ھەڵبژاردن وەک جەوھەری دەسەڵات

Draw Media

2021-09-26 16:32:43



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

فەیلەسوفی فەرەنسیی، میشێل فوکۆ، بەوشێوەیە سەیری دەسەڵاتی نەدەکرد کە لە زانستە سیاسییەکاندا سەیریدەکرێت. کاتێک لە زانستە سیاسییەکاندا باس لە دەسەڵات دەکرێت، سەیری چۆنیەتی کارکردنی سیاسەت لەژینگە ناوچەیی و تایبەتییەکەی خۆیدا دەکرێت. بۆ نموونە سەیری چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، چۆنیەتی ئیشکردنی پارتە سیاسییەکان، شێوازی ئیشکردنی پەرلەمان و حکومەت و دەزگاکانی حوکمڕانیی، گوفتار و ڕەفتاری بکەرە سیاسییەکان، دەکرێت. 
فوکۆ پێیوابوو لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا ڕووبەرێکی گەورەی دەسەڵات ھەیە، لە دەرەوەی ئەو شتانەدا کە زانستە سیاسییەکان باسیدەکەن. لەو شوێنانەدا فۆرمی تری دەسەڵات ئامادەیە، بە ئەندازەی ئەو فۆرمانەی دەسەڵات گرنگن کە لەناو حیزب و پەرلەمان و حکومەت و ھەڵبژاردنەکاندا کاردەکەن. بۆ نموونە فوکۆ سەیری چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵاتی لەناو سیستمی زینداندا دەکرد، سیستمی زیندان وەک سیستمی سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوەی تاکەکەس و ھەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ و دەستەمۆکردنی. ھەروەھا سەیری چۆنیەتی کاکردنی دەسەڵاتی دەکرد لەناو سیستمی تەندروستیدا، بەتایبەتی لەناو تەندروستیی دەرونیی و عەقڵی تاکەکەسەکاندا. فوکۆ لێرەدا سەیری دەسەڵاتی پزیشکیی دەکرد چۆن دەتوانێت کەسێک بە ”نەخۆش“ی دەرونی بناسێنێت و جیایبکاتەوە لە کەسێک کە گوایە ”ساغە“ و ”بیمار“ نییە. جیاکردنەوەی کەسی بیمار لە نابیمار و شێت لە ساغ ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵات کە زانستیی دەرونناسیی و پزیشکەکانی ئەو بوارە بەدەستیدەھێنن. دەسەڵاتی پزیشکێک دەتوانێت کەسێک بە ”شێت“ یان ”دێوانە“ یان ”نەخۆشی دەرونیی“ ناوببات و بەمەش کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی ئەو کەسە بەجێبھێڵێت. ھەروەھا فوکۆ لەناو خودی زانستەکانیشدا بەدوای شێوازی تایبەتی دەسەڵات و میکانیزمی تایبەتی ئیشکردنی دەسەڵاتدا دەگەڕا، لەوێدا سەیری ئەوەی دەکرد چۆن لەناو زانستدا ”ھەقیقەت“ بەرھەمدەھێنرێت و چۆن فۆرمی جیاوازی”ھەڵە“ یان ”ناھەقیقەت“ یان ”نازانست“ لەپاڵ ئەو ھەقیقەتەدا بەرھەمدێت. بەمەش زانست دەسەڵاتێکی گەورە بەخۆی دەبەخشێت. 

ئەوەی سەیری دۆخی ئەمڕۆکەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێم و عێراقدا بکات، ئەو ڕاستییە سادەیەی بۆ دەردەکەوێت، ئەم کۆمەڵگایە چەندە پێویستیی بە دەرکەوتە ھەرە سەرەتاییەکانی زانستە سیاسییەکانە بۆ لێکدانەوەی ئەوەی ڕۆژانە لەو کۆمەڵگایەدا ڕووئەدات. با لێرەدا لە سێ دەرەکەوتی ڕۆژانەی ئەو دۆخە ڕابمێنین: 

 یەکەم: ئەوڕاستییە سادەیەی کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵک ئاشکرایە، مەگەر تەنھا بۆ ئەم یان ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر نەبێت، ئەوەیە کە زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی ھەرێم و خەڵکی عێراق کەمترین باوەڕیان نە بەھێزە سیاسییەکان ماوە، نە بە ھەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بۆ ڕێکخستن و داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان، نە بە توانا و ویستی ئەم ھێزانە بۆ پیادەکردنی لانی ھەرەکەمی چاکسازییکردن. ھەندێک لە زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوەدەکەن تەنھا ١٨ لە سەدی خەڵکی ھەرێم ئامادەن لەم ھەڵبژاردنەدا بەشدارببن و  دەنگبدەن.  لە عێراقدا دۆخکە بە ڕادەیەک وێرانە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندوە حکومەتی عێراقی بڕە پارەیەک ئەداتە ئەو ھاوڵاتیانەی دەچن کارتە ئەلکترۆنیەکانی دەنگدان وەردەگرن و بەشداردەبن لە ھەڵبژاردندا. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە خەڵک ھەم گاڵتەیان بە حیزبە سیاسییەکان و ھەم گاڵتەیان بە ھەڵبژاردنەکان دێت، کەچی چەندان نووسەر و چالاکەوان و ڕۆشنبیر ھەن لەوە ناکەون باس لە خورافەتی گەورەی بوونی ملیۆنان ھەواداری دڵسۆزی پارتی و یەکێتی بکەن و واینیشانبدەن دانیشتوانی ھەرێم بەدوای بەرپرس و سەرۆکەکانی ئەو ھێزانەدا ڕادەکەن.  بەم کارەش درێژە بەو پڕوپاگەندە ناشیرینە بدەن کە پارتی و یەکێتی بۆ پێگە جەماوەرییەکەی خۆیان، دەیکەن.  

دووھەم: ھێزە سیاسییە سەرەکییەکانی ھەرێم، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، شەرم لەوە ناکەن یەکتری بە ئەنجامدانی تەزویری گەورە و سیستماتیک تاوانباربکەن و بەمەش ھەر خۆیان، بەر لە ھەر کەسێکی تر، ھیچ نرخێک بۆ ھیچ ھەڵبژاردنێک نەھێڵنەوە. عارف تەیفوری پارتی باس لەوەدەکات یەکێتی لەناوچەی سلێمانی خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ تەزویر و میدیای یەکێتیش نەک تەنھا عارف تەیفور، بەڵکو خودی پارتی خۆشی بە ھێزێکی تەزویرچی ناودەبات و باس لەوەدەکات ”تەزویر“ نازناوی پارتییە. 

سێھەم: قسەکردنی بەرپرس و چالاکەوانەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر یەکتری دەریدەخات چۆن پەلاماردان و ھێرشکردنە سەریەکتری، شوێنی بەرنامە و پلانی کارکردن و بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی گرتۆتەوە و بەم کارەشیان، دیسانەوە خۆیان بەر لە ھەر کەسێکی تر، ھیچ مانایەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بوونی پەرلەمان ناھێڵنەوە. قوباد تاڵەبانی، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، بە بەرچاویەوە چەندان ڕۆژنامەنووس و چالاکەوان لە بادنیان دەگێرین، بەبێ ئەوەی وشەیەک لە دەمی بێتەدەرەوە. کەچی لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکەیدا دھۆک دەکات بە زیندان و دەڵێت تا ئەو مابێت ناھێڵێت سلێمانی وەک دھۆک ببێت بە زیندان بۆ ڕۆژنامەنوسان. لەولاشەوە یەکێک لە ”ھەورامانی“یەکانی ناو پارتی وەڵای کوڕەکەی تاڵەبانی ئەدەاتەوەو دەڵێت: یەکێتی باوەڕی بە ”  دادگاو دادگایی کردن و زیندان نییە بۆ ڕۆژنامەڤان، بەڵکو بێ دادگایی شەهیدیان دەکەن، ئینجا ئەگەر لەگەرمیان بێت و لەباوەشی دایکی بێت،یان لەسلێمانی بێت و کۆرپەکەی لەباوەشیبێت!“
لەبەردەمی دۆخێکی ھەرزان و بێنرخی لەم بابەتەدا پێویست ناکات مرۆڤ فوکۆناسبێت بۆئەوەی شتێک لەسەر ئەو دۆخە نالەبارە بڵێت. ھەر کۆکرنەوەی ئەوەی بکەرە سیاسییەکان لەسەر یەکتری دەیڵێن نیشانیئەدات کۆمەڵگای ئێمە لە چ وێرانەیەکی سیاسیدا دەژیی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand