بنەمای پەیوەندییەکانی روسیا و هەرێمی کوردستان
2022-02-27 07:41:15
درەو:
هەرچەندە روسیا میژوویێکی کۆنی هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کورد، بەڵام ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ کورد هەرگیز تاسەر نەبووە، بەڵکو تایبەت بووە بە پرس و ئامانجێکی کاتی، بە جۆرێک هەر کات روسیا گەیشتبێتە ئامانجەکەی کوردی لە نیوەی رێگاوە جێهێشتووە. زۆربهی پەیوەندییەکانی روسیاو کورد به شێوهیهك له شێوهكان، دهچنه قاڵبی سیاسهته ههڵپهرستهكان نهك پەیوەندی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. دوو فاکتەری سەرەکی کاریگەریان هەبووە لەسەر پەییوەندییەکانی روسیا کورد، یەکەم، پرسی وزە کە پرسێکی تازەیە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا دەکرێت کارتێکی گونجاو بێت بۆ سیاسەتی روسیا لە ناوچەکدا، فاکتەری دووەم، فاکتەری هەرێمیییە، بە تایبەتیش تورکیا، کە روسیا هەمیشە رەچاوی کردووە لە پەیوەندییەکانی لەگەل کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیشدا. روسیا لە کەشێکی ئاساییدا دەیەوێت لەگەل هەموان دۆست بێت، بەڵام لە کەشێک کە لە بەرژەوەندی مۆسکۆ نەبێت و هەست بە پەراوێزخستن بکات ئەوا بێگومان پەرچەکرداری دەبێت.
پوختەى توێژینەوە:
هەرچەندە پەیوەندی روسیاو کورد مێژوویێکی دریژی هەیە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا پەیوەندییەکانیان لە سنورێکی تەسکی تاکتیکی و بەرژەوەندی کورتخایەندا تێنەپەریوە. پرسیاری سەرەکی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئایا پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەماییەکە، یا وردتر بڵێین چ جۆرە پەیوەندیێکە؟ لەدەرەنجامدا بەو ئارگومێنتە گەییشتین کە پەیوەندی روسیا و کورد (هەروەها هەرێمی کوردستانیش) هەمیشە لە چوارچێوەی پرسێکی ترەوە بووە. واتا روسیا هەمیشە پرسی کوردی وەک کارتێکی گوشار لە دژی نەیارەکانی بەکارهێناوە بۆ مەبەستێکی تایبەت. پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستانیش ئەگەر چی لە دوای ٢٠٠٣ فاکتەری بەرژەوەندی ئابورییشی هاتۆتە سەر، بەتایبەتی لە بواری وزە، بەڵام لە راستیدا هێشتا ئەو چوارچێوە ریالیستی و تاکتیکیە مێژووییەی تێنەپەڕاندووە. وێستگە سیاسیەکانی مێژووی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە مۆسکۆ هەرگیز تا سەر لەگەل کورد بەردەوام نەبووە. دوو فاکتەری سەرەکی کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر پەیوەندی روسیاو کورد بە گشتی. یەکەم، فاکتەری هەرێمی بە تایبەتیش فاکتەری تورکیا، کە روسیا هەمیشە لە پەیوەندییەکانی لەگەل کورددا رەچاوی کردووە. فاکتەری دووەمیش کە لە دوایی ٢٠٠٣ هاتۆتە نێو پەیوەندییەکانی هەردولاوە بریتیە لە فاکتەری وزەو بوونی کۆمپانیا روسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. پەیوەندی دروستکردن لە گەڵ هێزێکی گەورەیی وەک روسیا گرنگی زۆری هەیە بۆ هەرێـمی کوردستان، بەڵام پشت بەستن بەو پەیوەندییانە هەرگیز جێگای متمانە نیە.
پێشەکی
روسەکان لە زۆر رووەوە نزیکترن لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئەوروپی ئەمریکیەکانەوە، ئەمەش بێگومان رەنگی داوەتەوە لە پەیوەندییە سیاسیەکانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. دیارە ئەمە بۆ گەلی کوردو هەرێمی کوردستانیش راستە، کە خاوەن پەیوەندیێکی مێژویین لەگەڵ روسیا. تا ئەو ئاستەی ئەمە وای لە توێژەرێکی روسی وەک "ڤادیم ماکارینکا" Vadim Makarenka کردووە بڵێت کە روس و کورد یەک بنەچەیان هەیە. هەرچەندە ئەم بۆچوونە پاڵپشتی و بەڵگەی مێژوویی نیە. بەڵام لە زۆر وێستگەی سیاسی و ئابوری و ئایدۆلۆجیش کورد ئاشنایەتی زیاتری هەبووە لەگەل روسەکان بە تایبەت دوایی ئەوەی کە شۆرشی ئۆکتۆبەر بەسەرکردایەتی کۆمۆنیستەکان لە ساڵی (١٩١٧) سەر دەگرێت و کاریگەریەکانی بەخێرایی بە تەواوی جیهاندا بڵاودەبێتەوە. هەڵبەتە کاریگەری ئەم شۆرشە بۆ گەلێکی چەوساوەو ژێردەستی وەک کورد زیاتریش بوو، چونکە لە زۆر رووەوە شۆرشی ئۆکتۆبەر موژدەی دونیاو ئاییندەیێکی سیاسی و ئابوری باشتری بە نەتەوە ژێردەستەکان دەدا بە بەراورد بە روانگەی ئەوروپی و ئەمریکیەکان لەو سەردەمەدا بۆ پرسی کورد. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو پەیوەندییە دوورودرێژەی کە لە نێوان یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو شۆرشە کوردییەکانەوە هەبووە .
لە دوای راپەڕینی جەماوەری گەلی کوردستانی عێراق (باشوری کوردستان) لە ساڵی ١٩٩١، بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و یاسایی لە ساڵی ١٩٩٢ دروستبوو، بەشێکی زۆری وڵاتان چ لە رێگای کردنەوەی کەناڵە دبلۆماسیەکان یان لە رێگای پەیوەندی نا فەرمی هەڵسان بە دروستکردن پەیوەدندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بوونی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ هەرێم لە وانەیە مایەی نیگەرانی بێت بۆ بەشێک لە وڵاتان، بە تایبەت وڵاتە دراوسێکانی وەک تورکیاو ئێران سوریاو، هەتا هەندێک جار عێراقیش.
جێگیربوونی هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ وەک کیانێکی فەڕمی و هەرێمێکی فیدراڵ لە عێراق و مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستوری هەمیشەیی عێڕاقدا (لە ساڵی ٢٠٠٥)، پێگەیێکی دستوری و سیاسی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست کرد لە عێراقدا. ىەڵام لە راستیدا گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش دوای ٢٠٠٨ دەستی پێکرد؛ واتا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوت و دواتریش کارکردن لە گەل کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان کرد بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی گازو نەوت. هەر لەو ساتەوە هەرێمی کوردستان بووە جێی پەیوەندی بەشێکی زۆر لە وڵاتان لە نێوێشیاندا وڵاتێکی وەک روسیا کە هە ر زوو لە ساڵی ٢٠٠٧ قۆنسوڵگەری خۆی لە هەولێر کردەوەو، دواتریش کۆمپانیاکانی وەک رۆسنەفت و گازپرۆمیش ئێستا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن .
- پرسیاری سەرەکی ئەو توێژینەوەیە: ئەوەیە کا ئایا پەیوەندی نێوان روسیاو هەرێمی کوردستان لە سەر چ بنەمایەکە؟ یاخود وردتر بڕۆین روسیا لە چ گۆشەنیگایەکەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات؟ ئارگومێنیتی (گریمانەی) سەرەکی ئەو توێژینەوەیە ئەوەیە کە روسیا ستراتیجیێکی تایبەتی نیە بەرامبەر هەرێمی کودستان. واتا بنەمایی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و روسیا پەیوەستە بە بوونی پرسگەلی تر لە ناوچەکدا کە بەزۆری پرسی کاتین و تایبەتن بە دۆخێکی دیاریکراو. هەندێک جار ئەم پرسە بریتیە لە هەڵکشانی پێگەی کورد لە هاوکێشە هەرێمیەکانی ناوچەکدا، بۆ نموونە، پێگەی کورد لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ دواتریش لە ٢٠٠٨ و ئینجا لە کاتی شەڕی دژ بە داعش لە ٢٠١٤، یاخود دوای ٢٠١١ لە سوریاو، یانیش بەکارهێنانی پرسی کورد وەک کارتێکی سیاسی بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، ئینجا ئەمە ئەمریکا، عیراق، ئێران یان تورکیا بێت.
- گرنگی ئەم توێژینەوەیە: لە چەند لایەکەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لە لایەک تاووتوێی پەیوەندی یان سیاسەتی روسیا دەکات وەک زلهێزێزێکی ئامەدەبووی بەردەوامی کاریگەر بەسەر هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا، بە تایبەتیش کاریگەر لەسەر سیاسەتەکانی هەر یەکە لە ئەمریکاو هەروەها تورکیاو ئێرانیش کە ئەکتەری باڵادەستن لە ناوچەکەدا. لە لایەکی تریش دیراسەی فۆرمی پەیوەندی زلهێزێک (گرەیت پاوەرێک Great Power- ) دەکات لەگەل هێزێکی نادەوڵەتی (هەرێمی کوردستان) کە پێگەیەکی سنورداری هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێزە تەنیا گوزارشت لەو پێگە سنوردارە ناکات کە هەیەتی، بەڵکو گوزارشت لە پرسی نەتەوەیەکی دیاری ناوچەکەش دەکات کە پرسی کوردە. ناسینی ئاراستەکانی سیاسەتی روسیا لە هەرێمی کوردستان گرنگیێکی تایبەتیشی هەیە لە بەرچاوڕوونی نوخبەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ تێگەیشتن لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی روسیاو ناوچەکەشدا. ئەم توێژینەوەیە لە هەمانکاتدا گرنگی بۆ قوتابیانی زانستە سیاسیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیش هەیە بۆ تێگەیشتن لە بنەمای پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا. بە تایبەت توێژینەوەیەکی زانستی کە پشت ئەستور بێت بە چەندان سەرچاوەی ئاکادیمی و توێژەرە دیارەکانی بواری سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان.
- میتۆدەکانی ئەم توێژینەوەیە: لەم توێژینەوەیەدا بەشێوەیەکی گشتی پشت دەبەستین بە میتۆدی جۆرێتی – Qualitative Method، بۆ ئەم مەبەستەش چەندان سەرچاوەی زانیاری کۆکردنەوەمان بەکارهێناوە وەک کتێب، توێژینەوەو جۆرناڵی زانستی، لێدوانی رۆژنامەوانی، دۆکیومێنتی فەرمی . بۆ ئەنجامدان و لێکدانەوەی تێروانینی پرسەکانی تایبەت بەم توێژینەوە، رێچکەی شیکاری- Analytical Approach دەگرینە بەر، واتا شیکردنەوەی هەڵسوکەوت و دیاردەو کێشە سیاسیەکان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەیان لە فۆڕمێکی تردا، کە لە هەمانکاتدا شیکردنەوەیێکی ووردی وێستگەکانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و روسیا دەگرێتە خۆ. ئەمەش بە مەبەستی روانینی قوڵتر لە كێشەی توێژینەوەکە کە تایبەتە بە بوون یان نەبوونی پەیوەندی یان ستراتیجێکی تایبەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان.
بۆ تێگەیشتن یان دۆزینەوەی ریشەی كێشەکە لە زۆربەی حاڵەتەکان رێگای رەخنەگرتن Critical engagement with sources لە تێکستەکانی پێشووترمان بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی جیاوازتر لە توێژیەنەوەکانی پێشوو. بێجگە لەوەش پشتمان بەستووە بە هەر یەکە لە رێچکە یان میتۆدی مێژوویی historical approach بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی وردترو باشترمان دەستکەوێت بۆ پەیوەندییەکانی هەر یەکە لە روسیاو هەرێمی کوردستان لە رابردوو بەستنەوەشی بە ئێستاوە . بۆ دەستگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاریەکان هەریەکە لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردیم بەکارهێناوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پشتم بەستووە بە سەرچاوە ئینگلیزییەکان، بە تایبەت بەو توێژەرە دیارانەی کە لەسەر پەیوەندییەکانی روسیاو سیاسەتی دەروەی روسیا هەمبەر وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی تریش سیاسەتەکانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین کاردەکەن.
- پێکهاتەی توێژینەوەکە: ئەم توێژینەوەیە لە پێشەکی و چوار باس پێکدێت؛ بۆ ئەوەی بەرچاومان روونبێت بە مێژووی مامەڵەکردنی روسیا لەگەل پرسی کورد و بزاڤی رزگاریخوازی کورد، باسی یەکەم تایبەت کراوە بە دەروازەیەک بۆ مێژوویی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا. باسی دووەمیش تاووتوێی پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان دەکات لە ساڵی١٩٩١ تا ٢٠٠٣، واتا روخانی رژێمی بەعس لە عێراقدا. هەرچی باسی سێیەمە ئەوا تایبەتە بە دیراسەکردنی پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣، واتا لەدوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی وەردەگرێت لە دەستوری عێراقدا. باسی چوارەمیش تایبەتە بەو فاکتەرانەی کە کاریگەری دروست دەکەن لەسەر پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان کە لە دوو فاکتەری سەرەکیدا کۆمکردۆتەوە. لە کۆتاییشدا دەرەنجامەکەنی توێژینەوەکە بە پوختی خراونەتە روو.
باسی یەکەم/ کورتەیەک لە مێژووی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا
پەیوەندی کوردو روسیا رەهەندێکی مێژووی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە لەمەوبەر، واتا کاتێک ژنە ئیمپڕاتۆری روسیا کاترینی مەزن لە ساڵی١٧٨٧ فەرمانیدا بە بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی . چونکە میرنشین و خێڵە کوردییەکان رۆڵێکی گەورەیان بینی لە هاوکاریکردنی روسەکان لە دژی فارس و عوسمانییەکان. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە پەیوەندی زێرینی روسیاو کورد دەگەرێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم . بە تایبەت کاتێک موسکو هەڵسا بە پاڵپشتیکردنی کۆماری مهاباد لە کوردستانی ئێران لە ٢٢ کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ . دروستبوونی ئەم کیانە چرکە ساتێکی گرنگ بوو بۆ بزاڤی شۆرشگێری کورد، بە تایبەتیش لە کوردستانی عێراق (باشور) بەڵام دوای ساڵێک هەر زوو لە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ لایەن شای ئێران روخێنرا.
رووخانی کۆماری مهاباد بێئومێدبوونێکی زۆری دروست کرد لە گشت بەشەکانی کوردستان و بووە هۆی دەربەدەربوونی بەشێکی بەرچاوی کورد، بە تایبەت ئەوانەی بەشداریی سیاسی و سەربازییان لە دروستکردنی ئەو کۆمارەدا کردبوو. ئەمە وایکرد سەرکردەی بەرهەڵستکاری کوردی عێراق مەلا مستەفایی بارزانی کە بە پلەی وەزیری جەنگ بەشداری کردبوو لەکۆمار مەهەباد کۆچ بکات بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ١٢ ساڵ لەوێ بمێنێتەوە . ئاوەرەبوون و مانەوەی کوردانی عێراق لە روسیاو کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر پەیوەندی کورد لەگەل روسیا، بە تایبەتیش مەلا مستەفای بارزانی. بە جۆرێک کە لە ساڵی ١٩٥٩ کورد سێ نوێنەری لە کۆنگرەی کۆمیتەی پارتی کۆمۆنیستی ئەرمینیا هەبوو. پەیوەندییەکان بەجۆرێک گەشەیان کرد تا لە ساڵی ١٩٥٥ خرۆشۆف گەیشتە ئەو باوەڕەی کە روسیا پێویستە یارمەتی بزووتنەوە سیاسیەکانی کورد بدات .
لە خوێندنەوەی بەشێک لە مێژووی پەیوەندییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو کورد زۆر جار دەگەینە دەرەنجامێک لە روانگەی روسەکان کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی ژێردەست دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت ئەوانەی لە بەرەی یەکێتی سۆڤیەت نین. بۆ نموونەجۆزێف ستالین کوردی وەک ئامرازێک دەبینی بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەمەریکی و بەریتانیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست . ڤیاشیلاڤ مۆلۆتۆڤ وەک گەورە دبلۆماسێکی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت بەکارهێنانی کوردی وەک ئامرازێک دەبینی بۆ لاوازکردنی محەمەد رەزا شا و روخانی میرنشینی فارس Persia لە ناوخۆدا، ئەمەش وەک دەرفەتێکی گونجاو بۆ یەکێتی سۆڤیەت لە بواری کۆدەنگی لەسەر بەکارهێنانی ووزە، وەک چەکێک دژی رۆژئاوا . بۆ نموونە کاتێک روسەکان هاوکاری بزاڤی شۆرشگێری دەکەن لە باکوری عێراق، بە تایبەتیش مەلا مستەفای بارزانی لە رووی چەک و تەقەمەنیەوە ئەوا مەبست لێی گوشار خستنە سەر حکومەتەکەی نوری سەعید بوو لە بەغدا کە ئەو کات پەیوەندیێکی زۆر تۆکمەی لەگەل ئینگلیزەکاندا هەبوو .
لە ساڵی ١٩٥٨ مەلا مستەفاو هاوەڵەکانی روسیایان جێهێشت بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ عیراق، چونکە لە رێگای کۆدەتا ( شۆرشی)ی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨ توانرا سیستمی پاشایەتی بڕوخێندرێت و رژێمێکی کۆماری نوێ جێیبگڕیتەوە بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم. ئەم رووخانەی رژێمی پاشایەتی وەک سەرکەوتنێک بۆ کۆمۆنیستەکان و روسیاش لە ناوچەکەدا سەیر دەکرا. بۆ کوردیش دیارە ئومێدێک هەبوو کە لەیەک تێگەیشتنێکی باش دروست بێت لە گەڵ عەبدولکەریم قاسم، بەڵام دوای ٢ ساڵ، کورد بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەگەیشتن بە رێکەوتن لەگەل عەبدولکەریم قاسم، بۆیە بڕیاریاندا بە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی عیراق. بەڵام روسەکان بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەی هەیان بوو بەرامبەر حکومەتی نوری سەعید لەناکاو ئەو هەڵوێستەیان دەگۆردرێ بەرامبەر بە کورد کاتێک عەبدولکەریم قاسم دێتە سەر دەسەڵات و رژێمی پاشایەتی دەروخێنێت لە عێڕاق. چونکە عەبدلکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٩ کۆمەڵیک رێکەوتنی لەگەل روسیا واژووکرد لە بواری پرچەککردنی سوپای عێراق، هەروەها عێڕاق تاکلایەنە کشایەوە لە "هاوپەیمانێتی هاریکاری ئاساییشی هاوبەش" کە عێراق هەیبوو لەگەل بەریتانیا . بەڵام دوایی روخانی رژێمی عەبدولکەریم قاسم، روسیا دیسان رۆلێکی بەرچاوی هەبوو لە ئەنجامدانی رێکەوتنی ئاشتی لەنێوان کوردو بەغدا لە ١١ ئاداری ١٩٧٠ کە دواتر جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە عێڕاقدا بەدەستهێنا . یەفگینی پریماکۆڤ لە یاداشتەکانیدا ئەوە دەگێرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٦ تاوەکو ساڵی ١٩٧٠ رۆلێکی سەرەکی بینیووە لە ناوبەندیکردن لە نێوان حکومەتی عێراق و کورددا، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار سەردانی بارزانی کردووە لە ناوچەکانی کوردستاندا . لە راستیدا دوای هاتنە سەرکاری بەعسیەکانیش مۆسکۆ هەر کاری دەکرد بۆ دروستکردنی دۆستی بەهێز لە عێراقدا ئەمەش لە رێگای دروستکردنی "بەرەیەکی نیشتمانی " کە چەند لایەنێکی سەرەکی بگرێتەوە، بە تایبەت شیوعیەکان و بەعسیەکان و هەروەها کوردیش. بۆ ئەم مەبەستە لە ٢٨ شوباتی ساڵی ١٩٧٢روسیا نوێنەرێکی پایەبەرزی خۆی ناردە لای مەلا مستەفای بارزانی بۆ بەشداریان لە بەرەی نیشتمانی، لە بەرامبەریشدا مۆسکو بەڵینی ئەوەی بە بارزانی دا کە بیانپارێزێت لە مەترسییەکانی ناوچەکە، هەروەها بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەعسیەکانیش هاوکارییان بکات .
یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو وەک مەڵبەندێک کە سەرکردایەتی ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزمی دەکرد لە جیهاندا کاریگەری هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانی کورد لەگەل یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، چونکە نەتەوە ژێردەستەکان وەک رێگایەک بۆ سەربەخۆیی دەیانڕوانیە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کەچی وەک دەزانین لە بنەڕەتا سۆشیالیزمی کۆمۆنۆیزم گرنگی نادەن بە پرسە نەتەوەییەکان بەڵکو لە چوارچێوەی بەهایێکی باڵاتردا سەیری كێشەی کەمینە نەتەوەییەکان دەکەن کە سۆشیالیزمە. بۆیە یەکێتی سۆڤیەت وەک مەرجەعێک وابوو بۆ بەشێکی زۆر لەو نەتەوەو کەمینانەی کا چاوەڕێی مافی سیاسی و ئابوری باشتر بوون. بە جۆرێک لە سەرەتای روخانی یەکێتی سۆڤیەت ژمارەی کوردەکان لە نێوان ٣٠٠ هەزار تا ٥٠٠ هەزار کورد دەبوو لە روسیا . لە دوای شۆرشی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨ کڕملین هەمیشە پەیوەندی نەبریووە لە گەڵ کورد، هەندێک جاریش بە ئاشکرا پشتگیری کردوون لە دژی نەیارەکانی، بە تایبەت لە رێگای گوشار خستنە سەر عیراق و تورکیا . مام جەلال لە یاداشتەکانیدا باسی ئەوە دەکات کاتێک کە شۆرشی کورد توشی شکست بوو "سۆڤیەتیەکان زۆر تەنگاوبوون، پێش هەرەس هاتنەلام، وتیان با بارزانی بەرگری بکات، ئێمە ئامادەین پشتیوانی بکەین" .
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە مۆسکۆ هەرگیز پێی خۆشنەبووە کورد زۆر لە ئەمریکیەکانەوە نزیکببنەوە. بۆ نموونە ئەو کاتەی کورد پەیوەندی باشی هەبوو لەگەل ئەمریکیەکان ، سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٣ پاڵپشتی رژێمی ئەوسای عیراقی کرد لە دژی کورد ؛ کە ئەمەش لە بنەڕەتدا بە هۆکاری نزیکبوونەوەی کورد بوو لە ئەمریکا. مۆسکۆ لەگەل کوردانی باکوریش (کورد لە تورکیا) هەرگیز پەیوەندی نەبڕیووە، بۆیە لە چەندین وێستگەی مێژووییدا روسیا یارمەتی پارتی کرێکارانی کوردستانیشی داوە. ئەمە جگە لەوەی کە تا ئێستا روسیا بە فەرمی پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی نەناساندووە . بەڵام سەرەرای بوونی ئەو پەیواندییانەی نێوان کوردو روسیا (یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو) لە راستیدا روسیا هەرگیز تا سەر بەردەوام نەبووە لەگەل کێشەی کورد بەڵکو هەمیشە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاری هێناوە.
باسی دووەم/ سیاسەتی دەرەوەی روسیاو بەرامبەر هەرێمی کوردستان (١٩٩١- ٢٠٠٣)
لە دوای ١٩٩١ روسیا بە شێوەیەکی گشتی رۆلێکی لاوازی هەبوو لە پرسە نێودەوڵەتیەکاندا، چونکە زیاتر سەرقاڵی بونیاتنانەوەی ناومالێ خۆی بوو، بە هۆی روخانی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستبوونی ئەمریکاو رۆژئاوا لە جیهاندا. هەر لەبەر ئەوەش روسیا هیچ جۆرە پەیوەندیێکی بەرچاوی نەبوو لەگەل ئەو ئیدارە کارگێریەی کە لە ساڵی ١٩٩١ لە باکوری عیراقدا دروست بوو. هەرچەندە سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت میخایل گۆرباتشۆف بە ناچاری رازیبوو بوو کە پشتگیری گەردەلولی بیابان بکات لە دژی داگیرکاری رژێمی سەدام و دەرکردنی لە کوەیت ، بەڵام روسیا لەگەل ئەوەشدا پشتگیری دانانی ناوچەی دژە فرێنی بۆ کورد نەکرد لە باکوری عیراق . ئەمەش پێدەچێت هۆکارەکەی ئەوە بێت کە دانانی ناوچەی دژە فڕێن لە راستیدا پلان و بیرۆکەیەکی زیاتر رۆژئاوایی بوو، مەبەستیش لێی گوشار خستنە سەر رژێمی بەعس بوو، کە کۆنەدۆستی روسیا بوو.
دەتوانین بڵێین کە ئەم قۆناغە، واتا راستەوخۆ دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەت، زیاتر وەک پشتکردنی روسیا لە کێشەی کورد سەیر بکەین، بە تایبەت کوردانی باشور (باکوری عیراق). بەڵام سیاسەتی روسیا لە تورکیا بە جۆرێکی تر بوو. بۆریس یەڵسن هەوڵیدا کە کورد بەکاربهێنێت بۆ گوشار خستنە سەر تورکیا، ئەمەش وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئەنکەرا بۆ بەرهەڵستکارانی چیچان ) ١٩٩٤-١٩٩٦) لە دژی روسیا . لە راستیدا پەیوەندنی روسیا و تورکیا زیاتر گرژی تێکەوت کاتێک روسیا رێکخراوی کۆنگرەی نێودەوڵەتی کوردانی روسیای راگەیاند لە کانونی دووەمی ١٩٩٥ بە تایبەت کاتێک دوو چالاکوانی سیاسی کوردانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات، هەر یەکە لە عەلی یەگیت و نەجدەت بوڵدان سەردانی مۆسکۆیان کرد بۆ دروستکردنی پەرلەمانی کوردستان لە هاندەران . بەڵام دواتر دۆخی خراپی ئابوری و لاوازی سیاسی وای لە روسیا کرد بگاتە رێکەوتنێک لەگەل تورکیا، کە بە پڕۆتۆکۆلێ "بەرگرتن لە تیرۆریزم" “prevention of terrorism ناسراوە. بە پێی ئەو پڕۆتۆکۆلە روسیا رازی بوو کە رێگا لە چاڵاکیەکانی پەکەکە بگرێت لە روسیا، تورکیاش رازی بوو کە واز لە پاڵپشتی جەنگاوەرە سەربەخۆخوازەکانی چیچان بهێنێت.
بوونی یەڤگینی پریماکڤ وەک وەزیری دەرەوە لە حکومەتی بۆریس یەڵتسن لە ١٩٩٦ - ١٩٩٨، وای کرد کە روسیا پالپشتی عیراق بکات بە تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش. پریماکۆڤ کە بە دۆستە کۆنەکەی سەدام ناسرابوو، هەوڵی زۆری دا کە سزا ئابوریە سەپێنراوەکان لەسەر رژێمی عێراق هەڵبگرێت . ئەم پاڵپشتیکردنەی روسیایش چەند هۆکارێکی لە پشت بوو . یەکەم، بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتی بە تایبەت یەڵتسن بۆ دوما ( Duma) و گەلی روسای بسەلمێنێت کە روسیای دوای یەکێتی سۆڤیەت ئێساتش دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر پرسە سیاسیەکانی جیهاندا. دوومیش، عێراق نزیکەی ٧ بلیۆن دۆلار قەرزداری روسیا بوو، عێراق نەیدەتوانی لەژێر ئابڵوقەی ئابوریدا قەرزەکانی روسیا بداتەوە. سێیەمیش، سەدام بەڵینی بە روسیادا بوو کە گرێبەستی گەورە لە گەڵ کۆمپانیاکانی روسیادا بکات لە بواری پەرەپێدانی گازو نەوت لە عێراقدا. بەڵام لەگەل ئەوەشدا یەڤگینی پریماکۆڤ بەردەوام لینکێکی هەبوو لەگەل هەر یەکە لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەمەش بە هۆی ئەو پەیوەندییەی کە لە شەستەکانەوە لەگەل ئەو دوو سەرکردە سیاسیە هەیبوو. بۆیە لە ساڵی ١٩٩٨ پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کردنەوەی نوێنەرایاتیان پێشکەش بە پریماکۆڤ کرد لە روسیا، بەڵام وەک نوێنەرایەتی حزبێکی سیاسی نەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
دەتوانین بڵێین کە روسیا بە هۆی ئەو پەیوەندیە ئابوری و سیاسیانەی کە لەم قۆناغەدا لەگەڵ رژێمی بەعسدا هەیبوو، هیچ پەیوەندی و گرنگیەکی بە هەرێمی کوردستان نەدا. روسیا تەواو پرگماتستیانەو ریاڵستیانە سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد. لەسەر ئەم بنەمایە دەوڵەتی عیراق بۆ روسیا گرنگتر بوو لە پرسی کورد، بە تایبەت کە ناوچەی دژە فڕێن لە بنەڕەتدا پرۆژەیێکی رۆژئاوایی بوو بە هاوکاری ئەمریکاو فەرەنساو تورکیا. ئەمە بێجگە لەوەی کە روسیا لەو باوەڕەدا نەبوو کە ناوچەی دژە فرێن تاسەر بمێنێتەوەو پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت. بەڵکو روسیا هەرێمی کوردستانی تەنیا وەک گوشارێکی ئەمریکا دەبینی بۆ سەر رژێمی عیراق.
باسی سێیەم/ پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣
لە دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان چوونە دۆخێکی ترەوە، ئەمە سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکانی روسیاو هەرێمی کوردستانیش راست بوو. ئەگەرچی روسیا پاڵپشتی روخانی رژێمی بەعسی نەکرد لە سالی ٢٠٠٣ لە لایەن ئەمریکاوە ، بەڵام لەگەل ئەوەش روسیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە هەر زوو لە دوای ٢٠٠٣ قونسوڵگەری خۆی لە هەولێر کردەوە. کە چی لە ساڵی ٢٠٠٠ مۆسکۆ خۆی بە دوور دەگرت لە هەر پەیوەندییەکی فەڕمی لەگەل هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش بە هۆکاری رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، نەوەک بە پاڵپشتی جودابوونەوەی کورد لە عێراق تاوانبار بکرێت. بەڵام لە ٢٠٠٨ سێرجی لاڤرۆڤ ( Sergey Lavrov ) وەزیری دەرەوەی روسیا هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشاسازی روسیا لە سەردانیاندا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە تێبینی کەمی وەبەرهێنان و قەبارەی بازرگانی روسیایان کرد لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمیان بە ئابورییەکی گەشەکردوو سەقامگیر ناوبرد .
بۆ تێگەیشتنی باشتر لە سیاسەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە دوایی ٢٠٠٣ لەوانەیە پێویست بکات کە سەرەتا وێنە گەورەکەی سیاسەتی روسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بزانین، بە تایبەتیش روانینی فلادیمیر پۆتین بۆ ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. بە کورتی دەتوانین بڵێین کە روانگەی روسیای سەردەمی پوتین بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوین دەکرێت لە چەند تەوەرێکدا کورتبکرێتەوە :
• دەورەدان و بێهێزکردنی رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامیەکان، بە تایبەت لەبەر مەترسی گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو رێکخراوانە بۆ روسیاو وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، وەک چیچان و بۆسنیاو کازاخستان و..تاد.
• پاڵپشتیکردنی ئەو رژێمانەی کە دۆستی روسیان هەروەها ئەو رژێمانەش کە نەیاری ئەمریکاو ئەوروپان.
• دامەزراندنی چەند بنکەیێکی سەربازی روسیا لە ناوچەکەدا، ئەگەر تەنیا بۆ پیشاندانی هێزیش بێت.
• فروانکردنی بازارەکانی روسیا لە ناوچەکەدا لە بوارەکانی: چەکی کلاسیکی، ئەتۆم، نەوت و گاز، خۆراک و بوارەکانی تر. بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوین ساڵانە کڕیاری ٦٠٪ ی چەکی جیهانن کە دەکاتە ١٠ بلیۆن دۆلار .
• راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی ناوچەکە بە تایبەتیش وڵاتانی کەنداو بۆ وەبەرهێنان لە روسیا.
• پاڵپشتیکردنی نرخی وزە لە رێگای هەمانگیکردنی لەگەل بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک لە ناوچەکادا.
• بەشداربوون لە دروستکردن و دیزاینکردنی هەر چوارچێوەیەکی ئاساییشی هەرێمی Regional security system لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە تایبەتیش لە کەنداوی فارسی/ عەرەبی دا.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە ڕوسیا له سهرهتاكانی ساڵی 2005 به شێوهیهكی بهرچاو دهستێوهردانهكانی خۆی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا زیاد كرد؛ به جۆرێك له نێوان ساڵانی 2005-2007 سهرۆك پووتین (Vladimir Putin) سهردانی ههر یهكه له ئیسڕائیل و سعودیا و ئوردن و میسر و ئیمارات و قهتهر و توركیای كرد. لە هەمان کاتدا ڕوسیا وهك چاودێریش له ڕێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی(Organization of Islamic Cooperation) دا بهشدار بوو. ئهم سهردانانهی ڕوسیا قۆناغێكی جیاوازی له سیاسهتی ڕوسیا پیشان دا، بهتایبهت به بهروارد به سهردهمی سهرۆكی پێشووی ڕوسیا، بۆریس یهڵسن . سهردانی ڕوسیا بۆ ههر یهكه له ئیسڕائیل و ئیمارات سهرهتای قۆناغێكی نوێ بوو بۆ ڕوسیا. ئهم جۆره سهردانانه هاوكات بوون لهگهڵ دهستێوهردانی زۆری ڕوسیا له دانوستاندنه ههرێمییهكانی ناوچهكه، بهتایبهت له دانوستاندنهكانی پرۆسهی ئاشتی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، وهك: دانوستاندنهكانی "كۆمهڵهی 5 دهوڵهت+ 1" لهگهڵ ئێران؛ ئهمه جگه له چهند بوارێكی تری تایبهت به كار و بازرگانی. بهڵام له ڕاستیدا ئهم تێوهگڵانانهی ڕوسیا بهشی ههره زۆریان هیچ دهرهنجامێكی ئهوتۆیان لێ نهكهوتهوه. بهپێی ئهو ڕاپۆرتهی كه دامهزراوهی ڕاند له 2009 كردوویهتی، ڕوسیا نهیتوانیوه هیچ كام لهو ئامانجانهی به شێوهیهكی ڕوون بپێكێت .
ئهو گۆڕانكارییانهی كه له بههاری عهرهبیدا له 2011 ڕووی دا، وای له مۆسكۆ كرد كه ترسی ئهوهی ههبێت ئەم دۆخه گۆڕانكاریێكی زۆری له ناوچهكه لێ بكهوێتهوه و كاریگهریی خراپی لهسهر بهرژهوهندییهكانی ڕوسیا ههبێت. بهڵام ههڵوێستهكانی ڕوسیا پێشوهخته نهبوون، بهڵكوو لهگهڵ گۆڕانی ڕووداوهكان ههڵوێستی ڕوسیایش دهگۆڕا. ڕوسیا بهجیا سهیری ههر وڵاتێكی كاریگهر به "بههاری عهرهبی"ی دهكرد، بهتایبهتیش له ڕوانگهی كاریگهری لهسهر بهرژهوهندییهكانی ڕوسیا. ڕوسیا وهك ڕووداوێكی پێكهوهبهستراو و پێوهندار بهیهكهوه له گشت ناوچهكهدا، سهیری بههاری عهرهبیی نهكرد.
ئهمهیش له سیاسهتهكانی پووتین (كه ئهوكات سهرۆكوهزیران بوو) له دەنگنەدان (امتناع عن التصویت) له ئهنجومهنی ئاسایش، واتا دهنگنهدان به بڕیاری 1973 كه ڕێگهی دا به هێرشی ئاسمانی بۆ ڕووخانی ڕژیمی موعهمهر قهزافی، ڕهنگی دایهوه. بهڵام ئهوهی تایبهت بێت به سوریا، ڕوسیا به پێویستی زانی هێلێكی تایبهتی ههبێت بۆ پارێزگاریكردن له بهرژهوهندییهكانی به شێوهیهكی ڕوون و بۆ ماوهیهكی درێژ، بهپێچهوانهی كهیسهكانی پێشتر كه زۆربهیان سیاسهتی كورتخایهن بوون. كهواته دهتوانین بڵێین جۆرێك له وهرچهرخان له ستراتیژییهتی ڕوسیا بهرامبهر ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، ئهویش له كهیسی سووریاوه، ڕووی داوه . بۆیە هاتنی روسیا بۆ سوریا بەو قەبارەو کاریگەریەوە وەک دیمتری ترنن دەڵێت "روسیای لە بۆشاییدوای یەکێتی سۆڤیەت دەرباز کرد و وای کرد روسیا هیزێکی دیاربێت لە جیهاندا" .
ڕوسیا زیاتر لهو ڕوانگهیهوه سهیری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دهكات كه خۆی بە هێزێكی جیهانیی دەزانێت و دهبێت مۆسكۆ ڕۆڵی له ناوچهكهدا ههبێت و، له ههمان كاتدا كورسییهكی تایبهتیشی لهسهر مێزی دانوستاندنهكانی ناوچهكهدا ههبێت.یاخود وەک دیمتری دەڵێت لە روانگەی پوتین هەردوو پرسی سیاسەت و ئابوری لەیەکتر جیانابنەوە لە رۆژهەڵاتی ناویندا . لە راستیدا ڕوسیا زیاتر به دیدێكی سێكیولارییانه سهیری سیاسهتهكانی بهرامبهر ڕوژههڵاتی ناوهڕاست دهكات؛ واته سیاسهتگهلێك كه ئایدیۆلۆژی نین. ڕوسیا پێی وایه دهتوانێت لهگهڵ ههموو لایهنهكان گفتۆگۆ بكات، وهك ئیرینا زفیاگلسكایا- Irina Zvyagelskaya دهڵێت: "ئهمه وای كردووه ڕوسیا پارێزگاری له پەیوهندییهكی هاوسهنگ بكات لهگهڵ بهشێكی زۆری ئهكتهری دهوڵهتی و نادهوڵهتی كه مۆسكو پێشووتر كێشهی قووڵی لهگهڵ ههبوون." لهم ڕوانگهیهوه ڕوسیا پێی وایه ئهوان سهركهوتووترن له ڕۆژئاواییەکان، چونكه بەقسەی خۆیان ڕۆژئاواییەکان له نێوان وڵاتانی ناوچهكهدا بێلایەن نین؛ بۆیه سیاسهتەکانی مۆسکۆ بە گونجاوتر دەبینن بۆ ناوچەکە .
كهواته دەتوانن بڵێین کە ڕوسیا زیاتر به دوای ئامانجی بهرههمداردا (پراگماتیزم) دهگهڕێت، لهگهڵ پابهندبوون به ههندێك بههای سیاسی كه ڕۆژئاواش پابهنده پێی. ئهمهیش جۆرێك له نهرمی به سیاسهتی ڕوسیا دهبهخشێت. واته دهكرێت ڕوسیا ئامانجی درێژخایهنی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا نهبێت، بهڵام بهرژهوهندیی درێژخایهنی ههیه، وهك: سهقامگیریی ههرێمی و گرنگیدان به نرخی جیهانیی نهوت. بهڵام ئهو بهرژەوهندییانه لهگهڵ زۆربهی بژارده کورتخایەنەکاندا كێشه دروست ناكهن، چونكه ڕوسیا بهو شێوه قووڵهی ویلایەته یهكگرتووهكانی ئەمریکا ڕۆنهچۆته ناو كێشهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستهوه . بەم شێوەیە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لە دوای ٢٠٠٣ هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە پڕاگماتیست و ریاڵیستیە بووە.
تاكه مهترسییهكی ئهمنیی درێژخایهن كه ڕوسیا له ناوچهكهدا ههیبێت، ئهوهیه كه پەیوهندیی ههیه به تهشهنهكردنی تیرۆر له ڕوسیا و وڵاتانی ناوچهكهدا. نزیكهی 3200 كهس كه خهڵكی ڕوسیا و وڵاتانی یهكێتیی سۆڤیهتی پێشوون، پەیوهندییان به داعش و ڕێكخراوه تیرۆرستییهكان له سووریا و عێراقدا كردووه له 2014. بۆیه سهركردهكانی مۆسكۆ، نیگهرانن له گهڕانهوهی ئهو چهكداره بیانییانه. ئەمە وەچەرخانێکی نوێیە لە ستراتیژییەتی ڕوسیا، چونکە بهپێی چهند ڕاپۆرتێكی دامهزراوهی ڕاند(RAND) ی ئهمریكی له 2003، مهترسیی تیرۆری ئیسلامی، ئهو گرنگییهی لای ڕووسهكان نهبووه .
ئەم سیاسەتە ریالیستیە وایکردووە کە روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین تائاستێک کەمتر پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان ببەستێت و پەیوەندییەکانی زۆرتر لە چورچێوەی دەوڵەتدا بێت، بەڵام دوای ٢٠٠٣ دۆخی هەرێمی کوردستان کەیسێکی ئاوارتەیە، بە تایبەت بەهێزی ئەو پێگە سیاسی و دەستورییەی کە هەرێمی کوردستان لە عێراقدا هەیەتی دۆخێکی تایبەتی بەخشیووە بەهەرێم. هەڵبەتە بە پێچەوانەی سیاسەتی روسیا بەرامبەر وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو کە لەوێ روسیا بەردەوام کاراکتەرە نادەوڵەتیەکان بەکاردێنێت بۆ دەستوەردان لەو وڵاتانە . بوونی ئەم فاکتەرە، واتا پاڵپشتیكردنی دامهزراوهكانی دهوڵهت و حكوومهتهكان دژ به ههر دهستێوهردانێكی دهرهكی وای کردووە کە پەیوەندی هەرێم و روسیا بە سنوورداری بمێنێتەوە، بە تایبەت تاوەکو ساڵی ٢٠١٧. ههر لهم سۆنگهیهوه ڕوسیا، ڕۆژئاوا به هۆكاری ئهو جهنگ و نههامهتییانهی عێراق و لیبیاو سوریاش دادهنێت؛ بۆیه ڕوسیا پشتگیری له سهروهری وڵاتان لهژێر سایهی یاسای نێودهوڵهتی دهكات. دهكرێت ئهم ههڵوێستهی ڕوسیا پهیوهست بێت بهو مهترسییهی كه ڕوسیا له شۆڕشه ڕهنگاوڕهنگهكانی وڵاتانی سۆڤیهتی پێشوو ههیهتی؛ واتا هاوسهنگی له نێوان پاراستنی دۆخی ههبوو (ئهمری واقع) و مهترسییه تیرۆریستییهكان. بهڵام له ڕاستیدا ئهوه جۆرێكه له ناكۆكیی سیاسهتی ڕوسیا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست. ڕوسیا وا خۆی نیشان دهدات كه پارێزگاری له كیانی دهوڵهت دهكات و دهست له كاروباری وڵاتان وهرنادات، بهڵام له دهرهوهی ڕوژههڵاتی ناوهڕاست پێچهوانهی ئهمه ڕهفتار دهكات، بۆ نموونه له ئوكرانیاو ئۆسیتیای باشورو ئەبخازیا. له لایهكی تر ڕوسیا لهگهڵ ئێران، كه به درێژاییی ناوچهكه دهست له كاروباری وڵاتان وهردهدات، كار دهكات. له لیبیایش به ههمان شێوه، ڕوسیا یارمهتیی بهشێك له گرووپه ئۆپۆزیسیونهكان دهدات . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەم رەفتارەی روسیا بە پرەنسیپێکی بەردەوام لە سیاسەتی روسیا هەژمار بکەین.
باسی چوارەم/ فاکتەرە کاریگەرەکانی سەر پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان
ئەگەر بە وردی سەیری مێژویی پەیوەندییەکانی کوردو روسیا بکەین دەبینین کە هەمیشە دوو فاکتەر بزوێنەری سەرەکی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوەی مۆسکۆ بوونە لە کورد، ئەویش رۆلی فەکتەری هەرێمی بووە، بە تایبەتیش تورکیا، وەک فاکتەرێکی کەریگەر لەسەر سیاسەتی روسیا بەرامبەر بە کورد. بە جۆرێک دەتوانین بلێین هەر کاتێک پەیوەندی روسیا لەگەل تورکیا تێک چوبێت روسیا هەوڵیداوە لە کورد نزیکبێتەوە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر تورکیا. هەندیک جار دەکرێت ئەمریکاش رۆڵی هەبێت لە هاوکێشەکەدا، واتا ئەگەر ئەمریکا پشتگیری رژێمی عیراقی کردبێت ئەوا روسیا پەنای بردۆتە بەر کارتی کورد، ئینجا چ وەک گوشارێک لەسەر عێراق، یانیش لەسەر ئەمریکا. لە دوای ٢٠٠٣ فاکتەرێکی تریش هاتۆتە سەر ئەویش فاکتەری ووزەیە کە دیسان کاریگەریێکی تا رادەیەک رێژەیی هەیە بەسەر پەیوەندیەکانی روسیاو هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە دوای شکستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧. بۆیە بە پێویستم زانی لەم بەشەدا کە کاریگەری ئەو دوو فەکتەرە بخەمە بەر باس و لێکۆلینەوە.
یەکەم/ کاریگەری فاکتەری هەرێمی
کاتێک کە باس لە سیاسەتی روسیا دەکەین لە رۆژهەڵاتی ناوین وەک کاتز دەڵیت ئەوا دەبێت باسی ئەکتەرێک بکەین کە هونەری ئەوەی هەیە کە لە یەکاتدا هاورێییەتی لەگەل هەموواندا بکات "the art of making friends with everybody" . روسیا سەرەڕای ئەو ململانێ ناوەخۆیانەی کە لە نێوان ولاتاندا هەیە لە رۆژهاڵاتی ناوین بەڵام هەمیشە ویستویەتی دۆستی هەمووان بێت، یان بواری ئەوەی هەبێت کە هەر کاتێک ویستی دۆستایەتی دروست بکات. بۆ نموونە روسیا پەیوەندی لەگەل تورکیا هەیەو لەگەل کوردیش؛ لەگەل ئێران هەیەو لەگەل سعودیاش؛ لەگەل تاران هەیەتی و لەگەل تەلئەبیبیش. لە راستیدا ئەمە شتێکی ئاسان نیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەگەر سەیری وێستگەی پەیوەندییەکانی روسیاو تورکیا بکەین ئەوا دەبینین کە لە چەندین وێستگەی جیاوازدا پرسی کورد ئامادەیی هەبووە. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٤ بە دواوە پرسی کورد رۆلێکی گرنگی دەبینی لە سیاسەتی روسیا دژی تورکیا لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتییەی کە تورکیا هەیبوو بۆ چیچانیەکان . بەڵام لەگەڵ ئەوەش روسیا ساڵی ١٩٩٨ ئامادە نەبوو سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بگرێتە خۆ، واتا ئەو کاتەی کە سوریا بە گوشاری تورکیا داوای لە ئۆجەلان کرد کە سوریا جێبهێڵێت. چونکە روسیا چاورێی هەماهەنگی گەورەی تورکیا بوو لە بواری هەناردەکردنی گازی روسیا بۆ ئەوروپا، بۆیە بەرژەوەندیە ئابورییەکانی خۆی لەگەل ئەنکەڕا نەگۆڕییەوە بە پشتیوانی کردن لە کورد. بەڵام دواجار سەرەرای ئەو بێمتمانەییەی لە نێوان ئەردۆگان و پوتیندا هەبوو، لە ساڵێ ٢٠٠٥ هەردولا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی پرسی چیچان لە لایەن تورکیاو پرسی کورد و لەلاین روسیا . بەڵام لە راستیدا بەکارهێنانی پرسی کورد بە تایبەت لەلایەن روسیا لەو وێستگەیە نەوەستا بەڵکو روسیا هەرکاتێک پێویستی بوبێت دەستدیبردووە بۆ بەکارهێنانی ئەو کارتە، بەلام هەمیشە بوارێک بۆ گفتووگۆ لەگەل تورکیادا دەهێڵێتەوەو نایگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە روسیا بە پاڵپشتیکاری پرسی کورد حساب بکرێت، بۆیە بەکارهێنانی پرسی کورد لە لایەن روسیا تەنیا لە چوارچێوەی تاکتیکێکی کاتی دایە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی دیاریکراو.
بە درێژایی مێژوویی نوێ، پەیوەندییەکانی روسیا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە پەیوەندار یان لە رێگای تورکیاو ئێرانەوە بووە. پەیوەندیی روسیا لەگەل تورکیا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچوون، تا ئەو کاتەی تورکیا فرۆکەیەکی روسیای خستە خوارەوە لە ساڵی ٢٠١٥ کە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەردوو لا . ئیتر لەو ماوەیەدا چەندین جار روسیا هەوڵیدا پەیوەندی لە نێوان کوردانی سوریاو رژێمی بەشار ئەسەد دروستبکات، بەبێ رەچاوکردنی توڕەبوونی تورکەکان . بەڵام وەک زۆربەی وێستگەکانی تری پەیوەندی کوردو روسیا، دواجار مۆسکۆ کوردانی رۆژئاواشی جێهێشت لە پێناو رێکەوتن لەگەل تورکیا، ئەمە بە ئاشکرا رویدا لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک روسیا رێگای بە تورکیادا عەفرین داگیر بکات، لە ساڵی ٢٠١٩ بە هەمان شێوە ریکەوتنی لە نێوان هێزەکانی روسیا و تورکیا کرا بۆ کارگێری هاوبەشی هێزەکانی هەردوڵا بە قوڵای ٣٢ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای کوردستان .
لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی ٢٠١٧ لەهەرێمی کوردستان سەرەرای دژایەتی تورکیاو عێراق و ئێران و، تا ئاستێک ئەمریکاش بەڵام روسیا بە پێچەوانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژایەتی ریفراندۆمی نەکرد. بۆیە دوو مانگ پیش ئەنجامدانی ریفراندۆ سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزۆنیدا ووتی "کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی تری جیهان مافی خۆیانە کە گوزارشت لە هیواو ئامانجەکانیان بکەن، ئەو ریفاندۆمەی بە نیازیشن لە مانگی سێپتەمبەر ئەنجامی بدەن ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەو هیوایە". نەک هەر ئەوە بەڵکو ئامادەباشی روسیاشی دەربڕی بۆ ناوبژیکردنی لە نێوان بەغداو هەولێر. هەڵوێستی کۆنسۆلی روسیاش لە هەولێر هەمان هەلوێست بوو " ئێمە رێز لە بریارێک دەگرین کە هی خەڵکی کوردستان بێت". .
ئەم هەڵوێستەی روسیا بەرامبەر ریفراندۆم لە راستیدا پڕەنسیپێکی جێگیر نەبوو لە سیاسەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کورداستان بەڵکو وابەستەی چەند هۆکارێک بوو:
• وەک پەرچەکردارێک بۆ تێکچوونی پەیوەندی روسیاو تورکیا بە هۆکاری خستنەخواەروەی فڕۆکەکەی روسیا لە سوریا لە ٢٤ نۆڤەمبەری ٢٠١٥.
• مۆسکۆ بە زۆری بە دوای پرکردنەوەی ئەو بۆشاییانەدا دەگەڕێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر دۆستەکانیان جێیدەهێڵن، هەرێمی کوردستانیش خۆی بە دۆستی ئەمریکا دەبینی.
• بوونی سەرچاوەی باشی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بە قەبارەی (recoverable reserves) ٤٥ بلیۆن دۆلار و هەروەها گازی سروشتی کە بە ٦٦, ٥ تریلیۆن مەتری چوارگۆشە دەخەملێنرێت . ئەمەش بێگومان دەچێتە خزمەتی ئەو بازاڕەی کە روسیا کۆنتڕۆلی کردووە.
• بوونی کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی کارکردنیان لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان. نوێنەری کۆمپانیای رۆسنەفت میخائیل لیۆنتیڤ لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا ووتی، "ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردسان کاریگەی نابێت لەسە کارەکانی ئێمە، ئێمە بزنس دەکەین لە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی لە عێراقدا کە بە یاسا دیاریکراوە، ئێرە سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراقە" .
• مۆسکۆ بەوریایی مامەڵەی لەگەل ریفراندۆمی هەرێمی کوردساتان کرد. لەدژی ریفراندۆم نەبوون بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ یەکپارچەی خاکی عیراقیشدا بوون. روسیا لە راستیدا یاری دەکرد لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا، یاریەک کە لە زۆر رووەوە لەو یاریە دەچێت کە لەگەل فەلەستینی و ئیسرائیلیەکاندا دەیکات، واتا روسیا لەیەک کاتدا هەم لەگەل ئیسرائیل و هەم لەگەل فەلەستینیەکانیشدا پەیوەندی هاوسەنگی هەیانە.
لە راستیدا ئەم نیمچە هەڵوێستەی روسیا بە مانایی پشتگیریکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نایەت. چونکە مۆسکو بەرژەوەندی گەورەتری لەگەل تورکیاو ئێران هەیە لە ناوچەکادا. دواتر وەک دیمتری دەڵێت پشتگیریکردنی نەتەوە جوداخوازەکان لە دەرەنجامدا لە بەرژەوەندی روسیادا نیە. چونکە ئەم هەڵوێستە راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر هاندانی کەمینەکانی تریش لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشو بە تایبەت لەگەل موسڵمانانی چیچان کە مۆسکۆ دەمێکە کێشەی لەگەڵیاندا هەیە. بەڵام ئەو هەڵوێستە سەرپێیە دەکرێت پەیامێک بێت بۆ ئێران و تورکیا هەروەها عیراقیش کە ئەگەر روسیا بیەوێت دەتوانێت سەر کێشەیان بۆ دروست بکات. لە لایەکی ترەوە دەکرێت ئەم هەڵوێستەی روسیا بۆ کێشە دروستکردنیش بێت بۆ ئەمریکا و عیراق کە پەیوەندی باشیان لە نێواندا هەیە. بەڵام هەرچۆنێک بێت دەکرێت بڵێین کە ئەم هەڵوێستەی روسیاش بەرامبەر ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان تا ئاستێک باش بەشێکە لە لێکەوتەی پەیوەندیەکانی روسیا لەگەڵ تورکیا، کە ئەمەش گرنگی و کاریگەری فاکتەری تورکیامان بۆ دەردەخات لە سیاسەتی روسیا هەمبەر هەرێمی کوردستان.
دووەم/ کاریگەری فاکتەری ووزە
فاکتەری وزە لە راستیدا فاکتەرێکی تازەیەو زیاتر دەگەرێتەوە بۆ دوای ٢٠٠٣ یاخود ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتن و دەرهێنانی نەوت کرد لە دوایی ٢٠٠٧. داوتر فاکتەری وزە لە راستیدا بووە فاکتەرێکی گرنگ لە نەخشاندنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان. کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لە دوای ٢٠٠٧ بەشێکی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەبەرهێنانیان تێدا کرد، بەڵام لە راستیدا ئەم کەرتە لەبەر جیۆپۆلۆتیکی فرۆشتنی وزە زیاتر لە لایەن تورکیاوە کۆنترۆل کراوە. چونکە لە رێگای بۆری نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جیهان دەگواسترایەوە. هەرچەندە روسیا لە ساڵی ٢٠٠٧ قونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردەوە بەڵام پەیوەندی روسیاو هەرێمی کوردستان لە بواری وزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ ، واتا دوای ئەوەی کە کۆمپانیای گازپرۆمی روسی رێککەوتنێکی لەگەل هەرێمی کوردستان واژوو کرد لە بواری گەران بەدوای نەوەت . گازپڕۆم لە هاوینی ٢٠١٢ لە دوو بلۆکی نەوت لە کێلگەکانی شاکەل و گەرمیان دەستی بەکار کرد. ىەڵام لەگەل ئەوەشدا کاتێک لە ساڵی لە ٢٠١٥ میخایل بۆگدانۆڤ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد تاوتۆێی بونیاتنانی پەیوەندی زیاتریان کرد لە بواری وزە، گازپرۆم دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ لە کێلگەی هەڵەبجەش دەستی بەکار کرد .
لە مانگی مایس لە کاتی دیداری ئابوری نێودەوڵەتی ساینتپتڕوسبۆرگ هەر یەکە لە نوێنەری هەرێمی کوردستان و روسیا لە رێگای کۆمپانی رۆسنەفت رێکەوتنێکیان واژوو کرد بۆ پەرەپێدانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان. رۆسنەفت رازیبوو کە بۆڕیێکی گواستنەوەی گاز لە هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دروست بکات کە توانای گواستنەوەی ٣٠ بیلیۆن کیوبیک مەتری هەیە لە ساڵێکدا، ئەمەش لە راستیدا هەنگاوێک بوو بەرەو درێژبوونی دەستی روسیا بۆ کەرتی ووزەی رۆژهەڵاتی ناوین .
ئەو هەنگاوەی روسیا لە راستیدا بازێکی گەورە بوو لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا، گرنگیەکەشی ئەوەبوو کە تەنیا یەک حەفتە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ١٨ سێپتەمبەری ٢٠١٧ دەستی پێکرد؛ واتا ئەو کاتەی کە کورد گوشاری هەموو دونیای لەسەر بوو، بەڵام بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان ئەوەی راگەیاند کە هەڵساوە بە ئەنجامدانی رێککەوتنێک لە گەل کۆمپانیای رۆسنەفت بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەی بۆری گاز بە بڕی( ١ بلیۆن) دۆلار و بە قەبارەی ٣٠ بلیۆن مەتری چوارگۆشە لە ساڵێکدا، هەروەها بەستنەوەی گازی هەرێمی کوردستانیش بە گازی تورکیاو گواستنەوەشی بۆ بازەرەکانی ئەوروپا . تا ئەو ئاستەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ رۆسنەفت رایگەیاند کە ئەوان کاردەکان لەسەر پەرەپێدانی نەوت لە پێنج بلۆکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان.
بۆ تێگەیشتن لەو هەنگاوەی روسیا پێویستە بگەرێینەوە بۆ بیرۆکەی پرۆژەی بۆڕیە گازەکانی نابۆکۆ؛ واتا ئەو پرۆژەییەی کە بەنیاز بوو لە ٢٠١٢ بکەوێتە کارو ببێتە جێگرەوەیەک بۆ هەناردەی گازی سروشتی روسیا لە ئەوروپادا، چونکە زۆرینەی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە لایەن روسیا دابین دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٨، ٤٠٪ گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە لایەن روسیاوە دابین کراو. ئەمەش وایکردووە کە روسیا هەندێک جار ئەم باڵادەستیە وەک گوشارێکی سیاسی بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا بەکاربهێنێت . ئەم پڕۆژەیە بە نایازبوو گازی سروشتی لە دەریای قەزوین (Caspian Region) بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین (هەرێمی کوردستانیش دەکەوتە ناو ئەو پڕۆژەیە) و میسر بگوازێتەوە بە خاکی وڵاتانی ئەوروپادا: بولغاریا، رۆمانیا، هەنگاریا، دواتریش بۆ تورکیاو لە وێشەوە بۆ نەمسا . یەکێتی ئەوڕوپا پالشتی ئەم پرۆژەیەی دەکرد، بەڵام دواتر ئەو پرۆژەیە شکستی هێنا و تا ئێستاش روسیا بەردەوامە لە هەژموونی خۆی بەسەر بازاری گازی سروشتی ئەوروپادا. ئەمادەیی روسیا لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان و عێڕاقیشدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ روسیا کە لە ئاییندەدا ولاتانی تریش نەتوانن ئاڵینگاری گازی روسیا بکەن، بە تایبەت لە مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی گازی سروشتی هەروەها نرخی وزەش لە جیهاندا . ئەم هەنگاوانەی روسیا بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا لە راستیدا تەنیا پرۆژەیەکی ئابوری نیە بە ڵکو پرۆژەیێکی سیاسیشە. چونکە روسیا بە پێچەوانەی ئەمریکا خاوەن ئەو هێزی نەرمە نیە کە بتوانێت هاوشانی هێزی سەربازی ئامادەیی هەبێت لە دەرەوەی سنورەکانیدا. بۆیە یەکێک لە میکانیزمە هەرە کاریگەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی روسیا هێزی وزەو بازاری وزەیە لە جیهاندا، کە تا ئێستا هاوشێوەی میکانیزمێکی سیاسی ئاکتیڤە لە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا.
لە لایەکی تر نابێت بیرمان بچێت کە ئەو پەیوەندییەی بواری وزە لەگەل هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک حساباتی تریشی لە پشتە. بە تایبەت لە بواری دژایەتیکردنی رێکخراوە تیرۆرستیەکان، هەرێمی کوردستان رۆلێکی بەرچاوی هەبوو لە لەناوبردنی داعش. روسیاش لەو هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی لەگەل هەرێم بێبەش نەبوو. لەچوارچێوەی ئەم هەماهەنگییەوە ساڵی ٢٠١٦ روسیا پێنج چەکی دژە فرۆکەی 23mm ZU-32-2 بەخشیە هەرێمی کوردستان . بۆیە لە بواری دژایەتیکردنی تیرۆریزم کە روسیا مەترسیێکی زۆری لەسەرە، هەرێمی کوردستانیش گرنگی خۆی دەبێت. هەڵبەتە ئەمە جگە لەوەی کە روسیا بوونی خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق وەک پردێک دەبینێت بۆ ئامادەیی سیاسی و هەروەها ناوبەندیکردنیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا. هەڵبەتە ئەمە بێجگە لەوەی کە لە دوای ٢٠١٤ پێگەی کورد بەگشتی لە سوریا عێراقدا لە هەڵکشان دابوو، بەهۆی ئەو رۆڵەی کە کورد هەیبوو لە سوریاو عێراقدا، هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی کوردی دەکرێت کاریگەری هەبێت بەسەر وڵاتانی وەک سوریاو، تورکیاو عێراق و ئێران، ئەم کارتە بۆ روسیا گرنگە بۆ ئەوەی هەر کاتێک پێویستی کرد وەک گوشار دژی ئەو وڵاتانە بەکاریبێنێت.
دەرەنجام
هەرچەندە روسیا میژوویێکی کۆنی هەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کورد، بەڵام ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ کورد هەرگیز تاسەر نەبووە، بەڵکو تایبەت بووە بە پرس و ئامانجێکی کاتی، بە جۆرێک هەر کات روسیا گەیشتبێتە ئامانجەکەی کوردی لە نیوەی رێگاوە جێهێشتووە. زۆربهی پەیوەندییەکانی روسیاو کورد به شێوهیهك له شێوهكان، دهچنه قاڵبی سیاسهته ههڵپهرستهكان نهك پەیوەندی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
تەوەری سەرەکی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا لە راستیدا بۆ ئەو پێگە سیاسی و جیۆپۆلۆتیکییەی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە کە لە ناوچەکەدا هەیەتی؛ هەرێمی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەییە کە بەشێکە لە ئاساییشی نەتەوەیی سێ وڵاتی سەرەکی وەک تورکیاو ئێران و سوریا (لە عێڕاق دۆخەکە گۆڕاوە). ئەم پێگە سیاسییەی هەرێمی کوردستان لەگەل ئاراستەی ئەو جۆرە سیاسەتە دەگونجێت کە روسیا لە ناوچەکەدا پەیڕەوەی دەکات؛ مەبەست بەکارهێنانی کارتی کورد وەک گوشار لەسە وڵاتانی ناوچەکادا.
دوو فاکتەری سەرەکی کاریگەریان هەبووە لەسەر پەییوەندییەکانی روسیا کورد بە گشتی و هەروەها هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی، لە ئاییندەشدا ئەو کاریگەریە هەر دەمێنێت. یەکەم، پرسی وزەش کە پرسێکی تازەیە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و روسیا دەکرێت کارتێکی گونجاو بێت بۆ سیاسەتی روسیا لە ناوچەکدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روسیا لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەو هەرێمی کوردستاندا دواجار کیانە دەوڵەتیەکان هەڵدەبژێرێت؛ ئەم جۆرە روانینەی زلهێزەکان لە راستیدا وابەستەی هاوکێشەو گۆڕانکارییە سیاسیەکان و باڵانسی هێزە لە ناوچەکدا. بۆیە روسیا هەر کات خۆی بە پەراوێزخراو بینی لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا ئەوا پەنا دەباتە بەر ئەکتەری نادەوڵەتی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان. فاکتەری دووەم، فاکتەری هەرێمیییە، بە تایبەتیش تورکیا، کە روسیا هەمیشە رەچاوی کردووە لە پەیوەندییەکانی لەگەل کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیشدا.
لە کۆتادا، گرنگە لەوە تێبگەین کە روسیا لە کەشێکی ئاساییدا دەیەوێت لەگەل هەموان دۆست بێت، بەڵام لە کەشێک کە لە بەرژەوەندی مۆسکۆ نەبێت و هەست بە پەراوێزخستن بکات ئەوا بێگومان پەرچەکرداری دەبێت. بەڵام بۆ کاراکتەرێکی وەک هەرێمی کوردستان بوون بە بەشێک لە پەرچەکرداری زلهێزیک یارییەکی بێ مەترسی نیە، چونکە زۆربەی پەرچەکردارەکان کاتین، کە دۆخەکە ئارام بووەوە لایەنی سێیەم دەبێتە قوربانی؛ کورد تا ئێستا ئەو جۆرە سیاسەتانەی زۆر تاقیکردۆتەوە دەبێت ئەزموونێکی باشی هەبێت و بە ئاسانی نەکەوێتە داوی یاری نێوان هێزە گەورەکان. بۆیە دواجار ململانێ و بەرژەوەندی زلهێزەکانی هەمیشە لە دوو سەرەوە کاریگەری هەبووە لەسەر پرسی کورد؛ لە لایەک لەسەر پەیوەندی ئەو زلهێزانە great powers لەگەل کورد، لە لایەکی تریش لەسەر پەیوەندی و شێوازی خەبات و ئامانجی هێزە کوردییەکانیش لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خەباتیان لە دژییان کردووە (واتا، عێڕاق، تورکیا، ئێران، سوریا) لەزۆر رووەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسەتی هێزە گەورەکانی ناوچەکە، بە تایبەتیش، ئەمریکاو روسیا.
سەرچاوەکان:
یەکەم/ بە زمانی کوردی:
١. زوبێر رەسول، رووداو، ٢٥/٩/٢٠١٩، رادەستکردنی نەوت بووژانەوە، یان پوکانەوەی هەرێمی کوردستان. ماڵپەری رووداو. https://www.rudaw.net/sorani/opinion/25092019?fbclid=IwAR3X3B2POtTtZ04xcLPYVvg MancZB8m68El6TcAEQI0EwBKFBn8do57L8S0 . [رۆژی سەردانیکردن ١/٧/٢٠٢٠].
٢. مام جالال، ٢٠١٧، دیداری تەمەن- لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکی کۆماری، بەرگی یەکەم، چاوپێکەوتن : سەڵاح رەشید، چاپخانەی کارۆ.
دووەم / بە زمانی عەڕەبی:
3. إياد الجعفري، ٢٠١٩. الكُرد وروسيا: تاريخ من الخيبات. المدن، بەردەستە لە ئینتەرنێت: <<shorturl.at/nPR68>>. [رۆژی سەردانیکردن ٥/٧/٢٠٢٠].
٤. عماد يوسف قدورة، ٢٠١٦. التأثير الإقليمي والدولي في القضية الكردية في العراق (دراسة حالة 1972-1975). بەردەستە لە ئەنتەرنێت< https://www.dohainstitute.org/ar/ResearchAndStudies/Pages/art764.aspx>>. [رۆژی سەردانیکردن ٥/٧/٢٠٢٠].
٥. ليونيد إيساييف، ٢٠١٨ القضية الكردية في تاريخ وسياسات روسيا. مرکز الجزیرة للدراسات. بەردەستە لە ئەنتەرنێت
<<https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2018/08/180823085901989.html>>. رۆژی سەردانیکردن [١٢/٧/٢٠٢٠].
٦. یفجینی بریماکوف، ٢٠١٦، الکوالیس السریة للشرق الاوسط ( النصف الثانی من القرن العشرین و بدایة القرن العادی والعشرین)، ترجمة نبیل رشوان، الطبعة الاولی، المرکز القومي للترجمة، القاهرة.
سێیەم / بەزمانی ئینگلیزی:
7. Ali Shah, S. (2003). IRAQ CRISIS: RUSSIA'S MIDDLE EAST POLICY. Strategic Studies, Summer 2003,Vol. 23,No. 2. Online <http://www.jstor.com/stable/45242470 >. [Accessed 2/5/2020].
8. Anlar, A. (2006). Russian foreign policy towards Iraq in the Post-Cold War Era (Master's thesis).
9. Bielicki, P., (2017) Policy of the Russian Federation towards Kurds in the Syrian Conflict. University of Casimir the Great in Bydgoszcz, Poland. Securitologia, No 2 Online <<file:///C:/Users/win10/Desktop/Securitologia_1_2018_27_033_050.pdf>>. [Accessed 8/6/2020].
10. Borshchevskaya, A. (2020) The Kurdish Role in Russia’s Middle East Power Play. The Washington Institute for Near East Policy. Online <<https://www.washington institute.org/policy-analysis/view/the-kurdish-role-in-russias-middle-east-powerplay?fbclid=IwAR05lM6c88p_TDxeh WMEw2BhmxDhLYcjSDDVFu5dv77oc7J72Fweri1KRXg>>. [Accessed 1/8/2020].
11. Borshchevskaya, A., and Wahab, B. (2018). In Search of a New Patron, the KRG Turns Back to Moscow. The Washington Institute for Near East Policy. Online <<https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/in-search-of-a-new-patron-the-krg-turns-back-to-moscow>>. [Accessed 15/6/2020].
12. Chatham House, 2014. Russian Influence Abroad: Non-state Actors and Propaganda. <<https:// www.chathamhouse.org/sites/default/files/field/field_ document/20141024RussianInfluenceAbroad. pdf>>. [Accessed 2/7/2020].
13. Comments by Russian workshop participants, RAND CMEPP Workshop, London, September 2016, and Washington, D.C., October 2016.
14. David Hearst, "Russia Signs 'Giant' Oil Deal with Iraq," Manchester Guardian Weekly, 18 February 1996.
15. Delanoë, I. (2015). The Kurds: A Channel of Russian Influence in the Middle East? Franco-Turkish Paper, No. 14.
16. Denzin, N. (ed.), 2007, The SAGE handbook of qualitative research. 3. ed., SAGE Publications, Thousand Oaks.
17. Freedman, R. 2001. Russian Policy toward the Middle East: The Yeltsin Legacy and the Putin Challenge. Middle East Journal, Vol. 55, No. 1, pp. 58-90. <http://www.jstor.com/stable/4329582>. [Accessed 2/5/2020].
18. Golan, G. (1992). Gorbachev's difficult time in the Gulf. Political science quarterly, 107(2), 213-230.
19. hydrocarbons-technology (2012) Nabucco Gas Pipeline, Europe. Online <https://www.hydrocar bons-technology.com/projects/nabuccopipeline/>. [Accessed 9/7/2020].
20. Ibrahim, F. (2000). The Kurdish conflict in Turkey: obstacles and chances for peace and democracy (Vol. 4). LIT Verlag Münster.
21. Katz, M. N. (2010). Russia's Greater Middle East Policy: Security Economic Interests, Courting Islam. Online <<https://www.ifri.org/sites/default/files/atoms/ files/ifrirussiamiddleeastkatzengapril 2010.pdf>>. Accessed [5/7/2020].
22. LUHN, A. 20202. Putin’s game in the Middle East. Online.
<<https://www.politico.eu/article/game-in-the-middle-east-vladimir-putin/>> [Accessed 2/7/2020].
23. Nizameddin, T. (1999). Russia and the Middle East: towards a new foreign policy. C. Hurst & Co. Publishers.
24. Olga Oliker, Keith Crane, Lowell H. Schwartz, and Catherine Yusupov, Russian Foreign Policy: Sources and Implications, Santa Monica, Calif.: RAND Corporation.
25. Olson, R. (1996). The Kurdish question and Chechnya: Turkish and Russian foreign policies since the Gulf War. Middle East Policy, 4(3), 106-119. <<https://onlinelibrary.wiley.com/doi/epdf/ 10.1111/j.1475-4967.1996.tb00227.x>>. [Accessed 5/7/2020].
26. Petkova, M. (2019). “What did Russia get from its KRG gamble?. Al-Jazeera, April, 15; Vocal Europe (2017) Kurd Your Enthusiasm: What Are Rosneft And Russia Up To In Iraq? Online <<https://www.vocaleurope.eu/kurd-your-enthusiasm-what-are-rosneft-and-russia-up-to-in-iraq/>>. [Accessed 9/6/2020].
27. Pietro A. Shakarian, 2017. Top Ten Origins: Russia’s Relations with the Kurds. Online <<http://origins.osu.edu/connecting-history/top-ten-origins-russia-s-relations-kurds>>. [Accessed 20/6/2020].
28. Popovic, N. (2020). The Energy Relationship Between Russia and the European Union. Online <https://www.e-ir.info/2020/02/24/the-energy-relationship-between-russia-and-the-european-union/#:~:text=In%202018%2C%20around%2040%25% 20of,Europe%20(Gazprom%2C%202018)>. [Accessed 1/7/2020].
29. President of Russia, (22. Oct 2019) Memorandum of Understanding Between Turkey and the Russian Federation. <<http://en.kremlin.ru/supplement/5452>>. [Accessed 13/7/2020].
30. Ramani, S. 2020. Russia’s Outreach to Iraqi Kurdistan: A Gambit for Energy Investments and Regional Status. RUSI, Vol. 40, No. 1. Online <<https://rusi.org/publication/rusi-newsbrief/russia%E2%80%99s-outreach-iraqi-kurdistan-gambit-energy-investments-and-regional>>. [Accessed 12/6/2020].
31. Reynolds, M. A. (2016). Vladimir Putin, Godfather of Kurdistan. The National Interest, 1. <<https://nationalinterest.org/feature/vladimir-putin-godfather-kurdistan-15358>>. [Accessed 12/7/2020].
32. Rudaw, 24-7-2017. Sergey Lavrov to Rudaw: Referendum is expression of Kurdish people’s aspirations. Online <<https://www.rudaw.net/english/interview/24072017.>>. [Accessed 5/7/2020].
33. Seale, C., 2011, Secondary Analysis of Qualitative Data, in: Qualitative Research (ed. D. Silverman), 3rd ed., pp. 347-364, SAGE Publications, London.
34. Sladden, J., Wasser, B., Connable, B., & Grand-Clement, S. (2017). Russian strategy in the Middle East. Online<<https://www.rand.org/pubs/perspectives/ PE236.html?adbsc=social_2017 0810_1717621&adbid=895444590248861697&adbpl=tw&adbpr=22545453>>. [Accessed 20/6/2020].
35. Taylor, A. ( 2019) . U.S. allies in the Mideast consider their options as Russia’s Putin visits the Gulf. The Washington Post.Online <<https://www.washingtonpost.com/world/2019/10/14/us-allies-mideast-welcome-state-visit-russias-putin-amid-syria-turmoil/>>. [Accessed 2/7/2020].
36. Trenin, D. (2016). Russia in the Middle East: Moscow’s objectives, priorities, and policy drivers. Task Force on US Policy Toward Russia, Ukraine, and Eurasia. New York: Carnegie Endowment for International Peace.
37. Wasser, B. (2019). The Limits of Russian Strategy in the Middle East. RAND. Online<<https:// www.rand.org/content/dam/rand/pubs/perspectives/PE300/PE340/RAND_PE340.pdf>> Accessed [5/7/2020].
38. Winrow, G. (2017). Turkey and Russia: The importance of energy ties. Insight Turkey, 19(1), 17-32. Online <https://www.jstor.org/stable/10.2307/26300476>>. [Accessed 5/7/2020]. P.23.
39. Xalid G. (2016), Author: Kurds, Russians origins the same, portal Kurdistan24.net, online <<http:// www.kurdistan24.net/en/news/859bdd87-809a-4c97-8bd8-a2437ed7d767/author-kurds--russians-origins-the-same>> [Accessed 1/7/2020].
40. Zhdannikov, D. (2017). Russia Becomes Iraq Kurds’ Top Funder, Quiet About Independence Vote. Reuters, September, 20. Online <<https://www.reuters.com/ article/us-mideast-crisis-kurds-referendum-russi/russia-becomes-iraq-kurds-top-funder-quiet-about-independence-vote-idUSKCN1BV1IH>>. [Accessed 5/7/2020].