Draw Media

"روسنەفت خەرجی شەڕی روسیا لە ئۆكراینا دابین دەكات" 

"روسنەفت خەرجی شەڕی روسیا لە ئۆكراینا دابین دەكات" 

2022-02-28 13:07:15


 (درەو): 
كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی كە لە (6) كیڵگەی نەوتی هەرێم كاردەكات و خاوەنی (60%) بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانە، تۆمەتبار دەكرێت بە دابینكردنی خەرجی شەڕی روسیا لە ئۆكرانیا.
گروپی كۆمپانیانی (بریتش پترلیۆم)ی نەوتی كە گروپێكی بەریتانییە‌و بە (BP) ناسراوە، كشانەوەی خۆی لە سەرمایەی كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی راگەیاند. 
(BP) كە خاوەنی (19,75%)ی پشكی سەرمایەی كۆمپانیای (روسنەفت)ە دەڵێ" روسنەفت خەرجی شەڕی روسیا لە ئۆكراینا دابین دەكات، وەكو ناڕەزایەتییەك دژی جەنگەكە، ئێمە لە شەراكەتی خۆمان لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە دەكێشینەوە". 
برنارد لۆنی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (BP) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەست لە پۆستەكەی لە ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای روسنەفت دەكێشێتەوە، جەنگی ئۆكراینا وای لێكردین چاو بە كاری خۆمان لەگەڵ رۆسنەفت بكێشینەوە". 
ئەم بڕیارە كاریگەری هەندێك لە كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوتی لەسەر ئابوری روسیا دەرخست، بەتایبەتیش كۆمپانیای (شێڵ) كە خاوەنی (27,5%)ی پرۆژەی غازی (سخالین 2)ی كۆمپانیای (گازپرۆم)ە، هەروەها كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كە ماوەی (25 ساڵ)ە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا روسییەكانی سەربە گروپی كۆمپانیاكانی (روسنەفت) دەكات، كۆمپانیایەكی تری وەكو (گلینكور) خاوەنی 11%ی كۆمپانیای (ئەی ئێن پڵەس)ی بواری وزەی روسیایە، ئەمە لەپاڵ چەند كۆمپانیای تردا كە لەگەڵ روسەكان كاردەكەن. 
راگرتنی كاركردنی (BP)ی بەریتانی لەگەڵ (روسنەفت)ی روسی، دوای ئەو سزایانە دێت كە هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان بەهۆی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، بەسەر روسیایاندا سەپاند، لەوانە كردنە دەرەوەی هەندێك لە بانكەكانی روسیا لەناو سیستمی (سوێفت)ی تایبەتی بە ئاڵوگۆڕی دارایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمە مەترسی گەورەی لەسەر كاری كۆمپانیا روسییەكان دروستكردووە.  

روسنەفت لە هەرێمی كوردستان
كۆمپانیای روسنەفت-ی روسی خاوەنی رێژەی 60%ی پشكەكانی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەو بەشەی بۆرییەكە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێم تاوەكو سنوری توركیا)، لەپاڵ ئەمەدا كۆمپانیاكە كاری گەڕان‌و پشكنین بەدوای نەوتدا دەكات لە (6) كێڵگەی كوردستان، ئەو كێلگانەی روسنەفت كاریان تێدا دەكات دەكەونە سنوری (هەولێرو دهۆك)‌و بریتین لەم كێڵگانە:
•    بەرتلە
•    زاوێتە
•    هەریر
•    بجیل
•    قەسرۆك
•    دەرەتوو 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand