابەش بكەن، ئیتر چ لەڕێگەی خۆیانەوە بێت یان كەسانی تر.
• دانانی ریكلام یان دابەشكردنی بەرنامەی كارو بڵاوكراوەو كارتی دەنگدانی كاندیدێك كە ناوی لە لیستی كاندیدە پەسەندكراوەكانی كۆمسیۆندا نەبێت، قەدەغەیە.