ڕاگەیاندن لە ئێراندا ، پێشینە، وابەستەیی و سانسۆر

2021-09-25 14:11:36



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

 
میدیا بە گشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە پێی دەستووری ئێران و یاسا بەرکارەکانی، سەداسەد پێویستە تۆمارکراو و پابەند و لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتی کولتووریی دەوڵەتدا(بەک حکومەت)، بەڕێوە بچێت، لەوەش زیاتر هەرسێ جۆری نووسراو و بینراو و بیستراو، ڕاستەوخۆ لەچوارچێوەی دەزگایەکدا ڕێکخراوون و سەر بە بەیتی ڕابەریی و ڕاستەوخۆ ڕابەری ئێران، بەڕێوەبەرەکەی دادەنێت. تەنانەت یەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆی سەربەخۆ و ئەهلی و حزبی ش لەو وڵاتەدا بوونی نییە، لەوەش زیاتر پەیج و ئەکاونتی کەسایەتی و گروپەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت لەچوارچێوەی یاسای بەرکاری ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بەڕێوە بچن و مۆڵەت وەربگرن.
پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم بابەتە: پێشینەی مێژووییی دامەزراندنی میدیای نووسراو و بینراو و بیستراو چۆنە؟ ڕەوشی میدیا بە پێی دەستوور و یاسای ئێران چۆن ڕێکخراوە؟ ئەو ڕەخنانە چیین لە ڕەوتی ڕاگەیاندن دەگیرێن لە وڵاتەدا؟ 
پێشینەی ڕاگەیاندن
ڕاگەیاندنی پێشین (ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) لە ئێرانی نوێ و هاوچەرخدا، مێژوویەکی تاڕادەیەک درێژیان هەیە، سەرەتا بە ڕۆژنامە و پاشان ڕادیۆ و تەلەفزیۆن دەستی پێکرد، هەرسێ جۆرە باوەکەشی لە سەرەتای دامەزراندنیاندا، بەجۆرێک قەرزاری ڕۆژئاواییەکانن، (ئەو ڕۆژئاوایەی کە ٤٠ ساڵە بە درووشم پشتی تێدەکەن):
١. ڕۆژنامە: یەکەمین ڕۆژنامە لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژنامەی "کاغژ اخبار"(پەڕاوی هەواڵ)، کە میرزا صالحی شیرازی، لەسەردەمی محەمەدشای قاجاردا لە ساڵی ١٨٣٧دا دایمەزراند، میرزا یەکێک بوو لەو چوار خوێندکارەی کە بۆ خوێندن لە ئەورووپا(بەریتانیا) لە ساڵی ١٨١٥دا نێردران و کە گەڕایەوە ئەم ڕۆژنامەیەی بۆ مەملەکەتی قاجار دامەزراند.(https://bit.ly/3oaQOLV) بەڵام بیرمان نەچێت کە بەکارهێنانی وشەی "روزنامە"{ڕۆژنامە} مێژووەکەی بۆ سەردەمی بووەیهیییەکانی قۆناغی خەلافەتی عەباسی و (صاحب بن عباد) دەگەڕێتەوە، کە ئێرانی ئەمڕۆش بەشێکی قەڵەمڕەوییەکەیان بووە، بەڵام بە واتای دەفتەری ڕۆژانەی بیرەوەری و یاداشت هاتووە و بە واتا هاوچەرخەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم(بڕوانە: http://naghshband.blogfa.com/post/72 )


٢. ڕادیۆ: گەر لە ڕۆژنامەگەرییدا، ئێران قەرزاری ئەزموونی بەریتانیا بێت، ئەوا لەڕادیۆدا قەرزاری ئەڵمانیایە، یەکەمین دەزگای تۆمارکردنی دەنگ لەساڵی ١٩٢٧دا، وەزیرێکی ئەڵمانی پێشکەشی ڕەزاشای پەهلەوی کرد، شا فەرمانی کرد ئەو دەزگایە لە پەرلەماندا جێگیر بکەن تا گوێی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانتاران بێت! ساڵێک پاش ئەوەش سەرتیپ زاهیدی ئامێرێکی ڕادیۆیی پێشکەشی شارەوانی ڕەشت کرد، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی ١٩٢٩ پرۆژەیاسای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگ پێشکەشی پەرلەمان کرا و ئەوەش یەکەمین یاسای تایبەت بە میدیایە لە ئێراندا، هەوڵێکی ئەهلی بوو کە میرزا حسینی دیبا پێشکەشی کرد بۆ وەرگرتنی جیاوگی دامەزراندنی ڕادیۆ، گەرچی ئەم یاسایە  بۆ ساڵێک مۆڵەتی دابوویە خاوەنی پڕۆژەکە و کردەیی نەکرا و ڕادیۆش (وەک پەخشکەر) دانەمەزرا، بەڵام هەمان ساڵ کڕینی ئامێری ڕادیۆ و دانانی لەماڵەکاندا ڕێی پێدرا بەمەرجێک داواکاری بۆ وەزارەتی نێوخۆ بەرزبکرێتەوە و مۆڵەتپێدراو بێت. ساڵی ١٩٣٨یش یەکێک لە ئاشورییەکان(جیمس قهرمانیان) پێشنیاری ئەوەی دایە شا تا دەزگایەکی ڕادیۆی سەرانسەری لەوڵاتدا دامەزرێنێت، بەڵام هەموو ئەم هەنگاوانە کردەیی نەبوون، تا ئەوەی ساڵی 1940 ڕادیۆ لە ئێراندا ئیفتیتاح کرا (بڕوانە: حسین محبوب اردکانی(١٣٩٠): تاریخ موسسات تمدنی جدید در ایران، ج٣، انتشارات دانشگاه تهران، صص٧٥-٧٦) ساڵیک پاش ئەوەش فەرمانگەی بانگەشە دامەزرا و پاشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بەڕێوەبەرایەتی زانیاری و ڕادیۆ (داریوش رحمانیان(١٣٩١): ایران بین دو کودتا، انتشارات سمت، ص٢٤٧).
٣. تەلەفزیۆن: مێژووی هاتنەناوەوەی تەلەفزیۆنیش، بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، ئەوکات گەنجێک بە ناوی "کارزونی"، خەڵکی ئەسفەهان، کە لەبواری دەرهێنانی سینەماییدا لە دەرەوەی وڵات خوێندبووی، بیری لەوە کردەوە و هەوڵێکی زۆری دا لە ئێراندا دەزگایەکی پەخشی تەلەفزیۆن دامەزرێنێت، بەڵام هەوڵەکانی سەری نەگرت. گەرچی هەر لەو دەیەیەدا دامەزراندنی دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن پێشنیار کرا، بەڵام ئەمەش کرداری بەشوێنەوە نەبوو، تا ئەوەی کەسێک بە ناوی حەبیبوڵا سابیت پێشنیاری دامەزراندنی تەلەفزیۆنێکی لە ساڵی ١٩٥٨ (١٣٣٧ش)دایە پەرلەمان و پەسەندی کرد، بەم شێوەیە یەکەمین یاسای تایبەت بە تەلەفزیۆنیش لەئێراندا دەرچوو. ڕۆژی 3ئۆکتۆبەری١٩٥٨ یەکەمین تەلەفزیۆن بە ناوی "تەلەفزیۆنی ئێران" دەستی بە پەخش کرد و ڕۆژانەکەی چوار سەعات هەبوو.  ساڵی ١٩٦٦یش یەکەمین تەلەفزیۆنی نیشتمانی-دەوڵەتی وەک پەخشی ئەزموونی دەستی بەکار کرد(تاریخ تلویزیون در جهان و ایران:  https://mihankalaa.com/blog/historial-de-tv/ ).
ڕاگەیاندن و سانسۆر لە ئێرانی ئێستادا
بواری ڕاگەیاندن کە لەژێر ناوی "صدا و سیما"دا {دەنگ و ڕەنگ}  لە دەستووری ئێراندا بەشی دوانزەیەم و مادەی ١٧٥ی بۆ تەرخان کراوە، پێشتر ئەم بڕگەیە ناوی "میدیای گشتی یان گرووپی  بوو" بەڵام لە هەموارکردنەوەی دەستووردا گۆڕدرا بۆ سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم مادەیە سەرەتاکەی وا هاتووە کە ڕا و باوەڕ ئازادە و پێویستە دەسەتەبەر بێت، بەڵام مەرجداری کردووە بەوەی کە پێویستە لە چوارچێوی پێوەرە ئیسلامییەکان(مەبەستی پێوەرەکانی شیعەی دوانزە ئیمامییە کە مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەتە بە پیی دەستوور) و بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا بێت. (دیارە لەپێشدا سەدا و سیما مەبەست ڕادیۆ و تەلەفزین و ڕۆژنامە بوو، بەڵام هەنووکە سەرجەم بوارەکانی میدیا لە خۆدەگرێت و تەنانەت هەور و پانتایی گریمانەیی ئینتەرنێتیش دەگرێتە خۆ). هەر بەپێی ئەم ماددەیە دانان و لادانی سەرۆکی دەزگاکە لە دەسەڵاتەکانی ڕێبەردایە و ئەنجومەنێکی بۆ پێکدەهێنرێت کە لە نوێنەرەکانی سەرکۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و پەرلەمان پێکدێت و چاودێری ئەم دەزگایە دەکەن، سیاسەتی گشتی و ڕێکخستنی دەزگاکە و چاودێرییکردنیشی بە یاسایەک لە پەرلەمانەوە ڕێکدەخرێت، هەر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دەزگاکە (ماددەی حەوت) ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە دەبێت: موسڵمانێکی مولتەزیم بێت، باوەڕی بە وەلی فەقیه هەبێت، ئاگای لە سیاسەتی نیوخۆیی و دەرەوە و بابەتی ڕۆژ هەبێت، پێشینەی پاک بێت و ...تاد. هەروەها بەپێی یاسای پێڕەوی دەزگای ڕاگەیاندن (صدا و سیما) (مادەی نۆ)ئامانجەکەی ئاوا دیاری کراوە: کە "دەزگا ی ڕاگەیاندن وەک زانکۆیەکی گشتی بڵاوکردنەوەی کولتووری ئیسلامییە، پێویستە ژینگەیەک بۆ تەزکیەی نەفس و فێربوونی ئینسان و گەشەکردنی فەزیڵەتە ئەخلاقییەکان دروست بکات و خێرایی ببەخشێ بە هەنگاوەکانی تەواوکردنی شۆڕشی ئیسلامی لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمەش لەچوارچێوەی بەرنامەی ڕێنمایی، هەواڵی و سەرگەرمی پەرەپێبدرێت"  بۆ زانیاری زیاتر بروانە: (مادەی١٧٥ی دەستووری ئێران)،(یاسای بەڕیوەبردنی صدا و سیمای جمهوری اسلامی https://rc.majlis.ir/fa/law/show/90104?keyword=%D8%B5%D8%AF%D8%A7+%D8%B3%DB%8C%D9%85%D8%A7 ) و (یاسای اساسنامە سازمان صدا و سیمای جمهوری اسلامی: https://rc.majlis.ir/fa/law/show/90402 ). 
لێرەوە دەردەکەوێت ئەو بنەما و پێوەرە هاوچەرخە جیهانییانەی کە میدیای ئازاد و وڵاتانی دیموکرات لەسەری دەڕۆن، لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی ڕاگەیاندن لە ئێراندا و پەیامەکانی کارکردنی، دوو دنیای جیاوازن و ئامانجی میدیا لە ئێراندا تەنها ئامرازێکە بۆ پەرەپیدانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی فەرمی و بنەماکانی شۆڕش و مەزهەب.
پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و بەر لە هەموارکردنەوەی دەستوور، دەزگای میدیای ئێران، لەژێر سەرپەرشتیی هەرسێ دەسەڵاتدا (جێبەجێکردن، پەرلەمان و دادوەریی) بوو، کە تێیدا تاڕادەیەک کرانەوە و ڕەنگاوڕەنگی تێدا بەدی دەکرا، بەڵام بە هەموارکردنەوەی دەستوور(١٩٨٩)، دەسەڵات و وابەستەیی ئەو دەزگای ڕاگەیاندن خرایە سەر دەسەڵاتەکانی ڕێبەر و وابەستەکرا بە سیاسەت و ڕێنمایی و باوەڕەکانی ئەوەوە.(بڕوانە دەستووری یەکەمینی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩).


بارەگای سەرەکی دەزگای ڕاگەیاندنی ڕەسمی ئێران، هەنووکە لە شەقامی وەلیعەسری تارانی پایتەختە و دەکەوێتە باکووری شاری تارانەوە و نزیکەی ١٢٠ هێکتار زەوی بۆ دابین کراوە. جیا لەمەش لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا لق و نوسینگە و دەزگای لێبووەتەوە و هەر پارێزگایەکیش نوسینگە و تەلەفزیۆنێک و ڕادیۆیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئامراز و دەسەڵاتیان دراوەتێ و دەست بەکارن. سەرجەمیان سەر بە دەزگا گشتییەکەی تارانن و هەر بۆ نموونە زیاتر لە ٣٥ کەناڵی تەلەفزیۆنی لە پارێزگاکان و شارەکاندا هەیە و هەمان ئەندازە و زیاتریش رادیۆی هەیە. هاوکات چەندین تۆڕی ئینتەرنێتی و سایت و پەیج و ... و دەزگای وەشاندن و ئینتەرنێتی و ...تاد بەڕێوە دەبات.
جیا لەمەش لەدەرەوەی ئێرانیش چەندین لق و کەناڵی ئاسمانی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و سایت و ...تاد لێبووەتەوە و سەرجەمیان ڕووماڵی سیاسەتی کولتووری و هەژموونی دەوڵەتی ئێران دەکەن، وەک: کەناڵەکانی سەحەر بە زمانەکانی کوردی و ئوردو و فەرەنسی و ئازەری، کەناڵەکانی جامی جەمی دەرەوە، ئای فیلمەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی، کەوسەری عەرەبی، ئەلعالەمی عەرەبی، پرێس تی ڤیی ئینگلیزی و هیسپان تی ڤیی ئیسپانی..تاد و ڕادیۆکانی دەرەوەی وەک: شەش ڕادیۆ (١تا٦) بە زمانی عەرەبی، نەدای ئیسلامی ئینگلیزی و ڕووسی و تورکی و فەرەنسی و..تاد، ڕادیۆی دەری بە فارسی دەری، ڕادیۆی سەدای ئاشنا بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا.
دەزگای ڕاگەیاندن لە ئێراندا زانکۆیەکی تایبەت و چەندین کۆلێژ و پەیمانگای هونەری بۆ کراوەتەوە (زانکۆی دەنگ و ڕەنگ) کە کادیری بوارەکە پەروەردە دەکەن و بە پشتگیری تایبەت و پێوەری خۆیان وەردەگیرێن، نەک هەر خوێندکرێک ئارەزووی بکات و بەنمرە وەربگیرێت.
لەڕووی سەرچاوەی داراییەوە، زۆرینەی خەرجییەکانی لە سەر بودجەی گشتی تەرخان دەکرێت و بەشێکی دیکەشی لەڕێگەی ڕیکلام، پشکداری لە: پارەی بەشدارانی کارەبا، پارەی بواری وەرزش، پشک لە فرۆشتنی ئامێرەکانی تەلەفزیۆن، پشکدار لە دەرامەتی ڕۆژنامەکان، دەزگاکانی وەشاندن، گۆڤار و بڵاوکراوەکان، دەرامەتی چەندین کۆمپانیای میدیای وەک سروش و سیما چوب و...تاد دەست دەخرێت.
سانسۆری میدیایی لە ئێراندا
ئەوەی لەمێژووی ڕاگەیاندنی ئێراندا تێبینی دەکرێت، سەرجەم هەوڵە یەکەمینەکانی دامەزراندن و وەشاندنی دەزگای میدیایی سەرەتا هەوڵی ئەهلی و کەسایەتی بوون، بەڵام لەکۆتاییدا دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتوون و نەک ئەوەی میدیای دەوڵەتی بەهێزتر بێت، بەڵکو سەرجەم میدیاکان پێویستە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بن. تێبینیەکی دیکەی نێو بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە ئێراندا ئەوەیە، هاوتا لەگەڵ هەوڵە سەرەتاییەکانی پەرەپێدانی میدیادا، مێژووی سانسۆر و داخستن و دەسگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانیش پەرەسەندوو بووە و ئەمەش تەنها پەیوەست نییە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵکو وەک نەریتێکی دێرینی دژەمیدیایی دەوڵەتە ئێرانییەکانە و هەر لە دەوڵەتی قاجارەوە تا پەهلەوی و دەوڵەتی هەنووکەیی دەزگا سانسۆرییەکانی میدیا زۆر کاریگەرترن لە دەزگا وەشێنەرەکانی.
گەرچی بە پێی دەستووری ئێران، لە مادەی ٢٤دا هاتووە، کە "بڵاوکراوە و چاپکراوەکان لە دەربڕیندا ئازادن، مەگەر ئەوەی کە زیان بە بنەماکانی ئیسلام یاخود مافە گشتییەکان بگەیەنن" (بڕوانە: معاونت حقوقی ریاست جمهوری(١٣٩٥): مجموعە قانون اساسی ج.ا.ایران، چاپ چهارم، تهران، ص٤٨)
بەڵام هەر لەو دەستوورەدا و بەپێی ماددەی ١١٠ کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی ڕێبەری باڵاوە، لە بڕگەی ج-دا دەسەڵاتی دانان و لادان و قبوڵی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەزگای دەنگ و ڕەنگ (رادیۆ و تەلەفزیۆن و ...تاد- صدا و سیما)ی داوەتە "ڕابەری باوەڕدارانی جیهان" (ڕابەری ئێران)(سەرچاوەی پێشوو، ل٩٩) و بە پێی هەردوو یاسای بەڕێوەبردن و پێڕەوی صدا و سیمای ئێرانیش مەرجەکانی بەڕێوەبەرانی و سەرپەرشتیارانی و پەیامەکانی بە ئایدۆلۆژیا و مەزهەب کاریگەرن و مەرجی کاری میدیاییە.
زۆرترین ڕەخنەیەک لەم دەزگایە دەگیرێت، لەلایەک ئایدۆلۆژیبوونییەتی کە دەربڕی ڕای لایەنێک و ئاراستەیەکی سیاسییە و بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەمە بەڕوونی دەردەکەوێت، لەلایەکی دیکەوە لەخۆگری دەنگی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکانی جگە لە شیعە نییە، بۆ نموونە لە بانگدانەوە تا دەگاتە پەخشی بەرنامەکان زیاتر بەرنامەی ئاینی شیعەمەزهەبییانەیە و لەڕووی زمانیشەوە فارسی-تەوەرە و لەڕووی زمانی رەسمی فارسییە و زمانەکان (کوردی، عەرەبی، بەلوچی و ئازەری) و مەزهەبەکانی دیکە (سوننە وئاینەکانی وەک مەسیحی و جوو و زەردەشتی) فەرامۆش کراوون و لە چەند بەرنامەیەکی کولتووری و هونەرییدا نەبێت. 
لەگەڵ ئەمانەشدا ئەوەی ئەم دەزگایەی پێدەناسرێتەوە، سانسۆرە بەردەوامەکانییەتی لەسەر بەرهەم و هاوکارانی، ئەم سانسۆرەش خۆی لە سانسۆری سیاسیی، ئاینی، مەزهەبی، ئەخلاقی، جلوبەرگ و کەلامییدا دەبینێتەوە، سانسۆرچی لە وەرزش و هونەری مناڵانەوە تا سیاسەت ڕۆڵ دەگێڕێت، تەنانەت هێندە کارایە کە ڕەنگی جلوبەرگ و جۆری جلوبەرگی زنجیرە کارتۆنییە بیانییەکانی مناڵانیش دەگۆڕێت، بەجۆرێک جاری وا هەبووە دوو کاراکتەری عاشقی یەکتر لە کارتۆنێکی مناڵاندا وەک خوشک و برا نمایش کراوون، ئەمەش بە بیانووی ناشەرعی پەیوەندیی هاوڕێیەتی کچ و کوڕ لە مەزهەبی شیعەدا! لەبواری وەرزشیشدا بۆ نموونە سرودی نیشتمانی ئەمریکای پەخش ناکرێت(لەیارییەکانی ئێران و ئەمریکا)! لەبواری هونەریشدا زۆرینەی هونەرمەندانی ئێرانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەرهەمەکان و وێنەیان ڕێگەی پەخشکردنی نادرێت و هەر ئەمەش وای کردووە، بەشێکی دیکەی هونەرمەندانیش بایکۆتی تەلەفزیۆن و ڕادیۆی ڕەسمی وڵاتیان کردووە. لەڕووی ڕۆژنامەگەریشەوە ئەوا تۆماری داخستنی ڕۆژنامەکان بەهۆی حاڵەتی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبییەوە لیستێکی درێژە و لێرەدا بوار نییە بخرێنە ڕوو.
لە نموونەی سیاسیشدا بۆ دەساڵ زیاتر وێنەی سەرۆکی هەندێ وڵات لە لیستی پەخشنەکردندا بووە و تەنها بە نووسین ڕووماڵ کراوە وەک وێنەی جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا، لە ئاستی نێوخۆشدا، بۆ نموونە حاڵی حازر دەنگ و ڕەنگی خاتەمی، مووسەوی، کەروبی و ...تاد قەدەغەیە لە هەر دەزگایەکی میدیایی دەوڵەتیدا پەخش بکرێن!
ڕەخنەگرانی پسپۆڕ رەفتاری دەزگای سانسۆر بە نەپاراستنی مافی بەرهەمهێنەر و نووسەر و تەنانەت مافی بینەریش دەزانن کە هەم چەواشەکارانەیە و دژە ئازادییە و هەم مافی خەڵکی دیکەی پێشێل کردووە، ئەوان لەو باوەڕەدان دەزگای ڕاگەیاندنی ڕەسمی دەکرێت لە بنچینەدا بەرهەمەکان پەخش نەکات نەک ئەوەی بەوشێوەیە پەخش بکات کە زۆرکات بەرهەم و کاراکتەرەکان لە سیاقی بەرهەمەکەدا ڕێ ونکراوون و ناناسرێنەوە.
تێبینی: ئەم بابەتە زۆرتر تاوتوێی میدیای فەرمی و ڕاگەیاندنی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی و دەزگای سانسۆر و پەیامی پشت میدیای کردە تەوەر، گەرنا یاسای ڕۆژنامەگەریی نووسراو و پێوەرەکانی دیسانەوە، جێگەی بابەتی دیکە و نەدەکرا لێرەدا بەوردی جێبکرێنەوە، گەرچی لەڕووی ئامانج و پەیامەوە، ئەوانیش دیسانەوە هەر دەبێت پابەندی بنەماکانی شۆڕش و ئیسلام و سیاسەتی گشتی دەوڵەت بن.

 

بابەتی پێشتر:

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە

ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی

ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان

ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛  هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە

ئێراننامە (16):ئاراستەکانی نێو حکومەتەکەی رەئیسی کابینەیەکی بێ ژن و پێکهاتەکان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
ڕیکلام

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا
بەنداوی ئیلیسو، ژیانکوژی هێمنی ئێران و عێراق

بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کام شێوازەت پێ باشترە ؟

یەک بازنەیی
فرەبازنەیی
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand