دەرگای خۆكاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە
2022-03-01 17:30:38
راپۆرت: درەو
دادگای فیدراڵی دوای زیاتر لە چوار مانگ لە كێشمەكێشی دوای هەڵبژاردن، ئەمڕۆ خۆی رزگاركردو بەبەهای ئەوەی وادەی دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕیوەو دەستور هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەم دۆخە دانەناوە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری خستەوە ناو پەرلەمانو تۆپەكەی خستەوە ناو گۆڕەپانی لایەنە سیاسییە ركابەرەكان، دانیشتنی تایبەت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پێویستی بە دەنگی (220) پەرلەمانتار هەیە لە كۆی (329) پەرلەمانتار، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیو دواین نەخشەی دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمان لەم راپۆرتەدا.
بڕیارێكی نوێ لە دادگای فیدراڵییەوە
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ماددەیەكی دەستور بكات، ئەمڕۆ مافی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن (سەرۆكایەتی پەرلەمان) رەتكردەوەو ئەم بڕیارەی دایە دەست (پەرلەمان).
ئەوانەی شارەزای دەستورو یاسان دەڵێن، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی كە مافی بە پەرلەمان داوە سەرلەنوێ دەرگای خۆكاندیدكردن بكاتەوە، هیچ بنەمایەكی دەستوری نییەو تەنیا وەكو دەرفەتێكی نوێیە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەناو خۆیاندا بگەنە رێككەواتن.
بۆ ئەوەی دەسەڵاتی كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدات بە پەرلەمان، دادگای فیدراڵی بەهانەی ئەوەی هێناوەتەوە، لە دەستوردا ئاماژە بەوە نەكراوە ئەگەر وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕیو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، چی بكرێت، ئێستا وادە دەستورییەكە تێپەڕێوە، بۆیە دادگا دەسەڵاتەكە دەدات بە پەرلەمان.
یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە شارەزایە لە دەستورو یاساكانی عێراقدا، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، بڕگەی یەكەمی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بەتەواوەتی دروستە كە دووبارەكردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، رەتكردوەتەوە، چونكە ئەم هەنگاوە هیچ پاڵپشتییەكی یاساییو دەستوری نەبوو.
بەڵام لەبارەی بڕگەی دووەمی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، كە داوا دەكات دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بڕیاری كردنەوە یاخوج نەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بخاتە بەردەم پەرلەمان، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان چەند تێبینییەكی هەیە كە ئەمانەن:
• بڕیاری رادەستكردنی دەسەڵاتی دووبارەكردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە پەرلەمان، پێچەوانەی بڕیارێكی رۆژی 23/12/2018ی دادگای فیدراڵی خۆیەتی كە تێیدا رەتیكردوەتەوە هیچ دەسەڵاتێك بە پەرلەمان بدرێت جگە لەو دەسەڵاتانەی كە لە ماددەی (61)ی دەستوردا بۆی دانراوە، بەتایبەتی لە دەركردنی بڕیاردا.
• رادەستكردنی دەسەڵاتی كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە پەرلەمان پێچەوانەی ماددەی (3)ی یاسای خۆكاندیدكردنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، چونكە لەم ماددەیەدا باسلەوە كراوە، خۆكاندیدكردن لەماوەیەكدا دەبێت كە لە (3) رۆژ زیاتر نەبێت، ئەم سێ رۆژە پێشتر كراوەتەوەو ناكرێت جارێكی تر دووبارە بكرێتەوە.
• بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی باسلەوە دەكات لەماوەیەكی كەمدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام دیاری نەكردووە ماوەكە چەند رۆژە، لەپاڵ ئەمەدا باسی لەوەكردووە پەرلەمان یەكجار بۆی هەیە دەرگای دووبارە خۆكاندیدكردنەوە بكاتەوە، ئەمە دەستوەردانە لەكاری یاسادانانو ئیشی دادگا نییە.
پەرلەمان چی دەكات
پشتبەست بە بڕیاری ئەمڕۆی دادگا فیدراڵی، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی داهاتووی خۆیدا دەتوانێت پرۆژە بڕیارێك ئامادە بكاتو بیخاتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی دەنگدان لەسەریو پەسەندكردنی.
لەم پرۆژە بڕیارەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە پەرلەمانتاران دەكات، بۆچونی خۆیان رابگەیەنن لەبارەی ئەوەی قایلن بە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یاخود نا ؟
دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نیسابە یاساییەكەی بۆ زۆرینەی (50+1)ە، واتە لە كۆی (329) پەرلەمانتار، (165) پەرلەمانتار ئامادەبن نیساب تەواو دەبێت، لەدوای تەواوبوونی نیسابیش بەزۆرینەی سادە دەتوانرێت بڕیاری كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پەسەند بكرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە گەڕی یەكەمی خۆكاندیدكردندا بەهۆی سكاڵاكەی یەكێتییەوە گورزی بەركەوتو كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (هۆشیار زێباری) دورخرایەوە، لەم بڕیارە نوێیەی دادگای فیدراڵی سودمەند دەبێتو بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ (سەدرو سوننەكان)، رەنگە بتوانێت دەرگای خۆكاندیدكردنەوەی سەرلەنوێ بكاتەوە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ لەم گەڕە نوێیەدا هەر (رێبەر ئەحمەد) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكاتەوە یاخود نا.
بەرهەم ساڵح دەمێنێتەوە
لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەمدواییە بیرۆكەیەكی نوێ گەڵاڵە كرا، بیرۆكەكە ئەوە بوو سكاڵا لە دادگای فیدراڵی لەسەر بەرهەم ساڵح تۆمار بكرێت، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لێبوردنی تایبەتی بۆ كەسێك دەركردووە، كە بەتاوانی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان دادگا حوكمی زیندانیكردنی هەتا هەتایی بۆ دەركردووە، بەهۆی ئەم سكاڵایەوە بەرهەم ساڵح لە كێبركێی پۆستی سەرۆك كۆمار دوربخرێتەوەو تۆڵەی هۆشیار زێباری لێبكرێتەوە، بەڵام بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دەرگای لەسەر جێبەجێكردنی بیرۆكەیەكی لەمشێوەیە داخست.
بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، مەرجە ئەگەر پەرلەمان دەرگای خۆكاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، دەست بۆ ئەو كەسانە نەبات كە لە گەڕی یەكەمی خۆكاندیدكردنداو لەماوەی دەستوریدا خۆیان كاندید كردووە، بەم پێیە بەرهەم ساڵح كە لە گەڕی یەكەمدا خۆی كاندید كردووە، كاندیدبوونەكەی پارێزراو دەبێت.
دادگا لەناو ململانێ سیاسییەكاندا
زیاتر لە چوار مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچووە، هێشتا سەرۆك كۆمارو كابینەی نوێ حكومەت دروست نەكراوە، ئەنجامی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەكانی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی سەرەكیدا، ئەم دوو بەرەیە كە هەریەكەیان قوڵایی هەرێمایەتی خۆیان هەیەو لەژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێی عێراقدان، بەرەی یەكەم كە هاوپەیمانێتی (سەدر+بارزانی+ حەلبوسی) بەبەرەی دژە ئێران ناسراوەو نزیكە لە توركیاو هەندێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبییەوە، بەرەكەی تر كە (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فەیاز+ عەبادی+ حەكیم+ یەكێتی نیشتمانی كوردستان)ە نزیكە لە ئێرانەوە.
ئەم دوو بەرەیە كەوتونەتە ناو شەڕێكی یاساییو دەستوری قوڵ لەگەڵ یەكتردا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییەو بڕیارەكانی تانەی لێنادرێت، بەهۆی ئەم ململانێیەوە، كەوتوەتە ناو گەمە سیاسییەكەو بڕیارەكانی ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەردوو بەرەكە تۆمەتباری دەكەن بە پێشێلكردنی دەستور.
سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟
ئەو هۆكارانەی كە دانیشتنی رۆژی 7ی شوباتی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ پەكخست، هێشتا وەكو خۆیان ماونەتەوەو گۆڕانكارییان بەسەردا نەهاتووە.
واتە ئەگەر دووبارەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێتەوەو لیستێكی نوێش پەسەند بكرێتو لیستەكە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەخۆ بگرێت، هێشتا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كێشەی تێدایە ئەگەر رێككەوتنی لەنێوان لایەنەكاندا نەكرێت، چۆن ؟
بڕیاری دادگای فیدراڵی یەكلایكردەوە، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی ئامادەبوونی (220) پەرلەمانتارە لە كۆی (329) پەرلەمانتار، لەم دۆخەشدا ئەوەی پێی دەوترێت (الپلپ المعگل) واتە یەك لەسەرسێی پەكخەر، هێشتا ئامادەیە، ئەو لایەنەی بتوانێت دەنگی (110) كورسی پەرلەمان بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە، دەتوانێت ئاستەنگ بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمان دروست بكات.
گەمەی ژمارەكان !
ئەگەر بارودۆخەكە بەشێوەی ئێستا بمێنێتەوەو هیچ رێككەوتنێك لەنێوان لایەنە شیعە ناكۆكەكاندا نەكرێت، دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمان بەمشێوەیە دەبێت:
• هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی): ئەم هاوپەیمانێتییە ژمارەی كورسییەكانی لەناو پەرلەمانی عێراق (174) كورسییە.
• هاوپەیمانێتی (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی نیشتمانی كوردستان): ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە نزیكەی (100) كورسییە، بەڵام هەندێك لە سەركردەكانی ئەم بەرەیە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن دەڵێن ژمارەی كورسییەكانیان بۆ (130) كورسی زیاد دەكاتو لایەنی تر دێنە ناو هاوپەیمانێتییەكەیان، بڕیارە ئەم لایەنانە كە پێكهاتوون لە (نوری مالیكی+ هادی عامری+ قەیس خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەیدەر عەبادی+ عەممار حەكیم) بەمزوانە بەفەرمی خۆیان بەناوی "هاوپەیمانێتی چەسپاوی نیشتمان" رابگەیەنن.
• لەنێوان دوو بەرە ركابەرەكەدا، نزیكەی (46) كورسی پەرلەمانی عێراق خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لەگەڵ چ بەرەیەك دەبن، ئەوانەی خۆیان یەكلانەكردوەتەوە ئەمانەن:
- هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك (نەوەی نوێ+ ئیمتیداد): 18 كورسی
- كوتلەی شەعبی (چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆن): 4 كورسی
- هاوپەیمانێتی (تصمیم ): 4 كورسی
- ئیشراقەی كانون: 6 كورسی
- گردبونەوەی دەنگی سەربەخۆكان: 4 كورسی
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 4 كورسی
- پەرلەمانتارانی مەسیحی كوتلەی بابلیۆن: 4 كورسی
- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان: 1 كورسی
- فاروق حەننا (پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەسەر پشكی كۆتای مەسیحییەكان، ئەم پەرلەمانتارە لەلایەن حزبی شیوعی كوردستانەوە پشتیوانی لێدەكرا)
كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن
• پەرلەمانی عێراق بۆ یەكەمجار لە رۆژی 11/1/2022دا دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە.
• رۆژی 6/2 لەسەر بنەمای سكاڵای سێ پەرلەمانتاری یەكێتی، دادگای فیدراڵی عێراق رێوشوێنەكانی كاندیدبوونی (هۆشیار زێباری) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگرت.
• رۆژی 7/2 بڕیاربوو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەڵام نیسابی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نەبوو، بۆیە كۆبونەوەكە نەكرا، بەپێی دەستور نیسابی یاسایی ئەم دانیشتنە پێویستی بە ئامادەبوونی (220) پەرلەمانتار هەبوو، هەردوو بەرە ركابەرەكە بەرەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)و بەرەی (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی) بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكردو نیسابیان پەكخست.
• رۆژی 8/2 وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی هات، كە ماوەی كەمتر لە 30 رۆژ بوو لەدوای یەكەمین كۆبونەوەی خولی نوێی پەرلەمانەوە.
• رۆژی 9/2 سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق سەرلەنوێ دەرگای خۆكاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار راگەیاند، دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان لەلایەن هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كۆنترۆڵ كراوە، كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن والێكدرایەوە دەستەی سەرۆكایەتی دەیەوێت دوای دورخستنەوەی هۆشیار زێباری، دەرفەتێكی تر بە پارتی بدات بۆ ئەوەی كاندیدی بەدیلی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش بكات، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەدژی ئەم هەنگاوەی دەستەی سەرۆكایەتی تۆماركرا.
• رۆژی 13/2/2022دا دادگا بە یەكجاری هۆشیاری زێباری لە كێبركێ پۆستی سەرۆك كۆمار دورخستەوە.
• ئەمڕۆ 1/3 دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نادەستورییە، بەڵام دەكرێت دەستەی سەرۆكایەتی داواكاری كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بخاتە بەردەم پەرلەمانو پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات ئایا دەرگا بكرێتەوە یاخود نا.