Draw Media

خاڵی هێز‌و لاوازی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن

خاڵی هێز‌و لاوازی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن

2021-10-01 10:38:52


راپۆرت: درەو
بەشی سێیەم
فراكسیۆنەكەی لە بەغداد پەیوەندییان دابڕیوە، فراكسیۆنەكەی هەولێریش دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بانگەشە بۆ بزوتنەوەكەیان ناكەن‌و لەبری ئەوەش رەخنە دەگرن، یەكێتی تۆمەتبار كرد بە ساختەكاری‌و ئێستاش هاوپەیمانێتی لەگەڵ كردووە، لە كابینەی هەشتەمدا پارتی دەریكرد، لە كابینەی نۆدا رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد، بزوتنەوەی گۆڕان بەم دۆخەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، (درەو) تا رۆژی هەڵبژاردن لە 10ی ئۆكتۆبەردا، رۆژانە خاڵی هێز‌و لاوازی لایەنە بەشداربووەكان بە زنجیرەیەك راپۆرت بڵاودەكاتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان 
بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی (نەوشیروان مستەفا)، لە یەكەم دەركەوتنیدا 25 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017، نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی (8) ساڵ.
دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە هەڵبژێردراو سەرباری تەواوبوونی وادە یاساییەكەی لە رۆژی 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، هێشتا لە پۆستەكەی بەردەوامە. 
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان (5) كورسی پەرلەمانی بردەوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو لە هەڵبژاردنی 2014دا بزوتنەوەی گۆڕان (9) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە، ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی دەنگ‌و ژمارەی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشێ دەكات، بزوتنەوەكە لەدوای كۆچی نەوشیروان مستەفاوە لە هێزێكی كاریگەرەوە بەرەو هێزێكی ناچالاك هەنگاو دەنێت. 
گۆڕان كە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە، لەیەككاتدا رێككەوتنی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی هەیە. 

خاڵە لاوازەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن:
•    بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری دەركردنی لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە كابینەی نۆیەمدا جارێكی تر رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی كرد‌و بەشداری حكومەتی كردەوە، ئەمە كاریگەری نەرێنی لەسەر دەنگدەرەكانی دروستكرد. 
•    بزوتنەوەی گۆڕان لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2018، یەكێتی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی ساختەكاری گەورە لە سنوری زۆنی سەوز‌و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان لەوكاتەدا گەیشتە ئاستی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی‌و وێنەی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا، دوای سێ ساڵ لەم رووداوانە‌و بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان چوەتە ناو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی‌و پێكەوە بە هاوپەیمانێتییەك بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن بە ناوی "هاوپەیمانی كوردستان". 
•    فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە لەم خولەدا ژمارەیان (پێنج) كەسە‌و یوسف محەمەد سادق سەرۆكایەتی دەكات، پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەكەدا دابڕیوە‌و بەمدواییە لە چەند نامەیەكدا بۆ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، تۆمەتباریان كرد بەوەی مانگانە بڕە پارەیەك لە پارتی وەردەگرێت‌و ئەمە وایكردووە بزوتنەوەكە ببێت بە شوێنكەوتەی سیاسەتەكانی پارتی، ئەم پێنج پەرلەمانتارە هێشتا بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە قسە دەكەن، بەڵام پاڵپشتی بزوتنەوەكەیان ناكەن‌و بەشدار نین لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرباری ئەمەش بەردەوام رەخنە لە ئەدای سیاسی بزوتنەوەكەیان دەگرن. 
•    لەدوای دەستوەردانی رێكخەری گشتی لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە ئەیلولی 2020دا فراكسیۆنەكە دابەش بوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك پابەندە بە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەو بەرەكەی تر دژە‌و بەشداری كۆبونەوە حزبییەكان ناكات، ئەم بەرە نەیارەی رێكخەری گشتی زۆربەیان بەشداری لە كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ناكەن، بەدیاریكراویش پەرلەمانتار (عەلی حەمەساڵح) كە یەكێكە لە دەنگە كاریگەرەكانی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان. 
•    گۆڕان وەكو لایەنێكی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراویش بەهۆی ئەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی بەدەستەوەیە، بەرپرسیارێتی "لێبڕینی موچە"ی فەرمانبەرانی دەكەوێتە ئەستۆ، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بڕیاری "لێبڕین" بە كۆدەنگی لەناو ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراوە. 
•    ئەو دروشمانەی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هێزەكانی دەرەوەی خۆی هەڵیگرتبوو، ئێستا لەناوخۆی خۆیدا كێشەی دروستكردووە، لەوانە پرسی شەفافیەت و ئازادی بیروڕا و سازادانی كۆنگرە لە وادەی خۆی و .. چەندین پرسی تر.
•    پوكانەوەی پەیكەری حزبی بزوتنەوەكە‌و دەستلەكاركێشانەوەی بەردەوامی ئەندام‌و لایەنگرەكانی‌و راگەیاندنی بۆ رایگشتی.
•    نەبوونی میدیایەكی بەهێز‌و كاریگەری هاوشێوەی (KNN) كە لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەكەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێك كاریگەریی بەهێزی لەسەر 
دەنگدەران دروست دەكرد.
•    تێوەگلانی هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو حكومەت‌و حكومەتە خۆجێییەكان لە كاری نایاسایی‌و قاچاخچێتی مەرزەكان‌و گەندەڵی‌و بەهەدەردان، كە دۆسیەی هەندێكیان كەوتەسەر لاپەڕەی میدیا ئەلیكترۆنییەكان.  
•    بزوتنەوەكە لەسەرەتاوە هەڵگری كۆمەڵێك روئیاو دونیابینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، لێكچونەكانی لەگەڵ ئەو هێزانە تۆختر كردوەتەوە، تا ئەو رادەیەی بەلای بەشێكی زۆری دەنگدەرەكانییەوە بووە بە كۆپی ئەو هێزانەی تر.
•     پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی بەتایبەتی سەركەوتن و دەستكەوتە سیاسییەكانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا.
•    دروستبوونی هێزێكی وەكو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كە گوتاری سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕانی هەڵگرتووە، كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی جەماوەری گۆڕان دەبێت.
•    گۆڕان لەكاتێكدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی كردووە، كە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی حزبەكەی دابەشكردووە، ئەمەش جۆرێك لە ئیحراجی بۆ سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و چارەنوسی كاندیدەكانیان لە هەڵبژاردن دروستكردووە.
•    بزوتنەوەكە دەستی لە بیرە سیاسییەكانی پێشتری خۆی هەڵگرتووە‌و زۆربەی دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی تەرخانكردووە بۆ پچڕینی پۆستە حكومی‌و لۆكاڵییەكان، تا ئەو رادەیەی سەرباری كەمپەینی هەڵبژاردن‌و هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی، لە رۆژانی رابردوودا لە وتارێكدا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە گلەیی لە یەكێتی كرد لەبارەی ئەوەی هێشتا هەموو پۆستەكانی ئیدارەی سلێمانیان بۆ گۆڕان پڕنەكردوەتەوە. 
•    گۆڕان كە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، لە یەككاتدا رێككەوتنی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیش هەیە، واتە هێزێكی بەشدارە لە دەسەڵاتدا، ئەمە كاریگەری نەرێنی لەسەر بزوتنەوەكە دەبێت، بەتایبەتیش كە دەنگدەرەكانی سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی بە زەمەنی زێڕینی بزوتنەوەكە تەماشا دەكەن. 

