پێگەی ئێران لە ئایندەی جیۆپۆلەتیکیی وزەی عێراقدا

Draw Media

2022-07-09 15:49:39



درەو:

راپۆرتی وەرگێڕدراو: گۆڤاری ئاییندەناسی

 

پوختە

ئامانجی ئەم توێژینەوە، لێکۆڵینەوەی جیۆپۆلەتیکیی وزەی عێراق و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییە جیھانی و ھەرێمییەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەیە لە داھاتوودا. ئامانجی نووسەران، شیکردنەوەی ڕەوتە گرنگەکانە لەسەر پیشەسازیی وزەی عێراق بۆ خستنەڕووی وێنەیەكی ڕوون لە داھاتووی جووڵە و كاریگەریی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزە لەو وڵاتەیە. سیاسەتی عێراق لەسەر فرەچەشنیی بنەماكانی ھاوردەکردنی وزە، پێشکەوتنی ژێرخانی وزە نوێبووەوەکان، فراوانکردنی وەبەرھێنانی دەرەکی و لە ھەمان کاتدا ئابڵووقە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە نموونەی پڕۆسە کاریگەرەکانی سەر بەرکەوتنی ئێرانە لە جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق. لەسەر ئەم بنەمایە، پرسیاری ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە پڕۆسە گەورەکانی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لەسەر بازاڕی وزەی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە دەبێت؟ نووسەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی ئەم پڕۆسە سیاسی و ئابوورییانە لە ماوەیەکی کورتمەودادا دەبیتە ھۆی ئەوەی سوودی تایبەتی جیۆپۆلەتیکی ئێران لە تۆڕی وزەی عێراق تووشی ئاڵنگاری بێت.

 

كلیلەوشەكان: جیۆپۆلەتیكی وزە، عێراق، وزە نوێبووەوەکان ، هێزە گەورەكان، سزاكان (ئابڵووقه، تحریم)

پێشەکی

عێراق لەگەڵ ئەوەی کە یەکێکە لە دیارترین بەرھەمھێنەرەکانی نەوت و بە دووەم گەورەترین ھەناردەکەری ڕێکخراوی ئۆپیک ئەژمار دەکرێت، بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کارەبا ناچار بووە بە ھاوردەکردنی کارەبا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا. دوای لادانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتێکدا کە دراوسێ عەرەبەکانی عێراق بەتایبەت وڵاتانی کەنداو پەرێزیان لە ھاوکاریی سیاسی یان ئابووری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق گرت، کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە پتەوتر کردەوە. باشتربوونی پەویوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە، ئیمتیازێکی تایبەت بووە لە ھاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە بۆ ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، سنووردارێتییەکانی ئەم پەیوەندییە کە لە ئەنجامی وابەستەبوون بە وزەی ھاوردەکراو و فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق بۆ پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانە، عێراقی ناچار کردووە کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا بەشوێن چەندێتیی ھاوردەکردنی وزە یان پێشخستنی ژێرخانی پیشەسازیی وزەوە بێت.

دوای چەند دەیەیەک شەڕ و ئابڵوقە، عێراق شوێنپێی خۆی لەنێو گەورەترین بەرھەمھێنەرانی نەوتی جیھان قایم کردووە. وەبەرھێنانە دروستەکان لە بەشی وزە، بەرھەمی نەوتی عێراقی بۆ زیاتر لە ٤.٨ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٩ بەرز کردووەتەوە. بەغداد لەگەڵ ھەندێک کۆمپانیای دەرەکی لە بواری نەوت لە بارەی ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە بەرھەمھێنان دانوستانی کردووە و عێراقی گەیاندووەتە لێواری بەرھەمھێنانی ٩ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تا ساڵی ٢٠٢٠ کە نزیک دەبێـتەوە لە بەرھەمی ئێستای عەرەبستانی سعودی یان ڕووسیا. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێشبینیی کردووە کە تا کۆتایی ئەم دەیەیە، بەرھەمی نەوتی عێراق دەگاتە نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە (Businessline, 2019).

لەگەڵ ئەوەشدا، ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە ئاڕاستەی وزەی پاک و نوێبووەوە، عێراقی خستووەتە سەر ڕێڕەوێکی دروستی جیۆپۆلەتیکی وزە. ئەم وڵاتە خەریکی بەرنامەڕێژییە بۆ بەکۆتاگەیاندنی پڕۆژە نوێییەکانی وزەی خۆر (سۆلار) لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان بۆ پێشخستنی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بۆ ٣٣% لە کۆی گشتیی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠.

ئەم بارودۆخە دەبێتە ھۆکار بۆ ئێران کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە سوودێکی تایبەتی لە جیۆپۆلەتیکی عێراق دەست کەوتووە، تووشی ئاڵنگاری لە سیستمی نوێی ھەرێمی ببێتەوە. پرسیارەکە ئەمەیە کە پڕۆسە گەورەکانی سیاسی و ئابووریی کاریگەر لەسەر بازاڕی وزەی عێراق، چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی ئێران لە داھاتووی جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە دەبێت؟ نووسەران ھەوڵ دەدەن لەسەر بنەمای چوارچێوەی چەمكی جیۆپۆلەتیکی وزە، لێکۆڵینەوە لە پێگەی عێراق لە جیۆپۆلەتیکی جیھانی وزە دەکات، دواتر بە شیکردنەوەی ئاڕاستە فراوانەكان و گەڕان و بزووتنە زاڵەكان، دیدێکی ڕوون لە ھەڵکەوتەی ئێران لە جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ بخەنە ڕوو.

جیۆپۆلەتیکی وزەی عێراق و گرنگیی بۆ ئێران

عێراق لەدوای سعودیە، دووەمین بەرھەمھێنەری گەورەی نەوتی خاو لە ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکەری نەوت (ئۆپیک)ە. ئەم وڵاتە خاوەنی پێنجەمین گەنجینەی گەورەی سەلمێنراوی نەوتی خاوە لە جیھان کە ١٤٥ ملیار بەرمیلە، کە دەکاتە ١٧%ی گەنجینەی سەلمێنراو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ٨% لە گەنجینەی گشتیی جیھان (Oil& Gas Jurnal, 2020) . زۆرترین کێڵگە سەرەکییە ناسراوەکانی عێراق (کە ھەموویان کەوتوونەتە وشکانییەوە)، لە حاڵەتی بەرھەم یان لە قۆناغی کارکردن بۆ بەرھەمھێنانن. بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ تاوەكو ٢٠١٩، نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە گەشەی کردووە و ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو لەم وڵاتەدا بە شێوەی بە تێکڕایی لە ساڵی ٢٠١٩، ٤.٧ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە. پێشبینی دەکرێت بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ١.٣ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە گەشە دەکات و ئەم وڵاتە دوای ئەمەریکا و بەڕازیل، سێیەمین گەورە سەرچاوەی نەوت لە ئاستی جیھاندا دەبێت (International Energy Agency, 2019) .

 

ئابووریی عێراق پەیوەندییەکی زۆری بە داھاتی ھەناردەی نەوتی خاوەوە ھەیە. بە پێی ڕاگەیەنراوی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو(IMF) ، لە ساڵی ٢٠١٨ داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی خاو ٩١% لە کۆی گشتیی داھاتەکانی وڵاتی عێراقی لەخۆ گرتووە (International Monetary Fund, 2019) . ھەر چەند عێراق وەبەرھێنەرێکی دیاری نەوت و دووەم گەورەترین ھەناردەکەری ئۆپیکە، بەڵام نەبوونی توانای خۆبژێوی لە سووتەمەنیی بەکارھێن بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، توانای ئەم وڵاتەی لە ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی کارەبا و وزە کەم کردووەتەوە. عێراق ناچارە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانی کارەبا، غازی پێویست لە دەرەوە و بەتایبەت لە ئێران ھاوردە بکات.

بە شێوەی گشتی عێراق لەبەر دوو ھۆکار بۆ ئێران گرنگە: یەکەم، ئەو ڕۆڵەیە کە ئەم وڵاتە لە پاراستنی ئاسایشی ئێران دەیگێڕێت. ھەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی ئاسایش لە عێراق لەسەر بنەمای زۆرێک لە واقیعە بنەڕەتییەکانی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە. گۆڕانکارییە نوێیەکانی دەرەنجامی ھێرشی ئەمەریکا بۆ عێراق و پێشھاتەکانی، ئێرانی ناچار کرد کە ئاسایشی خۆی پتەوتر بکات و ھاوکارییەکی سیاسیی بەھێز لەگەڵ حکومەتی نوێی دراوسێ دروست بکات. ھەبوونی پەیوەندییەکی سیاسی-ستراتیژی لەگەڵ حکومەتێکی دۆستی شیعە، دەتوانێت یارمەتیی ئێران بدات تا لە ئەنجامەکانی مانەوەی درێژمەودای ئەمەریکا لە عێراق بیپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ھەڕەشانەی کە بە ھۆکاری بارودۆخی نێوخۆیی عێراق و شەڕی دەسەڵات لە ئێستادا (ئەگەری ھەڵوەشانەوە، شەڕی نێوخۆیی، کێبەرکێی باڵەکان و… ھتد) سەرچاوە دەگرن، دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران ھەبێت. بە سەرنجدان لەوەی ئێران خاوەنی پەیوەندییەکی زۆر باش لەگەڵ جیھانی عەرەبی و ئەکتەرەکانی تری ناوچەکە وەکوو سعودیە و میسڕ بە بەراورد لەگەڵ عێراق نییە، دەبێت لە کاریگەرییەکانی ئەم بەریەککەوتنانە ھۆشیار بێت.

ھۆکاری دووەم، دروستکردنی دەرفەتە ئابوورییەکانە کە عێراق دەتوانێت بۆ ئێران ھەیبێت. ئەم ھۆکارە لەسەر دوو بنەما وەستاوە؛ یەکەم، عێراق لەدوای سەددام دەتوانێت ھەندێک دەرفەت بۆ ئێران دروست بکات کە بە شێوەیەکی چالاک بتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی تایبەت لە دروستکردنی سەقامگیری لە عێراقی نوێدا ڕۆڵی کاریگەری ھەیە. دووەم، بارودۆخێکی نوێ دەرفەتی تایبەتی خستووەتە بەردەم بڕیاردرانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران تا لە گەیشتن بە بەشێک لە ئامانجە ئابوورییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە ئابوورییەکان کە دەرەنجامی سزاکانی ئەمەریکایە، ھاوکاری بکات.

لە بواری ئابووریدا عێراق بەردەوام بازاڕێکی باش بۆ بازرگانە ئێرانییەکان بووە، بەڵام ئەوەی گرنگیی ئابووریی عێراق بۆ ئێران بەرجەستە دەکات، پێویستی و وابەستەبوونی ئەو وڵاتە بە غازی ئێرانە. بە پێی بەرنامەی دیدگای ٢٠ ساڵە (چشم انداز 20 ساله)، ئێران دەبێت تا ساڵی ٢٠٢٥ ھەموو ژێرخانە پێویستەکانی بۆ بوون بە جەمسەرێکی کارەبای ناوچەیی ئامادە بکات. عێراق گەورەترین ھاوردەکەری کارەبای ئێرانە. ھەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێککەوتننامەیەکیان لەسەر ھەناردەکردنی کارەبای ئێران بۆ عێراق واژۆ کرد. عێراق پێویستی بە ٢٦ مێگاوات کارەبا ھەیە، بەڵام توانای بەرھەمھێنانی تەنیا ١٩ بۆ ٢١ ھەزار مێگاوات ھەیە. نزیکەی یەک لەسەر سێی (٢٦%) کارەبا و غازی پێویستیی عێراق، لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت ((Tehran Times, 2019.

ئێران بازاڕی عێراق بە گرنگترین دەرفەت بۆ ھەناسەدانی ئابووری لەم بارودۆخە قورسەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دادەنێت. عێراق لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ١٣٥ ترلیۆن مەتر سێجا لە گەنجینەی سەرچاوەی سروشتیی سەلمێنراوی غازی سروشتییە و دوانزەیەمین گەورە گەنجینەی جیھانە، بە ھۆی نەبوونی بۆری و ژێرخانی پێویست، بەشێکی گەورە لە غازەکەی سوودی لێ وەرناگیرێت و دەسووتێت. دوای ڕووسیا، عێراق زیاتر لە ھەر وڵاتێکی تری جیھان غازی سووتاوی ھەیە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٧، عێراق نزیکەی ٦٢٩ پێی سێجا غازی سروشتیی سووتاند (٢٠١٨ (National Centers  for Environmental Information, . لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم وڵاتە ٣٨١.٣٩ ملیار پێی سێجا (١٠.٨ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتیی بەرھەم ھێناوە، لە کاتێکدا ڕێژەی بەکاربردنی نزیکەی ٧٠٢.٧٦ ملیار پێی سێجا (١٩.٩ لیار مەتر سێجا) بووە. لەم بڕە، تەنیا بەشێکی بچووکی بۆ دروستکردنی کارەبا سوودی لێ وەرگیراوە(BP, BP Statistical Review) . لەسەر ئەم بنەمایە، عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ چەند ڕێککەوتننامەیەکی بۆ ھاوردەکردنی کارەبای ئێران واژۆ کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩، ھەردوو وڵات ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ وەرگرتنی ھەناردەی غازی ئێران واژۆ کرد. بە پێی خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران پابەند بوو کە ڕۆژانە ٧١ بۆ ٨٨ ملیۆن پێی سێجا (٢٠-٢٥ ملیۆن مەتر سێجا) غازی سروشتی ھەناردە بکات. عێراق دوای ڕێککەوتننامەکانی ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ کە لە بەشەکانی تری توێژینەوەکە ئاماژەی پێ دەکرێت، بە شێوەیەکی فەرمی بووە ھاوردەکەری غازی سروشتیی ئێران بۆ دروستکردنی کارەبا و لە ئێستادا کڕیاری سەرەکیی کارەبای ئێرانە. ئەم وڵاتە نزیکەی ٤٠% لە غازی ھاوردەکراو لە ئێران بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەکانی دروستکردنی کارەبا بەکار دەھێنێت و بۆ قەرەبووی کورتھێنان نزیکەی ١٤٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەکات ((Shokri Kalehsar, 2020 . بابەتێک کە تەنانەت لەگەڵ بوونی فشارەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی ترامپدا نەیتوانی وابەستەبوونی عێراق بە غازی ئێران کەم بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک پڕۆسە لە جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە لە حاڵەتی دروستبووندان، کە لەوانەیە داھاتووی کاریگەریی ئێران لە بازاڕی وزەی عێراق سنووردار بکات.

 

شرۆڤەی ڕەوتە زاڵەكانی سەر بازاڕی وزەی عێراق

 

لە بازاڕی وزەی عێراق، ھەندێک پڕۆسە لە حاڵەتی دروستبووندان کە دەتوانن داھاتووی کاریگەربوونی ئێران بخەنە مەترسییەوە. فراوانبوونی ھاوکاریی ناوچەییەکان، زیادبوونی ئامادەبوونی ھێزە گەورەکان لە پیشەسازیی وزەی عێراق و وەبەرھێنانەکانی ئەم وڵاتە لە بواری وزەی نوێبووەوە؛ لە نموونەی ئەم پڕۆسانەن کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر داھاتووی جیۆپۆلەتیکی وزەی ئەم وڵاتە ھەیە.

 

داڕشتنی ستراتیژی بەرزەفڕانەی وزە

وەک ئاماژەی پێکرا دیدی ئابووریی عێراق زۆر پەیوەستە بە پێشخستنی بەشی وزەی ئەم وڵاتە، چونکە ٩٨%ی کۆی گشتیی ھەناردە و ٩٦%ی داھاتی بودجە لەم بەشەوە دابین دەبێت (٨, p٢٠٢٠Saadi & Gordon, ). عێراق بە پاڵپشتیی سندووقی ئەمانەتی عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی بانکی جیھانییە، “ستراتیژی یەکپارچەیی نەتەوەیی وزە”ی (Integrated National Energy Strategy) خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ داڕشتووە. ئەم ستراتیژە پلانەکانی چاککردن و وەبەرھێنانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار لە بەشی نەوت، غاز و کارەبا و بابەتە پەیوەندیدارەکان ڕادەگەیەنێت. بە شێوەیەک کە تا ساڵی ٢٠٣٠، تا ٦ ترلیۆن دۆلار داھاتی گشتی و ١٠ ملیۆن ھەلی کار لە ئابووریی عێراقدا پێشبینی دەکرێت. ئەم ستراتیژە ٦٠٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە بەشی وزە و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە “بەھای زیادکراو” وەکوو پترۆکیمیایی، سەماد، ئاسن و بەرھەمھێنانی ئەلەمنیۆم پێشبینی دەکات.

ھەروەھا چاکسازی و گەشەی ناوەندەکانی بەشی وزە و زیادبوونی بەشداریی کەرتی تایبەت و وەبەرھێنان لە بەشی وزەی عێراق و پیشەسازییە پەیوەستەکان، لە ئامانجەکانی ئەم ستراتیژە ئەژمار دەکرێن (٢٠١٤Iraq’s Integrated National Energy Strategy, ). بێگومان گەیشتن بەم ئامانجانە، پێشھاتی جیۆپۆلەتیکی کاریگەری بۆ عێراق و ھەروەھا ئێران دەبێت کە بەشێکی گەورەی پێداویستییەکانی ئەم وڵاتە دابین دەکات.

 

فراوانبوونی ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە

عێراق لەم ساڵانەی کۆتاییدا لەژێر فشارەکانی ئەمەریکا بە مەبەستی چەند جۆر کردن لە بنەماکانی دابینکردنی وزە و کارەبا و گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە، ھەوڵ دەدات پەیوەندییە ناوچەییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا برەو پێ بدات تا پەیوەستبوونی خۆی بە ھاوردەکردنی کارەبای ئێران کەم بکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩، عێراق یەکەمین ڕێککەوتننامەی ھەناردەکردنی کارەبای لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو  بۆ ھێڵێکی کارەبای ٣٠٠ کیلۆمەتری واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتننامە ڕێگە بە عێراق دەدات کە ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە کوەیتەوە بۆ بەندەری فاوی باشوور ھاوردە بکات (٢٠١٩Middle East Monitor, ). بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ھەردوو لا پابەند بوون بەوەی ژێرخانی پێویست لە سنوورەکان ئەنجام بدەن. عێراق ژێرخانی تایبەت بە خۆی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ تەواو کرد (٢٠٢٠NAS News, ).

عێراق ھەروەھا بەجیا گفتوگۆی لەگەڵ سعودیە کرد تا کارەبا نەک تەنھا بۆ بەغداد، بەڵکوو بۆ بەشی باکووری عێراق وەکوو ڕێڕەوێک بۆ وڵاتانی تر ھاوردە بکات. کۆمپانیای ئەکواپاوەر (ACWA Power)ی سعودی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی بەکارھاتووی لە عێراق دەست پێ کردووە. ھاوکاریی عێراق لەگەڵ سعودیە لە قۆناغەکانی سەرەتادایە و لەم نێوەندەدا ھەندێک کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا بەڕێوە چووە کە تیایدا سعودیە پابەند بووە بە وەبەرھێنانی ١٠٠ ملیار دۆلاری لە عێراق و نۆژەنکردنەوەی شارە سوننەنشینەکانی وەک فەلوجە، ڕومادی، تکریت و موسڵ. سعودیە لە ھەوڵدایە ھێڵی بۆری ھەناردەی نەوتی عێراق دووبارە چالاک بکاتەوە و لە وەبەرھێنان لە ژێرخانەکان و بەشەکانی وزەی چەندین وڵات بۆ زیاترکردنی دەستڕۆیشتوویی سیاسیی خۆی لە عێراق سوود وەربگرێت تا ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ئەم ھەنگاوەی سعودیە کە وەکوو ڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق ناو دەبرێت، وا دێتە پێش چاو بەو ھێزە داراییە گەورەیەی کە ئەو وڵاتە لەبەر دەستیدایە، بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە عێراقی دوای داعش بگێڕێت (٢٠١٩Shokri Kalehsar, ).

لەگەڵ ئەوەشدا عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ئیسداری ئیماراتی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سۆلار لە گفتوگۆدایە کە ئامانجی زیادکردنی کارەبای ئەو وڵاتە تا ٢ گێگاواتە. کۆمپانیای وزە پاکەکانی میسدار، کۆمپانیایەکی گەشەپێدەر و جێبەجێکاری پڕۆژەکانی وزەی بەکارھاتووە، پڕۆژەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاوێژکاری خزمەتگوزاریی وزەیە.

ھەروەھا کوەیت لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە خەریکی پلاندانانن بۆ کردنەوەی گەورەترین تێرمیناڵی وەرگرتنی ئێڵ ئێن جی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە مارچی ساڵی ٢٠٢١دا. پێشبینی دەکرێت تێرمیناڵی ئەلزور ساڵانە ٢٢ ملیۆن تەن ئێڵ ئێن جی وەربگرێت کە توانای ناوچەکە دوو ھێندە دەکات (٢٠٢٠Bloomberg, ). ھەروەھا کوەیت بۆ پشتیوانیی ئابووری لە عێراق ڕۆڵێی گرنگی لە دانیشتنەکانی ڕێککەوتنی سێپتەمبەری ٢٠١٩ی نێوان بەغداد و کارگێڕیی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی کەنداو بۆ ھێڵی گواستنەوەی سپۆنسەرکراو لەلایەن ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو گێڕا کە ٥٠٠ مێگاوات کارەبای لە کاتژمێرێکدا لە ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو بۆ بەندری فاو دابین دەکرد کە لە کوەیت تێدەپەڕێت (٢٠٢٠Occhiuto, ).

ھەر چەندە سەرچاوەی پێویستی غازی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو وەکوو جێگرەوەی سەرچاوەکانی ئێران بۆ عێراق دڵنیا نییە، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاوکاری ئامرازەکانی ھاوردەی ئێڵ ئێن جی فراوان بکەن، درزی دابینکردنی غازی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداو دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆر لە زەمەنێکی نێوەندمەودا و درێژمەودادا کەم بێتەوە.

جگە لە وڵاتای عەرەبی، پەیوەندی لەگەڵ تورکیاش گەشە دەکات. بە سەرنجدان لە دۆخی خراپی ئابووریی عێراق، تورکیا خۆی وەکوو دەروازەیەک بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ ئەورووپا ناساندووە. لەسەر ئەم بنەمایە، تورکیا ھێڵێکی بۆریی گواستنەوەی دروست کردووە کە لە کەرکووکەوە تا بەندەری جەیھانی تورکی درێژ دەبێتەوە و ئێستاکە نزیکەی ٢٥% لە ھەناردەکردنی نەوتی عێراقی لەئەستۆ گرتووە (٢٠٢١Khafaji, ). ئەمە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی عێراق پێش کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە مانگی مەیی ساڵی ٢٠١٨، تا ئاستێکی زۆر لە کۆنترۆڵی ئێراندا بوو و ئەمەش ڕێگای بۆ ئێران خۆش کردبوو کە سووڕانەوە بەدەوری ھەندێک لە سزاکانی بکات. بەم حاڵەوە، لەو کاتەوە بازاڕەکان لە ئێران دوور دەکەونەوە و لە بەرانبەردا بە شێوەیەکی گەشەسێنەر لەژێر کۆنترۆڵی دوو ڕکابەری تری ناوچەکە واتە تورکیادان.

لەوانەیە گرنگترین ڕووەکانی ھاوکارییە ناوچەییەکانی لە پڕۆژەی شام جیددی ببینرێن. شوێنێک کە عێراق ھەوڵ دەدات ھاوکارییەکانی وزەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی میسڕ و ئەردەن پتەوتر بکات. بە پێی پڕۆژەی “شام جدید”، جۆرێک لە یەکگرتنی ئابووریی فراوان لەنێوان ھەرسێ وڵاتی عێراق، میسڕ و ئەردەن دروست دەبێت. بە پێی پڕۆژەکە، ھێڵێکی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە بەندەری بەسڕە لە باکووری عێراق تا بەندەری “العوقبە” لە ئەردەن و دواتر میسڕ دروست دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە جەخت لەسەر توخمە تەواوکەرەکان واتە نەوت، وزە، گواستنەوە، بازرگانیی کەلوپەل و ھێزی کار دەکاتەوە. ھێڵێکی بۆریی نەوت لە بەندەری بەسڕە لە باکووری عێراق تا بەندەری عوقبە لە ئەردەن و دواتر تا میسڕ درێژ دەبێتەوە. لە کاتێکدا کە ئەردەن نەوتی عێراق بە نرخێکی کەمتر لە نرخی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، جگە لە خەرجییەکانی ترانزێت، میسڕ لە پاڵاوتنی بەشێک لە نەوتی عێراق لە وڵاتەکەیدا سوودمەند دەبێت. لە لایەکی ترەوە عێراق کارەبا لە میسڕەوە ھاوردە دەکات و ھەروەھا دەتوانێت لە پسپۆڕیی میسڕ لە ڕێڕەوەکانی نۆژەنکردنەوە سوود وەربگرێت. بە سەرنجدان لە تواناییەکانی ئەردەن لەم بوارەدا، لە ھێزی ئەو وڵاتە لە بواری گواستنەوەدا سوود وەردەگیرێت. ھەروەھا کاڵاکان لە ئەردەن و میسڕەوە ھەناردەی عێراق دەکرێن.

پڕۆژەی “شام جدید” بڕیارە لە دوو قۆناغدا پێش بکەوێت کە قۆناغی یەکەم پەیوەندیی میسڕ لەگەڵ ئەردەن زیاد دەکات و قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە فراوانکردنی ٣٠٠ کیلۆمەتر ھێڵی بۆریی گواستنەوە لە ئەردەنەوە بۆ عێراق. خەرجییەکانی ھەموو پڕۆژەکە بە ٢.٢ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. ئەمەش دەرفەت دەداتە عێراق ٧٠٠ مێگاوات کارەبای میسڕ لە ڕێی ئەردەنەوە ھاوردە بکات (٢٠٢١Energy & Utilities, ).

پێویستە بوترێت میسڕ لە کاتی ئێستادا بەشێک لە کارەبا بۆ وڵاتانی کەنداو ھەناردە دەکات. ئەم وڵاتە بە سوودوەرگرتن لە وەبەرھێنان لە پڕۆژە گەورەکانی وزە نوێبووەکان، لە ئێستادا یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتانی بەرھەمێنەری وزە نوێبووەکان لە باکووری ئەفەریقا و ناوچەی ڕۆژھەڵات (مینا)یە. توانایی ئەم وڵاتە زیاتر لە بەشی وزەی ھەوا و سۆلارە. بە پێی پێشبینییەکانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی وزەی خۆر ((The International Solar Energy Society (ISES)، ئامانجی میسڕ ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٢٢ بەشی وزە نوێبووەکان لە بەرھەمھێنانی کارەبا تا ٢٠% بەرز بکاتەوە و ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٥ بگەیەنێتە ٤٢% (٢٠١٨, ٣ .(egypt Renewable

 

ئەم پڕۆژەیە ڕێگریی زۆری بۆ ئێران دروست کرد، چونکە ئەم یەکگرتنە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ عێراق لە سیستمی عەرەبییەوە نزیک دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی ئەوەی عێراق خۆی لە بلۆکێکی نوێی عەرەبی خۆی ببینێتەوە کە لەو ڕێیەوە بتوانێت لە سیستمی عەرەبیدا کاریگەرتر بێت. ئەنجامەکەشی کشانەوەی یەکێک لە پایەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و دروستبوونی درزێکی گەورە لە ستراتیژی ناوچەیی وڵاتەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم یەکگرتنە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئێران بازاڕی عێراق کە تاکە ڕێی ھەناردەی بەرھەمەکانی ئێرانە، لەدەست بدات. قەبارەی ھاوردەی عێراق لە ئێران نزیکەی ١٢ ملیار دۆلارە و سەنگی بازرگانی بە ١٠٠% بە سوودی ئێران دەشکێتەوە (٢٠٢٠The Emirates Policy Center, ). کەواتە دوورە کە ئێران لەدەستدانی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە عێراق قبووڵ بکات و پێشنیاری ئەوە دەداتە نوێنەرەکانی خۆی لەو وڵاتە کە ئەم یەکگرتنە بەشێکە لە پیلانەکانی کەنداو و ئەمەریکا. لە ھەموو ڕێگاکان بۆ دروستکردنی ڕێگری لە ڕێڕەوەکانی یەکگرتن وەک ناسەقامگیرکردنی عێراق، سوود وەردەگرێت.

 

 ھاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیھان بە ئامانجی گەشەی بەرھەمھێنان

 توانای بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە ئێستادا ٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە و ئامانجی گەیشتنە بە توانای بەرھەمی ٧ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و وەستاندنی بەفیڕۆچوونی غازی گڕگرتوو و ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە تا ساڵی (٢٠١٥)یە. ئەم وڵاتە ھەروەھا نزیکەی ٨٠%ی کۆی پڕۆژە غازییەکانی کە یارمەتیی کەمکردنەوەی سووتانی غازی ھاوردەکراو لە ئێرانەوە دەدات، خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە (٢٠٢٠Saadi & Jumaat, ). وەک ئەوەی لە چارتی ژمارە ٣ نیشان دراوە، لە ئەنجامی گەشەی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق لە دەیەی کۆتاییدا زیادی کردووە. ھەر چەندە بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق لە مەودای ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، بە ھۆی شەڕی داعشەوە لە حاڵەتی دابەزین بوو.

لەدوای “بەرنامەی اقدام سریع”، وەزیری ئێستای کارەبا، لوئەی ئەلخەتیب، کە باس لە زیندووکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکانی کارەبا بە ئاسانکاریکردنی پێویستییەکانی ڕێککەوتننامەکان و گۆڕینی سەرنجی کۆمپانیا ناوچەییەکان بۆ بەرنامەکانی نۆژەنکردنەوە و سەرپەرشتی لە ساڵی ٢٠١٩ دەکرد، بازدانێکی گەورە لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق ڕووی دا. بە شێوەیەک کە بووە ھۆی گەشەی ساڵانەی ٢٠%، بە بەراورد بە ماوە ھاوشێوەکەی ساڵی ٢٠١٨ (٢٠٢٠Saadi & Jumaat, )، واتە کاتێک کە ناڕەزاییە توندوتیژەکان لە ناوچەکانی باشوور دروست بوو. ھەروەھا کارەبای تۆڕی نیشتمانی بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش، بۆ یەکەم جار دوای پچڕانی ٥ ساڵەی، کەوتەوە کار.

“پڕۆژەی غازی الرتاوی”(Ar Ratawi project) ، گەورەترین پڕۆژەی غازی ئەم وڵاتە کە بە ھۆی کەمیی بودجەوە دوا خرابوو، لە سەرەتادا ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجای ڕۆژانە بەرھەم دەھێنێت و لە کۆتاییدا دەگاتە یەک ملیار پێی سێجا کە دەتوانێت ١.٢ گێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنێت. ئەم پڕۆژە غازییە کە وەکوو بەشێک لە مامەڵەی وزەی ٨ ملیار دۆلاری کە ئەنجامی ڕێککەوتننامەی کۆمپانیای ئەمەریکیی ھۆنی وێل(Honeywell)  و وەزارەتی نەوتی عێراقە، توانایی ئەوە بە عێراق دەبەخشێت کە پڕۆسەی بەرھەمێنانی خۆی گەشە پێ بدات و ئامانجی بەکارھێنانی سەرچاوەکانی نێوخۆیی وەک جێگرەوەی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوەیە. عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکادایە تا ھاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بپچڕێنێت کە بە ھۆی کەمیی کارەبا و بەردەستنەبوونی تەکنەلۆژیای ڕێگری لە سووتانی غازی فلۆرین(Fluorine)  لە عێراق و سووتانی غازی پەیوەست پێیەوە پێویستە، ئەم ڕێگرییەش بە ھۆی پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپیک پڵەس، سنووردارێتیی بەرھەمھێنانی ھەیە. بە پێی توێژینەوەی بانکی جیھانی لە مانگی جون بڵاو کرایەوە، لەدوای ڕووسیا، عێراق بە ١٨ ملیار مەتر سێجا لە ساڵی ٢٠١٩ زۆرترین ڕێژەی غازی لە جیھاندا دەسووتێنێت (٢٠٢٠Saadi & Jumaat,).

عێراق بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمی نەوت و غاز، لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ ڕێککەوتننامەیەکی بە بەھای ٢٧ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتننامەیە چوار پڕۆژەی وزەی گەورە لە باشووری عێراق لەخۆ دەگرێت. بە وتەی ئیحسان عەبدولجەبار؛ وەزیری نەوتی عێراق، قۆناغی یەکەم بریتییە لە وەبەرھێنانی ٣ ملیار دۆلاری لەلایەن گرووپی فەڕەنسیی تۆتاڵ لە پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان بە مەبەستی باشترکردنی پڕۆسەی دەرھێنانە. تۆتاڵ بۆ دروستکردنی کارگەیەکی پاڵاوتن بۆ ئەو غازەی کە لە (کێڵگەکانی باشوور، قەرنەی ڕۆژئاوا٢، مجنون، الرتاوی، توبی و لوھیس) بەرھەم دێت، دوو ملیار دۆلار دابین دەکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا غاز بەرھەم بھێنێت و لە قۆناغی دووەم گەشەی بەرھەمھێنانی بگاتە دوو ھێندە. غازی بەرھەمھێنراو لە پڕۆژەی توتاڵ لە باشووری عێراق یارمەتیی ئەو وڵاتە دەدات کە ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرێت، لەبەر ئەوەی غازێک لە ناوخۆ بەرھەم بھێنرێت، لە غازی ئێران ھەرزانتر دەبێت. لە کاتێکدا کە خەرجیی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە نزیکەی ٨ دۆلارە بۆ ھەر ملیۆنێک یەکەی “Btu[1]” و غازێك کە لە پڕۆژەی تۆتاڵ بەرھەم دەھێنرێت یەک دۆلار و نیو بۆ ھەر یەک ملیۆن “Btu” ھەرزانتر دەکەوێت (خبرگزاری ایسنا، ١٤٠٠).

لە پەراوێزی دیداری مستەفا کازمی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ھاوکارییەکان و فراوانکردنی شەراکەتی ئابووری لەنێوان عێراق و ئەمەریکای ڕاگەیاند. پێنج کۆمپانیای ئەمەریکیی وەکوو چیڤرۆن (Chevron)، ھۆنی وێل، بەیکر ھاگز (Baker Hughes)، جەنەراڵ ئەلکتریک(General Electric)  و ستیلار ئینێرجی(Stellar Energy) لە ھاوینی ٢٠٢٠ بە ئامانجی بەھێزترکردنی سەربەخۆیی وزەی عێراق لە ئێران، چەند ڕێککەوتننامەیەکی بازرگانیی بە بەھای ٨ ملیار دۆلاری لەگەڵ وەزیرەکانی نەوت و وزەی عێراق واژۆ کرد (٢٠٢٠Reuters, ).

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا و چین لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی چالاک لە بازاڕی وزەی عێراق ئامادە بوون. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە ٢٠ ملیار دۆلار پڕۆژەی دەرھێنانی ھایدرۆکاربۆن لە داھاتوویەکی نزیکدا کە بریتین لە زارۆبژنەفت (Zarubezhneft)، تات نەفت(Tatneft)  و ناوەندە نەوتی و غازییەکانی پەیوەست بە ڕووس نەفت، وەبەرھێنان بکەن. گازپرۆم و ھاوبەشەکانیشی، وەبەرھێنانی ٢.٥ ملیار دۆلاری لە باکووری عێراق ئەنجام داوە. دێوەزمەی وزەی حکومیی ڕووسیا، ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کێڵگەکانی سەرقەڵا لە گەرمیان بەرھەم دەھێنێت و چەندین پڕۆژەی پشکنینی لە کێڵگەکانی ھەڵەبجە و شنگال دامەزراندووە. دەبێت سەرنج بدرێت بوونی ڕووسیا لە عێراق لەم ساڵانەی کۆتاییدا خێرایی پێ بەخشرا، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەغداد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێویستی بە ھاوکاری بوو و واشنتۆن ھاوکارییە سەربازییە پێویستەکانی دوا خست.

لە ساڵی ٢٠١٦، یەکێک لە گەورەترین وەفدەکانی ڕووسیا بۆ قسەکردن لەسەر زیادکردنی ھاوکارییە ئەمنییەکان بەرەو عێراق ھات، لەبەر ئەوەی وەبەرھێنانی زیاتری وزە لەگەڵ مامەڵەی چەک ئەنجام دەدرا. لە ساڵی ٢٠١٧، ڕووس نەفت ٣.٥ ملیار دۆلار قەرزی دا بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتاکانی مانگی مەیی ٢٠٢٠، باڵوێزی ڕووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆف، ڕایگەیاند کە کێڵگەی غازی “المنێوریە” لە دیالە دەبێتە ئامانجی وەبەرھێنانێکی دیار (Kurdistan Conflict and Crisis Research Cente, 2021).

ھێڵی بۆری بەو پێشھاتە جیۆپۆلەتیکییانەی کە ھەیانە، بە ھێزی جووڵێنەری بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەی عێراق ئەژمار دەکرێن. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٨، ڕووس نەفت زۆربەی پشکەکانی ھێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کوردستانیی عێراقی بۆ تورکیای کڕییەوە و ڕێک کەوت کە بۆرییەکی گواستنەوەی غاز ھاوتەریبی ئەو ھێڵە دروست بکات (٢٠٢٠TRT World, ).

ھەروەھا کۆمپانیا نەوتییەکانی چین بەشدارییەکی چالاکیان لە پڕۆژە نەوتییەکانی عێراقدا ھەیە، لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ عادل عەبدولمەھدی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بەرەو پەکین سەفەری کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری چین کۆ بوویەوە، لە پەراوێزی ئەم دیدارەدا ھەردوو لا لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی تا ٣٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا کۆک بوون. لەم دیدارەدا چین پلانی خۆی بۆ وەبەرھێنانی ٢٠ ملیار دۆلاری لە عێراق خستە ڕوو. بە وتەی عەبدولمەھدی، ھەناردەکردنی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە بۆ چین دەتوانێت چوارچێوەیەکی دارایی پێویست بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژە گەورە ژێرخانییەکان دروست بکات. چین دەیەوێت لە ژێرخانی عێراقی لە پڕۆژەی “یەك ڕێگا، یەك پشتێنە” سوود وەربگرێت. ھەروەھا لە ئێستادا کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا وەک لوک ئۆیڵ، گازپرۆم، بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی درێژمەودا لە عێراقدا بوونیان ھەیە (شکری، ١٣٩).

ھەروەھا پلانی نێوەندمەودای عێراق ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٣٠ ڕۆژانە ٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنێت (٢٠١٩Thehindubusinessline, )، زیادبوونی بەرھەمی نەوتی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران و وڵاتانی تری بەرھەمھێنەری نەوت نییە، ھەر چەند بە ھۆی سزاکانی ئەمەریکا، ئێران توانای زیادکردنی بەرھەمی نییە، بەڵام لە ئەگەری نەمانی سزاکانیش، ئەرکێکی ئاسانی بۆ وەرگرتنەوەی بەشی خۆی لە بازاڕی ناوچەکەدا نابێت.

 

وەبەرھێنان لە وزە نوێبووەوەکان

عێراق بە ئامانجی چەندێتیکردنی سەرچاوەی وزە و کەمکردنەوەی وابەستەبوون بە سەرچاوەی دەرەکی، پلانێکی جیاواز و ئامانجداری دەست پێ کردووە، کە بە پێی ئەو پلانە ئەم وڵاتە دەتوانێت ١٠% لە پێداویستییەکانی وزەی خۆی تا ساڵی ٢٠٢٨ لە ڕێی وێستگەکانی سۆلار و با و بایۆماس دابین بکات. وەبەرھێنانی دیاریکراو بۆ ئەم بابەتە، زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە. عێراق بەو توانا زۆرەی کە لە بواری وزەی ھەتاو و با ھەیەتی، دەتوانێت بە دوور لە وابەستەبوونی بە سووتەمەنیی بەبەردبوو لە دەیەی داھاتوو بەرھەمی وزەی کارەبای خۆی فراوان بکات. چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٨، توانای دامەزراو بۆ وێستگەکانی وزەی خۆر لەم وڵاتە ٥ گێگاوات و توانای دامەزراو بۆ وزەی با نزیکەی یەک گێگاوات و توانای دامەزراو بۆ بایۆماس نزیکەی ٢ گێگاوات دەبێت (٢٠١٩pv-magazine, ).

عێراق بۆ پێش ساڵی ٢٠٢٣، چەندین پڕۆژەی بۆ پێشخستنی ٧.٥ گێگاوات وزەی نوێبووەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران داڕشتووە. بە وتەی ئەحمەد مووسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ئەم وڵاتە، ئەم پڕۆژانە گبەشێکن لە پڕۆژەی چاکسازی لە سیستمی وزە کە ئامانج لێی بەرھەمھێنانی ٦٣% وزەیە لە ماوەی ٥ ساڵە. تاکوو ئێستا وڵاتی عێراق چەند ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی پسپۆڕ لە بواری وزەی پاک بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی کارەبا بە توانای ٣.٥ گێگاوات وەکوو بەشێک لە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ١٢ گێگاوات واژۆ کردووە. لەم دواییانەدا عێراق لەگەڵ کۆمپانیای حکومیی “مصدار ابوظبی” ڕێککەوتننامەیەکی بۆ گەشەی پڕۆژەکانی فۆتۆڤۆڵتایەکی خۆر بە توانای گونجاوی ١ گێگاوات واژۆ کرد. قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژانە لە ئێستادا لە جێبەجێکردندان کە بریتین لە وێستگەیەکی ٤٥٠ مێگاواتی لە زیقار، وێستگەیەکی ٣٥٠ مێگاواتی لە ئەنبار، وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاواتی لە نەینەوا و وێستگەیەکی ١٠٠ مێگاواتی لە میسان. حکومەتی عێراق ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای فەڕەنسیی تۆتاڵ ئینێرجی بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی سۆلاریی ١ گێگاواتی لە ناوچەی بەسڕە واژۆ کردووە. ھەروەھا ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ “Scatec”ی نەرویج بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی سۆلاریی ٥٢٥ مێگاواتی کە پێک ھاتووە لە وێستگەیەکی ٣٠٠ مێگاواتی لە کەربەلا و وێستگەیەکی ٢٢٥ مێگاواتی لە بابل واژۆ کردووە (٢٠٢١Zidane, ).

عێراق خەریکی پلاندانانە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە نوێیەکانی وزەی خۆر لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکانە بۆ گەشەی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە بۆ ٣٣% لە کۆی ئەو وزەیە تا ساڵی ٢٠٣٠. بە پێی وتەی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، پڕۆژە واژۆکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ڕێککەوتننامە نوێیە پلان بۆ دانراوەکان لەلایەن عێراقەوە، کۆی وزەی خۆر بۆ نزیکەی ١٢٠٠٠ مێگاوات لە ساڵی ٢٠٣٠ دەگەیەنێت (٢٠٢١Zawya.com, ).

گەشەی عێراق بەرەو وزەی پاک، دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە ٥ ملیار دۆلار بۆ بودجەی وڵات زیاد بکات کە بە سوودوەرگرتن لە نەوتی خاو بتوانێت وێستگەکانی کارەبا دابمەزرێنێت و ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە کۆتایی پێ بھێنێت.

 

 ئێران و داھاتووی بازاڕی وزەی عێراق

ئێران یەکێک لە سەرەکیترین دابینکەرانی عێراق لە بەشی کارەبایە. ھەناردەی کارەبای ئێران بۆ عێراق لە ساڵی (٢٠٠٤)ەوە دەستی پێ کردووە و بەردەوام زیادی کردووە، بەتایبەت کە وڵاتە عەرەبییەکان لەم ساڵانەی کۆتاییدا عێراقیان پەراوێز خستبوو و ئەمەش یەکێ لە گرنگترین ھۆکارەکانی نزیکبوونەوەی عێراق بوو لە ئێران. ئێران لە ئێستادا یەک لەسەر سێی پێویستییەکانی وزەی کارەبا و غازی عێراق دابین دەکات. ئامارەکان دەریدەخەن ڕێژەی ھەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق لەگەڵ ھەبوونی سزاکانیش لە مارچی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٦% بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زیادی کردووە و بۆ ١٧.٥ ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە (٢٠٢٠Khatinoglu, ).

ھەناردەی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق بە پێی دوو ڕێککەوتننامە لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ ئەنجام درا. بە پێی یەکەمین ڕێککەوتنامە، ئێران پابەند بووە بە لایەنی زۆرەوە ٣٥ ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە غاز بۆ وێستگەی بسمایە کە گەورەترین وێستگەی سووتێنەری غازە، ھەناردە بکات. ئەم ڕێککەوتننامەیە کارەبای بەغدادی پایتەخت دابین دەکات. ڕێککەوتننامەی دووەم داوا لە ئێران دەکات کە ٢٠ بۆ ٣٥ ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە غازی باشووری عێراق دابین بکات کە بڕەکەی پەیوەستە بە پێویستیی ناوچەکان. ھەناردەی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، بە قەبارەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبای نزیک لە بەغداد وەکوو بسمایە، قدس، مەنسووڕیە و سەدر بەفەڕمی دەستی پێ کرد. عێراق بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەوتی خاو لە وێستگەکان دەسووتێنێت تا کەمیی مەوادی خاوی سووتەمەنییەکانی تر قەرەبوو بکاتەوە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠١٥ لە مەوسمی زۆرترین بەکارھێنانی کارەبا ڕۆژانە ٢٢٣ ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی دەسووتاند، بەڵام ھاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە و سوودوەرگرتن لە نەوتی خاو بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق لە ١٦٩ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٦، بۆ ١٢٩ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٧ کەم کردەوە (,p.7 ٢٠٢٠Kadhim& Vakhshouri, ).

سەپاندنی سزا قورسەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٨، کێشە بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق دروست بوو و عێراق لەژێر فشاری ئەمەریکا ھەوڵی داوە چەندێتی ببەخشێتە سەرچاوەکانی غازی ھاوردە و لەم ڕێڕەوەدا چەندین ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتە ناوچەیی و سەرووناوچەییەکان واژۆ کرد. لوئی ئەلخەتیب لە یاداشتێکدا کە لە foreign affairs لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت لە ساڵانی کۆتاییدا عێراق كۆمەلێك پێشنیاری گرانبەھای لەلایەن کۆمپانیا دەرەکییە گەورەکانی وەکوو زیمینسی ئەڵمانیا و جەنەراڵ ئەلەکتریکی ئەمەریکا و ھەندێک لە کۆمپانیا چینی و ناوچەییەکان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای وزەی عێراق بۆ ھاتووە. لەگەڵ ئەوەی ئەم پێشنیارانە شایستە دێنە بەرچاو، بەڵام لەو ڕووەوە کە ئەم وڵاتە لە کۆتاییدا پێویستی بە نەخشەڕێگای نیشتمانیی عێراق بوو، بە ھاوکاریی ڕێکخراوە چەند لایەنەکان و ھاوبەشە ناوچەییەکانی ھەوڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای عێراقی داوە تا لە ھەمان کاتدا باشترین ھەڵبژاردنە بازرگانییەکان بۆ تەواوکردنی نەخشەی نیشتمانی ھەڵبژێرێت. پلانی گەشەی نیشتمانیی عێراق دوو ڕەھەندی نێوخۆیی و دەرەکیی ھەیە: یەکەمیان، نەخشەڕێگای عێراق پەیوەستە بە دروستکردنی ھاوسەنگی لەنێوان پێویستییە بەپەلەکانی وزەی عێراق (واتە سەرچاوەی کارەبای باوەڕپێکراو بۆ ھەموو عێراقییەکان) و ئامانجە بەرزەفڕەکان بۆ سەربەخۆیی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠. دووەمیان، پلاندانان بە مەبەستی گەیشتن بە سەقامگیریی وزە. لەسەر ئەم بنەمایە، عێراق ھەوڵی داوە بە ڕۆیشتن بەرەو بەڕێوەبردنی تێکەڵەی سووتەمەنی بە جەختکردنەوە لەسەر غاز و کارەبا و ھەروەھا بەرھەمھێنانی ٣٠% لە سەرچاوەی وزەی وڵات لە سەرچاوە نوێبووەوەکان ئاسایشی وزەی خۆی دابین بکات (٢٠١٨Al-Khatteeb, ).

پڕۆسەکانی ئێستا دەریدەخەن عێراق بە وەبەرھێنان لە پیشەسازیی وزە تا دەیەی داھاتوو دەتوانێت ھاوردەی وزە بۆ کەمترین ئاست نزم بکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وڵاتانی دراوسێ وەکوو کوەیت و ئەردەن ھەناردەی ھەبێت. ئەم وڵاتە بە سەرنجدان لە پلانەکانی کە بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت، ڕێگری لە سووتاندنی غاز و گەشەی سەرچاوە سەربەخۆکان ھەیەتی، بەرەو چەندێتی بەخشین بە ھاوردەکانی وزە دەڕوات. بەم حاڵەوە ئەم بابەتە واتای پچڕانی یەکجاری لەگەڵ ئێران نایێت، لەبەر ئەوەی کاتێک دەتوانێت لە چەند سەرچاوەیەکەوە ھاوردەی ھەبێـت، دەرفەتی گفتوگۆی زیاتر دەبێت. لە لایەکی ترەوە، ھەلومەرجی ئێران بە شێوەیەکە کە تا کاتێک کە توانای ھەناردەکردنی سنوورداری ھەبێت، دەرفەتی گفتوگۆی زۆری نابێت. لەم ھەلومەرجەدا لەوانەیە خواستی ئێران ئەوە بێت کە کۆمپانیا حکومی و تایبەتەکانی خۆی بە ئامانجی گەشەی تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای عێراق بخاتە گەڕ. ھەر جۆرە دروستکردنێکی وەھا داواکارییەک، لە ڕاستیدا بە واتای دروستکردنی داواکاری بۆ ھەناردەی غاز و پیشەگەرانی بواری کارەبا دەبێت. ستراتیژی ئێران بۆ دروستکردنی داواکاریی درێژمەودا بۆ ھەناردەی غاز، دەتوانێت دەرچەی چوونەژوورەوەی بێت بۆ بەشی گەشەی وێستگەیی و تۆڕی کارەبای عێراق. ھەر جۆرە درەنگکەوتنێک لەم بابەتە، دەبێـتە دەرفەت بۆ ڕکابەرەکانی تر. لەگەڵ ئەوەی ئێران دەتوانێت بچێتە ناو پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان لە عێراق، بە ھەمان شێوەی ڕووسیا کە بۆ دروستکردنی داواکاری لەسەر غازی خۆی بۆ ئۆکرانیا ئەنجامی دا.

 

ئەنجام

دوای لادانی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کاتێکدا کە دراوسێ عەرەببییەکانی عێراق بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە بەرھەمھێنەری نەوت بوون، لە ھاوکاریی سیاسی یان ئابووری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق خۆیان لا دا. ئێران سیستمێک لە پەیوەندیی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی لەگەڵ عێراقدا دروست کرد و پێویستییەکانی وزەی ئەم وڵاتەی دابین کرد. بە شێوەیەک کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئێران لەنێو ئەکتەرە ناوچەییەکان لە تۆڕی ئابووریی عێراق، سوودێکی تایبەتی بەدەست ھێناوە. لە ڕاستیدا وەھا یەکگرتنێک بەتایبەت بە سەرنجدان لە دوژمنایەتیی بەرانبەر، لەنێوان ھەندێک وڵاتی عەرەبی و ئێران سەرنجڕاکێشە، بەڵام پڕۆسەکانی وەکوو ھاوکارییە ناوچەییەکان، زۆربوونی وەبەرھێنان، گەشەی بەرھەمھێنان و لە کۆتاییدا ئامادەبوونی زلھێزەکان، ڕێگا بۆ کەمبوونەوەی وابەستەبوونی عێراق بە ئێران لە بواری دابینکردنی کارەبا دروست دەکات.

ئەو پڕۆسانەی ئێستا لە بازاڕی وزەی عێراقدا بەڕێوە دەچن، ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە بازاڕی وزەی عێراق لە داھاتوودا گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیک بەخۆیەوە دەبینێت بە جۆرێک کە گۆڕانکاری لەسەر پەیوەندیی وزەی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران دروت دەکات. چەندێتی بەخشین بە سەرچاوە ھاوردەکان، بابەتێکی لۆجیکی بۆ ھەر وڵاتێک بەتایبەت عێراقە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێنیازبوونی عێراق لە وزەی ھاوردەکراوی ئێران، نیگەرانی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەتایبەت کە وزە گرنگترین ھۆکاری بوونی ھەژموونی ئێران لە عێراق لە دوو دەیەی کۆتاییدا بووە. عێراق دەیەوێت ھاوتەریبی ھاوردەی کارەبا، تۆڕی کارەبای خۆی لە شێوەی خولی تێکەڵاو بۆ بەرھەمی کارەبای ئەتۆمی گەشە پێ بدات و لە ئێستادا گەورەترین ڕێککەوتننامەی بەرھەمھێنانی کارەبای لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و ھەروەھا وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا لە بوارە جیاوازەکان لەبەر دەستدایە.

بە سەرنجدان لەوەی کە عێراق لە ساڵانی داھاتوودا لە وابەستەبوونی تەواو بە وزەی ئێران دەردەچێت، دپلۆماسیی وزەی ئێران دەبێت بۆ مانەوەی خۆی لە بازاڕی وزەی عێراق چالاکتر بێت و بۆ ھەر کام لەم پڕۆسانە پلانی پێویست دابنێت. ئەوەی لەم بارودۆخەدا گرنگە، ئەوەیە کە ئێران نابێت بە ھیچ شێوەیەک بازاڕی عێراق لەدەست بدات، لەبەر ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی تر ھەم بە ژیان و ھەناسەی ئێران لە کاتی سەپاندنی سزاکاندا ئەژمار دەکرێت، ھەم بە قووڵایی جیۆپۆلەتیکی ئێران دێتە ئەژمار. بۆچوونی نووسەران ئەوەیە ئەگەر ئێران نەتوانێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بەشی خۆی لە بازاڕی غازی عێراق (جگە لە ھەناردە و بەشی پێشکەوتن) بپارێزێت، ئیتر دەرفەتی تری بۆ ھەبوونی ھەژموونی خۆی لەم وڵاتەدا نابێت.

 

سەرچاوەکان

(بۆ بینینی لیستی سەرچاوەكان، سەردانی ماڵپەڕی تایبەت بە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بكەن)

[1] British thermal unit: یەکەیەکی پێوانەیی بەریتانی بۆ پێوانەی بەرھەمە نەوتییەکانە كە ھەر یەک ملیۆن “Btu”، یەکسانە بە ٢٨.٢٦ مەتر سێجا.

نووسەران:

عەلی ئادەمی/ مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی عەللامەی تەباتەبایی – تاران

مورتەزا شوكری/ توێژەری پۆست­دكتۆرای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زانكۆی عەللامەی تەباتەبایی – تاران

وەرگێڕان: موجاهید وەهاب

سەرچاوە: وەرزنامەی ئەكادیمیی پەیوەندییە دەرەكییەكان، ساڵی سیانزەیەم، ژمارەی چوار، زستانی 2022

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand