لە كۆبونەوەی چوار سەرۆكایەتیەكە چی روویدا؟
2022-02-28 20:17:58
(درەو):
لە كۆبونەوەی چوارسەرۆكایەتیەكە، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی زۆر توند بوون بەرامبەر بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەوە نەبوون بڕیارەكە رەتبكرێتەوە، مستەفا سەید قادر لەگەڵ رەتكردنەوە بووە بە رێگەی یاسایی و دەستوری، دوو راوێژكاری بەریتانیش بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا.
ئەمڕۆ لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چوار سەرۆكایەتیەكەی هەرێم تایبەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كۆبونەوە.
یەكێك لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە ووردەكارییەكەی بۆ (درەو) باسكرد و وتی بەهۆی ناكۆكی تیمی یەكێتی و پارتیەوە نوسینی بەیاننامەكە لە كۆبونەوەكە زیاتری خایاندووە.
ئەو بەشداربووە ئاماژەی بەوە كرد، سەرەتا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی زۆر توند بوون لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بەتوندی رەتیانكردەوەو كەشێكیان درووستكرد كە دەبێت بەشێوەیەكی روون و بێ دودڵی ئەو بڕیارە رەتبكرێتەوەو بە نادەستوری لەقەڵەمی بدەن.
نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەوەكەدا زۆر توند بوو لەسەر رەتكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و ئاماژەی بە مەترسیەكانی بڕیارەكە كرد لەسەر چارەنووس و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و وتویەتی لە ئێستادا مستەفا كازمی كە هاوڕێ و دۆستمانە، یەكسەر لەدوای بڕیارەكەی دادگا كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە ئەگەر كەسێكی تر ببێتە سەرۆك وەزیران دەبێت چی رووبدات؟
لە كۆبونەوەكەدا وەڵام و وەڵامكاری لە نێوان مەسرور بارزانی و رێواز فایەق روویداوە.
ئەو بەشداربووەی كۆبونەوە چوار قۆڵییەكە ئاماژەی بەوەكرد لە كۆبونەوەكەدا:
مەسرور بارزانی وتویەتی: دادگای فیدراڵی خۆی نایاساییەو بە نادەستوری درووستكراوە.
رێواز فایەق وتویەتی: ئەی بۆ (2) دادوەری كوردتان ناردووە بۆ ئەو دادگایەو ئەندامن، دادگای فیدراڵی تەنیا دامەزراوەیە كە بریار لەسەر ئەوە دەدات كە بابەتەكان دەستورین یان نادەستورین، چۆن دەبێت ئێمە بڵێن دادگای فیدراڵی نادەستوریە؟
رێواز فایەق وتی: زۆرینەی خەڵكی بڕیارەكەی دادگایان پێ خۆشبووە بە كادرانی خۆشمانەوە.
مەسرور بارزانی وتی: ئەوانەی دڵخۆشن ئەهلی سۆسیال میدیان، بە پارە ئەو شتانە دەنوسن.
لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دژی ئەوە بووە كە راستەوخۆ دژی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بن و رەتبكرێتەوە، وتویەتی بڕیارەکە نادەستووریەو مەرامی تایبەتی لە پشتەو لەلایەن ئێمەوە قەبوڵکراو نیە، پێویستە بە شێوەیەكی یاسایی و دەستوری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت...وەڵامدانەوەشی دەبێت بە ئارامی و بەبێ توندی و ئیستفزازی بۆ ئەوەی بڕیاری دیكەی بەدوادا نەیەت.
مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم و نوێنەری گۆڕان كە لە كۆبونەوەكەدا ئامادەبوو، وەك موجامەلەیەكردنێكی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەوە بووە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رەتبكرێتەوە بەڵام بەشێوەیەكی یاسایی و دەستوری و دوور لە توندی.
دوو راوێژكاری بەریتانی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەداو لەلایەن فەلاح مستەفاوە وەرگێرانی بۆ دەكرا، ئەو دوو راوێژكارە ئاماژەیان بەوە كردووە كە فرۆشتنی نەوتی هەرێم یاسایی و دەستوری بووەو ئاماژەیان بە بڕیاری دادگای لەندەن كردووە كە نەوتی هەرێمی بە نادەستوری لەقەڵەم نەداوە و بەدەستوری و یاسایی داناوە..
نوسینی بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكە هێندەی كۆبونەوەكەی خیاندو ناكۆكی توند لە نێوان تیمی یەكێتی و پارتی درووست بوو، تیمی پارتی لەگەڵ ئەوە بوون راستەوخۆ بنوسرێت ئەو بڕیارە نادەستوریەو دەبێت رەت بكرێتەوەو كاری پێنەكرێت بڕیارەكە بە مەرامی سیاسی دەركراوەو دەستی هەرێمایەتی تێدابووە، بشنوسرێت دادگاكە خۆی دەستوری نیە.
تیمی یەكێتی لەگەڵ ئەوە نەبوون راستەوخۆ بنوسرێت رەتبكرێتەوەو نابێت بەنەفەسێكی توند بنوسرێت، هەربۆیە تیمەكە دەگەنە بنبەست لەسەر دەركردنی بەیاننامەكەو دواتر قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی تەداخول دەكەن و وشەی رەتكردنەوەی لێدەردەكەن و قبوڵنەكردنی تێدەكەن واتا بەرەزامەندی هەردوولا بەیاننامەكە دەردەكرێت، واتا بەیاننامەكە بووە رای رەسمی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) دواتر راگەیەندراوی كۆبونەوەكە بڵاوكرایەوەو ناوەڕۆكەكەی نوسرا:
بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدرالی قبووڵكراو نییەو ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی و بە هیچ شێوەیەك دەست لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەڵناگرێت و هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و دەستووری دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ماف و دەسەڵاتە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت.