راپرسیەك : پارتی 26 كورسی، هاوپەیمانی 16 كورسی، نەوەی نوێ 9 كورسی
2021-09-23 15:25:49
راپۆرت: درەو
بەپێی راپرسییەك كە رێكخراوێكی بیانی بۆ (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)ی كردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كە 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پارتی 26 كورسی، هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتیو گۆڕان 16 كورسیو نەوەی نوێ (9) كورسی بەدەستدەهێنن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا:
حزبەكان بە نهێنی راپرسی دەكەن
كەمتر لە (20) رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەنهێنی دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی راپرسی بۆ ئەوەی سەنگو قورسایی خۆیان لە هەڵبژاردنەكەدا بزانن.
لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەی گەورەی تایبەت بە ئەنجامدانی راپرسی نییە، بۆیە حزبەكان پەنا بۆ دامەزراوە بیانییەكان بەتایبەتی ئەمریكیو بەریتانییەكان دەبەن، ئەنجامی ئەم راپرسییانە هەر چۆنێك بن، لەچوارچێوەی ژوری داخراوی حزبەكاندا دەمێننەوە، لەكاتی پێویستداو بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران، هەندێكجار حزبەكان دزە بە راپرسییەكانی خۆیان دەكەن.
راپرسییەكەی نەوەی نوێ
رێكخراوێكی بیانی راپرسییەكی تایبەتو نهێنی بۆ جوڵانەوەی (نەوەی نوێ) ئەنجامداوەو (درەو) ئەنجامی راپرسییەكەی دەستكەوتووە.
ئەم راپرسییە لەماوەی نێوان 1/9/2021 بۆ 10/9/2012 ئەنجامدراوە، واتە سامپڵەكانی لەم كاتەدا وەرگیراوە، سنوری راپرسییەكە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، كەركوك، دهۆك، خانەقینو جەلەولا، كەمپی ئاوارەكان)ی گرتوەتەوە.
(6 هەزارو 338) كەس وەكو سامپڵ بۆ ئەم راپرسییە وەرگیراوە، رێژەی بەشداری لە راپرسییەكەدا (73%) بووە، سامپڵەكان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراوە:
• سلێمانی: 1843سامپڵ، بەرێژەی 29%
• هەولێر: 1475 سامپڵ، بەرێژەی 23.4%
• دهۆك: 1004سامپڵ، بەرێژەی 15.8%
• كەركوك: 1179 سامپڵ، بەرێژەی 18.6%
• خانەقین و جەلەولا: 366 سامپڵ، بەرێژەی 5.8%
• ئاوارەو ناوچەكانی سەر بە نەینەوا: 471 سامپڵ، بەرێژەی 7.4%
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە، رێژەی دەنگی لایەنەكان لەسەر ئاستی چوار پارێزگای هەرێم (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە) بەمشێوەیە بووە:
• كۆی دەنگەكانی لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم: 4322 سامپڵ
- پارتی: 1472 دەنگ = 34%
- نەوەی نوێ: 1382 دەنگ = 32%
- هاوپەیمانی: 969 دەنگ = 22,5%
- كۆمەڵ: 162 دەنگ = 4%
- یەكگرتوو: 235 دەنگ = 5,5%
- لایەنی تر: 102 دەنگ = 2%
دەنگی لایەنەكان لەسەر ئاستی پارێزكاگان بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ:
یەكەم: هەولێر
• پارتی: 689 دەنگ
• نەوەی نوێ: 502 دەنگ
• هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 176 دەنگ
• كۆمەڵی دادگەریی: 54 دەنگ
• یەكگرتووی ئیسلامی: 36 دەنگ
• سەربەخۆكان: 18 دەنگ
دووەم: سلێمانی
• نەوەی نوێ: 727 دەنگ
• هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 679 دەنگ
• پارتی: 167 دەنگ
• كۆمەڵی دادگەریی: 108 دەنگ
• یەكگرتوو: 94 دەنگ
• سەربەخۆكان: 68 دەنگ
سێیەم: دهۆك
• پارتی: 616
• نەوەی نوێ: 153
• هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 114
• یەكگرتووی ئیسلامی: 105
• لایەنی تر: 16
چوارەم: كەركوك
• هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 679
• نەوەی نوێ: 219
• پارتی: 167
• لایەنی تر: 114
پێنجەم: خانەقینو جەلەولا
• هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 216
• پارتی: 43
• لایەنی تر: 107
پێشبینی كورسییەكانی پارتە سیاسییەكان بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ
یەكەم: لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان
ئەو رێكخراوە بیانییەی راپرسییەكەی بۆ نەوەی نوێ كردووە، بەمشێوەیە پێشبینی ژمارەی كورسییەكانی پارتی كردووە.
• لە پارێزگای هەولێر لە كۆی (14) كورسی، پارتی (9 بۆ 10) كورسی بەدەستدەهێنێت، لە بازنەی یەك (3) كورسی، لە هەر یەكێك لە بازنەكانی (2،3،4) پارتی (2) كورسی بەدەستدەهێنێت، پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای هەولێر (8) كورسی بەدەستهێنابوو.
• لە پارێزگای دهۆكیش بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ، لەكۆی (11) كورسی، پارتی (9 بۆ 10) كورسی بەدەستدەهێنێت، لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای دهۆك پارتی (10) كورسی بەدەستهێنابوو.
• راپرسییەكەی نەوەی نوێ دەڵێ، پارتی لە سلێمانی (1 بۆ 2) كورسیو لە كەركوك (1) كورسیو لە موسڵیش (4 بۆ 5) كورسی بەدەستدەهێنێت.
واتە بەگوێرەی راپرسییەكە، لەكۆی پارێزگاكانی هەرێمو عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ كورسی كۆتاكان (25 بۆ 26) كورسی بەدەستدەهێنێت.
دووەم: هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی+ گۆڕان)
راپرسییەكەی نەوەی نوێ باسلەوە دەكات رێكخراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە یەكێتی بارودۆخی ناوخۆیی خراپەو ئەم دۆخە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دەنگدەرانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەكێتی لەئێستادا هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی سفر كردووەتەوەو زیانی لە جەماوەری ئەو هێزە داوە، سەرباری ئەمە باسی لەوەكردووە" بەهۆی لاوازی ركابەرەكانیەوە، یەكێتی بەشێك لە كورسییەكانی سلێمانی بۆخۆی دەبات، بەتایبەت دوای هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕانو لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمەڵو یەكگرتوو، لە هەندێك بازنە ئەوان كاندیدیان نیەو نەوەی نوێش لەهەر بازنەیەك یەك كاندیدی هەیە، ئەگەر سەرجەم كاندیدەكانیشی دەربچن ئەوا (5) كاندیدی سەردەكەوێت.
• بەپێی پێشبینی ئەو رێكخراوەی راپرسییەكەی بۆ نەوەی نوێ كردووە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی (10 بۆ 11) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەم ژمارەیە یەكێتی (9 بۆ 10) كورسیو بزوتنەوەی گۆڕانیش (1) كورسی دەبات.
• بەپێی پێشبینی رێكخراوەكە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای كەركوك (4) كورسیو لە هەولێر (1) كورسیو لە دیالە (1) كورسیو لە سەڵاحەدین (1) كورسی دەبات.
واتە بەگوێرەی راپرسییەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی+ گۆڕان) بۆ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بەتێكڕا لەنێوان (16 بۆ 18) كورسی بەدەستدەهێنێت.
سێیەم: نەوەی نوێ
رێكخراوە بیانییەكە، جوڵانەوەی نەوەی بە هێزی "سێیەم" لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ناودەبات، چونكە پێشبینی دەكات ئەم جوڵانەوەیە لە هەڵبژاردندا ژمارەی كورسییەكانی بەمشێوەیە بێت:
• لە پارێزگای سلێمانی (5) كورسی مسۆگەر دەكات.
• لە پارێزگای هەولێر (3 بۆ 4) كورسی مسۆگەر دەكات.
• لە پارێزگای كەركوك (1) كورسی مسۆگەر دەكات.
• لە پارێزگای دهۆك (1 بۆ 2) كورسی مسۆگەر دەكات.
واتە بەگوێرەی راپرسییەكە، كۆی ئەو كورسیانەی كە نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستیان دەهێنێت، لە كەمترین ئاستدا (9) كورسیو لەبەرزترین ئاستدا (14) كورسی.
چوارەم: كۆمەڵی دادگەریی
بەپێی پێشبینی ئەو رێكخراوە بیانییە، كۆمەڵی دادگەریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا (2 بۆ 3) كورسی بەدەستدەهێنێت، (2) كورسی لە پارێزگای سلێمانی (راپەڕینو هەڵەبجە)و كورسیەك لە پارێزگای هەولێر.
پێنجەم: یەكگرتووی ئیسلامی
یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا كە كاندیدەكانی بەناوی "سەربەخۆ"وە بەشداریان پێكراوە، بەپێی راپرسییەكەی نەوەی نوێ، لە نزمترین ئاستدا (1) كورسیو لە باشترین حاڵیشدا (2) كورسی بەدەستدەهێنێت لە هەڵەبجەو لە دهۆك.
كۆی گشتی كورسی لایەنەكان بەپێی راپرسییەكە:
لە سێ پارێزگاكەی هەرێم كورد (44) كورسی هەیە، (6 بۆ 7) كورسی كەركوكو (2) كورسی دیالەو (1) كورسی سەلاحەدین (دوزخورماتوو) لەگەڵ (5) كورسی پارێزگای نەینەوا، كە كۆی گشتی كورسییەكانی كورد دەكاتە (58) كورسیو (2) كورسی كۆتایی مەسیحییەكان.
پێشبینی ئەنجامی كۆتایی
راپرسییەكەی نەوەی نوێ پێشبینی دەكات، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بێت:
• پارتی: 25 - 26 كورسی
• هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان: 16- 18 كورسی
• نەوەی نوێ: 9 - 14 كورسی
• كۆمەڵ: 1- 3 كورسی
• یەكگرتو: 1-2 كورسی
• 3 كورسی دەمێنێتەوە بۆ سەربەخۆكانو زیادیو كەمی دەنگی لایەنەكان.
راپرسییەكەی یەكێتی !
(درەو) بەدواداچونی كرد بۆ ئەو لایەنانەی تر كە بەشێوەی نهێنی راپرسییان كردووە، سەرچاوەیەك لە یەكێتی پێی راگەیاندین، یەكێتی لەڕێگەی رێكخراوێكی بیانییەوە راپرسی ئەنجامداوەو ئەنجامەكەی نزیكە لە ئەنجامی ئەو راپرسییەی كە نەوەی نوێ كردویەتی.