هەرێمی كوردستان لەنێوان روسیاو ئۆكرانیادا
2022-02-26 12:38:14
(درەو):
روسیا خاوەنی رێژەی 60%ی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئۆكرانیا تەنیا هەندێك بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبوو لە نمونەی (رەشەوڵاخو ئەندۆمیو گەنمو خەڵوز) ئەویش بەهۆی شەڕەوە راوەستاوە، حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی شەڕی روسیا- ئۆكرانیا رانەگەیاندووە.
هەرێم لەنێوان روسیاو ئۆكرانیادا
چەند رۆژێكە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستی پێكردووە، زۆربەی وڵاتانی جیهانو ناوچەكە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی شەڕەكە راگەیاندووە، بەڵام حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم هێشتا هیچ هەڵوێستێكیان رانەگەیاندووە.
بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو وڵاتە شەڕكەرەكە، تەماشای پەیوەندی ئابوری هەرێم لەگەڵ روسیاو ئۆكرانیا بكەین.
پەیوەندییە ئابورییەكانی هەرێم لەگەڵ ئۆكرانیا
بەپێی قسەی ژووری بازرگانی سلێمانی، كاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئۆكرانیا بەتەواوی وەستاوە.
ئۆكرانیا پەیوەندیەكی زۆری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانو عێراق هەیە، بەهۆی شەڕەوە، ئێستا هەموو كارە بازرگانییەكان راگیراون.
(پێشەوا سیروان)، بازرگان لە شاری سلێمانی بە ژوری بازرگانی وتووە" كاری بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتی ئۆكرانیا بەتەواوی راوەستاوە، بەهۆی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ راوەستانی كاری تەواوی كارگەكان و بەرهەمهێنەرەكانی ئەو وڵاتە ئەمەش زیانی گەورە بەكاری بازرگانی ئێمە دەگەیەنێت".
بەپێی قسەی ئەم بازرگانە، بەرهەمی ئۆكرانیا كە هەناردەی هەرێم كراوە بریتی بووە لە:
• خواردن
• شەربەت
• شیرەمەنی
• ئەندۆمی
• پاكەرەوە
• خەڵوز
• زەیتی گوڵەبەرۆژە
• گەنم
• رەشەوڵاخ
دۆخی شەڕ وایكردووە، بەپێی قسەی بازرگانەكە، بازرگانان لە هەوڵی ئەوەدان بەدیلی بەرهەمە ئۆكرانییەكان بدۆزنەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێ وەك ئێرانو توركیا، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو زەرەرەی كردویانە لەوە زیاترنەبێت و كاری خۆیان بەردەوام بكەن.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە ساڵی (2017) لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە (86 هەزارو 144) رەشەوڵاخ هاتوەتە سلێمانییەوە، كەبەشی زۆری لە ئۆكرانیاوە هاتووە.
ماوەیەكی زۆر بازرگانانی هەرێمی كوردستان گەنمی ئۆكرانیان هاوردە دەكردو تێكەڵیان دەكرد لەگەڵ گەنمی جوتیارانی هەرێمو رادەستی بەغدادیان دەكرد، ئەمە هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پارەی گەنمی جوتیاران دوابخات.
پەیوەندی ئابوری روسیاو هەرێم
روسیا یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە پشتیوانی روخانی رژێمی بەعسی لە عێراق نەكرد، بەڵام دوای روخانی رژێم هەر زوو هاتە ناوەوەو دەستی بە دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێ كرد، روسیا لە ساڵی 2007وە كونسوڵگەری خۆی لە هەولێر كردوەتەوە.
ئێستا روسیا بەرژەوەندی ئابوری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ریژەی 60%ی پشكی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (روسنەفت) دەگەڕێتەوە، ئەمە ئەو بەشەی بۆرییەكەیە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان تاوەكو سنوری توركیا، حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر وەرگرتنی هەندێك قەرز لەم كۆمپانیا روسییە، بۆرییەكەی فرۆشت.
خاوەنی كۆمپانیای (روسنەفت) یەكێكە لە كەسایەتییە نزیكەكان لە ڤیلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا، بەپێی داتاكان تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2021دا، كۆمپانیای (روسنەفت) داهاتی لە كرێی بۆری نەوتی هەرێم بڕی (272 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە.
گرێبەستی فرۆشتنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای (روسنەفت) لە رۆژی 2ی حوزەیرانی 2017دا لە شاری (سانت پترسبۆرگ)ی روسیا بە ئامادەبوونی سەرۆكو جێگری سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەت واتە (نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانی) ئیمزا كراوە، رێژەی 60%ی پشكی بۆری هەرێمی كوردستان بە بڕی (ملیارێكو 700 ملیۆن) دۆلار فرۆشرا بە كۆمپانیا روسییەكە، سەرباری ئەمە كۆمپانیاكە هەندێك قەرزی بە حكومەتی هەرێم دا.
لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیای (گاز پرۆم)ی روسیا لە دوو كێڵگەی نەوتی سنوری گەرمیاندا كاردەكات، میژووی دەستبەكاربوونی ئەم كۆمپانیایە بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە، ئەمە سەرەتای پەیوەندی ئابوری هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ روسیا لەدوای كەوتنی سەددامەوە.
روسیا لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا لە 2017دا، بێلایەنی خۆی لەنێوان بەغدادو هەرێمدا پاراستو بەڕوونی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاند.
روسیا ئێستا یەكێك لەو وڵاتانەیە كە هاوشێوەی ئەوروپییەكانی تر، چاوی لە غازی سروشتی هەرێمی كوردستانە.