جەنگ و تاوانەکانی بێدەنگبوون
2022-02-27 13:47:19
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
کاتێک فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانۆیل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) لە کۆتاییەکانی ژیانیدا و لە ساڵی ١٧٩٥دا وتارە بەناوبانگەەی دەربارەی ”ئاشتیی سەقامگیر و بەردەوام“ دەنووسێت، ئەو ڕاستییە باش دەزانێت کە ئەو وەک نووسەرێک، ناتوانێت کاریگەریی لەسەر جەنەراڵ و پادشا شەڕکەرەکانی سەردەمەکەی دابنێت. دەزانێت ئەوانەی جەنگ و ئاشتی بەرپادەکەن، ئەوانەی توانای جوڵاندنی سوپا و تانک و شەڕکەرەکانیان ھەیە، ئەوانەی ئەمری تەقاندنی تۆپەکان دەدەن، گوێ لەو و لە ھیچ نووسەر و ڕۆشنبیرێکی تریش، ناگرن.
یەکێک لە تراژیدیا گەورەکانی ڕۆشنبیرڕانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەزانن تەنھان. بەڵام ئەم دۆخی تەنھابوون و بێکاریگەربوونە وا لە کانت ناکات وازناھێنێت و بێدەنگببێت، ئەو قسەدەکات و دەنووسێت، بەو ھیوایەی بکرێت لە ساتێک لە ساتە تایبەتەکانی مێژوودا، گوێی لێبگیرێت و ڕوانین و لێکدانەوەکانی ببن بە بەشێک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن و بەرھەمھێنانی واقیع. خەونی کانت لە کۆتایی سەدەی ھەژدەھەمدا، دوای نزیکەی زیاد لە دوو سەدە و جەنگ و پێکدادانی خوێناوی لە مێژووی ئەوروپادا، خەونی بەرقەرارکردنی ”ئاشتییەکی ھەمیشەیی“ و ”بەردەوامە“. خەونێک کە لای کانت پێویستە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دونیای مۆدێرن بێت.
کانت ھیوای بەوەبوو میلەتان ھۆشیارببنەوە و ڕۆشنگەرانە بیربکەنەوە، سیستمی پادشایەتی وەلابنێنن و سیستمی کۆماری دامەزرێنن. سیستمە کۆمەکارییەکانیش لە دەوری یەک کۆببنەوە و یەکبگرن، بە ئازادییش بەیەکەوە و لەپاڵ یەکدا، بژین و بەردەوامببن. ھاوکات کانت پێیوابوو ئەم کۆمارانە پێویستە ڕێز لەو شتە بگرن کە ناوی ”مینوانداریی گەردوونیی“ لێدەنێت. مەبەستی کانت لە ”میوانداریی گەردوونیی“ ئەوەیە کاتێک لێقەوما و کۆچبەرێک دێتە بەردەرگای ماڵەکەت، ئەگەر بە مەبەستی شەڕ نەھاتبێت، ئەخلاقیی ئینسانیی داوا لە مرۆڤ دەکات دەرگاکەی بۆبکەیتەوە، لێگەڕێی بێتە وڵاتەکەتەوە. چونکە ھەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە شوێنێکی لەم سەر زەمینەدا ھەبێت.
بەم شێوەیە لەگەڵ کانت دا مافی ”میوانداریی گەردونیی“ لەدایکدەبێت و لە سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیھانی دووھەمیش ”ڕێکەوتنامەی جنێف“ لەدایکدەبێت، کە پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی کە نابێت ھیچ پەنابەرێک بگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، بەبێ ئەوەی گوێی لێگیرابێت و ئەو ھۆکارە ڕوونبکاتەوە کە بۆتە ھۆکاری ھەڵاتن و سەرھەڵگرتنی. ئەرکی دەوڵەتە پەنابۆھێراوەکانە ئەو ھۆکارە بپشکنن بۆئەوەی بزانن ئایا ھۆکارەکە ڕاستە یان نا. ئەم گوێگرتنە لە مرۆڤی ھەڵکەندراو و ھەڵاتوو لە وڵاتەکەی خۆی بڕبڕەپشتی ڕێکەوتننامەی جنێفە. بە مانایەک لە ماناکان، ھاتنەکایەی ڕێکەوتننامەی جنێف و دەستەبەرکردنی مافی پەنابەرێتی، پەیوەندیی بە بیرۆکەی ”میوانداریی گەردونیی“ لای کانت ەوە ھەیە. دەکرێت بشڵێین ئەو دۆخەی لە دوانی جەنگی جیھانی دووھەموە دروستدەبێت و ئەو مافانەی بۆ پەنابەران دەستەبەردەکرێن، پەیوەندیەکی تایبەتیان بە ھەندێک لە بۆچونەکانی ئەم نووسەرە ئەڵمانیەوە ھەیە. کانت باوەڕیشی وابوو بۆئەوەی مرۆڤایەتی بتوناێت لە ئاشتیدا بژیی، پێویستی بەوەیە ڕێز لە کەرامەتی ھەموو مرۆڤێک بگیرێت و یەک یاسای ئەخلاقیی گەردونی ھەبێت، حوکمی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بکات.
ئێستا کە ھەواڵی پەلامارەکانی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا و دەنگی بۆمبارانکردنی شارەکانی ناو ئەو جەنگە، لەڕێگای تەلەفیزیۆن و دونیای دیگیتاڵییەوە دەگەنە ھەمووشوێنێک، کاتێک دووکەڵ و خاشاکی ئەو جەنگە، بەھۆی شاشەکانەوە لە ھەموو کون و قوژبنێکی ئەستێرەکەدا دەبینرێن، بۆ ھەمووان ئاشکرایە کە خەونی کانت بۆ بونیادنانی ”ئاشتییەکی ھەمیشەیی“ و ”سەقامگیر“ لە دونیای ئەمڕۆماندا خەونێکی مردوە، زیاد لە دوو سەد ساڵ دوای نووسینی وتارەکەی کانت، دوو وڵاتی کۆماریی و زۆر وڵات و ناوچەی تریش. لە جەنگێکی خوێناویدان لەگەڵیەکدا. بەچاوی خۆمان دەبینین سەرۆک و ژەنەراڵەکانی سوپا، بێگوێدانە ئەو ئەدەبیاتە گەورەیەی لەسەر گرنگیی ئاشتیی و پێکەوەژیان ھەیە، سوپاکان دەجوڵێنن و کارەساتە گەورەکان بەرھەمدەھێنن.
وەک وتم کانت ئەو ڕاستییەی باش دەزانیی ئەوەی ئەو دەیڵێت و دەینوسێت، تەواو لە عەقڵ و خەیاڵی سەرکردە و سوپاسالار و ئەفسەرەکانەوە دوورەوە. ئەوەی نووسەرێک دەیڵێت، جیاوازە لەوەی پیاوانی دەسەڵات و حوکمڕانان بیرلێدەکەنەوە و ئەنجامیئەدەن. کانت ئەو ئەو مەسافەیەی دەبینیی کە لەنێوان کتێب و تفەنگ و نووسەر و ئەفسەرێکدا ھەیە و دروستدەبێت، بەڵام، وەک وتم، ئەم زانینە تاڵە، ئەوی بەرەو بێدەنگیی و قسەنەکردن نەبرد. بە پێچەوانەوە، ئەو لەناو گرمە و ھاڕەی بیستراو و نەبیستراوی جەنگەکاندا یەکێک لەبەناوبانگترین تێکستەکانی مێژووی فیکری سیاسیی نووسیی و بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ ھەمان دۆخ بە نیسەبت زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی جیھانەوە لەئارادایە. لە زۆر ڕوویشەوە جیھانی ئەمڕۆ لە جیھانی سەردەمی کانت ترسناکتر و پڕمەترسیتریشە. چەک و تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردن، ئیبادەکەرتر و مەترسیدارترن، ژمارەی ھەڵاتوان و پەنابەران لە جیھانیشدا ھێجگار ھێجگار گەورەترە لەوەی لەسەردەمی کانتدا ھەبووە، جەنگ خۆیشی ھەم لە واقیعدا و ھەم وەک ھەڕەشەیەکی بەردەوام، بەشێکە لە ھەندەسەی دەسەڵات لە زیاد لە بەشێکی جیھانی ئەمڕۆدا. بەڵام ھەموو ئەمانە نابێت دۆخی بێدەنگبوون و باوەڕنەمان بە نووسین و قسەکردن، دروستبکات. دەبێت قسەبکەین و بێدەنگ نەبین، باسی ئەو جیھانە بکەین کە ئەو ھەموو ھەڕەشە و مەترسییەی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتوە.
ئەوەی کەسانی وەک من و زۆر ڕۆشنبیر و نووسەری تر پێویستە لەم دۆخە ناھەموارەدا ئەنجامیبدەن، درێژەدانە بەو ھێڵە کانت یەی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە بۆ ئەمڕۆ ھاتوە. من و زۆرانێکی وەک منیش، لە پەیوەندیدا بە دونیای خۆمانەوە، ئەو ڕاستییە باش دەزانین کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی ئێمەش، خێزانە سوڵتانییە حوکمڕانەکان، گوێ لە لە ھیچ نووسەر و ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە و ڕەخنەیی ناگرن، دەزانین ئەوان لە ھەسارەیەک و ئێمە لە ھەسارەیەکی تردا، دەژین، دەشزانین توانای تاڵکردنی ژیانی زیاد لە نەوەیەکیشیان ھەیە، بەڵام ھەموو ئەم شتانە ناکرێت وەک نووسەرێک بێدەنگمان بکەن و واز لەوەبھێنین بە ناشیرینیی و تاوانەکان بڵێین ناشیرینیی و تاوان.
ئەو جەنگەی ئەمڕۆ بە دیارچاوی ھەموومانەوە ڕووئەدات دەبێت ئیرادەی بێدەنگنەبوومان زیندوتر و بەھێزتر بکات.