خاڵە بەهێزەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن:
•    ئەوانەی لە ساڵانی رابردوودا رەخنەیان لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە هەبووە‌و جیابونەتەوە، تائێستا نەیانتوانیوە خۆیان لەچوارچێوەی هێز یان رەوتێكی سیاسی نوێدا كۆبكەنەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی بزوتنەوەكە شكاوەتەوە.
•    سەرباری ئەو رەخنە زۆرانەی لێی دەگیرێت، بەڵام بزوتنەوەكە لە دەنگی ناڕەزایەتی پاككراوەتەوە‌و ئەوانەی ماونەتەوە پاڵپشتی سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە دەكەن، ئەمەش جۆرێك لە سەقامگیریی دروستكردووە لەناو ئۆرگانەكاندا. 
•    گۆڕان بە دروشمی "چاكسازی" بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كردووە، سەرباری ئەوەی چاكسازییەكان لەئاستی چاوەڕوانیدا نین، بەڵام لەم كابینەیەدا پەسەندكردنی یاسای چاكسازی لە موچەو موچەی خانەنشینی پلەتایبەتەكان دەكرێت وەكو دەستكەوتێكی سەرەتایی بۆ ئەو بزوتنەوەیە ئەژمار بكرێت، ئەگەر بتوانێت لەڕووی میدیاییەوە دەنگدەرانی پێی قایل بكات. 

هەڵبژاردن‌و كاریگەیی
تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی تر، هێشتا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ساردو سڕە.
بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر، كۆمەڵێك بابەت هەن كە لەدوای كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كاریگەرییان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكە هەروەها لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە، لەوانە: 
•    تێكچونەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم‌و سەپاندنی لێبڕینی موچە بەسەر فەرمانبەراندا لە كابینەی نۆیەمدا كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە.
•    دروستبوونی كێشە بۆ پشكی هەرێم‌و موچەی فەرمانبەران لە بەغداد، كە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی لەرزۆكی تری نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەنددا كێشەیە بۆ ساڵێكی دارایی (2021) چارەسەركرا.
•    نەبوونی كێبركێی بەهێز لەنێوان لایەنەكاندا، پارتی بەتەنیا‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش پێكەوە بە یەك هاوپەیمانێتی چونەتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمانە هەمویان پێكەوە لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاوبەشی یەكترن‌و دەنگدەر وەكو هێزی ركابەری یەكتر تەماشایان ناكات.
•    لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەریی- جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی- بزوتنەوەی ئیسلامی)‌و لایەنەكانی تر، هەریەكەیان بەجیا چونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن‌و نەیانتوانیوە هێزێكی یەكگرتووی بەهێز لەبەرامبەر حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن‌و كاریگەری بەهێز لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست بكەن. 
•    سیستمی نوێی هەڵبژاردن كە لەدوای روخانی سەددامەوە بۆ یەكەمینجارە تاقیدەكرێتەوە‌و شێوەی فرەبازنەیی تەواوەتییە، كاریگەری لەسەر كەمپەینی هەڵبژاردن دروستكردووە، كێبركێی لایەنەكانی لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ناو بازنەكانی هەڵبژاردن بچوككردوەتەوە. 
 

بەشی یەكەم: خاڵی هێز‌و لاوازی  پارتی بۆ هەڵبژاردن  

بەشی دووەم:  خاڵی هێز‌و لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand