Draw Media

ڕکابەری کاندیدی لایەنە کوردییەکان لە پارێزگای کەرکوک

ڕکابەری کاندیدی لایەنە کوردییەکان لە پارێزگای کەرکوک

2021-09-25 15:39:46


 
شیكاری: درەو   

بە پێی پێشبینیەكان، لایەنە كوردیەكان لە كەركوك (6 بۆ7) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنن،یەكێتی سێ كاندیدی سەردەكەوێت هەریەك لە ( ئاڵا تاڵەبانی و شاخەوان عەبدوڵا و ئومێد محەمەد)يش چانسی بەهێزیان هەیە بۆ سەربكەون. 
بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای کەرکوک زیاتر (ملیۆنێک) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە (130) كاندید، ڕکابەری دەکەن،  لە پێناو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا (36) هاوپەیمانی و پارتی سیاسی (74) کاندیدیان هەیەو و (56) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (3) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (12) کورسی، لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەبازنەكانی پارێزگای کەرکوک بە (16) کاندید بەشداری دەکەن کە (11) كاندیدیان پیاوو (5)یان ئافرەتن.

سەرەتا
1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای کەرکوک (12) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2.    لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک (ملیۆنێک و 75 هەزار و 510) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (130) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (12) کورسی دەکەن، (100) کاندیدیان پیاوو (30)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (56) کاندیدی سەربەخۆ و (74) کاندیدی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان.
3.    کورد لە بازنەی (1) (10) کاندیدو بازنەی (2) (5) کاندیدو لە بازنەی (3) (1) کاندیدی هەیە بەجۆرێک؛
-    هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان (یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان) جگە لە "ئاڵا تاڵەبانی" لە بازنەی (1)ی کەرکوک (5) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (2) کاندیدو لە بازنەی (3)ی کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (3)ی کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.
-    نەوەی نوێ لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (1)ی کەرکوک کاندیدی هەیە.
-    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (2)ی کەرکوک (1) کاندیدو لە بازنەی (3)ی کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.
-    حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان تەنها لە بازنەی (1)ی کەرکوک (1) کاندیدی هەیە.
-    یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هیچ کاندیدێکیان لە پارێزگای کەرکوک نیە.
4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان .
5.    ئەگەری ساختەکاری ئەگەر جارێک چاوەڕوانکراوبێت لە پارێزگانی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پارێزگای کەرکوک ئەگەرەکە دەبێتە دوو هێندە. چونکە پارێزگای کەرکوک ناوچەیەکی هەستیارە بۆ کورد و عەرەب لەلایەک، هەوڵی لایەنە کوردییەکانیش بۆ بەدەستهێنانی کورسی و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ هێشتنەوەی پێگەی ئێستای. ئەنجامدانی ساختەکاری ئەگەرێکی بەهێز دەبێت.

بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک
بازنەی (١): رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (دوبز، رەحیماوە، عەرەفە، قۆریە ئەڵماس، موسەڵا، ئسکان، قادسیە، شۆریجە، حوریە، ئاڵتون کۆپری، لەیلان و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛
1.    بازنەی (١)ی پارێزگای کەرکوک گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان.
2.    (35) کاندید لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٥) کورسی بازنەکە دەکەن کە (26) پیاو و (9) ئافرەتن. 
3.    لەو (35) کاندیدە (17) کاندیدیان سەربەخۆو (29)یان سەر بە (10) لە حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکانن.
4.    زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی کوردن، كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی بازنەیەکە بباتەوە، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی کورد (٢١٥ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (١٦) هەزار دەنگ و پێکهاتەی تورکمان (١٠) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کورد (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زۆرینەی دەنگەکانی ئەم زۆنەی بردەوە.
5.    لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە (10) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (١)) 


شیکاری بازنەی (1)
-    ئەگەر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوو (٢٠١٨) دووبارە ببێتەوە، ئەوا یەکێتی سەرجەم کوردسییەکانی ئەم بازنەیە دەباتەوە.
-    (دیلان غەفور) کە پێشتر بە سەربەخۆ ئێستا لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) بە پێچەوانەی (ئاڵا تاڵەبانی) کە پێشتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان ئێستا لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە بانگەشە دەکات، کاریگەرییان لەسەر دەنگی کۆتای ئافرەت دەبێت و کێبڕکێکیە لە نێوانیان بەهێز دەبێت.
-    لەم بازنەیە ئەگەری دەرچوونی ئاڵا تاڵەبانی زیاترە وەك لە كاندیدەكانی تری یەكێتی، چونكە دەنگەكانی یەكێتی بەسەر چوار كاندیدا دابەش بوون، بەڵام دەنگی جەمسەرێكی یەكێتی و بەشێكی یەكتێیەكان بۆ ئاڵا تاڵەبانی بە تەنیا یەكلا بووەتەوە.
-    ئەگەری دەرچوونی دوو كاندیدی تری پیاوی یەكێتی هەیە.
-    ئەگەر كاندیدی پارتی و نەوەی نوێ دەربچێت ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لاواز دەبێت. 
پارتی دیموکراتی کوردستان
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی چوارەمی ساڵی ٢٠١٨ بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو لە کەرکوک، بۆیە دوور نییە لەم خولەدا خۆی بۆ بردنەوەی کورسییەک ئامادە کردبێت کاندیدێکی بەهێزی پێشکەش کردووە کە (شاخەوان عەبدوڵا ئەحمەد تاڵەبانی)یەو تاکە کاندیدی ئەو حیزبەیە، ئەگەری سەرکەوتنی زۆری هەیە، چونکە سەرجەم دەنگەکانی پارتی لە بازنەکە کۆ دەکاتەوە.
-    

 

بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک
بازنەی (٢): قەزای ناوەندی كەركوك، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (واست، تسعین، داقوق، قۆریە، رێگای بەغدا، قادسیەی، تازە- رشاد، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز، حەی نور، یایچی و چەند ناوەندێکی دیکەی بازنەکە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی دوو؛
1.     بازنەی (٢)ی پارێزگای کەرکوک، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٤) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (٣) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان.
2.    (56) کاندید لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (٤) کورسی بازنەکە دەکەن کە (44) پیاو و (12) ئافرەتن.
3.    لەو (56) کاندیدە (21) کاندیدیان سەربەخۆو (29)یان سەر بە (27) لە حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکانن.
4.    ملانێیەکی زۆر لەم بازنەیەدا دەبێت، ژمارەی دەنگدەرانی پێکهاتەکان لە یەکترەوە نزیکن و بە جۆرێک، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٤، پێکهاتەی تورکمان (٧٩) هەزار دەنگ و پێکهاتەی کورد (٧١ هەزار) دەنگ و پێکهاتەی عەرەب (٤٧) هەزار دەنگ بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨.
5.    پێکهاتەی کورد لەم بازنەیەدا لە باشترین حاڵەتدا (٢) کورسی دەباتەوە، كە رەنگە یەكێكیان بۆ پارتی و ئەوی تریان بۆ یەكێتی بێت. 
6.    لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە (٥) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)).


شیکاری بازنەی (2)
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
-    یەکێتی ئەگەر بتوانێت نزیک لە سەرجەم دەنگی پێکهاتەی کورد لەم بازنەیە کۆ بکاتەوە، نزیک دەبێتەوە لەوەی هەردوو کاندیدەکەی سەربخات.
-    دوور نیە تموحی یەکێتی بۆ بردنەوەی (٢) کورسی، هیچ چانسێکی نەمێنێت، ئەویش کاتێک کاندیدە ئافرەتەکەی دەنگێکی زۆر کۆبکاتەوە لەسەر حیسابی کاندیدە پیاوەکەو سەرنەکەوێت و کاندیدێکی ئافرەتی تورکمان یان عەرەب بە دەنگی خۆی و بەبێ کۆتا سەربکەوێت، سەرکەوتنی کاندیدە پیاوەکەش بکەوێتە مەترسییەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان
-    لەم بازنەیەدا زیاتر دەنگی پێكهاتەی كاكەیی زاڵەو پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدێكی لە پێكهاتەی كاكەیی داناوە، بۆیە ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی لاواز نیەو لە حاڵەتی بەدەستهێنانی دوو كورسی بۆ كورد ئەگەری هەیە پارتی یەكێك لە كورسیەكان بەرێت. 
نەوەی نوێ
-    هەمان ئەو سیناریۆیەی بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی هەیە، بەهەمان شێوە بۆ کاندیدە ئافرەتەکەی نەوەی نوێش ڕاستە، چونکە یەکێتی و پارتیش چاویان لە کۆتای ئافرەتەوە ئەمەش ڕکابەرییەکی زۆر دەخاتە نێوان لایەنە کوردییەکان لە لایەک و کوردو پێکهاتەکانی دیکە لەلایەک.
سۆسیالست 
-    چانسێکی ئەوتۆی بۆ نامێنێت، چونکە کورد لە باشترین دۆخدا دەتوانێت یەک کاندید پیاو سەربخات ئەویش ڕەنگە کاندیدەکەی یەکێتی بێت، چونکە لەناو لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکێتی نفوزی لە سەرجەمیان زیاترە لەم بازنەیە.

بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک
بازنەی (٣): حەویجەو ریاز، کە ناوچەکانی هەڵبژاردنی (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسی‌و زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە) دەگرێتەوە، ئەوەی گرنگە دەربارەی بازنەی یەک؛
1.    بازنەی (٣)ی پارێزگای کەرکوک بچوکترین بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکەیە، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (٣) كورسی بۆ تەرخان کراوە، (١) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە کۆتای ئافرەتان.
2.    (39) کاندید لەم بازنەیە ململانێ لەسەر (3) کورسی بازنەکە دەکەن کە (30) پیاو و (9) ئافرەتن.
3.    لەو (39) کاندیدە (18) کاندیدیان سەربەخۆو (21)یان سەر بە (14) لە حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکانن.
4.    زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە لە پێکهاتەی عەرەبن، لایەنە سیاسییە كوردییەکان دەستیان لەم بازنەیە هەڵگرتووە، تەنها جوڵانەوەی نەوی نوێ نەبێت بە تەنها کاندیدێکی پیاو بەشیداری کردووە بەناوی (مەروە عەلی حەمید)، چانسێکی لاوازی هەیە، چونکە پێکهاتەی عەرەب ئەو ناوچەیە بە جێنفوزی خۆیان دەزانن و دوور نیە ئەگەر بە ساختەکاریش بێت نەهێڵن لە دەستی خۆیان دەربچێت، چونکە بەشێکە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی پێکهاتەکان لە پارێزگای کەرکوک.
5.    لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان بە (38) کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand