یەكشەممە جەلال شێخ ناجی دەستبەكار دەبێت
2022-02-25 19:45:42
(درەو):
بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاری و داوایكردووە رۆژی یەكشەمە (جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی) دەستبەكار بێت، ھاوکات داوای پێداچونەوە بە شەراکەت و پشكەكانی ئیدارەی گشتی یەکێتی و کۆمپانیای (قەیوان) دەکات لەو پرۆژانەی كە پێكەوەن.
دوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاری، لە دوێنێوە (ئەژی ئەمین) سەرۆکی دەزگاکە رووی لە ھەولێر کردووەو لای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ماوەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شێوازی لابردنی (ئەژی ئەمین) نییە، بۆیە تا ئێستا هەوڵ هەیە بۆ پەشیمان كردنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە بڕیارەکەی بۆ گۆڕینی سەرۆکی دەزگای زانیاریی لەئارادایە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یەکێتی بە (درەو)یان راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی ھێشتا سورە لەسەر لابردنی (ئەژی ئەمین) لە پۆستەکەی وداوایكردووە رۆژی یەكشەممە (جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی) لە شوێنەكەی دەستبەکار بێت.
ھاوکات لەگەڵ بڕیاری گۆڕینی سەرۆکت دەزگای زانیاری، بافڵ تاڵەبانی فشاری خستوەتە سەر کۆمپانیای (قەیوان)و داوای پێداچوونەوە بە شەراکەتی ئیدارەی گشتی یەکێتی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا دەکات.
ھاوشێوەی بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی دەزگای زانیاری، لە پرسی کۆمپانیای (قەیوان)یشدا قوباد تاڵەبانی بۆچونی جیاوازی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی برایدا ھەیەو پێیوایە ئەو کۆمپانیایە بەھۆی ئەوەی چەندین پرۆژەی لە سلێمانی ھەیە بەتایبەتیش شەقامی (١٠٠ مەتریی)، لەکارکەوتن یاخود فشارەکان بۆسەری، کاریگەری لەسەر پرۆژەکانی حکومەت دەبێت.
(درەو) لە چەند سەرچاوەیەکەوە لەناو یەکێتی زانیویەتی، قوباد تاڵەبانی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە خاوەنی کۆمپانیای (قەیوان)ەوە کردووەو دڵنیایی پێداون پارێزراو دەبن.